Draw Media

مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) یەکێک لە پرۆسە ھەرە ناشیرینەکانی دونیای دوای ڕاپەڕین  پرۆسەی بەدیکۆر و بەبێنرخ و بێبەھاکردنی پەرلەمانە، گۆڕینیەتی بۆ دەزگایەکی پەراوێزیی ئیفلیج و بێقورسایی. نیشاندانیەتی وەک تیپی چوارھەم و پێنجەمی سیاسەتکردن لە ھەرێمدا. لە ڕاستیدا پەرلەمان لە ھەرێمدا، ھەر لە سەرەتاوە وەک دەزگایەکی پلە دوو یان پلە سێ لەدایکبوو. پیاوە بەھێزەکانی حیزب، کەسانی دەسەڵاتداری ڕیزی پیشەوە، تیپی یەکەمی سیاسەتکردن، سیاسیە فیوداڵە نارسیستەکان، نەچوونە ناو ئەم دەزگایەوە. بەڵکو بە سەرجەمی دەسەڵاتە زۆرەکانیانەوە لە دەرەوەی پەرلەماندا مانەوە. ئەمانە نەک پێیان شەرمبوو لەناو پەرلەماندا ئامادەبن و بەشداربن لە گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێ و کێبەرکێ سیاسییەکانی ناویدا، بەڵکو پێیان شەرم بوو لەگەڵ ئەندامانی تری پەرلەماندا دەربکەون و ببینرێن، چونکە ئەوان خۆیان بە جنسێکی گەورەتر و بەرزتر لە ھەموو ھاوڕەگەزەکانی خۆیان، دەزانیی. لەمەشدا درێژەیان بەو لۆژیکە سیاسییە سونەتییە دەدا کە کەسەکانی بۆ ئاغا و ڕەعیەت دابەشدەکرد، خۆین ئاغا و دەوروبەرکەیان ڕەعیەت. یاخود درێژەیان بەو کەلەپورە ئەدا. کە لە باشترین حاڵەتدا کۆمەڵێک کەسانی گوێڕایەڵی ناو دەرباری دەوێت وەک نەسیحەتکەر و ڕاوێژکار، نەک بوونی دەزگایەکی سەربەخۆ کە تیایدا ھەمووان ھەمان مافی بەکارھێنانی زمان و ھەمان مافی قسەکردن و ھەمان مافی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردنیان ھەبێت.   ئەم دۆخی ئاغا و ڕەعیەتە وایکردن چەندان بازنەی دەسەڵاتی گەورە و زەبەلاح لە دەرەوەی پەرلەماندا دروستببێت، لەوانەش بازنەی خێزانی،بازنەی حیزبی، بازنەی ئابوریی، بازنەی سەربازیی، بارەگای تایبەت، ھتد... کە پەرلەمان نەک توانای لێپرسینەوە و چاودێریکردنیانی نەبێت، بەڵکو دەزگایەکی بچووک و گرگنیش بێت لە بەرامبەر  و لە بەردەمیاندا. ئەم دۆخە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پەرلەمانی ھەرێمی گۆڕی بۆ دەزگایەکی پەراوێزیی بێڕۆح و پەرلەمانتاریش بۆ داشێکی کۆنترۆڵکراوی دامە، کە دەستە دەرەکییە بەھێزەکان دەیانجوڵاند.  لە ئێستادا دۆخێک دروستبووە پەرلەمانی کوردستان بووە بە شوێنی گاڵتەپێکردنی زۆرینەی دانیشتوانی ھەرێمەکە. بێنرخکردنی ئەم دەزگایە لە ئاستی سیاسییە دەسەڵاتدارەکانەوە دابەزیوە بۆ ئاستی شەقام. ئەم بەھیچ نەزانین و گاڵتەکردنە بە پەرلەمان، لە دواھەمین ھەڵبژاردندا، لەو ڕێژە زۆرەی بایکۆت و بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردندا بەرجەستەبوو، کە نزیکەی ٧٠ لە سەدی خەڵکی ھەرێمەکەی گرتەوە. لەوکاتەشەوە تا ئێستا تادێت ڕوانینی خەڵک بەرامبەر بەم دەزگایە خراپتر و نێگەتیڤتر بووە و دەبێت. با بۆ نموونە سەرنج لە ھەندێک لەو قسانەبدەین کە لە یەک دوو ڕۆژی ڕابردودا و لە پەیوەندیدا بە پشوی ھاوینەی پەرلەمانەوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کران. یەکێک دەنووسێت: ”واژۆ کۆدەکەمەوە بۆئەوەی پەرلەمان بکرێت بە شوێنی بەخێوکردنی مانگای ئەلبان“. یەکێکی تر دەڵێت: ”ئەو پارەیەی دراوە بە پەرلەمانتاران و وەزیرەکان چەندین ساڵە بدرایە بە مانگای هۆڵەندی ئێستا هەمو ماڵێک پێنج تا دە مانگای دەبو پێویستمان بە فرۆشتنی نەوت نەدەبو.“ سێھەم دەنووسێت: ”خۆزگە پەرلەمان ھی من با، دەمانکرد بە مۆڵێک و ٣٠ گەنجێکمان تیایدا ئەخستە سەر کاری خۆیان.“ چوارھەمیپ دەنووسێت بمتوانیانە ”ئەمن ئەمکردە جێگای عەلەشیش بەخێوکردنێ“.  ئەمانە تەنھا کۆمەڵێک نموونەی ڕۆژانەی ئەو زمان و ھەست و وێناکردنانەیە کە بۆ باسکردنی پەرلەمان لە ھەرێمدا بەکاردێت. دەشێت ئەم بە قەشمەرکردنەی پەرلەمان لەلایەن کۆمەڵگاوە، وەک میکانیزمێک بۆ تۆڵەکردنەوە وێنابکەین، تۆڵەی کۆمەڵگا لە پەرلەمان وەک دەزگایەک کە لەوەکەوتوە نوێنەری کۆمەڵگابێت و بووە بە شوێنی ئیملای سیاسیی، کۆمەڵێک دەسەڵاتدار.  بێگومان بێنرخکردنی پەرلەمان لەم ئاستە ڕۆژانەییەدا لەسەر بونیادێکی قوڵتری بێنرخکردن و گاڵتەجاڕیکردن ڕاوەستاوە، کە بریتییە لە بێنرخکردنی خودی کۆمەڵگا خۆی و مامەڵەکردنی ئەویش وەک ڕەعیەتێکی بێماف. پەرلەمان لە بنەڕەتدا دەزگای ژمارە یەکی کۆمەڵگایە بۆ ڕێکخستنی ژیانی پێکەوەیی بەشە جیاوازەکانی، دەزگای ئەو کەسە ھەڵبژاردراوەنەیە کە نوێنەرایەتی کۆمەڵگا دەکەن و بەناوی کۆمەڵگاوە کۆمەڵێک دەسەڵاتی گرنگ و گەورەیان پێبەخشراوە: لەوانەش دەسەڵاتی یاسا دەرکردن،  دەسەڵاتی چاودێری کارەکانی حوکمڕانان، دەسەڵاتی تەحەداکردنی بڕیارەکانیان، دەسەڵاتی ڕەخنەکردنی سیاسەتەکانی حوکمڕانان و پلان و بەرنامەکانیان، دەسەڵاتی ھێنانەپێشەوەی بابەتە سەرەکیی و بنەڕەتەییەکانی ناو کۆمەڵگا بۆ گفتوگۆکردن لەسەریان و دۆزینەوەی ڕێگاچارە بۆ وەڵامدانەوەی تەحەداکانیان. بەڵام وەک وتم پەرلەمان لە دونیای ئێمەدا نەک ئەم کارانەی بۆناکرێت و ئەندامەکانی وەک موچەرخۆری دەسەڵاتداران کاردەکەن، بەڵکو سێنتەر و بازنە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە ھەرێم خۆیشیدا، لە دەرەوەی دەزگا رەسمیەکانی حوکمڕانیی و لەدەرەوەی ھەر چاودێریی و لێپرسینەوەیەکی پەرلەمانیدان. لە ھەرێمدا دەسەڵاتێکی تەریب بە دەسەڵاتی دەزگا ڕەسمییەکان ھەیە و لەئارادایە، کە بەھێزتر و بڕیاردەرترە. ئەم دەسەڵاتە دەشێت ناوی ”دەوڵەتی تەریب“ یان ”دەوڵەتی قووڵ“ی لێبنێن. بۆیە ھەمان ئەو میکانیزمەی وایکردوە کەسانێک بەھۆی دەسەڵات و نفوزی خۆیانەوە بچنە دەرەوەی ھەر لێپرسینەوەیەکی فەرمی یاسایی و پەرلەمانییەوە، بەھەمان شێوە کۆمەڵگا خۆیشی، بەھۆی بێدەسەڵاتییەوە،، کراوەتە دەرەوەی بەشداریکردن لە ھەر بڕیاردانێکی سیاسییدا. بێنرخکردنی پەرلەمان مانای بێنرخکردنی خودی کۆمەڵگا و ئیفلیجکردنی پەرلەمانیش بەشێکە لە ستراتیژیەتی ئیفلیجکردنی خودی کۆمەڵگا خۆی. لە سی ساڵی ڕابردوودا ئەوەی غائیبی ژمارە یەکی ناو بڕیارە سیاسییە چارەنووسسازەکانە خودی کۆمەڵگا خۆیەتی، لە ڕێگای غائیبکردن و بە دیکۆرکردنی پەرلەمانەوە.    لاوازبوون و پەراوێزخستنی پەرلەمان بەشێکە لە میکانیزمێکی تری ترسناک، کە میکانیزمی چۆنیەتی کەڵەکەکردنی دەسەڵاتە لە ھەرێمدا. گەشەی دەسەڵات لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا گەشەیەکی پێچەوانەییە و ڕووی لە بچوککردنەوەی بازنە سەرەکییەکانی دەسەڵاتە. کەڵەکەکردنی دەسەڵات بەپێچەوانەی دابەشبوون و بڵاوبوونەوەی زیاتر و زیارتری دەسەڵات بەناو جەستەی کۆمەڵگادا کاریکردوە، پێچەوانەی ئەوەبووە چەندان ھێز و گروپ و توێژی کۆمەڵایەتیی تازە بازنەی نوێی دەسەڵات دروستبکەن و ڕێ لەوەبگرن ھەمووی لە دەستی چەند خێزان و بنەماڵەیەکدا کۆببێتەوە. ئەمەش لە ئاستە دەزگاییەکەیدا مانای ئەوەیە لەباتی بە دەزگایکردن و بەیاساییکردنی دەسەڵات، پێچەوانەکەی ڕووبدات. دەسەڵات ببێت بە دەسەڵاتێکی خێزانیی و بە لۆژیکێکی سوڵتانیانەش بخرێتەگەڕ. لەباتی بڵاوبوونەوە و دابەشکردن و چاودێریکردنی، کۆبکرێتەوە و بە پێگەی کۆمەڵێک کەس و خێزانی دیاریکراوەوە ببەسترێتەوە. ئەم بەشەخسیی و بەخێزانیکردنەی دەسەڵات وایکردوە ئیشکردنی دەسەڵات ھەم بکەوێتە دەرەوەی یاساکان و ھەم دەرەوەی دەزگاکان، بە دەزگای پەرلەمان خۆیشیەوە.  پەرلەمان دەزگای سەرەکیی ناو سیستمێکی سیاسییە تیایدا دەوڵەت ”دەوڵەتی یاسا“ بێت، ”ھاوڵاتیی“ یەکەی ژمارە یەک و سەرەکیی ناو کۆمەڵگابێت، ”کۆمەڵگا“ بە مانای ”گرێبەستی کۆمەڵایەتیی“ خاوەنی سەروەریی بێت، ”یاسا“ ھێزێکبێت لە سەروی ھەمووانەوە و کەس نەتوناێت لە دەرەوەیدا دەستبەکاربێت. بێرخ و بێبایەخکردنی پەرلەمان مانای بێنرخ و بێبایەخکردنی ئەم گشتە گەورەیە. پەڕینەوەی ئەم بێنرخکردنە لە دەسەڵاتدارانەوە بۆ ھاوڵاتیان ئەو ستراتیژیە ترسناکەیە کە دەسەڵات لە ڕۆژی یەکەمەوە کاری لەسەرکردوە. گاڵتەکردنی ھاوڵاتیان بە پەرلەمان، لە قووڵاییدا، گاڵتەکردنیانە بە پێگە و دەسەڵاتی خۆیان. ئەمەش گەشەدانە بەو ستراتیژییەی لە ئەدەبیاتی ساڵانی شەس و ھەفتاکاندا ناوی ”گەشەدان و بەردەوامیدان بە دواکەوتن“ی لێدەنرا، ئەوەی بە عەربی پێیدەگوترا:”تنمیة التخلف“.


نەوشیروان مستەفا: بەرپرسی وا هەیە پێشتر وڵاخێكی نەبووە ئێستا 20 ئۆتۆمبێل بەدواوەیەتی درەو: شۆڕشنامە نەوشیروان مستەفا ئەمین لە دیداری لەگەڵ مەلا عوسمان عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی لە  ساڵی 1992: ئێستا خواكردوویەتی لە ئەنجامی خەباتی میللەتی خۆمان و ئەو زروفە دەولیەی هاتە پێشەوە، سێ پارێزگای گەورە لەژێر دەستی خۆماندایە، ئێمە نەمانتوانیوە خۆمان رێكبخەین، خەڵكیش ئێمەی خستووەتە ژێر زەڕەبینەوە، ئێستا لە هەرێم نەتەوە یەكگرتووەكانی لێیە رێكخراوی نێودەوڵەتی لێیە ئەمریكا و ئینگلیز و ئەڵمانی  وفەرەنسی لێیە، رۆژانە ئەیبینن بەچاوی خۆیان، ئێمە ناتوانین ئیدارەی وەزعی خۆمان بكەین، ئەمانە بۆ وڵاتەكانی خۆیانی ئەگێڕنەوە ، دائیرەیەك تاڵان دەكرێت كەسێك دەكوژرێت لەكەس ناپرسرێتەوە، سەرانە لە خەڵك دەستێنرێت، ئەم كەموكوڕی و نوقسانیانەمان هەیە، لەبەرەی كوردستانیدا حزبی وای تیایە تەسلیمی ئێوەی بكەین مەحكەمەیان دەكەن و و حوكمی ئیعدام بۆ هەموویان دەردەكەیت، ئەو بەرەیەی (بەرەی كوردستانی) كە درووستمان كردووە هی زەمانی شاخ بووە بۆ ئەوە بووە كۆتایی بە شەڕی براكوژی بهێنین كەموكوڕی زۆری هەبوو ئەو زەمانە پێوەی دیار نەبوو ئێستا پێوەی دیارە،لەبەر ئەوە ئێستا بووە بە پاشاگەردانیەك و ئیدارەكردنی ئەو وەزعە ئاوا ناكرێت، بۆیە بڕیارمانداوە هەڵبژاردنی گشتی بكرێت بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان، ئیشی ئەم ئەنجومەنە چوار شتە: •    ئەنجومەنی تەنفیزی واتا حكومەت درووست بكات. •    لابردنی یاساكانی بەعس كە بۆكوردستان ناگونجێت و یاسای باش بۆ كوردستان دابنێت. •    چاودێری حكومەت بكات ئەگەر خراپ بوو بڕیاری لێبسەنێتەوە. •    هەرچی رێككەوتن و گفتوگۆیەك لەگەڵ بەغداد كە پەیوەندی بە چارەنوسی كوردەوە هەبێت ئەم پەرلەمانە بڕیاری لێبدات یان هەڵی بوەشێنێـەوە. ئێمەو پارتی بڕیارمانداوە كە ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچیەك بێت رێزی لێبگرێن، ئەمانەوێت ئەمە بكەینە بنچینەی ئیستقرارێكی سیاسی، بەرنامەیەكی وا دابنێین لەفەترەیەكی كەمدا مەسەلەی بێكاری ، مەعاشی خەڵكی دابین بكات، حكومەتێكی وا دابنێین كە جێگای رێزو ئیحترامی هەموو خەڵك بێت. ئێمە بۆیە دەمانەوێت هەڵبژاردن بكرێت بۆ ئەوەی موقەدەراتی گەلەكەمان لەدەستی ئەم سەركردایەتیە دەربهێنین، بیخەینە دەستی سەركردایەتیەكی هەڵبژێردراو، كە شعور بە مەسئولیەت بكات بەرامبەر بە میللەتەكەی، ئەگەر خواكردی و ئەوەمان بۆ كرا ئەوكاتە ئەتوانین پێشمەرگە یەكبخەین، لەرێگەی پێشمەرگەوە ئەتوانین سوپایەك درووست بكەین، دەمانەوێت پۆلیس بەهێزبكەین، دەزگایەكی ئەمنی درووست بكەین بۆ چاودێری جاسوس و بۆ تابوری پێنجەم ئەوانەی دەیانەوێت وڵاتەكەمان تێكبدەن نەك بۆ چاودێری حزب و هاوڵاتیان.  بەرەی كوردستانی ئێستا پێی ناكرێت و ناتوانێت ئیدارەی كوردستان بدات، خەڵكی وای تێدایە ئێستا بەكەڵكی ئەو كارە نایەت رەنگە بۆ زەمانەی شەڕ پیاوێكی ئازاو قارەمان بوبێت بەڵام هی ئیدارەكردنی دەوڵەت نیە، من بۆخۆم رەنگە لە زۆرێك لەوانە خوێندەوارتربم، چونكە بێجگە لەوەی زانكۆی بەغدادم تەواو كردووە چوار ساڵیش لە ڤیەننا خوێندووم.. بێجگە لە كوردی عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، ئەڵمانیش دەزانم هێشتا خۆم بە شاییستەی ئەوە نازانم ببمە پارێزگاری سلێمانی. بەعزە جارێك خەریكە مەعنەویاتم ئەڕوخێ   لەسەركردایەتی ئەو حزبانە خەڵكی وای تیایە پێی خۆشە ئیدارەی وڵاتەكە ئاوا فەوزا بێت، هیوایان هەیە لەپاشا باشتر دەژی، بەخەویش شتی وای نەبینیوە، هیوای تیایە پێشتر وڵاخێكی نەبووە سواری بێت، ئێستا بیست ئۆتۆمبێل بەدوایەوە فرت و وڕێتی، شەش حەوت خانوی داگیركردووە، دووسەد سێسەد كەسی كۆكردووەتەوە، خەڵك دەگرێت خەڵك بەرەڵا دەكات، ئەمە لە قانوندا نابێت، ئەگەر تۆ دەوڵەتی قانون دروست بكەیت شتی وا نابێت..    


(درەو): بە فەرمانێكی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، (37) كەس بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەی هەمیشەیی وه‌كو پاسەوان بۆ بارەگای سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی دامەزرێندران، تەواوی ئەندامانی ژوورەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش دادەمەزرێندرێن، مانگی رابردووش چەندین ئەندامی بزوتنەوەی گۆڕان بە راوێژكارو بەرێوەبەری گشتی فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرچوو. بەپێی فەرمانێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر داوای بزوتنەوەی گۆڕان، (37) كەس وەك پۆلیس لە وەزارەتی ناوخۆ بە هەمیشەیی دامەزرێندران، دامەزراندنی ئەو ئەندامانەی بزوتنەوەی گۆڕان بەمەبەستی پاسەوانیكردنە لە بارەگای سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، ئەمە لە كاتێكدایە لە ساڵی 2014 ەوە فەرمانی دامەزراندن بۆ فەرمانبەران راگیراوە، لە فەرمانەكەدا ناوی سەرجەم ئەو (37) كەسە بڵاوكراوەتەوە كە بە (كاروان عەزیز كەریم) دەستپێدەكات و بە ( كاوە تەها رەحیم) كۆتایی دێت.  لەلایەكی ترەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، سەرجەم ئەو ئەندام ژوورانەی بزوتنەوەی گۆڕان كە ژمارەیان نزیكەی (50) كەسە، ناوەكانیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بەمەبەستی دامەزراندنیان و رەزامەندی لەسەردراوە.    ئەمە لەكاتێكدایە  مانگی رابردوو (7) ئەندامی بزوتنەوەی گۆڕان وەك راوێژكار و بەرێوەبەری گشتی دامەزرێندران. رۆژنامەی هاوڵاتی بڵاویكردەوە، بزوتنەوەی گۆڕان تا هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان لە حكومەت ناكشێتەوەو چەند پۆستێكی نوێ وەردەگرێت: • دكتۆر هەڵەت سەرۆكی زانكۆی چەرموو، پشكی گۆران لە حكومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی. • هەڵۆ سەلاح چاوشین، بەرێوەبەری گشتی لە دەستەی وەبەرهێنان لە هەولێر. • هادی ئەكرەم، راوێژكار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری. • بەهرۆز عەلی، راوێژكار لە ئەنجومەنی وەزیران. • پێشرەو بابە شێخ، راوێژكار لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان. • ئەركان رەئوف، راوێژكار لە پەرلەمانی كوردستان • رەزا جەبار، بەرێوەبەری گشتی بۆ بەدواداچون وتەفتیش لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی.  


