ئۆپۆزیسیۆن و سەرکردەی ھەتاھەتایی

Draw Media

2024-08-17 08:50:42



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

بەرەو ھەڵبژاردن
بەشی چوارھەم


لە بەشی پێشوی ئەم نووسینەدا باسی ئەوەمکرد هەر هێزێک بخوازێت رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن ببینێت، پێویستی بەوەیە هەڵگری شوناسێکی تایبەت بێت. ئەم شوناسە، لەسەرێکەوە، جیایبکاتەوە لە هێزە حوکمڕانەکان و لەسەرێکی دیکەوە، هێما بۆ دیدگا و بەرنامە و پلانە تایبەتەکانی ئەو هێزەبکات. بە کۆمەڵگا بڵێت دەخوازێت چی بگۆڕێت، چ شیکردنەوە و ڕوانینێکی بۆ ئێستا و ئایندەی ئەو کۆمەڵگایە ھەیە. کام جۆر لە سیاسەت و کام جۆر لە حوکمرانیی و چ جۆرێک لە بەڕێوەبردن و کام شێوازی پەیوەندیی لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا و پەیوەندیی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بەیەکەوە، پێشنیار دەکات. کام مۆدێل لە بەڕێوەبردن و لە ماف و لە یاسا دەستەبەردەکات، کە لەھی ھێزە حوکمڕانەکان باشتر و دیموکراسیتر و دادپەروەرتر بن. ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن دەکات بە ئۆپۆزیسیۆن دەستنیشانکردنی مەسەلە و کێشە و تەحەدا سەرەکیی و گرنگەکانی ناو کۆمەڵگاکەیە و دانانی بەرنامەی سیاسییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە. واتە شوناسی ئۆپۆزیسیۆنبوون ھەم ھێما بۆ ھێزێکی جیاواز لە ھێزە حوکمڕانەکان بکات و ھەم هێما بۆ جۆرێکیتر لە سیاسەت و حوکمرانیی و بەڕێوەبردنیش. لە ھەردوو ئاستەکەدا  ئەلتەرناتیڤێکی ڕاستەقینەی ئەو ھێزانەبێت کە لە ئێستادا ھەن و حوکمدەکەن.

ھەروەھا باسم لەوەش کرد کە ئۆپۆزیسیۆن تەنها لەناو سیستمێکی سیاسیدا مانای هەیە کە توانای دەستگۆڕکێکردنی دەسەڵاتی دەستەبەرکردبێت. هەر سیستمێک ئەم ئەگەری دەستگۆڕکێیەی تیادانەبێت، هیچ مانایەک بۆ ئۆپۆزیسیۆن بوون ناهێڵێتەوە. دیموکراسیەت پێویستی بە ھێزی دیموکراس ھەیە، ئەوەی بیەوێت سیستمێکی دیمکراسی دروستبکات، دەبێت خۆی وەک ھێز ھێزێکی دیموکراس بێت. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەو ھێزانەی کە لە ئێستادا رۆڵی ئۆپۆزیسۆن دەبینن، ھەڵگری ئەو ئاکارانەی سەرەوەن یان نا؟ ئایا ئەوان ھەڵگری شوناسێکن نیشانیبدات ھێزی جیاوازن لە حوکمڕانەکان و ھەڵگری دونیابینیی و بەرنامە و جۆرێکیتر لە سیاسەتکردن و حوکمڕانیی، جیاوازن؟ ئایا ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن ھێزگەلێکن باوەڕیان بەدەستگۆڕکێی دەسەڵات ھەیە، لانیکەم ئەم باوەڕە لەناو خودی رێکخراوەکانی خۆیاندا پیادەدەکەن یان تەنھا قسەیەکە و دەیکەن؟
بەشێوەیەکی گشتیی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە بە نەخێرە، نەخێر ئەو ھێزانە لەو ئاستانەدا جیاوازییەکی ئەوتۆیان لە ھێزە حوکمڕانەکان نییە.


 
با لە چەند ئاستێکی گرنگ و لە دیدگایەکی ڕەخنەییەوە لەو ھێزانە بڕوانین. سەرەتا ھێزە ئیسلامییەکان بۆ نموونە.
ئیسلامییەکان، ھەم یەکگرتووی ئیسلامی ھەم کۆمەڵی دادگەریی ھەم بزوتنەوەی ئیسلامی، ھیچ یەکێکیان لەو خاڵانەدا کە لەسەرەوە باسمکرد لە ھێزە حوکمڕانەکان جیاواز نین، یان جیاوازییەکەیان قابیلی باسکردن نییە، تەنھا لەوەدا نەبێت جۆرێک لە پۆپۆلیزمی دینیی بەکاردەھێنن کە ھێزە حوکمڕانەکان وەک ئەوان بەکاریناھێنن.
با سەیرێکی دەستگۆڕکێی دەسەڵات لەناو ئەم ھێزانە خۆیاندا بکەین. ئەم ساڵ تەمەنی یه‌كگرتووی ئیسلامی بوو بە ٣٠ ساڵ، له‌م ٣٠ ساڵەدا یەکگرتوو ٢٦ ساڵە یەک سەرۆکی ھەیە ھە حیزبەکە بە دەسەڵاتێکی ڕەھا و نیمچەڕەھاوە بەڕێوەدەبات. ئەم ھێزە ھەمان ئەو نەخۆشییە سیاسییە ترسناکەی تێدایە، کە لەناو ھێزە حوکمڕانەکانیشدا ھەن. پارتی ئەوەتەی ھەیە حیزبی بنەماڵەیەکە کە لە نزیکەی ھەشتا ساڵی تەمەنیدا باوک و کوڕێک سەرۆکی ئەو حیزبە بوون. یەکێتیش نزیکەی پەنجا ساڵە حیزبە، ئەویش تا ئێستا باوکێک و کوڕەکەی سەرۆکایەتی ئەو حیزبەیان کردوە. سەلاحەدین بەھادینیش ٢٦ ساڵە سەرۆکی یەکگرتووە و دیارنییە کەی دەستگۆڕکێی دەسەڵات لەناو ئەو حیزبەدا جێبەجێدەکرێت.
ھەرچی کۆمەڵی دادگەرییە، کە تا ئایاری ٢٠٢١ ناوکی کۆمەڵی ئیسلامی بوو، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ عەلی باپیر. ئەمیر و سەرۆک و ڕابەریەتی. ماوه‌ی زیاتر له‌ ٢٣ ساڵە ئەم ھێزە ئەم تاقە سەرۆکە بەڕێوەی دەبات و ھیچ ئاسۆیەکیش بۆ دەستگۆرکێی دەسەڵات لە ئێستای ئەو حیزبەدا، لەئارادانییە. بزوتنەوەی ئیسلامیش ھەمان مۆدێلە و حیزبی بنەماڵەیەکە کە دەسەڵات لەناویدا لە باوکەوە بۆ کوڕ دەڕوات. بەمجۆرە ھەموو ھێزە ئیسلامییەکان تا ئەم ساتە ھەڵگری ھەمان ئەو مۆدێلی دەسەڵاتە شەخسیەن کە لەناو پارتی و یەکێتیدا ھەیە و ئیشدەکات.
ھەرچی نەوەی نوێیە، لەم ئاستەدا دۆخی لە ھەموو ھێزەکانی تر خراپترە. نەوەی نوێ نە پارتێکی سیاسییە، نە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیشە، نە ئۆرگانێکی خاوەن کاراکتەری سەربەخۆیە. ئەم ھێزە زیاتر لە کۆمپانیایەک دەچێت کە خاوەنەکەی شاسوار عەبدولواحید و دوای ئەو خوشکەکەیەتی. ئەوانەی لە بزوتنەوەکەشدا کاردەکەن زۆربەیان وەک موچەخۆری شاسوار، کاردەکەن و شاسوار دەتوانێت بە ئاسانی بێموچەیان بکات و لە کۆمپانیاکەی دەریانبکات. لای ئێمە ھەندێک ھەن شاسوار و ترامپ بەیەکتری بەراورد دەکەن، دوو سەرمایەدار کە خەریکی سیاسەتکردنن. بەڵام جیاوازییە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ترامپ لەناو پارتێکی سیایسدا کاردەکات کە کاراکتەرێکی سەربەخۆی ھەیە، پارتەکە ھی ترامپ خۆی نییە. ھاوکات ترامپ لەناو سیستمێکی سیاسیدا کاردەکات کە لێپرسینەوەی سیاسیی و دەستگۆرکێی دەسەڵاتی تێدایە. ھیچ شتێک لەمانە لەناو نەوەی نوێدا بوونی نییە.


ھەرچی لیستەکانی دیکەیە، ھەندێکیان ئەم نەخۆشییە کوشندەیەیان تێدایە، یان لانیکەم ئەگەری تووشبوونیان بەم نەخۆشییە سیاسییە ئەگەرێکی گەورەیە و ھیچشتێکیان نیشانیبدان ئەمانە بەھەمان رێگەدا نارۆن. سەرجەمی ئەم ھێزە ئۆپۆزیسیۆنانە بەو لۆژیکە کاردەکەن کە دەڵێت سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکوەزیران لابەن و شاسوار یان سەلاحەدین بەھادین بخەنە شوێنیان، ئیتر کوردستان دەبێت بە بەھەشت و دیموکراسیەتی تیا بەرقەرار دەبێت. ئەمەش نەک تەنھا خورافەتێکی سیاسیی گەورەیە، بەڵکو نابەرپرسیاریەتێکی سیاسیی کەم وێنەشە.
کێشەیەکی تری ئۆپۆزیسۆن کە ئەمانیش، وەک پارتە حوکمڕانەکان، پەرلەمان وەک دەزگایەکی کەمبایەخ و کەمنرخ دەبینن، وەک تیپی دووھەم و سێھەمی سیاسەتکردن وێنایدەکەن. بۆیە سەرکردەکانیان، بە تایبەتی کەسی یەکەمیان، ئامادەنین ببنە کاندید بچنە ناو پەرلەمانەوە. ئەمانیش وەک پارتی و یەکێتی دەیانەوێت وەک دەسەڵاتێکی تەریب بە دەسەڵاتی پەرلەمان، لە دەرەوەی پەرلەماندا ھەبن و کاربکەن. لە دەرەوەی پەرلەمانەوە دەستنیشانی ئەوەبکەن پەرلەمانتارەکان چی بکەن و چی نەکەن. بەمەش درێژە بەو کەلەپورە دەستەڵاتگەرە بدەن کە سێ دەیەیە لە کوردستاندا ئامادەیە و سیستمە سیاسییەکەی خستۆتە ژێر دەسەڵاتی چەند بازنەیەکی داخراوی دەرەوەی پەرلەمان خۆیەوە.
کێشەیەکی ستراتیژی تری ئەم ھێزە ئۆپۆزسیۆنانە ئەوەیە کە ھەڵگری جیھانبینیی و بەرنامە و پلانێکی کۆنکریت نین بۆ چۆنیەتی دەسکاریکردنی ئەو دۆخەی سێ دەیەیە دروستکراوە. ئەم ھێزانە جگە لە توڕەبوون لە دەسەڵاتداران و بەکارھێنانی زمانێکی بەلاغی بەتاڵ، شتێکی ئەوتۆیان نییە نیشانیبدات ئەمانە بەنیازی چین  و چ جۆرە گۆڕانکارییەک پیادەکەن و سیستمە سیاسیی و حوکمڕانییەکە چۆن دەگۆڕن و چی لە شوێنەکەیدا دروستدەکەن. ئەوان بەجۆرێک کاردەکەن وەک ئەوەی بە کۆمەڵگا بڵێن ئێمە بخەنە شوێنی حوکمڕانەکان ھەموو کێشەکان چارەسەردەکەین، بەبێ بوونی بەرنامە و دیدگایەک نیشانیبدات ھێڵە سەرەکییەکانی ئەم چارەسەرکردنە چییە. بابەتی سەرەکیی ھێزە ئیسلامییەکان باسکردنی ئەخلاق و دادپەروەریی و گەورەیی ئیسلامە و نەوەی نوێش ھەمان ئەو کارانە ئەنجامئەدات کە ھێزە حوکمڕانەکانی ئەنجامیەئەدەن، بۆ نموونە بەنزینخانە دەکاتەوە، بەڵام بە نرخێکی ھەرزانتر بەنزینەکە دەفرۆشێت.
ئەم جۆرە کارانەش وەڵامی تەحەدا سەرەکییەکانی سیستمە سیاسیی و حوکمە خێزانیی و بنەماڵەیی و سوڵتانییەکە نییە. ھەفتەی داھاتوو ئەم خاڵە وردتر دەکەمەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand