ئیدارەی هەڵبژاردن لە بەغدادەوە بۆ هەولێر.. كۆمسیۆن داواكەی نێچیرڤان بارزانی جێبەجێ دەكات

Draw Media

2024-08-09 12:24:10



(درەو):
دواجار لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم، لیژنەی ئیدارەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بارەگای خۆی لە بەغدادەوە گواستەوە بۆ هەولێر. سبەینێ كۆمسیۆن تیروپشك دەكات بۆ ژمارەی هاوپەیمانی و حزب و كاندیدە تاكەكەسییەكان، تیروپشكەكە ئەوانە ناگرێتەوە پێشتر ژمارەیان پێدراوە، پارتی لەوانەیە ژمارەی وەرنەگرتووە. كوردستان بۆ هەڵبژاردن چوار بازنەیە، بەڵام كۆمسیۆن بۆ سەرپەرەشتیكردنی هەڵبژاردن سێ لیژنەی دروستكردووەو سلێمانی و هەڵەبجەی بەیەكەوە بەستوەتەوە.
نزیكەی پێنج مانگ لەمەوبەر، كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان ناڕازیی بوو لە شێوازی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كە هاوكاتیش جێگری سەرۆكی پارتییە، لە نوسراوێكدا ژمارەیەك داواكاری و هۆشداریی خستە بەردەم كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق. 
یەكێك لە داواكارییەكانی نێچیرڤان بارزانی لەو نوسراوەكە كە رۆژی 11ی ئازاری ئەمساڵ ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كردبوو، ئەوە بوو "  به‌ته‌واوه‌تی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌باره‌گای ده‌سته‌ی كۆمسیۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكرێت و به‌ش به‌ش نه‌كرێت، به‌وپێیه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ ته‌نیا تایبه‌ته‌ به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ ئاسانكاری ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری قه‌واره‌ سیاسییه‌كان له‌باره‌گای ده‌سته‌كه‌".
لەسەر بنەمای ئەم نوسراوە، ئەمڕۆ لیژنەی ناوەندیی ئیدارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كاركردنی خۆی گواستەوە بۆ بارەگای نوێیەكەی لە شاری هەولێر. 
لیژنەی ئیدارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لایەن دادوەر (عامر موسا حسێنی) سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكانەوە سەرۆكایەتیی دەكرێت، لیژنەكە چەند ئەندامێكی هەیە لەوانە یاریدەدەرەكانی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن بۆ كاروباری تەكنیكی و ئیداریی و بەڕێوەبەری بەشەكان و فەرمانگەی نوسینگەی نیشتمانی و تیمی پێشكەوتووی كۆمسیۆن، تیمی یارمەتیدەری نێودەوڵەتیی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەناو لیژنەكەدایە. 
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەڵێ ئامانج لە گواستنەوەی بارەگای كاركردنی لیژنەی ئیدارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەولێر ئەوەیە سەرپەرەشتی مەیدانی و راستەوخۆی پرۆسەی جێبەجێكردنی خشتەی زەمەنیی هەڵبژاردن بكرێت و چاودێری كاری ئۆفێسەكانی هەڵبژاردن بكرێت لە پارێزگاكانی هەرێم. 
لە پاڵ داواكردنی گواستنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن لە بەغدادەوە بۆ هەولێر، لە نوسراوەكەی مانگی ئازاردا نێچیرڤان بارزانی داوای ئەوەشی كردبوو  نوێنه‌ری پسپۆڕی هه‌رێمی كوردستان له‌بواری ته‌كنه‌لۆژیای هه‌ڵبژاردن له‌ سه‌نته‌ری ته‌كنیكی كۆمسیۆن ئامادەیی هەبێت و ده‌سه‌ڵاتی پێویستی هه‌بێت بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانی له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی هه‌ڵبژاردندا، ئەوكات پارتی گومانی لە ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەبوو، دیار نییە تائێستا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە دادوەرێكی خەڵكی سلێمانی سەرۆكایەتیی دەكات ئەم داواكارییەی جێبەجێ كردووە یاخود نا. 
رۆژی 20ی ئۆكتۆبەری داهاتوو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانە، هەڵبژاردنێك كە ماوەی زیاتر لە ساڵێك و 10 مانگ لەوادەی دیاریكراوی خۆی دواكەوتووە. 
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە سەرپەرەشتی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەی كوردستان دەكات، سبەینێی دیاریكردووە بۆ سەرلەنوێ ئەنجامدانی تیروپشك بۆ ژمارەی هاوپەیمانی و حزب و كاندیدە تاكەكەسییە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام تیروپشكەكە ئەوانە ناگرێتەوە بەر لە دواین دواخستنی هەڵبژاردن تیروپشكیان بۆ كراو ژمارەیان پێدرا، وەكو كۆمسیۆن دەڵێ: تیروپشكی سبەینێ ئەو حزب و كاندیدە تاكەكەسییانەیە كە ژمارەیان وەرنەگرتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر بایكۆتی هەڵبژاردنی كردبوو، بۆیە ژمارەی لە تیرو پشكەكەدا وەرنەگرتبوو، سبەینێ ژمارەی پێدەدرێت، تیروپشكەكە ئەوانەش دەگرێتەوە كە پێشتر خۆیان لەسەر كورسییە گشتییەكان كاندید كردووەو ئێستا شێوازی كاندیدبوونی خۆیان بۆ كورسی "كۆتا"كان گۆڕیوە. سبەینێ كۆمسیۆن لە ژمارە (170)وە دەست بە تیروپشك دەكات.   
هاوكات كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بەگوێرەی فەرمانێك سێ لیژنەی دروستكرد بۆ سەرپەرەشتیكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان. 
یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوای هەڵوەشاندنەوەی هەموارەكانی لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە، هەرێمی كوردستانی كردووە بە چوار بازنەی هەڵبژاردن (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە)، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ پرۆسەی سەرپەرەشتی هەڵبژاردن كوردستانی كردووە بە سێ ناوچەو سلێمانی و هەڵەبجەی پێكەوە بەستوەتەوە. 
بۆ زانینی ناوی ئەندامانی لیژنەی سەرپەرەشتیاری بازنەكانی هەڵبژاردن لە كوردستان، تەماشای نوسراوی كۆمسیۆن بكە لە خوارەوە: 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand