پارتی و یەكێتیی دەیان ملیۆن دۆلار بۆ كڕینی دەنگ خەرج دەكەن

Draw Media

2024-08-10 10:18:38



(درەو):
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هۆتێلێكی بەغداد كۆدەبێتەوە، ئەمڕۆ یەكلادەبێتەوە پۆستی پارێزگار بۆ كێ دەبێت، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە چەند رۆژی رابردووەوە تائێستا پارتی و یەكێتیی دەیان ملیۆن دۆلاریان خەرجكردووە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ئەندامانی عەرەب و توركمان لە ئەنجومەنی پارێزگاو تادێت نرخی دەنگ بەرزتر دەبێتەوە، یەكێتیی تائێستا دەنگی سێ ئەندامی عەرەبی زامن كردووەو گرەو لەسەر بردنی دەنگێكی توركمانیش دەكات، پارتییش بە هەمان شێوە دەنگی سێ عەرەب و دەنگێكی توركمانی زەمانەت كردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆتێل (رەشید) لە بەغداد، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆدەبێتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی سەرپەرەشتی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكە دەكات و تێیدا دوای نزیكەی 9 مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، پۆستی پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا یەكلادەكرێتەوە. 
لەژێر فشار محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، رۆژی 11ی تەموزی رابردوو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، بەپێی یاسا دەبوو لەو كۆبوونەوەیەدا پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی یەكلابكرێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن نەگەیشتبوونە رێككەوتن، كۆبوونەوەكە تاوەكو ئێستا بە كراوەیی هێڵدراوەتەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق مەرجی بۆ لایەنەكان داناوە ئەمڕۆ تاوەكو سبەینێ لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان بگەنە رێككەوتن. 
ئەوەی تائێستا هەیە، پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرەی توركمانیی كە لە تێكڕای (16) كورسی ئەنجومەنی پارێزگا، هەریەكەیان 2 كورسییان هەیە، پێكەوە لێكتێگەیشتنیان هەیەو داوا دەكەن پۆستی پارێزگار بە "نۆرە" بێت لەنێوان سێ پێكهاتە سەرەكییەكەدا (كورد+ عەرەب+ توركمان)، بەڵام بەگوێرەی دواین بەدواداچوونەكانی (درەو)، یەكێك لە ئەندامەكانی بەرەی توركمانیی كە سەربە ئەرشەد ساڵحییە، هەڵوێستی نەرمەو زۆر پابەند نییە بەو لێكتێگەشتنەی كە حەسەن تۆرانی سەرۆكی حزبەكە لەگەڵ پارتی كردویەتی، ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانیی بەمدواییە لە پۆستی سەرۆكی حزب لادراو حەسەن تۆران لە شوێنەكەی دانرا، توركیا دەستی لەم ئاڵوگۆڕەدا هەبوو، لەوكاتەوە جۆرێك لە هەستیاریی لە پەیوەندییەكانی ساڵحی و تۆراندا دەبینرێت، یەكێك لە ئەندامەكانی بەرەی توركمانیی لە ئەنجومەنی پارێزگا لە ساڵحییەوە نزیكەو یەكێتیی دەیەوێت لەسەر ئەم هێڵە هەستیارەی بەرەی توركمانیی كاربكات. 
لەناو پێكهاتەی عەرەبیش، بەپێی دواین زانیارییەكان (3) ئەندامی ئەنجومەن كە لەگەڵ خەمیس خەنجەری سەرۆكی هاوپەیمانی (سیادە)ن، یەكلابوونەتەوە بۆ ئەوەی پابەندی رێككەوتنەكەیان بن لەگەڵ پارتی، بەمەش تائێستا وا دەردەكەوێت پارتی بە كورسییەكانی خۆیەوە، بە تێكڕا لە كۆی 16 كورسی ئەنجومەن، 6 بۆ 7 دەنگی هەبێت. 
لەبەرامبەردا یەكێتیی نیشتمانی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەو 5 كورسی هەیەو كورسییەكی "كۆتا"ی مەسیحییەكانیشی لەگەڵدایە، بە تێكڕای 6 كورسییەوە بانگەشەی ئەوە دەكات دەنگی (3) ئەندامی پێكهاتەی عەرەبی بەدەستهێناوەو ئێستا رێژەی 50+1ی ئەنجومەنی پارێزگای هەیە كە 9 دەنگە لە كۆی 16 دەنگ، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە، بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن، كەركوك دۆخێكی تایبەتی پێدراوەو بەبێ بەشداری پێكهاتەیەكی سەرەكیی، لایەنە براوەكان ناتوانن حكومەتی خۆجێی دروستبكەن، یەكێتیی كێشەی توركمانی هەیە، پێكهاتەی توركمان 2 كورسی بردووە، هەردوو كورسییەكەش بەرەی توركمانی بردویەتییەوە، یەكێتیی گرەو لەسەر ئەوە دەكات دەنگێكی بەرەی توركمانی ببات و بەمە بەربەستە یاساییەكە ببڕێت.
پێكهاتەی عەرەب كە بە سێ بەرەی جیاوازەوە 6 كورسی ئەنجومەنی پارێزگایان بردووە، بانگەشەی ئەوە دەكەن لەناو خۆیاندا یەكگرتوون و دەیانەوێت پۆستی پارێزگار وەربگرنەوە، بەڵام ئەوەی دەبینرێت دابەشبوون بەسەر دوو بەرە ناكۆكەكەی كورددا (پارتی و یەكێتیی)و ئەمان ناكۆكییەكە یەكلادەكەنەوە. 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە كەركوك دەست (درەو) كەوتووە، تەنیا لە چەند رۆژی رابردوودا پارتی و یەكێتیی بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ئەندامانی پێكهاتەی عەرەب و توركمان "دەیان" ملیۆن دۆلاریان خەرجكردووە.
ئەو سەرچاوە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی:" لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دانیشتنی ئەنجومەن، تادێت نرخی دەنگ بەرزدەبێتەوەو گەیشتوەتە سەروو یەك ملیار دینار". 

20ی ئۆكتۆبەری داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە كوردستان بەڕێوەدەچێت، پارتی و یەكێتیی هەردوولایان دەیانەوێت بە یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك لە بەرژەوەندی خۆیان، پێگەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەر بەهێز بكەن، بەتایبەتیش كە هەڵبژاردنەكە دەكەوێتە مانگی ئۆكتۆبەرەوە. یەكێتیی كە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە پۆستی پارێزگاری كەركوك لەدەستداوە، ئەمجارە بە سەرۆك و سەركردایەتییەكی نوێوە دەیەوێت پۆستەكە وەربگرێتەوەو ئەمە بكات بە دەستكەوتێكی ئەم قۆناغە ژیانی سیاسیی ناوخۆی حزبەكە، پارتیش كە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كاری لەسەر لێدان لە پێگەی یەكێتیی لە كەركوك دەكردو تۆمەتباری دەكرد بە "خیانەت"و لەمەشدا سەركەوتوو نەبوو (یەكێتیی لە دوو هەڵبژاردنی دوای 16ی ئۆكتۆبەردا براوەی یەكەم بوو لە كەركوك)، ئەمجارە دەیەوێت لەرێگەی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پێكهاتەكان لە پێگەی یەكێتیی بدات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا یەكێتیی لە پارێزگای نەینەوا پابەند نەبوو بە "یەكڕیزیی كورد"و بە جیا لەگەڵ دۆستەكانی خۆی لەو پارێزگایە چووە ناو رێككەوتن بۆ دابەشكردنی پۆستەكان. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand