وەزارەتی نەوت: لەپلاندایە تا(2027) پێدوایستی ناوخۆش لەغاز دابین بكەین.
2023-02-09 14:08:38
درەو:
وەزارەتی نەوتی عێراق سەرقاڵی تەواوكردنی ڕێوشوێنەكانی ئەنجامدانی گرێبەستی كۆتاییە لەگرێبەستەكانی گەڕی ڕێپێدانی پێنجەم, دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەدانیشتنی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوودا پەسەندیكرد, تێكڕای بەرهەمی چاوەڕوانكراو لەگرێبەستەكانی (6) كێڵگەی سنوریی لەهەردوو پارێزگای دیالەو بەسرە دەگاتە (1) ملیار مەتر سێجا غازی هاوەڵی ڕۆژانە, لەگەڵ بڕی (175)هەزار بەرمیل نەوت.
عێراق بەنیازە پرۆگرامی دۆزینەوەی نەوت و غاز فراوانبكات, ئەوەش لەچوارچێوەی پلانەكانیدایە بۆ بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنان بۆ (8) ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و, دابینكردنی پێداویستییەكانی ناوخۆ لەغاز تا ساڵی 2027.
وەزارەتی نەوتی عێراق بەینازی بەرهەمهێنانی (175) هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەو, یەك ملیار مەتر سێجا غازە, لە (6) كێڵگەی سنوری لەهەردوو پارێزگای دیالەو بەسرە.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت كۆمپانیا نیشتمانییەكانی ڕاسپاردووە پەلەبكەن لە ڕێوشوێنەكانی ئەنجامدانی گرێبەستی كۆتایی, لەگرێبەستەكانی گەڕی ڕێپێدانی پێنجەم.
وەزارەتی نەوت بەنیازە پرۆگرامی دۆزینەوەی نەوت و غاز فراوان بكات و, درێژەبدات بەپێشخستنی كێڵگەكان لەچوارچێوەی پلانەكانی بۆ بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنان بۆ (8) ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەو, دابینكردنی پێداویستییەكانی ناوخۆ لەغاز تا ساڵی 2027دا.
پێشخستنی چوارگۆشە سنورییەكان
وەزیری نەوتی عێراق لەبەیاننامەیەكدا, پێداگری لەبایەخی بەردەوامبون لەڕێوشوێنەكانی واژوكردنی كۆتایی گرێبەستەكانی گەڕی ڕێپێدانی پێنجەمی تایبەت بە چوارگۆشە دۆزراوەكان و كێڵگە سنورییەكان كردووە, لەگەڵ پەلەكردن لەچالاككردنی گرێبەستەكان لەپێناو ئەوەی كۆمپانیا براوەكان دەستبكەن بەكارەكانی پێشخستنی چوارگۆشە سنورییەكان.
داواكەی وەزیری نەوت دوای ئەوە دێت, ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی پیشاندا لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزارەی وزە, لەدانیشتنی ڕۆژی 7ی شوباتی ڕابردوو, كە دەقەكەی دەڵێت" بەردەوامبون لەسەر واژوكردنی گرێبەستەكانی گەڕی ڕێپێدانی تایبەت بە ناوچەو كێڵگە سنورییەكان".
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەشكردووە, فەرمانگەی گرێبەست و ڕێپێدانی نەوتیی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی لەوەزارەت ڕاسپاردووە, بە پەلەكردن لەتەواوكردنی ڕێوشوێنە داواكراوەكان, بەهەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیا براوەكان بەگەڕی ڕێپێدانی پێنجەم.
وردەكاری پرۆژەكان
بەوتەی وەزیری نەوت, دواكەوتنی واژوكردنی پرۆژەكە بەهۆی دۆخێكەوە بووە لەدەرەوەی توانای وەزارەتی نەوتدا بووە, كە لەساڵی 2017و كۆتاییەكانی نیسانی ساڵی دا2018 ئەنجامدانی گەڕەكە ڕاگەیەندراوەو لەڕێیەوە (6) چوارگۆشەی دۆزراوە, ڕەوانەی پێشخستن كران لەلایەن كۆمپانیا براوەكان بەگەڕەكە.
چوارگۆشەكان ئەمانەن:
- دۆزینەوەی ناوچەی نەفت خانەو پێشختنی و بەرهەمهێنانی لەپارێزگای دیالە, كە كۆمپانیای جیو جیدی چینی بەدەستیهێنا.
- پێشحستنی كێڵگەی ئەلحەویزە نەوتی و بەرهەمهێنانی لەپاێزگای بەسەرە, كە كۆمپانیای جیوجیدی چینی بەدەستیهێنا.
- پێشخستنی كێڵكەی سندیبادی نەوتی و بەرهەمهێنانی لەپارێزگای بەسرە, ڕەوانەی كۆمپاینای یو ئەی جی چینی كرا.
- پێشخستنی كێڵگەكانی كەلابات-قمر و بەرهەمهێنانی لەپارێزگای دیالە, ڕەوانەی كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی كرا.
- پێشخستنی كێڵگەكانی خەشم ئەحمەر-انجانەو بەرهەمهێنانی لەپارێزگای دیالە, ڕەوانەی كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی كرا.
- دۆزینەوەی ناوچەی خزری ئاو و پێشخستن و بەرهەمهێنانی لەپارێزگای بەسرە, كۆمپانیای نەوتی هیلالی ئیماراتی گرێبەستەكەی بردەوە.
بەرهەمی نەوت و عازی عێراق
عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند: گرێبەستەكان بەپیتی یەكەم لەگەڵ كۆمپانیا براوەكان ئیمزاكراوەو, دواتر ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە لەهەفتەی دووەمی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2018دا بۆ پەسەندكردنی.
ئاماژەی بەوەشداوە: ئەنجومەنی وەزاری وزە لەساڵی 2020دا بڕیارێكی دەركرد تیادا ڕاسپاردەی ئەوەی كردبوو گەڕی ڕێپێدانی پێنجەم بۆ حكومەت بخرێتەڕوو, دوای تەواوكردنی تێبینییەكانی چاودێری دارایی, ئەنجومەنی وەزیران ڕازیبوو لەسەر گرێبەستی گەڕی كێڵگەكان و ناوچە سنورییەكان.
وتوشیەتی: تێكڕای بەرهەمی چاوەڕوانكراو لەگرێبەستەكانی گەڕەكە دەگاتە یەك ملیار مەتر سێجا غازی هاوەڵی ڕۆژانە, لەگەڵ بڕی (175)هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە, بەرهەمهێنانی غازەكەی بەشداردەبێت لەپێدانی وزە بە وێستگەكانی كارەباو, بەڕێژەی 25% پێداویستییەكانی وەزارەتی كارەبا بەغاز دابین دەكات.
وتەبێژی وەزاتی نەوت ڕونیشكردووەتەوە: گەڕی ڕێپێدانی پێنجەم ڕوبەڕوی چەندین كاردانەوە بووەوە كە لەسەر هەندێك لایەنی سیاسی و دەزگای ڕاگەیاندن هەژمار دەكران, ئەوەش وایكرد جێبەجێكردنی گەڕەكە بۆ ماوەی (4) ساڵ دوابكەوێت و, زیانی گەورەشی بەپیشەسازی نەوتیی و ئابوری نیشتمانی گەیاند.
جەختیشیكردووە, دوای هەوڵێكی بەردەوامی وەزارەتی نەوت لەخستنەڕووی وردەكارییەكانی گەڕی ڕێپێدانی پێنجەم و ئامانجەكانی, لەبەردەم لایەنی دادوەری و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاكی, دروستی ڕێوشوێنەكانی پەسەندكرا.