دوای بومەلەرزەکە و پێش بومەلەرزەکە
2023-02-12 13:26:46
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
(٢-٢)
لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا باسم لەو وێنەیە کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە بانگخواز و چالاکەوانە ئیسلامییەکان بۆ خودا دروستیانکردوە. خودا وەک کەسێک کە مرۆڤ ئەتوانێت بێزار و بێتاقەت و توڕەیبکات. کە توڕەشبوو ئیتر ڕەحم بە هیچ شتێک نەکات و تەڕ و وشک بەیەکەوە بسوتێنێت. مزگەوت و مەلها، منداڵ و زیناکەر، تاوانبار و بێتاوان بەیەکەوە بکوژێت. کوشتنی ئاساییش نا، بەڵکو کوشتنێکی تەواو بەئازار، بۆ نموونە، بومەلەرزە و گڕکان و لافاو بگرێتە مرۆڤەکان. توڕەبوونەکانی خوداش لە ئینسان بەهۆی کۆنترۆڵنەکردنی ئینسانەوەیە بۆ غەریزە سێکسییەکەی و بۆ شەرواڵەکەی. ئەمەش وایکردوە سەرەتاو کۆتایی چەمکی ئەخلاق لای ئەم بانگخواز و چالاکەوانە ئیسلامییانە پەیوەندیی بە سێکس و ژیانی سێکسییەوە هەبێت. هاوکێشەکەش لای ئەم بانگخوازانە تەواو سادەیە: لە کوێدا زیناو فەسادی ئەخلاقی کرا، ئەخلاق بە مانا سێکسیەکەی، لەوێدا خودایەک لەسەر وێنەی عەلی حەسەن مەجید و ژەنەڕالە دڵرەقەکانی سوپا ئامادەیە، کە بێ هیچ جیاکارییەک هەمووشتێک بەسەریەکەوە وێرانبکات. بۆ سەلماندنی ئەم وێنەیەش لەسەر خودا، لە پەیوەندیدا بە ڕووداوی بەمەلەرزەوە، بۆ چەند کتێبێک دەگەڕێنەوە کە هەندێک مەلا و بانگخوازی ئاینی وەک خۆیان، زیاد لە هەزار ساڵ لەمەوبەر و بەر لەدایکبوونی زانستە سروشتیەکان، بە تایبەتی زانستی زەویناسیی، جیۆلۆجیا، نووسیویانە. هەندێک مەلا و بانگخواز و خوێندەواری دونیای کۆن کە فڕیان بەسەر لێکدانەوەی زانستییانەی دیاردە سروشتییەکانەوە نییە. لەوانەش، بۆ نموونە، گەرانەوە بۆ کتێبی «سەحیحی بوخاری»ی و بۆ «گێڕانەوەکانی ئەبو هورەیرە» و بۆ هەندێک قسەکانی ئیمامی ئەنەس و ئیبن حەنبەل و ئیبن تیمییە و ئەوانیتر.
ئەگەر شتێک هەبێت مرۆڤ بە مانا دینییەکەی گوناهبار بکات جەهلە. ئاخر بە پێی لۆژیکە دینییەکە خۆی، خودا عەقڵ و هەست و ئیرادەی بە مرۆڤ بەخشیوە، بەکارنەهێنانی ئەو شتانەش بۆ ناسینی خود و بۆ ناسینی سروشت و بۆ ناسینی جیهان، بۆ ناسینی ئەو ژینگەیەی مرۆڤ لەناویدا دەژیی، بەر لەوەی تاوانێک بێت بەرامبەر بە خود و بەرامبەر بە جیهان، تاوانە بەرامبەر بە خودا خۆی.
ئەم بانگخوازانە لەباتی بێدەنگبوون، یان کە بێدەنگنابن لەباتی گەڕانەوە بۆ کتێبە زانستییەکانی بواری زەویناسیی، ئەوان وەک پیشەی هەمیشەییان خەریکی دوو شتن. یەکەمیان بەرهەمێنانی ترس و تۆقاندن لە ڕێگای دروستکردنی وێنەیەکی سەدامی و هیتلەرییەوە بۆ خودایەکی بێدڵ و بێڕەحم و بێ بەزەیی. دووهەمیان دروستکردنی وێنەیەک بۆ مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی گوناهبار و زیناکار و فاسد و بەدڕەوشت، کە نوقمبوونی لەناو ئەم شتانەدا پاڵ بەو خودا توڕەیەوە دەنێت بەر لە هاتنی قیامەت و لێپرسینەوە لە قیامەتدا، مرۆڤەکان بداتە بەر غەزەبی بومەلەرزە و کارەساتی سروشتیی.
ڕێک لەو ساتەشدا کە باس لە ئەخلاق دەکەن، بەزۆرمانا بەدئەخلاقییەکی کەموێنە بەرامبەر بە قوربانیەکانی کارەساتە سروشتییەکان دەکەن. ئەم بانگخوازانە لە گرێدانی بومەلەرزەکەی ئەمجارەوە بە زیاناکردن و فەسادی ئەخلاقییەوە، سەرجەمی قوربانییەکان دەخەنە خانەی کەسانی زیناکەر و بەدئەخلاقەوە. قوربانییەکان ئەو زیناکار و بەدئەخلاقانەن کە خودایان توڕەکردوە و وایانکردوە خودا بە بومەلەرزە سزایانبدات. ئەمەش جگە لە بەدئەخلاقییەکی گەورە بەرامبەر بەو کەسانەی لەگەڵیاندا دەژین ناوێکی تری نییە لێیبنێین.
بەگەرانەوە بۆ مەسەلەی ئەخلاق دەمەوێت لێرەدا چوار سەرچاوەی سەرەکیی بۆ ئەخلاق لەیەکتری جیابکەمەوە، بەو هیوایەی ئەخلاق تەنها بە دین و بە ژیانی سێکسییەوە گرێنەدەین. ئەو سەرچاوانەش ئەمانەن: یەکەم، دین. دووهەم، نادین. سێهەم ویژدانی گشتیی ناو کۆمەڵگا. چوارەهەم، ئەخلاقی مرۆڤایەتیی.
یەکەم: دین وەک سەرچاوەی ئەخلاق.
ئەخلاق لە دیندا پەیوەندیی بەهێزی بە فەرمایش و بە ئەمر و نەهییە ئاسمانییەکانەوە هەیە و سەرچاوەکەی غەیبیی و دەرەمێژووییە. ئەگەر جەوهەری ئەخلاق بریتیبێت لەو پەیوەندییەی مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆی و لەگەڵ ئەوانیتردا دروستیدەکات، ئەوا ئەم پەیوەندییە لە دیدگا دینییەکە و بەبپێی بەها دینییەکان پەیوەندیی درۆنەکردن و فرەڕوویی و دەمامکدارنەبوون و نەخڵەتاندن و دزینەکردن و نەبڕین و نە کوشتنی مرۆڤەکانی ترە. غەدر و زوڵم نەکردنە لە خود و لەوانیتر بەیەکەوە. ئازارنەدانی خود و ئەوانیترە. ڕێزگرتنە لە ژیان و لە جیاوازیی مرۆڤەکان لەگەڵیەکدا. ئینجا ئەخلاق هاوکاریی و هاریکاریکردن و بەدەمەوەچونە، ئەخلاقی گونجاندنی بەرژەوەندیی خودە لەگەڵ بەرژەوەندی ئەوانەدا کە مرۆڤ لەگەڵیاندا دەژیی. بەهای لێبوردن و لێخۆشبوون و گەردن ئازادیی و هاوسۆزیی. رەنگە لوتکەی روانینی ئەخلاقیانەی دین ئەو باوەڕەبێیت کە پێیوایە خودا مرۆڤی لەسەر وێنەی خۆی دروستکردوە و عەقڵ و هۆش و ویژدان و ئیرادەی هەڵبژاردنی سەربەخۆی پێبەخشیوە. هاوکات پێداگرتن لەسەر ئەوەی کە خودا مرۆڤەکانی لە شێوەی میلەت و خەڵکانی جیاوازدا دروستکردوە، بۆئەوەی پێکەوەبژین و یەکتری بناسن. سەرجەمی ئەم بەهایانە دەشێت لە دینەوە وەربگیرێن بکرێن بە بنەمای ئەو سیستمە ئەخلاقییەی لە کۆمەڵگادا ئامادەیە. بەڵام دەشێت کۆمەڵێک بەهای تر هەڵبهێنجرێت کە لەسەر دڵرەقیی و دوژمنایەتیی و جیهادی مرۆڤە دینییەکان دروستبووبێت دژ بە مرۆڤە نادنییەکان و دژە بەوانەش کە دینێکی جیاوازیان هەیە، مامەڵەنەکردنی هەموو ئەمانەش وەک مرۆڤی نووقسان و ناکامڵ و کەمتر. وەک زۆرێک لە بانگخوازەکانی دونیای ئێمە، ئەنجامیئەدەن.
دین کاتێک دەبێت بە دینێکی ئەخلاقیی کە ئازادیی هەڵبژاردن بە مرۆڤەکان ببەخشێت، خودا ببێت بە شتێک مرۆڤ بیدۆزێتەوە نەک بەسەریدا بسەپێنرێت، موقەدەس پێدراوێکی پێشین و پێبەخشراو نەبێت، بەڵکو دەرەنجامی گەڕانێکی ئازادانە بێت و مرۆڤ بەر لە هەمووشتێک لەناوەوەی خۆیدا بیدۆزێتەوە و پێیبگات. هەموو ئەو خودایانەی بەزۆر بە سەر مرۆڤدا دەسەپێنرێن، خودایەکن هێزی دروستکردنی کەسێکی ئەخلاقیی لەدەستئەدەن و هەر لە بنەڕەتیشەوە شانسی بوون بە مرۆڤێکی ئەخلاقیی لە مرۆڤدا دەسڕنەوە. سەپاندن هەڵبژاردنی تێدانییە، ئەخلاقیش بەبێ توانای هەڵبژاردن مانایەکی نامێنێت.
دووهەم: ئەخلاقی نادینیی.
پرسیاری سەرەکیی ئەخلاق لە فیکر و بیرکردنەوەی دەرەوەی دیندا ئەوەیە ئایا مرۆڤ چۆن دەبێت بە کەسێکی چاکەکار بەبێ باوەڕبوون بە دین و بە قیامەت بە سزادان و پاداشتەکانییەوە.
ئەخلاق لێردا ڕاستەوخۆ لە عەقڵ و ویژدانی ئینسانییەوە سەرچاوەدەگرێت، لەو ڕاستییەوە کە مرۆڤ بوونەوەرێکە هەم خاوەنی عەقڵ و هەم خاوەنی ویژدان، ئەم دووانەش دەتوانن سەرچاوەی چەندەها بەهای ئەخلاقیی گرنگبن کە پەیوەندیی مرۆڤەکان لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ ئەوانیتردا ڕێکبخات.
لەم جۆرە ئەخلاقەدا شتێک بەناوی قیامەت و زیندوبوونەوە و لێپرسینەوە و سزا و پاداشی دوای ژیان، بوونی نییە. ئەوەی ئامادەیە خۆدروستکردنی مرۆڤە بۆ خودی خۆی بە هاریکاریی مرۆڤەکانی تر و لە چوارچێوەی ژیانێکی پێکەوەیی عەقڵانیی و ویژدانیدا. دیدگای ئەخلاقی لێردا دیدگایەکە پێ لەسەر بەگژاچونەوەی خۆپەرستیی و ئەنانیەت و حەزە ناماقوڵ و ناعەقڵانییەکانی مرۆڤ، دادەگرێت. لەم دیدگایەدا عەقڵ هێزی ئەوەی تێدایە بە ئینسان بڵێت خراپە و خراپەکاریی کامەیە و چییە، باشە و چاکەکارییش کامانە و چین. لێرەدا مرۆڤ پێویستی بەوە نییە بە فیکرەی زیندوکردنەوە و حیساب لەگەڵداکردن بترسێنرێت، بۆئەوەی خراپەکار نەبێت و خراپە بەرامبەر بە خۆی و بەرامبەر بە ئەوانیتر، ئەنجامنەدات. توانای ناسینەوەی خراپەکاریی وەک خراپەکاریی و ناسینەوەی چاکەکاریی وەک چاکەکاریی، توانایەکە لەناو ئینسان خۆیدا هەیە، بەشێکە لە بوونی ئینسان وەک ئینسان، پەیوەندیی بەو راستییەوە هەیە کە مرۆڤ خاوەنی عەقڵ و بیرکردنەوە و ویژدان و خواستیی بەیەکەوەبوون و بەیەکەوەژیانە. مرۆڤ مادامەکی بوونەوەرێکی کۆمەلایەتیی و گروپخوازە، بۆیە خۆیشی توانای بەرهەمهێنانی ئەو بەها ئەخلاقییانەی هەیە کە ژیانێکی هێمن و ماناداریان بۆ دروستبکات.
ئەگەر ئینسانی دینیی ئینسانێکبێت واهەستبکات خودا بە بەردەوامی چاودێریی و ئاراستەی دەکات، ئینسانی نادینیی ئینسانێکە پێیوایە عەقڵ و ویژدان و هەستی پێکەوەبوون لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا، چاودێریی و ئاراستەی دەکات. واتە ئەو کۆمەڵە یاسا و ڕێسا و بەهایانە چاودێریی مرۆڤ دەکەن کە لەسەری ڕێکەوتونن و بەیەکەوە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵیەکتریدا دایانهێناوە. ئەوەی لێردا باڵادەستە وەڵامدانەوەی پرسیارگەلێکی ئەخلاقیی لەم جۆرەیە: مرۆڤەکان چۆن غەدر و زوڵم و خراپەکاریی بەرامبەر بەیەکتری نەکەن و چۆن بتوانن هاریکار و هاوسێ و دۆست و هاوسۆزیی یەکتربن.
سێهەم: ویژدانی گشتیی
لە پەیوەنیدا بە ئەخلاقەوە شتێکی دیکە هەیە ناوی «ویژدانی گشتییە» کە مێژوویەکی هاوبەش و پێکەوەیی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا بەیەکەوە دروستیدەکەن. ئەمەش ئەو تۆرە لە بەها و قەناعەت و بیروبۆچونی گشتییە کە خەڵک لە کۆمەڵگادا هەیانە و هاوبەشن تیایدا. ئەمانەش لەناو خێزان و قوتابخانە و ڕووبەر و دەزگا گشتییەکانی کۆمەڵگادا دروسدەبن. «ویژدانی گشتیی» دەشێت هەم دین و هەم نادینی هەمەجۆری تێدابێت و لە پەیوەندیشدا بە یەکترییەوە دروستبووبێت. ویژدانی گشتیی هێما بۆ کۆمەڵێک بەها و نۆرم و شێوازی هەڵسوکەوت و کاردانەوە دەكات، کە بە شێوەیەکی گشتیی لە کۆمەڵگادا دروستدەبێت. ئەم ویژدانە گشتییە ئەو سنوورانە دەستنیشاندەکات کە ناتوانرێت لە کۆمەڵگادا ببەزێنرێن و تێبپەڕێندرێن. بۆ نموونە رەفزکردنی گشتیی سوکایەتیی و جنێودان و خراپەکردن بەرامبەر بەیەکتریی و بەرامبەر بە ئەوانیتر. رەفزکردنی کوشتن و بڕین لەسەر بنەمای نەتەوە و چین و ئەندمانبوون لە گروپێکی تایبەتەدا، رەفزکردنی پاکتاوکردن لەسەر هەر بنەمایەک، رەفزکردنی توندوتیژیی لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیا و دین و باوەڕ، رەفزکردنی ڕاونان و گواستنەوەی بەزۆری خەڵک، ڕەفزکردنی دەستدرێژی سێکسیی و لاقەکردن و هەراسانکردن، رەفزکردنی جیاکارییکردن لەسەر بنەمای نێربوون و مێبوون و ڕەشبوون و سپیبوون و هتد... ئەم ویژدانە گشتییە بەپێی سەردەمە مێژووییە جیاوازەکان گۆرانی بەسەردادێت و سەرلەنوێ دادەڕەژرێنەوە.
چوارهەم، ئەخلاقی مرۆڤایەتیی.
شتێک هەیە ناوی «کەلەپوریی ئینسانیی هاوبەش»ە کە بەرهەمی ژیانی هاوبەشی مرۆڤەکانە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا بە درێژایی هەزاران هەزار ساڵ لەسەر ئەم هەسارەیە بەیەکەوە. ئەوەی لێرەدا مرۆڤەکان بەیەکەوە کۆدەکاتەوە ئینتیمایە بۆ مرۆڤبوون هەستی بەشکردنی ئەم هەسارەیەیە لەگەڵ یەکدا. شتێک هەیە ناوی مرۆڤایەتیی و بەدەمەوەچونی مرۆڤەکانە بۆ یەکتریی وەک مرۆڤ. بەدەمەوەچونی مرۆڤەکان بۆ یەکتری بەبێ گوێدانە دین و باوەڕ و زمان و ڕەنگ و شێوەژیانی جیاوازیی یەکتری. بەبێ گوێدانە ئەوەی ئەو مرۆڤانە لە کوێی زەویدا دەژین. ئەوەی لێرەدا کاردەکات کۆمەڵێک بەهای گەردونییە کە پابەست نییە بەم یان بەو دین و بەم یان بەو ئایدیۆلۆژیاوە. لەوانە بۆ نموونە، مافی هەموو مرۆڤێکە بەختەوەربێت، سەربەخۆ بژیی، دەستنەخرێتە ناو ژیانییەوە، ڕێزی جیاوازبوون و تاکبوونی بگیرێت، جاوساغێکی دەسەڵاتدارای لێ پەیدانەبێت مافی بەکارهێنانی ئازادانەی عەقڵ و تێگەیشتنی لێبسێنێتەوە، هتد...
ئەم مرۆڤایەتییەش کۆمەڵێک پێوەر و بەهای هاوبەشی دروستکردوە کە ناکرێت لەژێر هیچ ناوێکدا، لە ژێر هیچ جۆرە پێداگرتنێک لەسەر خسوسیەت و تایبەتمەندیی و ڕەسەنایەتیدا، پشتی تێبکرێت و وەک نەبوو و نامۆ مامەڵەبکرێت. هەموو کۆمەڵگایەک لە دونیای ئەمڕۆدا بەشێکە لەو مرۆڤایەتییە هاوبەشە کە دەیان سەدەیە پێغەمبەران و نووسەران و فەیلەسوفان و شاعیران و عاریفان و زانایان و سیاسییە بە ویژدان و ڕاستگۆکان و مرۆڤە سادە پاکژەکانی سەر ئەم هەسارەیە، لە بەشە جیاوازەکانی جیهاندا، بەیەکەوە دروستیانکردوە و دروستیدەکەن. مرۆڤایەتییەکی هاوبەش کە بەشە جیاوازەکانی جیهان بەیەکەوە گرێئەدات.
لە دونیای ئەمڕۆدا هەر چوار سەرچاوەکەی ئەخلاق بە خەستی ئامادەن، هیچ شوێنێک نییە لە دەرەوەی ئەم چوار سەرچاوەیەدا بژیی. بۆیە بۆئەوەی مرۆڤێکی ئەخلاقیی بین پێویسستە هەم بەم سەرچاوانە ئاشنابین و هەم لە مێژووییبوون و توانای گۆرانکاریی و پێشکەوتنی هەریەکێک لەو سەرچاوانە، بەئاگابین. رەنگە دڵی مرۆڤێک نەدۆزینەوە موقەدەسێکی تێدانەبێت، بەڵام مەرج نییە موقەدەس هەمیشە موقەدەسێکی دینیی بێت. ئەخلاقیش ئەو پەیوەندییەیە کە یەکەمجار کەسێک لەگەڵ خۆیدا دروستیدەکات بۆئەوەی کەسێکی تایبەت بێت، ئینجا لەگەڵ ئەو کۆمەڵگا و ژینگە و کۆمەڵگا و مرۆڤایەتیدا کە لەناویاندا دەژیی.