درەو: لەماوەی سێ رۆژدا سێجار بە موشەكی كاتیۆشا هێرشكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سنوری ناحیەی (قادر كەرەم)ی سەربە قەزای دوزخورماتوو، ئەمڕۆش پێشمەرگە رێگری كردووە لە دوو جوڵەی سوپای عێراق بەئاراستەی كۆرمۆر. ئەمڕۆ جارێكی تر بە كاتیۆشا هێرشكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سنوری ناحیەی قادر كەرەم، هەر ئەمڕۆ سوپای عێراق دوو جار جوڵەی پێكراوە بە ئاراستەی كۆرمۆر. جاری یەكەم هێزێكی سوپای عێراق بەرەو كۆرمۆر جوڵەی پێكراوە بە مەبەستی  ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لەو ناوچەیەدا گوایە بۆ روبەرووبونەوەی تیرۆرستان، بەڵام لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە رێگریان لێكراوە. جاری دووەم هێزێكی چوار ئۆتۆمبێلی سوپای عێراق بەرەو كۆرمۆر جوڵەیان پێكراوەو رایانگەیاندووە كە مەبەستیان لێكۆڵینەوە بووە لەو موشەكانەی ئاراستەی كێڵگەی كۆرمۆر كراوە، بەڵام ئەویش لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە لەناوچەكە رێگریان لێكراوە.   هێشتا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی هێرشەكانی نەگرتوەتە ئەستۆ، هێزە ئەمنییەكانی یەكێتیش كە كۆنترۆڵی ناوچەكەیان بەدەستەوەیە پەنجەی تۆمەتیان بۆ هیچ لایەك رانەكێشاوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەرپرسانی یەكێتی گومانیان هەیە میلیشیا چەكدارەكانی شیعە لە سنوری دوزخورماتوو لە پشتی هێرشەكەوە بن. بەرپرسانی سەربازیی سنورەكە ئاڕاستەی هاویشتنی (كاتیوشا)كانیان دیاریكردووە‌و دەڵێن:  * كاتیوشاكان لە  دەوروبەری هەردوو گوندی (قەڵغانلو)ی سەربە ناحیەی (نەوجول)ی قەزای (دوزخورماتوو) ئاڕاستەكراون، ئەم  دوو گوندەی (قەڵغان لوو) تەنیا ( 5 -7 ) كیلۆمەتر لە كێڵگەی غازی كۆرمۆرەوە دوورە، ناوچەكە بۆشایی ئەمنییە لەنێوان سنوری پێشمەرگەو حەشدی شەعبیدا. * لەم ناوچەیەدا هێزەكانی (كەتایبی حزیبوڵڵا)ی سەربە حەشدی شەعبی هەیەو فەرماندەكەیان كەسێكە بەناوی (ئەبو عەباس)، لە سنوری هەرێمی كوردستانیشەوە هێزەكانی بەرگری فریاكەوتن‌و لیواكانی هێزی (70)ی یەكێتی ئامادەیە.  * كۆرمۆر (15) كیلۆمەتر لەناو سەنتەری قەزای دوزخورماتووەوە دوورەو لەرووی ئیدارییەوە سەربە قەزای دوزخورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینە.  * ئەو كاتیوشیانەی لە هێرشەكاندا بۆسەر كێڵگەی كۆرمۆر بەكارهێنراون تەنیا بڕینی (5) كیلۆمەتریان هەیە، بەڵام (حەشوەی سائیل)یان لێدەبەسترێت‌و بەمە دوورییەكەی بۆ (10 – 13) كیلۆمەتر زیاد دەكرێت، ئەم جورە حەشوە تەنیا لای هێزەكانی حەشدی شەعبی سەربە ئێران بەردەستە.  (درەو) زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بەنیازە رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغداد بكات، بۆ قسەكردن لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق سەبارەت بە هێرشەكانی سەر كێڵگەی (كۆرمۆر).     راپۆرتی پەیوەندیدار كۆرمۆر لەنێوان پرۆژەی پارتی‌و یەكێتیدا گیری خواردووە


(درەو): دوای زیاتر لە سێ ساڵ پشتگوێخستنی، پارتی نیسابی ئەنجومەنی ھەرێمیی بۆ کاروباری نەوت و غاز لە بەرژەوەندی خۆی تەواو دەکات و دەیەوێت لەم ئەنجومەنەوە ھاوکات لەگەڵ ئەو فشارانەی لە بەغدادەوە لەسەر نەوتی ھەرێم دروستبوون، بڕیارەکان دەربکات و بەرگی کۆدەنگییان بکات بەبەردا، لە دوو بەسێوە كردنی بە سێ بەسێ، ئێستا قسەی مەسرور بارزانی یەكلاكەرەوەیە. زیندوکردنەوەی ئەمجومەنەکە ! ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی بۆ كاروباری نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمی كوردستان دوای سێ ساڵ پەکخستن، پارتی لەڕێگەی پرۆژە یاسایەکەوە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردن و کاراکردنەوەیدایە. زیاتر لە سێ ساڵە هیچ کۆبوونەوەیەکی "ئەندامانی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گازی هەرێم" بەڕێوەنەچووە، لەئێستادا دەیانەوێت ئەندامێكی تری بۆ زیاد بكەن، كە ئەمە كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی ئەنجومەنەکە دەبێت، چونکە لەرێگەی سەرۆکێک و دوو ئەندامەوە، پارتی هەر بڕیارێکی بوێت تێدەپەڕێت، هەروەک چۆن هەرچییەکی بوێت پەکیدەخات. بەتایبەتی کە ئێستا چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری حکومەت بۆ پێکهێنانی كۆمپانیای كوردستان بۆ نه‌وت و غاز (KROC) تایبه‌ت به‌ بواری دۆزینه‌وه‌، ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و غاز و كۆمپانیای كوردستان بۆ به‌بازاڕكردنی نه‌وت (KOMO) بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. یەکەم: پێکهاتەو دەسەڵاتەکانی ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی لە چوارچێوەی یاسای نەوت غازدا پەرلەمانی كوردستان (15) ساڵ پێش ئێستا، یاسای ژماره‌ ( 22 )ی ساڵی 2007ی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان-عێراقی پەسەندی كرد، لە یاساکەدا زۆرترین دەسەڵاتی بە ئەنجومەنی هەرێمی نەوت‌و گاز بەخشیوە، بەڵام ئەم ئەنجومەنە تەنها ناوێكی گەورەبووەو ڕۆلێكی ئەوتۆی نەبوو لە داڕشتنی سیاسەتی نەوتی هەرێمدا. یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان، لەچەند ماددەیەکدا ئاماژەی بە پێکهاتەو دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی هەرێمی داوە کە بریتین لە؛ لە (مادده‌ی سێیه‌م: بڕگەی چواره‌م)دا هاتووە: حكومه‌تی هه‌رێم سه‌رپه‌رشتیكردن و ڕێكخستنی هه‌موو پڕۆسه‌كانی نه‌وت ده‌گرێته‌ئه‌ستۆ، به‌پێی مادده‌ی (115)، به‌ خوگونجاندن له‌گه‌ڵ مادده‌ی (112) له‌ ده‌ستووری فیدراڵدا، وه‌زیریش بۆی هه‌یه‌ له‌دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی، ڕێگا به‌لایه‌نی سێیه‌م بدات پڕۆسه‌كانی نه‌وت جێبه‌جێ بكات له‌پێناو زیادكردنی داهاته‌كان له‌ سامانی نه‌وتی هه‌رێمدا. بەپێی (مادده‌ی چواره‌م) ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ پێكده‌هێنرێت:- 1.    سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران - سه‌رۆك. 2.    جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران – جێگر. 3.    وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان - ئه‌ندام. 4.    وه‌زیری دارایی وئابووری- ئـه‌ندام.  5.    وه‌زیری پلان دانان- ئه‌ندام.             هاوکات لە (مادده‌ی پێنجه‌م) دا هاتووە؛ ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ: 1.    دانانی پرینسیپه‌كانی گشتی بۆ سیاسه‌ته‌كانی نه‌وت و پلانی به‌دواگه‌ران و پەره‌پێدانی گێلگه‌كان له‌ هه‌رێم دا له‌گه‌ڵ هه‌مواركردنیان. 2.    پێدانی ره‌زامه‌ندی بۆ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی تایبه‌ت به‌ پڕۆسه‌كانی نه‌وتی. 3.    دیاركردنی ئاستی به‌رهه‌مهێنان لە هه‌رێمدا به‌شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بڕگه‌ی دووه‌می مادده‌ی (112)ی ده‌ستووری فیدرالی بگونجێت.  وەک لەیاساکەدا هاتووە "كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنانی نه‌وت (KEPCO)" دادەمەزرێندرێت و لە (مادده‌ی ده‌یه‌م: بڕگەی چوارەم): كۆمپانیا به‌ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی بۆی هه‌یه‌: 1.    ڕكابه‌ری كردن له‌گه‌ڵ كۆمپانیای دیكه‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تی رێپێدانی تایبه‌ت به‌ كێڵگه‌كانی ئاینده‌. 2.    ئه‌نجامدانی ڕێككه‌وتننامه‌كانی هاوبه‌شیكردن و هاوشێوه‌كانی له‌ ڕێككه‌وتنه‌كانی كاركردن له‌ هه‌رێمدا یان له‌ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراقدا یان له‌ ده‌ره‌وه‌. 3.    دامه‌زراندنی كۆمپانیاكانی به‌كارخستنی سه‌ربه‌خۆی بێت و به‌ موڵكداریه‌تی خۆی بێت تایبه‌ت به‌ پڕۆسه‌كانی نه‌وت كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌كێڵگه‌كانی ئاینده‌دا. هاوکات بەپێی یاسای نەوت و گازی هەرێم "كۆمپانیای كوردستانی نیشتمانی نه‌وت (KNOC)" دادەمەزرێندرێت و لە (مادده‌ی یازده‌م: بڕگەی چواره‌م): به‌ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی كۆمپانیا بۆی هه‌یه‌: 1.    ڕكابه‌ری له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی دیكه‌ بكات بۆ به‌ده‌ست هێنانی مۆڵه‌تی تایبه‌ت به‌ به‌ڕێوه‌بردنی كێڵگه‌كانی ئێستا. 2.    ئه‌نجامدانی ڕێكه‌وتننامه‌ی هاوبه‌شیكردن له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانیه‌كانی نه‌وت كه‌ شاره‌زاییان هه‌یه‌ و ناوبانگیان باشه‌ له‌ پڕۆسه‌كانی نه‌وت دا، بۆ به‌هێزكردنی به‌رهه‌مهێنانی كێڵگه‌كانی ئێستا بۆ به‌ده‌ستهێنانی پتری داهاته‌كان به‌ خێرایی. 3.    ڕكابه‌ری كردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تی تایبه‌ت به‌ كێڵگه‌كانی ئاینده‌ و هه‌ریه‌كه‌و به‌پێی دۆخی تایبه‌تی خۆی. جگە لەو دوو کۆمپانیایە یاساکە ئاماژەی داوە بە دروستکردنی " كۆمپانیای كوردستان بۆ پڕۆسه‌كانی پاڵاوتن و پاشكۆكانی (KODO)" بەپێی (مادده‌ی سێزده‌م: بڕگەی چواره‌م: خاڵی 2 و 3 و 4): 2. ڕكابه‌ریكردن له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی دیكه‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مۆڵه‌ته‌كان دوای ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی، وه‌ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ هه‌لبستێت به‌ كاره‌كانی به‌گه‌ڕخستنی تایبه‌ت به‌ پڕۆسه‌كانی نه‌وتی وه‌ رێككه‌وتنه‌كانی هاوبه‌شی كردن یان گرێبه‌ستنی هاوشێوه‌ی ئه‌نجام بدات، چ له‌ هه‌رێم بێت و یان له‌ هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكانی تردا. 3. به‌ هاوبه‌شی كردن له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتیه‌كانی جیهان یان له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت له‌ پڕۆسه‌كانی نه‌وتی تازه‌و به‌ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی. 4. به‌ڕێگه‌دان به‌لایه‌نی سێیه‌م بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ریه‌كێك له‌ ده‌زگاكانی و به‌ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی. هاوکات لە (به‌شی ده‌یه‌م: گرێبه‌ستی به‌شداریكردنی به‌رهه‌مهێنان: مه‌رجه‌كانی گرێبه‌ست : مادده‌ی سی و حه‌وت: بڕگەی دووەم)دا هاتووە: ئه‌گه‌ر وه‌زیر وایدانا كه‌ گرێبه‌ستی نه‌وت مه‌ترسییه‌ بازرگانیه‌كان گه‌وره‌یه‌ یان پێویستی به‌پشتیوانی پاره‌ی زۆره‌ له‌سه‌ره‌تای وه‌به‌رهێناندا، وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ له‌دوای ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی ڕێژه‌ی موڵكانه‌ی جێگیر له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌می (7) له‌م مادده‌یه‌دا كه‌مبكاته‌وه‌،و بڕی خه‌رجی گه‌راوه‌و جێگیر له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌می (6) له‌م مادده‌یه‌دا به‌پێی مه‌ترسییه‌كان زیاد بكات. دووەم: ئەنجومەنێکی کارتۆنی بە دەسەڵاتێکی زۆرەوە وەک لە بەشی پێشوودا ئاماژەمان بە پێکهاتەو دەسەڵاتە گەورەو زۆرەکانی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و غازدا، بەڵام ئەنجومەنەکە بەهیچ شێوەک جێدەستی بە پرۆسەی نەوتی هەرێمەوە دیار نییە. ئاماژە بە "ڕاپۆرتی رێکخراوی روونبیین بۆ شەفافیەت لە پڕۆسەکانی نەوت سەبارەت بە وردبینی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٩"دا کە لەلایەن (یادگار گەڵاڵی و فریا كاڵێ)ەوە نوسراوە، لەم بارەوە ئاماژەیان داوە بەوەی؛  هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەکی باش کێشەی یاسایی نییە لەبواری نەوتدا بەڵکو کێشەکە لە بوارە کرداریەکەدایە (جێبەجێ کردنی یاساکان)، لەم بارەیەوە؛ 1.    یاسای نەوت و گازی هەرێم بڕگە گرنگ و جەوهەرییەکانی پشتگوێ خراوە و حکومەتی هەرێم هەتا ئەم ساتە وەختە چەند مادەیەکی گرنگی یاساکەی جێ بەجێ نەکردووە کە راستەوەخۆ پەیوەستە بە بنیادنان و ڕێکخستنی ژێرخانی نەوتی هەرێمەوە، وە ماوەی (15) ساڵە دواکەوتووە و بەبێ هیچ هۆیەکی تەکنیکی. بەپێی ئەو یاسایە دەبوایە ئەم  چوار کۆمپانیایە درووست بکرایە (١. کۆمپانیای کوردستان بۆ دۆزینەوە و بەرهەمێنان ,(KEPCO) ٢ .کۆمپانیای کوردستانی نیشتیمانی نەوت(KNOC)، ٣. کۆمپانیای کوردستان بۆ هەناردنی نەوت  (KOMO)، ٤. کۆمپانیای کوردستان بۆ پرۆسەکانی پاڵاوتن و پاشکۆکانی  ((KODO).گرنگی ئەم کۆمپانیایانە لەوەدایە هەلی کاری ناوخۆ زیاد دەکات، پسپۆری خۆماڵی پێدەگەیێنێت وە پشتی پێ دەبەستێت، لە ئەنجامیشدا دەتوانێت کۆنترۆڵی بەڕێوبردنی سەکتەری نەوت بکات بەشێوەیەکی باشتر. ئێستا هەندێك لە گرێبەستە نەوتیەکان هەژدە ساڵ زیاتری تێپەڕاندووە. بۆ نموونە گرێبەستی کۆمپانیای گەنەڵ ئێنرجی لە کێڵگەی تەقتەق و گرێبەستی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە کێڵگەی تاوکی لە ساڵی ٢٠٠٤ دا ئمیزا کراون. و ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بین وە کۆمپانیاکان درووست نەکرێن، ئەوە لەکاتی کۆتایهاتنی گرێبەستەکاندا هەروەك سەرەتای گرێبەستەکان هیچ جێگرەوەیەکی کۆمپانیا نێودەوڵەتێکانمان نیە، وە ناچار دەبین کە بەهەمان مەرجی سەرەتای کارکردنمان ڕازی بین و هیچ جۆرە پسپۆریەکیش بەدەست ناهێنین. بۆیە تا رۆژێك زووتر دەستپێشخەری بکەین لە درووستکردنی ئەم چوار کۆمپانیانە، شارەزایی زیاتر بەدەست دەهێنین و باشتر ئەم کەرتە بەڕێوەدەبەین لە ئایندەدا. بەپێی یاسای نەوت وگاز  سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ئەو کۆمپانیایانە دەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەیان پێ بدرێت، بەڵام بەبێ ئەوەی ئەم کۆمپانیایانە درووستکرابن سەرۆکی حکومەت تەنها دوای یەك ساڵ لە دەرچوونی یاسای نەوت و گاز بەناوی کۆمپانیای کیبکۆ KEPCOوە چەند گرێبەستێکی ئیمزا کردووە، لەناویاندا گڕێبەستی کێڵگەی هەولێر لەنێوان کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی کۆریا  (Korea National Oil Corporation)و کۆمپانیای کوردستان بۆ دۆزینەوە و وەبەرهێنان (KEPCO)، نیچیرڤان بارزانی لەبری کۆمپانیای کێبکۆ ئیمزای کردووە. یاسایی بوون و نەبوونی کۆمپانیایەك کە بوونی نەبێت بۆ پەرلەمان و داواکاری گشتی جێ دەهێڵین. دواتر لە ای نیسانی ساڵی ٢٠١٥ پەرلەمانی کوردستان یاسای سندوقی داهاتە نەوتییەکانی دەرکرد. ئەم کارە ئەرکێکی یاساییە لەئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ی (یاسای نەوت و گازی هەرێمی  کوردستان). ئەم دامەزراوانە بەیەکەوە تەواوکەری یەکترین و دەکرا دۆسیەی نەوت لەئاستێکی تاڕادەیەک بەرزدا بەرەوپێشبەرێت. 2.    دیلۆیت بەرپرسە بەرانبەر ئەنجومەنی نەوت وگازی هەرێم چونکە گرێبەستی لەگەڵ ئەودا هەیە و پابەندی ڕێککەوتنەکەیەتی، ئەوە تێدەگەین و بەشێکە لە پابەندی گرێبەستەکەی نێوانیان. ئەی ئەنجومەنی نەوت و  گاز کە لە سەرۆك وەزیران و جێگرەکەی و وەزیری دارایی و سامانە سروشتییەکان و پلان دانان پێكدێت بەرانبەر کێ بەر پرسیارە؟ کێ متمانەی پێداون؟ ئەسڵ وایە پەرلەمان ئەولایەنەیە کە متمانە دەدات بە حکومەت و لێپرسینەوەی لێدەکات.  لەکاتێکدا ئێمە باسی ڕوون بینی و شەفافییەت دەکەین، لە بازنەیەکی فراوانتردا هاوڵاتیش متمانەی بەو نوێنەرانە داوە لەپەرلەمان، ئەوانیش حکومەت هەڵدەبژێرێن، بۆیە مافی هاوڵاتیشە لە وردەکاری داهات و خەرجی ئاگاداربێت. هەروەها دەستخستنی زانیاری بەشێکە لە مافی مرۆڤ  بەواتایکی تر شاردنەوەی زانیاری پێشیلی مافی مرۆڤە. ئەوەی لێرەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە بەشی زۆری ئەو دەسەڵاتانەی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت غاز هەیانە، دوای تێپەڕبوونی پانزە ساڵ بەسەر یاساکەدا دامەزراوەکانی دروست نەکراون (کۆمپانیا خۆماڵییەکانی نەوت) تا ئەوەی ئەنجومەنەکە بتوانێت دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێت. باشترین بەڵگە ڕاگەیەندراوەکەی (ئاوات شێج جەناب/ وەزیری دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێم) کە لە (3/3/2022) لە ڕونکردنەوەیەکیدا بۆ وەڵامدانەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، کاتێک مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکردبوو وەزیری دارایی ئاگادارە داهاتی نەوت چەندە و چەندی بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە. ئەویش لە ڕێگەی میدیای بزوتنەوەکەیەوە ئەوەی بڵاوکردەوە: "ئێمە ئاگاداری راپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت و ئەو (350) ملیۆن دۆلارەین کە دێتە سەر هەژماری وەزارەتەکەمان"  سێیەم: بۆچی هەموارکردنەوەی یاسای نەوت و غازو دەستکاریکردنی پێکهاتەی ئەنجومەنی هەرێمی؟ سێ ساڵ و چەند ڕۆژێک تێپەڕدەبێت بەسەر دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، واتە لە (12/7/2019)ەوە لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە ئەنجومەن هیچ کۆبونەوەیەکی ئەنجام نەداوە، ئەمە لە کاتێکدایە لەسەردەمی کابینەکانی پێشووتر، هەفتانە ئەو ئەنجومەنە کۆبونەوەی ئەنجام داوە. لەگەڵ ئەوەشدا دوای لەکارخستی ئەنجومەنە لە ماوە درێژەدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە ڕۆژی (15/6/2022) بە بڕیاری ژمارە (154)، پرۆژە یاسای هەمواری یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی ئاراستەی پەرلەمان كردووە بۆ زیادکردنی ئەندامێکی ئەنجومەکە، کە ئەویش (سەرۆكی دیوانی  ئەنجومەنی وەزیرانە) (ئەو پۆستە ئێستا لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە). بەپێی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره (٧)ی ئاساییی خولی به‌هاره‌ی پەرلەمانی کۆردستان ڕۆژی (22/6/2022) خۆێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاساکە دەکرێت، هۆکاری سەرەکی ئەم هەوڵە نوێیەش دەگەڕێتەوە بۆ؛ یەکەم: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە سەرەتای ئەم مانگەدا نامیلکەیەکی بڵاوکردەوە بە ناوەی (ئەرکی حکومەتی فیدراڵ بەرامبەر بە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان: ڕوانگەی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە دۆسییەی نەوت) لە دەستپێکی نامیلکەکەدا هاتووە "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆمپانیای كوردستان بۆ نه‌وت و غاز (KROC) تایبه‌ت به‌ بواری دۆزینه‌وه‌، ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و غاز و كۆمپانیای كوردستان بۆ به‌بازاڕكردنی نه‌وت (KOMO) داده‌مه‌زرێنێت.. ئه‌و دوو كۆمپانیایه‌ له‌لایه‌ک هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ یه‌ك هه‌بێت و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانی عێراق (سۆمۆ) هه‌بێت و هه‌مان په‌یوه‌ندیش له‌نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت". ئەم هەنگاوەش پێویستی بە کاراکردنەوەی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و غاز هەیە. دووەم: هەوڵی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ زیادکردنی ئەندامێکی خۆی لەنێو ئەنجومەنەکەدا، لەمبارەیەوە (زانا عەبدولرەحمان/ ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی؛ "نزیكەی سێ ساڵە پارتی نەهێشتووە ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز كۆبونەوە بكات، چونكە لە (٥) ئەندامی ئەنجومەنەكە تەنها (٢) كەس پارتی بوون، ئێستا پڕۆژەیەكی ئاراستەی پەرلەمان كردوە كە ئەندامێكی تری پارتی زیادبكرێت ببێتە (٦) ئەندام بۆ ئەوەی ئەنجومەنەكە بەتەواوی كۆنتڕۆڵ بكات". (گرافیکەکان ئەم ڕاستییە ڕوونتر دەکاتەوە). ئەوەش ئەم ڕاستییە ڕونتر دەکاتەوە لە پرۆژە یاساکەی حکومەت (ماددەی چوارەم: بڕگەی دووەم) بەمشێوەیە هەمواردەکرێتەوە" ئەنجومەنی هەرێمی بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامەکانی کۆدەبێتەوە، و بڕیارەکانی بەزۆرینەی دەنگی ئامادەبووان دەردەکات، و لەکاتی یەکسان بوونی دەنگەکان ئەو لایەنە پێشدەخرێت کە سەرۆک دەنگی لەگەڵداوە".  بەمشێوەیەش بەپێی یاساکە ئەنجومەنی هەرێمی لە دوو ئەندام و سەرۆکێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت و دوو جێگرو ئەندامێکی یەکێتی و ئەندامێکی بزوتنەوەی گۆڕان پێکدێت، بەم پێکهاتەیەشەوە پارتی دیموکراتی کوردستان هەر بڕیارێکی بوێت تێدەپەڕێنێت، هەروەک چۆن هەرچییەکی بوێت پەکی دەخات. گرافیک ئەندامانی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گازی هەرێم لە (ئێستاو کابینەکانی پێشتر) سەرچاوەکان: 1.    یاسای نەوت گازی هەرێم ژمارەی (22)ی ساڵی 2007. 2.    دەقی پرۆژە یاسای هەمواری یاسای نەوت و غازی هەرێم (درەو میدیا). 3.    دەقی نامیلکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی (ئەرکی حکومەتی فیدراڵ بەرامبەر بە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان: ڕوانگەی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە دۆسییەی نەوت) (درەو میدیا) 4.    وەزیری دارایی هەرێم: ئاگاداری راپۆرتی دیلۆیت و (350) ملیۆن دۆلارەکەین. (ماڵپەڕی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان) 3/3/2022 5.    یادگار گەڵاڵی و فریا كاڵێ؛ ڕاپۆرتی رێکخراوی روونبیین بۆ شەفافیەت لە پڕۆسەکانی نەوت سەبارەت بە وردبینی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٩. (روونبیین) 6.    زانا عەبدولرەحمان/ ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان. (لاپەرەی فەرمی: فەیس بووک) 7.    دوو ساڵ و پێنج مانگە ئەنجومەنی نەوت و گاز کۆنەبووەتەوە (بوار نیوز)


  راپۆرت: درەو دوو هێرشی موشەكیی بۆسەر كێڵگەی (كۆرمۆر) لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا، سەرچاوەی سەرەكی غازی هەرێمی كوردستانی خستوەتە مەترسییەوە، گومان لە هێزەكانی حەشدی شەعبی هەیە، بافڵ تاڵەبانی سەرەتای هەفتە دەچێتە بەغداد، غازی كۆرمۆر لەنێوان پرۆژەی ناردنە دەرەوەی بۆ توركیا‌و پرۆژەی راكێشانی بە بۆری بۆ ماڵان‌و كارگەكان گیری خواردووە، كاتیۆشاكان لە كوێوە ئاراستەكراون؟ پەیامی پشت موشەكەكان چین؟  وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  كێ هێرش دەكات ؟ لەماوەی دوو رۆژدا دووجار بە موشەكی كاتیۆشا هێرشكرایەسەر كێڵگەی كۆرمۆر لە سنوری ناحیەی (قادر كەرەم)ی سەربە قەزای چەمچەماڵ.  هێشتا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی هێرشەكانی نەگرتوەتە ئەستۆ، هێزە ئەمنییەكانی یەكێتیش كە كۆنترۆڵی ناوچەكەیان بەدەستەوەیە پەنجەی تۆمەتیان بۆ هیچ لایەك رانەكێشاوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەرپرسانی یەكێتی گومانیان هەیە میلیشیا چەكدارەكانی شیعە لە سنوری دوزخورماتوو لە پشتی هێرشەكەوە بن. بەرپرسانی سەربازیی سنورەكە ئاڕاستەی هاویشتنی (كاتیوشا)كانیان دیاریكردووە‌و دەڵێن:  * كاتیوشاكان لە گوندی (قەڵغانلو)ی سەربە ناحیەی (نەوجول)ی قەزای (دوزخورماتوو) ئاڕاستەكراون، ئەم گوندە تەنیا (5) كیلۆمەتر لە كێڵگەی غازی كۆرمۆرەوە دوورە، ناوچەكە بۆشایی ئەمنییە لەنێوان سنوری پێشمەرگەو حەشدی شەعبیدا. * لەم ناوچەیەدا هێزەكانی (كەتایبی حزیبوڵڵا)ی سەربە حەشدی شەعبی هەیەو فەرماندەكەیان كەسێكە بەناوی (ئەبو عەباس)، لە سنوری هەرێمی كوردستانیشەوە هێزەكانی بەرگری فریاكەوتن‌و لیواكانی هێزی (70)ی یەكێتی ئامادەیە.  * كۆرمۆر (15) كیلۆمەتر لەناو سەنتەری قەزای دوزخورماتووەوە دوورەو لەرووی ئیدارییەوە سەربە قەزای دوزخورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینە.  * ئەو كاتیوشیانەی لە هێرشەكاندا بۆسەر كێڵگەی كۆرمۆر بەكارهێنراون تەنیا تەنیا بڕینی (5) كیلۆمەتریان هەیە، بەڵام (حەشوەی سائیل)یان لێدەبەسترێت‌و بەمە دوورییەكەی بۆ (10 – 13) كیلۆمەتر زیاد دەكرێت، ئەم جورە حەشوە تەنیا لای هێزەكانی حەشدی شەعبی سەربە ئێران بەردەستە.  (درەو) زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بەنیازە رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغداد بكات، بۆ قسەكردن لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق سەبارەت بە هێرشەكانی سەر كێڵگەی (كۆرمۆر).   بۆچی كۆرمۆر ؟ رۆژی 5ی ئایاری ئەمساڵ كۆمپانیای نەوتی باكور كە سەربە وەزارەتی نەوتی عێراقە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، باسی لەوەكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان زیادەڕۆیی كردوەتەسەر كێڵگە نەوتییەكانی سەربە كۆمپانیای باكور لەوانە (خورمەڵە، ئاڤانا، سەفیە، كۆرمۆر). خورمەڵە گەورەترین كێڵگەی نەوتی ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمە لە زۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە رۆژانە 175 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە ناوچەی كێشەلەسەرو حكومەتی عێراق داوای دەكاتەوە، لە زۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كێڵگەی (كۆرمۆر) كە گەورەترین كێڵگەی غازی هەرێمی كوردستان‌و پێداویستی غازی ماڵان لەناوخۆو  وێستگەكانی كارەبا دابین دەكات، بەهەمان شێوە كێشەی لەسەرەو عێراق داوای دەكات.  كۆمپانیای نەوتی باكور لە دادگاكانی عێراق لەبارەی (خورمەڵە‌و كۆرمۆر)ەوە سكاڵای لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كردووە.  لەپاڵ سكاڵای كۆمپانیای نەوتی باكوردا، دوای شكستهێنانی گفتوگۆكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێم سەبارەت بە جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراق دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە لەسەر هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی تاكلایەنە، بەمدواییە وەزارەتی نەوت نامەی بۆ هەموو ئەو كۆمپانیایانە ناردووە كە لە كەرتی نەوت‌و غازی هەرێمدا كاردەكەن‌و داوایان لێدەكات لەماوەی سێ مانگدا گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق نوێ بكەنەوە، بەپێچەوانەوە ناویان دەخاتە لیستی رەشەوە.  هەندێك پێیانوایە ئەم بارودۆخە وایكردووە گروپە چەكدارەكانی عێراق هێرشەكانیان لە شوێنە دیپلۆماسییەكانەوە بگوازنەوە بۆسەر دامەزراوەكانی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان لەسنوری دەسەڵاتی پارتی‌و یەكێتی.  لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر هەیە كە هۆكاری پشت هێرشەكان بۆسەر كۆرمۆر دەبەستێتەوە بە كێشەیەكی یاسایی نێوان كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی‌و حكومەتی ئێرانەوە هەیە سەبارەت بە غاز، كۆمپانیا ئیماراتییەكە كە لە كێڵگەی كۆرمۆر كار دەكات لە دادگای پاریس سكاڵای لەسەر كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران تۆمار كردووە لەبارەی پابەندنەبوون بە رێككەوتنێكی (25 ساڵە) كە ساڵی 2005 لەنێوان هەردوولادا ئیمزا كراوە، سكاڵاكەی دانەغاز دوو بەشە، بەشی یەكەمی لە ئێران بردوەتەوە كە بەهاكەی (608 ملیۆن) دۆلارەو بڕیارە دادگا مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بڕیار لەسەر بەشی دووەمی كەیسەكە بدات. گومان دەكرێت ئێران لەرێگەی میلیشیا شیعەكانی عێراقەوە شەڕی خۆی لەگەڵ كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی گواستبێتەوە بۆ كێڵگەی كۆرمۆر، بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە پەیام بە ئیماراتییەكان بدات لەبارەی ئەوە دەتوانێت زیان بە ئابورییەكەیان بگەیەنێت.  كوردستان غاز هەناردە دەكات ! شوباتی ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرەو وێنەیەكی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بڵاوكرایەوە، دوای دیدارەكەی، ئەردۆغان لەرێگەی گەشتێكیدا بۆ ئۆكرانیا بە رۆژنامەوانانی وت: لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا لەبارەی هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا گفتوگۆم كرد.  ئەم قسەیەی ئەردۆغان بەس بوو بۆ ئەوەی دواتر هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر فشارێكی بەهێزی حكومەتی ناوەندی عێراق‌و ئێرانەوە، بەتایبەتیش لەو رۆژانەدا بوو بەڕێوەبەری كۆمپانیای (دانەغاز) لێدوانێكی داو وتی: دەتوانین بە غازی چەمچەماڵ سوتەمەنی بۆ عێراق‌و توركیاش دابین بكەین.   هەر لەو مانگەدا كە نێچیرڤان گەشتەكەی كرد بۆ توركیا (شوبات)، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەشێوەیەكی كتوپڕ‌و دوای (10) ساڵ سڕكردنی، بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە یەكلاكردەوە‌و یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە‌و حوكمیدا بەوەی دەبێت هەرێم نەوت‌و غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات. ئەم بڕیارە پێگەی هەرێمی كوردستان لەناو عێراق بردە دواوە، پێشتر ئەگەر وەفدەكانی هەرێمی لە دانوستانەكانیاندا بۆ پێكهێنانی كابینەكانی حكومەت باسیان لە جێبەجێكردنی ماددەی (140)ی تایبەت بە چارەنوسی ناوچە جێناكۆكەكان‌و پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق كردبێت، ئێستا مانشێتی سەرەكی دانوستانەكانیان چارەنوسی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانە.    فشارەكە تەنیا لەناوخۆی عێراقدا رانەوەستاوە، ئازاری ئەمساڵ‌و دوای بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی، ئێران ماڵەكەی (شێخ باز) سەرۆكی كۆمپانیای (كار)ی لە هەولێر موشەكباران كرد، كۆمپانیاكەی شێخ باز ئەركی پەرەپێدانی هێڵی بۆری هەناردەی غازی كۆرمۆری بۆ توركیا پێسپێردراوە، ئەوكات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسی عێراق‌و ئەمریكی‌و توركییەوە رایگەیاند، لەماڵەكەی شێخ بازدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی ناردنەدەرەوەی غازی كوردستان بۆ توركیا‌و ئەوروپا، بەرپرسانی ئەمریكی‌و ئیسرائیلی بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا، ئەمە ئێران توڕە كردووە، چونكە ئێران خۆی هەناردەكاری غازە بۆ عێراق‌و توركیا‌و نایەوێت هەرێمی كوردستان ببێت بە بەدیلی ئەو لە ناوچەكەدا. بۆری غاز بەسەر لاشەی بافڵ تاڵەبانیدا ! غازی كێڵگەی كۆرمۆر لەنێوان  دوو پرۆژەدا گیری خواردووە، یەكەمیان پرۆژەی پارتییە بۆ هەناردەكردنی بۆ توركیا، دووەمیان پرۆژەی یەكێتییە كە بریتییە لە راكێشانی غازەكە بە بۆری بۆ ماڵان‌و كارگەكان لەناوخۆدا.  بەمدواییە بڕیاربوو كۆمپانیای (كار) بچێتە كێڵگەی كۆرمۆرو دەست بەكاركردنی خۆی بكات بۆ راكێشانی بۆری غاز، هەندێك لەبەرپرسانی یەكێتی باسلەوە دەكەن راكێشانی بۆرییەكە بۆ گواستنەوەی غازە بۆ وێستگەی كارەبای دهۆك، چونكە دابینكردنی سوتەمەنی ئەم وێستگەیە خەرجییەكی زۆری خستوەتەسەر شانی حكومەت، بەڵام هەندێكی تر گومانیان هەیە راكێشانی بۆرییەكە بۆ هەناردەكردنی غازی كۆرمۆر بێت بۆ توركیا.  ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان نوسراوێكی بۆ ئاسایشی سلێمانی كردبوو، داوای كردبوو ئاسانكاری بكەن بۆ كاركردنی كۆمپانیای (كار)، بەڵام یەكێتی رێگری كرد.  رۆژی 28ی نیسانی ئەمساڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لە هەولێر لەگەڵ نوێنەری نێردەی دیپلۆماسی وڵاتان‌و رێكخراو ئاژانسە نێودەوڵەتییەكاندا كۆبووەوە، لەم كۆبونەوەیەدا لەبارەی پرسی هەناردەكردنی غازی كوردستانەوە وتی:" دەبێت گرێبەست‌و شێوازەكەی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان روونبكرێتەوە، نامانەوێت مەینەتییەكی تر بەسەر هەرێمەكەماندا بهێنین. بە شەفافی كار لەسەر ئەم كەیسە بكرێت‌و هاوڵاتییانی كوردستان بەشێكبن لە پرۆسەكە. هەموو هەوڵێكیش لەدەرەوەی ئەم داواكارییانە ئەوا روون‌و ئاشكرا رایدەگەیەنم، دەبێت بەسەر لاشەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بكرێت".  بافڵ تاڵەبانی ئەوكات كە ئەم قسەیەی كرد پەیوەندییەكانی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و پارتیدا ئاڵۆز بوو، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە هەندێك ئاسایی بوەتەوە، رۆژی 11ی ئەم مانگە بافڵ تاڵەبانی سەردانی مەسرور بارزانی كرد، لە دەرەوەی وەفدی هەردوولا، خۆشیان بە دووقۆڵی دانیشتن. هەندێك سەرچاوەی نافەرمی كە (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون، باسلەوە دەكەن، یەكێتی دەیەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی غازی سروشی لە كێڵگەكە بۆ (ملیارو نیوێك) پێ سێجا بەرزبكاتەوە‌و لەم رێگەیەوە پرۆسەی دانانی بۆری ماڵان‌و كارگەكانی سنوری دەسەڵاتی خۆی وەربگرێت‌و سەرچاوەیەكی دارایی گەورە بۆ خۆی‌و سنورەكەی دابین بكات، لەم حاڵەتەدا بەربەست بۆ ناردنە دەرەوەی غازەكە دروست دەكات، بەڵام سەرچاوە فەرمییەكان راستی ئەم قسانە رەتدەكەنەوە. دوێنێ بەرپرسێكی ئێرانیی بەنهێنی گەیشتە تەوێڵە، لە باخێكدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كۆبونەوەی كرد، هێشتا (درەو) زانیاری لەبارەی بەرپرسە ئێرانییەكە‌و تەوەری سەرەكی گفتوگۆكان دەست نەكەوتووە.  كۆرمۆر.. سەرچاوەی غازی كوردستان  كۆرمۆر دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادر كەرەم)، ئەم ناحیەیە تاوەكو ساڵی 1976 سەربە قەزای خورماتوو بووە، واتە لەسەر پارێزگای كەركوك ئەژماركراوە، بەڵام لەو ساڵەدا خراوەتەسەر پارێزگای سەڵاحەدین، ساڵی 1987 جارێكی تر ناحیەی قادر كەرەمی لەڕووی ئیدارییەوە دەستكاری كراو خرایە سەرقەزای چەمچەماڵ.  كۆرمۆر تاوەكو ساڵی 2003‌و بەر لە رووخانی رژێمی سەددام لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدا بوو، دوای روخانی سەددام كێڵگەكە كەوتەوە دەست حكومەتی هەرێم، نیسانی 2007 حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (دانەگاز)و (كریسنت پتریۆلیۆم)ی ئیماراتی ئیمزا كرد، گرێبەستەكە مافی دەرهێنانی نەوت‌و گازی لە هەردوو بلۆكی (كۆرمۆر)و (چەمچەماڵ)ی بەو دوو كۆمپانیایە بەخشی، لە 2015دا غاز لە كێڵگەكە بەرهەمهێنرا، بە بۆری گواسترایەەوە بۆ وێستگەی كارەبای چەمچەماڵ‌و هەولێر.  بەرهەمی ئێستا كێڵگەكە بەمشێوەیە:  •    گازی سروشتی: رۆژانە (452 ملیۆن) پێ سێجا •     كۆندێنسەیت: رۆژانە (22 هەزار) بەرمیل، بەتانكەر دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی خورمەڵەو تێكەڵ دەكرێت لەگەڵ نەوتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی •    گازی شل (LPG): بڕی (1050) تۆن، ئەمە داناگاز خۆی دەیفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ، بۆ هەر تەنێك بڕی (315) دۆلار وەردەگرێت، كۆمپانیای (ساوس كوردستان) دەیكڕێت‌و دەیگوازێتەوە.   غاز لە هەرێمی كوردستان  بەگوێرەی سایتی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە رێژەی 3%ی تێكڕای یەدەگی غازە لەسەر ئاستی جیهان. بەڵام ئەمە ئەو یەدەگەیە كە نەسەلمێندراوە، چونكە رێژەی سەلمێندراوی یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بەگوێرەی راپۆرتەكانی وزەی ئەمریكا، بڕەكەی تەنیا (25 ترلیۆن) پێ سێجایە. گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز) كە بڵاوكراوەیەكی تایبەتمەندی بواری وزەیە، ساڵی 2020 لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لەكۆی رێژەی سەلمێندراو و نەسەلمێندراوی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بڕی (10 ترلیۆن) پێ سێجای دۆزراوەتەوە‌و كاری تێدا دەكرێت، ئەمەش ئەو بڕەیە كە ئێستا لە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی‌و لە كێڵگەی (كۆرمۆر) بەرهەم دەهێنرێت. یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان زۆربەی دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی‌، دابەشبونەكە بەمشێوەیە: یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی •  كێڵگەی كۆرمۆ: 8 ترلیۆن‌و 200 ملیار پێ سێجا •  كیڵگەی چەمچەماڵ: 4 ترلیۆن‌و 400 ملیار پێ سێجا •  كیڵگەی میران: 3 ترلیۆن‌و 46 ملیار پێ سێجا •    كیڵگەی پەڵكانە: ترلیۆنێك‌و 600 ملیار پێ سێجا یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی •  كیڵگەی بنەباوێ: 7 ترلیۆن‌و 100 ملیار پێ سێجا •  كێڵگەی خۆرمەڵە: 2 ترلیۆن‌و 260 ملیار مەتر سێجا •  كیڵگەی شێخان: 900 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی پیرمام: 880 ملیار پێ سێجا  


راپۆرت: درەو دابەشكردنی میراتیە سیاسییه‌كەی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، زۆرینەی لایەنەكانی بوژاندەوە، بەتایبەتیش هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كە گەورەترین دۆڕاوی هەڵبژاردنەكەی ساڵی رابردوو بوو، كێكەكەی سەدر چۆن بەشكرا ؟ دوای كشانەوەی سەدر نەخشەی دابەشبوونی پەرلەمان چی بەسەر دێت ؟ بەبێ سەدر، چوارچێوەی هەماهەنگیی كابینەی نوێی حكومەتی پێ دروست دەكرێت ؟ چوارچێوه‌ ده‌توانیت پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار رێكبخات یان كاره‌كه‌ ده‌داته‌ ده‌ست ئێران ؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  میراتە سیاسییەكەی سەدر بەشكرا پەرلەمانی عێراق دوێنێ بەتەواوەتی دەرگای لەسەر ئەگەری گەڕانەوەی سەدرییەكان بۆ ناو پەرلەمان داخست، ئەمە دوای پڕكردنەوەی كورسی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی سەدر.  لەكۆی (73) كورسی بەتاڵی سەدرییەكان، پەرلەمان (64) كورسی بە كاندیدە جێگرەوەكان پڕكردەوە (كاندیدی جێگرەوە ئەوانەن پێیان دەوترێت گەورەترین دۆڕاو لە بازنەكانی هەڵبژاردندا)، (9) كورسی بەتاڵی سەدرییەكان پڕنەكرایەوە، ئەم (9) كورسییە (5)یان بەر (حەرەكەی حقوق) كەوتبوو، ئامادەنەبوون كورسی سەدرییەكان وەربگرن. حەرەكەی حقوق باڵی سیاسی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقە، (حسێن موئنس) سەرۆكایەتی دەكات، ئەم پیاوە هاوپەیمانی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، بەپێی قسەی سەرچاوەكان داوای پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان كردووە واتە شوێنەكەی (حاكم زاملی) كە دەستی لەكاركێشاوەتەوە، بەڵام لایەنە شیعەكان رەتیانكردوەتەوە‌و پێیانوابووە پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكەی سەدر لەلایەن حەرەكەی حقوقەوە، جۆرێك لە ئیستفزازی تێدا دەبێت بۆ سەدرییەكان‌و بۆ شەقامیش، بەوپێیەی ناڕەزایەتی دژی كەتیبەكانی حزبوڵاو هێرشەكانیان هەیە‌و ناكرێت ئەو پۆستە گەورەیە بدرێت بەوان، ئەمە وایكرد حسێن موئنیس كە تەنیا خۆی سەركەوتبوو بۆ پەرلەمان لەگەڵ سەدرییەكان دەستلەكاربكێشێتەوە‌و وەرگرتنی كورسی بەتاڵی سەدرییەكانیش رەتبكاتەوە.  (4) كورسییەكەی تری سەدرییەكان، كاندیدە جێگرەوەكانیان هەر لە رەوتی سەدر خۆی بوون، ئەوانیش بەهۆی بڕیاری رێبەری رەوتەكەیانەوە نەچونە پەرلەمان‌و كورسییەكانی خۆیان  پڕنەكردەوە.  بۆ پڕكردنەوەی ئەو (9) كورسییە بەتاڵە، دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ناوی (9) كاندیدی جێگرەوەی تر دیاری بكات كە بریتی دەبن لە دووەم گەورە دۆڕاوەكان لە بازنەكانی هەڵبژاردندا.  سه‌در نه‌یاره‌كانی به‌ كورسی په‌رله‌مان ده‌بوژێنێته‌وه‌ ! كێكی (73) كورسییەكەی سەدر دابەشكرا، هەریەكە‌و پشكی خۆی برد، عامری سودمەندی یەكەم‌و سەربەخۆكان سودمەندی دووەم، حەكیم‌و عەبادی‌و مالیكیش پشكی خۆیان چینییەوە: •    هاوپەیمانی (فەتح)ی هادی عامری پشكی شێری كێكی كورسییە بەتاڵەكانی سەدری بەركەوت، لەكۆی (64) كورسی سەدرییەكان كە دوێنێ پڕكرایەوە (12) كورسی برد، ئەمە ژمارەی كورسییەكانی عامری لەناو پەرلەمانی عێراق لە (17)  كورسییەوە بەرزكردەوە بۆ (29) كورسی. •    (قوی الدولە) كە هاوپەیمانێتی نێوان (عەممار حەكیم‌و حەیدەر عەبادی)یە‌و لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا تەنیا (4) كورسی بردەوە، لە پڕكردنەوەی شوێنی پەرلەمانتارانی دەستلەكاركێشاوەی سەدر سودمەند بوو، ئەم هاوپەیمانێتییە لە كێكەكەی سەدر (8) كورسی بەركەوت، بەمەش ژمارەی كورسییەكان لە پەرلەمان بۆ (12) كورسی بەرزبووەوە، سەرباری ئەم زیادبوونە، عەممار حەكیم هێشتا سورە لەسەر بڕیاری خۆی‌و دەڵێ بەشداری كابینەی نوێی حكومەت ناكەم، بەڵام عەبادی چاوێكی لەوەیە ببێت بە كاندیدی یەكلاكەرەوەی ناو ماڵی شیعە لەنێوان مالیكی‌و سەدردا، حەكیم‌و عەبادی بەشێكن لەلایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ حەكیم+ عەبادی).  •    ئەوانەی لەژێر ناوی (سەربەخۆ)دا بەشداربوون، سودمەندی دووەمی كێكەكەی سەدر بوون لە پەرلەمان‌و (11) كەسیان بوون بە شوێنگرەوەی سەدرییەكان.   •    بزوتنەوەی ئیمتیداد كە نوێنەرایەتی خۆپیشاندەرانی ئۆكتۆبەری 2019ی عێراقی دەكرد‌و (9) كورسی بردەوە، بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە (7) كاندیدی تری سەركەوت بۆ پەرلەمان، ئەمە لەكاتێكدا روودەدات بەمدواییە ناكۆكی كەوتە ناو بزوتنەوەكەی لە كۆی (9) پەرلەمانتار (5) پەرلەمانتاریان جیابوەنەوە، بزوتنەوەی ئیمتیداد كە عەلا ركابی سەرۆكایەتی دەكرد لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێدا لە پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانێتییەكیان هەیە بەناوی (هاوپەیمانی لەپێناو خەڵك).  •    ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات‌و نەیاری سەرسەختی سەدرە، ئەویش (5) كورسی سەدرییەكانی چنییەوە‌و بەمەش ژمارەی كورسییەكانی لە (33) كورسییەوە زیادی كرد بۆ (38) كورسی، مالیكی رێبەرایەتی لایەنە شیعە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردنی كرد، لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە سەركەوتوو بوو لە كاراكردنی (یەك لەسەر سێی پەكخەر) لەناو پەرلەمانی عێراق‌و بەمەش رێگری لە سەدر كرد "حكومەتی زۆرینە" دروست بكات، مالیكی كە سەری گەورەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە‌و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت، خەونی هەیە جارێكی تر پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەربگرێتەوە.  •     كوتلەی (نەهجی وەتەنی) كە بریتییە لە (حزبی فەزیلە)ی پێشوو و بەشێكە لەلایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، ئەویش سودمەندبوو لە كورسییە بەتاڵەكانی سەدر‌و (3) كورسی تری دەستكەوت، بەمەش تێكڕای ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراق بۆ (4) كورسی بەرزبووەوە. •    هاوپەیمانی (تصمیم) كە ئەسعەد عیدانی پارێزگاری  بەسرە سەرۆكایەتی دەكات‌و دابەشبووە بەسەر هەردوو بەرە ناكۆكەكەی ناو ماڵی شیعەدا (چوارچێوەی هەماهەنگی‌و سەدر)، ئەویش لە شوێنی بەتاڵی سەدرییەكان (3) كورسی سودمەند بووە‌و بەمە ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراق بۆ (8) كورسی بەرزبووەوە، ئەسعەد عیدانی دەیەوێت خۆی وەكو كاندیدی یەكلاكەرەوەی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی‌و سەدر نیشان بدات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بۆیە ناوی لە لیستی ئەوانەدا دەهێنرێت كە لەناو ماڵی شیعەوە كاندید دەكرێن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.  •    هاوپەیمانی (عەقدی وەتەنی) كە فالح فەیاز سەرۆكی  دەستەی حەشدی شەعبی سەرۆكایەتی دەكات، ئەویش (4) كورسی بەتاڵی سەدرییەكان پڕدەكاتەوەو بەمە ژمارەی كورسییەكان لە (4) كورسییەوە بۆ (8) كورسی زیاد دەكات.  •    رەوتی (الفراتین) كە محەمەد سودانی وەزیری پێشووتری مافی مرۆڤ سەرۆكایەتی دەكات‌و بەشێكە لەلایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی‌و (1) كورسی پەرلەمانی هەیە، بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە (2) كورسی تری دەستكەوت‌و تێكڕای كورسییەكانی بوو بە (3) كورسی.  •    عامر عەبدولجەبار وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراق یەكێك لەو تاكە كەسانەیە كە سودمەند بوو لە كشانەوەی سەدرییەكان، عامر لەچوارچێوەی رەوتێكی نوێدا بەناوی رەوتی (گردبونەوەی فاو و زاخۆ) بەشداری هەڵبژاردنی كرد، سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان، بەڵام ئێستا بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە كورسییەكەی خۆی لە بەسرە بردەوە.  •    حزبی (قادمون للتغییر) كە یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردنی كرد‌و لە هەموو ناوچەكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە كاندیدی هەبوو، بەهۆی كشانەوەی سەدرەوە لە هیچەوە بوو بە خاوەنی (2) كورسی پەرلەمان لە پارێزگاكانی بەغدادو بەسرە. •    عەدنان زورفی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، ئەویش بۆ یەكەمجار بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە دوو كورسی پەرلەمانی لەسەر بازنەكانی پارێزگای نەجەف دەستكەوت، یەكێك لەوانە خۆیەتی كە بوو بە ئەندامی پەرلەمان. •    بزوتنەوەی (نور) كە پەرلەمانتاری پێشووی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا (محەمەد هینداوی) سەرۆكایەتی دەكات، كورسییەكی سەدرییەكانی لەسەر پارێزگای بەسرە بەركەوت، بەڵام ناخۆشییەكەی ئەوەیە ئەو كەسەی لە حزبەكەی شوێنی سەدرییەكانی پڕكردەوە هینداوی خۆی نەبوو، بەڵكو ژنێكە، ئاخر هینداوی لە هەڵبژاردندا خۆی‌و كوڕەكەشی كاندید كردبوو، بەڵام كەسیان سەرنەكەوتن.  •     ئیشراقەی كانون كە ئەویش وەكو ئیمتیدا بە هێزێكی سەربەخۆ ناودەبرێت، كورسییەكی لە كشانەوەی سەدرییەكان دەستكەوت.  •    هاوپەیمانی (تەقەدوم) كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتی دەكات، بە (2) كورسی لە كشانەوەی سەدر سودمەند بوو، بەمەش ژمارەی كورسییەكانی بۆ (39) كورسی زیادی كرد، حەلبوسی لەگەڵ بارزانیدا هاوپەیمانی سەدر بوو، بەڵام هەر دوای كشانەوەی سەدرییەكان سەرۆكایەتی هەوڵی پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی كرد.  •    گردبونەوەی خەڵكی واست، كە محەمەد میاحی پارێزگاری واست سەرۆكایەتی دەكات‌و لە هەڵبژاردندا یەك كورسی بردەوە‌و چووە پاڵ سەدرییەكان، ئێستا بەهۆی كشانەوەی سەدرەوە كورسییەكەی تریشی دەستكەوت‌و ژمارەی كورسییەكانی بوو بە (2) كورسی.  نەخشەی پەرلەمان دوای سەدرییەكان  ئێستا كە ئیتر كورسییە بەتاڵەكانی سەدر پڕكراوەتەوە، نەخشەی دابەشبوونی كوتلە سیاسییەكان لە پەرلەمانی عێراق گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە: •    لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی ژمارەی كورسییەكانیان لە پەرلەمان (88) كورسییەوە بۆ (120) كورسی بەرزبووەوە‌و ئێستا گەورەترین كوتلەی پەرلەمانن، دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، ئەم كوتلەیە رادەسپێردرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران.   •    بارزانی‌و حەلبوسی كە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانێتییان لەگەڵ سەدر كرد (هاوپەیمانی رزگاركردنی نیشتمان)، ئێستاو دوای كشانەوەی سەدر هەوڵی مامەڵەكردن لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەدەن، بارزانی‌و حەلبوسی بەبەشداریكردنی پەرلەمانتارەكانیان لە كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمان‌و پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی سەدر، یەكەمین كاری هاوبەشی خۆیان لەگەڵ مالیكی‌و هاوپەیمانە شیعەكانی تری دەستپێكرد.  •    لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەحاڵی دەستپێكردنی دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی، دەبێت ناكۆكی نێوان ئەم دوو لایەنە كوردییە لەبارەی پۆستەكە چارەسەر بكەن، چوارچێوەی هەماهەنگیی رێز لە هەڵوێستی یەكێتی هەشت مانگی رابردووی یەكێتی دەگرێت كە لەو ماوەیەدا لەدژی سەدر پشتیوانی لە چوارچێوە كردووە‌و بە (18) پەرلەمانتاری خۆی نیسابی (یەك لەسەر سێی پەكخەر)ی لەناو پەرلەمان بۆ مالیكی‌و دۆستەكانی تەواو كردووە، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاوبگرێت بەبێ بەشداریكردنی پارتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت تاڕادەیەك ئاستەم دەبێت.  •    پارتی بەهۆی هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ سەدر، هەرێمی كوردستان روبەڕووی ژمارەیەك فشاری سەربازی‌و یاسایی‌و سیاسی كردەوە، لەسەرو هەموشیانەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ رادەستكردنی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان، پارتی ئێستا بۆ رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی داوای چارەسەركردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەكات، ئەمە دانوستانی مالیكی‌و هاوپەیمانەكانی لەگەڵ بارزانی قورس دەكات، ئایا مالیكی‌و عامری دەچنە ژێر باری هیچ بەڵێنێك بۆ راگرتنی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەسەر هەرێمی كوردستان ؟ •    بۆ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دانوستانی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ سوننەكان هێندەی كورد قورس نابێت، چونكە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كە پشكی سوننەكانە پڕكراوەتەوە، بەڵام لە پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكانی پێكهاتەی سوننەدا دەبێت جگە لە حەلبوسی‌و خەمیس خەنجەر، هەندێكیش هاوپەیمانی عەزم لەبەرچاوبگرێت كە لەماوەی رابردوودا وەكو بەشێك لە پێكهاتەی سوننە لەگەڵ مالیكی‌و هاوپەیمانەكانی دژی سەدر راوەستاون.   •    لەناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا عەممار حەكیم هێشتا سورە لەسەر ئەوەی نایەوێت بەشداری كابینەی نوێی حكومەت بكات، رەنگە ئەمە وابكات چوارچێوە پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان (واتە شوێنەكەی حاكم زاملی پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوەی سەدر) بۆ ئەو بەجێبهێڵن.  •    لەحاڵی رێكنەكەوتنی بارزانی لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، ئەگەری هەیە ئەویش هاوشێوەی سەدر لە پەرلەمان یاخود بەشداریكردن لە حكومەت بكشێتەوە‌و ئەمە ئاستەنگێكی زیاتر پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لەلایەن مالیكی‌و هاوپەیمانەكانییەوە دروست دەكات.  •    سەربەخۆكان كە ژمارەیان (45) پەرلەمانتار بوو، ئێستا بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە 11 كورسی تریش زیادیان كردووە، لەماوەی رابردوودا كە بەهۆی ناكۆكی هەردوو بەرەكەی ناو ماڵی شیعە (چوارچێوەی هەماهەنگیی‌و سەدر) رۆڵیان لەخۆیان گەورەتر دەركەوت، ئیتر ئەو رۆڵەیان نابێت، رەنگە ئەمجارەیان زیاتریش پەرت ببن لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگیی وەكو لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت‌و سەدر وەكو رێبەری ناڕەزایەتی شەقام.  •    كشانەوەی سەدر چەندە سودی بەلایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی گەیاند‌و باری لاری ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی بۆ راستكردنەوە، رەنگە زیانی گەورەشیان پێ بگەیەنێت، چونكە لەمەودوا زیاتر ناكۆكییەكانیان لەبارەی كاندیدی سەرۆك وەزیران‌و دانوستان لەگەڵ لایەنەكانی چۆنیەتی پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكان دەردەكەوێت، چونكە ئەم هاوپەیمانێتییە بەپلەی یەكەم هاوپەیمانێتی روبەڕووبونەوەی سەدر بوو، نەك هاوپەیمانێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت. •    مانەوەی سەدر لە دەرەوەی پەرلەمان، مەترسییەكی ئامادەیە لەبەردەم هەر حكومەتێكدا كە چوارچێوەی هەماهەنگیی دروستی بكات، سەرباری بەشدارییان لە حكومەتی چوارچێوەی هەماهەنگیی، رەنگە بارزانی‌و حەلبوسی هەروەكو هاوپەیمانی شاراوەی سەدر لەناو حكومەت‌و پەرلەماندا بمێننەوە‌و لەحاڵی دروستبوونی مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەكانیان بگەڕێنەوە بۆ لای سەدر.  •    خاڵی بەهێزی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی پاڵشتی ئێرانە، ئێرانییەكان رەنگە رۆڵی گەورە بگێڕن لەسەرپێخستنی حكومەتی نوێی عێراق، بەتایبەتیش چارەسەركردنی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار. 


درەو فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە:  خواستی هاووڵاتیان بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلی نوێ لە هەرێمی کوردستان، بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە، و بەپێی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان، ٢ هەزار و  ٥٢٨ ئۆتۆمبێل بۆ یەکەمجار تۆمار کراون، کە هەزار و ٨٥٠ ئۆتۆمبێلیان لە پارێزگای هەولێر و  ٤٩٩ یان لە پارێزگای سلێمانی و ١٧٩ یان لە پارێزگای دهۆک بوون. گۆڕینی تابلۆ گۆڕینی تابلۆی نوێش لە لایەن هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە، لە دوای یەکخستنی تابلۆکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق، بووتە جێگەی بایەخی هاووڵاتیان و تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا هەزار و ٣٩٣ تابلۆی ئۆتۆمبێل گۆڕاوە، کە ٨٢٥ یان لە پارێزگای هەولێر و ٦٨یان لە پارێزگای سلێمانی و ٣٢٢ یان لە پارێزگای دهۆک و ١٢٩ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ٢٢ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆبوون. بەدەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێری بە دەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و لە هەفتەی ڕابردووشدا  یەک هەزار ٥٢٢ مۆڵەتی شۆفێری بۆ یەکەمجار دراوە بە هاووڵاتیان، کە ٤٩٥ یان لە پارێزگای هەلێر و  ٢٦٣یان لە پارێزگای سلێمانی و ٣١٤یان لە پارێزگای دهۆک و ٦٣ یان لە پارێزگای هەڵەبجە و ٤٨ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ١٠٤ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ١٦٨ لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ٦٧ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون.  رووداوی هاتووچۆ و سەرپێچی هاتووچۆ سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی جادە و شەقامی نوێ و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان و دانانی هێماکانی هاتووچۆ و توندکردنەوەی سزاکان بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی هاووڵاتیان تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا ٥٣ ڕووداوی هاتووچۆ  لە هەرێمی کوردستان ڕوویانداوە کە ١٢ ڕووداویان لە پارێزگای هەولێر و ١١ یان لە پارێزگای سلێمانی و ١٢ یان لە پارێزگای دهۆک و ٢ یان لە پارێزگای هەڵەبجە و ٨ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ٢ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ٣ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و ٣ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون.  هەروەها ٣٤ هەزار و ٣٠١ سەرپێچی هاتووچۆ لە هەرێمی کورستان تۆمار کراوە کە ٤ هەزار و ٦٧١ یان لە پارێزگای هەولێر و ١١ هەزار و ٣٢ یان لە پارێزگای سلێمانی و ١٢ هەزار و ٨٨٠ یان لە پارێزگای دهۆک و ١٢یان لە پارێزگای هەڵەبجە و ٨٤ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ٥٨٨ لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ١٥٨ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ٤ هەزار و ٨٧٦ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون. فەرمانگەی میدیا و زانیاری ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢  


درەو - شۆڕشنامە  موحسین عەلی ئەكبەر لە كتێبی بیرەوەریەكانیدا بەم شێوەیە باس لە سەرچاوەی داهاتی شۆڕش,و باوڵەكەی دلێری سەید مەجید دەكات: یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دوو سەرچاوەی داهاتی هەبوو. یەكێكیان بریتی بوو لەو كۆمەك‌و یارمەتی‌و هاوكارییانەی كە لە ڕێگەی رێكخستنەكانی ناوەوەی وڵات كۆدەكرایەوە، لەگەڵ ئەو باجە گومركیانەی سەر سنورەكان‌و بەكرێدانی ئەو سامانە سروشتیانەی لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا بوون. بەشەكەی تریشی ئەو كۆمەك‌و یارمەتیانە بوو كە لەلایەن دۆستەكانمانەوە لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهات.. ئەمیش ناو بەناو، بەپێی پێویست بە جانتای دیبلۆماسی لەڕێگەی باڵێوزخانەی سوریاوە دەهات. هەر جارەو (10 بۆ 12) دەفتەر دۆلار  زیاتر یان كەمتر  بوو. بێگومان وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە لەو زەمان‌و سەردەمەو گەیاندنی بۆ ناوزەنگ، كارێكی ئاسان نەبوو. بەتایبەتی هیچ كەسێكی ئێمەومانان، بەڵگەنامەیەكی فەرمی ئێرانمان پێ‌ نەبوو شایانی ئەوە بێ‌ كە لە خاڵەكانی پشكنیندا بە ئاسانی‌و بێ‌ كێشە تێپەڕبین‌و هیچ گێچەڵێكمان پێ نەكرێ‌.. كارێكی وا هەردەبێ‌ رووبەڕووی كەسێكی وردەكارو خاوەن سەلیقەو بە تەدبیری وەك دلێری سەید مەجید بكرێتەوە. هەر ئەو دەیتوانی ئەو ئەركە قورسە لە ئەستۆ بگرێ‌. كاك دلێر باوڵێكی پێ‌ بوو، پێشتر بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكرابوو. بەرگە ناواخنێكی پلێتی هەبوو، بە ئەندازەی ناوەوەی باوڵەكە، بنەكەی لەگەڵ بنی باوڵەكە بۆشاییەكی دروستدەكرد. دەفتەرە دۆلارەكان لەو بۆشاییەی بنی باوڵەكە بە ریز دادەنران‌و ئەمجا بەرگە ناواخنەكەی لەسەر دادەنراو بە بورغو قایم دەكرا، ئیتر كەس هەستی پێنەدەكرد. جاری وایش هەبوون كاك دلێر بۆ ئیشوكاری تر دەهات، كەچی رووبەڕووی ئەو ئەركە دەبووەوە، بەڵام باوڵەكەی پێ‌ نەدەبوو. هەموومان دۆش دادەماین. بیرمان لێدەكردەوەو بە هیچ ئەنجامێك نەدەگەیشتین، تەنیا ئەوە نەبێ‌ كە بگەڕێتەوە بۆ ناوزەنگ‌و باوڵەكە لەگەڵ خۆیدا بێنێ‌. دوای تۆزێك لە بیركردنەوە چارەسەرێكی دەدۆزییەوە كە بە خەیاڵی كەسدا نەدەهات. باسیشی نەدەكرد. ئەوەندە نەبێ‌ كە دەیگوت ئاسانە خۆم چارەسەری دەكەم! دوایی لەگەڵ مندا پێكەوە دەكەوتینە جێبەجێكردنی داهێنانەكەی، ئەویش كڕینی تایەو ویلێكی ئۆتۆمبێل بوو، لەگەڵ پامپێكی گەورەی دەستی. دەفتەرە دۆلارەكانمان لەسەر پارچە نایلۆنێك بەڕیز رێكدەخست‌و دەمانپێچایەوەو دەماننووساند بە بنی تایەكە لە ناوەوە، ئەمجا چوپ‌و ویلەكەمان لەسەر قایم دەكرد‌و بە پامپەكەش هەوامان تێدەكرد، ئیتر هی ئەوە نەبوو گومانی كەس بەلای شتێكی وادا بچێ‌ كە ئەوە جگەلە تایەیەكی ئاسایی بەولاوە هیچی تر بێت، ئا ئەمە یەكێك بوو لەو كارە داهێنەرانەی دلێر كە دەیان كاری لەو بابەتانەی ئەنجامداوە، لەكاتێكدا كاری وا لەو سەردەمەدا هی ئەوە بوو لەسێدارە بدرێ‌. ئێستاش هەندێك ئەوەندە بەبێ‌ بایەخ باسی ئەو سەردەمەو ئەو كارانە دەكەن‌و بە هیچی دەزانن‌و دەڵێن جا ئەوە چییەو چیتان كردووە! سەرچاوە: موحسین عەلی ئەكبەر (1950 - 2021): نەمریی بیرەوەری/ گێڕانەوەو بیرەوەری (1970 - 1983)، چاپی یەكەم، 2021، سلێمانی، لاپەڕەكانی (351 تا 353).  


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)   جەنگی داهاتوو بە شێوەیەکی زۆر خێرا لە جەنگی مرۆڤەکانەوە بۆ جەنگی نێوان ماشینەکان هەنگاودەنێت. جەنگی ماشێنەکان، جەنگێکی بێبەزەییە، نە لێبوردنی تێدایە نە خۆبەدەستەدان، بەڵکو یەک ئامانج ئاراستەیدەکات، ئەویش لەناوبردنی دوژمنە. بەکارهێنانی چەکی دوورمەودا لە سەدەی دوازدەوە کێشەی ئێتیکی بۆ سیاسەت و جەنگگێڕان دروستکردووە. بۆ نموونە ڕمکەوان Crossbow کە دەزگایەکی کوژەرترە لە تیروکەوان، لەسەدەکانی ناوەڕاستدا لە چین و ئەوروپا و پاشان لە لەشکری عوسمانییەکانیشدا بەکاردەهێنرا. ڕمکەوان گۆڕانکارییەکی خێرای لە ڕێڕەوی جەنگدا دروستکرد، چونکە هیچ سوارچاکێک نەیدەتوانی بەو بەرگە قەڵغانییەی لەبەریدایە، خۆی لە مەترسییەکانی ڕمکەوان بپارێزێت. ڕمکەوان چەکێکی کوژەری نوێ بوو بەپێچەوانەی چەکەکانی ترەوە پێویستی نەدەکرد جەنگاوەربیت بۆئەوەی بەکاریبهێنیت، بەڵکو هەم پیر و هەم ژن و هەم هەرزەکاریش دەیانتوانی لەکاتی جەنگدا ئەم چەکە بەکاربهێنن و بەو شێوەیە وەک جەنگاوەرێک ڕۆڵی کاریگەر لە هێرشکردن یان بەرگرییکردندا بگێڕن. لەسەدەی دوازدەیەم داهێنانی ڕمکەوان وای لە پاپا ئینۆزێنزی دووەم کرد نەفرەت لەم چەکە بکات، چونکە هەموو بەهاکانی جەنگی سوارچاکیی هەڵگێڕایەوە. داوادەکرا لانی کەم ئەم چەکە لە جەنگی نێوان دەوڵەتە مەسیحییەکان بەکارنەهێنرێت و لە جەنگی دژ بە دوژمنانی مەسیحییەتدا بەکاربهێنرێت.  لە قۆناغێکی تردا کەم تا زۆر هەمان وتووێژ سەبارەت بە چەکی قەناس دروستبوو، بەڵام لەم دوو چەکە پڕگرفتتر و پڕگفتوگۆتر چەکی دڕۆنە کە تادێت گەشەی زیاتری پێدەدرێت و خەریکە لەهەندێ حاڵەتدا سەربەخۆیی خۆشی لە کۆماندۆی ئینسان وەربگرێت و خۆی بیربکاتەوە و بڕیاربدات. ئەم چەکە مۆدێرنە لای رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ وەک هەڕەشەیەک بۆ کۆتایی مرۆڤایەتیی ناودێڕدەکرێت.  چەکی فوڵئۆتۆماتیکی رۆبۆتئاسا و درۆن کە سەربەخۆ کاردەکەن، ئەو تەکنەلۆژیایەیە کە وڵاتانێکی زۆر کاری گەشەپێدانی دەکەن. هەر ئێستا ئەمریکا فرۆکەی درۆنی هەیە کە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لەفڕین بەردەوامدەبێت کاتێک دەکەوێتە ناو نشێو و دۆڵەوە و هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ نێوەندی بڕیاردا نامێنێت. پرسیارەکە لەڕووی ئەخلاقیی و یاساییەوە بۆیە پڕکێشە و پڕگرفتە، چونکە ئەم ماشێنە کوژەرە تاوەکو ئێستا، ناتوانێت لەنێوان سەربازێک کە خۆی بەدەستەوە دەدات و سەربازێک کە دەجەنگێت و ئامادەی دیلێتیی نییە جیاکاریی بکات. کێشەیەکی تری رۆبۆت و درۆن ئەوەیە کە دەتوانرێن لەلایەن دوژمنەوە هاکبکرێن و پاشان ڕاستەوخۆ دژ بە دروستکەرەکەی خۆی بەکاربهێنرێنەوە. بە پێچەوانەی دیلەوە کە شەڕ بۆ دوژمنەکەی ناکات، رۆبۆت، درۆن یان چەکی ئاراستەکراوی کۆمپیوتەریی بێ هیچ کێشەیەکی ئەخلاقیی و ویژدانیی و سڵەمینەوەیەک دەتوانێت ببێت بە جاشی هێزەکەی تر و دژ بەو لایەنە بجەنگێت کە دروستیشی کردووە. بەم چەشنە شەرەف و وەلائەت و مێرخاسیی کە سێ خەسڵەتی بەناوبانگی سوارچاکەکانی جەنگی کۆن و تەقلیدین، لە جەنگی مۆدێرنی ئەلەکترۆنییدا بوونی نامێنێت.  گەر لەئاستی ئێتیکییدا بەکارهێنانی درۆن مەترسییەکی گەورە بێت بۆ یاسای نێودەوڵەتیی ئەوا لە ئاستی ستراتیژی جەنگدا دڕۆن گەورەترین بازدانی نەوعییە بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگ و کەمکردنەوە یان نەهێشتنی قوربانیی سەربازیی لەکاتی جەنگدا. جەنگی درۆن جەنگێکی تاکلایەنەیە. تاکلایەنەیە، چونکە هێزی خاوەن درۆن وەک ڕاوچییەکی بێترس و هیچ ڕیسکێکی گیانیی، دەتوانێت شەو و ڕۆژ دوژمنەکانی ڕاوبکات و ڕاوکراویش لە دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامدا بژی و کونە مشکی لێببێتە قەیسەری. دڕۆن ئەو تەکنەلۆژیایەیە کە تەنها چاودێری و دیسپلینی دوژمن ناکات، وەک فوکۆ لە شیکاری بەندیخانەی مۆدێڕندا بۆمان ڕووندەکاتەوە، بەڵکو رەهەندێکی تری دەبێت کە لەناوبردنە. واتە کاتێک باس لە چەکی درۆن دەکەین هەردوو رەهەندی چاودێرییکردن و لەناوبردن لە دۆخی باڵای خۆیاندان. درۆن واتە پرۆسەی دەستکاریکردنی قووڵی ڕووبەری ژیانی ئەوانەی ڕاویاندەنێت و گۆڕینێتی بە زیندانێک کە کەسەکان خۆبەخشانە و ئازادانە خۆیان دیلدەکەن، بۆئەوەی نەچنە دەرەوە و نەکەونە بەر چاوی هەڵۆئاسای دڕۆنەکان. دڕۆن پرۆسەی بەگەمەکردنی Gamification کردەی کوشتنە لەناو دونیای واقیعییدا. واتە کوژەر کەسێکە لەژوورێکی فێنکدا، لەپشت کۆمپیوتەرەکەی دانیشتووە و لە یەکێک لە شارە دوورەکانی ئەمریکاوە کۆنترۆڵی درۆنەکەی لە ئەفغانستان یان یەمەن، پاکستان یان عێراق و سوریا دەکات و بەدوای ئامانجەکانیدا دەگەڕێت. کەسی ڕاونراویش لەناو شاخی سارد، یان بیابانی گەرمدا وەک نێچیرێکی دەستەمۆ و بێدەسەڵات ڕاودەکرێت. وەزیفەی سەرباز لە سەردەمی درۆندا دەگۆڕێت بۆ جەلادێک کە دواچرکەی ژیانی قوربانییەکەی دیاریدەکات. جەلاد بەو مانایەی هەستسڕ دەبن. ژمارەیەکی زۆری ئەو سەربازە ئەمریکییانەی کە بە چەندین رۆژ و هەفتە چاودێری قوربانییەکانیان دەکەن و پاشان لە چرکەساتێکدا دەکرێنە ئامانج و دەیانکوژن، تووشی نەخۆشی زەبری دەروونی (تراوما) دەبن.   گەر وەزیفەی درۆن وەک درێژکراوەی وەزیفەی پۆلیس تەماشابکرێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا، ئەوا دووبارە کێشەی ئێتیکی گەورە لە بەکارهێنانی درۆندا هەیە. پۆلیس بۆئەوەی یەکێک دەستگیربکات، دەبێت فەرمانی دادگای پێبێت یان وەک بەرگریی لەخۆکردن چەک دەردەهێنێت، بەڵام دەبێت کەسەکە ئاگاداربکاتەوە لەوەی کە خۆی بەدەستەوە بدات، ئەگینا تەقەی لێدەکرێت. لەهەردوو حاڵەتەکەدا درۆن کێشەی یاسایی هەیە، کەسی بەئامانجگیراو نە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە و نە داواشی لێدەکرێت خۆی بەدەستەوەبدات. تەنها وەزیفەیەک درۆن لە ڕاوکردنی دوژمندا دەیگێڕێت بریتییە لە کوشتنی ڕووت. زۆرێک لە جەنگناسان و بیریاران پرسی مۆڕاڵ لە ڕووە فەلسەفییەکەی بەکارهێنانی درۆن دەگێڕنەوە بۆ ئەو خاڵەی کە کوشتن لە جەنگدا بۆیە لەڕووی یاساییەوە ڕێگەپێدراوە، چونکە کەسی بکوژ دەشێت خۆشی لەکاتی ڕووبەرووبوونەی لەگەڵ دوژمنەکەی لە گۆڕەپانی جەنگدا، بکوژرێت. واتە سەرباز لەکاتی جەنگدا سەرباز دەکوژێت، چونکە هەردوولایان یەکتر دەبینن و ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. هەرچی جەنگی درۆنە تەنها بکوژ کوژراو دەبینێت و کوژراو نە لە سەنگەردایە و نە دەتوانێت بەرگریی لە خۆی بکات و نەدەتوانێت هەڵبێت. بۆیە ئەم پرسە لەڕووی ئەخلاقیی جەنگەوە پڕکێشەیە.  ماویەتی  


درەو: پێشەکی: ڕوانگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئیدارەدانی مەلەفی نەوت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوو كۆمپانیای گشتی داده‌مه‌زرێنێت ئه‌وانیش كۆمپانیای هه‌رێمی كوردستان بۆ نه‌وت و غاز (KROC) كه‌ تایبه‌تمه‌ند ده‌بێت له‌ بواری دۆزینه‌وه‌ و ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و غاز، هه‌روه‌ها كۆمپانیای كوردستان بۆ به‌بازاڕكردنی نه‌وت (KOMO) كه‌ تایبه‌تمه‌ند ده‌بێت به‌ بازاڕكردنی نه‌وت.  ده‌كرێ له‌ لایه‌ك هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان هه‌ر دوو  كۆمپانیاكه‌ هه‌بێت، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانی و كۆمپانیای سۆمۆ له‌ بواره‌كانی هه‌مان په‌یوه‌ندی هه‌بێت، هاوكات له‌گه‌ڵ بوونی هه‌مان په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدڕاڵ و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. هه‌موو ئه‌مانه‌ و ته‌واوكردنی ستراكچه‌ری كۆمپانیای سۆمۆ و هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی و كردنی به‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی فیدڕاڵی پێویست به‌ بڕیاری هاوبه‌ش ده‌كات، كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌شدارییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ له‌و كۆمپانیایه‌ بكات و پۆستی جێگری سه‌رۆكی كۆمپانیاكه‌ بۆ ئه‌و بێ، هاوكات له‌گه‌ڵ بوونی دوو نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌ڕێوه‌بردن و جومگه‌كانی كۆمپانیاكه‌، هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستان مافی ڕه‌تكردنه‌وه‌ (ڤیتۆ)ـی هه‌بێت سه‌باره‌ت به‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌. ١. سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی پابه‌ندییه‌ داراییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ده‌رئه‌نجامی دۆسیه‌ی نه‌وت و غاز، بۆچوونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌دا كورت ده‌بێته‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ فرۆشتنی بڕی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ هه‌رێم له‌ ڕێگه‌ی هه‌مان كۆمپانیاكان، هاوكات له‌گه‌ڵ پێویستی دووباره‌ چاو خشاندنه‌وه‌ به‌ گرێبه‌سته‌كان له‌ ڕووی نرخ و لابردنی هه‌موو كۆت و ئاسته‌نگه‌كان كه‌ كۆمپانیای سۆ به‌رانبه‌ر به‌ پرۆسه‌كانی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان دایناوه‌. ٢. له‌ باره‌ی داهاتی نه‌وتی هه‌نارده‌كراو له‌ لایه‌ن هه‌ریمه‌وه‌، پێویسته‌ ئه‌م داهاتانه‌ بۆ هه‌ژمارێكی بانكی بگوازرێته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان خۆی هه‌ڵیبژێرێ و سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌بردنی بكات، هاوكات له‌ میانه‌یه‌وه‌ گواستنه‌وه‌ی دارایی بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕاسته‌وخۆ بێت بۆ ئه‌وه‌ی شایسته‌ی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ بدات، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان بگوازرێته‌وه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ پشكی بودجه‌ی فیدڕاڵی، تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ به‌شه‌كانی تری له‌ پشكی بودجه‌ی فیدڕاڵی له‌ لایه‌ن حكومه‌تی فیدڕاڵه‌وه‌ به‌ ده‌ست ده‌گات. بەشی یەکەم: ساڵ: ٢٠١٩ چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ١. پێکهێنانی لێژنەی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان: دوای متمانەدان بە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن پەرلەمانی کوردستان لە ١٠ ی تەمموزی ٢٠١٩ زایینی، شاندێک بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکومەت لە ١٦ی تەممووزی ٢٠١٩ سەردانی بەغدای کرد، ئەنجامی ئەم سەردانەش پێکهێنانی لێژنەیەکی باڵا بوو لە نێوان هەردوولا. ٢. لە ڕێکەوتی ٢٥/٧/٢٠١٩ی زایینی، حکومەتی هەرێمی کوردستان کارنامەیەکی پێشکەش کرد بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفتانەی بە هەڵواسراوی لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ماونەتەوە، گرفتەکانیش بریتین لە: ـ پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکان ـ پرسی نەوت و غاز ـ پرسە داراییەکان ـ پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی فیدراڵی. ئەم کارنامەیەش لە یەکەمین کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای هاوبەش لە ڕێکەوتی ٢٥/٧/٢٠١٩ی زایینی، گفتۆگۆی لەسەر کرا و حکومەتی هەرێم جەختی لەسەر پابەندبوونی خۆی لە بواری نەوت و دارایی کردووە بەرامبەر پێدانی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم. ساڵ: ٢٠٢٠ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عادل عەبدولمەهدی لە حکومەتەکەی د.عادل عەبدولمەهدی، لەسەر یەکەمین پڕۆژەی بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ڕێککەوتن کرا. لەمبارەیەوە شاندێکی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی و ئابووری، چەندین کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵ ئەنجام دا لەم کۆبوونەوەیەش ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوولای لێکەوتەوە، لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠، لەم پڕۆژە یاسایەدا جەخت لەسەر پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە بەتایبەت نەوت و دارایی، کارنامەی بنەما سەرەتاییەکانیش بەم شێوەیەیە:  ١. حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو بە کۆمپانیای (سۆمۆ) داهاتەکانیش لە ئەژماری حکومەتی فیدراڵ دادەنێت، لەگەڵ ئاگادارکردنەوی (سۆمۆ) دەربارەی هەموو گرێبەستەکانی رابردووی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، هەروەها نرخ و بەهای گواستنەوەی نەوتە خاوەکە، ڕێککەوتنی فرۆشتنی نەوت بۆ ئەو کۆمپانیایانە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و ئەو کۆمپانیایانە دەکرێت.  ٢. ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کرا توانای بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بڕی ٤٥٠ هەزار بەرمیل بێت لە ڕۆژێکدا، هەروەها حکومەتی هەرێم هەموو زانیاری و داتای تایبەت لەو بڕەی دەمینێت لە بەرهەمی گشتی هەرێم بە تێچووی پێشبینیکراو پێشکەش بکات بە بڕی ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەم بارەوەش چەندین ڕاپۆرت بە وردەکاریی لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم و هەناردەکردن و فرۆشتن و بەکارهێنان و سەرمایەگوزاریی و وردەکاریی خەرجی تایبەت بە پڕۆسە و کاروباری تایبەت بە نەوت پێشکەشی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کران.  ٣. گواستنەوەی داهاتە نەوتییەکان لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵ بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بەپێی حوکمی یاسایی کارگێری دارایی فیدراڵ ژمارە (٦) بۆ ساڵی ٢٠١٩ی زایینی. لە بەرامبەر ئەم خاڵەدا، پشکی هەرێمی کوردستان بە بڕی ١٢ تریلیۆن و ٥٧٧ ملیارو ٨٧ ملیۆن و ٢٢ هەزار دینار دەستنیشان کرا، کە دەکاتە (٨٥٧ ملیۆن دۆلار بۆ هەر مانگێک)، ئەمە جگە لە گوژمەی گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم بەبڕی ٢٩ ملیۆن دۆلار بۆ هەر مانگێک و لەسەر بنەمای کۆی گشتی خەرجی فیعلی (خەرجی ڕەوەن) و(النفقات الجاریە و  خەرجی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان)، بەڵام بارودۆخی سیاسی ئەوکات و دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی د.عادل عەبدولمەهدی ڕێگر بوون لەوەی ئەم پڕۆژەیە پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت.  ساڵ: ٢٠٢٠ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتەکەی مستەفا کازمی ١. حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی خۆی لەسەر نامەی وەزیری دارایی فیدراڵ د.عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی (ژمارە ٨٠٢) لە ١٩/٥/٢٠٢٠ی زایینی، لەسەر ئەم بنەمایە چەندین کۆبوونەوە لەنێوان نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا، لە ئەنجامدا ڕێککەوتن لەبارەی چەندین بەندی تایبەتییەوە کرا بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسە داراییە هەڵواسراوەکان، ئەم خاڵەش ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بە نووسراوی ژمارە (١٣٢٢٩) لە ڕێککەوتی ١٥/٨/٢٠٢٠ی زایینی جەختی لەسەر دەکاتەوە.  ئەم ڕێککەوتنە ئاماژە بەوە دەکات: ـ پێوسیتە وەزارەتی دارایی فیدراڵ مانگانە بڕی ٣٢٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت وەک بەشێک لە خەرجییەکانی هەرێم. ـ ئەم بڕە پارەیەش لەسەر بنەمای هاوکێشەیەکی ژمێریاری دەستنیشان کراوە. ـ ئەو بنەما هاوکێشییە ژمێریارییەش بریتییە لە خەمڵاندنی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەو داهاتە نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێن و داهاتەکانی دیکەی هەرێم. ـ ئەمەش دەیسەلمێنێت کە حکومەتی فیدراڵ بڕی هەموو داهاتەکانی خەرێمی کوردستانی بە داهاتی نەوتی و داهاتەکانی دیکەی لە شایستە فیعلییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵ بڕیوە. ٢. بە پێی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ، پشکی هەرێمی کوردستان ١٢,١٦% بوو، بەڵام هەرێمی کوردستان بڕی تەنیا ٣٢٠ ملیار دیناری لە حکومەتی فیدراڵەوە پێ دەگەیشت، سەرەڕای ئەم ڕێککەوتنەش هەرێمی کوردستان هیچ بڕە پارەیەکی لە بری مانگەکانی (ئایار، حوزەیران، تەمموز و تشرینی یەکەم)ـی ٢٠٢٠ وەرنەگرتووە و هیچ پاساوێکیش بۆ ئەم نەناردنە نەبوو، جگە لەوەش هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی پێشمەرگە خەرج نەکراوە، سەرەڕای دانانی خەرجی پێشمەرگە وەک بەشێک لە دەرماڵەکانی وەزارەتی بەرگری، بۆ زانیاریش ڕێککەوتن کراوە لەسەر پڕۆژەی دووەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ و ناردراوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.  تێپەڕاندنی یاسا بە پێچەوانەی بنەماکانی دەستوور تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بە پێچەوانەی بنەماکانی دەستوور: جگە لە ناڕەزایی هەرێم لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ بەشداری نوینەرانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، دەقی ماددەی (٧)ی ئەم یاسایە دەڵێت: پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتی خەرجی فیعلی (خەرجی ڕەوەن – جاری و پڕۆژەی وەبەرهینان) ئەژمار دەکرێت هەروەها مەرجی بۆ ئەم خەرجیانە داناوە بۆ هەرێم بریتییە لە ڕادەستکردنەوەی نەوتی هەرێم جگە لە داهاتی دیکەی نەوتی.  هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی هەرێمی کوردستان  جەخت لەسەر هەڵوێستی خۆی کردووەتەوە. هەڵوێستی خۆی بە پێی هەردوو نووسراوی ژمارە (١٨٣٩) ڕێکەوتی ٥/١٠/٢٠٢٠ و ژمارە (٣٧٩) لە ڕێکەوتی ١٨/١٠/٢٠٢٠ دووپات کردەوە، جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکاتەوە: ١. ڕادەستکردنی ئەو داهاتەی لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان هاتووە، هەروەها پشتبەستن بە حوکمی یاسای کارگێریی دارایی فیدراڵی ژمارە (٦) بۆ ساڵی ٢٠١٩. ٢. دەرچوواندنی یاساکانی (نەوت و غازی فیدراڵ، دابەشکردنی داهاتی فیدراڵ، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی، کۆمپانیای فرۆشتنی نەوت). ٣. ڕادەستکردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بەو ڕێژەیەی لە یاساکەدا بڕیاری لەسەر دراوە. ٤. بە دووپاتکردنەوەی پڕەنسیپی شەفافیەت پشتبەستن بە حوکمی بڕگەی/دووەم، بەندی /ب لە ماددەی (٣٤)ـی یاسای کارگێریی دارایی فیدراڵ ژمارە (٦) بۆساڵی ٢٠١٩. ٥. حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ لارییەکی نییە لەبارەی به‌ڕێوەبردنی گومرگەکان بە پێی حوکمی بڕگەی/ یەکەم لە ماددەی (١١٤)ـی دەستووری عیراقی فیدراڵ. ٦. حکومەتی هەرێمی کوردستان وای دەبینێت ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی فیدراڵ بە قەرز وەریدەگرێت پێویستە ڕێژەیەکی دادپەروەرانەی لێ دیاری بکرێت بۆ هەرێمی کوردستان، ئەم پرسەش بە ڕوونی لە ماددەی (١٠٦) ی دەستووری عێراق جەختی لەسەر کراوەتەوە. ٧. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی فیدراڵ  لە بواری وزەدا، بە هەر دوو دۆسیەی کارەبا و غازیشەوە، بە پێی ئەو ڕێکارە یاساییانەی هە ردوو لا لەسەری ڕێک کەوتوون.  ٨. نووسراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان/ نووسینگەی سەرۆک وەزیران ژمارە (٥٠٠) لە ٢٦/١١/٢٠٢٠:  لە کۆبوونەوەی ژمارە (٤٥) له‌ ڕێکەوتی ٢٥/١١/٢٠٢٠ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بۆ سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ نارد، تیایدا جەخت لەسەر هەڵویستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لەگەڵ دیدی حکومەت بۆ گەیشتن  بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەبارەی پڕۆژ یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٠.  بەشی دووەم دیــوانی ئەنجوومــەنی وەزیــرانی حکومــەتی هەرێمــی کوردســتان نــووسراوی بــۆ ئەمیندارییه گشــتیی ئەنجومەنــی وەزیرانی عێراقــی فیــدراڵ کــردووە کــە خــۆی وەڵامــی "نــوورساوی ژمــاره ٢/٥/٨٨٥٧ لــه ڕێکــەوتی ١/٤/٢٠٢٠"ـــه کــە ئاراسـتەی وەزارەتـی دارایـی حکومـەتی هەرێـم كرابـوو بـۆ ڕاگرتنـی خەرجكردنـی مووچــەی فەرمانبەرانــی هەرێمــی كوردســتان و لــە وەڵامیــدا هاتــووە: یه‌كه‌م: سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشتریش و تا ئێستاش ئامانجی چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ به‌ پێی ده‌ستوور و پشت به‌ستن به‌ مادده‌كانی به‌و پێیه‌ی هه‌رێمی كوردستان قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستوورییه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدڕاڵ. دووه‌م: دەستوور مافی بەشداریکردنی وەک بنەمایەکی دامەزرێنەری سیستەمی فیدراڵی بۆ ئەو هەرێم و پارێزگایانە مسۆگەر کردووە کە لە دەسەڵاتی فیدراڵیدا بە پێی بنەماکانی یەکسانی و دەرفەتی یەکسان و دادپەروەری ڕێک نەخراون بۆ هەرێمێک، كه‌ ناكرێت دروست ببێت به‌بێ بوونی بنه‌مای یه‌كسانی له‌ نێوان هاووڵاتیانی هه‌رێمه‌كان و پاڕێزگاكانی تری عێراق له‌ ڕووی سوود وه‌رگرتن و پیاده‌كردنی مافه‌كانیان، له‌ ناویشیاندا مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی فه‌رمانبه‌ران، له‌ ڕاستیدا فه‌رمان كردن به‌ ڕاگرتنی خه‌رجكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان پێشێلكارییه‌، به‌ تایبه‌تی خه‌رجكردنی مووچه‌ی فه‌رانبه‌رانی حكومه‌تی فیدڕاڵ له‌ پازده‌ پارێزگا عێراقییه‌كه‌ی تر به‌ ئاسانی ده‌ڕوات به‌بێ بوونی هیچ لێدوانێك له‌سه‌ر مه‌رجه‌كان، جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان هیچ جیاوازییه‌كیان له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌رانی ته‌واوی به‌شه‌كانی تری عێراق  نییه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی قه‌واره‌ی یه‌ك ده‌وڵه‌تدا خزمه‌تی گشتی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن. سێیه‌م: له‌ مادده‌ی (56)ـی یاسای كارگێڕی دارایی فیدڕاڵی ژماره‌ (٦)ـی ساڵی ٢٠١٩ دا هاتووه‌ كه‌ له‌ واده‌ی ده‌رچوونییه‌وه‌ ده‌ست ده‌كرێت به‌ ساڵی دارایی داهاتوو، هه‌روه‌ها مادده‌ی یه‌كه‌م/ بڕگه‌ی (نۆیه‌م) له‌ ساڵی دارایی وا پێناسه‌ی كردووه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ كه‌ تێیدا یاسای بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵی جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌ شێوه‌یه‌ك یاسای بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ تا ئێستا بڕیاری له‌سه‌ر نه‌دراوه‌، بۆیه‌ ساڵی دارایی تا ئێستا ده‌ستی پێ نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ش واتای وایه‌ كه‌ ئه‌م یاسایه‌ نه‌چووه‌ته‌ واری جێبه‌جێكردن، هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌رنه‌كردنی ڕێنماییه‌كان كه‌ كارئاسانی بۆ جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ ده‌كات له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ به‌ گوێره‌ی مادده‌ی ٥٤ی یاساكه‌، هه‌روه‌ها نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی دارایی فیدڕاڵی جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستی ده‌ركردنی ئه‌و ڕێنماییانه‌ كرده‌وه‌ له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٠ له‌ به‌غدا. چواره‌م: بۆ سه‌پاندنی ڕاستی جێبه‌جێكردنی یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی، بڕگه‌ی یه‌كه‌م له‌ مادده‌ (13)ـی یاساكه‌، وه‌زیری دارایی پابه‌ند كردووه‌ به‌ ده‌ركردنی گشتاندن بۆ خه‌رجكردن به‌ ڕێژە‌ی ١/١٢ له‌ كۆی گشتی خه‌رجییه‌ ڕاسته‌قینه‌كانی تایبه‌ت به‌ خه‌رجییه‌كانی ساڵی دارایی ڕابردوو واته‌ ساڵی (٢٠١٩) و له‌سه‌ر بنه‌مای مانگانه‌ تاكو په‌سندكردنی یاسای بودجه‌ی گشتی ساڵی ٢٠٢٠، هه‌روه‌ها بڕگه‌ی سێیه‌می هه‌مان مادده‌ زانیارییه‌ كۆتاییه‌كانی دارایی ساڵی ڕابردوو (٢٠١٩)ـی له‌سه‌ر بنه‌مای زانیارییه‌ داراییه‌كانی ساڵی ٢٠٢٠ دیاری هه‌ژمار كردووه‌. پێنجه‌م: هه‌رێم مانگانه‌ مافی خۆیه‌تی ١/١٢ـی خه‌رجییه‌ ڕاسته‌قینه‌كانی خه‌رجییه‌ داراییه‌كانی ساڵی دارایی ٢٠١٩ وه‌ربگرێت وه‌ك ته‌واوی پارێزگاكانی تری عێراق و به‌ پێی خشته‌ی ژماره‌ (١)ـی هاوپێچكراو، له‌و كاته‌ی هه‌روه‌ها پێچه‌وانه‌ی مادده‌كانی یاسای كارگێڕی دارایی ماوه‌ی سێ مانگی یه‌كه‌می ساڵی ٢٠٢٠ هیچ خه‌رجییه‌ك له‌ شایسته‌ داراییه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان خه‌رج نه‌كراوه‌، جگه‌ له‌ خه‌رجییه‌ ڕاسته‌قینه‌كانی تایبه‌ت به‌ دابینكردنی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ده‌گاته‌ 452 ملیار دینار، كه‌ ئه‌مینداریه‌تی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی داوای ڕاگرتنی ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ش پێشلكاری ئه‌و یاسایه‌ كه‌ پشتی پێ ده‌به‌سترێت. شه‌شه‌م: مادده‌ی (١٠/ دووه‌م-ج) له‌ یاسای بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠١٩ حكومه‌تی فیدڕاڵ پابه‌ند ده‌كات به‌ دانی شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ناویشیاندا قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بڕینی بڕی زیانه‌كان له‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌گه‌ری ڕاده‌ستنه‌كردنی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی كه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی دارایی فیدڕاڵ بڕی ٤٥٢ ملیار دیناری مانگانه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان دابین كرد وه‌ك خه‌رجییه‌كان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه‌ كۆی گشتی ساڵانه‌ ده‌گاته‌ پێنج تریلیۆن و ٢٢٨ ملیار دینار له‌ كۆی گشتی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی خه‌رجی جاری و خه‌رجی وه‌به‌رهێنان له‌ ساڵی ٢٠١٩ كه‌ ده‌كاته‌ بڕی ١٠,٥٩٩,٠٢٥,٨١١ دینار له‌ ناویشیاندا دابینكردنی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ كه‌ ده‌كاته‌ بڕی ٨١٦ ملیار دینار له‌ چوارچێوه‌ی خشته‌ی خه‌رجییه‌ سیادییه‌كان، به‌ڵام هیچ بڕە شایسته‌ییه‌كی تری هه‌رێمی كوردستان له‌ ناویشیاندا مووچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ خه‌رج نه‌كراوه‌ وه‌ك جێبه‌جێكردنی مادده‌ی (١٠/ دووه‌م-ج) له‌ یاسای بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠١٩. كۆی گشتی ئه‌و بڕه‌ی كه‌ ده‌بوو به‌ هه‌رێمی كوردستان بدرێت، به‌ڵام كه‌ نه‌دراوه‌ وه‌ك له‌ خشته‌ی ژماره‌ (٢)ـی هاوپێچكراو ده‌رده‌كه‌وێت، زیاتره‌ له‌ به‌های ئه‌و زیانه‌ی كه‌ به‌ر داهاتی گه‌نجینه‌ی گشتی فیدڕاڵی كه‌وتووه‌ له‌ ئه‌نجامی ڕاده‌ستنه‌كردنی بڕی ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ به‌ كۆمپانیای سۆمۆ له‌ لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌. حه‌وته‌م: پشت به‌ستن به‌ بڕگه‌ی پێنجه‌می مادده‌ی (٢٧)ـی یاسای كارگێڕی دارایی بۆ ڕاگرتنی خه‌رجكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ به‌هۆی كۆمه‌ڵێك هۆكاره‌وه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، له‌وانه‌: ١. مادده‌ی (٢٧) له‌ یاساكه‌، وه‌زاره‌تی دارایی ڕاسپاردووه‌ به‌ دابه‌زاندنی (مبالغ المترتبە) له‌سه‌ر حه‌واڵه‌نه‌كردنی داهاتی نه‌وت و غاز و هه‌ر بابه‌تێكی تر له‌ لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه ‌له‌وانه‌ش (ته‌مویلكردنی ساڵانه‌ی هه‌رێمی كوردستان) نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای مانگانه‌، جێبه‌جێكردنی ئه‌مه‌ پێویست به‌ دیاریكردنی پاره‌داركردنی ساڵانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات به‌ پێی یاسای بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵ بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ست به‌ دابه‌زاندنی داهاته‌كان بكات. ٢. خه‌رجكردنی ڕێژە‌ی ١/١٢ له‌ كۆی گشتی خه‌رجییه‌ ڕاسته‌قینه‌كان بۆ خه‌رجییه‌ جارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی دارایی ساڵی ڕابردوو واته‌ (٢٠١٩) له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای مانگا تا ئه‌و كاته‌ی یاسای بودجه‌ی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ په‌سند ده‌كرێت، ڕێكارێكی یاساییه‌ و پشت به‌ستووه‌ به‌ حوكمه‌كانی بڕگه‌ی یه‌كه‌م له‌ مادده‌ی ١٣ـی یاسای كارگێڕی دارایی كه‌ به‌ شێواز (صیغە)ـیه‌كی ڕه‌ها هاتووه‌ بێ بوونی هیچ لێدوانێك له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕگه‌ی پێنجه‌م له‌ مادده‌ی ٢٧ی یاساكه‌، هه‌روه‌ها هیچ بۆچوون و ئیجتیهادێك له‌ ناوه‌ڕۆكی ده‌قه‌كه‌ بوونی نییه‌، بۆیه‌ هه‌ڵپه‌ساردنی خه‌رجكردنی ڕێژە‌ی ١/١٢ بۆ هه‌رێمی كوردستان هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی یاسایی نییه‌، چونكه‌ له‌ یاساكه‌دا هیچ ده‌قێك نییه‌ بۆ هه‌ڵپه‌ساردنی خه‌رجكردنی ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌زاندنی (مبالغ المترتبە) به‌هۆی حه‌واڵه‌نه‌كردنی داهاته‌كان له‌ لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌. ٣. بڕی ئه‌و زیانه‌ی به‌ر گه‌نجینه‌ی گشتی كه‌وتووه‌ به‌هۆی ڕاده‌ستنه‌كردنی ئه‌و بڕە‌ نه‌وته‌ی كه‌ ده‌بوو هه‌رێمی كوردستان بیدات له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠١٩ دابه‌زێندراوه‌، به‌ڵام  ئه‌م پرسه‌ بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠ پێویستی به‌ ده‌ركردنی یاسای بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ هه‌یه‌ كه‌ پڕۆژە‌یاساكه‌ی به‌ ڕێككه‌وتن له‌ لایه‌ن هه‌ر دوو حكومه‌تی فیدڕاڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٩ ئاماده‌ كراوه‌، كه‌ تێیدا پابه‌ندییه‌ دارایی و نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی دیاریكراوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌رجكردنی شایسته‌ داراییه‌ جێگیركراوه‌كان له‌ یاسای بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠، به‌م شێوه‌یه‌ له‌ ئێستادا میكانیزمێكی ڕوون بۆ دیاریكردنی چۆنیه‌تی دابه‌زاندنی داهاته‌كان له‌ پاره‌داركردن و خه‌رجی ساڵانه‌ی هه‌رێم بوونی نییه‌، كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ش پێویستی به‌ ده‌قێك هه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠ یانیش له‌ میانی لیژنه‌یه‌ك كه‌ له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش به‌ به‌شداری به‌ڕێزتان و به‌ڕێزان وه‌زیری دارایی فیدڕاڵ و نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ٢٠ـی نیسانی ٢٠٢٠ به‌ ڕێوه‌ چوو، پێشنیاز كرا. ٤. جە‌خت له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی ته‌واوه‌تی ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٩ دروست بووه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠، هیوادارین كه‌ ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكرێت له‌ ئه‌گه‌ری پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ، كه‌ بارودۆخی ئه‌م دواییانه‌ی عێراق حكومه‌تیان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و كابینه‌ی ئێستای حكومه‌ت ده‌ستی له‌ كار كێشایه‌وه‌ و ئێستا بووه‌ته‌ حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ ناتوانێت پڕۆژه‌یاسای پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكات. هه‌شته‌م: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌ پێی ده‌ستوور به‌شێكه‌ له‌ سیستمی به‌رگری عێراق و چه‌ندین قوربانی داوه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و له‌ناوبردنی تیرۆر، به‌ڵام تا ئێستا شایسته‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ مووچه‌ و خه‌رجییه‌كانی پڕچه‌ككردن و ئاماده‌كردن و مه‌شقپێدانه‌وه‌ی خه‌رج نه‌كراوه‌، سه‌ره‌ڕای بوونی ژماره‌یه‌ك ده‌ق له‌ ناو یاساكانی بودجه‌ی فیدڕاڵی له‌وه‌ته‌ی ساڵی ٢٠٠٥ـوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌ته‌ی ساڵی ٢٠٠٥ـوه‌ مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ بخاته‌ ئه‌ستۆی خۆی، هه‌روه‌ها له‌وه‌ته‌ی ساڵی ٢٠١٤ـوە به‌ هه‌مان شێوه‌ تێچووی جه‌نگی دژ به‌ داعشی له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌ سه‌ره‌ڕای بوونی ته‌نگژە‌ی دارایی به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ شوباتی ٢٠١٤ـەوە پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵ بڕاوه‌، هه‌روه‌ها مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ ساڵی دارایی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ خه‌رج نه‌كراوه‌ كه‌ ده‌گاته‌ بڕی ٦٨ ملیار دیناری مانگانه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ خشته‌ی خه‌رجییه‌ سیادییه‌كان بۆ ساڵی ٢٠١٩ جێگیر كراوه‌. نۆیه‌م: هه‌رێم پێشتر و ئێستاش زیاتر له‌ ملیۆنێك ئاواره‌ و په‌ناهه‌نده‌ی له‌ خۆ گرتووه‌، كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تێچووی خه‌رجی ئه‌و ئاواره‌ و په‌ناهه‌ندانه‌ی له‌ هاووڵاتیانمان له‌ پارێزگاكانی تر له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ ڕووی چاودێری ئاسایش و ته‌ندروستی و فێركردن و دابینكردنی پێداویستی و پێویستییه‌كانی بژێویان له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2014، ته‌واوی ئه‌وانه‌ش له‌ ڕاپۆرتی هاوپێچكراو خراونه‌ته‌ ڕوو، كه‌ هاوكات ڕوون كراوه‌ته‌وه‌ حكومه‌تی فیدڕاڵ هیچ به‌شدارییه‌كی نه‌كردووه‌. ده‌یه‌م: حكومه‌تی فیدڕاڵ له‌وه‌ته‌ی شوباتی ٢٠١٤ـەوە تا ساڵی ٢٠١٩ شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستانی ڕه‌وانه‌ نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ هه‌رێم په‌نا بباته‌ به‌ر دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ بۆ پاره‌داركردن و خه‌رجی و پێداویستییه‌كانی له‌ میانی قه‌زر كردن و گرتنبه‌ری ته‌قه‌شوف و ڕێكاری كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌ گشتییه‌كان و پاشه‌كه‌وتی ناچاری به‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، هاوكات له‌گه‌ڵ دابینكردنی خه‌رجی بۆ ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ په‌ناهه‌نده‌ و ئاواره‌كان و تێچووی جه‌نگی دژ به‌ تیرۆر، كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ وایانكردووه‌ هه‌رێمی كوردستان ڕووبه‌ڕووی بارگرانییه‌كی گه‌وره‌ی دارایی ببێته‌وه‌، هاوكات هه‌رێم پشتوانی له‌ ساغكردنه‌وه‌ی شایسته‌كان ده‌كاته‌وه‌ له‌ نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕاڵ بۆ هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ی ڕابردوو، ئه‌مه‌ش له‌ میانی میكانیزمگه‌لێك كه‌ له‌ یاساكانی بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵ بۆ دیاریكردنی ماف و ئه‌ركه‌كانی هه‌ر دوو لا ئاماژە‌ی بۆ كراوه‌. له‌ كۆتاییدا بۆ حكومه‌تی فیدڕاڵ دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان نه‌گۆڕە‌ و سیاسه‌ته‌كانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م دۆسیه‌یه‌ به‌ پێی ده‌ستوور و یاسا و له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شی ده‌بێت، داوا ده‌كه‌ین له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاسپارده‌ی هاوبه‌ش كه‌ هه‌ر دوو لا له‌ ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی به‌غدا له‌ ٢٠ـی نیسانی ٢٠٢٠ له‌ نێوان نوێنه‌رانی (ئه‌مینداریه‌تی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی دارایی فیدڕاڵ و شاندی هه‌رێمی كوردستان) پێی گه‌یشتووین، چاو به‌و ڕێكاره‌ بخشێننه‌وه‌ كه‌ له‌ نووسراوی سه‌ره‌وه‌تان ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، كه‌ دیاره‌ ناوه‌ڕۆكی  ئه‌م لێكتێگه‌یشتنه‌ هاوبه‌شه‌ ڕاسپارده‌ی ڕاگرتنی جێبه‌جێكردنی نووسراوه‌كه‌تان ده‌كات و داوای به‌رده‌وامی خه‌رجكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات وه‌ك سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی تری حكومه‌تی فیدڕاڵ، هاوكات له‌گه‌ڵ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ر دوو لا به‌ به‌شداری دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم بۆ دیاریكردنی ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ستۆی هه‌رێمدایه‌ له‌ پابه‌ندبوونه‌كان و مافه‌كانی له‌ ژێر ڕۆشنایی ده‌ستوور و یاساكانی بودجه‌ی فیدڕاڵی بۆ ساڵه‌كانی 2014 تاكو 2019 به‌ مه‌به‌ستی یه‌كلاییكردنه‌وه‌یان. هه‌روه‌ها ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ ده‌قۆزینه‌وه‌ بۆ دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕمان به‌ پابه‌ندبوون به‌ لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئاماده‌كردنی پڕۆژیاسای بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵ بۆ ساڵی دارایی 2020 له‌سه‌ری ڕێككه‌وتووین و تێیدا چاره‌سه‌ری پابه‌ندییه‌ دارایی و نه‌وتییه‌كانی نێوان هه‌ردوولامان كرد به‌ شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ كه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بكات، بۆیه‌ ئومێده‌وارین بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رێكی ڕیشه‌یی بۆ ئه‌و كێشه‌ هه‌ڵواسراوانه‌ له‌ میانی گه‌یشتن به‌ ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسای فیدڕاڵی هاوبه‌ش بۆ نه‌وت و غاز و دابه‌شكردنی داهاته‌كان. هاوپێچه‌كان: 1-    خشته‌ی ژماره‌ (1) خه‌رجییه‌ ڕاسته‌قینه‌كان و خه‌رجییه‌ جارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی دارایی 2019. 2-    خشته‌ی ژماره‌ (2) خه‌رجییه‌ ڕاسته‌قینه‌كانی تایبه‌ت به‌ نه‌وت و غاز بۆ ساڵی دارایی 2019. 3-    خشته‌ی ژماره‌ (3) شایسته‌كانی هه‌ریمی كوردستان به‌ گوێره‌ی یاسای بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی 2019. 4-    خشته‌ی ژماره‌ (4) تایبه‌ت به‌ بڕی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌نجامی تاوانه‌كانی ڕژێمی پێشوو له‌ ساڵی 1963 تاكو ساڵی 2003. 5-    ڕاپۆرتێكی تایبه‌ت به‌ زانیارییه‌ تایبه‌ته‌كان سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی ئاواره‌ و په‌ناهه‌نده‌كانی هه‌رێمی كوردستان و تێچووه‌كانیان. 6-    خشته‌ی ژماره‌ (5) پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵ و بڕی ناردراو له‌ ساڵی 2014 تاكو 2019. 7-    خشته‌ی ژماره‌ (6) خه‌رجییه‌كانی تایبه‌ت به‌ به‌های كڕینی كاره‌با له‌ هه‌رێم به‌ گوێره‌ی گرێبه‌سته‌كان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی (كار، قه‌یوان، فۆكس ئینه‌رجی، به‌ختیار گرووپ، ماس) كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و خه‌رجییانه‌ی به‌ دۆلار به‌ وه‌به‌رهێنه‌ران داوه‌ له‌ ساڵی 2019. 8-    خشته‌ی ژماره‌ (7) تایبه‌ته‌ به‌ دیاریكردنی بڕی وزه‌ی كاره‌بای ئاماده‌كراو بۆ پارێزگای كه‌ركووك كه‌ له‌ لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ سووته‌مه‌نی پێویستی بۆ دابین كراوه‌.


 درەو:  ئەحمەد عەزیز- کەرکوک 6/2022 وەک دەسپێک و پێش ئەوەی بچمە ناوەڕۆکی بابەتەکەوە، بە پێویستی دەزانم وەڵامی دو پرسیاربدەمەوە :- 1.    ئایا ئەگەر ڕیفراندۆم ئەنجام نەدرایا، سوپای عێراق هێرشی ئەنجام دەدا و دەستی بە سەرکەرکودا دەگرت!      بێگومان ئەگەر ڕیفراندۆمیش ئەنجام نەدرابایا حکومەتی عێراق هێرشی بۆ سەر کەرکوک ئەنجام دەدا وهەوڵی کۆنتڕڵکردنی دەدا، بەڵام لێکەوتە وئەنجامەکانی زۆر جیاوازتر دەبو وەک لەوەی ئێستا هەیە، لە حاڵەتێکی وەهادا، ئەوسا کورد دەیتوانی لوبی بۆ بکات وپشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ بە دەست بهێنێت لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە، کە پشتیوان وهاوکاری کورد بون لە سەرەتای ڕزگارکردنی کەرکوک لە ساڵی 2003 تا کوتایی هاتنی شەڕی دژی داعش  لە ساڵی 2017، چاوەڕوان دەکرا سوپای عێراق بە هەمان شێوەی پێش ساڵی 2014 بگەڕابایەتەوە بۆ کەرکوک بۆ هەمان ئەو سنور ودەسەڵاتەی هەیبو لە ڕابوردودا، بەڵام  وەک دیفاکتۆ دەسەڵاتی کورد وەکو خۆی دەمایەوە و بڕیاردەر دەبو، لە سەر بنەمای ئەوەش، کە لە مادەی ١٤٠دا هاتوە، ناوچەی جێناکۆک بە هاوبەشی لە نێوان هەرێم و ناوەند بەڕێوە دەبڕێت تا ئەو کاتەی چارەنوسی یەکلای دەبێتەوە.  2.     ئایا ئەگەر ڕیفراندۆم لە کەرکوک ئەنجام نەدرابایا، 16ی ئۆکتۆبەر ڕویدەدا، کەرکوک هەمان ئەو چارەنوسەی ئێسای دەبو!     ئەڵبەتە من پێم وایە ئەگەر ڕیفراندۆم لە کەرکوک ئەنجامنەدرایا، 16ی ئۆکتۆبەر ڕوی نەدەدا ، حکومەتی عێراق زەفەری بە کورد نەدەبرد، چونکە هیچ لایەنێکی کورد ئەوەندە لاواز نەدەبو تا بەو شێوە وئاستە بکەوێتە ژێر فشارەکانی (عێراق – ئێران -تورکیا) لە سایەی پشتیوانی هاوپەیمانان وئەمریکا، هەروەها پەیوەندی پارتی و عێراق نادەگەیشتە بنبەست لە گەڵ عێراق ولە کەرکوک ناوچەجێناکۆکەکان دەمایەوە، پێویستە ئەوەش بوترێت16 ی ئۆکتۆبەر بە دیویکی تردا کاردانەوە بو بەرانبەر بە کورد، چونکە کاتێک داعش سەری هەڵدا لە ساڵی 2014، لایەنی کورد لە کەرکوک هەڵیان کوتایە سەر هێزەکانی سوپای عێراق(فرقەی12  لە کەیون- لە موسڵیش کورد ڕۆڵی هەبو لە داڕمانی سوپای عێراق) و چەکیان کردن و بارەگاکانیشیان تاڵان کردن، هۆکارێکی تری سەرەکیش، کە پێویستە باسی بکەین ئەوەیە، کە یەکێتی وبزوتنەوەی گۆڕان ولایەنەکانی تریش بەشدار وهاوبەشی پارتی بون لە ئەنجامدانی ڕایفراندۆم، هەر لایەنەو بە گوێرەی دەسەڵات و قەبارەی خۆی، ئەگەر نا، پارتی بە تاقی تەنیا ئەستەم بو، بتوانێت ڕیفراندۆم ئەنجام بدات لە تەواوی کوردستان و کەرکوک، جگە لە کەمپینی نەخێر، کە دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بون.    دیارە کورد لە ماوەی سەدەی (100 ساڵ)ی ڕابوردو، پاش خەباتێکی بێوچان وبەخشینی ڕوبارێک خوێن لە پێناو ڕزگارکردنی کەرکوکدا، بۆ یەکەمین جار لە وەرچەرخان و ڕوداوێکی مێژویدا، لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991 توانی بۆ ماوەی نزیەکەی یەک هەفتە کەرکوک ئازاد بکات، هاوکاتی هەر شارێکی تری کوردستان، کە بێ گومان ئەوە دەلالەتێکی سیاسی ومێژوی گەروەی کوردستانی بونی کەرکوک بو، بۆ جارێکی تر و  لە پاش 12 ساڵ، لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە ساڵی 2003 ئیدارە ودەسەڵاتی کەرکوک سپێردرایەوە کورد، سەرەڕای ناڕەزایی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی تورکیا، لە ماوەی ئەو 14 ساڵەی حوکمڕانی کورد لە کەرکوک، خراپترین نمونەی بەڕێوەبردن ودەسەڵاتی کوردی پێشکەش کرا، کە دەبو کورد پێچەوانەکەی بکردبایا، ئەو ئەزمونە تاڵە، تەنانەت خودی کوردی دانیشتوی ناوچەکەش لێی نیگەران وناڕازی بون، بەشی هەرە زۆری دیاردەکانی، دوئیدارەیی وململانێی تەسکی حزبایەتی و گەندەڵی دەسەڵاتی کوردستان گوێزرایەوە و شۆڕکرایەوە بۆ کەرکوک بە زیادەوە، لە نمونەی (دو ئاسایش، دو پەروەردە ودو هێزی پێشمەرگە وتاد).  بۆیە پێکهاتەکانی کەرکوک لە دەرفەت وهەلێک دەگەڕان بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتی کورد خۆیان ڕزگار بکەن، ئەڵبەت کۆتای هاتنی شەڕ و سەرکەتن بەسەر داعشدا لە ساڵی 2017 و گلانی کورد بە ڕیفراندۆم لەو کاتە نامەدروس ونەگونجاوەدا، دو هەل ودەرفەتێکی زێڕین بو بۆ نەیاران، تا کۆتایی بە دەسەڵاتی کوردی لە کەرکوک و ناوچەدابڕێنداروەکان بهێنن، کە دەکاتە 51%ی  گەرنگترین بەشی خاکی کوردستان لە ڕوی جیوپۆلیتیکی و ئابوری وئیستراتیجی، کە هەردەم لە ڕوانگەی عەرەب ووڵاتانی ناوچەکە بە کلیل و سەرچاوەی دەوڵەتی کوردی پێناسە کراوە وکەرکوک سومبلەکەیەتی(بڕوانە بەڵگەنامەی هاوپێچ)، هاوشێوەی کۆتای هاتنی شەڕی ئێران – عێراق لە ساڵی 1988 ، کە دەوڵەتی ئەوسای عێراق لە سەردەمی سەدام حوسێندا قۆستێوەو پڕۆسەی ئەنفالی بەدناویان دژی جولانەوەی سیاسی کورد ئەنجامدا و شۆڕشیان پێ خامۆش کرد تا بەهاری ساڵی 1991. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا کورد پێویستە چەندی تر چاوەڕوان بێت و تێبکۆشێت، تا جارێکی خەونی هێنانەدی گەڕانەوەی کەرکوک بۆ ئامێزی کورستان بە دی بهێنێت، ئایا ئەو کارەکتەرو حزبانەی لە سەر دەستی ئەوان دەسەڵاتی کورد لە کەرکوک  لە باربرا و کەوتنی عەفرینیشی لێ کەوتەوە، چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەکرێت جارێکی تر لە لایەن ئەوانەوە کەرکوک بگەڕێتەوە بۆ سەر کوردستان! بێ گومان نەخێر، چونکە ئەوانەی کەرکوکیان بەو دەردە برد، ئێساتشی لە گەڵدا بێت هیچ پەند وعیبرەتێکیان وەرنەگرتوە لە کەوتنی کەرکوک، گەر بڕوانینە شێوازی ئێستای حومکڕانی کوردستان و سیاسەت کردنیان بەرانبەر بە کەرکوک، دەبینین هیچ گۆڕانێکی ئەوتۆیان لێ بە دیناکرێت، دور نیە ئەو بەشەی هەرێمیش کە ماوەتەوە بە دەردی کەرکوکی بچێت لە سایەی ئەوان، بۆیە ئەگەر ئەو بۆشایەی کە ئێستا هەیە لە نێو دەسەڵاتی سیاسی کوردستان پڕ نەکرێتەوە و ئەڵتەرناتیفێکی بۆ نەیەتە کایەوە، نەک کەرکوک ناگەڕێتەوە، بەڵکو ئەوەی هەشمانە لە ناو دەبرێت، وەک نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان جینین پلاسەخارت و باڵوێزی پێشوی ئەمریکا (ماسیو تولەر)هۆشداریان داوە لەو بارەیەوە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢.  گەر بڕوانینە ئەو داتا وزانیاریانەی لە دوتوێی ئەم بابەتەدا دەیخەینە ڕو، دەبینین دەرئەنجامەکانی 16ی ئۆکتۆبەر هەر بەردەوامە، هەمو ئەوەی کورد بە دەستی هێنابو لە ماوەی سەد ساڵی ڕابوردو لە کەرکوک، (پارێزگاری کورد -75% ی  کورد لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا – تەواوی ئەمنیەتی کەرکوک – بەڕێوەبەری بەشی هەرە زۆری فەرمانگەکان وفەرمانڕەوای کەرکوک، گشتی لێوەرگیرایەوە، ئێستا کورد لە ڕوی مافەکانێوە، گەڕاوەتەوە بۆ پێش ساڵی 2003، لە کاتێکدا هەمیشە کورد، لە پاش ساڵی 2003وە،  6 بۆ  8کورسی بە دەست هێناوە لە کۆی 12 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بۆ کەرکوک دیاری کراوە، واتا لە پاش ساڵی 2003وە، هەردەم کورد کەمتر لە 50%ی ڕێژە ودەنگی کەرکوکی نەبوە، بەڵام  لە پێدانی مافدا ستەمی گەوەری لێ دەکرێت، ئێستا لە فەرمانڕەوای  کەرکوکدا، کورد بە تەواوەتی بێ بەش کراوە، پارێزگار عەرەبە، قایمقامی سەنتەری کەرکوک تورکمانە، سەرۆکی دادگای کەرکوک عەرەبە، ئەمنیەتی کەرکوک بە دەست عەرەبەوەیە(سوپا وئەحکامی عورفی)، تەنانەت لە فەرمانگە خزمەتگوزاریەکانیش کورد ماف وئیستحقاقی خۆی پێنەدراوە، نە لە سەر ئاستی بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و نە لە ڕێژەی کارمەند وفەرمانبەران لە کۆی داودەزگاکانی کەرکوکدا، وەک لەو گرافیکانەی لە خوارەوە نمایشی دەکەین، هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە، کە یەکێتی وپارتی سەرکەوتو نەبونە لە نوێنەرایەتی و سەرکردایەتیکردنی کورد لە عێراق و کەرکوک و ناوچەدابڕێندراوەکاندا، لە ماوەی19  ساڵی ڕابوردو تا ئێستا کەمتر لە 20%ی قۆناغی یەکەمی مادەی 140 جێبەجێکراوە.  لێرەدا پێویستە بپرسین،  ئایا ئەو ستەم ونادادی وناوهاوسەنگیەی بەرامبەر بە کورد دەکرێت لە کەرکوک و ناوچەکوردستانیەدابڕێندراوەکان، لە گەڵ کام یاسا وبڕگەی دەستوری دەوڵەتی نوێی عێراق یەکدەگرێتەوە، ئەوەی بەرامبەر بە کورد دەکرێت ئەگەر پێچەوانەی دەستور ویاسایە، هەڵویست وڕوڵی سەرۆک کۆمار– جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەزیرە کوردەکان لە عێراق، هەروەها حکومەت وپارلەمان کوردستان بەرانبەر بەو پێشێلکاریانە چی بوە، وەڵامەکەی بە جێ دەهێڵم بۆ خوێنەر وڕای گشتی گەلی کورد. باڵانس وڕێژەی گشتی کارمەند وفەرمانبەرانی  کورد ونەتەوەکانی تر، لە داودەزگاکانی کەرکوکدا رێژەی کورد بۆ خۆی نزیکەی 50% ی کەرکوکە، بەڵام ڕێژی بەرکەوتەی لە فەرمانبەران 25.6%، بەڵام تورکمان رێژەی دانیشتوانی کەمتر لە 15%، بەڵام بەرکەوتەی نزیکەی 25.8% فەرمانی کەرکوکی هەیە, عەرەب ڕێژەی نزیکەی 35% دانیشتوان پێکدەهێنێت، بەڵام بەرکەوتەی لە ڕێژەی فەرمانبەران 47.7% هەیە. باڵانسی بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی کەرکوک، لە نێوان کورد ونەتەوەکانی تر، پێش 16  ئۆکتۆبەری 2017 باڵانسی بەڕێوەبەری فەرمانگەخزمەتگوزاریەکان، لە نێوان کورد ونەتەوەکانی تر، پاش 16ی ئۆکتۆبەری 2017 لە کۆی 106 فەرمانگە، کورد بەڕێوەبەری 34 فەرمانگەی بەرکەوتوە، لە کاتێکیدا ڕێژەی دانیشتیوانی کورد لە کەرکوک نزیکەی 50%، ڕێژەی دانیشتوانت تورکمان کەمتر لە 15%، بەڵام بەڕێوەبەری 32 فەرمانگەیان بەرکەوتوە.  گرافیکی دابەش بونی ناحیەکانی کەرکوک بە سەر نەتەوەکاندا پاش 16ی ئۆکتۆبەر لە کۆی 8 ناحیە، تەنها بەڕێوەبەری  2 ناحیە کوردە (پرێ وسەرگەڕانە)، کوردێک بە وەکالەت دانراوە بۆ هەردو ناحیەکە، واتا کاتیە. گرافیکی دابەش بونی قەزاکان بە سەر نەتەوەکانی کەرکوکدا، پێش 16 ئۆکتۆبەری 2017 گرافیکی دابەش بونی قەزاکان بە سەر نەتەوەکانی کەرکوکدا پاش 16 ئۆکتۆبەری 2017 لە کۆی 8 قەزا، کورد هیچ قائمقامێکی پێنەدراوە. ​​​​​​​


مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) یەکێک لە ژێرخانە ھەرە سەرەکییەکانی دروستبوونی ”مەسەلەی کورد“ لە سەدەی بیستەمدا مەسەلەی ”بەئەمنیکردن“ی خواستە سیاسیی و فەرھەنگییەکانی خەڵکی کوردستانە. مامەڵەکردنی ئەو خواستانەیە, چەندیش بچووکبن, وەک کێشەیەکی ئەمنی و بەگژاچوونەوەشیان وەک سیاسەتی پاراستن و دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ ئەو دەوڵەتانەی کورد، لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە، بوون بە بەشێک لە دانیشتوانەکانیان.  ئەم مەسەلەی ”بەئەمنیکردن“ە  وادەکات کورد وەک کەمینەی ناو ھەریەکێک لەو وڵاتانە، زیاتر وەک ھەڕەشە وێنابکرێت و وەک ھەڕەشەش ماماڵەی خواستەکانی بکرێت. تورکیا لەم بوارەدا لە ھەر سێ وڵاتەکەی تر کە کوردیان بەسەردا دابەشبووە، توندڕەوتر و توندوتیژتر و دژەمافتر، بووە. نووسەری ئەمریکی ڕۆبرت ئۆلسۆن لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا لەسەر مێژووی کورد، باس لەوەدەکات چۆن تورکیا لە ماوەی ١٤ ساڵدا،  نێوان ساڵی ١٩٢٤ بۆ ،١٩٣٨ ھەژدە پەلاماری سەربازیی گەورە ئەنجامئەدات، لەو ھەژدەیە، ھەڤدەیان بەرامبەر بە کورد بووە. ئەم پەلاماردانە سەربازییە خوێناویانە یەکێکە لە دەرەنجامە سەرەتاییەکانی مەسەلەی ”بەئەمنیکردن“ی مەسەلەی کورد لە تورکیادا. ساڵانێکی درێژ ئەم فشارە سەربازیی و ئەمنییە گەورەیە وا لە کوردانی تورکیا دەکات بێدەنگبن، تا قۆناغی دروستبوون و سەرھەڵدانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆتایی ساڵانی ھەفتادا.   لەگەڵ سەرھەڵدان و بەرپاکردنی خەباتی چەکداریش لەلایەن پەکەکەوە، گوتارێکی نوێ لەدایکدەبێت، گوتاری بە تێرۆریست ناسینی ھەموو ئەو ھێزە کوردییانەی لەو تورکیادا دروستدەبن. بە مانایەکی دیکە ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد لەو وڵاتەدا، تێکەڵ بە گوتارێکی نوێ دەکرێت کە گوتاری بە تێرۆریستکردنی ھەموو ھێزە کوردییەکانی ناو ئەو وڵاتەیە، تەنانەت گەر ڕێگای ناچەکداریی و مەدەنیش بۆ بڤەرگریکردن لە خواستەکانی خەڵکی کوردستانیش، بگرنەبەر. ئەم گوتاری بەترێرۆسیت ناسین و ئەم ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنە لەمڕۆدا شێوەیەکی ھێجگار بەرفراوانی وەرگرتوە. کردنی کورد بە ”ئەویترێکی ناحەز“ و ”تێرۆریست“ ئەو زمانەیە کە تورکیای ئەم ساتە قسەی پێدەکات، نەک تەنھا لە پەیوەندیدا بە کوردەکانی ناو سنوورە سیاسییەکانی خۆیەوە، بەڵکو لە قسەکردنیشیدا لەسەر ھەموو ئەو کوردانەی تریش کە لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژیەکانی دەوڵەتی کوردیدا یەکناگرنەوە. لەمەدا ئەردۆگان ھەمان ئەو ڕوانینە کەمالیستییە دووبارەدەکاتەوە کە بەشێکە لە مێژووی تواندنەوە و پێشێلکردنی مافە ھەرەسەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان لە تورکیادا.   لە سەرەتای دەسەڵاتداریاندا لە ساڵی ٢٠٠٢دا، ئەردۆگان و پارتەکەی، ، ھەوڵی پیادەکردنی سیاسەتێکی جیاوازیان لە سیاسەتی فەرمی تورکیا بەرامبەر بە کورد دا، سیاسەتێک دەیخستنە دەرەوەی ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مارەکراو لە گوتاری تێرۆر. ئەم دۆخە  تا ئەو شوێنە ڕۆیشت ئەردۆگان لە ساڵی ٢٠٠٥دا  لە دیاربەکر، لە بەردەم کۆبونەوەیەکی جەماوەریی گەورەدا بڵێت: ”کێشەی کورد کێشەی ھەموو نەتەوەی تورکە....ئێمە چارەسەر بۆ ھەموو کێشەکان ئەدۆزینەوە لەڕێگای دیموکراسیەتی زیاتر، مافی مەدەنی زیاتر، خۆشگوزەرانی زیاتر، لەھەمان ئەوکاتەدا کە دەستوری تورکیا دەپارێزین، پرنسیپەکانی سیستمی کۆماری دەپارێزین“. ئەمە سەرەتای ئەو سیاسەتە نوێیە بوو کە لە تورکیادا ناوی ”کردنەوە بەڕووی کوردا“ی لێنرابوو،  Kurdish opening. بەڵام ئەم دۆخە چەند ساڵێکی کەمی خایاند و ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و گەڕانەوە بۆ گوتاری بەتێرۆریستکردن، بە توندی ھاتەوە مەیدان.   لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی گەڕاندنەوە بۆ ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و بە گەڕانەوەوە بۆ گوتاری بەتێرۆریستکردن، ھەندێک نووسەر باس لە بەردەوامی ”گرێی سیڤەر“ یان ”سێندرۆمی سیڤەر“ لە ناو سیاسەت و ھەڵسوکەوتی دەوڵەتی تورکیدا دەکەن. لەناو ئەم گرێ سیاسییە دەرونییە دەستەجەمعیەدا، ترسێکی گەورە لەو کەمە نەتەوایەتیانە ھەیە، کە لەناو تورکیادا دەژین. ترسی ئەوەی ئەمانە بە ھاریکاریی ھێزە دەرەکییەکان بتوانن لەناوەوەی تورکیادا خۆی،  دژ بە یەکپارچەیی و سەروەری دەوڵەتی تورکیی کاربکەن و تورکیا بۆ چەندان بەشی جیاواز بەشبەش و پارچەپارچەبکەن، وەکچۆن لە پەیماننامەی سیڤەردا ھەوڵی پارچەپارچەکردنێکی تەواوی سەرزەمینی تورکیا درا و تورکیا لە ئیمپراتۆریەتێکی گەورەوە بۆ دەوڵەتێکی نەتەوەیی سنووردار، بچووککرایەوە.  بە کورتییەکەی، لە سەردەمی کەمال ئەتاتورکەوە گوتارێک لە تورکیادا باڵادەستە کە گوتاری وێناکردنی کوردە وەک ھەڕەشە و مەترسییەکی ڕیشەیی، وەک بەشێک لە پیلانێکی دەرەکیی، بە تایبەتی خۆرئاوایی و ئیمپریالی، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی تورکیی.  ئەوەی ئەمڕۆ لە تورکیای سەردەمی ئەردۆگاندا دەیبینین بە جیھانیکردنی ئەم گوتارەیە. چیتر ئەم گوتاری وێناکردنەی کورد وەک ھەڕەشە و وەک تێرۆریست، تەنھا لەناو سنوورەکانی تورکیا خۆیدا کارناکات، بەڵکو ھەم لەناو خاکی دەوڵەتانی ناوچەکەدا، لەوانە سوریا و ھەرێمی کوردستاندا کاردەکات، و ھەم تەماح و خەونی ئەوەی ھەیە بۆ وڵاتانی ئەسکەندەنافی وەک سوید و نەرویج دا بگواسترێتەوە و لەو شوێنانەشدا کاربکات. لەم ساتەدا  لەو شوێنانەدا کە ئەردۆگان دەستی پێیاندەگات درۆنەکانی ئامادەن و ئەو کەسانە دەکوژن کە ئەم ستراتیژیەتی بەئەمنیکردن و ئەم گوتاری تێرۆرە وەک ھەڕەشە وێنایاندەکەن. لەو شوێنانەشدا کە دەستیان پێناگات، داوای سزادان و تەسلیمکردنەوەی ئەو ھاوڵاتیانە بکەن، کە بەڕەچەک کوردن، بەڵام لە بەشێکی تری دونیادا،ا ھاوڵاتی وڵاتێکی سەرەوەری ترن.  ئەوەی کوشتنی منداڵێک یان چالاکەوانێکی ڕۆژئاڤایی لە کەلار، بە پەلاماری کەسایەتییەکی وەک ئامینە کاکە باوەوە لە سوید گرێئەدات، بەجیھانیکردنی ئەم ستراتیژیەتی  بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و ئەم گوتاری بە تێرۆریست ناساننەی ھەموو ئەو کوردانەیە، کە تورکیا لە کات و ساتی جیاوازادا وەک ھەڕەشە و وەک مەترسیی بۆسەر دەوڵەتی تورکی وێنا و پێناسەیاندەکات.  ئەم دۆخە بە ئاستێک گەیشتوە گرنگ نەبێت ئەو ھێزەی لە تورکیادا حوکمڕانە ئایدیۆلۆژیا و بیرۆبۆچوونی چییە، کەمالیستێکی عەلمانیی یان ئیسلامییەکی ئیخوانییە، گرنگ ئەوەیە ھەم ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و ھەم مارەکردنی ئەم ستراتیژە لە گوتاری بە تێرۆریستکردنی چالاکاوەنەکان، ئامادەیە. ئەم ستراتیژە و گوتارە ھەم لە کەلاردا دەستبەکارە، ھەم لە سویددا. لە کەلار خەڵک دەکوژێت، لە سوید کێشە بۆ ھاوڵاتییەکی کوردیی ئەو وڵاتە دروستدەکات


راپۆرت: درەو - ئالان بەرزنجی سلێمانی بەهۆی (كۆلێرا)وە لە دەستە خوشكی شاری (توسان)ی ئەمریكاوە بووە بە دەستەخوشكی شاری (ماریۆپول)ی ئۆكرانیا‌و یەمەن و پاكستان‌و كامیرۆن لە كیشوەری ئەفریقا، كۆلێرا نەخۆشی وڵات‌و ناوچە گەندەڵ و دواكەوتووەكانە، ئەوانەی بەهۆی جەنگەوە ئاوی خواردنەوە‌و ئاوەڕۆكانیان تێكەڵ بەیەكتر بوون یاخود بەهۆی گەندەڵی و پاشاگەردانیەوە هێشتا چارەسەری بنەڕەتیان بۆ كێشەی ئاوی پاكژی خواردنەوەو ئاوەڕۆی سەردەمیان نەكردووە، كۆلێرا چییە ؟ دۆخی سلێمانی لە كوێدایە ؟ كۆلێرا سلێمانی دەباتە ناو میدیای جیهانییەوە میدیا گەورەكانی جیهان هەواڵی بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆلێرایان لە سلێمانی بڵاوكردەوە، ئێستا لەكاتی گەڕان بەدوای ئەو ناوچانەی نەخۆشی كۆلێرایان تێدا بڵاوبونەوە ناوی سلێمانی لەپێش هەموو ناوچەكانی جیهانەوەیە.  هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بەفەرمی هۆكاری بڵاوبونەوەی نەخۆشییەكەی بۆ (ئاوی پیس)‌و (خواردنی پیس) گەڕاندەوە. (10) حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی كۆلێرا  بەفەرمی لەلایەن تەندروستی سلێمانییەوە پشتڕاستكرایەوە كە سامپڵەكان لە بەغداد كۆنفێرم كراون، ئەمە جگە لە (56) حاڵەتی توشبوون كە لە تەندروستی سلێمانی پشتڕاستكراونەتەوە.  ئێستا سلێمانی لەڕووی تەندروستییەوە لەحاڵەتی "كتوپڕ"دایە، لە چەند رۆژی رابردوودا (4 هەزار) كەس لە سلێمانی چارەسەری سكچون‌و رشانەوەیان وەرگرتووە، ئێستا (3 هەزارو 965) كەس لە نەخۆشخانەكانی سلێمانیدا چارەسەر وەردەگرن. بەرپرسانی سلێمانی بۆ ئەوەی شانی خۆیان لەبەرپرسیارێتی خراپی ئاوی خواردنەوە بتەكێنن، باسلەوە دەكەن نەخۆشییەكە هەموو عێراق دەگرێتەوە‌و داوا دەكەن میدیاكان ئەم بابەتە گەورە نەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە هەواڵی كۆلێراكەی سلێمانی گەیشتوەتە میدیا جیهانییەكان. گابرێل گارسیا ماركیز رۆمانی بەناوبانگی "خۆشەویستی لەزەمەنی كۆلێرادا" نوسی، دەسەڵاتدارێتی یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، دوای دۆسیەی قاچاخچێتی سنورەكان‌و خراپی ئاستی خزمەتگوزارییەكان، ئێستا رۆژگاری حوكمڕانی خۆی لەسەردەمی (كۆلێرا)دا بەڕێوەدەبات. كۆلێرا چییە ؟ كۆلێرا نەخۆشییەكە كە دەگاتە ئاستی پەتا، بەتایبەتیش لە وەرزی هاویندا، بریتییە لە هەوكردنی ریخۆڵە، بەهۆی بەكتریایەكەوە دروست دەبێت كە پێی دەوترێت (Vibrio Cholerae). نیشانەی جیاكەرەوەی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە سكچونێكی زۆر، دەكرێت ئەمە وەكو (نەخۆشییەك لەوڵاتێك یان ناوچەیەك)دا دەربكەوێت یاخود وەكو (پەتا) یان نەخۆشییەكی بەربڵاو خۆی نیشان بدات.  سەرباری ئەو پێشكەوتنەی لەبواری توێژینەوەی نەخۆشییەكان سەریهەڵداوە، بەڵام هێشتا كۆلێرا وەكو ئاڵنگارییەك لەبەردەم زانستنی پزیشكیی هاوچەرخدا راوەستاوە، جگە لە ڤاكسینی دژە پەتاكە، (پاكوخاوێنی) بە رەگەزی سەرەكی خۆپاراستن لەم نەخۆشییە دادەنرێت.  لەكاتێكدا توشبوونی ئاسایی بە كۆلێرا رەنگە هەندێك نیشانەی ئاسایی هەبێت یاخود هەر نیشانەی لەسەر نەخۆشەكە دەرنەكەوێت، بەڵام توشبوونی سەخت دەكرێت ببێتەهۆی لەدەستدانێكی مەترسیداری شلەو خوێی لەشی نەخۆشەكە‌و لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا بیكوژێت.  كۆلێرا لەرێگەی دەمەوە دەگوازرێتەوە بەهۆی پسبوون بە پاشەڕۆی كەسی نەخۆش، لە وڵاتی پێشكەوتوو بەهۆی پاككردنەوەی ئاو و بوونی ئاوەڕۆی پێشكەوتوو، نەخۆشی كۆلێرا نەبووەتە سەرچاوەی هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆ خەڵك. دەستنیشانكردنی ورد مەرج چارەسەری توشبوانی كۆلێرا نییە، چونكە كاری لەپێشینە لە هەر حاڵەتێكی سكچوونی توندا بریتییە لە قەرەبوكردنەوەی شلەمەنی‌و خوێی جەستە‌و پێدانی دژەبەكتریای گونجاو بە نەخۆشەكە لەكاتی پێویستدا.  مێژووی كۆلێرا كۆلێرا بە نەخۆشییەكی درێرین ئەژماردەكرێت، كە بەدرێژایی مێژوو دوچاری گەلان بووە لەسەرتاسەری جیهاندا، هیپۆكرات (460 بۆ 377)ی پێش زاین‌و هەندێك لە زانایانی هیند لە نوسینەكانیاندا باسی جۆرە نەخۆشییەك دەكەن كە رەنگە نەخۆشی (كۆلێرا) بێت.  پزیشكی بەریتانی (جۆن سنو) یەكەم كەسە كە لە سەدەی نۆزدەهەمدا ئەوەی سەلماندووە كە "لەرێگەی فەراهەمكردنی ئاوی خاوێنی خواردنەوە بۆ خەڵك، تاڕادەیەكی زۆر دەكرێت رێگری لە گواستنەوەی كۆلێرا بكرێت". لەكاتی بڵاوبونەوەی پەتای كۆلیرادا لە لەندەن لە ساڵی 1854دا، (جۆن سنو) گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی كە پەمپێكی ئاو لە شەقامی (برود ستریت) سەرچاوەی سەرەكی پەتاكەیە، هەرواش دەرچوو، چونكە دوای گۆڕینی پەمپەكە پەتاكە كۆنترۆڵكرا. بەكتریای كۆلێرا ساڵی (1883) لەلایەن بەكتریاناسی ئەڵمانی (رۆبەرت كوخ) دۆزراوەتەوە، ئەمەش لەكاتێكدا بووە كە پەتاكە لە میسر بڵاوبوەتەوە، بەشی یەكەم ناوی میكرۆبەكە بەواتای ئەوەدێت لەكاتی جوڵانیدا دەلەرزێت. لە ساڵی 1817وە جیهان (7) حاڵەتی بڵاوبونەوەی بەرفراوانی ئەم نەخۆشییەی بەخۆوە بینیوە كە سەرجەمیان لە خەزێنەی كۆلێرا لە نیمچە دورگەی هیندەوە سەرچاوەیان گرتووە، شەش حاڵەتی یەكەمی بڵاوبونەوەی پەتاكە لەنێوان ساڵانی 1817 بۆ 1923دا بووە، پێنج شەپۆلی نەخۆشییەكە ئەوروپای گرتوەتەوە، چوار شەپۆلیان گەیشتوەتە ئەمریكاو لەساڵی 1832دا بوەتە هۆی مردنی (150 هەزار) كەس‌و لەساڵی 1866دا بوەتەهۆی مردنی (50 هەزار) كەس.  بەڵام حاڵەتی بڵاوبونەوەی گشتگیری حەوتەم كە یەكەم شەپۆل بووە لە سەدەی بیستەمدا، لەساڵی 1961وە دەستیپێكردووە‌و لە سەرەتای ساڵی 1991دا گەیشتوەتە (5) كیشوەر‌و تاوەكو ئێستاش بەردەوامە.  كۆلێرا لە كۆێ بڵاودەبێتەوە ؟ بەپلەی یەكەم نەخۆشی كۆلێرا لەو وڵاتانەدا بڵاودەبێتەوە كە بەدەست جەنگێكی درێژخایەنەوە دەناڵێنن‌و بەهۆی شەڕەوە سەرچاوەی ئاوی خاوێنی خواردنەوەیان تێكەڵ دەبێت لەگەڵ ئاوەڕۆكاندا.  دواین ناوچەی جیهان كە هاوكات لەگەڵ شاری سلێمانیدا گومانی ئەوەی لێدەكرێت نەخۆشی كۆلێرای تێدا بڵاوبوبێتەوە شاری (ماریۆپول)ی ئۆكرانیایە، بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە ماریۆپول چەقی جەنگێكی سەختی نێوان روسیاو ئۆكرانیا بووە كە ماوەی سێ مانگی خایاندووە‌و ژمارەیەكی زۆر خەڵكی تێدا كوژراوە، بەڵام سلێمانی وەكو بەردەوام پارێزگارەكەی‌و دەسەڵاتدارانی یەكێتی باسی دەكەن یەكێك لەناوچە ئارامەكانی جیهانە. سلێمانی ماوەی زیاتر لە (15) ساڵە دەستەخوشكی شاری (توسان)ە لە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریكا، بەڵام لەڕاستیدا ئێستا بەهۆی بڵاوبونەوەی كۆلێراوە زیاتر لە دەستە خوشكی (ماریۆپول) دەچێت.  دوای سێ مانگ هێرشی بەردەوام، مانگی ئایاری رابردوو شاری ماریۆپول كەوتە دەست هێزەكانی سوپای روسیا، بەشێكی زۆری ئەم شارە بەهۆی جەنگەوە وێران بووە، تەرمی كوژراوەكان بەشێوەیەكی كاتیی لە دەوروبەری شارەكە لە گۆڕنراون، هەندێكیش لە كوژراوەكان لە حەوشەی پشتی خانوەكان یاخود باخچە‌و گۆڕەپانەكانی شارەكە لەچاڵنراون.  ئەمە هاوكات لەگەڵ بڵاوبونەوەی خۆڵ‌و خاشاك لە كوچەو كۆڵانەكانی شارەكەدا دۆخێكی تەندروستی ناهەمواری دروستكردووە، بەگوێرەی قسەی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئێستا خەڵكی شاری ماریوپۆل روبەڕووی مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆلێرا بونەتەوە.  راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێ: بەهۆی شەڕەوە ژێرخانی ماریۆپول زیانی بەركەوتووە، ئەمە بوەتەهۆی تێكەڵبوونی ئاوی خواردنەوە بە ئاوەڕۆكانی شارەكە.  بەشێوەیەكی گشتی نەخۆشی كۆلێرا بەهۆی پیسبوونی خۆراك‌و ئاو و خراپی سیستمی ئاوەڕۆكانەوە بڵاودەبێتەوە، ئەوەی لە سلێمانی روودەدات بەپێی قسەی هەندێك لە پسپۆڕانی تەندروستی كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون بەپلەی یەكەم پەیوەندی بە پیسبوونی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەوە هەیە، بەتایبەتیش ئەو ئاوەی كە خەڵك بە تانكەر دەیكڕن بەهۆی ئەوەی ئاوی خاوێنیان وەكو پێویست بەدەست ناگات.  كۆلێرا نەخۆشی وڵاتە دواكەوتووەكانە، ئەوانەی كە هێشتا توانای دابینكردنی ئاوی پاكژی خواردنەوەیان نییە بۆ خەڵكەكەیان، بەر لە شاری (ماریۆپول)ی ئۆكرانیا، دواین ناوچەی جیهان كە كۆلێرای تێدا بڵاوبووەوە كامیرۆنە لە كیشوەری ئەفریقا‌و پاكستانە، پێشترو لە ساڵی 2017دا هاوكات لەگەڵ جەنگی ناوخۆیی‌و داڕمانی ئابوری وڵاتەكە، كۆلێرا لە یەمەن بڵاوبووەوە، بەمدواییە دەنگۆی بڵاوبونەوەی كۆلێرا لە ناوچەیەكی كۆریای باكوریش لەئارادایە. 


 (درەو):  ئەنجامی یاسای چاكسازی لە دۆسیەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەدا (سەرۆكایەتی هەرێم- پەرلەمان- حكومەت) بەتەنیا (210 ملیۆن) دینار پارەی بۆ خەزێنەی گشتی گەڕاندوەتەوە.  سەرۆكایەتی هەرێم لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان (338) فەرمانبەر بەدەر لەیاسا پلەبەرزكردنەوەیان بۆ كراوە.  بەگوێرەی راپۆرتی سێیەمی لیژنەی هەماهەنگی‌و بەدواداچونی تایبەت بە جێبەجێكردنی یاسای (چاكسازی لە موچە‌و دەرماڵە‌و بەخشین‌و ئیمتیازاتەكان‌و خانەنشینی) كە كۆپییەكی لەبەردەستی (درەو)دایە، دۆسیەی فەرمانبەران لە سەرۆكایەتی هەرێم بەمشێوەیە:  •    سەرۆكایەتی هەرێم بە تێكڕا (598) فەرمانبەری هەیە، دوای وردبینی دەركەوتووە (388) فەرمانبەریان بەدەر لەیاسا پلەبەرزكردنەوەیان بۆ كراوە، هەر لەم سەرۆكایەتییەدا (439) فەرمانبەر بەدەر لەیاسا سەرەموچەیان بۆ كراوە. بەپێی راپۆرتی لیژنەی بەدواداچون‌و هەماهەنگیی، هێشتا وردبینی لە دۆسیەی فەرمانبەرانی سەرۆكایەتی هەرێم تەواو نەبووە، بەڵام لەو بەشەی تائێستا وردبینی تەواوبووە بڕی (71 ملیۆن‌و 767 هەزار) دینار لە خەرجی موچەی فەرمانبەرانی سەرۆكایەتی هەرێم گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، كە ئەمەش بەهای ئەو پارانەیە بەنایاسایی بەهۆی پلەبەرزكردنەوە‌و سەرە موچەوە بە فەرمانبەرانی سەرۆكایەتییەكە دراوە.  تەنیا خەرجی موچە لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان مانگانە بڕەكەی (ملیارێك‌و 155 هەزار) دینارە. سەرۆكایەتی پەرلەمان  وردبینی دۆسیەی فەرمانبەران لە پەرلەمانی كوردستان تەواوبووە، بەگوێرەی راپۆرتی سێیەمی لیژنەی بەدواداچوون‌و هەماهەنگی:  •    پەرلەمانی كوردستان بە تێكڕا (620) فەرمانبەری هەیە، لەم ژمارەیە (53)  فەرمانبەر بەدەر لەیاسا پلەیان بەرزكراوەتەوە، (36) فەرمانبەریش بەدەر لەیاسا سەرەموچەیان بۆ ئەژماركراوە.  بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەی بەدواداچوون‌و هەماهەنگیی، بەهۆی ئەو چاكسازی‌و پێداچونەوەی كە بەدۆسیەی فەرمانبەرانی پەرلەمانی كوردستاندا كراوە، بەتێكڕا بڕی (4 ملیۆن‌و 721 هەزار) دینار گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی.  تەنیا خەرجی موچە لە پەرلەمانی كوردستان مانگانە بڕەكەی (ملیارێك‌و 820 ملیۆن) دینارە.    سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان (هەزارو  86) فەرمانبەری هەیە، لەم ژمارەیە دۆسیەی (هەزارو 35) فەرمانبەر وردبینی تێدا كراوە‌و دەركەوتووە لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا (923) فەرمانبەر بەدەر لەیاسا پلەبەرزكردنەوەیان بۆ كراوە.  بەپێی راپۆرتی لیژنەی بەدواداچوون‌و هەماهەنگیی، بەهۆی ئەو چاكسازییانەی لەدۆسیەی فەرمانبەرانی ئەنجومەنی وەزیراندا كراوە بڕی (133 ملیۆن‌و 844 هەزار) دینار گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی.  تەنیا خەرجی موچە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان مانگانە بڕەكەی (ملیارێك‌و 630 ملیۆن) دینارە.  دەرەنجام بەتێكڕای ئەو چاكسازییانەی لەدۆسیەی فەرمانبەراندا لە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم- پەرلەمان- حكومەت)دا كراوە، بڕی (210 ملیۆن‌و 333 هەزار) دینار بۆ خەزێنەی گشتی گەڕاوەتەوە.        



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand