Draw Media

كوردستان ئه‌زمونی مالیزیا ده‌گوازێته‌وه‌

كوردستان ئه‌زمونی مالیزیا ده‌گوازێته‌وه‌

2023-02-13 13:53:10


(درەو): 
لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی كوردستان لە مالیزیایە بۆ ئەوەی ئەزمونی ئەو وڵاتە لەڕوبەڕووبونەوەی گەندەڵیدا بگوازێتەوە بۆ كوردستان، مالیزیا لەبواری گەندەڵیدا تۆماری باشی نییە، ملیاران دۆلاری سندوقی وەبەرهێنانی ئەو وڵاتە دزراوە، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە بەبەڵێنی روبەڕووبونەوەی گەندەڵی دەنگی هێناوە‌و پۆستەكەی وەرگرتووە. 
وەفدێكی لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی كوردستان ئێستا بە سەردانێك لە مالیزیایە، ئەم وەفدە چوون بۆئەوەی سود لە ئەزمونی مالیزیان وەربگرن لە روبەڕووبونەوەی گەندەڵیدا. وەفدەكە بەڵێن ئیسماعیل سەرۆكی لیژنەی دەستپاكیی سەرۆكایەتی دەكات كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، راوێژكارانی لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانیش لەگەڵ وەفدەكەدا چوون بۆ مالیزیا. 
وەفدەكەی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ لە بوتراجایا-ی پایتەختی سیاسیی مالیزیا، سەردانی كۆمیسیۆنی دژە گەندەڵیی ئەو وڵاتەكەی كردووە كە بە (macc) ناسراوە. ئەم دامەزراوەی مالیزیا كە لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی كردووە بۆ ئەوەی ئەزمونی لێوەبگرێت، خۆی لە ئەیلولی ساڵی رابردوودا سەردانی قەتەری كردووە بۆ ئەوەی ئەزمونی قەتەر لەروبەڕووبونەوەی گەندەڵیدا بۆ مالیزیا بگوازێتەوە.
بەپێی راپۆرتی ساڵی 2022ی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئاماژەكانی گەندەڵیی، مالیزیا یەكێك لەو وڵاتانەی جیهانە كە لە ساڵی 2017وە لە بواری روبەڕووبونەوەی گەندەڵیدا پاشەكشێی كردووە‌و راپۆرتەكە بە یەكێك لە "دۆڕاوە دیارەكان" ناوی مالیزیای هێناوە. 
بەگوێرەی روپێوییەك كە رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2013دا لە مالیزیا كردویەتی، زۆرینەی خێزانەكانی ئەو وڵاتە باوەڕیان وایە حزبە سیاسییەكانی وڵاتەكەیان زۆر گەندەڵن، ئەمە لەكاتێكدایە مالیزیا بەبەراورد بە وڵاتانی تری ناوچەی باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا لەڕووی گەندەڵییەوە بە ناوچەیەكی خاوێن ئەژماردەكرێت. 
ئەنوەر ئیبراهیم كە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو پۆستی سەرۆك وەزیرانی مالیزیای وەرگرت، تەوەری سەرەكی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكەی بریتی بوو لە "رزگاركردنی وڵات لە گەندەڵی‌و مەحسوبیەت‌و بەهێزكردنی حكومەت‌و روبەڕووبونەوەی گەندەڵی‌و سەروەركردنی دادگاكان"، بەڵێنی ئەوەشی دا  بوو موچەی خۆی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا وەرنەگرێت.
نەجیب رەزاق سەرۆك وەزیرانی پێشووی مالیزیا، یەكێك لە دیارترین ئەو كەسانەیە كە تۆمەتباركراوە بە "سپیكردنەوەی پارەی سندوقی وەبەرهێنانی مالیزیا"، داواكاری گشتی ئەمریكا جارێك لەبارەی گەندەڵییەوە لە مالیزیا وتویەتی" ملیاران دۆلاری سندوقی وەبەرهێنان لە مالیزیا دزراوە"‌و دۆخی ئەو وڵاتەی بە "حوكمڕانی دزەكان" ناوبردووە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand