شەڕ لەسەر بۆرییەكی نەوت چۆن زیادبوونی هەژموونی ئەمریكا لە عێراق نیشان دەدات؟
2025-12-04 12:06:01
راپۆرتی: رۆیتەرز
ناوەڕاستی تەموز، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێران لە باكوری وڵاتەوە هاتە ئاسمانی هەرێمی كوردستانی عێراق، ئامانجەكەش دیاربوو: ئەو كێڵگانەی نەوت كە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە بەڕێوەدەبرێن.
یەكێك لەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە گروپێكی چەكدار هەڵیدا كە لەناو عێراقدا لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە كێڵگەی (سەرسەنگ)ی پێكا؛ كە كۆمپانیای (HKN Energy) ئینێرجی بەڕێوەی دەبات و بنكەكەی لە تێكسایەو كوڕی ملیاردێر (روس پیرۆ) خاوەندارێتیی دەكات.
پێدەچێت هێرشەكە تۆڵەسەندنەوەی گورزەكانی چەند هەفتەی پێشتری ئەمریكا بێت بۆسەر شوێنە ئەتۆمییەكانی ئێران.
فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی تر بەر كێڵگەیەكی دراوسێ كەوت، كە لەلایەن كۆمپانیای (هانت ئۆیل)ەوە بەڕێوەدەبڕێت و، ئەم كۆمپانیایەش بارەگاكەی لە داڵاسە. لە كۆتایی هێرشەكەدا كە چوار رۆژ بەردەوام بوو، كارەكانی كۆمپانیایەكی ناوخۆیی و كۆمپانیای (DNO)ی نەرویژی-ش پەكخرا، نزیكەی نیوەی بەرهەمی ناوچەی كوردستان راوەستا.
هێرشی راستەوخۆ بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا؛ واشنتۆنی توڕە كرد، كە خۆی لەمێژ بوو هەستی بەوە كردبوو عێراق هەوڵی پێویست نادات بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كاری میلیشیاكانی لایەنگری ئێران، ئەمەش بە قسەی (9) سەرچاوەی ئاگادار، وایكرد ئەمریكا هەڵمەتی فشاركردن لە بەغدداد چڕبكاتەوە.
هەڵمەتەكە لە كۆتایدا بووە هۆی كردنەوەی هێڵی بۆری سەرەكی هەناردەی نەوت لە كوردستانەوە، ئەمەش پێشهاتێكی گەورەیە كە رەنگدانەوەی شكانەوەی تەرازووی هەژموونە لەناو عێراق بەرەو لای واشنتۆن و دوركەوتنەوە لە تاران.
سەرچاوەیەك لەناو ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لەبارەی وەڵامی ئەمریكا بۆ هێرشە درۆنییەكان وتی:" ئەتوانین بە متمانەوە بڵێین ماركۆ رۆبیۆ-ی وەزیری دەرەوە چەند پەیامێكی توندی ئاڕاستەی بەغداد كردووە بۆ ئەوەی روونی بكاتەوە كە ساتەوەختی بڕیاردان نزیكبووەتەوە".
وێنەی هێڵی بۆری نەوتی عێراق- توركیا لە زاخۆی هەرێمی كوردستان
هەڕەشەی سزادان
واشنتۆن فشاری دەكرد بۆ ئەوەی هێڵی بۆری بۆ بەندەری جەیهان بكرێتەوە، كە لە ساڵی 2023وە داخرابوو، ئەمەش بەهۆی ناكۆكی بەغدادو حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی فرۆشتنی نەوت، بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی.
ئەمە بەشێكی بۆ یارمەتیداتی كۆمپانیا نەوتییەكانی ئەمریكا لە كوردستان كوردستان دەگەڕایەوە، لەلایەكەوە هەوڵێك بوو بۆ كەمكردنەوەی نرخی جیهانی نەوت و، لەلایەكی تریشەوە لەبەر ئەوەی داخستنی هێڵی بۆرییەكە نەوتی خاوی بەرەو باشور دەبرد، بۆ ناو تۆڕی قاچاخچێتیی كە داهاتێكی زۆری بۆ ئێران و بریكارەكانی دابین دەكرد.
بەڵام هێرشە درۆنییەكان وای لە ترەمپ كرد هەڵمەتەكەی واشنتۆن بباتە ئاستێكی نوێوە.
سەرچاوەیەكی بەشدار لە هەڵمەتی فشارەكە رایگەیاند، دوو مانگی دوای هێرشەكان، هەڕەشەی نوێنەرانی ئیدارەی ترەمپی بۆسەر گەورە بەرپرسانی كەرتی وزە لە عێراق بەخۆوە بینی، هەڕەشە سەبارەت بە سەپاندنی سزا ئەگەر بێتو هێڵی بۆرییەكان بەكارنەخرێتەوە.
بەرپرسێكی گەورەی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزای پشتڕاست یاخود رەتنەكردەوە، بەڵام وتی ئەمریكا فشاری دیپلۆماسی "زۆر چڕ"ی كردووە بۆ بەكارخستنەوەی هێڵی بۆرییەكە.
كۆشكی سپی رەتیكردەوە كۆمێنت بدات لەبارەی ئەوەی ئایا هەڕەشەی سەپاندنی سزای كردووە بەسەر عێراقدا. حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای (مانت ئۆیل)یش ئامادەنەبوون هیچ قسەیەك بكەن. كۆمپانیای (HKN Energy) وەڵامی داوای لێدوانی نەدایەوە.
رۆژی 17ی تەموز، كە كۆتا رۆژی هێرشی درۆنەكان بوو، رێككەوتنی بەرایی بۆ كارپێكردنەوەی هێڵی بۆرییەكان راگەیەندراو، دوای دوو مانگ لە فشارە چڕەكانی ئەمریكا، فە 27ی ئەیلولدا نەوت دەستی بە رۆیشتن كرد.
پێشتر هیچ رووماڵێك باسی لە وردەكاری فشارەكانی ئەمریكا نەكردووە.
هیچ لایەنێكیش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە درۆنییەكان رانەگەیاند. سەرچاوەیەكی حكومی عێراق پشتبەست بەو لێكۆڵینەوەی كە دەزگا ئەمنییەكان كردبوویان وتی: ئەو هێرشانە گروپێكی چەكداری بەهێزی لایەنگری ئێرانەوە ئەنجامدراون، كە رەتیكردەوە ناوەكەی ئاشكرا بكات.
سەرچاوەیەكی ئەمنی عێراق رایگەیاند، بەغداد هۆشداری بە گروپەكە داوە هەر هێرشێكی تر، وا دەكات راستەوخۆ بكەوێتە بەرامبەر حكومەتەوە.
ئەمریكا پێشبینی "داهاتی گەورەی" وەبەرهێنانەكانی دەكات
ئەم بەشە تیشك دەخاتەسەر خواستەكانی ئەمریكا لە بواری وزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. عێراقیش دووەم گەورە بەرهەمهێنی نەوتە لە ناو رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری پترۆڵ (ئۆپێك)؛ كە ترەمپ چەندینجار رەخنەی لێگرتووە بەهۆی هەوڵەكانی بۆ هێشتنەوەی نرخی نەوت بە بەرزی.
ئەمە هاوكات رەنگدانەوەی پەیوەندی پتەوی نێوان بەرژەوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییەكانی ئەمریكایە لەسەردەمی ترەمپدا.
سەرچاوەیەك لە ئیدارەی ئەمریكا وتی:" بەلەبەرچاوگرتنی ئەو وەبەرهێنانەی كە ئێمە لەو وڵاتە كردوومانە.. لەڕووی سامانی نیشتمانی و، گیانی ئەمریكییەكان لە جەنگی شكستپێهێنانی تیرۆر لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەكانمان.. پێشبینی داهاتێكی گەورەی ئەم وەبەرهێنانە دەكەین".
هەڵوێستی عێراق گۆڕانكاریی لە تەرازووی هێز لە وڵاتدا نیشان دەدات، ئەمەش دوای ئەوەی بەغداد بۆ ماوەیەكی دورودرێژ لەسەر پەتی راكێش راكێشی دوو هاوپەیمانە سەرەكییەكەی (واشنتۆن و تاران) رۆیشتووە، كە لە هەمان كاتدا دوو دوژمنی سەرسەختی یەكتریشن.
ئێران كە بەهۆی ئارەزووە ئەتۆمییەكانییەوە كەوتوەتەژێر سزای ئەمریكاو خۆرئاواوە، پاڵپشتی لە نزیكەی 10 گروپی شیعەی چەكدار دەكات، كە لە عێراقدا چالاكن و نزیكەی 50 هەزار چەكدارو جبەخانەو خاوەنی هەژموونی سیاسی بەرفراوانن.
بەڵام بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە دژی بریكارەكان لە ناوچەكەو دژی خۆشی، هێزو شكۆی ئێران زۆر لاواز بووە.
گرێوگۆڵەكان
بەڵام روون نییە ئایا ئەم گۆڕانكارییە لە تەرازووی هێزدا بەردەوام دەبێت، یاخود تا چ ئەندازەیەك رێكخستنەكانی تایبەت بە هێڵی بۆرییەكە خۆی رادەگرێت.
رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی ناردنی نەوتیش لەرێگەی بۆرییەكەوە كاتییەو، لەلایەن بەغدادو حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە كۆتایی كانونی یەكەمدا (ئەم مانگەیە) پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت.
ئایندەش لەوە ئاڵۆزترە، چونكە رێككەوتنی ساڵی 1973ی نێوان عێراق و توركیا، كە بنەمای یاسایی هەناردەی نەوتی داناوە، لە تەموزی ئایندەدا كۆتایی دێت.
بەغداد بەردەوامە لە دژایەتیكردنی ئەو دوو رێككەوتنە غازییەی ئایاری رابردوودا كۆمپانیاكانی (HKN Energy)و (ویسترن زاگرۆس) كە بارەگاكانیان لە ڤانكۆڤەرە، لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیمزایان كرد.
HKN بەشێكە لە گروپی (هیلوود) بۆ خانوبەرەو وزە كە بارەگاكەی لە داڵاسەو (روس پیرۆ)ی كوڕ خاوەندارێتیی دەكات، واتا كوڕەكەی ملیاردێری بێ پەروا (روس پیرۆ) لە تێكساس؛ كە دووجار خۆی بۆ سەرۆكایەتیی هەڵبژاردووە.
خێزانی پیرۆ لە گەورە پاڵپشتیكارانی پارتی كۆمارییەكانن، تۆمارە گشتییەكان دەریدەخەن لە ساڵانی 2024 بۆ 2025 زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلاری بەخشیوە.
بەغداد دەڵێ بە رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی نەبێت، رێككەوتنەكانی تایبەت بە سەرچاوە سروشتییەكان نابێت ئیمزا بكرێن. سكاڵای یاسایی دژ بە حكومەتی هەرێم تۆماركردووە سەبارەت بە دوو گرێبەست لە 26ی ئایاردا، لە هەمان هەفتەدا خۆی گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای (جیوجید پترۆلیۆم)ی چینی ئیمزاكردووە بۆ پەرەپێدانی كێڵگەیەكی نەوتیی لە باشوری عێراق.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە ئاماژەكان باشبوونی پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و عێراق دەردەخەن.
19ی ئۆكتۆبەر واشنتۆن نێردەیەكی تایبەتی نوێی لە عێراق دامەزراند، ئەمەش دوای چەند رۆژێك لەوەی كۆمپانیای زەبەلاحی وزەی ئەمریكا ئیكسۆن مۆبیل رەزامەندی نیشاندا لەسەر گەڕانەوەی بۆ وڵات، بەمەبەستی یارمەتیدان لە فراوانكردنی بەرهەمهێنان لە باشوری عێراق.
دارین وودز بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئیكسۆن مۆبیل لە كۆنگرەیەكدا لە لەندەن لە 13ی ئۆكتۆبەر وتی:" ئەمە هەنگاوێكی یەكەمینی زۆر گرنگە لەو كارەی كە دەمانەوێت بیكەین.. رێگایەكی دورودرێژمان لەبەردەمدایە بۆ بەدیهێنانی هەر دەستكەوتێك، بەڵام گەشبینین و چاوەڕێی هەڵسەنگاندنی ئەمە دەكەین".
