Draw Media

حكومەتی هەرێم تاوتوێی رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ دەكات

حكومەتی هەرێم تاوتوێی رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ دەكات

2023-02-08 12:58:06


راپۆرت: درەو
دوای 18 ساڵ ناكۆكی‌و پێشتگوێخستن، جارێكی تر حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی ناوەند دەچێتە ناو گفتوگۆوە لەبارەی دەركردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، یاسایەك كە لەم قۆناغەدا حكومەتی هەرێم پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی كەڤەری یاسایی پرۆسەی نەوتەكەی بكات‌و خۆی لە بڕیارەكانی شوباتی ساڵی رابردووی دادگای فیدراڵی دەرباز بكات، حكومەت سەرقاڵی گفتوگۆیە‌و پارتی‌و یەكێتی لەسەر رەشنوسەكە ناكۆكن. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

حكومەتی هەرێم تاوتوێی یاسای نەوت‌و غاز دەكات ؟
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوێنێ رایگەیاند" رەشنوسێكی یاسای نەوت‌و غاز هەیە كە لەئێستادا بەغدادو هەولێر پێداچونەوەی بۆ دەكەن بۆ ئامادەكردنی‌و دواتریش پەسەندكردنی".
دیار نییە ئایا ئەمە رەشنوسێكی نوێیە یاخود هەمان رەشنوسی ساڵی 2007‌و 2011ی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵە، دوو رەشنوس كە بەهۆی ناكۆكی هەرێم‌و بەغدادەوە لە پەرلەمانی عێراق پەسەند نەكران. 

بەڵێنەكەی سودانی بۆ كورد !
ئەمڕۆ حكومەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق (100) رۆژی یەكەمی تەمەنی خۆی تەواو كرد، ئەم حكومەتە یەكێك لە دیارترین بەڵێنەكانی بۆ كورد ئەوەیە، بەشێوەیەكی ریشەیی چارەسەری كێشەی نەوت‌و بودجە بكات لەنێوان هەولێرو بەغدادا. 
لە بەرنامەی كاری حكومەتەكەیدا، شیاع سودانی بەڵێنی ئەوەی داوە لەماوەی شەش مانگی یەكەمی تەمەنی خۆیدا یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ دەربكات، یاسایەك كە بە تاكە رێگای چارەسەری ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ دادەنرێت لەبارەی پرسی هەناردەو فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە. 
ناوەڕاستی شوباتی ساڵی رابردوو، دادگای فیدڕاڵی دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی، حوكمی خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوە، بەپێی ئەم حوكمە یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوە‌و كوردستانی پابەندكرد بەوەی نەوت‌و غازەكەی رادەستی بكات، حوكمێك كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە "سیاسی" ناوی دەبات‌و ئامادە نییە دانی پێدا بنێت. 
سودانی بەر لە دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران كوردی لەوە ئاگاداركردەوە ناتوانێت تاسەر جێبەجێكردنی حوكمی دادگای باڵای فیدراڵی دژی هەرێم رابگرێت، بۆیە تاكە چارەسەر ئەوەیە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ دەربچێت‌و لەو یاسایەدا دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند‌و حكومەتی هەرێم بەسەر سامانە سروشتییەكاندا یەكلابكرێتەوە. 

بۆچی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ دەرنەچوو؟
دوای دوو دەیە لە كەوتنی رژێمی سەددام حسێن‌و چەندینجار نێوەندنگیری ئەمریكییەكان‌و نەتەوە یەكگرتووەكان، حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی ناوەند لەسەر پرسی نەوت ناكۆكن. 
ساڵی 2005 دەستوری هەمیشەیی عێراق لە راپرسییەكی گشتیدا پەسەندكرا، ماددەی (112)ی ئەم دەستورە دەڵێ" حكومەتی فیدراڵی هەڵدەسێت بە ئیدارەدانی نەوت‌و غازی دەرهێنراو لە كێڵگەكانی ئێستا لەگەڵ حكومەتی هەرێم‌و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان... ئەمە بەیاسا رێكدەخرێت". 
لەدوای پەسەندكردنی ئەم دەستورە دەبوو لە پەرلەمانی عێراقەوە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ دەربچێت‌و لەوێدا بەوردی دەسەڵاتی هەرێم‌و ناوەند بەسەر سامانی نەوت‌و غازدا دیاری بكرێت، بەڵام لەوكاتەوە تائێستا بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكانەوە یاساكە دەرنەچووە. 
لەماوەی 18 ساڵی رابردوودا (دوو) رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی ئامادە كراوە بەبێ ئەوەی هیچ یەكێكیان لە پەرلەمان پەسەندبكرێت:
•    یەكەم رەشنوسی پرۆژە یاسای نەوت‌و غاز لە رۆژی 15/2/2007دا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشكەشی پەرلەمان كرا، بەهۆی نەبوونی كۆدەنگی لەسەر رەشنوسەكە، بە هەڵپەسێردراوی مایەوە، ئەم رەشنوسە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكانی وڵاتی داوەتە دەست كۆمپانیای نیشتمانی نەوت، بەجۆرێ ئەنجومەنێكی فیدراڵی تایبەت بەو بابەتە سەرپەرشتی بكات‌و نوێنەری هەرێمی كوردستانی تێدا بێت‌و بە هەماهەنگی‌و راوێژ بڕیارەكان دەربچن. 
•    دووەم رەسنوشی پێشنیاری یاسای نەوت‌و غاز لەرۆژی 17/8/2011دا لەلا یەن لیژنەی نەوت‌و وزەی پەرلەمانەوە خرایە بەردەم پەرلەمان، ئەم پرۆژەیەش پەسەند نەكرا. ئەم پرۆژەیەش هاوشێوەی پرۆژەی یەكەم داوای زامنكردنی هەماهەنگیی‌و هاوبەشی دەكات لەنێوان حكومەتی ناوەندو  حكومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردن‌و گەشەپێدانی سەرچاوەكانی نەوتدا، بە هەمان شێوە ئەم پرۆژەیەش داوای پێكهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی نەوت‌و غاز دەكات بەجۆرێك نوێنەری هەرێم تێیدا ئەندام بێت.  
بەرپرسانی عێراقی، هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكەن بەوەی رێگر بووە لە تێپەڕاندنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، چونكە بەوتەی ئەوان هەرێمی بە سودوەرگرتن لە ماددەیەكی دەستور هەوڵیداوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر نەوت‌و غازدا بەسەر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیدا سەربخات، لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەستیان لە ماددەی (115)ی دەستورە كە دەڵێ" هەر شتێك لە سنوری دەسەڵاتە (حەصری)یەكانی حكومەتی فیدراڵدا ئاماژەی بۆ نەكرابێت، ئەوە دەبێت بە دەسەڵاتی هەرێم‌و پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا، ئەگەر لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی‌و حكومەتی هەرێمیشدا ناكۆكی دروستبوو، ئەوا ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمە". 
لەبەرامبەردا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، هۆكاری دەرنەكردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی دەخەنە ئەستۆی حكومەتی ناوەندی‌و ئەمەش بەهۆكاری دەركردنی یاسای نەوت‌و غازی هەرێم لە ساڵی 2007 دەدانێن.  
لەوكاتەوە رەشنوسەكان لەناو رەفەكاندا ماوەتەوە‌و تۆزی لەسەر نیشتووە، بەغدادو هەولێر لەبری دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی، بەردەوام یەكتر تۆمەتبار دەكەن، بەغداد دەڵێ هەرێم بڕی راستەقینەی هەناردەی نەوت ئاشكراناكات‌و داهاتەكەی رادەست ناكات، حكومەتی هەرێمیش دەڵێ هەناردەی كێڵگە نەوتییەكانی دەبێت لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدا بێت، چ لەڕووی پێدانی مۆڵەتی كاركردنی كۆمپانیاكان‌و یاخود بەڕێوەبردنی كێڵگەكان‌و كۆنترۆڵی بەرهەمهێنان‌و هەناردەكردن‌و گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكانی كڕین‌و پەرەپێدان.  
یاسای ژمارەی (22)ی ساڵی 2007ی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان كە شوباتی ساڵی رابردوو دادگای باڵای فیدراڵی حوكمی هەڵوەشاندنەوەی بۆ دەركرد، دەڵێ" حكومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی رێكخستن‌و سەرپەرەشتی پرۆسە نەوتییەكان‌و چالاكییە پەیوەندیدارەكانی نەوت لەنێویاندا بەبازاڕكردنی نەوت‌و دانوستان‌و ئیمزاكردن‌و جێبەجێكردنی گرێبەستەكان دەگرێتە ئەستۆ". 
یاسای نەوت‌و غازی هەرێم مافی "بەشداریكردن لە بەڕێوەبردن"ی ئەو كێڵگە نەوتییانە داوە بە حكومەتی عێراق كە بەر لە رۆژی 15/8/2005 لە هەرێمدا دۆزراونەتەوەو بەرهەمهێنانیان تێدا كراوە".
بەهۆی ناكۆكی لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت، لە كۆتاییەكانی ساڵی 2014و لە كۆتایی دەسەڵاتی نوری مالیكیدا، ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی راگرت‌و ناردنی هەر بڕە پارەیەكی لە بەغدادەوە بەستەوە بە رادەستكردنی داهاتی نەوتی هەرێمەوە، ئیتر لەوكاتەوە ئەمە بوو بە تەوەری سەرەكی ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغداد‌و لە بایەخی كەیسی ناوچە جێناكۆكەكانی كەمكردەوە.

هەرێم پشتیوانی یاساكە دەكات ؟ 
ناوەڕاستی شوباتی ساڵی رابردوو كاتێك دادگای فیدراڵی عێراق یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوە، ئیتر حكومەتی هەرێم لەبەردەم كۆمپانیا بیانییەكاندا هیچ كەڤەرێكی یاسایی نەما، هەردوای بڕیارەكەی دادگاش، وەزارەتی نەوتی عێراق چەند هەنگاوێكی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە گرتەبەرو لە یەكەم هەنگاودا فشاری خستە سەر ئەو كۆمپانیا بیانیانەی لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، بۆ ئەوەی گرێبەستی كاركردنی خۆیان لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا نوێ بكەنەوە، فشارەكانی بەغداد كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێمی كوردستانی ترساند، ئەمە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی ناچاركرد لە تەموزی 2022دا نامەیەك بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بنوسێ (لەوكاتەدا بایدن بە گەشتێك هاتە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست). 
نامەكەی مەسرور بارزانی كاریگەریی بەجێهێشت، لەسەر داوای ئەمریكییەكان حكومەتی مستەفا كازمی رێوشوێنەكانی دژی كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان راگرت، تا ئەوكاتەی هەولێرو بەغداد لە پرۆژەیاسای بودجەی 2023دا چارەسەر بۆ بڕیارەكەی شوباتی دادگای فیدراڵی دەدۆزنەوە.
ئێستا ئیتر دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، رەنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە لایەنە عێراقییەكان پێویستی بە دەرچوونی یاسای نەوت‌و غاز هەبێت، چونكە بەبێ دەرچوونی ئەم یاسایە، بەردەوام حوكمەكەی شوباتی ساڵی رابردووی دادگای فیدراڵی عێراق وەكو چەقۆیەك لەسەر گەردنی هەرێمی كوردستان دەبێت‌و گرفت بۆ بەرهەمهێنان‌و هەناردەی نەوتی هەرێم دروست دەكات.
دەرچوونی یاسای نەوت‌و غاز، جارێكی تر كەڤەری یاسایی بە پرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەداتەوە، بەڵام رەنگە لەدوای پەسەندكردنی ئەم یاساوە، چیتر جڵەوی تەواوەتی نەوتی هەرێم لە دەستی حكومەتی هەرێمدا نەمێنێتەوە. 
گرفتی گەورەی ئێستای بەردەم حكومەتی هەرێم، ناكۆكی پارتی‌و یەكێتییە وەكو دوو هێزی سەرەكی لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، پارتی لەم یاسا نوێیەدا دەیەوێت پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بكات‌و لەبەرامبەردا یەكێتی دەیەوێت لە یاساكەدا پەرە بە بابەتی لامەركەزی بدات، بەجۆرێك جگە لە هەرێمی كوردستانیش، پارێزگاكان بتوانن مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا بكەن لە بابەتەكانی نەوت‌و غازدا، ئێستا پارتی‌و یەكێتی ناكۆكن، تیمی یەكێتی لە حكومەت كشاوەتەوە‌و یەكێتی لە بەغدادەوە فشارەكانی خۆی لەسەر حكومەت‌و پارتی توندكردوەتەوە، بەبێ رێككەوتنی ئەم دوو لایەنە، رەنگە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ ئەنجامەكەی بەدڵی پارتی نەبێت. 
كەیسی نەوت لەنێوان حكومەت‌و هەرێم‌و حكومەتی ناوەندی عێراقدا وەكو بابەتێكی ناوخۆیی نەماوەتەوە‌و ئێستا رەهەندی دەرەكیشی وەرگرتووە، چونكە حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو لە توركیا دەكات، عادل عەبدولمەهدی كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرت‌و دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیا‌و هەرێمی كوردستان، بەڵام كەیسەكە دانەخراو بەپێی زانیارییەكان بەمدواییە دادگاكە بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵاكەی عێراق دەركردووە، هێشتا وردەكاری بڕیاری دادگای پاریس دژی توركیا ئاشكرا نەبووە، بەڵام بەمدواییە جارێكی تر نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بە شێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرەو رەجەب تەیب ئەردۆغانی بینی. 
بەرپرسانی توركیا دەیانەوێت هەر بڕیارێك لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان ببەستنەوە بە چارەسەری ئەو كەیسەوە لەگەڵ عێراق، توركیا دەیەوێت لەبەرامبەر رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغداد، حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا سكاڵاكەی لە دادگای نێودەوڵەتی پاریس لەسەر توركیا بكێشێتەوە‌و رێككەوتنێكی فراوانتر لەنێوان هەردوولا بكرێت كە جگە لە پەیوەندی ئابوری، كەیسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)‌و چەندین دۆسیەی تر نێوان هەردوو وڵات لەخۆی بگرێت، لە نمونەی كەیسی بەردانەوەی ئاو لە توركیاوە بۆ عێراق، واتا توركەكان دەیانەوێت رێككەوتنی نەوت بەرامبەر بە ئاو لەگەڵ عێراقدا بكەن‌و بەمە كۆتایی بە مامەڵەی خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بهێنن. 

یاسای نەوت و غازی هەرێم 

 

 

 

رەشنوسی یاسای نەوت و غازی عێراق 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand