سەبارەت بە شەرم و متمانەی سیاسیی
2025-11-30 07:36:25
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
لە ماوەی رابردوودا، هەرکەسێک سەرپێییانەش گوێی لەو زمانە سیاسییە گرتبێت کە میدیا و سایت و سۆشیال میدیای سەر بە پارتە سیاسییە حوکمڕانەکان، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان و دوای هەڵبژاردنەکانیشدا، قسەیان پێدەکرد و قسەی پێدەکەن، بەو راستییە سادەیە دەگات کە سیاسەت لە هەرێمدا هەم بەشێوەکی ترسناک لە هەرجۆرە شەرمێکی سیاسیی و کۆمەلایەتیی دابڕاوە، هەم لەو لانی هەرەکەمە لە متمانە کە هەموو کۆمەڵگایەک پێویستییەکی گەورەی، پێیەتی. با کەمەکێک زیاتر لەم دوو نووقسانییە ترسناکە ڕابمێنین.
یەکەم: نەمانی تەواوەتی شەرمی سیاسیی.
ئەوەی لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە دەیبینین، گۆڕانی تەواوەتی سیاسەتی کوردییە بۆ سیاسەتێکی بێشەرم. شەرمنەکردن لە ئەنجامدانی هەموو ناشیرینییەک بەرامبەر بە یەکتریی و بەرامبەر بە خودی کۆمەڵگاکە خۆیشی. ئینجا شەرمنەکردن لە کورتکردنەوەی مەسەلەی کورد لەناوخۆی هەرێم و لەناو عێراقیشدا، بۆ دەستگرتن بەسەر هەندێک پۆست و بەدەستهێنانی هەندێک پلە وپایەی ئیداریی و سەرچاوەی مادیدا.
لە رووی تیورییەوە شەرم تەنها هەستێکی ئینسانی تایبەت نییە، بەڵکو لەناو کایەی سیاسیدا، دەگۆڕێت بۆ میکانیزمێکی گرنگی کۆنترۆڵ و ئاراستەکردنی کردەی سیاسیی خۆیشی. ئەگەر هەموو سیاسەتێک پێویستی بە سەرمایەیەکی ئەخلاقیی هەبێت، سەرمایەیەکی ئەخلاقی کە مانایەک بەو مەسەلەیە دەبەخشێت کە سیاسەتکردن بەناویەوە کاردەکات، ئەوا شەرم بەشێکی سەرەکیی و گرنگیی ئەم سەرمایە ئەخلاقییەیە.
لەناو ئەو ئەزموونە سیاسییانەشدا کە یاسا و دەزگا بوونیان نییە، یان یاسا و دەزگا بەشێوەیەکی سەربەخۆ کارناکەن، یان بە تەواوەتی پەراوێزخراون، وەک دۆخی پەرلەمان لە هەرێمدا، لەو دۆخانەدا شەرمکردن دەتوانێت ببێتە یەکێک لە بنەما ئەخلاقییە سەرەکییەکانی سیاسەتکردن. ببێتە یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی رێکخستن و سنووردارکردنی کردە و بڕیاری سیاسیی. دەتوانێت وەک یاسایەکی ئەخلاقیی کاربکات کە نەکرێت بە ئاسانی وەلابنرێت، سنوورێکی ئەخلاقیی دروستبکات نەشێت بە ئاسانی ببەزێنرێت. لەم جۆرە دۆخانەدا شەرمەزاربوون وەک پێداویستییەکی سیاسیی کاردەکات، بۆ پیادەکردنی لانی هەرەکەمی سیاسەتێکی باشتر و بەرپرسیارتر و سنووردانان بۆ سایکۆلۆژیای سیاسییەکان.
لە ژینگەیەکی لەو بابەتەدا نەمانی شەرم و باڵادەستبوونی بێشەرمیی سیاسیی، دەبێتە یەکێک لە هەڕەشە سەرەکییەکان لە ژیانی گشتیی و لە خودی کۆمەڵگاکە خۆیشی. خراپترین فۆرمی دەسەڵاتیش ئەو دەسەڵاتەیە کە هەموو شێواز و فۆرمەکانی شەرمی تەڵاقداوە و بووە بە دەسەڵاتێکی بێشەرم. لە راستیدا هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت دەسەڵاتەکی ناستەمگەر و مرۆڤدۆست بێت، بەبێ بوونی لانیکەمی شەرمی سیاسیی. ئەو سیاسییانەی بە ئاشکرا درۆ و دزیی دەکەن، بەها و نۆرمە ئەخلاقییەکان تێکدەشکێنن، هەڵەی گەورە و ستراتیژیی دەکەن بەبێ هەستکردن بە بەرپرسیاریەت، دەسەڵات بە شێوەیەکی خراپ بەکاردەهێنن، هتد...، دەکرێت زۆربەیان دەرکەوتی جیاوازی نەمانی شەرم و باڵادەستیی بێشەرمیی سیاسیی، بن. لەم ئاستەدا شەرم دەتوانێت سنوور بۆ خواست و حەز و تەماحە تایبەتییەکان دابنێت.

نەمانی شەرمی سیاسیی کاریگەرییەکی خراپ لەسەر سەرجەمی ئەخلاقیاتی کۆمەڵایەتیش بەجێدەهێڵێت. بێشەرمیی سیاسیی دەتوانێت چەندان دەرگا بەسەر بێشەرمیی کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیدا بکاتەوە. ئینتیمای کەسەکان بۆ شتێک یان مەسەلەیەک گەورەتر لە ژیانی تاکەکەسی خۆیان لەناوببات. بەمەش سیاسەت بگۆڕێت بۆ چالاکی سڕینەوەی لانی هەرەکەمی کۆگیریی و بەدەمەوەچوون و هاریکاریی هێز و کەسە جیاوازەکان لەگەڵیەکدا. شەرمنەکردن لەوەی دادپەروەریی لەئارادا نییە، شەرمنەکردن لە بوونی گەندەڵیی، لە عەقڵیەتی بوغز و دڵرەقیی، لە نابەرپرسیارێتی، هتد... هەموویان نەخۆشیی سیاسیی ترسناکن. نەک تەنها کایەی سیاسەت نەخۆشدەخەن، بەڵکو زیاد لە بەشێکی کۆمەڵگاکەش بە دەردی کایە سیاسیەکە دەبەن.
بە مانا فرۆیدیەکەی بوونی شەرمی سیاسیی مانای باڵادەستی دۆخێک تیایدا سایکۆلۆژیا و عەقڵەیتی مەدەنییانە بەسەر ئارەزو و غەریزەی دەسەڵاتدا سەرکەوتبێت. شەرم سنوورێکی بۆ نارسیزم و خودئەڤینی دەسەلاتداران داناوە، هاوکات نیشانینئەدات کە خواست و ویست و حەز و غەریزەی سیاسەتمەداران تاقە شتێک نییە لە کۆمەڵگاکەدا ئامادەبێت.
هەمووان دەزانین سیاسەت لە هەرێمدا نەک تەنها سیاسەتێکە لە دەرەوەی دەزگا و یاسا و کۆگیریی و رێکەوتنی کۆمەڵایەتیدا، بەڵکو سیاسەتێکیشە لە دەرەوەی لانی هەرەکەمی شەرمی سیاسیدا. نارسیزمێکی سیاسیی کوشندە ئاراستەی دەکات و بێشەرمی سیاسییش وزەی ناوەکیی ئەم نارسیزمە سیاسییە. ناونیشانی سەرەکیی سیاسەتکردن لە هەرێمدا بێشەرمیی سیاسییە لە هەموو جۆرەکانیدا.
دووهەم: سیاسەتێکی دابڕاو لە لانی هەرەکەمی متمانە.
هیچ شتێک سیاسەت بە رادەی نەمانی متمانە بێنرخ و وێران ناکات. داماڵینی سیاسەت لە متمانە کردەی گۆرىنی سیاسەتە بە کابوس و دەمامکێکی تاریک. لە دەرەوەی متمانەدا سیاسەت رووتدەبێتەوە تەنها بۆ هێز، بۆ دەسەڵاتێکی رووت، بۆ جۆرێک لە سەپاندن و خۆسەپاندنی ترسناک، بۆ لۆژیکی هێز بەتەنها.
سیاسەت ئەگەر هونەری دروستکردنی ژیانێکی گشتیی هاوبەش بێت، ئەم ژیانە هاوبەش و پێکەوەییە، لەسەر دروستبوونی لانی هەرەکەمی متمانە دروستدەبێت. ژیانی گشتیی بەبێ متمانە کۆمەڵگا دەباتەوە بۆ قۆناغی دارستان، بۆ قۆناغی جەنگ، یان ئەگەری جەنگیی بەردەوامی گشت دژ بە گشت. ئەگەر ئاکاری ژمارە یەکی ژیانی کۆمەلایەتیی و ژیانی پێکەوەیی بوونی جیاوازیی و ناکۆکیی بێت، کاری ژمارە یەکی سیاسەت دروستکردنی ئەو لانی کەمەی هاوبەشیی و هاودەردیی کۆمەلایەتییە، کە بوونی پێکەوەیی مرۆڤەکان پەویستی پێیەتی. ئەمەش بەبێ متمانە مەحاڵە.
لەناو بیرۆکەی متمانەدا هەمیشە جۆرێکی تایبەت لە پەیوەندیی «ئەوانیتر»ەوە ئامادەیە، پەیوەندییەک متمانەکردن تیایدا وادەکات لەوە دڵنیابیت کە ئەویتر درۆ و فێڵ و تەڵەکەبازی ئەنجامنادات و ئەو بەڵێنانەی دەیاندات، جێبەجێیان دەکات و ناپاکیی و پیلانی ژێرەکیی و ملشکاندن ئەنجامنادات. متمانە پێداروێکی پێشوەختی خۆبەخۆ نییە، شتێک نییە سروشت سەپاندبێتی، بەڵکو دروستکراو و بەرهەمێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسییە. متمانەکردن بەیەکتری داننانە بەوەدا کە هەمووان، سەرجەمی کەس و گروپە لایەنە جیاوازەکان، لەناو یەک واقیعدا کۆبوونەتەوە و ئەو واقیعە هاوبەشی سەرەکیی نێوان هەموویانە. متمانە دیاردەیەک نییە تەنها بە قسەکردن دروستببێت، بەڵکو پێویستیی یە بوونی دەزگا و یاسا و توانای بەرپرسیارکردن و لێپرسینەوەش، هەیە. ئەمانە نەبن متمانە جگە لە دروشم و ئیستیعارەیەکی مردووی ناو زمان و جگە لە بەڵێنێکی درۆزنانە، زیاتر نابێت.

لە ناو فیکر و تیورەی سیاسیدا کەس هێندەی ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی و ئەمریکیی، هانا ئارێنت، لەسەر دیاردەی متمانە و بەڵێندان نەوەستاوە. لای ئەم ژنەفەیلەسوفە بەڵێندان و متمانە بناغەی ژیانی سیاسییە کە ژیانێکی هاوبەش و گشتییە. بەڵێندان بە بێ متمانە هیچ مانایەکی نامێنێتەوە، لەڕەگای متمانەوە بەڵێندان دەکرێت بە واقیع، دەبێت بە بەشێک لە ژیانی هاوبەش. جێبەجێکردنی هەر بەڵێنێکیش هەنگاوێکە بەرەو متمانەی زیاتر. لای ئەم ژنەفەیلەسوفە بەڵێندان و متمانەکردن بەیەکتری، تاقە رێگایەکە بتوانێت دەرگایەک بە رووی ئایندەیەکی پێکەوەییدا بکاتەوە. هەر بەڵێندان و متمانەکردنیشە دەتوانێت بەئایندەیەکی هاوەبەشەوە گرێمانبدات.
بە کورتییەکەی متمانە ئەو سەرزەمینەیە کە تیایدا سیاسەت لە ململانێیەکی ملشکێنەرانەوە لەسەر دەسەڵات دەگۆرێت بۆ کردەی بونیادنانی ژیانێکی هاوبەش و پێکەوەیی مانادار، کە کەس و لایەنە جیاوازەکان لەناویدا مانایەک بۆ بوون و ژیانیان بدۆزنەوە.
لەم ئاستەدا ئەوەی لە سیاسەتی کوریدا وونە، بوونی ئەم لانیکەمە لە دڵنیایی و متمانە و رێکەوتنە لەسەر پێناسەکردنی خود و پێناسەکردنی واقیع. وەک ووتم متمانە تەنها بە قسەکردن دروستنابێت، بەڵکو پێویستی بەوەیە دەزگا و یاسا، شوێنی سایکۆلۆژیا و پاڵنەری دەرونیی و زەوق و تێگەیشتنی سنوورداری ئەم یان ئەو سەرکردەی سیاسیی بگرێتەوە.
غیابی شەرمی سیاسیی و متمانە وایانکردنەوە سیاسەت لە هەرێمدا بگۆڕێت نەک تەنها بۆ گەورەترین رێگر لەبەردەم دروستبوونی هەر کۆگیرییەکی نیشتیمانیدا، بەڵکو هەمیشە بە زمانی شەڕی ناوخۆ و بە عەقڵەیتی پێکدادان و یەکتری بەخائین ناونووسکردن بدوێت.
