Draw Media

دۆلار بە بارهەڵگر لە سلێمانی و دیالەوە ڕەوانەی ئێران دەكرێت.

دۆلار بە بارهەڵگر لە سلێمانی و دیالەوە ڕەوانەی ئێران دەكرێت.

2023-02-06 18:23:57


 
درەو:

راپۆرت: العربی الجدید
ڕۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری لەزاری سەرچاوەیەكی نزیك لەباڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغداد ئاشكرایكردووە: ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق ڕایدەگەیەنن لەبارەی پرۆسەی دەستبەراگرتنی پارەی بەقاچاغبراو, ڕێژەیەكی زۆر سادەیەو 5% ئەوە تێپەڕناكات كە ڕۆژانە لەعێراقەوە بەقاچاغ دەبرێت, بابەتی بەقاچاغبردن لەعێراق بەڕێگەی "فەرمی" ئەنجام نادرێت, بەڵكو زۆرینەی لەڕێی خاڵە سنورییە فەرمییەكان و نایاساییەكانەوە لەپارێزگاكانی دیالەو سلێمانی هاوسنوری ئێران ئەنجامدەدرێت.
سەرچاوەكە  ئاماژەی بەوەشكردووە: بابەتی بەقاچاغبردنی دۆلار و گەیشتنی بەئێران و شوێنەكانی تر كە لەلیستی سزاكانی ئەمریكادان, تەوەری بنەڕەتی گفتوگۆكان بووە لەكۆبونەوەكەی ئەستەنبوڵ لەنێوان  براین نیلسۆن یاریدەدەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بۆ كاروباری تیرۆرو هەواڵگری دارایی, لەگەڵ عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی كۆبونەوە.
"بەرپرسە ئەمریكییەكە بە عەلاقی ڕاگەیاندووە, دەروازەی ناشەرعی هەیە لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتدا نییەو دۆلاری كاشی لێوە بەقاچاغدەبرێت بۆ ئێران, بەڵگەی پێشكەشكردووە كە دەیسەلمێنێت  پرۆسەی بەقاچاغبردن بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژاو  لەلایەن كەسانی سەر بەلایەنی گرێدراو بە حزب و لایەنەكانی تر عێراقەوە ئەنجامدەدرێت, كە پەیوەندی بەهێزیان هەیە لەگەڵ ئێران و بە بارهەڵگر دەپەڕنەوە بۆ ئێران و دەگەڕێنەوە, دوای ئەوەی بارە دۆلارەكەیان بەتاڵ دەكەن". 
"وەفدەكەی ئەمریكا داوای لەعێراق كردووە پرۆسەی وردبینی توندتر بكەنەوە لەخاڵە سنورییەكان و, ئامادەیشیان دەربڕیوە بۆ دابینكردنی ئامێری پێشكەوتوو بۆ ئاشكراكردنی پارەی باركراو ئەگەر بەوردیش شاردرابێتەوە, وەفدەكە مەرجی ئەوەشی بۆ عێراق داناوە كە دەبێت كۆنتڕۆڵی دەروازەكان و خاڵە نافەرمییەكان و هەر ڕێگایەكی سنوری بكات كە دۆلاری لێوە بەقاچاغببرێت".    
بەگوێرەی سەرچاوەكە, وەفدی عێراق بەڵێنی جێبەجێكردنی تەواوی ئەو داواكارییانەی داوە لەماوەیەكی دیاریكراوداو, لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی گشتگیری حكومی نێوان عێراق و ئەمریكا جێگیر دەكرێت لەمیانی سەردانی سبەینێی وەفدە دبلۆماسی و داراییەكەی عێراق بۆ واشنتۆن, لەپێناو نواندنی نەرمی لەلایەن واشنتۆن كە عێراق لەئێستادا پێویستی پێیەتی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نرخی دۆلار. 
ئەم زانیارییانە مەزهەر محەمەد ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لێكردووەتەوەو ڕایگەیاندووە: بانكە عێراقییە بەرپرسەكان لەدابینكردنی پارە بۆ بازرگانی دەرەكی پابەندبونێكی خێرایان هەیە لە وردبینی بەڵگەنامە پێشكەشكراوەكان, كە هەموو ئەمانەش بەدڵنیایی بەشداردەبن لەگەڕانەوەی دۆلار بۆ نزیكی نرخی فەرمی و سەقامگیربونی بازاڕ. 
ڕاوێژكارەكەی سودانی بەڕۆژنامەكەی وتووە: كارەكان وردە وردە بەرەو چارەسەربوون دەچن لەبەرژوەندی دیناری عێراقی و, چەردەی یەكەم كە بانكی ناوەندی كۆتایی ئەم هەفتەیە دەستی بەجێبەجێكردنی كرد, بەشداریكرد لە ئازادكردنی بڕگەی گرنگ لەحەواڵەی دەرەكی, بەروپێشچونی دانوستانەكانیش لەواشنتۆن كە پێشبینی سەركەوتنی دەكەم, نەرمی تەواو دەخولقێنێ‌ بۆ گواستنەوەو تێكەڵابوون بە سیستمی بانكیی نێودەوڵەتی, لەڕێی خۆگونجاندنی خێرای دەزگای بانكیی عێراق لەگەڵ ڕێوشوێنە خۆپارێزییەكان و ڕێنماییەكانی پابەندبون و چاودێرییە پیادەكراوە جیهانییەكان, كە داواكاری پابەندبونی نێودەوڵەتی دەستەبەردەكات, هەموو ئەمانەش  بەخێرایی ڕوو لەسەقامگیری نرخی دۆلارو نزیكبونەوەی نرخی فەرمی لەنرخی بازاڕی ڕەش دەكات. 
هاوكات سەرچاوەیەكی ئەمنی باڵا لەبارەی ئەو وڵات و ناوچانەی دۆلاریان بۆ دەبرێت بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە: یەكێك لەتێوەگلاوەكان دانی بەوەداناوە كە دۆلارە بە قاچاغبراوەكان بە ڕێوشوێنی سەرەتایی و لەڕێی بارهەڵگری گواستنەوەی كەلوپەلەوە بۆ ئێران و سوریا دەگوازرێتەوە, لەبەرامبەریشدا دەزگا پسپۆڕەكان لەدەروازەكان پرۆسەی پشكنینان بە ئامرازی زۆر چالاك چڕكردووەتەوە, لەنمونەی دانانی سەگی پولیسی, ئەوەش پرۆسەی بەقاچاغبردنی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمكردووەتەوە.   

سەرچاوە: العربی الجدید

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand