Draw Media

عێراق ساڵانە بەبەهای (5) ملیار دۆلار بەرهەمە نەوتییەكان هاوردەكات.

عێراق ساڵانە بەبەهای (5) ملیار دۆلار بەرهەمە نەوتییەكان هاوردەكات.

2023-02-11 20:06:09


درەو: 
 
عێراق بەدەست كەمی و كورتهێنانی بەرهەمە نەوتییە پاڵاوتەكراوەكانەوە دەناڵێنێت, ئەوەش وایكردووە  ساڵانە (5) ملیار دۆلار بۆ هاوردەكردنی تەرخانبكات, كە (3.500) ملیار دۆلاری تەنها بۆ هاوردەكردنی بەنزین و دیزل دەڕوات, وەزارەتی نەوتی عێراق بەنیازە تاهاتنی ساڵی (2025) بەسێ‌ قۆناناغ كۆتایی بەهاوردەكردنی سوتەمەنی بهێنێت, وردەكاری هەنگاوەكانی عێراق لەم ڕاپۆرتەدایە:
 عێراق بەنیازە تاساڵی (2025), پێداویستییەكانی ناوخۆی لەبەرهەمە نەوتییەكان دابین بكات و   هاوردەكردنی سوتەمەنی كۆتایی پێبهێنێت, لەڕێی پلانێكەوە كە پشت بە پێشخستن و سەرلەنوێ‌ بنیاتنانەوەی كەرتی پاڵاوتنی نەوت لەوڵات دەبەستێت, كە بەهۆی هێرشە تیرۆرستییەكانەوە لەهەندێك لەپاڵاوتگەكان كاریگەری لەسەر بەرهەمهێنان دروستكردووە. 
لەگەڵ ئەوەی عێراق لەوڵاتە بەرهەمهێن و هەناردەكارەكانی نەوتی خاوەو, ڕۆلێكی دیار دەگێڕێت لەبازاڕی وزەی جیهان, بەڵام پەنا دەباتە بەر هاوردەكردنی پێكهاتە نەوتییەكان بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی بازاڕی ناوخۆ, ئەوەش وایكردووە بیر لەڕاگرتنی هاوردەكردنی سوتەمەنی بكاتەوە. 
وەزارەتی نەوتی عێراق (3) كۆمپانیای پاڵاوتنی هەیە, كە ئەوانیش: كۆمپانیانی پاڵاوتنی ناوەڕاست و كۆمپانیای پاڵاوتنی باشورو كۆمپانیای پاڵاوتنی باكورە, وێڕای گەورەترین پاڵاوتگەی نەوت لەعێراق كە پاڵاوتگەی سمودە.
بەپێی ئامارەكانی كۆمپاینای نەوتی بی بی بەریتانی, توانای پاڵاوتنی پاڵاوتگەكانی عێراق لەكۆتایی ساڵی (2021)دا, گەیشتوەتە (919) هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە, بەرهەمی پاڵاوتگەكانی پاڵاوتن لەعێراق لەساڵی (2021)دا (616) هەزار میلی ڕۆژانە بووە, لەكاتێكدا لەساڵی (2020)دا, (536) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە, ئەوەش مانای وایە پاڵاوتگەكانی عێراق بەتەواوی توانای خۆیان كارناكەن, بۆیە هەوڵدەدات توانای پاڵاوتنی زیادبكات بۆ ڕاگرتنی هاوردەكردنی سوتەمەنی.

پلانی دەستبەرداربون لەهاوردەكردنی سوتەمەنی
عێراق پلانی دانابوو هاوردەكردنی سوتەمەنی لەگەڵ هاتنی ساڵی (2023) ڕابگرێت, لەگەڵ كردنەوەی ژمارەیەك لەپرۆژەكانی پاڵاوتن, بەڵام پێدەچێت بارودۆخی جیهانیی, لەگەڵ قەیرانی ئابوری كە وڵات بەدەستییەوە ناڵاندویەتی, وایكردبێت پلانەكەی تازەبكاتەوە بۆ بەدیهێنانی دابینكردنی نیمچەیی پێداویستییەكانی ناوخۆ لە پێكهاتە نەوتییەكان لەساڵی (2025)دا.
عێراق بەدەست كورتهێنانی بەرهەمە پاڵاوتەكراوەكانەوە دەناڵێنێت, كە ساڵانە (5) ملیار دۆلار لەسەر عێراق دەكەوێت, لەنێویاندا (3.500) ملیار دۆلار بۆ هاوردەكردنی بەنزین و دیزل تەرخان دەكات.
پلانی ڕاگرتنی هاوردەكردنی سوتەمەنی بە (3) قۆناغی بنەڕەتی دەبێت, لەبەشداریپێكردنی پاڵاوتگەی كەربەلا بۆ نەخشەی بەرهەمهێنان دەستپێدەكات, كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی پێداویستی وڵات بە بەنزین و كیرۆسین بەڕێژەی  (50%)و, پێدوایستی ڕۆژانەی عێراق لە (15)ملیۆن لیترەوە بۆ (7) ملیۆن لیتری ڕۆژانە كەمدەكاتەوە.
قۆناغی دووەمیش, دوای تەواوكردنی پاڵاوتگەی بەسرە دەستپێدەكات, كە پێداویستی وڵات بەنزیكەی (3) ملیۆن لیتری ڕۆژانە لەبەنزین و كیرۆسین كەمدەكاتەوە, قۆناغی سێیەمیش, دوای تەواوكردنی پرۆژەی پاڵاوتگەی سمود لەبێجی باكوری بەغدادو پاڵاوتگەی دیوانییە لەناوەڕاستی عێراق دەبێت, بۆ قەرەبوكردنەوەی ئەوەی دەمێنێتەوە لەپێداوێستییەكانی ناوخۆ. 
بڕیارە ئەمساڵ ژمارەیەك دەرفەتی وەبەرهێنان لەبواری كەرتی پاڵاوتن بخرێتەڕوو, ئەوەش وەزارەتی نەوتی عێراق جەختی لێكردووەتەوە كە بەمزوانە لەچوارچێوەی پلانەكانی بۆ زیادكردنی وزەی پاڵاوتن و ڕاگرتنی هاوردەكردنی سوتەمەنی, زیاد لەدەرفەتێك لەو كەرتە دەخاتەڕوو, كە دامەزراندنی پاڵاوتگەی نوێ‌ لەخۆدەگرێت.
عێراق پلانی هەیە بۆ دامەزراندنی پاڵاوتگەیەكی نوێ‌ لەپارێزگای زیقار بەتوانای (150) هەزار بەرمیلی ڕۆژانەو, بەمزوانە دەخرێتە بەردەم  وەبەرهێنەران. 
لەناو دەرفەتەكانی وەبەرهێناندا كە بڕیارە بەمزوانە بەردەست بێت, پاڵاوتگەی عەمارە لەپارێزگای میسان بە توانای (150) هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە, هەروەها پاڵاوتگەی موسەننا بە توانای (100) هەزار بەرمیلی ڕۆژانەو, پاڵاوتگەی كەركوك بە توانای (100)هەزار بەرمیلی ڕۆژانەو, پاڵاوتگەی قەیارە بەتوانای بەرهەمهێنانی (70) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
بڕیارە یەكەیەكی نوێ‌ بەتوانای (70) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ پاڵاوتگەی زیقار زیادبكرێت, بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی بگاتە (100) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە, ئەوەش دوای سەركەوتنی عێراق لەزیادكردنی یەكەیەكی بەرهەمهێنان بۆ پاڵاوتگەی دیوانییە بەتوانای (70) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
پاڵاوتگەی كەربەلای سەربە كۆمپانیای پاڵاوتنی ناوەڕاست, بەیەكێك لەدیارترین ئەو پرۆژانە دادەنرێت كە عێراق جێبەجێیان دەكات بۆ زیادكردنی توانای پاڵاوتن بۆ ئەوەی ڕۆلێكی سەرەكی بگێڕێت لەكەمكردنەوەی تەرخانكردنی پارە بۆ هاوردەكردنی سوتەمەنی.
پێشبینی دەكرێت بەرهەمی بازرگانی بەشێوەیەكی پلەبەندی لەمانگی ئازاری ئەمساڵ بەتوانای (70) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەستپێبكات, پێشئەوەی بگاتە تەواوی توانای خۆی كە (140) هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە, لەكۆتایی مانگی تەموزی داهاتوودا.
عێراق ساڵی ڕابردوو سەركەوتووبوو لەكارپێكردنی ئەزمونیی یەكەی یەكەمی سەربە پاڵاوتگەكە بەتوانای (70) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە, كەپێكهاتە نەوتییەكان بەرهەم دەهێنێت, لەنمونەی بەنزین و كیرۆسین و دیزل.
لەدیارترین خەسڵەتەكانی پاڵاوتگەكە, توانای بەرهەمهێنانی بەنزینی ئۆكتان بەرزی هەیە بەنمرەی (95) بەتوانای (8بۆ9) ملیۆن لیتر لەڕۆژێكدا , لەگەڵ ئەگەری زیادكردنی بۆ (12) ملیۆن لیتری ڕۆژانەو, توانای پڕكردنەوەی بەشێكی زۆری بەكاربردنی ناوخۆیی هەیە بەڕێژەیەك كە دەگاتە (75%)و كەمكردنەوەی هاوردەكردنی سوتەمەنی.
وەزارەتی نەوتی عێراق پاڵاوتگەی كەربەلا بە گەورەترین وەبەرهێنانی حكومی وەسفدەكات لەماوەی ئەم چەند دەیەیەداو, كاردەكات بۆ دابینكردنی بەرهەمی كواڵیتی بەرز بەپێی خەسڵەتە ئەوروپییەكان (یۆرۆ5), كە ئەوەش بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ هاوردەكردنی وزە كەمدەكاتەوە.
پاڵاوتگەی كەربەلا لەلایەن كۆمەڵێك كۆمپانیای كۆریەوە جێبەجێدەكرێت بەسەرۆكایەتی هۆندای, (35)یەكەی كارپێكردن و خزمەتگوزاری لەخۆدەگرێت, (4)یان یەكەی بەرهەمهێنانی بەنزینن, لەگەڵ دروستكردنی (44) عەمبارو چەند یەكەیەكی تر.

پاڵاوتگەی باشور
ئامانجی عێراق لەپێشخستنی پاڵاوتگەكانی باشور بۆ بەرزكردنەوەی توانای پاڵاوتن بۆ (350)هەزار بەرمیلی ڕۆژانە, بۆ ئەوەی بەشێكی سەرەكی پێكبهێنێت لەپلانی ڕاگرتنی هاوردەكردنی سوتەمەنی.
كۆمپانیای پاڵاوتگەكانی باشور بەیەكێك لەگەورەترین پاڵاوتگە بەرهەمهێنەكانی عێراق دادەنرێت, كەپاڵاوتگەی بەسرەی (1) و پاڵاوتگەی بەسرەی (2) و پاڵاوتگەی بەسرەی (3) لەخۆدەگرێت, بەتوانای (70) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ یەكێكیان, هەروەها پاڵاوتگەی تریشی هەیە لەوانە پاڵاوتگەی زیقار و پاڵاوتگەی میسان.
عێراق لەئێستادا كاردەكات بۆ جێبەجێكردنی قۆناغی (4) بۆ پێشخستنی پاڵاوتگەی بەسرەی سەربە كۆمپانیای باشور, بڕیارە وێستگەیەكی پاڵاوتنی نوێ بۆ پاڵاوتگەكە زیادبكرێت, كە بریتییە لە كۆمەڵگەیەكی تێكشاندن بەكارلێكی هاوكار (FCC), پاشماوەكانی نەوتی پاڵاوتە دەگۆڕێت بۆ بەرهەمی نەوتی سپی بەكواڵیتییەكی بەرز.
كۆمپانیای نەوتی باشور هەوڵدەدات بۆ زیادكردنی یەكەیەكی نوێی بەرهەمهێنان بەتوانای (70)هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ پاڵاوتگەی بەسرە, هەروەها پێشخستنی پاڵاوتگەی میسان و زیقار, بۆ ئەوەی ئامانجی ڕاگرتنی هاوردەكردنی سوتەمەنی بەهێزتربكات.
پاڵاوتگەی میسان سەركەوتووبوو لەبەرزكردنەوەی توانای پاڵاوتنی بۆ (40)هەزار بەرمیلی ڕۆژانە, دوای تەواوبوون لەیەكەی پاڵاوتنی چوارەم, وێڕایی جێبەجێكردنی گەنجینیەك بەڕوبەڕی (5)هەزار مەتر سێجاو, یەكێكی تریش بە ڕوبەری(25000)مەتر سێجا, ئەوەش بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پاڵاوتگەكە لەمانگی كانونی یەكەمی (2022)دا. 

پاڵاوتگەی ناوەڕاست
عێراق ئامانجیەتی تا ساڵی(2026) توانای پاڵاوتنی كۆمپانیای پاڵاوتگەكانی ناوەڕاست بۆ (500) هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا بەرزبكاتەوە.
لەدیارترین ئەو پرۆژانەی وەزارەتی نەوت جێبەجێیان دەكات و بەبەشێك لەپلانی ڕاگرتنی هاوردەكردنی پێكهاتە نەوتییەكان دادەنرێت, كاركردنی كۆمپانیای ناوەڕاستە بەفراوانكردنی پاڵاوتگەی دیوانییە بۆ بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی بۆ (90)هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا, لەكاتێكدا لەئێستادا توانای (20) هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی هەیە.
پرۆژەی فروانكردنی پاڵاوتگەی دیوانییە, زیادكردنی یەكەیەكی بەرهەمهێنانی نوێ‌ لەخۆدەگرێت بەتوانای (70) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە, كە تێكڕای توانای بەرهەمهێنانی بۆ (90) هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا بەرزدەكاتەوەو, هۆكارێكی گرنگ دەبێت بۆ ڕاگرتنی هاوردەكردنی سوتەمەنی. 
پێشبینی دەكرێت پرۆژەی پێشخستنەكە (3بۆ4)ساڵ بخایەنێت, بۆ هاوكاریكردنی زیادكردنی ڕێژەی بەرهەمی پێكهاتە نەوتییەكان لەپاڵاوتگەكە ڕێژەكەی لە 78% كەمتر نەبێت و داهاتەكانی بەنزیكەی 82% بەرزبكاتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی نەوتی عێراق, پاڵاوتگەكە بەنزینێك بەرهەمدەهێنێت ئۆكتانی بەرزەو هاوڕێی ژینگەیە, كە نزیك دەبێت لەبەرهەمی پاڵاوتگەی كەربەلا. 

پاڵاوتگەی سمود
پاڵاوتگەی سمود-بێجی جاران, كە سەربە كۆمپانیای پاڵاوتگەی باكورە, ڕوبەڕوی هێرش و گەمارۆ بوەوە لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆرستی داعشەوە, كە كاریگەری لەسەر توانای بەرهەمهێنانی دروستكرد, عێراق بڕیاریدا ناوەكەی بگۆڕێت. 
(3) پاڵاوتگە سەر بە سمودە كە ئەوانیش: سەڵاحەدینی (1) و سەڵاحەدینی (2) و پاڵاوتگەی باكور, عێراق كار لەسەر سەرلەنوێ‌ بنیاتنانەوەی و زیادكردنی توانای بەرهەمهێنانی دەكات بۆ ئەوەی بگاتە (300) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە, بۆ ئەوەی پلانی ڕاگرتنی هاوردەكردنی سوتەمەنی لەساڵی (2025) ڕێكبخات.
عێراق سەركەوتوو بووە لەسەرنوێ‌ بنیاتنانەوەی سەڵاحەدینی(1)و سەڵاحەدینی(2)و دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنان و زیادكردنی توانای پاڵاوتن, لەگەڵ كاركردن بۆ بانگهێشتكردنی كۆمپانیا جیهانییەكان بۆ سەرلەنوێ‌ بنیاتانەوەی پاڵاوتگەی باكور بەتوانای (150) هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا.
وەزارەتی نەوتی عێراق توانای پاڵاوتنی بۆ (60)هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرزكردووەتەوە, بۆ سەرجەم یەكەكانی پاڵاوتگەكانی سەڵاحەدینی (1), لەكاتێكدا پاڵاوتگەی سەڵاحەدینی(2)بەتوانای خۆی كاردەكات كە (60) هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە.

سەرچاوە: پێگەی الطاقة

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand