Draw Media

"گەندەڵ و بازرگانی مادەی هۆشبەر بۆ دۆلار دەچنە بازاڕی رەش"

"گەندەڵ و بازرگانی مادەی هۆشبەر بۆ دۆلار دەچنە بازاڕی رەش"

2024-08-07 19:11:28



 
راپۆرت: درەو
پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق زۆر لە سیاسەتە داراییەكانی خۆی رازییە، تا ئەو ئاستەی دەڵێ بەرپرسێكی ئەمریكی بە سودانی وتوە دەبێت ئاهەنگ بگێڕن بۆ ئەو سەركەوتنەی لە بواری رێكخستنەوەی حەواڵەو بازگانی دەرەكیدا بەدەستتان هێناوە، ئەم پارێزگارە باوەڕی بە بەرزبوونەوەو دابەزینی نرخی دۆلار نییە، دەڵێ ئەوە نرخی بازاڕی رەشە، ئەوەی بۆ دۆلار لەبری نرخی فەرمی پەنا بۆ بازاڕی رەش دەبات بازرگانی ماددە هۆشبەرەكانە یاخود پارە گەندەڵییە، دۆلار یەك نرخی هەیە ئەویش نرخی فەرمییە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

هەندێك لە بازرگانە بچوكەكان خۆیان دەدزنەوە!
عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، ئاڵنگاری دەرەكی و ناوخۆیی هەیە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتیی دۆخی دارایی لە عێراق بەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت كە لە بودجەی گشتیی دەوڵەتدا پلانی بۆ دانراوە.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسەكانی عێراق، عەلاق وتی:" بانكی ناوەندیی لە ناو پرۆسەیەكی گەورەی گۆڕانكاریدایە لەبواری دووبارە رێكخستنەوەی بازرگانی دەرەكیی، بە جۆرێك لە یەك كاتدا چەند ئامانجێك مسۆگەر بكات، لەوانە شەفافیەت لە پرۆسەكانی حەواڵەی دەرەكی و ئەو لایەنەی لەرێگەیەوە حەواڵە دەكرێت تا ئەو لایەنەی كە سودمەند دەبێت لە حەواڵەكە، ئەمەش لەڕێگەی هەموو ئەو داتاو زانیارییانەی كە هاوتای لایەنی واقعین".
"یەكەمجارە لە مێژووی عێراقدا بازرگانیی دەرەكی رێكدەخرێتەوەو دامەزراوەكان نێودەوڵەتییەكان بەشداری لە پرۆسەی وردبینیدا دەكەن و هەڵدەستن بە وردبینیكردن لە زانیارییەكان بەر لە گەیشتن بە قۆناغی جێبەجێكردن، پرۆسەكە سەرجەم مەرج و پێوەرە ناوخۆییەكان جێبەجێ دەكات كە خۆی دەبینێتەوە لە یاسای روبەڕووبوونەوەی شتنەوەی پارەو پارەداركردنی تیرۆرو پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی تری پرۆسەی حەواڵەكردنی پارە، خۆ ئەگەر هەر كەموكورتییەك یاخود كێشەو گومانێكی تێدا بێت، ئەوا بەشێوەیەكی راستەوخۆ حەواڵەكە رەتدەكرێتەوەو دەگەڕێندرێتەوە" پارێزگاری بانكی ناوەندیی وا دوەڵێ.
لەبارەی ئەوەی ئایا تا چ ئەندازەیەك كۆمپانیاكان پابەندی سیاسەتی نوێی حەواڵەو بازرگانی دەرەكیی بوون، عەلاق باسی لەوەكرد كۆمپانیا گەورەو مامناوەندەكان ئەم سیستەمە نوێیەی حەواڵەكردنیان قبوڵكردووەو بەمە لە ئاستێكی بەرزدا هەموو هاوردەكانی خۆیان پاراستووە، بەڵام بازرگانە بچوكەكان هەندێكیان هاتونەتە ناو پرۆسەكەو هەندێكی تریان بە دوای ئامرازی دیكەدا دەگەڕێن بۆ روماڵی بازرگانییەكەیان، ئیتر ئەمە بە هەڵاتن لە رێوشوێنەكانی باج و گومرگ بێت یاخود بە رێوشوێنەكانی پرۆسەی كردنەوەی حساب بێت.
عەلاق ئاماژەی بەوەكرد، ئەوەی لە قۆناغی ئێستاو داهاتوودا سەرەنجی دەخەنە سەر ئەوەیە وا بكەن هەمووان پابەند بن بە كەناڵە ئوسوڵیی و پارێزراوەكانی پرۆسەی حەواڵەكردنەوە، چونكە بەوتەی ئەو "مانەوەی ئەو بازرگاكانە لە دەرەوەی سیستەمەكە فشار لەسەر بازاڕی نەختینەی دۆلار دروستدەكات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەكەی".
بەوتەی پارێزگاری بانكی ناوەندیی، چەندین چارەسەر هەن كە لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتیی و داراییەكان كاری لەسەر دەكەن لەپێناو رێكخستنەوەی كاری بازرگانە بچوكەكان، دوێنێ لەمبارەیەوە كۆبوونەوەیەك بەڕێوەچووە، كە تەواوكاری كۆبوونەوەكانی پێشوو بووە، "پێویستیان بە هەندێك كات هەیە بۆ رێكخستنەوەی ئەم بوارەی بازرگانی دەرەكیی".
پارێزگاری بانكی ناوەندیی زیاتر لەبارەی دۆخی بازاری دراو قسەدەكات و دەڵێ: لەبەر رۆشنایی ئەو رێكخستنە نوێیەی كە بۆ پرۆسەی حەواڵەی دەرەكیی كراوە، دەبێت تەماشای ئەو نرخە فەرمییە بكرێت كە رۆژانە بانكی ناوەندیی زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلاری پێ دەفرشێت، ئەمە بەو واتایە دێت كە بانكی ناوەندیی روماڵی بازرگانیی دەرەكیی دەكات و هەڵاوسان و بەرزبوونەوە لە نرخ و خواستەكانی تردا نییەو  بازاڕی رەش بریتییە لە بازاڕی ئەوانەی كە نایانەوێت بەرێگا یاساییەكانی حەواڵەكردندا بڕۆن و بازرگانییەكەیان نایاساییە، وەكو بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان و بازرگانیی مرۆڤ یاخود پارەی گەندەڵیی و شتی تر.

بەرزبوونەوەو دابەزینی نرخی دۆلار !
پارێزگاری بانكی ناوەندیی باوەڕی بەوە نییە شتێك بەناوی بەرزبوونەوەو دابەزینی نرخی دۆلار هەبێت، تیشك دەخاتەسەر ئەوەی " ئەگەر مەبەستێكی ناڕەوا نییە، بۆچی هەر لایەنێك پەنا بۆ كڕینی دۆلار بە نرخێكی بەرزتر دەبات لەكاتێكدا دۆلار بە نرخی فەرمیی هەیە ؟ ئەو تێڕوانینەی كە پێیوایە نرخی دۆلار بەرزبووەتەوە یاخود دابەزیوە ئاماژەیەكی دروست نییە، دەبێت تەماشای ئەوە بكرێت ئایا بانكی ناوەندیی چەنێك دۆلاری بە نرخی فەرمی فرۆشتووە بۆ پڕكردنەوەی سەرجەم پێداویستییەكان".
" ئامانجی سەرەكی بانكی ناوەندیی پاراستنی ئاستی گشتیی نرخەكان و سنورداركردنی هەڵاوسانەو دەبێت ئەمە پێوەری سەركەوتنی سیاسەتی نەختینەیی بێت، كە سیاسەتەكەمان لەم لایەنەوە سەركەوتوو بووەو ئاستی هەڵاوسان بەبەراورد بە وڵاتانی تر تەنانەت لە ساڵانی پێشوو زۆر كەمترە، ئەمەش بەو واتایە دێت ئەو بازرگانییە دەرەكییەی كە عێراق بە شێوەیەكی بنەڕەتی بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی هاوڵاتیان پشتی پێ بەستوە، بەنرخی فەرمی دابین دەكرێت".
پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق زۆر لە سیاسەتە داراییەكانی خۆی رازییە، تا ئەو رادەی دەڵێ لە هەموو كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەوانەش سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی و بانكی فیدراڵیی و گەنجینەی ئەمریكا ستایشی ئەو "گۆڕانكارییە گەورەو بەڕێوەبردن و رێكخستنە دەكرێت كە بانكی ناوەندی عێراق بۆ پرۆسەی حەواڵەی دەرەكیی كردویەتی"، لەمەش زیاتر بە وتەی ئەو یاریدەدەری بریكاری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا لە دیدارێكدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتویەتی:" دەبێت ئاهەنگ بگێڕن بۆ ئەو دەستكەوتانەی كە لە بواری حەواڵەی دەرەكی و ئەو قۆناغانەدا بەدەستتان هێناوە كە بانكی ناوەندیی بڕیویەتی لە بواری پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی، كە بە قۆناغی سەختدا تێپەڕی و لە هەندێك حاڵەتدا رێژەی رەتكردنەوەی پرۆسەكە دەگەیشتە 80%و ئێستا وای لێهاتووە رێژەی 5% تێناپەڕێنێت.

كۆبوونەوە لە نیویۆرك
عەلی عەلاق ئاشكرایكردووە، كۆتایی ئەم مانگە كۆبوونەوەی لەگەڵ بانكی فیدراڵی ئەمریكا دەكەن بۆ پێداچوونەوە بە تەواوی رەهەندەكانی پرۆسەی حەواڵەی دەرەكی و گفتوگۆ لەبارەی ئەو سزایانەی كە بەسەر ژمارەیەك لە بانكە عێراقییەكاندا سەپێندراون.

دۆلاری گەشتیاران
پارێزگاری بانكیی ناوەندیی عێراق دان بەوەدا دەنێت پرۆسەكانی پێشووی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران كێشەی زۆری بۆ دروستكردوون، دەڵاڵەكانی پارە بە چەندین شێواز ویستویانە بچنە ناو ئەم پرۆسەیەوە، بۆیە ئەمەش رەنگدانەوەی نەرێنیی دروستكردووە لەسەر نرخی دۆلارو پاسپۆرتی خەڵكانی تر لەم كارەدا بەكارهێنراوە.
بەڵام بەپێی قسەی عەلاق میكانیزمە نوێیەكە ئەوەی مسۆگەر كردووە كە بتوانن روبەڕووی ئەم شێوازە ببنەوە، چونكە بە میكانیزمە نوێیەكە لەدوای مۆركردنی چونەدەرەوە لە فڕۆكەخانەو گەشتكردن، دۆلار بە گەشتیاران دەدرێت، ئەم پرۆسەیەش بەر لە چەند رۆژێك لە دەستیپێكردووەو تیم لە فڕۆكەخانەكان دانراون بۆ چاودێریكردن بۆ دڵنیابوون لەوەی دۆلار بە دەستی گەشتیاری راستەقینە دەگات، كارەكە لە فڕۆكەخانەكانی بەغدادو بەسرەو ئێستاش لە فڕۆكەخانەی نەجەف دەستیپێكردووەو وەكو پارێزگاری بانكیی ناوەندیی دەڵێ  ئێستا رێوشوێن دەستپێكردووە بۆ كردنەی پەنجەرەی تایبەت بە پێدانی دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی فەرمی لە فڕۆكەخانەكانی هەولێرو سلێمانی و كەركوك.

دەقی چاوثیكەوتنەكەی عەلی عەلاق

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand