ئامادەکردن: بەشی توێژینەوە و ڕاپرسی له پەیمانگای ناوین بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێشهكی: بڕیاروایه له رۆژی یهكشهممه ( 14/5/2023)، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بەڕێوهبچن، ئەم هەڵبژادنە، هەڵبژاردنی مێژوویی و گرنگن بۆ تورکیا، بۆ داهاتوو و ئێستای ئەو وڵاتە، بەتایبەت کە بۆ یەکهم جارە دوای تاقیکردنەوەی یەکەم ئەزموونی سەرۆکایەتی لە تورکیا و گۆڕینی سیستەمی دەسەڵات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی و، گۆڕینی بهشیكی زۆری ماددهكانی یاسای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامبدرێت. لەم توێژینەوەیەدا، کورتەیەک لەسەر مێژوو، جوگرافیا، ووردەکاری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا، یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان، پارتە بەشداربووەکان، هاوپەیمانیەتەکان، ڕاپرسییەکان، ژمارەی دەنگدەر، کاندیدەکانی سەرۆکایەتی، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، پێشبینی و زانیاری زیاتر لەسەر کۆی پرۆسەکە دەخەینه بەردیتی خوێنەر، بەهیوای ئەوەی سوودی هەبێت. یەکەم: مێژوو، جوگرافیای تورکیا تورکیا میراتی ئیمبراتۆریەتی عوسمانییە، وڵاتێکی فرە ڕەهەند و حزب و ئایدلۆژیا و بەرژەوەندی جیاوازە، دوای ڕووخانی ئیمبراتۆریەتی عوسمانیی، بەپێی پەیماننامەی لۆزانی ساڵی(1923) تورکیا وەک دەوڵەتێکی تاک نەتەوە دروستکرا، ناوەکەش ڕەگەزییە و تایبەتە بەدەوڵەتی تورکەکان. لەکاتی دروست بوونی کۆماری تورکیای علمانی لەسەر دەستی "کەمال مستەفا ئەتاتورک"، سیستەمی پەرلەمانی تاک حیزب هەبوو، کە بەردەوام بوو تا دوای جەنگی جیهانی دووەم، لەسەرەتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، حوکمی تاک حزبی کۆتایی هات و دیموکراتەکان تا (1960) حوکمی وڵاتیان کرد بەسەرۆکایەتی "عەدنان موندهریس"، لەساڵی (1960) یەکەم کودەتایی سەربازی روویدا، دەرئەنجامەکەی بریتی بوو لە کۆتایهێنان بە حوکمی دیموکراتەکانی تورکیا و "عەدنان موندەریس"ی سەرۆکی دیموكراتهكانیش لەسێدارەدرا. کەواتە، تورکیا وەک وڵاتێکی هاوچەرخ و مۆدێرن چەندین فۆڕم و مۆدێلی سیاسی پەیڕەوکردوە، سەرەتا لەسەردەمی "مستەفا کەماڵ ئەتاتورک"، سیستەمی حوکمڕانی بەکۆمەڵ و تاک پارتی پەیڕەو دەکرا، دوای جەنگی جیهانی دووەم، سیستەمی فرە بازنەیی و پەرلەمانی پەیڕەو دەکرا، ئەم جۆرە لە حوکمڕانی بەردەوام بوو تاکو لە ساڵی (2017) ئاکپارتی و "رهجهب تهیب ئەردۆگان" لەڕێگەی ریفراندۆمهوه، سیستمەکەیان گۆڕی بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی و لە (2018)ـەش یەکەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوەچوو و "رهجهب تهیب ئەردۆگان"یش بووە سەرۆک كۆمار. چۆنیەتی هەموارکردنەوەی ماددەکانی دەستووری تورکیا: بەپێی ماددەی (157)ی دەستووری تورکیا، گۆڕینی دهستوور پێویستی بە (330) دەنگی پەرلەمانتارانە، دواتر پێویستە لەدوای (60) ڕۆژ راپرسی لەسەر بکرێت و لە 51%ی خەلک بە بەڵێ دەنگی پێبدات ئینجا هەماورکردنەکە جێبەجێ دەکرێت. تاکو ئێستا لە تورکیا حەوت جار دەستوور هەموارکرایتەوە، کەواتە حەوت ڕاپرسی لە مێژووی سەد ساڵەی تورکیا بەڕێوە چووە، كه سێ لهو ڕاپرسیانه لهسهردهمی ئهردۆگان بووه، ئەنجامی راپرسیەکانیش بەم شێوەیە بوونە: ئهگهر سهرنج بدهین، لەو حەوت راپرسیەی له توركیا بهڕێوهچوونه بۆ هەموارکردنەوە و گۆڕینی ماددەکانی دەستوور، تەنها یەک جار به نهخێر دهنگی لهسهر درایه، ئەویش راپرسیەکەی ساڵی (1988) بووە، کۆتا جاریش كه ڕاپرسی بهڕێوهچووه لە ساڵی (2017)دا بوو، کە تیادا بەڵێ زۆرینەی هێنا و سیستەمی وڵات لە پەرلەمانی گۆڕدرا بۆ سەرۆکایەتی. جوگرافیای تورکیا: لهڕووی جوگرافییهوه، توركیا وڵاتێكی گرنگ و گهورهی جیهانه، دهكهوێته رۆژئاوای ئاسیا و باشووری رۆژههڵاتی ئهوروپا، له 3%ی خاكهكهی دهكهوێته كیشوهری ئهوروپا و له 97%ی دهكهوێته كیشوهری ئاسیا، له 10%ی دانیشتوانهكهی له بهشه ئهوروپیهكهی دهژین. ڕوبهرهكهی بریتییه له (783.525)كم دووجا، هاوسنووره لهگهڵ وڵاتانی دەریایی ڕەش (جۆرجیا، ڕوسیا، ڕۆمانیا، بولگاریا)، لەڕۆژهەڵات (ئێران، وڵاتانی قەوقاز، جۆرجیا(لهدوو لاوه)، ئەرمەنستان، ئازربایجان)، لە باشوور: (عێراق، سوریا، دەریایی سپی ناوەڕاست(، له خۆرئاوا (قوبرس، دەریایی ئیجە، یۆنان، بوڵگاریا(، لە باکوور (دەریایی ڕەش(. دووهم: ژمارەی دەنگدەرانی تورکیا و چۆنیهتی رێكارهكانی بهڕێوهچوونی ههڵبژاردنهكان بەپێی دەستووری تورکیا، هەموو ئەو کەسانەی تەمەنیان لەسەرووی (18) ساڵیه، دەتوانن بەشداری دەنگدان بکەن، بەمشێوەیە زیاتر لە (60 ملیۆن 904 ههزار و 499) كهس لهناوخۆ مافی دەنگدانیان هەیە، لهدهرهوهی وڵاتیش (3 ملیۆن 286 ههزار و 786) كهس مافی دهنگدانیان ههیه، بهمشێوهیهش ژمارهی بهشداربووان له ههڵبژاردنهكانی توركیا دهگاته( 64 ملیۆن و 191 ههزار و 285) كهس، كه نزیكهی (6) ملیۆن کەس بۆ یەکەمین جارە دەنگ دهدهن، ههروهها (42 ملیۆن و 704 ههزار و 112) كهس كه دهكاته 50.1% له ڕهگهزی نێره و، (42 ملیۆن و 575 ههزار و 441) كهس كه دهكاته 49.9% لهڕهگهزی مێیه. بهپێی راپرسیهكان رێژهی بهشدار له نێوان 85 بۆ 90% دهبێت، بهمشێوهیهش بۆ پۆستی سهرۆك كۆمار، كاندید پێویستی به (27) ملیۆن دهنگ زیاتره. ژمارهی بازنهكانی ههڵبژاردن: 87 بازنه ژمارهی كاندیدانی سهرۆك كۆمار: 4 كاندید ژمارهی كورسییهكانی پهرلهمان: 600 كورسی ژمارهی پارته بهشداربووهكان بهشێوهی سهربهخۆ: 25 پارتی سیاسیی ژمارهی هاوپهیمانییهتهكان: 5 هاوپهیمانیهتی فهرمی ژمارهی كاندیدانی سهربهخۆ بۆ پهرلهمان: 57 كاندید ژمارەی بنکە (سندوقە)کانی دەنگدان له ههموو توركیا و دهرهوه: 191 ههزار و 910 سندوق. ژمارەی چاودێرانی سەر سندوق: 7 کەس، یهك بەڕێوەبەری بنکە، 3 کارمەند، 3 چاودێری ئەو حزبانەی لەهەڵبژاردنی پێشوو زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. له ههر بنكهیهكی دهنگدان دوو سندوق دادهنرێت، یهك بۆ ههلبژاردنی سهرۆكایهتی كۆمار و ئهوهی دیكهش بۆ پهرلهمان. کاتی دەستپێکردن: له 32 شار بەتایبەت لەشارە کوردییەکان، کاتژمێر 7ی بەیانی تا 4ی ئێوارە، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. لە 49 شاری دیکەی تورکیا، کاتژمێر 8ی بەیانی تاوەکو 5ی ئێوارە. ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان: هەمان شەو ئەنجامی بەرایی ڕادەگەینرێت، بەڵام پێویستە لەماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی فەرمی و کۆتایی هەڵبژاردن ڕابگەینرێت. هیچ کەناڵێکی ڕاگەیاندن بۆی نیە ئەنجامی بەرایی ڕابگەینێت. هەمان شەو ئەنجامەکان دەگەینرێتە دەست نوێنەری پارتە بەشدارەکان و کاندیدەکانی سەرۆکایەتی و کاندیدە سەربەخۆکانی پەرلەمان. پێویستە واژووی ئەو حەوت کەسەی لەسەر بێت ئینجا ئەنجامەکان پەسند دەکرێن، دوای 10 ڕۆژ کۆپی فۆرمی دەنگدان کە واژۆی 7 کەسەی نێو بنکەی لەسەرە لەماڵپەری فەرمی کۆمسیۆن بڵاودەکرێتەوە. چۆنیەتی جیاکردنەوەی دەنگی سەرۆکایەتی و پەرلەمان: سەرەتا دەنگی سەرۆکایەتی و، دواتر دەنگی پەرلەمان یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی تورکیا 1. ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە 550 بۆ 600 زیاد کراوە. 2. تەمەنی خۆکاندیدکردن لە 25 بۆ 18 کەمکرایتەوە. 3. بۆ چوونه پهرلهمان دهنگی بنهڕهتی پارتهكان بهبنهما دهگیرێت، پارته بچوكهكان به هاوپهیمانیش بچنه پهرلهمان، پهرلهمانتاریان نابێت. 4. دهنگی ئهو پارتانهی ناتوانن بهربهستی 7% تێپهڕێنن بۆ لیستی براوهی یهكهم دهڕوات. 5. هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی بەیەکەوە و پێنج ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت 6. پەرلەمان دەتوانێت دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەسەر سەرۆک کۆمار و وەزیرەکان بکاتەوە. 7. پەرلەمان دەتوانێت بەدەنگی 3 لەسەر 5ی پەرلەمانتاران هەڵبژرادن دووبارە بکاتەوە. دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار 1. سەرۆک کۆمار دەتوانێ سەرۆکی پارتەکەشی بێت. 2. دەتوانێت بڕیار لە باری نائاسی بدات 3. تەنها بۆ دوو خول دەتوانێت خۆی کاندید بکات 4. کاندیدی سەرۆک کۆمار دەبێت نوێنەری ئەو پارتە سیاسیە بێت کە لەدوا هەڵبژرادن زیاتر لە 05%ی دەنگی بەدەستهێنابێت، یان 100 هەزار واژۆ کۆبکاتەوە بۆ پشتگیری خۆکاندید کردنی 5. بە 50% + 1ی دهنگی دهنگدهران دەبیتە سەرۆک كۆمار 6. سەرۆک کۆمار فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی وڵاتە 7. سەرۆک کۆمار جێگر و وەزیرەکانی دیاری دەکات 8. سەرۆک کۆمار پڕۆژەی بوودجە پێشکەش بە پەرلەمان دەکات 9. سەرۆک کۆمار دەتوانێت ئەنجومەنی وەزیران هەڵوەشێنێتەوە. 10. بۆ گۆڕینی دەستوور دەتوانێت پڕۆژە پێشنیار پێشکەش بە پەرلەمان بکات 11. یاساکانی دەرچوو لەپەرلەمان واژۆ دەکات 12. باڵیۆزەکان دیاری دەکات 13. مەرجە جێگر و وەزیرەکان ئەندامی پەرلەمان بن. سێیهم: ئهنجامی ڕاپرسییهكان بۆ ههڵبژاردنهكانی 2023ی توركیا له توركیا چهندین كۆمپانیا و ناوهندی تایبهتمهند به ڕاپرسیهكان ههیه" گرنگترینیان (ئاکسۆی، ئۆپتیمار، مێترۆپۆل، ئارێیا، یۆنئەیلەم، ماك، ALF، ئاڤراسیا و ئۆ ئاڕ سی)، تێكڕای ڕاستی ئهنجامی ئهو كۆمپانیایانه له 93%یه ئهوهش ڕێژهیهكی زۆر بهرزه، سەرجەم راپرسییەکانی ئهو نۆ کۆمپانیا و ناوەندی لێکۆڵینەوەی بەناوبانگی تورکیا لە ساڵی 2022دا، دەریدەخەن، دەنگی هاوپەیمانیی میللەت لە پێش دەنگی هاوپهیمانی جمهوری دەسەڵات دێت. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ناوەندیی راپۆرتی تورکیا، بەپشت بەستن بە ئەنجامی راپرسیی ئهو ناوەندانه کە بەناوبانگترین و شارەزاترین ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و راپرسین لە بوارەکانی خۆیاندا، دەردەکەوێت کە دەنگی هاوپەیمانیی میللەت لە هەڵکشانی بەردەوامدایە و بەپێچەوانەشەوە هاوپەیمانیی جمهوور کە بەرەی دەسەڵاتە دەنگەکانیان روو لە دابەزینە. چوارهم: پارتەكان و هاوپهیمانیهتهكان لهدوای ساڵی (2020) لهسهرتاسهری توركیا، (27) پارتی سیاسی نوێ لهسهرانسهری توركیا دامهزراون، بهمشێوهیهش ژمارهی پارته سیاسییهكانی توركیا گهیشتۆته (122) پارتی سیاسی، كه تهنها (36) پارتی سیاسی مافی ئهوهیان ههبوو بهشداری ههڵبژاردن بكهن، (بهپێی یاسای ههڵبژاردنهكانی توركیا، ئهو پارتهی بتوانیت له 41 پارێزگای توركیا كۆنفڕانس ببهستێت و رێكخستن دروست بكات، مافی ئهوهی ههیه بهشداری ههڵبژاردن بكات) لهو (36) پارتهش تهنها (24) پارتی سیاسی به سهربهخۆ بهشداری ههڵبژاردنهكان دهكهن، (12) پارتهكهی تر له چوارچێوهی چوار هاوپهیمانیهتی و لهسهر پارتی دیكه كاندیدیان پێشكهش به كۆمسیۆنی ههلبژاردنهكاتی توركیا كردووه، لهماوهی ئهم پوێنج سالهی رابردوو، دوو پارت له ئاكپارتی و سێ پارتیش له جهههپه و پارتێكیش له پارتی چاكهی مهرال ئاكشهنهر و پارتێكیش له سهعادهت جیابوونهتهوه، پارته جیابووهكانیش بریتین له: پارتی دیموكراتی و پێشكهوتن به سهرۆكایهتی عهلی باباجان و پارتی دواڕۆژ بهسهرۆكایهتی ئهحمهد داود ئۆغلۆ له ئاكپارتی جیابونهتهوه، ههروهها پارتهكانی نویبوونهوه، به سهرۆكایهتی ئۆزتوك یهلمازی جێگری سهرۆكی پێشووی جهههپه و پارتی گۆڕان بهسهرۆكایهتی مستهفا ساری سهركردهی جهههپه و پارتی نیشتمان به سهرۆكایهتی موحهرهم ئینجه سهركردهی باڵا و كاندیدی سهرۆك كۆمار له خولی پێشوودا له جهههپه جیابوونهتهوه، پارتی رهفای سهر لهنوێش له پارتی سهعادهتی ئیسلامی جیابۆتهوه.
(درەو): پەڕاوی دارایی- سەنتەری الاتحاد بۆ توێژینەوەو گەشەپێدان نوسەر: دكتۆر بیلال خەلیفە پوختە دوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە لە ساڵی 2003، دەسەڵاتی داگیركەر هەوڵیدا سیستەمێك لە عێراق دروست بكات كە تێیدا لەسەر ئاستی بونیادیی، پارێزگاری لە هەژمونی خۆی بكات. لەناو ئەوانەشدا سیستەمی ئابوری كە لەسەر بنەمای چەسپاندنی رۆڵی بانكی فیدراڵی ئەمریكا لە كۆنترۆڵكردنی داهاتەكانی فرۆشی نەوتی عێراقو، بەهای ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقو چەندین بابەتی تر، دامەزرا. بۆیە بەكارهێنانی بانكی فیدراڵی ئەمریكا بۆ داهاتەكانی فرۆشی نەوت، بەمشێوەیە دەردەكەوێت: - توانای فشارخستنە سەر حكومەت لەرێگەی سەرچاوە داراییە سەرەكییەكانییەوە لە دانانی بودجەكەیدا، كە بەهای دیناری عێراقی دیاری دەكات. - كۆنترۆڵكردنی قەبارەو كاتی ئەو پارانەی كە لە بانكی فیدراڵی ئەمریكاوە دەچێتە دەرەوە بۆ عێراق. - ئەو قازانجەی كە بانكە ئەمریكییەكان لەرێگەی قەرزكردن لە پارەكانی عێراق بە سودێكی زۆر كەم كەڵەكەیان كردووە، لەگەڵ سودوەرگرتنی كۆمپانیاكانی گواستنەوەی پارەكە لە ئەمریكاوە بۆ عێراقو كرێی بیمەو پاراستن. - پارێزگاریكردن لە پێگەی دۆلار لە پرۆسەی كڕینی نەوتی عێراقدا، بەتایبەتیش دوای ئەو رێككەوتنانەی كە چینو وڵاتانی تر كردویانە بۆ ئاڵوگۆڕ بە دراوە لۆكاڵییەكان. بۆیە ئەم توێژینەوەیە ئەو پرۆسە تەكنیكییە نیشان دەدات كە تێیدا ئەمریكا هەژمونی بەسەر بەشێك لە كەرتی دارایی عێراقدا كردووەو سەروەری عێراقی پێشێلكردووەو، لەسەر حسابی هەموو عێراقییەكان پارەكانی عێراقی خستوەتە بەرژەوەندی خۆیەوە. پێشەكی عێراق لەدوای ساڵی 2003وە داگیركردن، گۆڕانكاری لە سیستەمە دیكتاتۆرییەكەوە بۆ سیستەمێكی فیدراڵی پەرلەمانی بەخۆیوە بینیو خرایە ژێر چاودێری (وصایە)ی ئەمریكاو بەندی حەوتەمەوە. بەبیانووی ئەوەی ژمارەیەك لە وڵاتانی زیانلێكەوتووی سیاسەتەكانی سەددام حسێن داوای قەرەبوو دەكەن، ئەو داهاتانەی عێراق كە لە فرۆشی نەوتەوە بەدەستدەهاتن، خرانە بانكی فیدراڵی ئەمریكاوە بۆ ئەوەی لە داوای قەرەبووكردنەوە بپارێزرێت. هەروەك چۆن بانكی ناوەندیی عێراق بەپێی یاسای 56ی ساڵی 2004و بەگوێرەی دەسەڵاتی ئیدارەی كاتیی ئەو ئیئتیلافە دامەزرا كە عێراقی بەڕێوەدەبرد. لەو كاتەوە تائێستا داهاتی نەوت لە ئەنجامی فرۆشی نەوتی عێراق دەچێتە بانكی فیدراڵی ئەمریكا، ئەمە پاش لێبڕینی 5%ی ئەو پارانە بۆ قەرەبووی دەوڵەتی كوەیت كە ساڵی رابردوو هەموو پارەكان گەڕێندرایەوەو تەواو بوو. لەداوای ئەمە، پارەكان دەگوازرێنەوە بۆسەر حسابی بانكی ناوەندیی عێراق، ئەمەش پاش ناردنی داواكارییەك لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە كە تێیدا ئەوە روندەكرێتەوە ئەو پارانە لە كوێدا خەرج دەكرێن، ئەم داواكارییانەش لەلایەن بانكی فیدراڵی ئەمریكاوە وردبینییان تێدا دەكرێتو ئەم پرۆسەیە نزیكەی 20 رۆژ دەخایەنێت. ئەم پارانە لەرێگەی فڕۆكەوە دەگوازرێنەوە بۆ بانكی ناوەندیی عێراق لە بەغداد، هەر فڕۆكەیەك نیو ملیار دۆلار هەڵدەگرێت، ئەم پرۆسەیە كرێی گواستنەوەو پاراستنو بیمە لەخۆدەگرێتو لە گەنجینەی عێراق ئەم پارانە دەدرێت. بە پشتبەستن بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە 1483 لە ساڵی 2003، كە دوای كەوتنی رژێمی پێشوو دەرچوونو گەمارۆی ئابوریی لەسەر عێراق هەڵگرتو گەڕاندییەوە بۆ دۆخی بەر لە ساڵی 1990، حسابێك لە بانكی یەدەگی فیدراڵی ئەمریكا لە نیویۆرك كرایەوە، لە یەكێك لە بڕگەكانیدا بڕیار لەسەر دروستكردنی سندوقی پەرەپێدانی عێراق درا، پارێزبەندی نێودەوڵەتی بەم حسابە درا بۆ ئەوەی لەبەرەنجامی بڕیاری دادگا نێودەوڵەتییەكان لەو سكاڵایانەی دژی رژێمی پێشوو تۆماردەكرێن، حسابەكە روبەڕووی دەستبەسەرداگرتن نەبێتەوە. لەسەرەتاوە دوو سندوق هەبوو، یەكەمیان سندوقی پەرەپێدانی عێراق بوو، رێژەی 95%ی داهاتە نەوتییەكانی لەخۆدەگرت، سندوقەكەی تریش سندوقی قەرەبووەكان بوو، رێژەكەی 5% بوو، كە زۆرینەی بۆ كوەیت دەچوو، چونكە زۆرینەی وڵاتانی لە قەرزەكانیان خۆشبوون جگە لە كوەیت. لە 15/6/2003 فەرمانی ژمارە 2 لەلایەن پۆل بریمەر بەڕێوەبەری دەسەڵاتی هاوپەیمانان دەرچوو، كە پارەی سندوقی پەرەپێدانی عێراقی لە بانكی فیدراڵی ئەمریكا لە نیویۆرك دانا، بەجۆرێك پارەكان بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی ئەودا بێت لەگەڵ بەڕێوەبەرێك كە ئیدارەی بانكی ناوەندیی عێراق بە هاوكاری لەگەڵ بانكی فیدراڵی دیاری دەكات. لەدوای ئەو رێككەوتنە ئەمنییەی كە بە رێككەوتننامەی چوارچێوە لەنێوان عێراقو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ناودەبرێتو تێیدا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق چونەدەرەوەو، بەمە بەشێوەیەكی فەرمی كۆتایی هات بە داگیركردنی عێراق، لە ئەنجامدا لە دانیشتنی 6450ی ئەنجومەنی ئاسایشدا بڕیاری 1956 دەرچوو، كە كۆتایی هێنا بە بوونی سندوقی پەرەپێدانی عێراق، ئەمەش لەسەر داوای حكومەتی عێراق لەرێگەی نامەیەكی بەڕێز نوری مالیكی سەرۆكی حكومەتەوە، هەروەها كۆتایهێنان بە چاودێریو پارێزبەندیو سەرپەرەشتیكردنی بانكی ناوەندیی عێراق، كە رێككەوتنی خۆی لەگەڵ بانكی فیدراڵی نوێكردوەتەوە بۆ ئەوەی پارەكانی عێراق لای ئەو بانكە بێت، بەمەرجێك دەسەڵاتی داراییو بەڕێوەبردنی لای بانكی ناوەندی عێراق بێت، بەڵام بە مەرجو شەفافیەتی بانكی فیدراڵی ئەمریكا. بەڵام سندوقی قەرەبووەكان بەكۆتایهاتنی قەرزەكانی كوەیت، كۆتایی هات، بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە 687 لەژێر بەندی حەوتەمی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكانی ساڵی 1991، ئەمەش لە 23/12/2021دا بوو كە دواین بڕە پارەی قەرەبووەكان درایەوە بە كوەیتو بەهاكەی 44 ملیۆن دۆلار بوو لە كۆی 52 ملیارو 400 ملیۆن دۆلار، بەمە عێراق دوای زیاتر لە 31 ساڵ لە داگیركردنی كوەیت، تەواوی ئەو قەرەبووانەی گەڕاندەوە كە كۆمسیۆنی قەرەبووەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان سەربە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەگوێرەی بڕیاری 687ی ساڵی 1991 پەسەندی كردبوو. بەدیاریكراویش، ئەنجومەنی ئاسایش لە دانیشتنی 8972ی رۆژی 22ی شوباتی 2002دا بڕیاری ژمارە 2621ی دەركرد بۆ پاكتاوی حسابی قەرەبووەكانو داخستنی، هەروەها گەڕاندنەوەی پاشماوەكانی بۆ عێراقو هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆنی قەرەبووەكان لە كۆتایی 2022دا، كە دواین كۆبونەوەی لە رۆژی 9ی كانونی یەكەمدا بوو، بڕیارەكەش جێبەجێ كرا، وەكو باسكرا، لە كۆتایی 2022دا دۆسیەی قەرەبووەكان داخراو سەرچاوە نەوتییەكان لەو كۆتوبەندە رزگاركرا. بەمەش چیتر پێویست نییە داهاتەكانی نەوت لە تاكە حسابێكدا بێت، نە لە یەدەگی فیدراڵیو نە لە هیچ شوێنێكی تر. سوڕی دراوی كاش لە عێراق - پارەكانی داهاتی نەوت دەچێت بۆ بانكی فیدراڵی ئەمریكا - دەگوازرێتەوە بۆ بانكی ناوەندیی عێراق - دۆلار لە مەزاردی دراودا دەفرۆشرێت - كڕینی دۆلار لەلایەن بازرگانانی عێراقیو دامەزراوەكانی دەوڵەتەوە - كڕینی كاڵا لە دەرەوە بە دۆلار ئەم شێوەیە سوڕی دراوی عێراق رووندەكاتەوە جوڵەی یەكەمی پارەكان بانكی فیدراڵی ئەمریكا لە ئەنجامی فرۆشی نەوتی عێراقو گواستنەوەی بڕە پارەی نەوت لەلایەن ئەو كۆمپانیایانەی نەوتەكەیان كڕیوە، دۆلار بەدەستدەهێنێت، سەبارەت بە گواستنەوە بۆ بانكی ناوەندیی عێراق لەڕێگەی فرۆشتنیەوە دەبێت لە وەزارەتی داراییەوە بە بانكی ناوەندیی عێراق، بەوەش لە بانكی فیدراڵییەوە دەگوازرێتەوە بۆ بانكی ناوەندیی، بەڵام سەبارەت بە بانكی ناوەندییو بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی نەختینەی دارایی بە دیناری عێراقیو دابینكردنی دۆلار بۆ بازرگاكانی عێراقی، دۆلار دەخرێتە مەزادی دراوەوە بۆ فرۆشتنیو بەدەستهێنانی دیناری عێراقی، پاش ئەمە بازرگان ئەو دۆلارە بەدەستدەهێنێت كە پێویستی پێیەتی بۆ كڕینی كاڵا لە دەرەوە. سیستەمی سویفت "سویفت" كورتكراوەی كۆمەڵەی پەیوەندییە داراییە جیهانییەكانە لەنێوان بانكەكاندا (The Society for Worldwide Interbank Financial Telecommunications)، ئەوە رێكخراوێكی هاوبەشی قازانج نەویستە، هەڵدەسێت بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری نوسراوە تایبەتەكان بە پارەدانی دارایی لەسەر ئاستێكی بەرزی لێوەشاوەییو بە تێچووی گونجاو. بیرۆكەی "سویفت" لە كۆتایی شەستەكاندا لەگەڵ گەشەی بازرگانی جیهانیدا سەریهەڵدا، رێكخراوەكە ساڵی 1973 پێكهاتو بارەگا سەرەكییەكەی لە بەلجیكایە، چالاكییەكانی لە ساڵی 1977وە دەستیپێكرد. بەگوێرەی دواین ئامار كە لەلایەن رێكخراوی "سویفت" دەرچووە، تاوەكو كۆتایی ئازاری 2020 ژمارەی ئەو دامەزراوە داراییو بانكانەی كە بەشدارن تێیدا (11507) هاوبەشی تێپەڕاندووەو دابەشبوون بەسەر زیاتر لە 200 دەوڵەتدا لەسەرتاسەری جیهان. سیستەمی سویفت رەوتی دۆلاری ئەمریكی دەخاتە ژێر زانیاریو چاوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەوەش تاڕادەیەك كۆنترۆڵو هەژمونكردنە بەسەر ئابورییەكانی جیهاندا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ كە ئەمریكا زۆرجار بەشێوەی سیاسی بەكاریهێناوە، لەوانە كردنە دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێرانو بەمدواییەش كردنەدەرەوەی روسیا لە سیستەمەكە لە شوباتی 2022دا، كە ئەوەش بەشێكە لە سزاكانی خۆرئاوا دژی روسیا بەهۆی قەیرانی ئۆكرایناوە، بەپێی كۆمەڵەی "سویفت"ی نیشتمانی روسیا، لەدوای ئەمریكاوە، روسیا بە دووەم گەورە وڵات دادەنرێت لەڕووی ژمارەی بەكارهێنەرانی سیستەمی "سویفت"ەوە، بەجۆرێك نزیكەی 300 دامەزراوەی دارایی روسیا سەر بەم سیستەمەن، واتە زیاتر لە نیوەی دامەزراوە داراییەكانی روسیا ئەندامی "سویفت"ن. بەڵام روسیا خاوەنی ژێرخانی دارایی لۆكاڵی تایبەت بەخۆیەتی، لەوانە سیستەمی SPFS بۆ حەواڵەی بانكییو سیستەمی Mir بۆ پارەدان بە كارت، هاوشێوەی سیستەمەكانی Visaو Mastercard. سیستەمی گواستنەوەی پارەی چینی چین لە ساڵی 2015وە سیستەمی دارایی تایبەت بەخۆی دەستپێكرد كە ئەوەش خزمەتگوزاری CIPS بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی دراوەكەی كە (یوان)ی چینییە، ئەمەش بە پاڵپشتی بانكی میللی چین PBOC كە تاڕادەیەكی زۆر لە سیستەمی سویفتی جیهانی دەچێتو ژێرخانەكەی بۆ 6 كیشوەرو 47 دەوڵەتو ناوچەی جیاوازی جیهان درێژدەبێتەوەو بانكە روسییەكان لەپاڵ سیستەمە ناوخۆییەكەیاندا، ئەم سیستەمەیان بەكارهێنا، ئەوەش دوای سەپاندنی سزاكانی خۆرئاوا بەسەر روسیادا لە بواری حەواڵەی داراییدا. جوڵەی دووەمی پارە ئەمە لە بانكی فیدراڵی ئەمریكاوەیە بۆ بانكی ناوەندیی عێراق بەفڕۆكە، ئەم پرۆسەیە لەسەرەوە قسەی لەبارەوە كراوە. لێرەش ئێستا كێشە هەیە، كێشەكەش ئەوەیە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ناردنی پارەی بۆ عێراق كەمكردوەتەوە، ئەمەش بە هۆكاری سیاسی زانراو هۆكاری ئابوری ناوخۆیی. جوڵەی سێیەمی پارە ئەمە لە بانكی ناوەندییەوەیە بۆ مەزادی فرۆشتنی دراو، مەزادی دراو لە ساڵی 2003 دروستكراوە، عێراق بەر لە ساڵی 2003 سیستەمێكی ئابوری جیاواز لە سیستەمی سۆسیالیستی گرتەبەر، بەمەش بوو بە ئابوری بازاڕی كراوە كە دەستور جەختی لەسەر كردو "پۆل بریمەر"ی حاكمی مەدەنی لە 2004دا شەرعیەتی پێداو بوو بە تاكە مەزاد لەسەر ئاستی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵەكانیدا بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دیناری عێراقی، پرۆسەی فرۆشتن هەندێكجار دەگەیشتە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار، ئەم بڕە پارەیەش بەزۆری لە داهاتەكانی نەوتی عێراقەوەیە. بۆ زانیاریی، پێویستی عێراق بۆ دابینكردنی نەختینەی دارایی لەرێگای فرۆشتنی دراوەوە دەگاتە نزیكەی 170 ملیۆن دۆلاری رۆژانە، بەڵام مەزادەكە لە ساڵانی پێشوودا زیاتر لەو بڕەی فرۆشتووەو لە ساڵانی 2021و 2022دا ئاستی فرۆشتن گەیشتوەتە نزیكەی 300 ملیۆن دۆلار، ئەمەش ئاماژەیەكی زۆر مەترسیدارە، چونكە بەواتای لەناوچوونی دراوی قورس دێتو هاوكات بەواتای ئەوە دێت فرۆشتن ئاستی پێداویستی تێپەڕاندووەو ئەمە بەواتای شتنەوەی پارە دێت. پێویستی مانگانەی حكومەت بە پارەی كاش تەنیا بۆ موچەو پێداویستییە گرنگەكان بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری رۆژانە نزیكەی 6 ترلیۆن دیناری عێراقییە واتە لە دەوروبەری 4 ملیار دۆلاری مانگانە، بۆیە بانكی ناوەندی پێویستی بەوەیە رۆژانە نزیكەی 130 ملیۆن دۆلار بفرۆشێتو ئەوەی دەمێنێتەوە 40 ملیۆن دۆلاری رۆژانەیە كە پێویستی بازاڕە بۆ بازرگانیی، لەمە زیاتر سپیكردنەوەی پارەیە، بۆ زانیاریی جێبەجێكردنی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی لێرەدا دیسان بەربەستی دروستكرد و فاكتەر بوو بۆ ئەوەی نرخی دۆلاری ئەمریكی بەرزببێتەوە. جوڵەی چوارەم لە رابردوودا بازرگانەكان لەرێگەی حەواڵەی دەرەكیو كۆمپانیاكانی حەواڵەكردنەوە كاڵایان دەكڕی، كە تەنیا زانیاری سادەی لێدەویستن، لەكاتێكدا كە خاوەنی كۆمپانیای حەواڵە لەگەڵ بانكێكی تر مامەڵەیان دەكرد، ئەویش لە نۆرەی خۆیدا دەچێت بۆ بانكی ناوەندییو پسوڵەكانی پێشكەش دەكاتو ئەویش لایخۆیەوە دراوی بە دۆلار پێدەفرۆشێت بەگوێرەی ئەو پسوڵانە، بەڵام ئەوەی لە سەرەتای 2023 روویدا ئەوە بوو بانكی ناوەندیی عێراق سیستەمی بانكی خۆی گۆڕی بۆ سیستەمی هاوچەرخی سویفت كە پێویستی بە زانیاری ورد هەیە لەبارەی بازرگانەوە بۆ ئەوەی حەواڵە دارایی بكات، لەناو ئەو زانیارییانەشدا ناوی بازرگانو ناوی كۆمپانیاكەیو جۆری كاڵاكەی، لەبەرئەوەی بازرگانەكان نایانەوێت مامەڵە لەگەڵ ئەم رێوشوێنە بیرۆكراتییە پڕ گرێوگۆڵانەدا بكەنو دەیانەوێت خۆیان لە باجدان بدزنەوە، پشت بە كڕینی پارە لە بازاڕی رەش دەبەستن بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانیان، لێرەدا هۆكاری سەرەكی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار دروست بوو، بەهۆی بەرزبونەوەی خواست، بۆ زانیاریی، ئەو پارانە بە ئۆتۆمبیلو فڕۆكە بەقاچاخ دەبرێن بۆ هەرێمی كوردستانی عێراقو لەوێ بەشێوەی فەرمی سنوردار دەكرێنو دەچێنە ناو سیستەمی بانكیی كوردییەوەو حەواڵە دەكرێتو دەگوازرێتەوە بۆ توركیاو عەممانو دوبەی. قەیرانی دارایی لە سەرەتای 2023دا رۆژی هەینی 10/2/2023 وەفدی بانكی ناوەندیی عێراق بۆ چەندین كاتژمێری دورودرێژ لەگەڵ هەریەكە لە وەفدی بانكی یەدەگی فیدراڵی ئەمریكاو وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا لە واشنتۆنی پایتەخت كۆبووەوە. عێراق دەوڵەتێكی سەربەخۆیەو بەتەواوی خاوەن سەروەرییەو ئازادە لە مامەڵەكردن بە سەرچاوەكانییەوە- بەشێكە لە بەیاننامەی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش لە 15ی كانونی یەكەمی ساڵی 2010 لەو دانیشتنەی كە تێیدا بڕیارەكانی 1956، 1957، 1958 پەسەندكرا، كە كۆتایی هێنا بە سندوقی عێراقی بۆ پەرەپێدان، فەرمانیدا بە تەسفیەكردنی بەرنامەی نەوت بەرامبەر بە خۆراك، عێراق پابەندییەكانی خۆی لەبارەی داماڵینی چەكو شتەكانی تر جێبەجێ كرد. بنەڕەتی كێشەكە 1- هۆكارە تەكنیكییەكان پێشتر باسمان لەوە كرد هۆكاری تەكنیكی بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی كاركردن بە حەواڵەی پارە لەرێگەی كۆمپانیاكانی حەواڵەكردنەوە، كە باجێك (عمولە) دەسەپێنن، پاشان بانك كە ئەویش لەلای خۆیەوە عمولەیەكی تر دەسەپێنێتو دواجاریش بانكی ناوەندیی، لەو شوێنەی كە ویستویەتی پرۆسەكە راستەخۆ بێت لەرێگەی بانكی ناوەندییەوە بۆ زانینی رەوتی پارەو كۆنترۆڵكردنی پرۆسەكانی شتنەوەی پارەو زانینی ئەو كەرەستانەی بەدیاریكراوی داخڵی عێراق دەكرێن لەگەڵ بڕی باجی سەپێندراو بەسەر بازرگاندا. دەبوو بەر لەوەی دەست بەم رێوشوێنانە بكات، بانكی ناوەندیی عێراق چارەسەری واقعی بدۆزێتەوە، كە ئەمەش خواست لەسەر دراوی بیانی بەرزدەكاتەوە. 2- هۆكارە دەرەكییەكان مەزادی دراو 19 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوەو ئەمریكییەكان ئاگاداری ئەو رێكارانەن كە لە عێراق دەگیرێتەبەر لە حەواڵەی دارایدا، پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە بۆچی ئەمریكا ئەم كاتەی ئێستا هەڵبژارد، ئایا ئەو سزایانەی كە ئەمریكا بەسەر كۆماری ئیسلامی ئێرانیدا سەپاندووە لەناو بابەتەكەدان؟ بەڵێ ئەمە ئەگەرێكی زۆر چاوەڕوانكراوە سەرباری ئەوەی بانكی فیدراڵی ئەمریكا هیچ قسەیەكی لەمبارەیەوە نەكردووە، زانینی ئاڕاستەی دۆلارو شوێنەكەی هۆكاری سەرەكییە لە رێگریكردن لە گەیشتتنی بە كۆماری ئیسلامی ئێران، چونكە عێراق بازرگانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی هەیە لە كاڵای جۆراوجۆرداو قەبارەی بازرگانی نێوانیان ساڵانە دەگاتە نزیكەی 8 ملیار دۆلار، پاشان پرۆسە نوێیەكەی حەواڵەی دارایی رێگری لە بازرگانە عێراقییەكان دەكات لەبەرامبەر ئەو كاڵایانەی كە دەیكڕن، پارە بگوازنەوە. بۆ زانیاریی وەكو وتمان، هۆكاری دانانی پارە لە بانكی فیدراڵی ئەمریكا وەكو ئەوەی بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن بۆ پارێزگاریكردنە لە دەستبەسەرداگرتنی پارەكان لەلایەن ئەوانەی داوای قەرەبوو لە رژێمی پێشووی عێراق دەكەن، بەڵام ئەم بابەتە هەندێك تێبینی لەسەرە: ا- عێراق هەموو ئەو قەرزانەی داوەتەوە كە بەهۆی چونەناوەوە رژێمی سەددامەوە بۆ كوەیت كەوتوەتە سەری، لەگەڵ قەرەبووكردنەوەی هەموو ئەوانەی بەهۆی رژێمەكەوە زەرەرمەند بوون. ب- ناكرێت لەلایەن هیچ سكاڵاكار یان رژێم یان كۆمپانیایەكەوە بەبێ بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی كە لەلایەن دادگای دادی نێودەوڵەتیی یان ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەرچووبێت دەست بەسەر پارەكانی عێراقدا بگیرێت، ئەم ئەگەرەش بەدوور دەزانرێت ئەمە لەپاڵ ئەوەی لە ئێستادا هیچ جۆرە سكاڵایەك بوونی نییە. ج- پارەی بانكە ناوەندییەكان لەنێویاندا بانكی ناوەندیی عێراق پارەی سیادییە، زۆرجار دەستبەسەرداگرتن بۆ پارەكانی حكومەتە واتە ئەوانەی كە سەربە وەزارەتی داراین نەك ئەوانەی سەربە بانكی ناوەندیی، ئەمەش دیسان پێچەوانەی چاودێری "وصایە"ی ئەمریكایە. 3- هۆكاری هەرێم زۆرێك لە سیاسەتمەدارو گەورە بەرپرسان ئاماژەیان بەم بڕگەیە كردووەو هەموو چاودێرو ئاگادارێكی كاروباری دارایی دەزانێت كە دەڵاڵ هەن دراوی قورس (دۆلار) دەكڕنو دەیبەن بۆ هەرێمو لەوێ بە فەرمی دەكەن، واتە حكومەتی هەرێم بەشدارە لە بەقاچاخبردنی پارە بۆ دەرەوە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت حكومەتی هەرێم بەشدارە لە بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار سەرباری ئەوەی بانكی ناوەندیی بە نرخی فەرمی دەیفرۆشێت. بۆ زانیاریی، ئەم پرۆسەیە بەهۆی خۆدزینەوەی بازرگانەكانەوەیە لە بەكارهێنانی بانكی ناوەندیی بۆ حەواڵەی داراییو رێگریكردن لە كۆمپانیامانی حەواڵەكردن، بەمەش پەنا بۆ ئەم رێگایە دەبەن بەكڕینی دۆلارو ئاودیوكردنی بۆ هەرێمو پاشان ئیستانبوڵو دوبەیو شوێنەكانی تر، بەڵام ئەگەر رێگری لەمە بكرێت، دەبێت قۆناغ بە قۆناغ بێت، چونكە رێگریكردن دەبێتە هۆی راوەستانی پرۆسەی بازرگانیو هاتنەناوەوەی كاڵا بۆ عێراقو ئەمەش كارەساتبار دەبێت بۆ هاوڵاتی، چونكە پێداویستییە سەرەكییەكانی لە بازاڕدا كەمدەبێتەوەو دواتریش نرخی بەرز دەبێتەوە. ئەنجامو هەڵێنجان ئەو هەنگاوەی كە ئەمریكا لە دەركردنی بڕیاری دانانی فرۆشی نەوتی عێراق لە حسابێكی خۆیدا گرتویەتیە بەر، چەند ئامانجێكی تێدایە كە ئەمریكا دەیەوێت لەوەوە بەدی بهێنێت، كە ئەوانەش: 1- زامنكردنی مامەڵەكردن بە دۆلاری ئەمریكا لە فرۆشی نەوتی عێراقدا. 2- دانانی پارە لە بانكی فیدراڵی ئەمریكا چەند سودێكی بۆ ئەوان هەیە كە ئەوانیش: ا- ئەو پارە زۆرە لە بانكێكدا بەواتای پاڵپشتییە بۆ ئەو بانكە ب- سودی دەبێت لەئەگەری قەرزكردنی ئەو پارانە لەو بانكە بە سودێك، لەبەرامبەرد ئەو بانكە هیچ قازانجێك بە عێراق نادات. ج- لە گواستنەوەی بۆ عێراق، چەندین كرێی گواستنەوەو پارەی تری لێدەبڕدرێتو لەمەشدا كۆمپانیاكانی ئەوان سودمەند دەبن. د- لەكاتی گواستنەوەی پارەكەدا، چەند بیمەیەكی پارەكە وەردەگیرێت لەوانە دزینو ئاگرو شتی تر، هەموو ئەمانەش پارەی عێراقن. 3- كۆنترۆڵكردنی فرۆشی نەوتو دامەزراندنی بانكی ناوەندییو پەنجەرەی فرۆشی راستەوخۆ لەلایەن باڵیۆزی پێشووی ئەمریكاو حاكمی عێراقەوە لەسەردەمی داگیركردندا كە ئەویش بریمەرە، مەبەست لێی كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی عێراق بوو لەڕووی ئابورییەوە. 4- لەسەر داوای حكومەت- وەزارەتی دارایی- نەبێت پارە لە بانكی فیدراڵی خەرجناكرێت، ئەمە بە وردەكارییەوە سەبارەت بە سەرچاوەی خەرجكردنی ئەو پارانە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت ئەمریكا كۆنترۆڵی سەرچاوەكانی خەرجكردن دەكات لەناو عێراقدا، پاشان جوڵەی ئاوەدانیی ملكەچە بۆ ئیدارەی ئەمریكا، ئەمەش ئەوەیە كە بینیمان لە كۆتوبەندكردنی حكومەت لە بواری كەرتی كارەبادا. 5- سیستەمی دارایی لە عێراق ئامرازی فشارە بۆ كۆنترۆڵكردنی رەوتی دەوڵەتو شێوەی، ئەمەشمان بینی لە فشاركردن بۆسەر ئەو حكومەتەی كە سەرەتای ساڵی 2023 پێكهات، تا ئەو ڕادەی گوێڕایەڵی باڵیۆزی ئەمریكا بوو لە بەغدادو تەنانەت باڵیۆزەكە زیاتر لە سەرۆك وەزیران چاوی بە بەرپرسانی دەوڵەت دەكەوت. پێشنیازەكان (چارەسەرەكان) چارەسەرەكانی بانكی ناوەندیی عێراق ئەو چارەسەرانەی كە بانكی ناوەندیی عێراق پێشنیازی كردوون تەنیا یەك چارەسەر بوون، چارەسەری كێشەكە ناكەنو چارەسەر ئەوەیە دۆلار لەرێگەی ژمارەیەكی زۆر پەنجەرەوە بێت بۆ ئەوەی خستەڕوو زیاد بكاتو بەمەش نرخی دۆلار دابەزێنێت، بەڵام دوودڵی بازرگانەكانی لە مامەڵەكردن لەگەڵ بانكی ناوەندییو رۆیشتن بەرەو كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراوو حەواڵەی دارایی نەڕواندەوە. چارەسەرە پێشنیازكراوەكان 1- مامەڵەی ئەلیكترۆنی لەگەڵ پرۆسەكانی پارەدان لە كڕینو فرۆشتنو موچەو بابەتەكانی تر، ئەمە لە سەرەتای حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەنجام دەدرێتو حكومەت لە رەشنوسی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵدا ماددەیەكی بۆ ئەم بابەتە زیاد كردووە. مامەڵەی ئەلیكترۆنی بەرێژەی نیوە بۆ دوو لەسەر سێ فرۆشتنەكانی بانكی ناوەندیی كەمدەكاتەوەو دەبێتەهۆی كەمكردنەوەی نەختینەی دارایی كە دەگاتە 110 ترلیۆن دینارلا عێراقی بۆ نیوەو زیاتر. بەوپێەی مەبەستی سەرەكی لە فرۆشتنی دراو بەدەستهێنانی نەختینەی داراییە بە دینار، ئەگەر فرۆشیاری كاڵاو سەرجەم مامەڵەو بازاڕەكان ئامێرو حسابی باڵانسیان هەبێت، ئەوا: ا- دەوڵەت پێویستی بە نەختینە نابێت ب- زانینی چالاكی راستەقینەی بازرگانی تاكو بازرگانەكان ج- ئاسانیی بڕینی باج لێیان د- كەمكردنەوەی قەبارەی فرۆشتنی دراوی قورس لە مەزادی دراودا ه- ئاسانیی شوێنكەوتنی ئەوانەی لەلایەن دادگاوە داواكراونو ئەوانەی ئەو كاڵایانە دەكڕن كە بۆ مەبەستی تیرۆر بەكاردەهێنرێت 2- بەهێزكردنی متمانەی هاوڵاتی بە بانكەكان: قەبارەی نەختینە لای تاكەكانو حسابە جارییەكان كە پێی دەوترێت خستنەڕووی بەرتەسكی دراوی كاش بۆ ساڵی 2020 زیاتر لە 110 ترلیۆن دینارە، دەوروبەری دوو لەسەر سێی ئەم بڕە پارە لای هاوڵاتییە لەناو ماڵەكاندا، هۆكارەكەش نەبوونی متمانەی هاوڵاتییە بە دانانی پارەكانی لە بانكە حكومیو ئەهلییەكاندا. 3- ناردنی ماددە پێویستییەكانی وەكو شەكرو ئاردو رۆن بۆ بازاڕەكان لەرێگەی زیادكردنی بەشە خۆراكو دواتریش بە زۆربوونی خستنەڕوو، نرخ دادەبەزێت، ئەمەش دەبێت لە ماوەو قەبارەیەكی دیاریكراودا بێت بۆ ئەوەی ئەم رێوشوێنە زیان بە بازرگانەكانی كەرتی تایبەت نەگەیەنێت. 4- كەمكردنەوە بیرۆكراسی ئیداریی لە رێكارەكانی بانكی ناوەندیو بانكەكانی تردا، ئەمە وادەكات هاوڵاتی ئامادە نەبێت پارەكانی دابنێتو بابەتەكە بكات بە (دانانو دەرهێنان) لەڕێگەی ماستەر كارتو ATM لە هەموو كاتەكاندا. پرۆسەی دانانی پارە لە بانكەكانو كێشانەوەی، رۆتینێكی كوشندەو پڕ گرێوگۆڵو بێزارەكەر بۆ هاوڵاتیو رەنگە روبەڕووی سوكایەتی ببێتەوە لەلایەن فەرمانبەرانەوە، ئەمە جگە لە بێزاركردن لەپێناو وەرگرتنی بەرتیل، چارەسەر بەكارهێنانی ئۆتۆماتیكیو تەكنەلۆژیای هاوچەرخە بەجۆرێك هاوڵاتی مامەڵە لەگەڵ كاغەز یان فەرمانبەر ناكات لە راكێشان یاخود دانانی پارەدا. 5- كەمكردنەوەو رێگریكردن لە هێنانی هەندێك كەلوپەل: لە گرنگترین ئەو كاڵایانە كەلوپەلی لوكسو ناپێویست وەكو ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانو جلوبەرگو ئۆتۆمبیل بۆ ماوەیەكی كەم تا ئەوكاتەی نرخی بازاڕ دەگەرێتەوە بۆ نرخە كۆنەكە. 6- چارەسەری بابەتەكە لەسەر ئاستی دەرەوە، ئەمەش بە دوو رێگا دەكرێت كە ئەمانەن: ا-دانوستان لەگەڵ ئەمریكییەكان بۆ زیادكردنی ئەو پارانەی كە بۆ عێراقی دەگوازێتەوە، ئەم هەنگاوە بەوە دەبێت هەندێك لە وەزیرەكان بەمزوانە سەردان بكەن. ب- دانانی پارە بە دراوێكی جیاواز لە دۆلار كە ئەوەش دراوی (یوان)ە لەرێگای كردنەوەی حساب لە بانكی ئاسیای وەبەرهێنانی چینو قۆستنەوەی زیادەی ئەو دراوە بۆ دانانی لەم بانكەو خۆبەدورگرتن لەم جۆرە كێشانە، بەڵام ئەم كارە لێكەوتی سیاسی دەبێتو پێویستە سەركردە سیاسییەكان رێگایەك بدۆزنەوە بۆ ئەم كارە، بەتایبەتیش كە وڵاتانی دراوسێ لەوانە سعودیە لەم كارەدا هەنگاوی هەڵگرتووە. ج- كردنەوەی حسابێك لە بانكی ئاسیا بۆ وەبەرهێنان لە ژێرخاندا، چونكە سپۆنسەری فەرمی رێگای ئاوریشمەو دەكرێت ببێت بە بەدیلێك بۆ بانكی نێودەوڵەتیی.
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) (٢-٢) لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا باسی ئەوەمان کرد کە حکومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە شێوەکی سەربەخۆ دەست بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەکات و بەغداش لەبەرامبەردا بڕە پارەی هەرێم لە داهاتی عێراق دەبڕێت، لەو بەشەدا باسم لە سێ دەرەنجامی گرنگی ئەم دۆخە تازەیەکرد: یەکەم: بڕی ئەو بودجەیەی لە بەغداوە بۆ هەرێم دیاربوو، خەڵک دەیزانی چەندە پارە هاتووەتە هەرێمەکەوە، داهات و خەرجیش چەندبوون بەڵام لەدوای راگەیاندنی ئابوریی سەربەخۆوە لە ساڵی ٢٠١٤ دا، یاسای بودجەی هەرێم بوونی نەبوە و بەمەش داھات و خەرجیی هەرێم بە درێژایی ئەو ماوەیە تا ئەمرۆکە، لە دەرەوەی هەر چاودێریی و لێپرسینەوەیەکدا بووە، ئەمش دەستی حوکمڕانانی هەرێمەکەی ئازادکردوە لەوەدا بێلێپرسینەوە و چاودێری ئەو ملیارەها دۆلارە بەکاربهێنن کە لە فرۆشتنی نەوتەوە دەستیانکەوتوە. دووهەم: بڕی ئەو پارەیەی لە فرۆشی نەوتەوە بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە زۆر کەمتربووە لە بڕی ئەو پارەیەی کە دەکرا لە بەغداوە بێت، ئەگەر نەوتەکە «سەربەخۆ» نەفرۆشرایە، عێراق لە ساڵی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٤ نزیکەی ٧٥ ملیار دۆلار پارەی لە بەغداوە بۆ هەرێم ناردوە کەچی حکومەتی هەرێم خۆی لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە کە ساڵی ئابورییە سەربەخۆکەیەتی، تا ساڵی ٢٠٢١ کە دەکاتە نزیکەی هەشت ساڵ تەنها بری ٢٥ ملیار دۆلاری لە فرۆشی نەوت دەستکەوتوە، بە کورتییەکەی ئەگەر حکومەتی هەرێم نەوتی نەفرۆشتایە و بودجەکە لە بەغداوە بهاتایە، بڕی ئەو پارەیەی کە دەهاتە هەرێمەوە نزیکەی ٣٥ ملیار دۆلار زیاتر دەبوو لەوەی کە حکومەتی هەرێم لە ڕێگای فرۆستنی نەوتەوە پەیدایکراوە، لەم ئاستەدا نەوتفرۆشتنی سەربەخۆ لەلایەن هەرێمەوە لەو ماوەیەدا زیانی ٣٥ ملیار دۆلاری لە هەرێم داوە. سێهەم: بەڵام ئەمە هەموو زیانەکانی «ئابورییە سەربەخۆ»ەکەی حوکمڕانانی هەرێم نییە، لەپاڵ زیانی ئەو ٣٥ ملیار دۆلارەدا کە دەکرا لە بەغداوە بێت، نەوتفرۆشیی وادەکات هەرێم تووشی قەرزێکی گەورە ببێت، ئەو قەرزە لە ئێستادا بڕی ٣١ ملیار دۆلای تێپەڕاندوە. بەم مانایە لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە بۆ ئێستا سیاسەتی فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیی زیاد لە ٦٠ ملیار دۆلار زیانی بە هەرێم گەیاندوە بەڵام ئەمە هەموو دەرنجامە نێگەتیڤەکانی ئابوری سەربەخۆ و نەوتفرۆشییەکی هەرێم نییە کارە بنکۆڵکارییەکەی درەو میدیا وێنەیەکی ئابوریی و کۆمەلایەتیی تەواو ترسناکترمان دەخاتە بەردەم. بۆ نموونە بە پێی ئامارەکانی یەکێتی وەبەرهێنان لەو ماوەیەدا پینج هەزارپڕۆژەی ئابوریی وەستاون، لەو ماوەیەدا سێ ھەزار و پێنج سەد کارگەی گەورە و بچوک داخراون، زیاتر لە هەزار کۆمپانیاش مایەپوج بوون، ئەم دۆخە وایکردوە زیاد لە سێ سەد و پەنجاهەزار کەس کارەکانیان لەدەستبدەن. بەهۆی ئەوەوە کە هەرێم بڕێکی کەم پارەی لە فرۆشی نەوت دەستدەکەوێت و هیچ چاودێریەکیش لەسەر چۆنیتی سەرفکردن و بەکارهێنانی ئەو پارانە نییە هەروەها بە هۆی ئەوەشەوە کە گەندەڵیی ئاکاری ژمارە یەک و هەرەسەرکیی حوکمرانییەکەیە، دۆخێک دروستدەبێت وا لە دەسەڵاتداران دەکات باجی زۆرتر و رسوماتی زیاتر بخەنە سەر شانی خەڵکی هەرێم، هاوکات بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و گرانبوونیان فشارێکی گەورەتر لەسەر دانیشتوانی هەرێم دروستدەکات، وەک وتیشمان ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا و پرۆژەی ئابوریی ئیفلاسدەکەن، هەموو ئەمانە لە دۆخێکدا کە ژمارەی بێکار و بێئیش لە هەرێمدا تا دێت گەورەتر و زیادتر دەبێت. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە تا ئێستا حکومەتی هەرێم بەفەرمی دامەزراندنی موچەخۆری ڕاگرتوە، جگە لە یەکەمی کۆلێژەکان هیچ کەسێک لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دانەمەزرێندراوە، کەچی لەم ماوەیەدا پتر لە دوو سەد هەزار قوتابیی زانکۆ خوێندنیان تەواوکردووە و چاوەڕوانی دۆزینەوەی دەرفەتی کارکردنن لەناو ئابورییەکدا کە لەوە کەوتوە ئابوریی بێت و لانی هەرەکەمی توانای دروستکردنی هەلی کاری بۆ ژمارەیەکی بچوکیش لە خەڵکی هەرێم هەبێت. ئەگەر ئەم ژمارە گەورەیە لە بێکاری خاوەن بروانامە گرێبدەین بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمەوە قەبارەی ئەو مەرسییانەی کە رووبەرووی هەرێم دەبنەوە باشتر و بەرچاوتر دەردەکەون. وەک لە ڕاپۆرتەکەی درەو میدیادا هاتوە تا ساڵی ٢٠٢٥ ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی حەوت ملیۆن کەس، کە نزیکەی سێ ملیۆن کەس لەم ڕێژەیە گەنجن و ژمارەیەکی بەرچاویشیان بێکار و بێدەرامەتن، سەرەڕای بەرزبوونەوەی ڕێژەی دانیشتوان لە هەرێمدا ڕێژەی هاوسەرگیریی لە هەرێمدا نەک زیادی نەکردووە بەڵکو بەراورد بە سالانی ٢٠١٢ و ٢٠١٣ کەمیکردوە کە بێگومان بەشێک لە هۆکارەکانی بەو دۆخە ئابورییە سەختەوە پەیوەستە کە ئابوری سەربەخۆ لە هەرێمەکەدا دروستیکردوە، ئاخر بەر لە فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێم خۆیەوە شتێک هەبوو بەناوی پێشینەی هاوسەرگریی، کە لە ساڵی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتەوە لە ٢٠١٤ەوە، ڕاگیراوە بەمجۆرە نەوەیەک لە هەرێمدا دروستبووە کە توانای دروستکردنی خێزانی نییە و ژمارەیەکی ئێجگار گەورە لە گەنجانی سەرو ٢٥ ساڵ و سی ساڵ لە نێر و مێ هەن کە ژنیان نەهێناوە و شویان نەکردوە، ئەمە لە ژینگەیەکی کۆمەلایەتیی و دینیدا کە سێکس بووە بەیەکێک لە باس و خواستە سەرەکییەکانی ناویی و یەکێک لە پێداویستییە هەرەسەرەکییەکانی ژیانی گەنجانە. خاڵێک کە لە راپۆرتەکەی درەو میدیادا هێمایەکی خێرای پێکراوە، بەڵام بابەتێکی گرنگیی ناو ژیانی کۆمەلایەتیی ئەمرۆکەی هەرێمە مەسەلەی دووژنە یان فرەژنییە، ئەم بابەتە لە هەرێمدا زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەکراوە و بەهۆی ئەم گەورەکردنەشەوە باز بەسەر ئەو کێشە گەورەیەدا ئەدرێت کە یەخەی نەوە گەنجەکانی هەرێمی گرتووەتەوە، مەبەستم کێشەی نەبوونی توانایە بۆ هێنانی یەک ژن و شوکردن بەیەک پیاو. بەپێی ئامارەکان لە ١٤ ساڵی رابردوودا (١٦٢٥) تەنها هەزار و شەش سەد و بیست و پێنج حاڵەتی هێنانی ژنی دووهەم هەبووە کە دەکاتە ١١٦ حاڵەت لە ساڵێکدا و ١٠ حالەت لە مانگێکدا و هەموو سێ رۆژ جارێک پیاوێک لە هەرێمدا ژنی دووهەمی هێناوە، بێگومان ئەو توێژە کۆمەلایەتییە پارەدارە کە توانای هێنانی دوو ژنی هەیە توێژێکی ناسراوە، ئەو خاڵەی دەمەوێت لە پەیوەندیدا بەم دیاردەیەوە کەمەکێک لەسەری بوەستم ئەوەیە مەسەلەی دووژنە یان فرەژنی مەسەلەیەکە بەتەواوی گەورەکراوە، هەم هێزەکانی ئیسلامی سیاسیی و هەم بزوتنەی ژنان لە هەرێمدا، بە بەردەوامی قسەی لەسەردەکەن. ئیسلامییەکان بە حەڵال ناویدەبەن و بزوتنەوەی ژنانیش وەک ئیهانە و سوکایەتی بەرامبەر بە ژن دەیبینێت، کێشەی ئەم گرنگیدانە گەورەیە بە مەسەلەی دووژنە ئەوەیە کە کێشە گەورەکەی ژیانی گەنجانی لە هەرێمەکەدا لەبیری هەمووان بردووەتەوە، کێشەی نەبوونی توانای کۆبونەوەی یەک ژن و یەک پیاو لەناو خێزانێکدا. بە کورتییەکەی، ، ئابوری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت لەلایەن دەسەڵاَتدارانی هەرێمەوە وێرانەیەکی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی گەورەی لە هەرێمەکەدا دروستکردوە کە لە توانای دانیشتوانی هەرێمەکەدا نییە چارەسەریان بکات، لە زیاد لە ئاستێک و لە زیاد لە ڕەهەندێکدا کێشەی ئێجگار گەورە و ترسناکیی بۆ ژمارەیەکی گەورە لە دانیشتوانی هەرێمەکە دروستکردوە، بەڵام بێگومان ئەم نەوتفرۆشیە پارەیەکی گەورەی خستووەتە بەردەمی حوکمرانانی هەرێم و بنەمالە سیاسییەکانیان، ئەوانیش بێهیچ توانایەکی چاودێریکردن و لێپرسینەوە بەوشێوەیە کۆیانکردووەتەوە و خەرجیانکردوە کە خۆیان ویستویانە. لەمەشدا ئەوەی ئاراستەیکردون لۆژیکی کەڵەکەکردنی زیاتر و زیاتری سەرمایە و داهاتە شەخسیی و خێزانیی و بنەماڵەییەکانی خۆیان بووە نەک دابینکردنێکی کەرامەتپارێز بۆ کۆمەڵگا، ئەم ئابورییە وێرانە لەپاڵ ئەو هەموو نەهامەتیی و قەیران و کێشە گەورانەدا کە بۆ کۆمەڵگاکەی دروستکردوە، هاوکات ژمارەیەک ملیاردلێر و ملیۆنێریشی دروستکردوە کە زۆرینەیان بەشێکن لەو دۆخی گەندەڵییە گەورەی بە دەوری ئابوریی سەربەخۆدا دروستکراوە. لە ئاستی سیاسەت و حوکمرانیشدا ئەم ئابورییە سەربەخۆیە نابەرپرسیارە، بەتەواوی کەسایەتی سیاسیی و کەسایەتی بازرگانی بەیەکتری تێکەلکردوە، کەڵەکەکردنی سەرمایەی بە پێگە سیاسییەکانەوە گرێداوە، بەمەش شتێک بەناوی سیاسەتەوە لە هەرێمدا بوونی نەماوە، سیاسەت وەک چالاکی ڕێکخستن و داهێنانی ژیانی هاوبەشی مرۆڤەکان بەیەکەوە کە وابکات کەسەکان یەکتری وەک بوونەوەری یەکسان و خاوەن ماف ببینن و نەبن بە دوژمنی یەکتری، ئەمە سەرەڕای گۆڕینی حیزب لە بکەرێکی سیاسییەوە لە ئۆرگانێکەوە کە کاری یەکەمی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و گروپەکانە لە کۆمەڵگادا و کۆکردنەوەیان لە دەوری پرۆژەیەکی سیاسیی هاوبەش، دەڵێم گۆڕینی حیزبە لە ئۆرگانێکی لەو بابەتەوە بۆ دەعبایەکی ئابوریی و سەربازیی گەورە کە ئامادەیە هەموو شتێکی بەردەمی خۆی، لە پێناوی کەڵەکەکردنی سەرمایەکەیەدا بخاتەژێرپێ و لەناوببات.
راپۆرت: درەو مام جەلال گلەیی هەیە لەوەی پارتی گومرگی سەر (مۆز)ی لە سنورەكانی خۆی هەڵگرتووە، دوای 31ی ئاب بارزانی ناردنی بەشە بودجەی سلێمانی بەستوەتەوە بە كاراكردنەوەی پەرلەمانو گومانی لە داهاتی گومرگەكانی سنوری یەكێتیی هەیە، نەوشیروان مستەفا دەڵێ سەرۆكی حكومەتەكەی یەكێتی چاوەڕێ بووە بەپێی رێككەوتنی واشنتۆن پارتی مانگانە بڕی (10 ملیۆن) دیناری سویسری بۆ بنێرێت، بۆیە دەستیكرد بە دامەزراندنی خەڵك، بەڵام پارتی پارەكەی نەدەنارد، چیرۆكی قەیرانی دارایی سلێمانی نوێ نییە، زیاتر لە 30 ساڵە بەردەوامە، (درەو) بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەكانی هەریەكە لە (جەلال تاڵەبانی)و (مەسعود بارزانی)و (نەوشیروان مستەفا) ریشەی گرفتی داهاتو خەرجی سلێمانی لەم راپۆرتەدا دەخاتەڕوو. دیسان كێشەی دارایی سلێمانی خەڵك ئامادەكاری بۆ جەژنی رەمەزان دەكەن، لە سلێمانی جارێكی تر قەیران بۆ موچە دروستبووە، پارتیو یەكێتیی دەستیانكردوەتەوە بە تۆمەتباركردنی یەكتر، یەكێتییەكان دەڵین پارتی سزای سلێمانی دەدات، دەیەوێت داهاتی سلێمانی كەم بكاتەوە، تا ئەو رادەی بەپێی قسەی زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی كوردستان كار گەیشتوەتە ئەوەی "ئۆتۆمبیلی مەلیكە لە هەولێر تۆماردەكرێتو رێگە نادرێت لە سلێمانی تۆماربكرێت، ئەمە بۆ ئەوەیە داهاتەكانی سلێمانی كەم ببێتەوە". لەبەرامبەردا هێڤیدار ئەحمەد ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ" (15٪) داهاتی ئۆتۆمبێلی هەڵوەشاو دەبێ بگەڕێتەوە خەزینەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچووی سلێمانی، یەك دینار نەگەڕاوەتەوە". میدیای هەردوو حزبی دەسەڵاتدار هەڵمەتیان لەدژی یەكتر دەستپێكردووە، میدیای یەكێتیی دەڵێ" لە هەولێر پێدانی موچەی پێشمەرگە خانەنشینەكانی یەكێتیی راگیراوە"، میدیاكانی پارتیش دەڵێن" لە سلێمانی پێدانی موچەی خانەنشینی پێشمەرگەكانی ئەیلولو گەڵان راگیراوە" كێشەی دارایی سلێمانیو كورتهێنانی داهاتەكانی بابەتێكی نوێ نییە، ریشەی دەگەڕێتەوە بۆسەردەمی پێكهێنانی یەكەمین كابینەی حكومەتی كوردستان لە ساڵی 1992دا. بودجەو دابەشبوونی لە كابینەی یەكەمدا یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە (د. فوئاد مەعسوم) لە یەكێتیی سەرۆكایەتی دەكرد، لە تەموزی 1992دا پێكهات، ئەم كابینەیە كە سەرباری روودانی شەڕی ناوخۆیی (پارتیو یەكێتی) تاوەكو ساڵی 1996 بە یەكگرتوویی مایەوە. بەپێی داتایەك كە كۆچكردوو (نەوشیروان مستەفا) بڵاویكردوەتەوە، لەمانگی (10)ی ساڵی 1994دا داهاتی حكومەت بەتێكڕا بڕی (166 ملیۆن) دیناری سویسری بووە، ئەم داهاتە بەمشێوەیە دابەشكراوە: • بڕی (80 ملیۆن) دینار بۆ مەكتەبی سیاسیو پێشمەرگەی هەردوو حزب (یەكێتی+ پارتی). • بڕی (86 ملیۆن) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی كوردستان بەهەردوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیو یەكێتییەوە، بەمشێوەیە: - بڕی (38 ملیۆنو 450 هەزار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەولێر. - بڕی (26 ملیۆنو 200 هەزار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی سلێمانی. - بڕی (14 ملیۆنو 800 هەزار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی دهۆك. - بڕی (7 ملیۆن) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی كەركوك. بە تەماشاكردنی خەرجی یەك مانگی حكومەت لە ساڵی 1994دا دەردەكەوێت، تەنیا لە پارەی تەرخانكراو بۆ موچە، لە كۆی (86 ملیۆن) دینار بڕی (53 ملیۆن) دیناری بۆ هەولێرو دهۆكو بڕی (33 ملیۆن) دیناری بۆ سلێمانی رۆیشتووە، واتە لە تێكڕای خەرجی موچەی كوردستان بڕی (38%) بۆ سلێمانی رۆیشتووەو بڕی (62%)ی خەرجی موچە بۆ ناوچەكانی هەولێرو دهۆك بووە. سەرەتای ناكۆكی لەسەر داهات ! سەرەتای ناكۆكی پارتیو یەكێتی لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی داهاتەكان (داهاتی گومرگەكان، چونكە ئەوكات هێشتا داهاتی نەوت سەریهەڵنەداوە) دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی شەڕی ناوخۆییو بەدیاریكراویش لە قۆناغی دووەمی شەڕەكەدا (1994). لەدواین كتێبی بیرەوەری خۆیدا، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی نوسیویەتی"یەكێتی بابەتی گومرگی ئیبراهیم خەلیلی كردبوو بە وێردی سەر زمانی، گوایە پارتی پشكیان لە داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل ناداتێو ئەوان داوای مافیان دەكەن". بارزانی گومان لەسەر ئەم گرفتە دادەنێتو دەڵێ" پرسیارەكە ئەوەبوو ئایا كاتێك یەكێتی لە 1ی ئایاری 1994دا لە سلێمانیو گەرمیان پەلاماری بارەگاكانی پارتییان دا، كێشەی گومرگ هەبوو؟.. چ عەقڵو مەنتقێك قبوڵی دەكات پارتی پارە بە لایەنێك بدات كە دروشمی لەناوبردنی بەرزكردوەتەوەو هەوڵی سڕینەوەی دەدات". هاوشێوەی ئێستا كە پارتییەكان گومانیان لە داهاتەكانی سلێمانی هەیە، لە رۆژانی شەڕی ناوخۆشدا هەمان گومان لە راستو دروستی داهاتەكان لە ئارادا بووە، بارزانی لە یادەوەرییەكانی خۆیدا لەبارەی بارودۆخی دارایی ئەو سەردەمەوە نوسیویەتی" داهاتی یەكێتی لە باشماخو خاڵە سنورییەكانی دیكەیان لەگەڵ ئێران لە داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل كەمتر نەبوو، وروژاندنی بابەتی ئیبراهیم خەلیل، تەنیا بیانوی یەكێتی بوو بۆ دەستپێكردنەوەی شەڕ". بارزانی هیچ داتاو ژمارەیەكی لەبارەی داهاتی گومرگەكان لەو سەردەمەدا چ گومرگەكانی بندەستی پارتی چ ئەوانەی یەكێتی بڵانەكردوەتەوە، بۆ سەلماندنی ئەوەی داهاتی هەردوولا وەكو یەكترن تەنیا دەڵێ" ئەگەر راست بێت یەكێتی بێ پارە بووبن ئەو هەموو تێچوونەی شەڕیان چۆنو لەكوێ دابین دەكرد؟"، بەوتەی بارزانی ئەمە بەڵگەی ئەو راستیەیە لەو سەردەمەدا (1994) ئەگەر داهاتی یەكێتی لە پارتی زیاتر نەبوبێت، كەمتر نەبووە. پارتی كورتهێنانی سلێمانی پڕدەكاتەوە ! سەرباری ئەوەی بارزانی نكولی لەوە دەكات ئیدارەی یەكێتی لە سلێمانی داهاتیان لە ئیدارەی سلێمانی كەمتر بووبێت، بەڵام لە ساڵی 1998دا كە شەڕی ناوخۆیی راوەستاوەو یەكێتیو پارتی دەستیان بە گفتوگۆی ئاشتیی كردووە، لە وەڵامی دەستپێشخەرییەكدا كە لەو ساڵەدا (عەزیز محەمەد) سكرتێری پێشووی حزبی شیوعی بۆ ئاشتیی كردویەتی، پارتی بەفەرمی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی "كورتهێنانی داهاتی سلێمانی پڕبكاتەوە، بەمەرجێك پارەكە بۆ كارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكان تەرخان بكرێت". بەمە دەردەكەوێت لە شوباتی ساڵی 1998وە پارتی بە فەرمی دانی بەوەدا ناوە داهاتەكانی سلێمانی بەشی خەرجییەكانی ناكاتو پێویستی بە یارمەتیی هەولێرو دهۆك هەیە. پشكی سلێمانی لە رێككەوتنی ئاشتیدا رۆژی 17ی ئەیلولی 1998 دوای چوار ساڵ شەڕو نیوە ئاگربەست، بارزانیو تاڵەبانی لە واشنتۆن رێككەوتنی ئاشتییان ئیمزاكرد، بابەتی كێشەی دارایی نێوان هەردوولا كە كێشەی سەرەكی بوو، لە رێككەوتنەكەدا بە ژمارەو داتا یەكلانەكرایەوەو بەجێهێڵدرا بۆ ئەوەی دواتر هەردوو حزبەكە خۆیان رێككەوتنی لەسەر بكەن، بەڵام بەگوێرەی رێككەوتنەكە بەبێ دیاریكردنی بە ژمارە، پارتی رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەوەی یارمەتی دارایی ناوچەی سلێمانی بدات. مام جەلال لە (دیداری تەمەن)دا لەبارەی ئەو بڕگەی رێككەوتنی ئاشتیی كە تایبەتە بە پرسی دارایی دەڵێ" یەكەمجار ئەمریكییەكان پرۆژەیەكی تریان هێنابوو، ئەو پرۆژەیە زیاتر داخوازییەكانی ئێمەی تێدا دیار بوو، بەتایبەتی مەسەلەی دەرامەتو یارمەتی.. هەندێك لە برادەرانی پارتی پێیانوابوو ئەو پرۆژە ئەمریكییە لە نوسینی دكتۆر بەرهەم بووە، بۆیە ئەوان قبوڵیان نەكرد، جارێكی كە پرۆژەیەكی تر هاتەوە كە هەردوولامان قبوڵمان كرد". لەبارەی پرۆژەی دووەمی ئەمریكییەكان كە دواجار بوو بە رێككەوتنی ئاشتیی، تاڵەبانی هەندێك گلەیی هەیەو دەڵێ" هەندێك كەلەبەرمان تێیدا هێشتبووەوە كە نەدەبوو تێیدا بێت، لەوانە: هەندێك خاڵ هەروا مابووەوە، بۆنمونە ماددەی یەكەم لە رێككەوتنامەكە دەڵێ: (دەبێ پارتی لەبەرامبەردا لە برایم خەلیل بەشی یەكێتی بدات)، دەبوایە بەشی یەكێتی چەندە دیاری بكرێت، چونكە كە هاتە سەرئەوە بەبیانوی ئەوەی چەندو چۆنە، خۆیان (پارتی) لێ كێشایەوە". بەپێی گێڕانەوەی تاڵەبانی، دوای رێككەوتنی ئاشتیی، سەرەتا پارتی وتویانە مانگانە بڕی (30 ملیۆن) دینار بە یەكێتی دەدەن، دواتر وتویانە (10 ملیۆن) دینار دەدەن، تاڵەبانی دەڵێ" ئەگەر ئێمە لەرێككەوتنەكەدا بمانوسیایە، پارتی ناچار دەبوو جێبەجێی بكات، ئەگەر ئەوەمان بكردایە توشی ئەو هەموو گیروگرفتە نەدەبوین". دوای رێككەوتنی ئاشتیی لە ساڵی 1998، حكومەتی پارتیو یەكێتیی تاوەكو ساڵی 2005 بەتەواوەتی یەكینەگرتەوە، لەو ساڵانەدا بەپشتبەستن بە رێككەوتنی ئاشتیی یەكێتیی مانگانە بڕە پارەیەكی لە پارتی وەرگرتووە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی خەرجییەكانی. خەرجی حكومەتی یەكێتیی لە ساڵی 1999دا نەوشیروان مستەفا لە گێڕانەوەیەكیدا باسلەوە دەكات، سەرلەبەیانی رۆژی 6ی حوزەیرانی 1999 لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی حكومەتەكەی یەكێتیدا یەكتریان بینیوە، كاتێك لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی داهاتی حكومەت پرسیاری لێكردووە، كۆسرەت رەسوڵ بەمشێوەیە وەڵامی داوەتەوە: • 30% داهاتی سنورەكە بۆ ئیدارەی گشتی واتە بۆ یەكێتی دەڕوات • 35% داهات بۆ پێشمەرگە دەڕوات • 35% داهات دەدرێت بە حكومەت لەو بڕە پارەیەی كە لە داهاتی سلێمانی دراوە بە حكومەت، حكومەت پارەی حزبە سیاسییەكانیشی داوە كە بە تێكڕا مانگانە بڕەكەی (4 ملیۆنو 88 هەزار) دینار بووەو بەمشێوەیە دابەشكراوە بەسەر حزبەكانی سنوری یەكێتیدا: * بزوتنەوەی ئیسلامی مانگانە (2 ملیۆن) دیناری داهاتی سلێمانی لە حكومەت وەرگرتووە * سۆسیالیست مانگانە (700 هەزار) دینار * زەحمەتكێشان مانگانە (600 هەزار) دینار * پارێزگاران مانگانە (250 هەزار) دینار * دیموكراتخوازان مانگانە بڕی (100 هەزار) دینار * هاوپەیمانی مانگانە بڕی (128 هەزار) دینار * حزبی شیوعی مانگانە بڕی (200 هەزار) دینار * حزبی وەتەنی عێراق مانگانە بڕی (60 هەزار) دینار * كۆمۆنیستی كرێكاری مانگانە بڕی (50 هەزار) دینار لە ساڵی 1999دا تێكڕای خەرجی موچەی فەرمانبەران كە حكومەتی یەكێتیی لە سنوری سلێمانی دابینی كردووە مانگانە بڕەكەی (36 ملیۆن) دینار بووە. بەپێی سامپڵێك كە نەوشیروان مستەفا وەریگرتووە، تەنیا لە رۆژی (7ی تەموزی ساڵی 1999)دا داهاتی هەموو گومرگەكانی ئیدارەی سلێمانی بڕی (ملیۆنێكو 748 هەزارو 260 دینار) بووە كە بۆ ئەوكات بە دۆلار بڕەكەی بریتی بووە لە (15 هەزارو 320) دۆلار، واتە لەو ساڵەدا بە تێكڕا داهاتی مانگێكی خاڵە گومرگییەكانی ئیدارەی سلێمانی گەیشتوەتە بڕی (52 ملیۆن) دینار، ئەمە لەكاتێكدا بووە كە ئەوكات تەنیا خەرجی موچەی فەرمانبەران بڕەكەی (36 ملیۆن) دینار بووە، بەڵام بەوپێیەی یەكێتیی خۆی رێژەی 30%ی داهاتی مانگانەی بەدەستهاتووی ئەو ساڵەی بردووە، دەردەكەوێت یەكێتیی جگە لە داهاتی گومرگ سەرچاوەی تری داهاتی هەبووە. ئەو ژمارانەی نەوشیروان مستەفا ئاشكرایكردوون، هەندێك لە دوردونگییەكانی بارزانی لە كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو سەبارەت بە داهاتەكانی سلێمانی پشتڕاستدەكاتەوە، گومانێك كە تائێستاش بەردەوامەو پارتییەكان دەڵێن داهاتی سلێمانی زیاترە لەوەی بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێندرێتەوە. دامەزراندن بە ئومێدی پارەكەی پارتی ! لەدوای یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، پارتیو یەكێتیی لەسەر ئەوە رێككەوتن یەكەمیان (پارتی) پۆستی سەرۆكی پەرلەمانو دووەمیان (یەكێتیی) پۆستی سەرۆكی حكومەت وەربگرێت، بەڵام لەرێككەوتنی ئاشتیی واشنتۆندا (1998) ئەم دابەشكارییە گۆڕانكاری بەسەردا هات، پارتی داوای سەرۆكایەتی حكومەتی كردو یەكێتیش قایل بوو بەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەربگرێت. بەپێی گێڕانەوەی نەوشیروان مستەفا، كۆسرەت رەسوڵ (دووەم سەرۆكی حكومەت) كە دوای رووداوەكانی 31ی ئاب كابینەكەی بوو بە كابینەی یەكێتیی، دوای بڵاوبونەوەی رێككەوتنی ئاشتیی دەستیكردووە بە دامەزراندنی ژمارەیەكی زۆر كارمەند لەسنوری ئیدارەی سلێمانی، ئەمە بەپشتبەستن بەو (10 ملیۆن) دینارەی كە پارتی بەپێی رێككەوتنەكەدا بەڵێنیداوە مانگانە بۆ یەكێتیی بنێرێت، بەڵام كاتێك پارتی مانگانە پارەكەی نەناردووە كێشەی (فائچ) واتە كارمەندی زیادە سەریهەڵداوەو حكومەتی یەكێتیی بەناچاری پەنای بردووە بۆ دەركردنی ئەو كارمەندانە لەژێر ناوی ناردنیان بۆ "هێزی كار". نەوشیروان مستەفا لە بابەتێكدا كە لەكاتی تەقینەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ تاڵەبانیدا نوسیویەتی دەڵێ" سەرۆكی حكومەتەكەی یەكێتیی لە سلێمانی باوەڕی كرد بو لە هەر رێككەوتنێكی داهاتودا خۆی لە سەرۆكایەتی حكومەتدا نامێنێ بۆ ئەوەی لە لایەكەوە بیكا بە پیاوەتی خۆی كە ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی بێ دەرامەتی دامەزراندوەو موچەی بۆ دابین كردون، لە لایەكی ترەوە كێشەیەكی دژوار بۆ سەرۆكی داهاتوی حكومەت ئەخوڵقێنێ. ئیستا كە حكومەت یەكی نەگرتۆتەوەو خۆی لە سەرۆكایەتی حكومەتدا ماوەتەوەو، ئەو 10 ملیۆن دینارەش كە بە پێی رێككەوتنی واشنتۆن، پارتی ئەبو مانگانە بیدا بە یەكێتی نای دا، كێشەكە دوچاری خۆیان بوتەوە". نامەیەكی مام جەلال بۆ مەسعود بارزانی راستی قسەكانی نەوشیروان مستەفا دەسەلمێنێت لەبارەی ئەوەی لەدوای رێككەوتنی ئاشتییەوە پارتی مانگانەو بەشێوەیەكی رێكخراو پارەی بۆ یەكێتیی نەناردووە. بارزانی لەدواین بەشی یادەوەرییەكانی خۆیدا نامەیەكی تاڵەبانی بڵاوكردوەتەوە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 13ی كانونی دووەمی 2001، لەو نامەیەدا تاڵەبانی بۆ بارزانی نوسیوە: "مەسەلەی بەشی (ی ن ك) لە گومرگەكە، ئەوەش بەوەی ئەمر بكەیت- تەنانەت ئەگەر بە یارمەتیو كۆمەكی برایانەشی دادەنێیت- بەدانی (10) ملیۆنەكەی مانگەكانی نەدراونو لەسەری ئەم ساڵەشەوە بۆ (3) مانگ (20 ملیۆن)و پاشان ببێتە (15) ملیۆن". رۆژی 25ی كانونی دووەمی 2001 لەدوای نامەكەی تاڵەبانییەوە بۆ بارزانی، یەكێتی لەڕێگەی (ئاراس شێخ جەنگیی) بڕی (30 ملیۆن) دیناری سویسری لە (رەمزی شەعبان) وەكو نوێنەری پارتی وەرگرتووە (بارزانی ئەم بەڵگەنامەی لە یادەوەرییەكانی خۆیدا بە ئیمزای ئاراس شێخ جەنگییەوە تۆماركردووە). دواترو لە مانگی نیسانی ساڵی 2001دا بەهەمان شێوە (ئاراس شێخ جەنگیی) بە نوێنەرایەتی یەكێتیی بڕی (40 ملیۆن) دیناری سویسری تری پارتی لە (رەمزی شەعبان) وەرگرتووە (بارزانی لە یادوەرییەكانیدا ئەم بەڵگەنامەیەشی بە ئیمزای ئاراس شێخ جەنگییەوە بڵاوكردوەتەوە). گومرگی مۆز ! ناكۆكی نێوان بارزانیو تاڵەبانی لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاشتیی 1998 هەر بەردەوامبووە تاوەكو ساڵی 2001، لە كۆتا رۆژەكانی تەموزی 2001دا تاڵەبانیو بارزانی نامەیەكیان گۆڕیوەتەوە (بارزانی نامەكەی تاڵەبانیو وەڵامەكەی خۆشی لە یادەوەرییەكانیدا بڵاوكردوەتەوە). لە نامەكەیدا بۆ بارزانی، تاڵەبانی دان بەوەدا دەنێت لە رێككەوتنی ئاشتیدا قایلبوون بەوەی رێژەی (51%)ی داهات بۆ سنوری پارتی بێتو داوای بەشەكەی یەكێتیی لە داهاتی گومرگی (برایم خەلیل) دەكاتو حكومەتی پارتی تۆمەتبار دەكات بەوەی "دەستی داوەتە جەنگێكی ئابوری لەدژی ناوچەی یەكێتی لە مەسەلەی گومرگو لابردنی گومرگ لەسەر مۆزو مەسەلەی هێنانی سەیارەو شتی تر لەلای یەكێتییەوە بۆ هەولێر". لە كۆتایی نامەكەیدا بۆ بارزانی، تاڵەبانی نوسیویەتی" باوەڕ بە برای خۆت بفەرموو، وەزعی یەكێتی نە تەنگاوەو نە خراپە، بگرە زۆریش لە باشیو گەشەكردنە: بە نەدانی یارمەتییەكەش نە تەنگاو دەبێتو نە پەكی دەكەوێت، بەڵكو پتر وەزعەكە ئاڵۆز دەبێتو دڵان كرمێ دەكات". بارزانی وەڵامی نامەكەی تاڵەبانی داوەتەوە، بە وەڵامەكەیدا دەردەكەوێت ناردنی پشكی یەكێتیی لە داهاتی گومرگی برایم خەلیل بەستوەتەوە بە چارەسەركردنی كێشەی پەرلەمانو گەڕانەوەی فراكسیۆنی یەكێتیی بۆ پەرلەمان كە لەدوای 31ی ئابەوە پەرلەمانیان چۆڵكردووە، بەگوێرەی رێككەوتنی واشنتۆن. یەكگرتنەوەی حكومەتی پارتیو یەكێتیی ساڵی 2005و دوای روخانی رژێمی سەددام، لەژێر فشاری ئەو گۆڕانكارییانەی لە عێراق هاتنەكایەوە، پارتیو یەكێتیی بڕیاریاندا حكومەتەكانیان یەكبخەوە، رێككەوتن لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی پەرلەمان (دوو ساڵ بە دوو ساڵ) لەنێوان خۆیاندا دابەش بكەن. لەدوای روخانی سەددامەوە ئیتر داهاتی گومرگەكان ئەو سەرەنجە زۆری لەسەر نەماو ناردنی 17%ی بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بوو بە شادەماری ململانێ ئابورییەكانی هەردوو حزب. ساڵی 2005 پشكی هەرێم لە بەغداوە بڕەكەی (3 ملیارو 134 ملیۆن) دۆلار بووە، ئەم بڕە پارەیە بەمشێوەیە دابەشكراوە بەسەر هەردوو ناوچەی دەسەڵاتی پارتیو یەكێتیدا: • رێژەی 54% بۆ سنوری پارتی • رێژەی 46% بۆ سنوری یەكێتیی لەدوای ساڵی 2007ەوە هەرێمی كوردستان بووە بە خاوەنی سەرچاوەیەكی تری داهات كە دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوت بوو، ئیتر لەم سەردەمەوە باسو خواست لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی شیرینی گرێبەستەكانی نەوت لەنێوان پارتیو یەكێتیی سەریهەڵدا، ساڵی 2010 ئاشتی هەورامی لە پەرلەمانی كوردستان وتی" بڕی 4 ملیار دۆلار پارەی شیرینی نەوتمان بۆ كابینەی داهاتووی حكومەت بەجێهێشتووە". دۆخی دارایی ئێستا ئێستا هەرێمی كوردستان بە هەردوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیو یەكێتییەوە مانگانە تەنیا بۆ خەرجی موچە پێویستی بە بڕی (930 ملیار) دینارەو بۆ خەرجی بەكارخستن پێویستی بە بڕی (120 ملیار) دینارە. واتە بە تێكڕا كۆی خەرجی مانگانەی حكومەتی هەرێم بە (موچەو بەكارخستنو وەبەرهێنانو كارەباو خزمەتگوزارییەكانی ترەوە) بڕەكەی (ترلیۆنێكو 150 ملیار) دینارە، ئەمە بەپێی راگەیەندراوی حكومەت بۆ خەرجیو داهاتەكان لە مانگی ئایاری 2022دا. ئێستا داهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەمشێوەیەن: • داهاتی نەوت: بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتەوە داهاتەكە راوەستاوە، لەبری ئەمە حكومەتی فیدراڵ بڕی (400 ملیار) دیناری بۆ دوو مانگی هەرێم ناردووە • داهاتی ناوخۆ: مانگانە نزیكەی (250 ملیار) دینارە. • هاوپەیمانان مانگانە بڕی (31 ملیار) دینار وەكو هاوكاری بە حكومەتی هەرێم دەدەن. بەگوێرەی رێككەوتنێكی رانەگەیەندراوی نێوان پارتیو یەكێتی لە ساڵی 2021ەوە بڕیادراوە خەرجیو داهات لەنێوان سنوری پارتیو یەكێتیدا لەسەر بنەمای: • 57% بۆ سنوری هەولێرو دهۆك (سنوری پارتی) • 43% بۆ سنوری سلێمانی (سنوری یەكێتی) هەر بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە كە ناوی لێنراوە "لامەركەزیەتی دارایی"، ئیدارەی سلێمانی دەبێت مانگانە لە داهاتی خۆی بڕی (90 ملیار) دینار بۆ خەرجی موچەو خەرجی سیادی هەرێم تەرخان بكات، كە لەو بڕە پارەیەش (75 ملیار) دیناری تەنیا بۆ تەواوكردنی خەرجەی موچەی سنوری سلێمانی دەڕوات كە مانگانە بە تێكڕا بڕەكەی (365 ملیار) دینارەو بڕی (15 ملیار) دیناری داهاتی سلێمانیش بۆ خەرجی سیادی دەڕوات، ئەمە لەكاتێكدایە بۆ ئەم مانگانە داهاتی سلێمانی (61 ملیار) دینار بووە. بەپێی قسەی زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی كوردستان " لەماوەی 8ی مانگی رابردوودا (242 ملیارو 438 ملیۆن) دینار كورتهێنانی مانگانە هەبووە لە سنوری پارێزگای سلێمانی". ئێستا كە ئیتر هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راوەستاوە، قسەوباس لەسەر داهاتی گومرگەكان گەرمبووەتەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی دەڵێ" 12 دەروازەی سنوری هەیە كە هەرێمی كوردستان بە عێراقو وڵاتانەوە هەیەتی، ساڵی رابردوو ئەم دەروازانە بەبەهای 6 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانییان تێدا بووە، بەڵام تاكە دەروازەی عێراقو هەرێمی كوردستان بە توركیاوە كە ئیبراهیم خەلیلە، ساڵی رابردوو لە سەرو 20 ملیار دۆلاری ئاڵوگۆڕی تێدا بووە، ئەمە چۆن بەراورد دەكرێت؟". ئەمە ئەو بارودۆخەیە كە بافڵ تاڵەبانی نیگەران كردووەو دەڵێ داهاتەكانمان بەشی خەرجییەكانمان ناكاتو لەبەرامبەردا پارتی گومانی لە راستیو دروستی ژمارەی داهات لە سلێمانی هەیە، واتە چیرۆكەكە گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای ناكۆكییەكان لەبارەی داهاتەوە لە ساڵانی شەڕی ناوخۆیدا.
شیكاری: درەو وەزارەتی دارایی عێراق دواین ڕاپۆرتی خۆی لە بارەی داهات و خەرجی مانگی کانونی دووەمی ساڵی (2023)ی بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 🔹 لە مانگی کانونی دووەمی (2023)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر بووە لە (10 ترلیۆن 660 ملیار) دینار، کە (96.5%)ی داهاتی نەوت و(3.5%)ی داهاتی نانەوتی بووە. ئەمە لە کاتێکدایە لە هەمان مانگی (1)ی ساڵی پار داهاتی گشتی وەزارەتەکە (11 ترلیۆن و 595 ملیار) دینار بووەو (94%)ی لە داهاتی نەوتەوە بەدەستهاتبوو. 🔹 لەو داهاتەی لە مانگی (1)ی ئەمساڵ بەدەستهاتووە زیاتر لە (5 ترلیۆن و 561 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (86.5%)ی چووە بۆ خەرجی بەگەڕخستن. بڕی (865 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (13.5%) لە بواری وەبەرهێناندا بەخەرج دراوە. بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا خەرجی بەگەڕخستن نزیکەی (7 ترلیۆن) دینار بووە بە نزیکەی ڕێژەی (96%) و کەمتر لە (300 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (4%) لە وەبەرهێناندا بە خەرج درابوو. 🔹 هەر بەپێی ئامارەکان دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی لە مانگی کانونی دووەمی (2023) بەڕێژەی (34.7%) و زیاتر لە (3 ترلیۆن 700 ملیار) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا سەرڕێژی داهاتەکە زیاتر بووە و گەیشتووە بە زیاتر لە (4 ترلیۆن و 339 ملیار) دینار بە ڕێژەی (37.4%). 🔹 خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کانونی دووەمی ئەمساڵ زیاتر بووە لە (911 ملیار) دینار و بە جۆرێک؛ ئەنجومەنی وەزیران زۆرتر لە (866 ملیار) دینارو ئەنجومەنی نوێنەران زیاتر (3 ملیار 588 ملیۆن) دینار و سەرۆکایەتی کۆمار (3 ملیار و 588) دینار، خەرجیان هەبووە. بەم پێیەش بێت خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە نزیکەی (40%) و بە بڕی زیاتر لە (362 ملیار و 928 ملیۆن) دینار زیادی کردووە بەراورد بە مانگی کانونی دووەمی ساڵی (2022). یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە کانونی دووەمی ساڵانی (2022 و 2023) پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە کانونی دووەمی (2023)، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە) کە چووەتە خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە، بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 660 ملیار و 291 ملیۆن و 179 هەزار و 912) دینار، بەجۆرێک بڕی (10 ترلیۆن و 285 ملیار و 546 ملیۆن و 454 هەزار و 622) دیناری بەڕێژەی (96.5%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، تەنها بڕی (374 ملیار و 744 ملیۆن و 725 هەزار و 290) دیناری بەڕێژەی (3.5%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. بەم پێیە بێت داهاتی گشتی وەزارەتەکە بەراورد بە کانونی دووەمی ساڵی (2022) داهاتی گشتی بە ڕێژەی (8%) و بڕی (934 ملیار و 997 ملیۆن و 549 هەزار و 642) دینار کەمی کردووە بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (1) جێگەی ئاماژەی داهاتی نانەوتی عێراق بۆ مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ وەک لە لەڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی پێدراوە سەرچاوەی گرتووە لە؛ - باجی کاڵای هاوردە بریتی بووە لە (51 ملیار و 982 ملیۆن و 771 هەزار و 128) دینار. - باجی شمەک و رەسمی بەرهەمهێنان بریتی بووە لە (66 ملیار و 292 ملیۆن و 397 هەزار و 867) دینار. - داهاتی رەسم بریتی بووە لە (127 ملیار و 882 ملیۆن و 457 هەزار و 557) دینار. - داهاتی قازانج لە کەرتی گشتی بریتی بووە لە (21 ملیار و 571 ملیۆن و 501 هەزار و 706) دینار. - داهاتی سەمایەگوزاری بریتی بووە لە (2 ملیار و 358 ملیۆن و 153 هەزار و 654) دینار. - داهاتەکانی دیکە بریتی بووە لە (104 ملیار و 657 ملیۆن و 443 هەزار و 378) دینار. هەر لە ڕاپۆرتی ناوبراودا لە چوارچێوەی داهاتە نانەوتییەکان ئاماژە بەوە دراوە بڕی (2 ترلیۆن و 955 ملیار و 608 ملیۆن و 708 هەزار و 100) دینار لە داهاتی ئاڵوگۆڕ (الارادات التحویلیە) کورتهێنان ڕویداوە، بەڵام هۆکاری ئەو کورتهێنانەی ڕوون نەکردووەتەوە. دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان) لە کانونی دووەمی ساڵانی (2022 و 2023) هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە کانونی دووەمی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (6 ترلیۆن و 426 ملیار و 560 ملیۆن و 976 هەزار و 291) دینار، بەجۆرێک بڕی (5 ترلیۆن و 561 ملیار و 525 ملیۆن و 808 هەزار و 856) دیناری بەڕێژەی (86.5%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (865 ملیار و 35 ملیۆن و 167 هەزار و 435) دیناری بەڕێژەی (13.5%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. ئەگەر بەراوردی داتاکان بکەین بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت بڕی (829 ملیار و 389 ملیۆن و 281 هەزار و 762) دینار بەڕێژەی (11%) خەرجی گشتی کەمی کردووە، بەڵام خەرجی بواری وەبەرهێنان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە لە (296 ملیار و 118 ملیۆن و 505 هەزار و 618) دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ (865 ملیار و 35 ملیۆن و 167 هەزار و 435) دینار لە کانونی یەکەمی ساڵی (2023). بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە کانونی دووەمی ساڵانی (2022 و 2023) خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە کانونی دووەمی ساڵی (2023)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (865 ملیار و 35 ملیۆن و 167 هەزار و 435) دیناری بەڕێژەی (13.5%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1. کەرتی کشتوکاڵ بڕی (7 ملیار و 412 ملیۆن و 840 هەزار و 54) دیناری بۆ خەرج کراوە. ئەمە لە کاتێکدایە لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا خەرجی ئەم بوارە تەنها بریتی بووە لە (1 ملیار و 527 ملیۆن و 410 هەزار و 496) دینار. 2. کەرتی پیشەسازی بڕی (96 ملیار و 77 ملیۆن و 989 هەزار و 209) دیناری بۆ خەرج کراوە، دیسان خەرجی ئەم بوارەش زیادی کردووە، چونکە لە ساڵی ڕابردوودا خەرجی تەرخانکراوی بواری پیشەسازی بریتی بووە لە (81 ملیار و 457 ملیۆن و 810 هەزار و 885) دینار. 3. کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (102 ملیار و 729 ملیۆن و 623 هەزار و 927) دیناری بۆ خەرج کراوە. بەڵام لە ساڵی ڕابردوو بڕەکە بریتی بووە لە (76 ملیار و 696 ملیۆن و 901 هەزار و 428) دینار. 4. کەرتی بیناسازی بڕی (564 ملیار و 191 ملیۆن و 689 هەزار و 362) دیناری بۆ خەرج کراوە، بەڵام داهاتی تەرخانکراوی هەمان بوار لە هەمان ماوەی ساڵی (2023) تەنها بریتی بووە لە (129 ملیار و 278 ملیۆن و 690 هەزار و 776) دینار. 5. کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (94 ملیار و 623 ملیۆن و 24 هەزار و 883) دیناری بۆ خەرج کراوە. ئەمەش زیادکردنێکی بەرچاوە لە خەرجی بوارەکە چونکە لە ساڵی ڕابردوودا ئەو خەرجییە تەنها بریتی بووە لە (7 ملیار و 157 ملیۆن و 692 هەزار و 33) دینار. 6. خەرجییەکانی دیکەی بواری وەبەرهێنان کانونی دووەمی (2023) بریتی بووە لە (7 ملیار و 412 ملیۆن و 840 هەزار و 54) دینار. بەپێی ئەو ئامارەکان بێت خەرجی بواری وەبەرهێنان بە ڕێژەی (192%) زیادی کردووەو لە کانونی دووەمی ساڵی پار تەنها بڕی (296 ملیار و 118 ملیۆن و 505 هەزار و 618) دینار بووە و ئەمساڵ گەیشتووە بە (865 ملیار و 35 ملیۆن و 167 هەزار و 435) دینار. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (3) چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی لە کانونی دووەمی ساڵانی (2022 و 2023) لە کانونی دووەمی ساڵی (2023)دا، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (6 ترلیۆن و 959 ملیار و 831 ملیۆن و 752 هەزار و 435) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 660 ملیار و 291 ملیۆن و 179 هەزار و 912) دینار. بڕی (3 ترلیۆن و 700 ملیار و 459 ملیۆن و 427 هەزار و 477) دیناری بەڕێژەی (34.7%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. بەڵام داتاکان لە هەمان ماوەی ساڵی (2022) بەجۆرێک بووە، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (7 ترلیۆن و 255 ملیار و 950 ملیۆن و 258 هەزار و 53) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 595 ملیار و 288 ملیۆن و 639 هەزار و 554) دینار. بڕی (4 ترلیۆن و 339 ملیار و 338 ملیۆن و 381 هەزار و 501) دیناری بەڕێژەی (37.4%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە سەررێژ هەبووە. بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)). خشتەی ژمارە (4) پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کانونی دووەمی ساڵانی (2022 و 2023) لە کانونی دووەمی ساڵی (2023)دا، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (911 ملیار و 30 ملیۆن و 893 هەزار و 840) دینار. بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی پار ئە خەرجییە بریتی بووە لە (548 ملیار و 102 ملیۆن و 814 هەزار و 177) دینار، بەم پێیەش بە خەرجییەکان بەڕێژەی (66%) زیادی کردووە و زیادکردنەکەش پشکی شێری بە ئەنجومەنی وەزیران دەکەوێت بەهۆی زیادکردنی خەرجی وەبەرهێنانەوە بە جۆرێک؛ 1. ئەنجومەنی نوێنەران لە کانونی دووەمی (2023) بڕی (41 ملیار و 231 ملیۆن و 928 هەزار و 465) دیناری خەرجکردووە. بەڵام لە کانونی دووەمی (2022)دا بڕی (36 ملیار و 295 ملیۆن و 189 هەزار و 60) دیناری خەرجکردووە. 2. سەرۆکایەتی کۆمار لە کانونی دووەمی (2023)دا بڕی (3 ملیار و 588 ملیۆن و 387 هەزار و 679) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن بووە. بەڵام لە کانونی دووەمی (2022)دا بڕی (3 ملیار و 258 ملیۆن و 106 هەزار و 828) دیناری خەرجکردووە. 3. ئەنجومەنی وەزیران لە کانونی دووەمی (2023)دا بڕی (886 ملیار و 210 ملیۆن و 577 هەزار و 696) دیناری خەرجکردووە، بڕی (507 ملیار و 645 ملیۆن و 309 هەزار و 436) دیناری بە ڕێژەی (59%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (358 ملیار و 565 ملیۆن و 268 هەزار و 260) دیناری بە ڕێژەی (41%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بەڵام لە کانونی دووەمی (2022)دا بڕی (508 ملیار و 549 ملیۆن و 518 هەزار و 289) دیناری خەرجکردووە، بڕی (484 ملیار و 614 ملیۆن و 971 هەزار و 565) دیناری بە ڕێژەی (95%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (23 ملیار و 934 ملیۆن و 546 هەزار و 724) دیناری بە ڕێژەی (5%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (5) سەرچاوەکان ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق - حساب الدولة لغایة کانون الثاني 2022 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة کانون الثاني 2023 للموازنە الاتحادیة
درەو: كۆمپانیاكانی ڕاپرسی لەتوركیا بەردەوامن لەبڵاوكردنەوەی ڕاپرسیەكانیان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كە بڕیارە ڕۆژی (14)ی ئایاری داهاتوو لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت. بەگوێرەی تازەترین ڕاپرسی كە كۆمپانیاكانی(MAK), ( MetroPoll),( ORC), (Gezici) لەمانگی نیسان-دا ئەنجامیانداوە, ڕیزبەندیەكان بەمشێوەیەیە: ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار لەتوركیا * بەگوێرەی ڕاپرسی كۆمپانیای (Gezici) كە لەڕۆژانی (1و2)ئەم مانگە ئەنجامیداوە: -كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ(53.4٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. -ڕەجەب تەیب ئەردۆغان(43.2٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. -موحەرەم ئینجە(2.1%) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. -سەنان دۆغان(1.3%) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. * ئەگەر هەڵبژاردنیش بچێتە گەڕی دووەم : -كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ(55.2٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. -ڕەجەب تەیب ئەردۆغان(44.8٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. * بەگوێرەی ڕاپرسی كۆمپانیای(Metropoll) كە لەمانگی نیساندا ئەنجامیداوە: -كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ(42.6٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. -ڕەجەب تەیب ئەردۆغان(41.1٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. -موحەرەم ئینجە(5٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. -سەنان دۆغان(2.2%) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. * بەگوێرەی ڕاپرسی كۆمپانیای(MAK Consulting) كە لەمانگی نیسان ئەنجامیداوە: -كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ(47٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. -ڕەجەب تەیب ئەردۆغان(42٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. * بەگوێرەی دواین ڕاپرسیش كە كۆمپانیای (ORC) ئەنجامیداوە, هەڵبژاردن دەچێتە قۆناغی دووەم و ئەنجامەكەی بەمشێوەیە دەبێت: -كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ(48.9٪) دەنگەكانی بەدەست دەهێنێت. -ڕەجەب تەیب ئەردۆغان(41.5٪) دەنگەكانی بەدەست دەهێنێت. -موحەرەم ئینجە(7.2٪) دەنگەكانی بەدەست دەهێنێت. -سەنان دۆغان(2.4%) دەنگەكانی بەدەست دەهێنێت. * پێشتریش لە دیراسەیەكی بنكۆڵكاریدا كە لەناوەڕاستی مانگی ئازاردا لەتوركیا ئەنجامدراوە, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ بەجیاوازی (9)خاڵ لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوەیە, بەم شێوەیە: -كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ(54.5٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. -ڕەجەب تەیب ئەردۆغان(45.5٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت.
ئامادەكردنی: یادگار سدیق گەڵاڵی ئەوەی من تێناگەم حکومەت چۆن پارەی نییە لە کاتێکدا تا راوەستانی هەناردە بەردەوام نەوتی فرۆشتووە، بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوت لە هەرێم IOCs)) شایستەی مانگی ١٠ تا وەستانی هەناردەیان وەرنەگرتووە کە ٦ مانگ دەکات؟ گەر حکومەت ئەو شایستانەی نەداوە (باسی شایستەی گواستنەوە ناکەین گریمان دراوە چونکە هێچ زانیاری بەردەست نییە) ئەی ئەو پارانە چیان لێهاتووە؟ لەوانەیە بڵێن گەڕانەوەی داهاتی نەوت کاتی پێویستە، لەوەڵامدا دەڵێین ئەی بۆ کاتێک کۆڤید بڵاوبوویەوە لە ساڵی ٢٠٢٠دا حکومەتی هەرێم شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکانی مانگانە بەبێ دواکەوتن دەدا و هیچ کێشەی نەبوو لە کاتێکدا نرخی نەوت زۆر نزم بوو وەداهاتی حکومەتیش زۆر کەم بوو! هەرچەند پاشتر لەساڵی ٢٠٢١دا میکانیزمی شایستەی کۆمپانیاکان گۆڕا لە مانگانەوە بۆ ٢ مانگ دوای فرۆشتن و پاشتر بۆ ٣ مانگ دوای فرۆشتن شایستەی کۆمپانیاکان بدرێت. هەرێمی کوردستان بەبێ کێشە تاوەکو ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ نەوتی هاناردەکردووە و فرۆشتوویەتی ، تەنانەت نرخی نەوتی هەرێم دیارە کە ئەومانگانە بەچەند فرۆشتوویەتی. هەروەهابەشێکی زۆری کڕیارەکانیشی دیارن. وە لەماوەکانی ڕابووردوودا کۆمپانیا نەوتییەکان لە ڕاپۆرتەکانیاندا ئاشکرایان کردووە کە شایستەی چ مانگێکیان وەرگرتووە لە کێڵگەکانی( تاوکی،فیشخاپور، باشیک، سەرسەنگ، شێخان، ئەتروش ،سەرتە، تەق تەق وە هەلێر) گەر بۆ ئەم کێڵگانە راستبێت کەواتە بۆ کێڵگەکانی تریش و کۆمپانیاکانی تریش ڕاستە. کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت دەڵێن شایستەی ٦ مانگی فرۆشی نەوتیان وەرنەگرتووە ، حکومەتی هەرێمیش لەگەڵ ئەوەی شایستەی ئەو کۆمپانیایانەی نەداوە بەڵام کێشەی دابینکردنی مووچەی هەیە! لە ساڵی ٢٠٢٢ دا حکومەتی هەرێم ١٠ گوژمە پارەی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکانی داوە لە مانگی تشرینی یەکەم٢٠٢١ تا تەموزی ٢٠٢٢. وە لە ساڵی ٢٠٢٣ دا دوو گوژمە شایستەی داوە بە کۆمپانیاکان بۆ مانگەکانی ئاب و ئەیلولی ٢٠٢٢. واتە کۆمپانیا نەوتییەکان شایسەتەی مانگی تشرینی یەکەم تا کۆتای ئازاری ٢٠٢٣ یان هێشتا وەر نەگرتووە . تەنها نەوتی بەرهەم هاتوو وە فرۆشراوی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ (١ی تشرینی یەکەم تا ٣١ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢) بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت کە حکومەتی هەرێم خۆی بڵاوی کردووەتەوە بریتی بووە لە ٤٠ ملیۆن و ١٧٥ هەزار و ١٨٦ بەرمیل نەوت وە داهاتی ئەو ماوەیەی فرۆشی نەوت هەر بەپێێ ڕاپۆرتی دیلۆیت بریتی بووە لە ٢ ملیار ٤٥٢ ملیۆن و ٧٢٣ هەزار و ٥٥٣ دۆلار. تێکڕای پارە دان بۆ شایستەی دارایی بەرهەمهێنەرانی نەوت رێژەکەی لەماوی ساڵی ٢٠٢٢ دا ٣٧.٣١٪ ی هەموو داهات بووە ( لە چارەکێکەوە بۆ چارەکێک گۆڕاوە بەڵام ئێمە تێکڕای ساڵەکەمان وەرگرتووە) کە بە وپێیە بێت زیاترلە ٩١٥ ملیۆن دۆلار پشکی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت بووە کە وەرنەگیراوە. (سەیری خشتەی ژمارە ١ بکە ) گەر لە مانگی کانوونی دووەم و شوبات دا تێکڕای فرۆشی رۆژانە ٤٣٠ هەزار بەرمیل دابنێین وە مانگی ئازار بە ٤٠٣ هەزار وە نرخی بەرمیلێک نەوتی هەرێم ٦٧ و ٧١ دۆلار و ٦٧ بووبێت بەدوای یەکدا بۆ ئەو مانگانە ئەوا داهاتی فرۆش بریتی بوون لە ٨٩٣ ملیۆن و ٨٥٤ ملیۆن دۆلار و مانگی ئازاریش ٧٣٥ ملیۆن دۆلار وەکو لەخشتەکە دا دیارە و پشکی کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنی نەوت لە چارەکی ١ی ساڵی ٢٠٢٣ بریتی بووە لە زیاتر لە ٢٦ ٩ملیۆن دۆلار ( سەیری خشتەی ژمارە٢ بکە) کەواتە تەنها ئەو پارەیەی کە بەرهەمهێنەرانی نەوت وەریان نەگرتووە لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا بریتییە لە نزیکەی ١ ملیار و ٤٨١ ملیۆن دۆلار کە دەکاتە زیاتر لە ٢.٤ ترلیۆن دینار بەنرخی فەرمی، زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت خەرجی ٢ مانگی هەرێمی پێ پڕبکرێتەوە ، ئەمە تەنها ئەو پارەیەیە کە نەدراوە بە کۆمپانیاکانی نەوت لە داهاتی فرۆشی نەوتی ئەو ماوەیە جگە لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان و داهاتی باج و رسوماتی ناوخۆ. من تێناگەم ئیتر بۆ هەرێم ناتوانێت بەبێ قەرزکردن مووچە دابین بکات؟ گەر کۆمپانیاکان ئەو بڕە پارەیان وەرنەگرتووە کە خۆیان دەڵێن وەرمان نەگرتووە، ئەی ئەو پارە بۆ کوێ چووە و چی لێهاتووە؟ لەچیدا و چۆن خەرج کراوە؟ ئەم پرسیارانە پرسیاری جدین و پێویستیان بە روونکردنەوەی وورد هەیە. کاتێک باسی نەمانی متمانە دەکەین لە خۆوە نییە بەڵکو لە بێدەنگی هەڵبژاردنی حکومەتە لە پرسیارە کەڵەکەبووەکان کە گومانەکان بەرەوە یەقین دەبات. چ پرسیارێک لەسەر داهات و خەرجی دەکەین بەرد بێتە گۆ حکومەت نایەتە گۆ. خۆش ئەوەشە هەردەشڵێن شەفافین و نازانم بۆ منیش تێناگەم.
درەو: سنوری پارێزگای سلێمانی مانگانە ( بۆ موچەو خەرجی) پێویستی بە (416) واتا (370 ) ملیار دینار بۆموچەو (46) ملیار دینار بۆ خەرجی دامو دەزگاكان، وەزارەتی دارایی مانگانە (280) ملیار دینار دەنێرێت و مانگانە داوای (90) ملیار دینار لە سلێمانی دەكات، كورتهێنانی مانگانەی سنوری سلێمانی (76) ملیار دینارە، داهاتی ناوخۆی سلێمانی مانگانە بە تێكڕا بە نزیكەی (60) ملیار دینارە بەپێی سایتی (شەفافیەت). سەبارەت بە كێشە داراییەكانی سنوری پارێزگای (سلێمانی، هەڵەبجە) سنوری ئیدارەكانی (راپەڕین و گەرمیان) خەرجی و داهاتەكانی ئەو سنورە، سەركۆ ئازاد گەڵاڵی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بە (درەو) رایگەیاند: مانگانە پارێزگای سلێمانی پێویستى بە: - 20 ملیار دینار بۆ نەسریە و خەرجی دام و دەزگاكانی حكومەت (پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەن ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان ) - 18 ملیار دینار پێویستە بۆ شارەوانیەكان و خۆڵ و خاشاك، دەرمان و پێداویستیە پزیشكیەكان، خزمەتگوزاریە گشتیەكان. واتا كۆی گشتی (38) ملیار دینار پێویستە بۆ راییكردنی مانگانەی دام و دەزگاو ئیشوكارەكانی ئەم سنورە. - 75 ملیار لەداهاتی ناوخۆی سلێمانی پێویستە بۆ تەمویلی موچە ئەمە مانگانە وەزارەتی دارایی ئیجباری دەكات لەسەر سلێمانی. - 15.5 ملیار دینار بۆ بودجەی سیادییەو مانگانە دەبێت لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی بنێردرێت بۆ هەولێر. واتا مانگانە وەزارەتی دارایی داوای (90) ملیار دینار دەكات بۆ تەمویلی موچەو سیادی لەداهاتی ناوخۆی سلێمانی. - 5 ملیار دینار بۆ وانەبێژانی سلێمانی پێویستە، حكومەت نایدات لەبانكی ناوەندی دەدرێت لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی - 3 ملیار دینار بۆ دەرماڵەی خوێندكاران پێویستەو دەبێت لە داهاتی ناوخۆ بدرێت. خەرجی موچە: - بۆ موچەی مانگانەی سنوری سلێمانی (370) ملیار دینار پێویستە، بەڵام وەزارەتی دارایی مانگانە (280) ملیار دەنێرێت. واتا (90) ملیار دەبێت سلێمانی خۆی دابینی بكات داهاتی سلێمانی بە پێی سایتی شەفافیەت: - داهاتی سلێمانی لە مانگی شوباتدا نەختینە (63) ملیار دینار بووە. - داهاتی مانگی ئازار نەختینە (61) ملیار دینار بووە . - داهاتی تا ئێستای مانگی نیسان نەختینە (23) ملیار دینار بووە لە كاتێكدا مانگانە خەرجی سلێمانی پێویستی بە (136) ملیار دینارە، بۆ هەمووی بەڵام داهاتی سلێمانی بە تێكڕا نزیكەی (60) ملیار دینار بووە واتا مانگانە سلێمانی (76) ملیار دینار كورتهێنانی هەبووە. وەزارەتی دارایی لەم (20) رۆژەدا دووجار موچەی راگەیاندووە، لە كاتێكدا ئێمە لە مانگی نیسانداین و موچەی مانگی ئازار دابەشدەكرێت، وەزارەتی دارایی بە نوسراو داوای كردووە ئەبێت (180) ملیار دینار بخرێتە سەر حسابەكەی، لە كاتێكدا داهاتی سلێمانی ئەوەندە نیە. هەموو پرۆژەیەكیش وەستاوەو یەك دینار بۆ پرۆژەكان خەرجناكرێت، ئەو بڕیارانەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەری دەكات بۆ پرۆژەكان و خەرجكردنی پارە، تەنها ژمارە دەنێرێت و یەك دینار نانێرێت، لەسەر داهاتی سلێمانی دەبێت خەرج بكرێت، هەموو خەرجی فەرمانگەكان وەستێندراوە و خەریكە حكومەت دەوەستێت،
(درەو): دوێنێ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە بەربانگدا وتی:" هەرگیز ناتوانین لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە خاكفرۆشیو گەندەڵیو تیرۆرو تۆقاندنو سەرانەسەندن دەكەن هاوبەش بین"، ئەمڕۆ وەفدی حكومەت لە هەولێر دەچێتە لای قوباد تاڵەبانی داوای لێدەكات تیمی یەكێتیی بگەڕێنەوە ناو كۆبونەوەكان حكومەت. ئەمڕۆ لە هەولێر، وەفدی حكومەت سەردانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران دەكات، ئەم وەفدە داوای گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی دەكات بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران. وەفدەكەی حكومەت پێكهاتووە لە هەریەكە لە: • دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە لە (بزوتنەوەی گۆڕان) • پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف لە (پارتی دیموكراتی كوردستان) • عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان لە (پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان) چوارشەممەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیران كۆبونەوە ئاسایی خۆی هەبوو، لەم كۆبونەوەیەدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت رایگەیاند" كار وا ناڕوات، دەبێت چارەسەرێك بۆ كێشەی تیمی یەكێتیی بدۆزرێتەوە، دەبێت تاوەكو دوای جەژنی رەمەزان بڕیارێك بدەینو چارەسەرێك بۆ ئەم كێشەیە بدۆزینەوە". لەم كۆبونەوەیەدا، عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان پێشنیازی كرد وەفدێكی حكومی بچێتە لای قوباد تاڵەبانیو لەبارەی كێشەكانەوە گفتوگۆی لەگەڵدا بكرێتو داوای گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بكرێت بۆناو كۆبونەوەكانی حكومەت، مەسرور بارزانی پێشنیازەكەی قبوڵكرد. ئەوەی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت یەكەم دانوستانی حكومەتە لەگەڵ تیمی یەكێتیی لەدوای كشانەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانو تیمی یەكێتیی لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بهڵام پێشتر لهڕێگهی پهیوهندی تهلهفۆنی و دهستپێشخهرییهوه ههندێك گفتوگۆ لهنێوان تیمی پارتی و یهكێتیی لهناو حكومهت روویدا، بهڵام سهرینهكێشا بۆ دانیشتنی روبهڕوو. پێشتر دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراو داوای لە تیمی یەكێتیی كرد بگەڕێنەوە، تیمی یەكێتیش هەر بە نوسراو وەڵامی دایەوەو وتی:" ناگەڕێینەوە". لەكاتێكدا بڕیارە ئەمڕۆ وەفدی حكومەت لەگەڵ قوباد تاڵەبانی گفتوگۆی گەڕانەوە بۆ ناو كۆبونەوەكان بكات، دوێنێ ئێوارە لە خوانێكی بەربانگدا مەسرور بارزانی بەبێ ناوهێنانی یەكێتییو بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ وتی:" ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەو لایەنانە یەكڕیزین كە بڕوایان بە وڵاتپارێزی هەبێت، بەڵام ئێمە هەرگیز ناتوانین هاوبەشو بەشداربین لە خاكفرۆشیو گەندەڵیو تیرۆرو تۆقاندنو سەرانەسەندن". لە 26ی ئۆكتۆبەری 2022وە واتە نزیكەی (6) مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانو سەرۆكی تیمی یەكێتیی نەچوەتە ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانو (بایكۆت)ی كردووە، لە رۆژی 11ی كانونی یەكەمی 2022شەوە، واتە زیاتر (4) مانگە وەزیرەكانی یەكێتیی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بایكۆتكردووە. لەوكاتەوە وەزیرەكانی یەكێتیی كە ژمارەیان (6) وەزیرە، لە بینای وەزارەتەكانیان دەوامی فەرمی خۆیان دەكەنو بەتەواوەتی لە حكومەت نەكشاونەتەوە، جگە لە (شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگە كە دەستلەكاركێشاوەتەوە هەروەها (خالید شوانی) كە شوێنەكەی وەكو وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد بەتاڵ بووەو پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرتووە. رۆژی 26ی شوباتی ئەمساڵ، سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوێكی فەرمی داوای لە تیمی یەكێتیی كرد بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، تیمی یەكێتیی بە نوسراوی فەرمی وەڵامی دایەوە ناگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكان، لەم نوسراوەدا تیمیی یەكێتی هۆكاری نەگەڕانەوە بۆ كۆبونەوەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ "رەچاونەكردنی پرەنسیپەكانی هاوبەشیكردن لە بڕیاردانو شێوازی بەڕێوەبردنی حكومەتو بەربەست لەبەردەم پیادەكردنی دەسەڵاتەكان". دواتر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە جەژنی نەورۆزی ئەمساڵدا، بەفەرمی لە وتارێكدا داوای لە تیمی یەكێتیی كرد بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام وەڵامێكی دڵنیاكەرەوەی لە بەیاننامەی نەورۆزی قوباد تاڵەبانیدا دەستنەكەوتو دۆخەكە وەكو خۆی مایەوە. ناكۆكییەكانی ئەمدواییەی قوباد تاڵەبانیو مەسرور بارزانی دوای هێرشەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانیو بەیاننامەكەی جوتیار عادلی وتەبێژی حكومەت، ئەگەری گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت زیاتر دورخستنەوە. بەمدواییە مەسرور بارزانی بەبێ بەشداری قوباد تاڵەبانیو ئەندامانی تیمی یەكێتیی چووە بەغدادو لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەگەڵ حكومەتی عێراق رێككەوتنی ئیمزا كرد، لە دوێنێوە قوباد تاڵەبانیش بەبێ ئاگاداری مەسرور بارزانی چوە بەغدادو لەگەڵ توركەكان بەنێوەندگیری بەرپرسانی عێراق سەبارەت بە داخستنی ئاسمانی توركیا بەڕووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا گفتوگۆی كرد. مەسرور بارزانیو قوباد تاڵەبانی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)، یەكێتی جگە لە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران، (6) پۆستی وزاری بەدەستەوەیە، ئێستا تەنیا (4) لە وەزیرەكانی یەكێتیی لە وەزارەتەكانیان دەوام دەكەن كە بریتین لە هەریەكە لە (بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ- محەمەد حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری- ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا- دارا رەشید وەزیری پلاندانان). وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل) دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوەو (رێباز بێركۆتی) بۆ شوێنەكەی كاندیدكراوە، خالید شوانی كە وەزیری هەرێم بوو، پۆستەكەی چۆڵكردو پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرت، یەكێتی (ئەحمەد عەسكەری) بۆ شوێنەكەی كاندید كردووە. بەهۆی ناكۆكی پارتیو یەكێتیی لەبارەی گۆڕانكارییە وزارییەكانەوە، تائێستا پەرلەمانی كوردستان كۆنەبوەتەوە بۆ متمانەدان بە وەزیرە نوێیەكان، بۆیە یەكێتیی ئێستا دوو پۆستی وزاری چۆڵ بووە. كابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە لە 10ی تەموزی 2019دا، بە ناكۆكی نێوان قوباد تاڵەبانیو مەسرور بارزانی دەستیپێكرد، یەكەم ناڕەزایەتی قوباد تاڵەبانی دژی دیارینەكردنی دەسەڵاتەكان بوو وەكو جێگری سەرۆك وەزیران، پاش ماوەیەك ناڕەزایەتی هەردووكیان كۆبونەوەیەكیان كردو مەسرور بارزانی وتی"رێككەوتینو هیچ كێشەیەك لەنێوانماندا نییە". بەڵام ئەمە كۆتایی ناكۆكییەكان نەبوو، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق (10 ئۆكتۆبەری 2021) بەبێ ناوهێنانی مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی وتی"چیتر تاكڕەوی قبوڵ ناكەین"، ئەم قسەیە مەسرور بارزانی توڕەكرد، داوای كرد قوباد تاڵەبانی لەبارەی قسەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رونكردنەوە بدات، قوباد تاڵەبانی ئەم داواكارییەی رەتكردەوە، ئەمە وایكرد چەند كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران بایكۆت بكات.
راپۆرت: درەو 10 ساڵ لەمەوبەر، عومەر حەسەن بەشیری سەرۆكی سودان میلیشیایەكی دروستكرد بۆ پشتیوانیكردن لە سوپای وڵاتەكەی لەشەڕی دژی یاخیبوانی دارفور، ئیمتیازی زۆری بە سەرۆكی ئەم میلیشیایە بەخشی، تەنانەت كانە ئاڵتونەكانی دارفوریشی پێدا بۆ ئەوەی لایەنداری میلیشیاكەی بەدەستبهێنێت، بەڵام كاتێك خۆپیشاندان دەستیپێكرد، بەشیر فەرمانی پێكرد خۆپیشاندەران سەركەوت بكات، ئەو بە قسەی نەكرد، رژێمی بەشیر كەوت، میلیشیاكە هەر مایەوە، ئێستا نزیكەی (100 هەزار) چەكداری هەیەو بوەتە هەڕەشە لەسەر سوپای سودانو چارەنوسی حوكمڕانی لەو وڵاتە، رەگوڕیشەی ناكۆكی ژەنەراڵەكانو شەڕو پێكدادانەكانی سودان لەم راپۆرتەدا. شەڕی بورهانو حەمیدتی لەماوەی 24 كاتژمێر شەڕی نێوان (سوپا)و هێزی (پاڵپشتی خێرا) لە سودان، 56 هاوڵاتی مەدەنی كوژران، ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژ لە شاری خرتومی پایتەخت پێكدادان بەردەوام بوو، ئەمە ململانێی دوو ژەنەراڵە لەسەر دەسەڵات كە هەردووكیان لەدوای كودەتاكەی 2021ەوە سەرۆكایەتی سودان دەكەن. بانگەوازی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی شەڕ زیادی كردووە، بەڵام تائێستا بانگەوازەكانی كەڵكیان نەبووە لە راگرتنی تەواوەتی شەڕەكەدا، دواین بانگەوازیان لەلایەن (چین)ەوە بوو. بەڵام پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەردوو تەرەفی شەڕەكە رەزامەندییان لەسەر پێشنیازێكی نێودەوڵەتی نیشاندا بۆ كردنەوەی رێڕەوی سەلامەت بەمەبەستی گەیاندنی فریاگوزاری مرۆیی، سوپای سودان دەڵێ ئەم رێڕەوانە ماوەی سێ كاتژمێر بەردەوام دەبێت، هێزەكانی پاڵپشتی خێراش رایگەیاند، لە كاتژمێر 4ی ئێوارەوە بەكاتی سودان، كردنەوەی رێڕەوەكان دەستپێدەكات. كۆمكاری عەرەبیش ئەمڕۆ كۆبونەوەیەكی نائاساییی تایبەت بە دۆخی سودان ئەنجامدا، ئەم كۆبونەوەیە لەسەر داوای میسرو سعودیە كرا كە دوو هاوپەیمانی سەرەكی سوپای سودانن دژ بەو هێزە نیمچە سەربازییەی كە دەیەوێت سوپا لە دەسەڵات بخات. لە دوێنێوە ئاڵۆزی پەیوەندییەكان لەنێوان (عەبدولفەتاح بورهان) فەرماندەی سوپای سودانو (محەمەد حەمدان دقلو- حەمیدتی) فەرماندەی هێزی پاڵپشتی خێرا سەریكێشاوە بۆ توندوتیژیی، بەتایبەتیش دوای توندبوونەوەی ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوانیان لەم چەند هەفتەی دوایدا. لەم شەڕەدا كە لە پایتەختو چەند شارێكی تری سودان روودەدات، هەموو جۆرەكانی چەك تا دەگاتە فڕۆكەی جەنگیی بەكاردەهێنرێت، ئەمە لە وڵاتێكدا روودەدات كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (45 ملیۆن) كەسەو بە یەكێك لە هەژارترین وڵاتانی جیهان دادەنرێت كە بەهۆی چەندین دەیە جەنگەوە لەبەریەك هەڵوەشاوە. ئەحمەد سەیف كە لەگەڵ هاوسەرو منداڵەكانیدا لە ناوچەیەكی خۆرهەڵاتی خرتوم دەژی، بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی وتووە:" شەوێكی زۆر سەخت بوو. بەهۆی دەنگی تەقینەوەو شەڕە تەقەوە نەخەوتم". لەمەش خراپتر ئەوەیە، پێیوایە بەهۆی بۆردومانەوە زیان بەر ماڵەكەی كەوتووە، بەڵام دەڵێ:" ناوێرم بچمە دەرەوە تەماشای خانوەكەم بكەم" لەكاتێكدا گوللەی وێڵ هەیەو خەڵك بە جلی سەربازییەوە لە شەقامەكاندا دەسوڕێنەوە. ئەمڕۆش دەنگی بۆردومان لە شەقامە چۆڵكراوەكانی خرتوم دەبیسترا، كە بۆنی باروت تێیاندا بڵاوبوەتەوە. لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش پزیشكەكان بەردەوامن لەسەر داوای یارمەتیو بانگەوازكردن بۆ رێڕەوی ئارام بۆ تێپەڕبوونی ئەمبوڵانسەكانو راگرتنی شەڕ بۆ چارەسەری بریندارەكان. ئێوارەی دوێنێ سوپا لەرێگەی فەیسبوكەوە رایگەیاند" هێزی ئاسمانی سودان پرۆسەیەكی روماڵكردنی تەواوەتی ئەو ناوچانە ئەنجام دەدات كە میلیشیا پاخیبووەكانی هێزی پاڵپشتی خێرای تێدایە"، داوای لە هاوڵاتیان كرد پابەند بن بە مانەوە لە ماڵەكانیانو نەچنە دەرەوە. شایەتحاڵەكان باس لە روودانی شەڕ دەكەن بە چەكی قورس لەنێوان سوپاو هێزە نیمچە سەربازییەكاندا لە دەوروبەری باكورو باشوری پایتەخت. لە خەرتومی پایتەخت خەڵكی مەدەنی بەكەمی دەبینرێت، ئەوەی هەیە پیاوانن بە چەكو جلوبەرگی سەربازییەوە دەسوڕێنەوە، لە دوێنێوە لە چەند ناوچەیەكی پایتەخت ستونی دوكەڵ دەبینرێت بەتایبەتیش لەناوەڕاستی شار كە دامەزراوە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی تێدایە. بەپێی قسەی لیژنەی ناوەندیی پزیشكانی سودان كە رێكخراوێكی سەربەخۆو پاڵپشتیكاری دیموكراتییە، كۆی ژمارەی كوژراوان گەیشتوەتە 56 كەس، زیاتر لە نیوەی كوژراوەكان لە خرتومو دەوروبەریدان، ئەمە لەكاتێكدایە دەیان كەسی تر لە سەربازانی سوپاو هێزە نیمچە سەربازییەكە كوژراونو نزیكەی (600) كەسیش برینداربوون. لە وڵاتێكدا كە لەساڵی 2019وە هەوڵی رێكخستنی هەڵبژاردنێكی ئازاد دەدات دوای 30 ساڵ دیكتاتۆریەت، چەند هەفتەیەكە ململانێكان دەكوڵێن بەبێ ئەوەی هیچ ئاسۆیەك بۆ چارەسەر هەبێت، بۆیە دیار نییە لە كۆتایدا كێ بەسەر كێدا سەردەكەوێت. هێزی پاڵپشتی خێرا كە هەزاران جەنگاوەری پێشووی جەنگی دارفور لەخۆدەگرێتو دەیەوێت ببێت بە هێزێكی هاوتای سوپا، رایگەیاند، بارەگای سەرۆكایەتیو فڕۆكەخانەی خرتومو دامەزراوە سەرەكییەكانی تری كۆنترۆڵكردووە. بەڵام سوپا رەتیدەكاتەوە فڕۆكەخانەی كۆنترۆڵكرد بێت، هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت هێزی پاڵپشتی خێرا فڕۆكەیەكی مەدەنی سەربە هێڵی ئاسمانی سعودیەی سوتاندووە. تەلەفزیۆنی حكومەتیش تەنیا گۆرانی نیشتمانی پەخش دەكات بەبێ ئەوەی هیچ قسەیەك لەسەر رووداوەكان بكات، هاوشێوەی ئەوەی لەكاتی كودەتاكەی پێشوودا روویدا، هەردوو لایەنی شەڕەكە باس لەوە دەكەن تەلەفزیۆنیان كۆنترۆڵكردووە. لەبەر ئەوەی شەڕەكە لەنێوان هەردوو ژەنەراڵەكەدا هاوكات جەنگێكی میدیایشە، دوێنێ حەمیدتی لەرێگەی كەناڵی هەندێك لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبیەوە قسەی كرد كە خۆی هاوپەیمانی هەندێك لەو وڵاتانەیە، هەڕەشەكانی دژی فەریقی یەكەم عەبدولفەتاح بورهان توندكردەوە، بورهان لەدوای شەڕەكەوە تائێستا دەرنەكەوتووە. حەمیدتی جارێكی تر داوای رۆشتنی "بورهانی تاوانبار"ی كرد، لەبەرامبەردا سوپا لە فەیسبوكی خۆیەوە یاداشتی گەڕانی بەدوای حەمیدتی بڵاوكردەوە. لەم كاتەدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە چەند پەیوەندییەكدا لەگەڵ بورهانو حەمیدتیو عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسردا، داوایكرد" بەشێوەیەكی خێرا توندوتیژییەكان رابگیرێت". لەسەر چی ناكۆكن؟ لەدوای كودەتاكەی ئۆكتۆبەری 2021وە، ئەنجومەنی سەروەریی "سیادە" حوكمی سودان دەكات، دوو فەرماندەی سەربازیی لەناو دڵی ناكۆكییەكاندان كە ئەوانیش هەریەكە لە (عەبدولفەتاح بورهان)ی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانو سەرۆكی فیعلی وڵاتو (محەمەد حەمدان دقلو)ی ناسراو بە "حەمیدتی"یە كە فەرماندەی هێزی پاڵپشتی خێرایە. ئەم دوو پیاوە ناكۆكن لەبارەی ئەو ئاڕاستەی كە وڵات پێیدا دەڕوات، هەروەها ناكۆكن لەبارەی پێشنیازی چۆنیەتی راگواستن بەرەو حوكمڕانییەكی مەدەنیی لە سوداندا. یەكێك لە گرنگترین ئەو خاڵە بنەڕەتیانەی كە لەنێوان حەمیدتیو بورهاندا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، ناكۆكییە لەبارەی پلانی تێكەڵكردنی هێزی پاڵپشتی خێرا كە (100 هەزار) چەكدارە لەگەڵ سوپادا، بەتایبەتیش لەبارەی ئەوە ناكۆكن دوای یەكگرتنی ئەم دوو هێزە كێ سەرۆكایەتی سوپا نوێیەكە دەكات. روودانی بەریەككەوتن لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا دوای چەند رۆژێك لە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی پاڵپشتی خێرا لە دەوروبەری پایتەخت روویدا، سوپا ئەم جموجوڵەی هێزی پاڵپشتی خێرای وەكو هەڕەشە ناوبرد. ئەوكات ئومێدێك هەبوو بۆ ئەوەی لەرێگەی گفتوگۆوە هەردوولا بگەنە چارەسەرێك، بەڵام ئەمە رووینەدا. هیشتا دیار نییە ئاخۆ لە بەیانی دوێنێدا كامیان سەرەتا دەستیان بە تەقەكردن كردووە، بەڵام مەترسی هەیە لەوەی ئەمە هێندەی تر دۆخی سودان بشێوێنێت كە خۆی هەر لە بنەڕەتەوە دۆخێكی ناسەقامگیرە. ژهنهراڵ عهبدولفهتاح بورهان هێزی پاڵپشتی خێرا چییەو حەمیدتی كێیە ؟ ئەم هێزە ساڵی 2013 دروستكرا، ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ میلیشیای "جەنجەوید" كە شەڕی یاخیبوانی دارفۆری دەكرد. لەوكاتەدا، ژەنەراڵ حەمیدتی هێزێكی بەهێزی دروستكردو چووە ناو ململانێ چەكدارییەكان لە یەمەنو لیبیا. ئەم پیاوە سەربە هۆزی (رزیقات)ە كە هۆزێكی بە رەگوڕیشە عەرەبەو لە هەرێمی دارقور لە خۆرئاوای سودان نیشتەجێبوون، لە بیستەكانی تەمەنیدا لە بازرگانی وشتردا لەنێوان لیبیاو مالیو چاد كاریكردووە، لەپاڵ ئەمەشدا ئەركی پاراستنی كاروانە بازرگانییەكانی لە خەڵكانی رێگر لەو ناوچەیە گرتوەتە دەست كە لەژێر كۆنترۆڵی هۆزەكەیدا بووە. لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا ناوبانگی پەیدا كردووەو سامانێكی زۆری كۆكردوەتەوە، ئەمە بوەتە هۆی ئەوەی لە عومەر حەسەن بەشیری سەرۆكی وڵات نزیك بكەوێتەوە، بەتایبەتیش كە ئەو سەردەمە حەمیدتی سەرۆكایەتی میلیشیایەكی گەورەی كردووە بۆ پاراستنی كاروانە بازرگانییەكان. حەمیدتی دەستی بەسەر ژمارەیەك لە كانەكانی ئاڵتوندا گرتووە لەناوچەی دارفور، عومەر بەشیر ئیمتیازاتی زۆری پێبەخشیوە، ئەمە وایكرد ژمارەی میلیشیاكەی بۆ نزیكەی (100 هەزار) كەس بەرزببێتەوە. حەمیدتی تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی پێشێلكاری دژ بە مافەكانی مرۆڤ، لەنێویشیاندا ئەو رەشەكوژییەی كە لە حوزەیرانی 2019 روویداو زیاتر لە (120) خۆپیشاندەری تێدا كوژرا، ئەو دەسەڵاتانەی كە عومەر بەشیر بەم پیاوەی بەخشی بوو وەك دەوترێت بە سوپا نەبێت نادرێت، بەشیر چەكی سوكو ئۆتۆمبیلی سەربازی بە هێزەكەی حەمیدتی دابوو، ئەمەش ئەفسەرانی سوپای سودانی نیگەرانو توڕە كردبوو، بەڵام حەمیدتی تا سەر وەفادار نەمایەوە، كاتێك بەشیر داوای لێكرد خۆپیشاندەران سەركوت بكات، خۆی بوارد. سەرچاوە خۆجێییەكان لە سودان دەڵێن هێزی پاڵپشتی خێرا كە حەمیدتی سەرۆكایەتی كردووە، بەشداری لە روخاندنی رژێمی عومەر بەشیردا كردووەو داوای لە حكومەتی سودان كردووە لەپێناو ژیانێكی شكۆمەندانەدا پێداویستییەكانی خەڵك دابین بكات، هەندێك لە سودانییەكان ئەم هەڵوێستەیان لەبیرەو ستایشی دەكەن، بەڵام لەبەرامبەردا هەندێك لە خەڵكی تری وڵاتەكە ئەم هەڵوێستەی حەمیدتی وەكو "هەوڵێكی زیرەكانە"ی ئەو پیاوە ناودەبەن بۆ جوانكردنی وێنەی خۆی بەمەبەستی چاوپۆشیكردن لەو پێشێلكارییانەی مافەكانی مرۆڤ كە هێزەكەی لە دارفور ئەنجامیداوە. حەمیدتی بەهۆی ئەوەی هەڵگری پلەی "فەریقی یەكەم"ی پێدراوە، هەژمونی بەسەر ژمارەیەك لە فەرماندەكانی سوپای سوداندا هەیەو لەم رێگەیەشەوە كۆنترۆڵی ناوچەیەكی فراوانی خرتومی پایتەختی كردووە. حەمیدتی بە هەماهەنگیی لەگەڵ عەبدولفەتاح بورهان سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەردا، دۆسیەی هێزە سودانییەكانی بەشداری لەو هاوپەیمانێتییە گرتەدەست كە سعودیە سەرۆكایەتی دەكات دژ بە حوسییەكان لە یەمەن. ویلۆ بیردج نوسەری كتێبی "راپەڕینە مەدەنییەكان لە سودانی هاوچەرخ"دا دەڵێ" هێزەكانی پاڵپشتی خێرا تاوانیان لە دارفور ئەنجامداوە، جموجوڵەكانیشیان دوای كەوتنی بەشیر بەدبینی لای زۆر كەس دروستكرد، بەتایبەتیش یاخبوانی دارفور". ساڵی 2003 یاخیبوانی دارفور حكومەتی خرتومیان تۆمەتبار كرد بەوەی لەڕووی ئابوریو سیاسییەوە ناوچەكانی ئەوانی پشتگوێخستووە، ئەمە بوو بەهۆی سەرهەڵدانی ململانێیەكی چەكداریی لەنێوان هەردوولادا، بەپێی قسەی نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی (300 هەزار) كەس لەم ململانێیەدا كوژراون، ئەمە سەرباری ئاوارەبوونی ملیۆنان كەس لە ناوچەكانی خۆیاندا. ساڵی 2014 حكومەتی سودان (سادق مەهدی) رێبەری حزبی (ئومە)ی دەستگیركرد بەهۆی ئەوەی رەخنەی لە هەڵسوكەوتی هێزەكانی پاڵپشتی خێرا گرتبوو كە هاوشانی هێزەكانی حكومەت لە دژی یاخیبوانی دارفور دەجەنگا. تاوەك ساڵی 2017 هێزەكانی پاڵپشتی خێرا سەربە دەزگای ئاسایشو هەواڵگری سودان بوون، دواتر خرانە سەر دامەزراوەی سوپا، سەرباری ئەوەی هیچ یەكێك لە ئەندامانی ئەم هێزە سەربازی نەبوون. بەوپێیەی ئەم هێزە لە دەرەوەی چوارچێوەی سوپا بووە، بۆیە هەمیشە وەكو سەرچاوەی ناسەقامگیریی لە سودان تەماشا كراوە. ژهنهراڵ حهمیدتی بۆچی سوپا حوكمی بەدەستەوەیە ؟ شەڕی ئێستای سودان دوای زنجیرەیەك كێشە دێت كە لەدوای لادانی (عومەر حەسەن بەشیر)ی سەرۆكی سودان لە 2019دا روویدا. لەدوای لادانی عومەر بەشیر، ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر (ئینتیقالی) لە سودان پێكهات، هەموو ئەندامەكانی لە دامەزراوەی سەربازی سودان بوون جگە لە حەمیدتی كە هیچ رۆژێك لە رۆژان ئەندامی دامەزراوەی سوپا نەبووە، بەڵام سەرباری ئەمەش بە فەرمانی عومەر بەشیر پلەی (فەریقی یەكەم)ی پێدرابوو. ئەوكات لە شەقامەكانی وڵاتدا خۆپیشاندانو ناڕەزایەتییەكی گەورە سەریهەڵدا، خۆپیشاندەران داوای كۆتایهێنانیان كرد بە نزیكەی 30 ساڵ لە حوكمڕانی عومەر بەشیر، ئیتر سوپا ئیشەكەی كردو سەركردایەتی كودەتایەكی كرد بۆ لادانی بەشیر. دوای كودەتاكە، خۆپیشاندەرانو رەوتی مەدەنی سودان دەستیان كرد بە ناڕەزایەتییەكی نوێ، داوایانكرد رۆڵیان هەبێت لە پرۆژەیەكدا بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە سوپاوە بۆ حكومەتێكی مەدەنی دیموكراتی. حكومەتێكی هاوبەش لە خەڵكی مەدەنیو سەربازی دروستكرا، بەڵام لە ئۆكتۆبەری 2021دا كودەتایەكی نوێ كراو حكومەتەكە كەوت. بەر لە چەند هەفتەیەك حەمیدتی رەخنەی لە كودەتاكەی 2021 گرتو وتی:" كودەتاكە دەرگای لەبەردەم گەڕانەوەی لایەنگرانی عومەر بەشیردا كردەوەو بەداخەوە كودەتاكە بوو بە دەرگایەك بۆ گەڕانەوەی رژێمی پێشوو"، لەمەشدا مەبەستی لە لایەنگرانی حزبی كۆنگرەی نەتەوەیی دەسەڵاتداری پێشوو بوو كە لە حكومەتی دوای كودەتادا پۆستیان پێدرا، حەمیدتی ئاماژەی بەوەكرد ئەو پشتیوانی لە خواستی خۆپیشاندەرانی پاڵپشتیكار لە دیموكراتیەت دەكات. لەدوای كودەتاكەی 2021وە ئیتر ململانێكان لەنێوان بورهانو حەمیدتی توندبووەوە، لە كانونی یەكەمی رابردوودا چوارچێوەی رێككەوتنێك دیاریكرا بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ حكومەتێكی مەدەنیی، بەڵام گفتوگۆكان لەبارەی جێبەجێكردنی وردەكاری ئەم رێككەوتنە شكستی هێنا. عەبدولفەتاح بورهان لە شوێنی فەریق (عەوەز بن عەوف) وەزیری بەرگری پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەری وەرگرت، فەریق عەوەز تەنیا رۆژێك دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنەكەو لەكارخستنی عومەر بەشیر، دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە. عەوەز بن عەوف لە نیسانی 2019دا رایگەیاند، فەریق عەبدولفەتاح بورهانی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی سەربازی، بەوپێیەی لەلایەن هەموانەوە قبوڵكراوە، عەبدولفەتاح پۆستەكەی وەرگرتو سوێندی یاسایی خوارد. بورهان ناوێكی دیاری گۆڕەپانی سیاسی سودان نەبوو، وا ناسرابوو سەربازێكی بە دیسپلینە، هەموو پلەكانی بڕیوەو لە هێزی زەمینی وەكو ئەفسەر خزمەتی كردووە تا ئەوكاتەی بووە بە فەرماندەی هێزی وشكانی. لە شوباتی 2019دا، سەرۆك عومەر بەشیر گۆڕانكاری لە فەرماندەكانی سوپادا كرد، پلەی بورهانی لە (فەریقی روكن)ەوە بەرزكردەوە بۆ (فەریقی یەكەم)و پۆستی پشكنەری گشتی هێزە چەكدارەكانی پێدا، دوو مانگ دواترو لە نیساندا، بورهان پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی سەربازی لە شوێنی وەزیری بەرگری وەرگرت. ئۆكتۆبەری 2021، فەریق عەبدولفەتاح بورهان سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی، ئەنجومەنی سەروەری "سیادە"و ئەنجومەنی وەزیرانی هەڵوەشاندەوە، باری نائاسایی لە سودان راگەیاند، كاركردنی بە ماددەكانی بەڵگەنامەی دەستوریی راگرت. ئەمە دوای چەند كاتژمێرێك هات لە دەستگیركردنی چەند وەزیرو بەرپرسێك لەنێویاندا (عەبدوڵا حەمەدۆك)ی سەرۆك وەزیران، هەندێك لە هاوڕێكانی وا وەسفی عەبدولفەتاح بورهان دەكەن كە پیاوێكی میانڕەو سەربازێكی پابەندە دوور لە لایەنداری بۆ هیچ رێكخراوێكی سیاسی. ریشەی بورهان دەگەڕێتەوە بۆ ویلایەتی (نەهری نیل) لە باكوری خرتومی پایتەخت، لەساڵی 1960 لە گوندی (قندقتو) لە خێزانێكی ئاینیی شوێنكەوتەی تەریقەتی (خەتمیە) لەدایكبووە، خەتمیە یەكێكە لە تەریقەتە سۆفیگەرییە گەورەكانی سودان. سەرچاوەكان: - یۆرۆنیوز - بی بی سی
راثؤرتي: روونبيين بەپێی ئەو ئامارانەی لە بەردەستی روونبینە، کڕیارانی نەوتی عێراق لە باشورەوە و لە رێی کەنداوی عەرەبییەوە لە نێوان ١ی نیسان تا ١٥ نیسانی ٢٠٢٣دا بڕی ٥٨.٨ ملیۆن بەرمیل نەوتیان بارکردووە. کە بەتێکڕا رۆژانە ٣.٤٢ ملیۆن بەرمیل دەکات لەو ماوەیەدا. چین لە پێشەنگی کڕیارانی نەوتی عێراق دێت ١٦.٨ملیۆن بەرمیلی بارکردووەکە دەکاتە رێژەی ٣٠.٧٥٪ ، وهیندستان لەپلەی دووەم دێت بە ١٢.٧ ملیۆن بەرمیل بەرێژەی ٢٣.٢١٪ و بڕی٨.٧ ملیۆن بەرمیل کە رێژەی ١٦٪ ـەیە تا ئێستا ئاراستەکەی دیارنییە بۆ کوێ دەچێت. میسر لە پلەی چوارەم و تورکیا لەپلەی پێنجەمی کڕیارانی نیوەی یەکەمی مانگی نیسانی عێراقن. بەپێی بەدواداچوون و چاودێرییەکانی روونبین، لەگەڵ راگرتنی هەناردە لە ٢٥ی ئازاری رابوردوو لەرێی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، ئاستی هەناردە لە باشورەوە زیادی کردووە و لەو رێگەیەوە وەزارەتی نەوت تا ئێستا توانیویەتی بۆشایی وەستانی هەناردەی باکور و هەرێمی کوردستان پڕبکاتەوە.
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) (١-٢) چەمکی «ئابوریی سەربەخۆ»، یان «سەربەخۆیی ئابووریی»، یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکانی ناو فیکری دوای کۆلۆنیالیزم، ئەوەی بە ئینگلیزیی پێیدەگوترێت پۆست کۆلۆنیالیزم. «سەربەخۆیی ئابوریی» هێما بۆ دۆخی دوای «سەربەخۆیی سیاسیی» دەکات. بزوتنەوە دژە کۆلۆنیالیزمیەکان، لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە، پێ لەسەر ئەو دیدەگایە دادەگرێت کە بۆ ڕزگاربوون و سەربەخۆبوونی تەواوەتی، بە تەنها «سەربەخۆبوونی سیاسیی» وڵاتە داگیرکاوەکان بەس نییە، بەڵکو پێویستە سەربەخۆبوونی ئابوریش دەستەبەربکرێت. کۆلۆنیالیزم دەشێت لە دەرگای سیاسەتەوە بکرێتە دەرەوە، بەڵام دەتوانێت لە پەنجەرەی ئابورییەوە بگەڕێتەوە. بۆیە سەربەخۆبوونی سیاسیی بەبێ سەربەخۆبوونی ئابوریی مانایەکی ئەوتۆی نابێت، یان لە باشترین دۆخدا سەربەخۆییەکی لاوازو پەراوێزییە. خۆرزگارکردن لە فۆرمە تازەکانی کۆلۆنیالیزم، ئەوەی پێیدەگوترێت نیو-کۆلۆنیالیزم، پێویستییەکی حەیاتیی، بە سەربەخۆبوونی ئابوریی، هەیە. بەڵام لە پەیوەندیی نێوان سەربەخۆیی سیاسیی و سەربەخۆیی ئابورییدا بەردەوام ریزبەندییەک هەبووەو هەیە. لەم ریزبەندیەدا سەربەخۆیی سیاسیی دەکەوێتە پێش سەربەخۆیی ئابورییەوە، ھەنگاوی یەکەمی سەربەخۆبوون بە سەربەخۆبوونی سیاسیی دەستپێدەکات، دوای بەدەستهێنانی ئەم سەربەخۆییە، هەنگاوی دووهەم، هەنگاوی سەربەخۆبوونی ئابوریی، دەستپێدەکات. واتە سەرەتا دەوڵەتێکی سەربەخۆو رزگاربوو لە کۆلۆنیالیزم لەڕووی سیاسییەوە دێتەکایەوە، دوای ئەوە ئەو دەوڵەتە سەربەخۆبوونی ئابوریی دەستەبەردەکات. هەرچی ئابوریی سەربەخۆیە، مانای پشتبەستن بە خود خۆی لەرووی ئابورییەوە، دروستکردنی سیستمێکی ئابوریی کە بڕو رادەی سەربەخۆبوونی کۆمەڵگاکە گەورەترو بەهێزتر بکار. ئەمەش مانای ئەوەی بەبێ سەربەخۆبوونی سیاسیی ناتوانیت سەربەخۆبوونی ئابوریت ھەبێت و سەربەخۆیی سیاسیی پێشمەرجیی سەربەخۆبوونی ئابورییە. سەربەخۆیی ئابوریی دەتوانێت سەربەخۆیی سیاسیی بەھێزترو پایەدارتر بکات، بەڵام بەبێ سەربەخۆیی سیاسیی ناتوانرێت قسە لە سەربەخۆیی ئابوریی بکرێت. ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە لە هەرێمدا رووئەدات پێشێلکردنێکی تەواوە ئەو هاوکێشە تیوریی و سیاسیەی سەرەوەیە. حوکمڕانانی هەرێم بەبێ بوون و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی سیاسیی راستەقینە، باس و خواسی سەربەخۆیی ئابورییان هێنایەکایەوە. ئەوان کە بەشێکبوون لە دەوڵەتی عێراق و لە سەروەری ئەو دەوڵەتە، بەدحاڵیبوونێکی گەورەیە باس لە سەربەخۆبوونی ئابوریی لەو وڵاتە بکەیت و دەست بۆ فرۆشتنی سەربەخۆی یەکێک لە سەرچاوە هەرە گرنگ و هەیاتییەکانی ئابوریی و بژێوی ملیۆنان مرۆڤی ئەو وڵاتە ببەیت، بەبێ لانیکەمی ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا. سەرەتا لە ساڵی ٢٠٠٧ دا پەرلەمانی کوردستان یاسای نەوت و گازی پەسەندکرد، دواتر حکومەتی ھەرێم دەستی بە ئیمزاکردنی گرێبەستی نەوتیی لەگەڵ چەندان کۆمپانیادا، کرد. ٧ ساڵ دواتریش، واتە لە ساڵی ٢٠١٤دا، جاڕی تەواوەتی ئابوریی سەربەخۆیان دا کە خۆی لە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم و دەستگرتن بەسەر داهاتەکەیدا بینیەوە. ئەم سیاسەتە تایبەتە، لە سەرێکەوە بووە هۆی بڕینی بەشە بودجەی ھەرێم لەلایەن حکومەتەکەی مالیکییەوەو بەمەش دروستکردنی هاوکێشەیەکی سیاسیی لاسەنگ لەنێوان هەرێم و بەغدادا کە مەسەلەی شکاندنەوەی بە قازانجی بەغداو لاوازبوونی سیاسییانەی هەرێم، تەنها مەسەلەی کات بوو. لە سەرێکی دیکەوە ئابوریی نەوت لە هەرێمدا بە کردەوە تەسلیم بە ئیرادەی تورکیا کراو و هەرێم خۆیشی بوو بە شوێنی نفوزیی راستەوخۆی دەوڵەتی تورکیا. بە زۆر مانا «گرێبەستی پەنجا ساڵ»ەی نەوت لەگەڵ ئەو دەوڵەتەدا، مانای تەسلیمبوونی سیاسییانەی هەرێم بە تورکیا بۆ پەنجا ساڵ، یان لە باشترین حاڵەتدا کەوتنە ژێر رەحمەتی تورکیاوە، بۆ ماوەی پەنجا ساڵ. بەمەش ئەم «ئابورییە سەربەخۆیە» کۆتایی بە هەموو فۆرمەکانی سەربەخۆبوون لە پەیوەندیی نێوان هەرێم و تورکیادا هێنا، هاوکات بەغداشی کردە رکابەرێکی گەورەی هەرێم کە دەیان جار لە هەرێم بەهێزترو دەسەڵاتدارترە. ئێستا، نزیکەی دە ساڵێک دوای ئەم سیاسەتە بیرلێنەکراوانەو ئەم هەڵە ستراتیژیانەوە، کۆمەڵگای ئێمە لەبەردەم دەرەنجامە وێرانکەرەکانی ئەو بەدحاڵیبوون و نابەرپرسیارێتییە گەورەیەی «ئابوری سەربەخۆ»دایە. دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس ئەو «سەربەخۆبوونە ساختە»یەی لە هەرێم سەندەوەو لەزۆر رووەوە هەرێمی بۆ قۆناغی «حوکمی زاتیی»ەیەکەی سەردەمی سەدام حوسەین گەڕاندەوە. بەڵام بە چ مانایەک بڕیاری «سەربەخۆیی ئابوریی» بڕیارێکی تەواو هەڵهو نابەپرسیار بوو؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە با سەیرێکی ئە ژمارەو ئامارانە بکەین کە (درەو میدیا) لە دواهەمین بەرهەمی چاپکراوی خۆیاندا، کە کارێکی بنکۆڵکاریی هێجگار گرنگە، بەناوی «بارگرانی و لێکەوتەکانی ئابوری سەربەخۆ» خستویانەتە بەرچاوی هەموومان. بەر لە هەمووشتێک ئەو بودجەیەی لە بەغداوە دەهات بۆ هەرێم بودجەیەکی دیاربوو، خەڵک دەیزانی چەندە پارە هاتۆتە هەرێمەکەوە، داهات و خەرجیش چەندبوون. هۆکارەکەشی ئەوەبوو لە بەغدا «یاسای بودجەی گشتیی» هەبو و پیادەش دەکرا، بەڵام لەدوای راگەیاندندی ئابوریی سەربەخۆوە لە هەرێم لە ساڵی ٢٠١٤ دا، یاسای بودجەی هەرێم بوونی نەبووەو بەمەش داھات و خەرجیی هەرێم بە درێژایی ئەو ماوەیە تا ئەمڕۆکە، لە دەرەوەی هەر چاودێریی و لێپرسینەوەیەکدا بووە. بە مانایەکی دیکە پێش ئابوری سەربەخۆ لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٣ بودجەی ھەرێم دیاربووەو بەپێی یاسا ڕێکخراوە، بەڵام لەدوای ئەو ماوهیەوە بودجەی هەرێم تەواو لە تاریکیدا بووە. ئەم تاریکییەش تاریکییەکی مەبەستدارەو حوکمڕانانی هەرێم دروستکەرو پارێزەری بوون. هۆکارەکەشی ئەوەیە تەنها لەناو تاریکییەکی لەو شێوەیەدا دەکرێت ئابوریی نەوت وا بەکاربهێنرێت کە کەسانێکی بێهونەرو نابەرپرسیار لە ماوەیەکی کەمدا ببن بە ملیۆنێرو ملیاردلێرە گەورەکانی وڵاتەکە. لە ماوەی دە ساڵی یەکەمی دوای روخانی رژێمەکەی بەعس لە عێراقدا، واتە لە ساڵی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٤ نزیکەی ٧٥ ملیار دۆلار پارە وەک بودجەی هەرێم لە بەغداوە بۆ هەرێم ھاتوە. لەدوای ٢٠١٤یشەوە، ئەو بودجەیەی هەرێم کە دەبوایە لە بەغداوە بێت، گەر هەرێم سەربەخۆیانە نەوتی نەفرۆشتایە، زیاد لە ٩٧ ترلیۆن دیناربووە، بەڵام بەغدا بەهۆی نەوتفرۆشتنەوە تەنها نزیكهی 16 تریلیۆنێکی بۆ هەرێم ناردوە. واتە بەغدا بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە بەسەربەخۆیی زیاد لە ٨١ تریلیۆن دیناریی لە هەرێم بڕیوە، کە دەکاتە دەوروبەری ٦٧ ملیار دۆلار. حکومەتی هەرێم خۆی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە کە ساڵی ئابورییە سەربەخۆکەیەتی، تا ساڵی ٢٠٢١، کە دەکاتە نزیکەی هەشت ساڵ تەنها بری ٢٥ ملیار دۆلارێکی لە فرۆشی نەوت، دەستکەوتوە. بەم مانایە ئەگەر حکومەتی هەرێم نەوتی نەفرۆشتایەو بودجەکە لە بەغداوە بهاتایە، بڕی ئەو پارەیەی کە دەهاتە هەرێمەوە نزیکەی ٣٥ ملیار دۆلار زیاتردەبوو لەوەی کە حکومەتی هەرێم خۆی لەڕێگای فرۆستنی نەوتەوە، پەیدایکراوە. لەم ئاستەدا نەوتفرۆشتنی سەربەخۆ لەلایەن هەرێمەوە زیانی ٣٥ ملیار دۆلاری لە هەرێم داوە. بەڵام ئەمە هەموو زیانەکان و هەموو کارەساتە ئابورییەکەی «ئابورییە سەربەخۆ»ەکەی هەرێم نییە، لەپاڵ ئەمەدا نەوتفرۆشیی وایکردوە هەرێم تووشی قەرزێکی گەورە ببێت. قەرزێک گەر بودجەکە لە بەغداوە بهاتەیەو هەرێم خۆی نەوتی نەفرۆشتایە، تووشی نەدەبوو. ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان لە دیداری (میری) ساڵی ٢٠١٦دا رایگەیاند "هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢٠، بیست، ملیار دۆلار قەرزارە» بەڵام لهكۆتایی كابینهی ههشتهمی حكومهتدا بڕی ئهم قهرزه گهیشته 27 ملیار دۆلارو بڕی قەرزەكان لە ئێستادا ٣١ ملیار دۆلای تێپەڕاندوە. تەنها لە دوو ساڵی تەمەنی كابینەکەی مەسرور بارزانی دا، قەبارەی قەرزەكان بەبڕی ٤ ملیارو ٨٨ ملیۆن دۆلار زیادی كردووە. بە کورتییەکەی فرۆشتنی «سەربەخۆی» نەوت وایکردوە بڕی ئەو پارەیەی کە حکومەتی هەرێم دەستیکەوتوە لەماوەی ٨ ساڵدا نزیکەی ٣٠ بۆ ٣٥ ملیار دۆلار کەمتربێت لەو پارەیەی دەکرا لە بەغداوە بۆ هەرێم بێت، گەر حوکمرانانی هەرێم نەوتەکەیان نەفرۆشتایە. دووهەم جگە لەم زیانە ئابورییە گەورەیە فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆیی زیانێکی گەورەی تری لە هەرێم داوە کە بریتییە لە چوونە ژێر باری قەرزارییەکی ترسناکەوە کە برەکەی ٣١ ملیار دۆلارە. بەم مانایە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بۆ ئێستا سیاسەتی فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیی زیاد لە ٦٠ ملیار دۆلار زیانی بە هەرێم گەیاندوە.
درەو: ئەمڕۆ (ژیار ئەكرەم كەریم)، وەك بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی هەڵەبجە دەستبەكاربوو، بەمەش هەڵەبجە یەكێكە لەو شارانەی كوردستان كە ژنان زۆرترین پۆستی باڵای حكومەتیان بەدەستەوەیە ئێستا ژنان حكومەتی خۆجێی هەڵەبجە بەڕێوە دەبەن. . ئەو ژنانەی تا ئێستا لە پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجەدان: 🔹نوخشە ناسیح قائیمقامی قەزای ناوەندی هەڵەبجە 🔹ئەندازیار خێلان عەبدولڕەحمان وەك بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەكانی لە پارێزگای هەڵەبجە 🔹ژیار ئەكرەم كەریم بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی هەڵەبجە 🔹چیا قاسم پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ھەڵەبجە 🔹مەهاباد کامل عەبدوڵڵا سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە 🔹دكتۆرە شاناز نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی كوێستان ئەكرەم سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە ( لە چەند مانگی رابردوودا دەستیلەكاركێشایەوە)
راپۆرت: درەو هێشتا حكومەتی فیدراڵ بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی نەبڕیبوو، پەرلەمانی كوردستان بە یاسایەك دەسەڵاتی ئەوەی بە حكومەت بەخشی نەوت هەناردەی دەرەوە بكات، ئەمە بناغەی جێبەجێكردنی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆبوو، ئەوكات ئاشتی هەورامی دەیوت" ئەم موجازەفەیە باشترە لەوەی بخنكێمو بوەستم بۆ رەحمەتی بەغداد"، پارتیو یەكێتیی پێكەوە یاساكەیان ئامادە كرد، بزوتنەوەی گۆڕان ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز بوو، بەڵام دژی یاساكە نەوەستایەوەو ئاشكراكردنی گرێبەستو شیرینییەكانی نەوتی كردبوو بە مەرج بۆ رێگەدان بە جێبەجێكردنی "سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ"، ئێستا 10 ساڵ بەسەر دەرچوونی ئەو یاسایەدا تێدەپەڕێت، حكومەتی هەرێم ناچار بووە نەوت رادەستی بەغداد بكاتو چاوەڕێیە بەغداد بودجەكەی جارانی پێ بداتەوە، وردەكاری زیاتر لەبارەی بناغەی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ لەم راپۆرتەدا. ئامادەكاری بۆ سیاسەتێكی نوێ كۆتاییەكانی مانگی نیسانی 2013، پەرلەمانی كوردستان دەستیكرد بە خوێندنەوەی پرۆژەیاسای (دیاریكردنو وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق، لە داهاتەكانی فیدراڵ). ئامانجی سەرەكی ئەم پرۆژەیاسایە، پەسەندكردنی سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ"و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بوو بۆ دەرەوە لەرێگای توركیاوە، حكومەت لەوكاتەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكردو جێگرەكەشی لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو (عیماد ئەحمەد). ئەوكاتەی پەرلەمانی كوردستان ئەم پرۆژەیاسایەی پەسەندكرد، هێشتا حكومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی نەبڕیبوو، بەڵام قسەوباسی بەرپرسانی هەرێم لەبارەی ئەوەی ئاستی هەناردەی نەوت رۆژانە بۆ (یەك ملیۆن) بەرمیل بەرزدەكەنەوە، هەروەها دەستپێكردنی پرۆژەی دروستكردنی بۆری نەوتی كوردستان، دەسەڵاتدارانی بەغدادی نیگەران كردبوو، ئەمە وایكرد، حكومەتی فیدراڵ لە پرۆژەیاسای بودجەی 2014دا لەبەرامبەر پێدانی شایستە داراییەكانی هەرێمدا، داوای رادەستكردنی داهاتی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بكات، بەهۆی ناكۆكی نێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ لەبارەی ئەم بڕگەی پرۆژەكەوەو دواتر سەرهەڵدانی شەڕی "داعش"، یاسای بودجەی 2014ی پەكیكەوتو عێراق لەو ساڵەدا یاسای بودجەی نەبوو. نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، لەكۆتاییەكانی ولایەتی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا واتە لە سەرەتاكانی ساڵی 2014دا ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی لە بودجەی گشتی عێراق راگرت، بەڵام پەرلەمانی كوردستان بەر لەمەو لە كۆتاییەكانی نیسانی 2013وە دەستی حكومەتی هەرێمی كردەوە بۆ ئەوەی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ پەیڕەو بكاتو نەوت بەشێوەی سەربەخۆو بەبێ رەزامەندی بەغداد، هەناردەی دەرەوە بكات. ئابوری سەربەخۆ بەگوێرەی یاسا خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 2009 بۆ 2013 بەردەوام بوو، سەرۆكایەتیەكانی پەرلەمان و حكومەت دووساڵ بەدووساڵاَ دابەشكرابوو لە نێوان یەكێتی و پارتیدا، دووساڵی كۆتایی ئەرسەلان بایز لە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان سەرۆكایەتی دەكرد، لەم خولەدا پارتیو یەكێتیی پێكەوە فراكسیۆنێكی هاوبەشیان هەبوو، لە كۆی (111) كورسی پەرلەمان (59) كورسیان هەبوو، سەرۆكی فراكسیۆنە هاوبەشەكەی پارتیو یەكێتیی (سۆزان شەهاب) بوو لە یەكێتیی، لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان وەكو فراكسیۆنێكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن (25) كورسی هەبوو، گۆڕان كە یەكەم ئەزمونی كاركردنی بوو لە پەرلەمان، هێندە سەرەنجی لەسەر ئاشكراكردنی گرێبەستو داهاتی نەوت بوو، هێندە بایەخی بۆ لێكەوتەكانی پرۆسەی هەناردەی نەوت بەبێ رەزامەندی بەغداد نەبوو. رۆژی 16ی نیسانی 2013 ئەم پەرلەمانە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژە یاسای (دیاریكردنو وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق لە داهاتی فیدراڵ) كرد، دوای تەنیا (7) رۆژ لە خوێندنەوەی یەكەم، لە رۆژی 23ی نیسانی 2013دا پەرلەمان پرۆژەكەی بەشێوەیەكی بەپەلە، پەسەندكرد، ئەم یاسایە بوو بە بنەما بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ" لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە. ئەم پرۆژەیاسایە كە بە هاوبەشی لەلایەن پارتیو یەكێتییەوە ئامادە كرابوو، دوای پەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، لە رۆژی 5ی ئایاری 2013دا لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستانەوە ئیمزای لەسەر كراو كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە. یاساكە بەگشتیی لە (11) ماددە پێكهاتووە، ئەم یاسایە، ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوكاتی پابەندكردووە بەوەی: • پاش دیاریكردنو خەمڵاندنی مافە داراییەكانی هەرێم، داوا لە حكومەتی فیدراڵی بكات، بەپێی یاسا شایستە داراییە خەمڵێندراوەكانی هەرێم بداتەوە، ئەمەش لە ماوەی (90) رۆژدا لە رێككەوتنی پێڕاگەیاندنی داواكارییەكەوە. • لە حاڵەتی ئاگاداركردنەوەی حكومەتی هەرێم لەلایەن حكومەتی ئیتیحادییەوە بە ئامادەبوونی بۆ دانوستان دەربارەی شایستەكانی هەرێم، لەماوەی (30) رۆژ لە رێكەوتی وەرگرتنی داواكارییەكەی هەرێم یان بەسەرچوونی (90) رۆژ بەسەر رێكەوتی دەستپێكردنی دانوستان بەبێ گەیشتن بە پێكهاتنێك لەنێوان هەردوولا یان رەتكردنەوەی داواكارییەكانی هەرێم بەشێوەیەكی نائاشكرا یان ئاشكرا یان بێدەنگبوون لە ئاستیەوە، ئەوا پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم ئەو رێكارانەی بە گونجاویان دەبینێت بەپێی حوكمەكانی ئەم یاسایە بۆ وەرگرتنی مافە داراییەكانی خۆی بگرێتەبەر، لەنێویشیاندا بەرهەمهێنانو هەناردەكردنو فرۆشتنی نەوتی خاو و گاز بۆ پڕكردنەوەی سەرجەم ئەو بەركەوتانە كەوا حكومەتی ئیتیحادی خۆی دەگرێت لە دانەوەیان. دیارترین ئەو مافە داراییانەی كە ئەم یاسایە لەسەر حكومەتی فیدراڵی چەسپاندووە بیداتەوە بە هەرێمی كوردستان ئەمانەن: • هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا لەو كێڵگانەی ئێستا بەرهەمهێنانیان تێدا دەكرێت، بەشداری كرداریی هەبێت لە پرۆسەی (بەبازاڕكردنی نەوتو گازی بەرهەمهێنراو)، لەو كێڵگانەشی كە لەداهاتوودا بەرهەمهێنانیان تێدا دەكرێت، دەسەڵاتی تاقانە (حصری) بۆ هەرێم بێت لەنێویشیاندا دەسەڵاتی (بەبازاڕكردنی نەوتو گاز). • پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی عێراق رێژەی 17% بێت، تا ئەوكاتەی سەرژمێری گشتی لەعێراق بەڕێوەدەچێت. • پێدانی پشكی پارێزگاكانی هەرێم لە پترۆدۆلارو قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی سیاسەتەكان ی رژێمی پێشووی عێراقەوە بەر كوردستان كەوتوون. ئابوری سەربەخۆ بەپێی پرۆتۆكۆڵ كاتژمێر (10)ی پێشنیوەڕۆی رۆژی 23/4/2013، پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی ژمارەی (10)ی خۆی بەڕێوەبرد، تەوەری یەكەمی دانیشتنەكە (خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی پرۆژەیاسای دیاریكردنو وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق لە داهاتی فیدراڵ) بوو. بۆ ئەم دانیشتنە هەریەكە لە (بایز تاڵەبانی) وەزیری دارایی لە پشكی یەكێتیی، (ئاشتی هەورامی) وەزیری سامانە سروشتییەكان لە پشكی پارتیو وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان بانگهێشت كرابوون. بەگوێرەی ئەوەی لە پرۆتۆكۆڵی ئەم دانیشتنەی پەرلەماندا تۆماركراوە، كاردۆ محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وەكو بەهێزترین فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆنی ئەوكاتی ناو پەرلەمان، لەبارەی پرۆژەیاساكەوە قسەی كردووە، پرۆژەكەی بەتەواوەتی رەتنەكردوەتەوە، بەڵام دوو تێبینی تۆماركردووە كە ئەمانەن: • بۆ ئەو پرۆژە یاسایانەی كە پەیوەندی بە نەوتو كۆمپانیاكانو داهاتی نەوتەوە هەیە نایهێننە موناقەشە؟ پرۆژە یاسایەك كە 16ی مانگ خوێندراوەتەوە هێشتا لیژنەكە دوێنێ بەدەستی گەیشتیە بەو پەلەپەلە دەیهێنن دەیخوێننەوە، ئەمە بەو مانایە نیە ئەمە پێچەوانەی ئەوە بین كە یاسایەك هەبێ بەپێی دەستور دیفاع لە مافە داراییەكانو دەستورییەكانی هەرێم بكات.. • لە هەرێمی كوردستان تا چەند ئەو داهاتانە شەفاف دەبێ بەتایبەتی داهاتی نەوت، ئەوە بەڕێزان لێرە دانیشتوون، وەزارەتی داراییو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەبێ ئەم مەسەلەی پرۆژەی نەوتە یەكلایی بكەنەوە، ئینجا دوایی قسە لەسەر ئەو یاسایە بكەین بۆ ئەوەی بتوانین پارێزگاری لە مافە دەستوریو داراییەكانی خۆمان بكەین. سۆزان شەهاب سەرۆكی فراكسیۆنی هاوبەشی پارتیو یەكێتیی دەست بەرزدەكاتەوەو وەڵامی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەداتەوە، بەرگری لەوە دەكات بەشێوەی بەپەلە، پرۆژەیاساكە تێپەڕێندرێتو بە یاسایەكی گرنگ ناوی دەبات. هەردوو پەرلەمانتار (ناسك تۆفیق) لە فراكسیۆنی یەكگرتوو هەروەها (كوێستان محەمەد) لە فراكسیۆنی گۆڕان داوا لە ئەرسەلان بایز سەرۆكی پەرلەمان دەكەن، پەسەندكردنی پرۆژەیاساكە دوابخرێت بۆ هەفتەی داهاتوو بۆ ئەوەی زیاتر دیراسە بكرێت. ئەرسەلان بایز داواكاری دواخستنی پەسەندكردنی یاساكە دەخاتە دەنگدانەوە، تەنیا (19) كەس پشتیوانی دواخستنی یاساكە دەكەن لەكاتێكدا تەنیا فراكسیۆنی گۆڕان خۆی (25) كورسی هەیە، ئەمە جگە لە كورسییەكانی یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامییو لایەنەكانی تری دەرەوەی پارتیو یەكێتیی. لەسەر بنەمای دەنگدانەكە، سەرۆكی پەرلەمان درێژە دەدات بە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژە یاساكە، دوای خوێندنەوەی بڕگەی یەكەم، وتەی پەرلەمانتاران وەردەگرێت: • سەرهەنگ فەرەج لە فراكسیۆنی گۆڕان: بە بڕوای من ئەم یاسایە بۆ فرۆشتنی نەوتە لەرێگای توركیاو هیچ مەبەستێكی تر نییە. • عەبدولسەلام مستەفا كە پارتییەو لە (لیستی كوردستان)ی پارتیو یەكێتییە وەڵامی دەداتەوە: هاوڕێم هانی دام جارێكی تر یاساكە بخوێنمەوە، وشەی توركیام لەناو یاساكەدا نەدۆزییەوە، ئەگەر دۆزیتەوە پیشانم بدە. لێرەدا مشتومڕ لەنێوان پەرلەمانتاران دروستبوو، لەم كاتەدا ئەرسەلان بایز سەرۆكی پەرلەمان چوەتە دەرەوەو (حەسەن محەمەد سورە) جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئیدارەی دانیشتنەكە دەدات كە سەربە پارتییە. سورە داوا لە پەرلەمانتاران دەكات وەختێ قسە دەكەن روو لە سەرۆكایەتی بكەنو بۆیان نییە لەكاتی قسەكردندا روو لە یەكتری بكەن. • حەمە سەعید حەمە عەلی لە لیستی یەكگرتوو (لیستی هاوبەشی یەكگرتوو كۆمەڵ ناوی لیستی خزمەتگوزاریو چاكسازییە): ئایا ئەم یاسایە بەهێزە یان دەستوری عێراق، لە دەستوری عێراقدا تەئكید لەوە كراوە دەبێت حكومەتی فیدراڵ شایستەكانی هەرێمی كوردستان بدات، كەواتە ئەم یاسایە نەشبێت ئێمە دەتوانین بەپێی دەستور داوای موستەحەقاتی خۆمان بكەین، دەبێت لێپرسینەوە لە حكومەت بكەین بۆچی لە ساڵانی رابردوودا بەپێی دەستور داوای موستەحەقاتەكانی نەكردووە.. ئایا شەفافیەت لە داهاتی نەوتدا هەیە ؟ كوا؟ • ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان وەڵامی دەداتەوە: ئەم یاسایە بۆ شەفافیەت نییە، بۆ ئیستیحسالی مافی خۆمانە كە لە دەستوردا هاتووە، ئێمە ئامادەین هەرچی داواكاری پەرلەمان هەیەتی لە داهاتی نەوتو شیرینییەكان بێین لێرە هەمووی خاڵ بە خاڵ بڵێین، هیچمان نەشاردوەتەوە، شەفافیەت لە كوردستان لە هەموو شوێنەكانی تری عالەم بەرزترە بەتایبەتی عێراق.. • كاردۆ محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەستی بەرزكردەوە، حەسەن سورە جێگری سەرۆكی پەرلەمان رێگای پێدا قسە بكات، ئەو وتی: ئێمە پێشنیاز دەكەین 20 خولەك كاتمان بدەنێ وەكو فراكسیۆن بۆ كۆبونەوە، بۆ ئەوەی نەچینە ناو دەنگدانو توشی ئیشكاڵاتی ئێوە بین، حەقی خۆمانە. • حەسەن سورە: بەس خراپە دەنگدان، تەصویت لەسەر ئەو ماددەیە دەكەین، ماددەیەكی تەعریفییە، نیو سەعات كۆبونەوەكە تەئجیل دەكەین. دوای پشووەكە، ئەرسەلان بایز گەڕایەوە ناو هۆڵی پەرلەمان بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتنەكە، ماددەی یەكەمی خستە دەنگدانو بە زۆرینەی دەنگی (60) پەرلەمانتار پەسەند كرا. پاشان داوای كرد ماددەی دووەمی یاساكە بخوێندرێتەوە، خوێندرایەوە، پاشان سەرۆكی پەرلەمان وتەی پەرلەمانتارانی وەرگرت. ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان بەشدارن لە گفتوگۆكاندا، جەخت لەسەر شەفافیەتی داهاتی نەوت دەكەن، بەڵام تێبینی خۆیان لەسەر یاساكە دەدەنو یەكێكیان (نەریمان عەبدوڵا) دەڵێ:" حكومەتی فیدراڵی هەمیشە فێڵی لە حكومەتی هەرێم كردووە، بۆیە من پشتیوانی ئەم ماددەیە دەكەم". • ناسك تۆفیق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو: من بەپەلە ئێستا نیو سەعاتێك سەیرێكم كرد، تەنیا لە یەك ماددە شتێكی تێدایە دەڵێ ئەگەر حكومەت (مەبەستی حكومەتی فیدراڵە) ئیلتیزامی نەكرد بە دەفعی مالییەكانی خۆی، ئێمە بۆمان هەیە پڕكردنەوەی ئەو كەموكورتیانە بكەین بە هەر رێگەو شوێنێك كە حكومەتی هەرێم پێی باشە. ئایا ئەمە دەگونجێ لەگەڵ دەستوردا؟ ئایا ئەمە كێشەمان بۆ دروست ناكات؟ • سالار مەحمود لە فراكسیۆنی یەكێتیی: دەبوو حكومەت بۆ ئەم شەڕەی خۆی زوتر پەرلەمانی هاوبەش بكردایە..حكومەتی ئیتیحادی كۆمەڵێك رێوشوێنی نێودەوڵەتی گرتوەتەبەر بۆ بردنەوەی ئەم شەڕە ئابوریو سیاسییە.. • عەونی كەمال بەزاز لە فراكسیۆنی یەكێتیی: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بودجەی حكومەتی عێراقی لە ساڵانی 2007 تا ئەمڕۆ ئەو مافانەی لەوێ تەسبیت كراوە، بەپێی ئەم قانونە دەتوانین وەریبگرینەوە. • كوێستان محەمەدو نەریمان عەبدوڵا لە فراكسیۆنی گۆڕان داوا دەكەن شایستەی پێشمەرگە لەناو یاساكەدا بچەسپێندرێت بۆ ئەوەی حكومەتی فیدراڵ بیدات. ماددەی دووەمیش خرایە دەنگدانو بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كرا، پاشان خوێندنەوە بۆ ماددەی سێیەم دەستی پێكرد. • ناسك تۆفیق لە یەكگرتووی ئیسلامی: كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغداد تائێستا ئەوەیە ئەوان تائێستا یاسای نەوتو غازیان نییە. • ئاشتی هەورامی: سەبەبی جەوهەری ئێمە كە ئەم یاسایە دەردەكەین، بەغداد رەفزی كردووە یاسا دەربكات، خۆی لە دەستوردا دەڵێ مافمان چییە، بەڵام دەڵێ بە یاسا رێكدەخرێت، قانونەكەش ناكاتو مافەكەش وەرناگری، ئێمە هینەكەمان هێناوەتە لای خۆمان بەیاسا داوای حقوقی خۆمان دەكەین. • ئاشتی عەزیز ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان تێبینی هەیە، دەڵێ زۆرێك لە خاڵەكانی ناو ئەم ماددەیە دووبارەكردنەوەیەو دژ بەیەكی تێدایە. • ئاشتی هەورامی وەڵامی دەداتەوە: ئەم یاسایە تەبعەن ئێمە دەتوانین زۆر كورتی بكەینەوە بیكەین بە دوو لاپەڕە، حكومەتی هەرێم نامەیەك بنوسێ بۆ بەغداد لەماوەی (60) رۆژدا ئەمەمان بۆنەكەن، ئێمە نەوتی خۆمان دەفرۆشین، ئەمە هەدەفەكەیە، بەڵام دەبێت ئالیەت دابنێی. ماددەی سێیەمیش خوێندرایەوەو بە تێكڕای دەنگ پەسەند كرا، پاشان خوێندنەوەی ماددەی چوارەم دەستیپێكرد، تێبیییەكان لەسەر ئەم ماددەیە وەرگیرا، بەڵام نەخرایە دەنگدانەوە تا سەرلەنوێ ماددەكە دادەڕێژرێتەوە، تا داڕشتنەوەی ماددەی چوارەم، سەرۆكی پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ ماددەی پێنجەم دەستپێكردو پاشان بە زۆرینەی دەنگ ماددەی چوارەم پەسەندكرا. • دڵشاد حسێن ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان: بەڕێز وەزیری سامانە سروشتییەكان بۆمان روون بكاتەوە، ئەمساڵ تەقریبەت 16 بۆ 17 ترلیۆن دینار لە بەغداد وەرگیراوە، ئێوە لە دەرهێنانو ناردنە دەرەوەی نەوتدا هەرێمی كوردستان ناخەنە ژێر ئەزمەیەكی مالییەوە؟ ئەی ئەگەر بەغداد بوجەكەی بڕی؟ • سۆزان شەهاب سەرۆكی فراكسیۆنی هاوبەشی پارتیو یەكێتیی: ئێمە دەبێت سەربەخۆیی دارایی خۆمان بەدەستبهێنین. • ئاشتی هەورامی: كوردستان لەسەر خەریتەی عالەمی تاقەیە، من دەڵێم ئەم موجازەفەیە باشترە لەوەی بخنكێمو بوەستم بۆ رەحمەتی بەغداد.. ئەگەر ئەم یاسایەمان بەدەست بایە، دوو ساڵ لەمەوپێش من دەمتوانی پارەی پێشمەرگە بدەم، بەپێی یاسایە كە ناتوانین ئینتاج بكەینو نەوت بفرۆشین.. ماددەی تر بە هەمان میكانیزم خرانە دەنگدانو پەسەندكران، كۆتا ماددەی یاساكە كە دەنگدانی لەسەر كرا، تەنیا (12) كەس دژ بوون، ئەرسەلان بایزی سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی پێهێناو لە دوا قسەدا وتی:" ئومێد دەكەین ئەمە ببێتە خێرو بەرەكەت بۆ میللەتەكەمان". بۆ خوێندنەوەی دەقی پرۆتۆكۆڵی دانیشتنەكە كلیك لەسەر ئەم فایلە بكە: https://www.parliament.krd/media/4710/%D9%BE%D8%B1%DB%86%D8%AA%DB%86%D9%83%DB%86%D9%84%DB%8C-%DA%98%D9%85%D8%A7%D8%B1%D9%87-91%DB%8C-%D8%AF%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%B4%D8%AA%D9%86%D9%87-%D9%83%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%B3%D8%A7%DA%B5%DB%8C-2013.pdf?fbclid=IwAR1mYsuMkbb7aviYmv0XEKzrkYZaRrAwBGbrEMvGI_ABIipmjuW3EKlcncA
درەو: لینكی بڵاوكراوەی "بارگرانی و لێكەوتەكانی ئابوری سەربەخۆ" رۆژی (12/4/2023)، دامەزراوەی میدیایی درەو لە چوارچێوەی چالاکییەکانیدا گفتوگۆیەکی بۆ نوسەر و مامۆستای زانکۆ "مەریوان وریا قانع) لە بارەی "بارگرانی و لێکەوتەکانی ئابوری سەربەخۆ" ڕێکخست. هەر لەو چوارچێوەیەدا دامەزراوەی میدیایی درەو پەیپەرێکی (بنکۆڵکاری) دەوڵەمەند بە "داتا و ئامار و گرافیک"ی پاڵپشت بەڵگەو زانیارییە فەرمییەکان بە قەبارەی (86) لاپەڕەی چاپکراو لەبارەی "بارگرانی و لێکەوتەکانی ئابوری سەربەخۆ... لە رووی (یاسایی، دارایی و ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی)یەوە" بڵاوکردەوە. لە چەند گۆشەیەکی پەیپەرەکە کە لە (10) بەش پێکهاتووە، تیشک خراوەتە سەر، بەراوردکردنی دوو قۆناغی پێش و پاش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئابوری لە هەرێمی کوردستان، کاریگەری و لێکەوتەکانی لەسەر هاوڵاتیان بەگشتی، موچەخۆران، سەرمایەداران و وەبەرهێنان، پرۆژەکان و دام دەزگا فەرمیەکانی هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک؛ یەکەم؛ بە درێژایی دوو کابینەی حکومەت و لە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کە لە (١٨ی٦ی٢٠١٤) و کابینەی نۆیەم لە (١٠ی٧ی٢٠١٩) متمانەیان لە پەرلەمان وەرگرتووە شتێک نەبووە بە ناوی یاسای بودجەوە، لەم (10) ساڵەدا بە دوو خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمان نەیانتوانیوە حکومەت ناچار بکەن بە ڕەوانەکردنی یاساکە، بەمەش داهات و خەرجی لەو ماوە درێژەدا کەوتووەتە ژێر پرسیارو دەرەوەی چاودێری پەرلەمانەوە. دووەم؛ لەماوەی 4 ساڵی ( 2016 - 2019) پێکەوە قەبارەی وەبەرهێنان تەنیا بڕی (9) ملیار و (390) ملیۆن و (503) هەزار دۆلار بووە، دەكاتە ڕێژەی 13.57% كۆی گشتی قەبارەی وەبەرهینانی هەرێمی كوردستان. ئەم بڕە هێشتا كەمترە لە قەبارەی وەبەرهێنان لە ساڵی 2013. هاوکات لە دوای ڕاگەیاندنی ئابوری سەربەخۆوە (5) هەزار پڕۆژە وەستاون،(3 هەزار و 500) کارگەی گەورە و بچوک داخراون. زیاتر لە (1000) کۆمپانیا مایەپوج بوون. دەوڵەمەندەکانی کوردستان نزیکەی نیوەیان سەرمایەکانیان لەدەستداوەو کەمبوونەتەوە بۆ (5) ھەزار ملیۆنێر و (13) ملیاردێر لە ھەرێمدا. سێیەم؛ حکومەتی عێراق لە دوای ساڵی (2014)ەوە بە بڕی (81 ترلیۆن و 611 ملیار و 422) ملیۆن دینار بودجەی لە پشکی هەرێمی کوردستان ڕاگرتووە.حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی بڕی (1 ملیار و 103 ملیۆن و 857 هەزار 335) بەرمیل نەوت لە ماوەی (8) ساڵدا هەناردە بکات و بڕی (30 ترلیۆن و 863 ملیار 374 ملیۆن و 220 هەزار 231) دینار _دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان و هەرزانتر فرۆشتنی_ بۆ بمێنێتەوە. ئەو جیاوازییەی لە بەراوردی فرۆشی سەربەخۆی نەوت و بودجەی گشتی عێراق دەکەوێتەوە؛ بریتییە لە (50 ترلیۆن و 748 ملیار و 47 ملیۆن 779 هەزار و 769) دینار بووە. چوارەم؛ بههۆی كورتهێنانه بهردهوامهكان و بهتایبهتیش بههۆی قهیرانهكانی ساڵانی (2014-2017 و2020) ههرێمی كوردستان كهوته ژێر باری قهرزێكی زۆرهوه، کە بەشی زۆری قەرزی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بەدوای ئەویشدا پابەندییە داراییەکان و قەرزی دەرەکی و قەرزی بانکی (تی بی ئای) و قەرزی ناوخۆیین و بڕەکەی زیاترە لە (31 ملیار) دۆلاری ئەمریکی، بەشێکی گەورەی قەرزەکانیش دەگەڕێنەوە پێش کابینەی نویەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. پێنجەم؛ لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2012 داهاتی باج بڕەکەی 128 ملیار دینار بووە، بەڵام ئەو ڕێژەیە بۆ ساڵی (2021) زۆر بەرز دەبێتەوەو بڕەکەی دەگاتە (796) ملیار دینار بە رێژەی (621%) زیادیکردووە. شەشەم؛ کۆی ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچە لە لایەک و ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە لەلایەکی دیکە، بریتی لە؛ (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار پاشەکەوت (لە کابیەی هەشتەم و نۆیەم) و (5 ترلیۆن و 327 ملیار و 115 ملیۆن) دینار ڕاگرتنی بەرزە موچە (لە کابینەی هەشتەم و نۆیەم) = (24 ترلیۆن و 115 ملیار و 112 ملیۆن) دینار. حەوتەم؛ "داهات و خەرجی تاک" لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵی (2021) تێكڕای خەرجی مانگێکی خێزان (ملیۆنێک و 123 هەزار) دینارە، تێكڕای خەرجی مانگێکی تاكەکەس (234 هەزار) دینارە. تێكڕای داهاتی مانگێکی خێزان (842 هەزار و 400) دینارە، تێكڕای داهاتی مانگێکی تاكەکەس (187 هەزار و200) دینارە. بەم پێیەش داهاتی مانگانەی هەر خێزانێک بڕی (280 هەزار و 600) دیناری کەمترە لە خەرجییەکانی، وەک چۆن خەرجی هەر تاکێکیش بڕی (46 هەزار و 800) دیناری زۆرترە لە داهاتی مانگێکی. ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و دابەزینی هێزی کڕین. هەشتەم؛ ئابوری سەربەخۆ دەکرێت وەک هۆکارێکی گرنگ تەماشا بکرێت لە ڕەوینەوەی هاوڵاتیان لە بەشداریکردنیان لە پرۆسەی سیاسیدا. باشتیرن نمونەش ئەوەیە، لە دواین هەڵبژاردن پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (10/10/2021)ی بەڕێوەچووە ئاستی بەشداری هاوڵاتیان لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان نزمترین ئاستی بەشداری تۆمارکرد، بەجۆرێک؛ لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر ڕێژەی بەشداری (46%) تۆمار کرا. لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی ڕێژەی بەشداری بە (37%) تۆمار کرا. لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک ڕێژەی بەشداری (54%) تۆمار کرا. نۆیەم؛ بەپێی توێژینەوەکان هەرچی سەبارەت بە کۆچە، ئامارەکانی حەزکردن بۆ کۆچ. لە پارێزگایەکی وەک سلێمانی ڕێژەی (60%)ی بەشداربووان لەو بڕوایەدان ئەگەر دەرفەت بڕەخسێت، بۆ دەرەوە کۆچ دەکەن؛ لە دهۆک ڕێژەی (30%) و لە هەولێریش (24%) بەشداربووان بیر لە کۆچکردن دەکەنەوە. دەیەم؛ بەپێی داتاکانی ئەنجومەنی دادوەری، ساڵی (2022) بەرزترین ڕێژەی جیابوونەوەی خێزانەکانی تێدا تۆمارکراوە کە ژمارەکەی گەیشتووە بە (13 هەزار و 967) حاڵەت. بەراورد بە ساڵی (2012) رێژەی جیابوونەوە لە (11%)ەوە بەرزبووتەوە بۆ (25%) لەم بارەیەوە. ئەمە سەرەڕای بەردەوامی بەرزبوونەوەی ڕێژەی دانیشتوان لە هەرێم، نەک هەر ڕێژەی هاوسەرگیری زیادی نەکردووە، بە پێچەوانەوە لە سەرجەم ساڵانی (2014 - 2022) هیچ کات ڕێژەی هاوسەرگیری نەگەیشتووە بەو ئامارەی لە ساڵانی (2012 و 2013) تۆمار کراون، کە بەشێکی هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕاوەستانی پێشینەکان بەتایبەتیش (پێشینەی هاوسەرگیری) کە لە ساڵی (2014)ەوە ڕاوەستاوە.