وردەكاریی رێككەوتنەكەی كەركوك

Draw Media

2024-08-11 14:54:15



راپۆرت: درەو
بارزانی رێككەوتنی كردبوو (4) مانگ پۆستی پارێزگاری كەركوكی بەدەستەوە بێت، بافڵ تاڵەبانی بۆ (2) ساڵ وەریگرتەوە، ئەمە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا كە (پارتی)و (بەرەی توركمانی)و نیوەی عەرەبەكان تێیدا بەشدار نین، لەناو ئەم ئاڵۆزییەدا، بە بەهانەی ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی دیاری نەكردووە، توركمانە شیعەكان نزیك لە ئێران دەیانەوێت پشكی بەرەی توركمانی لە پۆستەكانی كەركوك وەربگرن، كە جگە لە پۆستەكانی (جێگری پارێزگارو جێگری سەرۆكی ئەنجومەن) 16 پۆستی تر لەخۆدەگرێت و یەكێكیان پۆستی قایمقامی كەركوكە. وردەكاری رێككەوتنی پرۆسەی پێكهێنانی دووەم حكومەتی خۆجێی كەركوك لەدوای كەوتنی سەددامەوە، لەم راپۆرتەدا. 

پارێزگاری كەركوك لە بەغداد هەڵبژێردرا
دوێنێ شەو، بەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەرەی توركمانیی و نیوەی كوتلەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئەنجومەن لە هۆتێل (رەشید)ی شاری بەغداد كۆبووەوەو پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو جێگرەكانی هەڵبژارد. 
لە كۆی 16 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، 9 ئەندام بەشدارییان لە كۆبوونەوەكەی بەغداد كرد كە بریتی بوون لە: 
•    5 ئەندامی یەكێتیی (رێبوار تەها- ئەحمەد كەركوكی- هۆشیار كاكەیی- نەشئەت جەوازات- پەروین فاتیح)
•    1 ئەندامی "كۆتا"ی مەسیحی (ئەنجیل زیا شیبا) كە سەربە رەیان كلدانی سەرۆكی بزوتنەوەی بابلیۆنەو هاوپەیمانی یەكێتییە.
•    3 ئەندامی كوتلەی عەرەبی (كە بریتی بوون لە هەریەكە لە رەعد ساڵح و محەمەد ئیبراهیم حافز لە هاوپەیمانی قیادەو زاهیر عاسی لە فراكسیۆنی عروبە).
بەم ژمارەیە، هاوپەیمانێتیی نێوان یەكێتیی و نیوەی كوتلەی عەرەبی و "كۆتا"ی مەسیحی توانی نیسابی سازدانی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا كۆبكاتەوە كە 50+1 بوو، لە كۆی 16 ئەندام، بە 9 ئەندامی ئەنجومەن نیسابی تەواوكردو دانیشتنەكەی بەڕێوەبرد. 
لەبەرامبەردا بەتێكڕا (7) كەس لە ئەندامانی ئەنجومەن بایكۆتی دانیشتنەكەیان كردو دانی پێدا نانێن، ئەوانەی بایكۆتیان كرد ئەمانەن: 
•    فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان (حەسەن ئەحمەد- شۆخان حەسیب)
•    هاوپەیمانی عەرەبی (راكان جبوری- سەلوا مەفرەجی- ئەحمەد حەمدانی)
•    بەرەی توركمانی (ئەحمەد رەمزی- سەوسەن جەدوع)
كەركوك جارێكی تر بەگوێرەی یاسا، دۆخێكی تایبەتی پێدراوە، بڕگه‌ی (چواره‌م) له‌ مادده‌ی (13)ی یاسای ژماره‌ی (4)ی ساڵی 2023 (هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان) ده‌ڵێ:" ده‌سه‌ڵات به‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ دابه‌شده‌كرێت، به‌جۆریك زامنی به‌شداری هه‌موو پێكهاته‌كان پارێزگای كه‌ركوك بكرێت، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن)، بەپێی ئەم بڕگە یاساییە بەبێ بەشداری نوێنەرانی توركمانیی نەدەبوو حكومەتی خۆجێی دروست بكرێت، بەڵام یەكێتیی بۆ بڕینی ئەم بەربەستە پەنای بۆ ئەوە بردووە پۆستەكانی توركمان بە بەتاڵی بەجێبهێڵێت، سەرباری ئەمەش لە بەغدادەوە هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ئەم بڕگە یاساییە وا لێكبدرێتەوە بەشداریكردنی پێكهاتەكان لە ئەنجومەنی پارێزگا بە واتای بەشداریكردن لە دەسەڵات نایەت، واتا ئەو توركمانانەشی كە كوردسی ئەنجومەنیان نەبردووە دەتوانن بەناوی پێكهاتەی توركمانەوە دانوستان بكەن و پشكی پێكهاتەی توركمان لە پۆستەكانی ئیدارەی كەركوك وەربگرن، ئەگەر ئەمە سەربگرێت، توركمانە شیعەكانی نزیك لە ئێران گورزێكی بەهێز لە پێگەی توركمانە نەتەوەییەكانی نزیك لە توركیا دەدەن. 
راكان جبوری پارێزگاری پێشوو كە ئێستا ئەندامی ئەنجومەنە لەگەڵ حەسەن تۆران سەرۆكی بەرەی توركمانی هەردووكیان هەڕەشەی ئەوە دەكەن رێكاری یاسایی دژی دانیشتنەكەی هۆتێل رەشید دەگرنە بەر، بەڵام پێناچێت سكاڵاكان كاریگەرییەكی ئەوتۆی هەبێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا دانیشتنەكەی دوێنێ شەو لە سێبەری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و لە بەغداد لەبەرچاوی لایەنە سیاسییەكان بەڕێوەچووە.

بەیاننامەی ناڕەزایەتیی حەسەن تۆران سەرۆكی بەرەی توركمانی دژی دانیشتنەكە

كوردو پارێزگار بە نۆرە !
لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 18ی كانونی یەكەمی 2023، بۆ یەكەمجار توركمان و دواتریش عەرەبەكان بیرۆكەی ئەوەیان هێنایە پێشەوە پۆستی پارێزگاری كەركوك "بەنۆرە" لەنێوان پێكهاتەكان بەڕێوەببرێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەسەرەتای گفتوگۆكانەوە جەختی لەسەر ئەوە دەكرد پۆستی پارێزگار لای كورد بێت و "كوردێكی بێلایەن" دابنرێت، لەسەر ئەمە لەگەڵ یەكێتیی نەگەیشتە هیچ رێككەوتنێك، بەتایبەتیش لەكاتێكدا هەردوو حزبەكە لەناوخۆی هەرێمی كوردستان چەند ساڵێكە گفتوگۆی پێكەوەبوونیان راوەستاوەو قۆناغی "نە شەڕ نە ئاشتیی" بەرێدەكەن.
پارتی لە كۆتایدا لێكتێگەیشتنێكی لەگەڵ بەرەی توركمانی كردو قایل بوو بەوەی پۆستی پارێزگار "بەنۆرە" بێت. سێ كەسی سەربە خەمیس خەنجەری سەرۆكی هاوپەیمانی سیادەی سوننەكانیش لە كوتلەی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەدواین ساتەكاندا هاتنە ناو ئەم رێككەوتنەوە، ئەم بەرەیە بە تێكڕا (7) دەنگی ئەنجومەنی پارێزگای كۆكردەوە (2ی پارتی+ 2ی بەرەی توركمانی+ 3ی عەرەب)، بەم ژمارەیەوە پارتی هەر لە بنەڕەتەوە نەیتوانی نیسابی سازدانی دانیشتنی ئەنجومەن تەواو بكات و رێككەوتنە سیاسییەكەی بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆیە وردەكاری رێككەوتنەكەش تائێستا ئاشكرا نەكراوە، بەڵام ئەوەی باس دەكرێت بارزانی لەرێگەی ئەم هاوپەیمانێتییەوە ویستویەتی پۆستی پارێزگار بەشێوەیەك دابەشكرێت (4) مانگ جارێك لای پێكهاتەكانی ئەم بەرەیە بێت و دواتر رادەستی بەرەكەی تری بكرێت كە یەكێتیی سەركردایەتیی دەكات، رەنگە بارزانی بەم هەنگاوە ویستبێتی چوار مانگی یەكەم پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێت و بەمە لەڕووی میدیاییەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، گورزێكی بەهێز لە یەكێتیی بدات (لەكاتی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی بارزانی و خەمیس خەنجەرو حەسەن تۆراندا، سایتی شەفەق نیوزی نزیك لە پارتی ئەم زانیارییەی پشتڕاستكردەوە). 
لەبەرامبەردا، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كە براوەی یەكەمی دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بوو، سەرباری ئەوەی لە سەرەتاوە دژی ئەوە بوو پۆستی پارێزگار "بەنۆرە" بێت، بەڵام بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ نیوەی كوتلەی عەرەبی كردوویەتی، قایل بووە بەوەی تەنیا (2 ساڵ) پۆستی پارێزگاری بەدەستەوە بێت، رەنگە جیاوازییەكە تەنیا ئەوە بێت، لەم رێككەوتنەدا لەبری سێ پێكهاتە (كورد+ عەرەب+ توركمان) پۆستی پارێزگار لەنێوان دوو پێكهاتە (كورد+ عەرەب) دابەشكراوە.
ئێستا ئیتر بەگوێرەی رێككەوتنەكە، رێبوار تەها لە فراكسیۆنی یەكێتیی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك هەڵبژێردراوەو، چیتر لە ئەنجومەنی پارێزگا نابینرێت و چاوەڕوانی ئەوەیە لە سەرۆكایەتیی كۆمارەوە مەرسومی بۆ دەربكرێت و وەكو پارێزگار دەستبەكار ببێت، لە حاڵەتی رۆیشتنی رێبوار تەهادا، (عەبدوڵا میروەیس) لە لیستی یەكێتیی شوێنەكەی لە ئەنجومەنی پارێزگا پڕدەكاتەوە، میروەیس (4 هەزارو 789) دەنگی بەدەستهێناوەو زۆرترین دەنگی لیستی یەكێتیی هەیە. 

عەبدوڵا میروەیس جێگرەوەی رێبوار تەها

یەكێتیی لەم كاتەدا كە بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەنگاو دەنێت و لە كێبركێیەكی سەختدایە لەگەڵ پارتی، بە یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك لە بەرژەوەندی خۆی، كارتێكی بەهێزی هەڵبژاردنی لەبەردەم لایەنگرو دەنگدەر هاوكاتیش نەیارە سیاسییەكانی ناوخۆیدا دەستكەوت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی حزبەكە لە 2017وە بانگەشەی گەڕاندنەوەی پۆستی پارێزگار بۆ یەكێتیی دەكات، پۆستێك كە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لەدەستیدابوو.  
پارتی و یەكێتیی كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئیتر ئەگەری كاركردنی پێكەوەییان لە كەركوك زۆر لاواز بوو، بەتایبەتیش لەكاتێكدا یەكێتیی لە تەموزی 2019دا، لە رێككەوتنی سیاسی خۆیدا لەگەڵ پارتی، وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوكی كرد بەمەرجی بەشداربوونی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دواتر پارتی پابەندی ئەم مەرجە نەبوو، تاوەكو لە كۆتایدا بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق و لە دوای خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019وە پەرلەمانی عێراق ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەڵوەشاندەوەو ئیتر هیچ چانسێك لەبەردەم یەكێتیدا نەما لەرێگەی زۆرینەی ئەنجومەنەوە پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك دابنێت لە شوێنی (نەجمەدین كەریم) كە لەدوای ریفراندۆمی 2017ی سەربەخۆیی كوردستانەوە كەركوكی بەرەو هەولێر بەجێهێشتبوو. 
پارتی و یەكێتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، لە كەركوك بە دوو لیستی جیاواز بەشدارییان كرد، یەكێتیی (5) كورسی بردو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، پارتی (2) كورسی برد، بە هەردووكیانەوە وەكو نوێنەری پێكهاتەی كورد لە كۆی (16) كورسی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك (7) كورسییان برد.
پارتی و یەكێتیی وەكو دوو هێزی سەرەكی كورد لە كەركوك، بە پەرتبوونیان، حزبە سیاسییەكانیان لە پێكهاتەكانی (عەرەب و توركمان) بەسەر ناكۆكییەكانی خۆیاندا پەرت و دابەشكرد.

پشكی عەرەب لە ناكۆكی حەلبوسی و خەنجەردا
لەبەرامبەردا، بەپێی رێككەوتنەكە، محەمەد ئیبراهیم حافز لە هاوپەیمانی (قیادە) بە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردرا.
قیادە هاوپەیمانێتییەك بوو كە بە سەرۆكایەتیی (محەمەد تەمیم)ی وەزیری پلاندانان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك دروستكرا، هەریەكە لە حزبی (تەقەدوم)ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی ‌و (سیادە)ی خه‌میس خه‌نجه‌ری لەخۆدەگرت و، (2) كورسی ئەنجومەنی پارێزگای بردەوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی حەلبوسی و خەنجەرەوە، هاوپەیمانێتییەكە لەبەر یەك هەڵوەشا، خەنجەر كە هاوكات لە كەركوك لەگەڵ (هاوپەیمانی عەرەبی) بەشداری هەڵبژاردنی كردبوو، بە سێ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە خۆی گەیاندە لای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە پیرمام، حەلبوسیش دوێنێ شەو لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی چووە دانوستان، لەم نێوەندەدا (محەمەد ئیبراهیم حافز) كە لەنێوان هەردووكیاندا یاری دەكرد، ئیتر بەلای حەلبوسیدا شكایەوەو پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای وەرگرت.
محەمەد تەمیم كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانی قیادەی دەكرد، ئەویش پۆستێكی بۆ براكەی خۆی زامن كرد، (ئیبراهیم تەمیم) بوو بە جێگری پارێزگاری كەركوك بۆ كاروباری هونەریی.

ئیبراهیم تەمیم جێگری پارێزگار بۆ كاروبار هونەریی
واتا ئەو عەرەبانەی كە بەشدارییان لە رێككەوتنە سیاسییەكەدا كردووە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی بریتین لە هەریەكە لە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم و محەمەد تەمیمی وەزیری پلاندانان، بەپێی رێككەوتنەكە، یەكێتیی نیشتمانی دوای دوو ساڵی تر دەبێت پۆستی پارێزگاری كەركوك رادەستی ئەمان بكات و لەبەرامبەردا پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا وەربگرێت. 
رێككەوتنی سیاسی بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك دەریخست ئەوە تەنیا كورد نییە لە پارێزگایەكی هەستیاری وەكو كەركوك كە ناوچەیەكی جێناكۆكە، هێزە سیاسییەكان ناكۆك و ناتەبان، بەڵكو عەرەبەكانیش ناكۆكییە ناوخۆییەكانیان قوڵتر بووەتەوە.

توركمان چی بەركەوت ؟
دەرەنجامی هەڵبژاردنی 18ی كانونی یەكەمی 2023 وایكرد لە كەركوك تەنیا (بەرەی توركمانی) نوێنەرایەتی پێكهاتەی توركمان بكات، ئەم پێكهاتەیە (2) كورسی ئەنجومەنی پارێزگای بردەوە كە هەردوو كورسییەكە سەربە بەرەی توركمانی بووە. 
بەرەی توركمانی تاكە هێزی سیاسی توركمانە لە عێراق كە توركیا وەكو دەوڵەت پشتیوانی دەكات، تاڕادەی دەستوەردان لە كاروبار ناوخۆییەكانی. 
دەستوەردانی توركیا، ئەمدواییە (ئەرشەد ساڵحی) ناچار كرد دەست لە پۆستی سەرۆكی بەرەكە بكێشێتەوەو (حەسەن تۆران) لە شوێنی ئەو ئەركی سەرۆكایەتیی بەرەكە بگرێتە ئەستۆ. لەوكاتەوە لە پۆستی سەرۆكی بەرەی توركمانی دورخراوەتەوە، ئەرشەد ساڵحی سەرۆكایەتیی كوتلەی توركمانی دەكات لە پەرلەمانی عێراق و نیگەرانیی پێوە دەبینرێت. 
حەسەن تۆران دوای لێكتێگەیشتنەكەی لەگەڵ پارتی، سەردانی پیرمامی كردو بارزانی بینی، پابەند بوو بە بەڵێنەكەی لەگەڵ پارتی، ئەمانە وەكو بەرەكەی توركیا لە كەركوك دەبینران، لەسەر ئەم بنەمایە تۆران دوێنێ نەیهێشت ئەندامەكانی بەرەكەی بەشداری لە كۆبوونەوەكەی بەغداد بكەن، بەڵام سەرباری ئەمەش بەرەكە زۆر تۆكمە دەرنەكەوت.  
دوو ئەندامەكەی بەرەی توركمانی لە ئەنجومەنی پارێزگا یەكێكیان (سەوسەن عەبدولواحید جەدوع) سەربە حەسەن تۆرانەو ئەوی تریان (ئەحمەد رەمزی كۆپەرلو) سەربە ئەرشەد ساڵحییە، ئەو ئەندامەی كە سەربە تۆران بوو دژی كۆبوونەوەكەی بەغداد راگەیەندراوی بڵاوكردەوە، بەڵام ئەوەی سەربە ئەرشەد ساڵحی بوو بێدەنگیی لێكرد.
لە پرسی كۆبوونەوەی دوێنێ شەوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا ناتەبایی ئەرشەد ساڵحی و حەسەن تۆران دەركەوت، تۆران دژی كۆبوونەوەكەیەو هەڕەشەی سكاڵاكردن دەكات، ساڵحی كە بەوە ناسراوە بۆ هەموو شتێك بەیاننامە دەردەكات، تائێستا هیچی نەوتووە. 
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەلایەن یەكێتییەوە هەوڵ هەبووە بۆ ئەوەی ئەندامەكەی سەربە ئەرشەد ساڵحی ببرێتە ناو كۆبوونەوەی دوێنێ شەوی ئەنجومەنی پارێزگاوە، بەڵام ئەم هەوڵە سەركەوتوو نەبوو، پێدەچێت ئەرشەد ساڵحی نەیویستبێت لەم قۆناغەدا سەرچڵی بە چارەنوسی بەرەی توركمانیی و پەیوەندییەكانییەوە بكات لەگەڵ توركیا.  
ئیتر بەهۆی ئەم دۆخەوە، بەبێ بەرەی توركمانیی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك لە بەغدادەوە تێپەڕی، ئەوەی بۆ پێكهاتەی توركمان بەجێهێڵدراوە بریتییە لە دوو پۆستی سەرەكی (جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا+ یەكێك لە جێگرەكانی پارێزگار)، ئەگەر بەرەی توركمانی پەیوەندی بە رێككەوتنەكەی یەكێتییەوە بكات، ئەم دوو پۆستە وەردەگرێت و دەكرێت لەسەر هەندێك پۆستی تریش لە كەركوك دانوستان بكات.
بەڵام ئەگەر لەسەر هەڵوێستی خۆی سور بێت، یەكێتیی كە خۆی لەسەر بەرە ئێرانییەكەی عێراق ئەژمار دەكرێت، لەرێگەی بەغدادەوە پلانی بەدیلی ئامادە كردووە، ئەوەش پڕكردنەوەی پۆستەكانی توركمانە لە كەركوك لەلایەن ئەو توركمانانەی كە شیعەن و وەلائیان بۆ مەزهەب لە هەستە نەتەوەییەكەیان بەرزترە. 
(غەریب عەسكەر توركمانی) كە یەكێك لە پەرلەمانتارە توركمانەكانی عێراقە، دوێنێ ئەوەی ئاشكرا كرد كە بە نوێنەرایەتی توركمان بەشداری لە كۆبوونەوە سیاسییەكان كردووەو لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنەی بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك كراوە، ئەم پۆستانە بۆ پێكهاتەی توركمان دانراوە: 
•    جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا
•     جێگری پارێزگار
•    یاریدەدەری پارێزگار
•    راوێژكاری پارێزگار 2 راوێژكار لە كۆی 6 راوێژكار
•    راوێژكاری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا
•    یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیس
•    بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی كەركوك
•    بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای كەركوك
•    بەرێوەبەرایەتی رێگاوبان و پردەكان
•    بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كەركوك
•    یاریدەدەری شارەوانی كەركوك
•    یاریدەدەری شارەوانییەكانی كەركوك
•    قائیمقامی قەزای ناوەندی كەركوك
•    بەڕێوەبەری ناحیەی یایچی
•    بەڕێوەبەری ناحیەی تازە
•    بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان
•    سكرتێری لیژنەی ئەمنیی
•    بەرێوەبەرایەتی ژینگەی كەركوك


بەپێی قسەی غەریب عەسكەر، لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەی كە كراوە، پۆستەكانی كەركوك لە بەش و فەرمانگەو پارێزگاو ئەنجومەنی پارێزگا بەرێژەی 32% لە نێوان هەر سێ پێكهاتەكەدا دابەشدەكرێت.  
ئەگەر ئەم رێككەوتنە ئیمزا كرابێت وەكو ئەوەی غەریب عەسكەر بانگەوازی بۆ كردووە، دەردەكەوێت بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار، یەكێتیی پۆستی زۆری كەركوكی بە لایەنە نزیك و دۆستەكانی ئێران بەخشیوە. 

كورتەیەكی مێژوویی
له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی خۆجێی دوای كه‌وتنی رژێمی پێشووی عێراقدا كه‌ ساڵی 2005 به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ (41) كورسی پێكهاتبوو، كورسییه‌كان به‌مشێوه‌یه‌ به‌سه‌ر پێكهاته‌كانی كه‌ركوكدا دابه‌شبوو بوو: 
•    پێكهاته‌ی كورد: 26 كورسی (كورد ئه‌وكات به‌ لیستی برایه‌تی كه‌ركوك به‌شدار بوو كه‌ زۆرینه‌ی حزبه‌ كوردییه‌كانی له‌خۆگرتبوو، له‌م هه‌ڵبژادنه‌دا كورد رێژه‌ی 63%ی تێكڕای كورسی پارێزگای وه‌رگرتبوو). 
•    پێكهاته‌ی توركمان: 9 كورسی (به‌ره‌ی توركمانی و هاوپه‌یمانی ئیسلامی توركمانی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م كورسیانه‌یان ده‌كرد).
•    پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی: 6 كورسی (گردبوونه‌وه‌ی عه‌ره‌بی و گردبوونه‌وه‌ی نیشتمانی عێراق نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م كورسیانه‌یان ده‌كرد)
ساڵی 2005 له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوكدا كورد پۆستی پارێزگاری برد (عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا پۆسته‌كه‌ی وه‌رگرت، وه‌كو سه‌ربه‌خۆیه‌ك و به‌ نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ی كورد)و  دواتر جێگری پارێزگاری كەركوك درا بە (راكان جبوری)، پێكهاتەی توركمان پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا وەری نەگرت، كورد ئەم پۆستەشی پڕكردەوەو (رزگار عەلی ) بووە سەرۆكی ئەنجومەن و (رێبوار تاڵەبانی) بە جێگری دانرا.
19 ساڵ دوای یەكەم حكومەتی خۆجێی كەركوك، دووەم حكومەت دروستكرا، حكومەتێك كە كورد تێیدا ئیتر ئەو پێگە بەهێزەی جارانی نییەو ژمارەی لە نوێنەرەكانی لە ئەنجومەنی پارێزگا لە رێژەی 63%ی بۆ كەمتر لە 50% دابەزیوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand