شەش لایەنی سوننە: كاندیدی نوێی سەرۆكی پەرلەمان پێشكەش دەكەین

Draw Media

2024-08-13 18:03:35



(درەو): 
حەلبوسی پێنج لایەنی سیاسی سوننەی كۆكردوەتەوەو وەكو خۆیان دەڵێن 55 كورسی پەرلەمانیان هەیە، دەیانەوێت كاندیدێكی نوێ بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێشكەش بكەن، ئەمە لەكاتێكدا كە كوتلەی گەورەی شیعە دژی ئەوەیە سەرلەنوێ دەرگای پێشكەشكردنی ناوی كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بكرێتەوە. 
شەش لایەنی سیاسی سوننە راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوەو رایاگەیاند رێككەوتوون لەسەر كاندیدێكی نوێ بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان. راگەیەندراوەكە ناوی كاندیدەكەی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی بەمدواییە دزەیان كردووە، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم (زیاد جەنابی) بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كاندید كردووە، زیاد حوزەیرانی ئەمساڵ لە حەلبوسی جیابووەوە، دیارە بە وەعدی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان گەڕاوەتەوە. 
ئەوانەی ئیمزایان لەسەر راگەیەندراوەكە كردووە، بریتین لە: 
•    حزبی تەقەدوم بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەلبوسی
•    جە ماوەری نیشتمانیی بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد جبوری "ئەبومازن"
•    هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی بە سەرۆكایەتیی سابت عەباسی وەزیری بەرگریی
•    پرۆژەی نیشتمانی عێراق بە سەرۆكایەتیی جەمال زاڕی
•    كوتلەی (الصدارة) كە ژمارەیەك پەرلەمانتاری سوننە لە خۆدەگرێت و ئازاری ئەمساڵ لە پەرلەمان دروستكراوەو مەحمود مەشهەدانی و خالید عوبێدی و تەلال زەوبەعی و محەمەد نوری عەبد رەبە لەخۆدەگرێت و لە هاوپەیمانییەكانی (سیادە)ی خەمیس خەنجەرو (عەزم)ی موسەننا سامەڕایی جیابونەتەوە
•    كوتلەی (المبادرة) كە 8 پەرلەمانتار لەخۆدەگرێت و حوزەیرانی ئەمساڵ بە سەرۆكایەتیی (زیاد جەنابی) لە حزبی (تەقەدوم)ی محەمەد حەلبوسی جیابونەوە 
ئەم شەش لایەنە سوننەیە، كە وەكو خۆیان دەڵێن پێكەوە خاوەی (55) ئەندامن لە پەرلەمانی عێراق، لەسەر ئەوە رێككەوتوون كەسێكی نوێ بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كاندید بكەن و ناوەكەی ئاڕاستەی كوتلەی سیاسییەكانی تر بكەن بۆ ئەوەی كۆدەنگیی بۆ پەیدا بكەن، هەروەها كاربكەن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەپێناو سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان. 
ئەمە لەكاتێكدایە سەرچاوەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە (كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانی عێراق كە نوێنەرایەتی پێكهاتەی شیعە دەكات) باسلەوە دەكەن سەركردەكانی چوارچێوە لە كۆبوونەوەی دوێنێی خۆیاندا لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە پابەندی یاساو بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبن و پەنا بۆ هەموار پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان نابەن هەروەها جەختیان كردووە لەسەر ئەوەی دژی بیرۆكەی سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردنن بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، سورن لەسەر مانەوەی كاندیدەكانی سەرۆكی پەرلەمان و هەڵبژاردنی یەكێكیان بۆ پۆستەكە. 
بەپێی قسەی سەرچاوەكان، سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بڕیاریانداوە دوای زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن، دانیشتنێكی تایبەتی رێكبخەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان. 
ماوەی 9 مانگە بەهۆی دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی تەقەدومەوە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەتاڵ بووەو موحسین مەندەلاوی لە پێكهاتەی شیعە (لەبری سەرۆك) كاروباری پۆستەكە بەڕێوەدەبات، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی ئەو نەریتە سیاسییەی كە لە عێراقی دوای كەوتنی سەددامەوە داكەوتووە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پشكی پێكهاتەی سوننەیە. 
حەلبوسی یەكێك لە پەرلەمانتارەكانی خۆی بەناوی (لەیس دلێمی) ناچار كردبوو پێشوەختەو بەر لەوەی ببێت بە پەرلەمانتار نامەی دەستلەكاركێشانەوە بنوسێت، دلێمی بۆی نوسی بوو، بۆیە كاتێك بووە پەرلەمانتارو سەرپێچی بڕیاری سەرۆكی حزب (حەلبوسی)ی كرد، حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانەوە، بەبێ ئاگاداری خۆی، ئیمزای لەسەر نامەی دەستلەكاركێشانەوەی دلێمی كرد، دلێمی ئەم كەیسەی بردە بەردەم دادگای فیدراڵی و سكاڵای كرد، لەسەر ئەم سكاڵایە دادگای فیدراڵی مافی ئەندامێتیی پەرلەمانی لە حەلبوسی سەندەوە، بەمەش پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەتاڵ بوو. 
لەوكاتەوە تائێستا لایەنە سوننەكان لەناو خۆیاندا لە ناكۆكی و كێشمەكێشدان، كوردو شیعە چەندینجار مۆڵەتیان پێداون لەسەر كاندیدێك رێبكەون، بەڵام رێكناكەون، حەلبوسی و خەنجەر لەلایەك و حەلبوسی و موسەننا سامەڕایی لەلایەكی تر، لەنێوان هەمووشیاندا ژمارەیەك كوتلەی تری سوننە هەن كە گەمەی سیاسی دەكەن و لە هەوڵی چنینەوەی دەستكەوتی پۆستەكاندان. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand