قۆناغی پێش و پاش بومەلەرزەکە
2023-02-10 21:32:00
سەلاح خدر
ئەمە دوو نەخشەیە، یەکێکیان ئەو شارانەی باکوری کوردستان و تورکیان کە بەر بومەلەرزەکەی سێ ڕۆژ بەرلەئێستا کەوتن.
ئەوی تریان نەخشەیەکی گشتیە کە نیشان دەدات کە هێز و کاریگەری بومەلەرزەکە تا کوێ و چەند بووە، بەشێوەیەک لە بەشێکیاندا کاولکاری و بەشێکیان تەنها زیانی ماددەی و لە هەندێکیاندا هیچ زیانێک نەبووە.
ناوەندی دواین بومەلەرزەکەی شەشی شوباتی ئەمساڵ شارۆچکەی جەلا بووکە بەتورکی پێی دەڵێن (ئەکینئۆز) سەربە پارێزگاری مەڕەشی باکوری کوردستانە .
جەلا ٦٩٢ کیلۆمەتر دووجایە و ٩٤ گوند لە خۆی دەگرێت، بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٨ نفوسی ئەو شارۆچکەیە ١١٨٣٩ کەسە.
جەلا دوای بومەلەرزەکە بووەتە وێرانە و تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هەزران ماڵی ڕوخاو هەڵنەدراونەتەوە کە هەزاران کەس لەژێریدا زیندوو یان مردوون ماون.
لەهەمان کاتدا چەند گوند و شارۆچکە و شاری دیکەی مەڕەش وەک ئەلبستان، بازاڕجیک، تورکئۆغڵو و هەندێک جێگەی تر کە هەزاران کەس نفوسی هەیە تەواو یاخود نیمچە خاپوور بوون.
لە شارەکانی سەربەپارێزگانای عەنتاب، هاتای، دیلۆک (باتمان)، ئامەد، ئیسکەندەروون، عوسمانیە، ماڵاتیا، ئادیامان و ئورفە، چەندین گوند و شارۆچکە و شار زیانی مەزنیان بەکەوتووە، بەشێوەیەک کە هەندێکیان خاپوور بوون و چەندین گوند تەختی زەوی بوون. بۆنمونە شارۆچکەی ئیسلاحیەی سەربەشاری عەنتاب کە بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٨ نفوسی ٦٧ هەزار و ٨٦٢ کەسە دەکرێت بڵێین بەشێوەیەک خاپوور بووە کە چیدی تا چەند ساڵی دیکەش ئیمکانی ژیانی تێدا مەحاڵە، هێشتاش هەزاران ماڵی خاپوور بوو لەو شارۆچکەیە وەک خۆی ماوەتەوە و دەستی لێنەدراوە و ئەو مرۆڤانەشی لەژێربینا ڕووخاوەکاندان کەهەزران کەس دەبن هیوای گەڕانەوەیان بۆ ژیان زۆر کەمە.
دەوڵەت لەهەرێمەکانی زەمینلەرزەی باکوری کوردستان و تورکیا هەموو گرانی خۆی بەناوی (ڕزگارکردن) داوەتە ناوەندی شارە گەورەکان، هەربۆیە هەندێک شارۆچکە و گوند هەن کە ڕێگاکانی بەهۆی ڕووداوەکەوە خراپ بوون یاخود لەلایەن دەوڵەتەوە لە چوارچێوەی ڕاگەیاندی بارودۆخی نائاسایی و قەدەغەی هاتن و چوون داخراون تەنها یەک تیم و ستافی ڕزگارکردنیان پێنەگەیشتووە، خەڵکی ناوچەکە بەدەست و بەو ئیمکانە کەمەی خۆیان هەیانە خەریکی هەڵدانەوەی داروپەردوی خانووە ڕووخاوەکان و ڕزگاکردنی کەسەکانیانن کە ئەوەش بەختی گەڕانەوەیان بۆ ژیان زۆر کەمە.
بەپێی دواین زانیارییەکان و بەلەبەچاوگرتنی نفوسی ئەو خەڵکەی لە پارێزگاکان دەژین بۆنمونە
مەڕەش یەک ملیۆن و ١٥٤ هەزار و ١٠٢ .
عەنتاب دوو ملیۆن و ١٠١ هەزار و ١٥٧.
هاتای یەک ملیۆن و ٦٧٠ هەزار و ٧١٢ .
ئامەد یەک ملیۆن و ٧٩١ هەزار و ٣٧٣.
ئورفە دوو ملیۆن و ١١٥ هەزار و ٢٥٦.
ئەدەنە یەک ملیۆن و ٧٦٩.
مەڵاتیان ٨٠٨ هەزار و ٦٩٢.
ئادیەمان ٦٣٢ هەزار ١٤٨.
عوسمانیە ٥٥٣ هەزار و ١٢.
ئیسکەندەروون ٢٥٠ هەزار و ٩٦٤.
کیلیس ١١٦هەزار و ٣٤.
لەگەڵ چەندین شار و شارۆچکەی تردا، دەردەکەوێت کە زیاتر لە ١٠ ملیۆن و نیوو مرۆڤ کەم تا زۆر زیانیان بەرکەوتووە.
بەبەراورد بەڕێژەی دانیشتوانی هەرێمەکانی بومەلەرەزەکە و ئامارە نافەرمییەکان کە ئاماژە بە ڕووخان و خاپووربوونی تەواوەتی ٤٠ تا ٥٠ هەزار خانوو و باڵەخانە و شوقە دەکەن، پێدەچێت ژمارەی گیانلەدەستداوانی ئەو کارەساتە نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس بێت.
بۆ نمونە ئەگەر ٤٥ هەزار خانوو حساب بکەین و دابنێنین کە لە هەرخانویەکدا لانی کەم دوو کەس گیانیان لەدەستداوە ئەوا ڕێژەی گیانلەدەستداوان ٩٠ هەزار کەسە، لەکاتێکدا یەکەم بومەلەرزە کاژمێر یەک و ٢٤ خولەکی شەو بەهێزی ٧.٥ بۆ ٧.٦ ڕوویداوە و لەو کاتەدا زۆربەی خەڵک لە خەودا بوون.
حکومەتی تورک بەئامانجی سیاسی هەر دوای ڕووداوەکە باری نائاسایی بۆ ماوەی سێ مانگ ڕاگەیاندن و سانسۆری خستە سەر تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو ڕوماڵێکی میدیایی لە شوێنی ڕووداوەکان قەدەغە کرد (جگە لە هەندێک میدیای حکومی) تەنانەت سزای گرانی لەسەر میدیا سەرپێچیکارەکان دانا.
بەهۆی ئەوەی وڵات بەململانێیەکی سەختی هەڵبژاردندا تێدەپەڕێت کەلە ٢٤ی ئایاری ئەمساڵدا دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆک کۆماری بکرێت و لەدواین هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩ دا کاندیدانی پارتی دەسەڵاتداری ئاکەپە لە زۆربەی ناوچەکانی بومەلەزەکەی ئەمڕۆکەدا سەرکەوتنیان بەدەستهێنابوو، ئەمڕۆ دەیانهەوێت ڕاستی ئەنجامەکانی ڕووداوەکە داپۆشن.
لەلایەکی ترەوە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەگەر ژمارەی قوربانیانی ڕووداوە سروشتیەکان لەسەروو ٢٠ هەزار کەسەوە بێت ئەوا دەبێت دەوڵەت تەواوی قەرەبووی ئەو قوربانیانە بگرێتە ئەستۆ، هەربۆیە حکومەتەکەی ئاکەپە و مەهەپەی ئێستای تورکیا هەوڵ دەدەن سەری ڕووداوەکە دابپۆشن و وەک بومەلەرزەکەی سالێ ١٩٩٩ی هەرێمی مەڕمەڕە کە حکومەتی ئەوکاتی تورکیا بە گیان لەدەستدانی ١٧ هەزار و ٤٨٠ کەس دۆسیەکەی داخست، ئەمڕۆش هەمان سیناریۆ دووبارە بکاتەوە.
واتا ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا ڕوویدا جیاواز لەلایەنە سروشتیەکەی بەتێگەیشتنی قۆناغی پێش و پاش کارەساتەکە بومەلەرزەیەکی بەهێزی سیاسییە کە دەکرێت نەخشەی سیاسی و ئیداری و دەسەڵاتداری تورکیا سەرتاپا بگۆڕێت وەک ئەوەی ٢٤ ساڵ لەمەوپێش لەو وڵاتە ڕوویدا و گۆڕی.
لەگەڵ چەندین هۆکاری تر کە دەکرێت لە دۆسیەیەکی دیکەدا باسی بکەین.
لە دۆسیەی داهاتوودا ئەنجام و دەرئەنجامی بومەلەرزەکەی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا دەخەمەڕوو.