حەمدیە جاف كێیە ؟
2023-02-12 07:02:46
راپۆرت: درەو
حەمدیە جاف ئەو لە ئیمارات دەستگیركراوەو رادەستی عێراق دەكرێتەوە، لەوكاتەی كە بەڕێوەبەری بانكی بازرگانی عێراق بووە، لە شاری سلێمانی باڵەخانەیەكی بەبڕی (15 ملیۆن) دۆلار لە (حسێنی مەلا ساڵح زڕگوێزی) كڕیوە، ئەمە یەكێكە لەو مامەڵانەی كە دەوترێت گەندەڵی گەورەی تێدا كراوە.
حەمدییە خان لە ئیماراتەوە بەرەو بەغداد
رۆژی 9ی ئەم مانگە، دەستەی دەستپاكی عێراق دەستگیركردنی ژنێكی كوردی بە ناوی (حەمدیە جاف) راگەیاند، حەمدیە پێشتر بەڕێوەبەری بانكی بازرگانی عێراق (TBI) بووە.
ئەم ژنە كە دەوترێت نزیك بووە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، دۆسیەی گەندەڵی زۆری لەسەرە، كانونی دووەمی 2021 دادگای كەرخی بەغداد كە تایبەتە بە دۆسیەكانی گەندەڵی، بەبێ ئامادەبوونی خۆی ماوەی (5 ساڵ) زیندانی بەسەردا سەپاند.
پێشترو لە 16ی ئایاری 2020دا، دادگا بەتاوانی "زیانگەیاندن بە دارایی گشتیی" ماوەی (7) ساڵ زیندانی بەسەر حەمدیە جافدا سەپاندبوو، بەڵام بەهەمان شێوە بەبێ ئامادەبوونی خۆی لەبەردەم دادگادا، ئەوكات دەستەی نەزاهەی عێراق حەمدیە جافی بە "هەڵاتوو لە یاسا" ناوبرد، ئێستا ئەم ژنە وەكو یەكێك لە سەرە گەورەكانی گەندەڵی لە عێراق ناودەبرێت، 17 دۆسیەی یاسایی لەسەرەو دەستەی دەستپاكی دەڵێ زیاتر لە ملیارێكو 100 ملیۆن دۆلار زیانی بە دارایی گشتی گەیاندووە.
ئەم ژنە بەهۆی ئەو تۆمەتانەی كە ئاڕاستەی دەكران، ساڵی 2015 لە عێراق چووە دەرەوەو لەگەڵ خێزانەكەیدا لە ئیمارات نیشتەجێ بووە، بەپێی زانیارییەكان، دەستگیركردنی حەمدیە جاف لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیماراتەوە، لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە لە سەردانەكەی چەند رۆژی رابردوویدا بۆ ئەو وڵاتە.
محەمەد شیاع سودانی كە تەمەنی كابینەكەی (100) رۆژی تێپەڕاندووە، یەكێك لە بەڵێنە دیارەكانی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكانی عێراقو سزادانی گەندەڵكارانە.
موڵكێك بە 15 ملیۆن دۆلار لە سلێمانی
یەكێك لەو بەڵگەنامانەی كە لەسەر حەمدیە جاف هەیە، پەیوەندی بە كڕینی موڵكێكەوە هەیە لە سلێمانی بە بەهای (15 ملیۆن) دۆلار.
ناوەڕاستی ئایاری 2013، حسێن ساڵح شەریف كە ناسراوە بە "حسێنی مەلا ساڵح زرگوێزی" موڵكی ژمارە (260/136)ی لە گەڕەكی چوارباخ فرۆشتووە بە حەمدیە جاف، بەڕێوەبەری پێشتری بانكی بازرگانی عێراق.
روبەری ئەم موڵكە (96/2030) مەتر چوارگۆشەیە، پێكهاتووە لە باڵەخانەیەك كە (127) ژوورو (55) شوقەو رستۆرانتێكو چوار دوكانی بازرگانی لەخۆدەگرێت، حەمدیە جاف بڕی (15 ملیۆن) دۆلاری بە حسێنی مەلا ساڵح داوە بۆ كڕینی ئەم موڵگە، گوایە دەیەوێت بیكات بە بینای لقی بانكی بازرگانی عێراق لە شاری سلێمانی.
هەندێك لە میدیاكانی عێراق كاتی خۆیو لەسەردەمی مامەڵەكەدا باسیان لەوە كردووە، سەرەتا كوڕێكی حەمدیە جاف بەناوی (شوان عەبدولكەریم فەرمان) ئەو موڵكەی لە كەسێك بەناوی (عەبدوڵا) بە بڕی (3 ملیۆن) دۆلار كڕیوە، فرۆشیاری موڵكەكە كەسێك بووە كە كڕیاری بانكەكەی حەمدیە جاف بووەو قەرزداری ئەوان بووە، پاش ئەم مامەڵەیە كوڕەكەی حەمدیە جاف موڵكەكەی فرۆشتووە بە "حسێنی مەلا ساڵح"و دوای ئەمە بانكی بازرگانی عێراق موڵكەكەی لە "حسێنی مەلا ساڵح" بە بڕی (15 ملیۆن) دۆلار كڕیوەتەوە.
ئەوانەی ئاگاداری كڕینو فرۆشتنەكانی ئەم موڵكە بوون دەڵێن: لەم مامەڵەیەدا حەمدیە جاف وەكو بەڕێوەبەری بانكی بازرگانی وەبەرهێنانی كردووەو یاسای بانكی بازرگانیو بانكی ناوەندیی عێراق رێگە بەم كارە نادات،بەڵام بەپێی بەدوادادچوونەكانی (درەو) لە نزیكەكانی خاوەنی موڵكەكەی سلێمانی دەوترێت: موڵكەكە هیچ كێشەیەكی تێدا نیەو لیژنەی تایبەت لە بەغدادەوە هاتوون و پیداچوونەوەیان بە گرسَبەستەكەدا كردووەو دەركەوتووە مامەڵەكە لەرووی نرخ و شێوازی عەقدەكەوە هیچ كێشەیەكی تێدا نیەو لەكاتی خۆیدا ئەو نرخەی دیاریكراوە گونجاوبووە.
حەمدیە جاف كێیە ؟
ئەوەی لەبارەی ئەم ژنە كوردەوە دەزانرێت ئەوەیە ناوی تەواوەتی (حەمدیە مەحمود فەرەج)ە، لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە ناوی ئەم ژنە لە بواری بانكو پارەدا دەركەوتووە، ئەمەش بەهۆی هاوسەرەكەیەوە (كەریم فەرمان) كە پیاوێكی بەناوبانگ بووەو لە بۆرسەی (كیفاح) لە بەغداد كاریكردووە.
وەكو ئەوەی باسدەكرێت، حەمدیە جاف لەرێگەی هاوسەرەكەیەوە پێی خستوەتە ناو بواری كاری بانكیو ئاڵوگۆڕی دراوەوەو پۆستی بەڕێوەبەری بانكی رافیدەین- لقی (حارسیە)ی وەرگرتووە، ئیتر لەوكاتەوە لەكاری نایاسایی تێوەگلاوەو دەوترێت بەرتیلی وەرگرتووەو ئاسانكاری كردووە بۆ پاكتاوی چەكی بانكییو لەسەر ئەم كارانە جارێك سزای وەرگرتووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بڕێكی زۆر پارەی بە كڕیارێك داوە بەبێ ئەوەی چەكی ئەو كریارە لە حسابەكەیدا هەبێت، بەڵام بەهۆی ئەو پاڵپشتییەی ئەوكات لەلایەن بەڕێوەبەری بانكەكەوە هەیبووە، سزاكەی هەر ئەوە بووە ماوەیەك دوركەوتوەتەوەو دیار نەماوە.
بەڵام ساڵی 2003 دوای كەوتنی رژێمی سەددام جارێكی تر دەركەوتووەتەوەو لەلایەن بەرپرسانەوە راسپێدراوە بەوەی لقە سوتاوەكەی بانكی رافیدەین لە ناوچەی (مەنسور) بكاتەوە، ئەوكات لقی بانكەكە گونجاو بووە بۆ كاركردن، چونكە دوای كەوتنی رژێم، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی ئەو بینایەی وەكو بارەگای خۆی بەكارهێناوە، حەمدیە جاف لەگەڵ هێزێكی ئەمریكا چوەتە بیناكەو دەستی بەكاركردن كردووە.
دەوترێت ئەم لقەی بانكی رافیدەین، بەر لە رووخانی رژێم، لەلایەن دیوانی سەرۆكایەتی كۆماری عێراقو فەرمانگەكانییەوە وەكو هەژماری بانكیو هەژماری تایبەتی خێزانی سەددام حسێن بەكارهێنراوە.
كاتێَك حەمدیە جاف ئەم بانكەی وەرگرتووە، بەهۆی ئەو شارەزاییەی لە كاری بانكیدا هەیبووە، دیوارێكی دۆزیوەتەوە لە شوێنێكدا كە دەبوو بچێتە سەر خەزێنەیەك لەژێر زەویدا، ئیتر بۆی دەركەوتووە ئەمە شتێكی ئاسایی نییە، داوای لە هێزەكانی ئەمریكا كردووە دیوارەكە بڕوخێنن، لێرەوە سوپرایزە گەورەكە دەركەوتووە، هەموو زێڕو سەروەتو سامانەكانی خێزانی سەددام دۆزراوەتەوە لەگەڵ ئەو كاتژمێرانەی كە سەددام وەكو دیاری دەیبەخشین هەروەها شمشێرە زێڕەكانو هەموو ئەو كاسێتە ڤیدیۆیانەی كە چالاكییەكانی سەددامی ئەرشیفكردووە لەوكاتەوە بووە بە جێگری سەرۆك كۆمار تا كاتی روخانی، ئەمە لەپاڵ ئەو دیارییانەی كە پێشكەشی سەددام كرابوون، بانكەكە لەدوای روخانی سەددامەوە تاڵانكرابوو، بەڵام تاڵانچییەكان ئەم شوێنە نهێنییەیان نەدۆزیبووەوە. كاتێك حەمیدیە جاف خەزێنەكەی دۆزیوەتەوە توشی سەرسامی بووە بەو بڕە زۆرەی دراوی بیانیو خشتی ئاڵتون، لەم كەیسەدا گومان هەیە حەمدیە بێ دەستكەوت نەبووە.
هەر بەپێی ئەو قسەوباسانەی لەناو میدیاكانی عێراقدا هەیە، لەسەردەمی گۆڕینی دراوی عێراقیدا دوای كەوتنی سەددام، بانكەكەی حەمدیە خان یەكێك لەو بانكانە بووە كە ئاڵوگۆڕی دراوە كۆنەكەی بە دراوە نوێیەكە "دیناری بریمەر" تێدا كراوە، باسلەوە دەكرێت لەم سەردەمەدا ئەم خاتوونە كوردە بڕێكی زۆر پارەی ساختەی دیناری عێراقی گۆڕیوەتەوە بە دیناری نوێی واتە ئەو دینارەی ئێستا كاری پێدەكرێت، هاوسەرەكەی ئەم پارانە لە چەند ئەژمارێكی خۆیو هاورێكانیدا لەهەمان بانكدا هەڵگرتووە.
زیا خیون كە لەسەردەمی سەددامدا بەڕێوەبەری بانكی رافیدەین بوو، دوای كەوتنی سەددامیش بەهۆی ئەو شارەزاییەی كە هەیبوو، جارێكی تر وەكو بەڕێوەبەری بانكەكە دانرایەوە، خیون لە هاوڕێ دێرینەكانی خاتوو حەمدیە بووە، بۆیە هەر دوای دەستبەكاربوونی پاڵپشتی لێكردووەو حەمیدە خانی كردووە بە بەڕێوەبەری بانكی بازرگانی عێراق بە وەكالەت، بانكی بازرگانی لە تەموزی 2003دا وەكو قەوارەیەكی حكومی سەربەخۆ دروستكرا، ئامانجی دروستكردنی ئەم بانە بریتی بوو لە هاوردەكردنو هەناردەكردنی كاڵاو خزمەتگوزاری، ئەمە وەكو وەكو ئاسایكردنەوەی دۆخی وڵات دوای كۆتایهاتنی كاركردن بە پرۆگرامی نەوتو بەرامبەر بە خۆراكی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان.
لە تشرینی یەكەممی 2003دا، بانكی بازرگانی عێراق بەسەرمایەی (100 ملیۆن) دۆلار دەستی بەكاركردن كردو ئێستا خاوەنی 25 لقە لە پارێزگاكاندا، لە ساڵی 2008دا سەرمایەی بانكەكە بۆ (ترلیۆنێك) دینار بەرزبوەتەوە.
ئەوانەی لە نزیكەوە حەمدیە جافیان ناسیوە دەڵێن" ژنێك بووە كە كارەكەی خۆشویستووەو دوای دەوامی فەرمیش لە بانك ماوەتەوەو كاریكردووە، بەڵام لەڕووی ئیدارییەوە هەندێك لاواز بووە، كاتێك زانیویەتی بە وەكالەت لە پۆستی بەڕێوەبەری بانكی بازرگانی دانراوە، هەڵمەتێكی دەستپێكردووە بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەكانی بانكەكەو بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی پارێزگاكانی كردووە، ئیتر لێرەوە دەرگای گەندەڵی لەسەر كراوەتەوەو خەڵكانی تری ناسیوەو سیان لەو كەسایەتییانەی كە دەوترێت لەو سەردەمەدا كۆنترۆڵی خاتوو حەمدیەیان كردووە بریتی بوون لە هەریەكە لە (ئەنوەر عەبدوللەتیف مەعموری)و (كەریم شەمەری) پسپۆڕ لە بواری گرێبەستەكانی وەزارەتی بازرگانیو ئاودیوكردنی نەوتو ماددە خۆراكییەكانو (سەرتیپ ئاغا)، وەكو باسدەكرێت، ئەم سێ كەسە كاریان كردووەو قەرز زۆریان لە بانكی بازرگانی عێراقو حەمدیە خان وەرگرتووە.
سەرباری ئەمانە، رۆژی 18ی تەموزی 2011دا، نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق، لە وەكالەتەوە بە فەرمی حەمدیە جافی كرد بە بەڕێوەبەری بانكی بازرگانی عێراق، حەمدیە خان چووە شوێنەكەی (حسێن ئازەری) بەڕێوەبەری پێشووی بانكەكە كە دەوترێت كەسێكی نزیك بووە لە كۆچكردوو ئەحمەد چەلەبی سەرۆكی كۆنگرەی نیشتمانی عێراق، ئازەری بەهۆی ئەو تۆمەتانەی لەسەری بوو، لەلایەن مالیكییەوە لە پۆستەكەی دورخرایەوە، لە دەستەی نەزاهە دۆسیەی گەندەڵی لەسەر ئازەری كرایەوەو هەڵات بۆ دەرەوەی وڵات.
ساڵی 2014 حەمدیە جاف تۆمەتبار كرا بەوەی بڕی (30 ملیۆن) دۆلار قەرزی بە كۆمپانیایەك داوە بەبێ ئەوەی هیچ گرەنتییەك وەربگرێت.
ساڵی 2015 بەڵگەنامەیەك دادگا بڵاوكرایەوە، كە تێیدا حەمدیە جاف تۆمەتبار كراوە بەوەی ئاسانكاری نایاسایی بۆ (شوان)ی كوڕی كردووە بۆ ئەوەی گرێبەستێكی بازرگانیی بەبەهای نزیكەی (28 ملیۆن) دۆلار وەربگرێت. خاتوو حەمدیە كوڕەكەی كردووە بە هاوبەش لەگەڵ كۆمپانیای (عەتارد) بۆ بازرگانی گشتیی لە گرێبەستی هاوردەكردنی شەكردا بۆ وەزارەتی بازرگانیی، ئەم كارەی لەبەرامبەر پێدانی قەرزی بانكیدا كردووە بەو كۆمپانیایە.
ساڵی 2016 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق خاتوو حەمدیەی لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی بانكی بازرگانی لاداو (فەیسەڵ وسام)ی لە شوێنەكەی دانا، فەیسەڵیش لە تۆمەتی گەندەڵی بێبەری نەبوو.