Draw Media

گۆڕان شوێنەكەی دڵشاد عومەر پڕدەكاتەوە

گۆڕان شوێنەكەی دڵشاد عومەر پڕدەكاتەوە

2024-08-19 15:46:54


(درەو): 
بزوتنەوەی گۆڕان شوێنی (دڵشاد عومەر)ی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بەشێوەی كاتیی بە (تانیا عوسمان) پڕدەكاتەوە، بەمەش نیشانی دەدات لە پرسی دژایەتیكردنی تاپۆكردنی زەوییەكەی ئامادەیی كشتوكاڵی سلێمانی لەسەر كۆمپانیای (بەڕێز)، پشتیوانی لە هەڵوێستی بەڕێوەبەرە دەستلەكاركێشاوەكەی نەكردووە. 
سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند، لە شوێنی دڵشاد عومەر كە ئەمڕۆ دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە، بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەی كاتیی (تانیا عوسمان) لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دادەنێت. 
تانیا عوسمان لەم كابینەیەدا لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان وەكو راوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە دانراوەو لە هەولێرەوە بانگهێشتكراوەتەوە بۆ ئەوەی پۆستی بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بەڕێوەببات. 
سەرچاوەیەكی تر لە بزوتنەوەی گۆڕان، هەواڵی دانانی (تانیا عوسمان)ی پشتڕاستكردەوە، بەڵام رایگەیاند دانانەكەی بەشێوەی كاتییەو دواتر بزوتنەوەی گۆڕان (مهاباد مستەفا) بەڕێوەبەری پەروەردەی دوكان بەفەرمی بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی كاندید دەكات. 
دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوەو ئەمڕۆ ماڵئاوایی لە كارمەندانی پەروەردە كرد. 
وەكو بەڵێنیدا بوو، ئەم بەرپرسەی گۆڕان دژی تاپۆكردنی 182 دۆنم زەوی ئامادەیی كشتوكاڵی سلێمانی لەسەر كۆمپانیای (بەڕێز) دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە.
دەستلەكاركێشانەوە ئەم بەرپرسەی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەروبەندی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەندێك كاریگەریی ئەرێنی لەسەر دەنگدەرانی بزوتنەوەكە بەجێدەهێڵێت، بەڵام پڕكردنەوەی پۆستی بەرێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە بە كەسێكی تر، نیشاندەری ئەوە دەبێت بزوتنەوەكە پشتیوانی هەڵوێستی بەڕێوەبەرەكەی نەكردووە دژ بە تاپۆكردنی زەوییەكی پەروەردە لەسەر كۆمپانیایەكی بواری نیشتەجێبوون و هەڵوێستەكەی دڵشاد عومەر گوزارشت لە خۆی دەكات نەك بزوتنەوەكەی. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand