لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەموو شت گرانە مریشکی زیندوو نەبێت!
2023-02-11 08:06:35
شیكاری: درەو:
بەپێی بەدواداچونێکی (درەو) بۆ یەکێک لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان؛
- پێگەیاندنی وەجبەیەک مریشکی زیندوو لە (1/1/2023 – 15/2/2023) لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان، تێچووکەی زیاتر لە (160 ملیۆن) دینارە.
- کۆی داهاتی هەمان ئەو وەجەبە مریشکە، (110 ملیۆن) دینارە.
- واتە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان لە پێگەیاندن و فرۆشتنی هەر وەجبەیەک مریشکی زیندوودا (50 ملیۆن) دینار و بەڕێژەی (45%) زیانیان پێدەگات.
- ئەمە لە کاتێکدایە پێگەیاندنی هەمان ئەو وەجبە مریشکە لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا پێویستی بە (144 ملیۆن) دینارو لە ساڵی (2021)دا تێچووکەی (89 ملیۆن) دینار بووە.
وردەکاری زیاتر لەم ڕاپۆرتە بنکۆڵکارییەدا بەردەستە.
سەرەتا
لە ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانی نرخی سەرجەم خواردن و خواردنەوەو شمەک پێداویستییەکانی رۆژانە رووی لە گرانبوون و بەرزبوونەوە کردووە، نرخی مریشکی زیندوو نەبێت!
لە بەداواداچونێکی درەودا بۆ یەکێک لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان، کە خاوەن پرۆژەکە هەر خۆی خاوەنی شوێنی پێگەیاندنی پەلەوەرکانیش بوو _واتە هیچ کرێ و تێچونێکی شوێنی پەلەوەرییەکانی لەسەر نەبوو_ بەمانایەکی دیکە خەرجی شوێنی بەخێوکردنی پەلەوەرەکانیشی بۆ دەگەڕێتەوە، کە بۆ خاوەن پرۆژەیەکی لەم جۆرە کرێی شوێنی بەخێوکردن و پێگەیاندنی یەک وەجبە مریشکی زیندوو بە (5 بۆ 7 ملیۆن) دینار دەخەمڵێنرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی خاوەن کێڵگەکە خستوویەتیەڕوو، وەجبەیەک مریشکی زیندوو کە لە بەخێوکردن و پێگەیاندنی (25 هەزار) جوجک خۆی دەبینێتەوە، لە ماوەی (45) رۆژی مانگی کانونی دووەم و نیوەی شوباتی ئەمساڵ و ساڵانی (2022 و 2021)دایە، کە ئەو ماوەیە کەمترین هەلاک (نەخۆشی) لە پەلەوەرەکان دەدات و (5 هەزار) جوجک یاخود کەمتر لە ژمارەیە مردار دەبنەوە. لە هەندێ وەرزدا نیوەی جوجکەکان یاخود زیاتر لەوەش مردار دەبنەوە.
بەڵام لە وەجبەی یەکەمی ئەمساڵ، بە تێکڕا خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان، سەرەڕای بەرزبوونەوەی تێچووی پێگەیاندنی جوجک و پەلەوەرەکانیان، بە کەمترین نرخ بەرهەمەکەیان بۆ ساغ بووەتەوە.
تێچووی پێگەیاندنی وەجبەیەک مریشکی زیندوو لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان
لەمانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ بۆ ناوەڕاستی مانگی شوبات، لە کێڵگەیەکی پەلەوەر، بۆ وەجبەیەکی (25 هەزار) جوجکی (5) هەزار مرداربوونەوەو لە هەمان ماوەی ساڵی پار (3 هەزار و 500) مرداربوونەوەو لە ساڵی (2021)دا (3 هەزار) جوجک مردار بوونەتەوە.
سەربارەت بە تێچووی پێگەیاندنی وەجبەیەك مریشكی زیندوو:
- هەمان ئەو بڕە جوجکانە لە ساڵی (2021) نرخەکەی زیاتر لە (13 ملیۆن) دینار بوەو لە (2022) بەڕێژەی (73%) بەرزبووەتەوە بۆ (22 ملیۆن) دینار و لە (2023) بەڕێژەی (57%) بەراورد بە ساڵی (2021) بەرزبووتەوە بۆ (20 ملیۆن) دینار، بەڵام بەراورد بە ساڵی (2022) بەڕێژەی (9%) نرخەكەی دابەزیوە.
- کڕینی (100) تەن عەلەف بۆ بەخێوکردنی ئەو جوجکانە لە ساڵی (2021) نرخەکەی زیاتر لە (56 ملیۆن) دینار و لە (2022) بەڕێژەی (62%)بەرزبووەتەوە بۆ (91 ملیۆن) دینار و لە (2023) نزیکەی (104 ملیۆن) دینار بووە كە بەراورد بە ساڵی (2021) بەرزبوونەوەكە بەڕێژەی (85%) بووەو بەراورد بە ساڵی (2022) بەڕێژەی (14%) بووە.
- کڕینی دەرمانی پێویست لە ساڵی (2021) بەهاكەی زیاتر لە (4 ملیۆن 200 هەزار) دینار و لە (2022) بەڕێژەی (89%)بەرزبووەتەوە بۆ (7 ملیۆن 938 هەزار) دینار و لە (2023) بڕی (9 ملیۆن و 570 هەزار) دینار بووە كە بەراورد بە ساڵی (2021) بەرزبوونەوەكە بەڕێژەی (128%) بووەو بەراورد بە ساڵی (2022) بەڕێژەی (21%) بووە.
- کڕینی ڕاخەرو بەنزین و پێداویستی رۆژانە لە ساڵی (2021) كۆی بەهاكەی (4 ملیۆن 983 هەزار) دینار و لە (2022) بەڕێژەی (38%)بەرزبووەتەوە بۆ (6 ملیۆن 857 هەزار) دینار و لە (2023) بڕی (7 ملیۆن و 328 هەزار) دینار بووە كە بەراورد بە ساڵی (2021) بەرزبوونەوەكە بەڕێژەی (47%) بووەو بەراورد بە ساڵی (2022) بەڕێژەی (7%) بووە.
- خەرجی ڤێرتەرنەری بۆ پێگەیاندنی وەجبەیەك جوجك لە سەرجەم ساڵەكانی (2021، 2022 و 2023) گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە تێچوونەكەی بریتی بووە لە (ملیۆنێك و 750 هەزار) دینار.
- كرێی كارەبای نیشتمانی لە ساڵی (2021) بریتی بووە لە (210 هەزار) دینار و لە (2022) بەڕێژەی (114%) بەرزبووەتەوە بۆ (450 هەزار) دینار و لە (2023) بڕی (380 هەزار) دینار بووە كە بەراورد بە ساڵی (2021) بەرزبوونەوەكە بەڕێژەی (81%) بووەو بەراورد بە ساڵی (2022) بەڕێژەی (16%) كەمی كردووە بووە.
- كرێی دەستی كار لە ساڵی (2021) بریتی بووە لە (3 ملیۆن) دینار و لە (2022) بەڕێژەی (8%) بەرزبووەتەوە بۆ (3 ملیۆن و 250 هەزار) دینار و لە (2023) بڕی (3 ملیۆن و 500 هەزار) دینار بووە كە بەراورد بە ساڵی (2021) بەرزبوونەوەكە بەڕێژەی (17%) بووەو بەراورد بە ساڵی (2022) بەڕێژەی (8%) بووە.
- خەرجی سوتەمەنی لە ساڵی (2021) بریتی بووە لە (5 ملیۆن 770 هەزار) دینار و لە (2022) بەڕێژەی (76%) بەرزبووەتەوە بۆ (10 ملیۆن و 130 هەزار) دینار و لە (2023) بڕی (13 ملیۆن و 500 هەزار) دینار بووە كە بەراورد بە ساڵی (2021) بەرزبوونەوەكە بەڕێژەی (134%) بووەو بەراورد بە ساڵی (2022) بەڕێژەی (33%) بووە.
بە پوختی تێچووی (کڕینی جوجک، عەلەف، دەرمان، خەرجی رۆژانە، ڕاخەر، بەنزین، سەرپەرشتیاری ڤێرتەرنەری، کارەبای نیشتمانی، کرێی دەستی کار، خەرجی سوتەمەنی...) بۆ وەجبەیەک مریشکی زیندوو لە ماوەی (45 رۆژ)دا، لە ساڵی (2021) تێچووەکەی زیاتر لە (89 ملیۆن) و لە (2022) بە زیاتر لە (144 ملیۆن) و لە (2023) زیاتر لە (160 ملیۆن) دینار بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))
خشتەی ژمارە (1)
داهات و قازانج و زیانی وەجبەیەک مریشکی زیندوو لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان
سەرجەم ئەو جوجکانەی لە کێڵگە پەلەوەرییەکەدا پێگەیەندراون بە تێکڕا کێشیان لە نێوان (2.5 – 2.6) کگم بوونە، لەسەر بنەمای ئەو تێچونەی پێشتر ئاماژەمان پێدا بۆ پێگەیاندنی وەجبەیەک مریشک، هەر کیلۆیەک مریشک لە ساڵی (2021)دا تێچووەکەی لە (هەزار و 788) دینار و لە (2022)دا (2 هەزار و 581) دینار و لە (2023)دا بۆ (2 هەزار و 830) دینار بەرز بووەتەوە.
لە بەرامبەردا سەرجەم مریشکەکان لە ساڵی (2021)دا کێشەکەیان کە (50 هەزار)کگم بووەو یەک کیلۆ گرامی بە (2 هەزار و 350) دینار فرۆشراوەو کۆی داهاتەکەیان (177 ملیۆن و 500 هەزار) دینار بووەو زیاتر لە (28 ملیۆن) دینار بە ڕێژەی (24%) لە قازانجدا بووە.
سەرجەم مریشکەکان لە ساڵی (2022)دا کێشەکەیان (55 هەزار و 900)کگم بووەو یەک کیلۆ گرامی بە (2 هەزار و 700) دینار فرۆشراوەو کۆی داهاتەکەیان (150 ملیۆن و 930 هەزار) دینار بووەو بڕی (6 ملیۆن و 630 هەزار) دینار بە ڕێژەی (4%) لە قازانجدا بووە.
سەرجەم مریشکەکان لە ساڵی (2023)دا کێشەکەیان (56 هەزار و 760)کگم بووەو یەک کیلۆ گرامی بە (هەزار و 950) دینار فرۆشراوەو کۆی و داهاتەکەیان (110 ملیۆن و 682 هەزار) دینار بووەو بڕی (49 ملیۆن و 921 هەزار) دینار بە ڕێژەی (45%) لە زەرەردا بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)).
خشتەی ژمارە (2)
خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان باجی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم دەدەن
سەرباری ئەو زیانانەی بەر پرۆژە پەلەوەرییەکانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان کەوتووەو دەکەوێت، لە نوسراوێكدا كە 6/2/2023 بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە، وەزیری كشتوكاڵ داوا دەكات بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندەوە، توركیا بخرێتە لیستی ئەو وڵاتانەی كە قەدەغەیە بەرهەمی پرۆژە پەلەوەرییەكانی لێوە هاوردە بكرێت لەنمونەی مریشكی بەستوو، هێڵكەی خواردن، هێلكەی تروكاندن، مریشكی زینداو، باڵندەی زیندوو، باڵندەی جوانی. (بڕوانە هاوپێچی یەکەم)، ئەگەر ئەم بڕیارەی وەزیری کشتوکاڵی هەرێم بچوبایەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوە دەکرا بڵێن بەشێک لە بەرهەمی ئەو کێڵگە پەلەوەرییانە نرخەکانیان بەرزدەبوویەوە، رەنگە بڵێن بەشێک لەو زیانەنەی بەر بەرهەمی ئەو کێڵگانە قەرەبوو دەکرایەوە.
بەڵام رۆژێک دوای ئەو بڕیارەی وەزیری کشتوکاڵ، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازەكەی وەزیری كشتوكاڵ رەتدەكاتەوە، لەبارەی " قەدەغەكردنی هاوردەی بەرهەمی پەلەوەری لە توركیا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە لەو وڵاتە".
ساماڵ عەبدولڕەحمان بەرێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان لە نوسراوێكدا كە ئاراستەی سەرجەم بەرێوەبەرایەتیەكانی گومرگی كردوو،ە كاركردنی بە نوسراوەكەی وەزیری كشتوكاڵ راگرتووەو دەڵێت؛ "بەپێی پەیوەندی تەلەفۆنی سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كاركردن بە نوسراوەكەی وەزیری كشتوكاڵ رابگرن و كاری پێنەكەن". (بڕوانە هاوپێچی دووەم)