دەربارەی ئۆپۆزیسیۆن
2024-08-11 12:14:35
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
بەرەو ھەڵبژاردن - بەشی سێھەم
لە دوو بەشی رابوردووی ئەم نووسینەدا لەوەدوام کە ھەڵبژاردن لە دوای کۆتایی جەنگی سارد و روخانی دیواری بەرلینەوە بووە بە ئامرازێک سیستمە دەسەڵاتگەر و ستەمگەرەکانیش بەکاریدەھێنن. ھێزی نادیموکراس و دەسەڵاتگەریش پەنای بۆدەبات بۆ بەخشینی رەوایەتی بە سیستمە سیاسییە ستەمگەرەکەی. ئەمە وادەکاتگەر لە شوێنێک ھەڵبژاردن ھەبوو، ئەمە مانای ئەوە نییە سیستمە سیاسییەکەی ئەو شوێنە سیستمێکی دیموکراسە. سیستمی سیاسیی دەتوانێت لەیەککاتدا ھەم دەسەڵاتگەر و خێزانیی و سوڵتانیی بێت، ھەم ھەڵبژاردنیش ئەنجامبدات. ھەرێمی کورستان نموونەیەکی بەرچاوی ئەو دۆخەیە. ھەر لەو دووبەشەدا باسی ئەوەشم کرد کە سیستمە خێزانیی و سوڵتانییەکەی کوردستان ناکرێت لە رێگای ھەڵبژاردنەوە بگۆرێت و دەسکاریبکرێت، چونکە شتێک بەناوی دەستگۆڕکێکردنی دەسەڵاتەوە لە لۆژیکە خێزانیی و سوڵتانییەکەی، ئەو حوکمڕانیەدا بوونی نییە. جگە لەمە باسم لەوەشکرد کە لە سیستمی دیموکراسیدا، پەرلەمان، ئەو شوێنەی نوێنەرەکانی میلەتی بۆ دەروات، دەبێت جێگەی بەھێزترین دەسەڵاتی ناو سیستمە سیاسییەکەبێت. لە پەیوەندیدا بە ھەرێمی کوردستانەوە باسم لەوەکرد کە پەرلەمان جگە لە دیکۆرێکی سیاسیی کۆمیدیی شتێکی دیکە نییە و لە دەرەوەی پەرلەماندا چەندان دەزگا و بازنەی تری دەسەڵات ھەن، بڕیارئەدەن و دەسەڵاتدارێتیەکە بەڕێوەدەبەن. لەم بەشە و بەشی داھاتووی ئەم نووسینەدا دەمەوێت باس لەو ئۆپۆزیسیۆنە سیاسییە بکەم کە لە ھەرێمەکەدا ھەیە و دروستبووە.
لەناوەندە سیاسیی و رۆشنبیرییەکەی ئێمەدا دوو روانیان بۆ ئۆپۆزیسۆن ھەیە کە ھەردووکیان پڕکێشە و ناڕاستن. یەکێکیان دیدگایەکی رۆمانسیی لینینیە دەخوازێت ئپۆزیسیۆن پێشڕەوی کۆمەڵگا بێت و دەسکاری سەرجەمی کۆمەڵگاکە بکات، نەک تەنھا دەسکاری سیستمە سیاسییەکە بکات بەڵکو دونیایەکی تەواو نوێ لە شوێنی دونیا کۆنەکە دروستبکات. وەک چۆن شاعیران دەستکاری زمان و ریتمی ناو قەسیدەیەک دەکەن و دەیانگۆرن، پێویستە ئۆپۆزیسۆنیش بەھەمان شێوە دەسکاری کۆمەڵگا و ناوەندە سیاسییەکە بکات و ھەمووشتەکانی ناویان بگۆرێت، بە گۆڕینی ژیان و کولتور و بەھا و ئەخلاق و ڕۆشنبیریی و سیستمە رەمزییەکانی ناو کۆمەڵگاوە. ئۆپۆزیسیۆن لێرەدا ھێزێکی ھەمەتوانا و ھەمەکارە، ھەم ھێزێکی سیاسییە، ھەم فەیلەسوف و شاعیر و هونەرمەندە، ھەم داھێنەرێکە پێویستە ھەمووشتێک تازەبکاتەوە.
ھەرچی ڕوانینی دووھەمە، ئۆپۆزیسیۆن وەک ھێزێک دەبینێت کە بە وەرگرتنی بەشێک لە کێکە سیاسییەکە رازیدەبێت و لە ھەوڵی ئەوەدایە چەند ئەندامێکی پارتەکەی خۆی بخاتە پێگەی دەسەڵاتەوە، بەبێ ھیچ ھەواڵدانێک بۆ گۆڕین و دەسکاریکردنی شێوازی کارکردنی سیستمی دەسەڵاتەکە. ئەم دوو دیدە ھەردووکیان دوو دیدی تەواو پڕ کێشە و ناڕاستن. یەکەمیان ھەڵگری رۆمانسیەتێکی لینینیە کە تیایدا حیزبی سیاسیی حیزب-فەیلەسوفە. دووھەمیان نوێنەری پراگماتیزمێکی بێبەرنامە و بێئەلتەرناتیڤ و بێدیدگا و تەماحکارە. ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەمڕۆکەی ھەرێمدا زیاتر سەربە ڕوانینی دووھەمن.
بەڵام ئۆپۆزیسیۆن چییە؟
بەر لە ھەموو شتێک ئۆپۆزیسیۆن زاراوەیەکی سیاسییە لە سیستمی دیموکراسیدا هێما بۆ ئەو ھێز و ڕێکخراوە سیاسییانە دەکات کە بەشێکن لە سیستمە سیاسییەکە، بەڵام لە دەرەوەی ئەو حکومەت و ئۆرگانانەی حوکمڕانیدان کە ھێزە براوەکانی ھەڵبژاردن دەیانگرنەدەست و بەڕێوەیان دەبەن. ئۆپۆزیسیۆن لە سیستمی دیموکراسیدا ھێزێک نییە لە دەرەوەی سیستمەکەدا، ”دەرە سیستم“ نین، بەڵکو بەشێکن لە سیستمە سیاسییەکە بەڵام بە دیدگا و بەرنامە و پلان و پێشنیاریی جیاوازەوە.
هەر هێزێک بخوازێت رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن ببینێت پێویستی بەوەیە خاوەنی شوناسێکی تایبەت بە خۆی بێت، کە هێما بۆ دیدگا و جیھانبینیی و بەرنامە و پلانە تایبەتەکانی ئەو بکات. بە کۆمەڵگا بڵێت دەخوازێت چی بگۆڕێت و چی وەک خۆی بھێڵێتەوە، کام پەیوەندیی دەگۆڕێت و کام پەیوەندیی دەھێڵێتەوە. چ ڕوانینێکی بۆ ئێستا و ئایندەی ئەو کۆمەڵگایە ھەیە. ئەم شوناسە پێویستە هێما بۆ جۆرێکیتر لە سیاسەت و جۆرێکیتر لە حوکمرانیی و جۆرێکی تر لە بەڕێوەبردن و جۆرێکیتر لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا و پەیوەندیی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بەیەکەوە، بکات، ئەلتەرناتیڤی ئەوەی لە ئێستادا هەیە بە ڕوونی بخاتەڕوو. باسی جۆرێک لە بەڕێوەبردن و ماف و یاسا بکات، لەھی ھێزە حوکمڕانەکان باشتر و دیموکراسیتر و دادپەروەرتر بن. ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن خەریکی دەبێت دەستنیشانکردنی مەسەلە و کێشە و تەحەدا سەرەکیی و گرنگەکانی ناو کۆمەڵگاکەیە و دانانی بەرنامەی سیاسییە بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردن و بەڕێوەبردنی ئەو مەسەلانە. کاتێکیش بەشداریی لە ھەڵبژاردندا دەکات بەناوی ئەو بەرنامە و پلانە سیاسییانەوە بچێتە هەڵبژاردنەوە و دەنگداران بزانن ئەم ھێزە کام کۆمەڵگا و حوکمڕانیی و ماف و بەرپرسیارێتی دەوێت.
ئاشکرایە ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی تەنها لەناو سیستمێکی سیاسیدا مانای هەیە کە سیستمەکە توانای دەستگۆڕکێی دەسەڵاتی دەستەبەرکردبێت، واتە توانای ئەنجامدانی گۆڕانکاریی لە ڕێگای دەنگدانەوە مەیسەر کردبێت. گۆڕانکاریی ئەگەرێکی یاسایی و سیاسیی یەکسان بێت لەبەردەم ھەموو ئەو ھێزانەدا کە لە ھەڵبژاردنەکاندا بەشدارن. هەر سیستمێک ئەم ئەگەر و توانا ناوەکییەی دەستگۆڕکێی دەسەڵاتی تیادانەبێت، واتە ھەڵبژاردن ئامرازی دەستگۆڕکێی دەسەڵات نەبێت، هیچ مانایەک بۆ ھەڵبژاردن و بۆ ئۆپۆزیسیۆنبوونی پەرلەمانی ناهێڵێتەوە. دیموکراسیەت ئەو تاکە سیستمە سیاسییە کە لەسەرەتای سەرەتاکانییەوە تا دروستکردنی حکومەت و ھەڵبژاردنی حوکمڕانان، ئەگەری دەستگۆڕکێی دەسەڵات و بڕیاردانی جیاواز دەخاتە بەردەمی کۆمەڵگاکەوە.
ئۆپۆزیسیۆن کاتێک مانای هەیە کە «حکومەتێک لە چاوەروانید»ا بوونی ھەبێت، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنیش سەرکوەزیرانێک بێت لە چاوەروانیدا، پەرلەمانتاری ھێزە براوەکەش بەڕێوەبەرانی سیستمە سیاسیەکە بن و ھێزی پیادەکردنی بەرنامە سیاسییەکەیان ھەبێت. بە مانایەکی ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی تەنھا لەو دۆخەدا مانایەکی ھەیە رێگای گەیشتن بە دەسەڵات و دەستگۆڕکێکردنی کۆی پۆستە سیاسییەکان، بەشێک بێت لە چۆنیەتی رێکخستنی کایە سیاسییەکە خۆی. واتە ئۆپۆزیسۆن ئەگەری بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی لەبەردەمدا بێت.
ئەرکی ژمارە یەکی هێزی ئۆپۆزیسیۆنیش ئەوەیە جیاواز لە پارتە حوکمڕانەکان بیربکاتەوە و بەشدارنەبێت لەو سیاسەتانەدا کە ھێزە حوکمڕانەکان گەشەی پێئەدەن و جێبەجێیدەکەن. ئیشی ئۆپۆزیسۆن ئەوەیە رەخنەی ئەو سیاسەتانە بکات و دیدگای باشتر و گونجاوتر و پێشکەوتوتر، پێشکەشبکات. لە دۆخی زۆر تایبەت و دەگمەندا نەبێت، کە پەیوەندیی بە مەسەلەیەکی تەواو نیشتیمانییەوە ھەبێت، هێزی ئۆپۆزیسۆن پاڵپشتی پارتە حومکڕانەکان ناکات. هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان زۆربەی کات هەوڵی ڕێگرتن، یان هەموارکردنەوەی پێشنیارەکانی ئەو هێزانە دەکەن کە حکومەتیان پێکهێناوە و حوکمدەکەن. ئۆپۆزیسیۆن دەبێت بیەوێت خۆی حوکمڕانی بکات، بەتەنھا یان لەگەڵ چەند پارتێکی تردا، و ئەو دیدگا و بەرنامەیە پیادەبکات کە هەڵگریەتیی و بەرگریی لێدەکات.
ئۆپۆزیسیۆن بوون لە ناوەندێکی سیاسیی دەسەڵاتگەر و خێزانیدا کە تیایدا پارتە سیاسییەکانیان خاوەنی دەیان و سەدان کۆمپانیابن، هێزی چەکداریان هەبێت، خاوەنی پۆلیس و ئاسایش و میلیشیای نهێنی و ئاشکرای خۆیا بن، قسەکردن لە ئۆپۆزیسۆنبوونی پەرلەمانی گاڵەتکردنە بە هەمووشتێک، لە پێش ھەمووانیشەوە گاڵتەکردنە بە خودی کۆمەڵگاکە. ئەوەی ڕوووئەدات ھەڵبژاردنی دیموکراسییانە نییە، بەڵکو سێرکێکی سیاسییە کۆمەڵێک ئەکتەری خراپ بەڕێوەیدەبەن.