گهنێڵ ئەنێرجی تورکی لە نیوەی یەکەمی 2024
2024-08-09 05:46:42
راپۆرتی: درەو
🔻 بەپێی دواین ڕاپۆرتی کۆمپانیای "گهنێڵ ئەنێرجی"ی تورکی بۆ نیوەی یەکەمی (2024)، لە سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتیانەی هەرێمی کوردستان کە کۆمپانیاکە تێدا پشکدارە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەم جۆرە بوە؛
🔹 ئاستی بەرهەمی نەوتی ڕۆژانە لەناوچەی گرێبەستی تاوکێ (78 هەزار و 50) بەرمیل بووە، هەر بەرمیلێک نەوت بە (34 – 37) دۆلار لە ناوخۆدا فرۆشراوەو تێکڕای نرخی نەوتی برێنت (84) دۆلار بووە.
🔹 بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی (تەق تەق و سارتە) بە ڕێژەی (100%) دابەزیوە. هیچ بەرهەمێکیان نەبووە.
🔹 داهاتی کۆمپانیاکە لە شەش مانگی یەکەمی (2024) بڕی (37 ملیۆن و 600 هەزار) دۆلار بووە.
ئاستی بەرهەم لە کێڵگه نهوتییهکانی ههرێمی کوردستان بۆ نیوەی یەکەمی (2024)
رۆژی (6/8/2024) کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی ڕایگەیاند، لەو کێڵگە نەوتییانەی کاری تێدا دەکات نیوەی یەکەمی (2024) تێکڕای ئاستی بەرهەمی کێڵگەی تاوکێ گەیشتووە بە (78 هەزار و 50) بەرمیل نەوتی رۆژانە، بە جۆرێک لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بەرهەمی رۆژانە (76 هەزار و 310) بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، بەڵام لە چارەکی دووەمی (2024) ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە بەرزبووەتەوە بۆ (79 هەزار و 780) بەرمیل نەوتی رۆژانە.
هەروەها کۆمپانیاکە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، کە داهاتی کۆمپانیاکە لە شەش مانگی یەکەمی (2024) بڕی (37 ملیۆن و 600 هەزار) دۆلار بووە.
هەر بە پێی ڕاپۆرتەکەی گەنێڵ ئێنێرجی لە دوای ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمەوە بە درێژایی ساڵی (2023) هەر بەرمیلێک نەوت (34) دۆلار لە ناوخۆدا فرۆشراوە، بەڵام لە دوو مانگی کۆتایی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ تێکڕای فرۆشتنی بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (37) دۆلار فرۆشراوە، ئەمە لە کاتێکدا تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ (84) دۆلار بووە
هاوکات لە هەردوو کێڵگەکانی (تەق تەق و سارتە) کە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی کاریان تێدا دەکات، لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە (25/3/2023)ەوە بە پێی بڕیارەکەی دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت لەو دوو کێڵگەیەی یەکەم نەکراوەتەوە، بۆیە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ هیچ بەرهەمێکیان نەبووە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە چارەکی یەکەمی (2023) ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی سنوری کاری کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی بەم شێوەیە بووە؛
- کێڵگەی نەوتی تاوکێ بەتێکڕا (93 هەزار و 880) بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبووە.
- کێڵگەی نەوتی تەق تەق بەتێکڕا (3 هەزار و 610) بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبووە.
- کێڵگەی نەوتی سارتە بەتێکڕا (3 هەزار و 160) بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبووە.
تایبەت بە تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی هەرسێ کێڵگەی نەوتی (تاوکێ، تەق تەق و سارتە) لە سنوری ناوچەی گێبەستەکانی گەنێڵ ئەنێرجی ڕێڕەوە داراییەکان بڕوانە خشتەی ژمارە (1 و 2)دا هاتووە.
گهنێڵ ئەنێرجی له کێڵگه نهوتییهکانی ههرێمی کوردستان
حکومهتی ههرێمی کوردستان گرێبهستی لهگهڵ کۆمپانیای "گهنێڵ ئەنێرجی"ی تورکی ههیه له ههر یهک کێڵگهکانی (تاوکێ، تهق تهق، سارتە و قهرهداغ)، سێ کێڵگەی یەکەمیان لە پێش بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە بەرهەمهێناندا بوون. بەڵام لە دوای (25/3/2023) بەرهەمهێنان لەو کێڵگانەش ڕاگیراوە، بەڵام تەنها کێڵگەی نەوتی (تاوکێ) بە ئاستێکی تا ڕادەیەک نزم بەرهەمێنانی تێدا دەکرێت. بە جۆرێک تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە نیوەی یەکەمی (2024) گەیشتووە بە سەرو (78 هەزار) بەرمیک نەوتی رۆژانە، سەبارەت بە وردە کاری هەر کێڵگەیەک، زانیارییەکان بەم جۆرەن؛
یەکەم؛ کێڵگهی تاوکێ
هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی (DNO)ی نەرویجی وکۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی (Genel Energy) تورکی لە کێڵگەی تاوکێ خاوەن پشکن. کۆمپانیای دی ئێن ئۆ(DNO) خاوەنی (75%)ی پشکەکانەو گەنێڵ ئەنێرجی خاوەنی (25%)ی پشکەکانە. ناوچەی گرێبەستی تاوکێ لە پارێزگای دهۆکە.
دووەم؛ کێڵگەی تەق تەق
ئەم کێڵگەیە دهكهوێته ناحیهی "تهق تهق"ەوە لە قهزای كۆیه، ڕووبهرهكهی (951) كیلۆمهتر دووجایه، پشكهكانی کێڵگەی ناوبراو دابەشبوون بەسەر كۆمپانیای "ئەداکس پیترۆلیۆم" کە (36%)ی پشکەکان و "گهنێڵ ئەنێرجی" توركی (44%)ی پشکەکان و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
سێیەم؛ کێڵگەی سارتە
کێڵگەی سارتا دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە، "گنێڵ ئەنێرجی" (30%)ی پشکەکان و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
چوارەم؛ کێڵگەی قهرهداغ
دەکەوێتە پارێزگای سلێمانییەوە لە ناوچهی قهرهداغ و خۆرههڵاتی چیای سهگرمه و ڕۆژئاوای ڕووباری سیروان دهگرێتهوه تا دهگاته دهربهندیخان و ڕووبهری ئهم بلۆكه (846) كیلۆمهتر دووجایه، پێشتر (80%)ی پشكهكانی درا بە كۆمپانیای (ئیكسۆن مۆبایل)ی ئهمریكی و (20%)ی پشكەکانی بۆ (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستان مایەوە. بەڵام دوای کشانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە (40%)ی پشکەکانی دراوە بە کۆمپانیای "گهنێڵ ئەنێرجی"ی تورکی. بەڵام تا ئێستا ئەم کێڵگەیە نەگەیشتووە بە بەرهەمهێنان و کۆمپانیا تورکییەکە بەردەوامە لە کارکردن تێیدا.
سەرچاوە
Genel Energy plc - Unaudited results for the period ended 30 June 2024, at 6/8/2024;
- https://genelenergy.com/wp-content/uploads/2024/08/HY2024-results_FINAL.pdf