Draw Media

بومەلەرزە و ئەخلاق

بومەلەرزە و ئەخلاق

2023-02-08 12:19:51


بومەلەرزە و ئەخلاق
(١-٢)

ئەگەرچی بەشی هەرەزۆری هێزەکانی ئیسلامی سیاسیی و ئیسلامی سەلەفیی و ئیسلامی بانگخوازە تازەکانی دونیای ئێمە باس لە ئەخلاق و گرنگی پاراستنی ئەخلاق لە کۆمەڵگادا دەکەن، لە هەمانکاتدا خۆیشیان بە نوێنەری ئەخلاقی ڕاستەقینە و «ئەخلاقی رەسەن» دەزانن. بەڵام بەشی هەرەزۆری ئەو قسانەی رۆژانە لەسەر ئەخلاق دەیکەن جگە لە ئینشایەکی خراپ و دیدێکی شێواو بۆ ئەخلاق شتێکی دیکە نییە.  

خاڵی هەرە سەرەکیی لە ڕوانینی بەشێکی زۆری ئەم هێزانەدا بۆ ئەخلاق سێکسە، بە تایبەتی سێکس لای ژن، کە بە توندیی بە فەساد و زینا و بە رەڵایی و بێحورمەتیی و زۆر جۆری تری تاوانەوە، گرێدراوە. سەرەتا و کۆتایی ئەم ئەخلاقەش ئەوەیە ژنان پێویستە خۆیان داپۆشن و خۆیان لە چاو و نەزەری حەرام و تەماح و چاو و غەریزەی برسیی و کۆنترۆڵنەکراوی پیاوان، بپارێزرێن. لەهەر شوێنێکدا ئەم مەسەلەیە سەرینەگرت ئەوادەبێتە مەنبەعی فەساد و زینا و هاوڕەگەزبازیی، تا ئەو شوێنەی خودا توڕەدەبێت و بڕیارئەدات تۆڵە لەو خەڵکە بکاتەوە کە لەو دۆخە حەیوانیەدا دەژین. جارێک بومەلەرزە دەنێرێت و چارێک لافاو و جارێک گڕکان و جارێک ڕەشەبا و کارەساتە سروشتییەکانی تر. با واز لەو وێنە سەدامیی و هیتلەرییە ستەمگەرە بهێنین کە لەم `روانینەدا بۆ خودا دروستکراوە، خودایەک ڕەحم بە منداڵ و دیندار و باوەڕدارەکانی خۆیشی ناکات و بە توڕەبوونێک هەم مەلهاکان و مزگەوتەکان و هەم منداڵان و ئیمانداران و هەم بێئیمان و زیناکاران دەکوژێت.  

دەڵێم با واز لەم وێنە میلیتارییە ستەمگەرەی خودا بهێنین کە لە پشتی روانینی ئەم نەوەیە لە بانگخوازە نویکانەوە و بڕێکی زۆر لە چالاکەوانەکانی هێزەکانی ئیسلامی سیاسییەوە هەیە و با بگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕوانینەی ئەم کەس و هێزانە بۆ ئەخلاق هەیانە. وەک ووتم روانینی ئەمانە بۆ ئەخلاق سوڕانەوەیەکی بەردەوامە بە دەوری سێکسدا. لە پشتی توڕەبوونەکانی خوداوە زیناکردن و فەسادی ئەخلاقیی دەبینن. پەیوەندیی سێکسی حەرامکراو و سێکسی ڕێپێنەدراو دەبینن. توڕەییەکانی خودا بە بوونی مەلها و مەیخانە و ئاهەنگ و سەماکردن و جلپۆشینی ناشەرعییەوە گرێئەدەن. تێکەڵبوونی نێر و مێ و پێکەوەبوونی ڕۆژانەیان وەک سەرچاوەی فەسادی ئەخلاقیی وێنادەکەن. هەموو ئەم بابەتانە بەشێکن لە سیمیۆلۆژیای سێکس، واتە بەشێکن لەو ئاماژانەی بەهۆیانەوە دەچینەوە سەر سێکس و سەر دروستکردنی ژیانێکی فاسید و نائەخلاقیی کە بەدەوری سێکسدا ڕێکخراوە و ڕێکدەخرێت. ئەمانە لەو کاتەدا دژ بە بەعەقڵانیکردنی باوەڕ و بیرکردنەوەی مرۆڤن، هاوکات سەرقاڵی بەسێکسیکردنی بەشێکی گەورەی دەرکەوتەکانی ژیانن. بەڵام سێکس لە سایکۆلۆژیای ئەمانەدا دیارییەکی خودایی نییە بۆ مرۆڤ، سەرچاوەی چێژ و دروستکردنی پەیوەندییەکی ئینسانیی تایبەت لە نێوان دوو مرۆڤدا نییە، بەڵکو سەرزەمینێکی ترسناکە بۆ گوناه و تاوان و توڕەکردنی خودا خۆی. سێکس لێرەدا مافی جەستە نییە بەسەر مرۆڤەوە وەک بوونەوەرێکی خاوەن جەستە، بەڵکو پیلانێکە دەشێت مرۆڤ بخاتە بەردەم توڕەبوونەکانی خوداوە و لەسەر زەوی خۆی جەهەنەمێکی بۆ دروستبکات. 

مرۆڤ پێویست ناکات قوتابی سیگمۆند فرۆید بێت بۆئەوەی باس لە «وەسواس»ی سێکس، یان سێکس وەک وەسواس، لای ئەم هێزانەبکات. وەسواس نەخۆشییەکی دەرونییە هێما بۆ گیرخواردنی دەرونیی ئینسان دەکات بە دەست بابەتێکی ناڕەحەتکەرەوە کە بەردەوامی هەیە و دووبارە و سەدبارەدەبێتەوە، وەسواس کۆمەڵێک هەست و ڕوانین و وێنە و بیرۆکەیە کە خۆیان بەسەر کەسەکاندا دەسەپێنن و ناتوانن لێیان ڕزگارببن. بەهەرلایەکدا دەڕواننن و سەیری هەرشتێک دەکەن ئەو وێنە و هێما ناڕەحەتکەرانە دەبینن.  دیارترین دەرکەوتی ئەم وەسواس و گیرخواردنە دەرونییەوە بەدەستی سێکسەوە، قسەکانی ئەو مەلا سەلەفییە بوو کە ڕوودانی کارەساتی بومەلەرزەکانی تورکیا و سوریای بە زیناکردنەوە گرێدا. لۆژیکی ئەم کەسە ئەم لۆژیکە وەسواسییەیە: لە کوێدا زینای زۆر کرا، لەوێدا خودا ژیانی مرۆڤەکان لە ڕەگای بومەلەرزەوە وێراندەکات. باواز لەم لێکدانەوە خورافیی و غەیبدۆزەی دیاردەیەکی سروشتی وەک بومەلەرزە بهێنین، کە سەر بە سەدەکانی بەر لە دایکبوونی زانستیی زەویناسیی و زانستە سروشتییەکانی ترە. یەعنی با واز لەوە بهێنین ئەو هۆشیارییەی ئەم جۆرە لێکدانەوەیەی هەڵگرتوە چ هۆشیارییەکی داڕزاوی پڕ قەیرانی هەمەلایەنە و چەندیش ترسناکە بە کۆمەڵگادا بڵاوببێتەوە. لە پەیوەندییدا بە ئەخلاقەوە، کە بابەتی ئەم نووسینەیە، ئەو مەلا سەلەفییە سێکس بە جەوهەری ئەخلاق و بە جەوهەری هەموو پەیوەندییەکان دەزانێت و لادان لەو وێنە وەسواسییە خۆسەپێنەرەی سێکس لە مێشکی ئەودا ئامادەیە، بە کۆتایی ئەخلاق و بە هۆکاری هەموو کارەساتەکان دەزانێت. لای ئەم مەلایە هاوکێشەکە زۆر ئاسان و سادەیە: ئەخلاق یەکسانە بە چۆنیەتی ڕێکخستنی ژیانی سێکسیی و خوداش کە بێئەخلاقی بینیی بومەلەرزەی تێدەگرێت. 

کورتکردنەوەی ئەخلاق بۆ سێکس و کردنی سێکسیش بە یەکەی شیکردنەوەی هەموو شتێک، لە شیکردنەوەی دیاردە سروشتییەکانەوە بۆ شیکردنەوەی دیاردە ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکانن، هەروەها کردنی سێکس بە بابەتێک کە خودا بەردەوام خەریکی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی چۆنیەتی ئەنجامدانیەتی، ئەو دۆخەیە کە ئەمڕۆ لە ئاگایی و نائاگایی بەشێکی زۆر لە بانگخواز و چالاکەوانە ئیسلامییەکاندا ئامادەیە. ئەمانە وێنەیەکیان بۆ خودا هەیە کە بەردەوام خەریکی کۆنترۆڵکردنی شەرواڵ و ژیانی سێکسی مرۆڤەکانە. لەسەر ئەنجامدانی سێکسی ناشەرعیش ئامادەیە تەنانەت هەزارەها منداڵ و کەسانی بێتاوان بکوژێت، شارەکان بە مزگەوتەکان و ناوەندە دینییەکانیشەوە، وێرانبکات، تەنانەت رەحم بەو خواپەرست و دیندارانەش نەکات کە هەڵسوکەوتەکانیان، بە هەڵسوکەوتە سێکسییەکانیانەوە، بەپێی ڕێنماییە دینییەکان، ڕێکدەخەن. مرۆڤ مەگەر تەواو گەمژە و بێمێشک و خورافەتپەرست بێت، بۆئەوەی باوەڕ بەمجۆرە تەفسیر و لێکدانەوە هەرزان و ئەفسانەییانە بۆ دیاردە سروشتییەکان بکات. 

ئەو پرسیارەی پێویستە لەم بۆنەیەدا لە خۆمانی بکەین ئەوەیە ئایا بەڕاست سێکس جەوهەری ئەخلاقە. وەڵامە سادەکە ئەوەیە کە ئەخلاق کورتناکرێتەوە بۆ چۆنیەتی ڕێکخستنی ژیانی سێکسیی، ڕاستە لە هەندێک کۆمەڵگادا ئەم ڕەکخستنە خاوەنی قورساییەکی تایبەتە، بەڵام بە هیچ مانایەک یەکسان نییە بە هەموو ئەخلاق. بە کورتییەکەی، جەوهەری ئەخلاق بریتیی نییە لە چۆنیەتی ڕێکخستنی ژیانی سێکسیی، بەڵکو پەیوەستە بە چۆنیەتی ڕێکخستنی پەیوەندیی مرۆڤ بە خودی خۆی و بە مرۆڤەکانی دەوروبەریەوەیە، ئەخلاق سەرزەمینی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکانە لەگەڵیەکدا و لەگەڵ خودی خۆیاندا. ئەمە وادەکات ئەخلاق، بە پلەی یەکەم، ناسینی سنوورەکانی خود خۆیبێت لە پەیوەندیدا بەوانیترەوە، هۆشیاربوونی مرۆڤە بە سنوورە تاکەکەسییەکانی خۆی، ئینجا هۆشیاربوونە بەرامبەر بەوەی کە کەسانیتر هەن لەو ناچن و وەک ئەو بیرناکەنەوە و وەک ئەویش، ناژین. ئەخلاق ئەو شتەیە کە ئەو شتانە بەیەکەوە ڕێکدەخات بە ئاراستەیەک مرۆڤەکان بتوانن بەبێ کێشەی گەورە بەیەکەوە بژین و باوەڕ و متمانەیان بەیەکتری هەبێت، ژیانێکی هاوبەش و چاکەکار و بەختەوەر دروستبکەن. ئەم هۆشیاریەش دەشێت لە زیاد لە سەرچاوەیەکەوە دروستببێت، کە دەکرێت چوار سەرچاوەی سەرەکیی لەیەکتری جیابکەینەوە. لە نووسینی داهاتوودا باس لەو جوار سەرچاوەیە دەکەم. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand