Draw Media

هێشتنەوەی كۆبونەوەی یەكەم بەكراوەیی یاساییە؟

هێشتنەوەی كۆبونەوەی یەكەم بەكراوەیی یاساییە؟

2018-11-06 14:40:27


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان یەكەم كۆبونەوەی خۆی گرێدا، بەڵام نەیتوانی دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێرێت كە پێكدێت لە (سەرۆكی پەرلەمان- جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان- جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان).
سەرۆكی كاتی پەرلەمان كە بەتەمەنترین پەرلەمانتارە، لەسەر داوای فراكسیۆنەكانی (پارتی دیموكراتی كوردستان- یەكێتی نیشتمانی كوردستان- بزوتنەوەی گۆڕان- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان) بەبێ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، كۆتایی بە كۆبونەوەكە هێنا‌و دانیشتنەكەی بەكراوەیی هێشتەوە تا ئەوكاتەی دەستەی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێردرێت.
هەردوو فراكسیۆنی (جوڵانەوەی نەوەی نوێ- كۆمەڵی ئیسلامی) دژایەتی خۆیان بۆ هێشتنەوەی كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمان بەكراوەیی راگەیاند.
رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان هۆكاری سەرەكی هێشتنەوەی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان بوو بە كراوەیی.
نازانرێت لایەنە سیاسییەكان تا چەند هەفتەی تر دەگەنە رێككەوتن، بەڵام تا رێككەوتن نەكرێت، دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان هەر بە كراوەیی دەمێنێتەوە، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێت لە دانیشتنی یەكەمدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، واتە تا رێككەوتنی سیاسی نەكرێت پەرلەمان هەر دانیشتنێك بكات، هەر بە كۆبونەوەی یەكەم ئەژماردەكرێت.


لایەنەكان چی دەڵێن؟
عەلی حەمە ساڵح سەر‌وكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دوای كۆتایهاتنی دانیشتنی پەرلەمان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جێهێشتنی دانیشتنی پەرلەمان بەكراوەیی هیچ خیلافێكی یاسایی نیەو سەرۆكی یەكەم دانیشتن ئەتوانێت دانیشتنەكە بەكراوەیی بهێڵێتەوە.
عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێ: " پەرلەمان بۆ خۆی بە شكاندنی ئەو پەیڕەوی ناوخۆییەی پەسەندی كردووە دەستیپێكردو ناكرێت دانیشتنەكە بەكراوەیی بهێڵدرێتەوە". 
كازم فاروق ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی: سەرۆكی كاتی پەرلەمان گوێی بە پێشنیازی پەرلەمانتارەكان نەداوەو دانیشتنەكەی بەكراوەیی هەڵگرتووە، ئەمەش پێشلێكارییە دژ بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان.


پێشینەیەكى خراپ!
هێشتنەوەی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان بەكراوەیی، پێشینەیەكە كە سەرەتا لە پەرلەمانی عێراقەوە لە ساڵی 2010 دەركەوت، كاتێك زیاتر لە (5) مانگ دانیشتنی یەكەم بەكراوەیی هێڵدرایەوە، بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان، بەڵام ئەوكات دادگای دەستوری عێراق دواجار بڕیاریدا لەسەر ئەوەی هێشتنەوەی دانیشتنی یەكەم بەكراوەیی كارێكی نادەستورییە، بۆیە پەرلەمانی عێراق ئەوكات لەژێر فشاری دادگای دەستوریدا پەلەی كرد‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و كابینەی حكومەت یەكلاكرایەوە.
ئەم نەریتە ساڵی 2013 گواسترایەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان‌و خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی یەكەمی خۆی نزیكەی (6) مانگ بەكراوەیی هێشتەوە.


هێشتنەوەی دانیشتن بەكراوەیی یاساییە؟
ئەگەر لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا هەندێك كێشە هەبوبێت لەبارەی دەستەواژەی كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمان، لەم خولە نوێیەدا تاڕادەیەك تەمومژ نەماوە، چونكە رۆژی 17/7ی ئەمساڵ خولی چوارەمی پەرلەمان بەرلەوەی وادەكەی تەواو ببێت، پەیڕەوێكی ناوخۆی نوێی بۆ پەرلەمان پەسەندكرد، كە تاكە سەرچاوەی یاسایی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی پەرلەمانە.
بەپێی ئەو پەیڕەوە ناوخۆ نوێیە، كە لەبەشی یەكەمدا‌و لە پێناسەكاندا هاتووە، مەبەست لە (دانیشتنی پەرلەمان) برتییە لە " كۆی گشتی ئەو كۆبونەوانەیە كە لە رۆژێكدا دەبەسترێن".
بەپێی بەدواداچوونی (درەو میدیا) بۆ پرۆتۆكۆڵی دانیشتنەكانی خولی چوارەم، ئەم پێناسەیە هیچ دەرفەتێكی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی یاسایبوون یان نایاسایبوونی هێشتنەوەی كۆبونەوەی پەرلەمان بە كراوەیی نەهێشتووەتەوە، چونكە ئەم پێناسەیە بەڕوونی یەكلایكردوەتەوە كە دانیشتنی پەرلەمان دەبێت تەنیا لە یەك رۆژدا بێت، نەك یەك بۆ چەند رۆژ یاخود چەند هەفتە‌و چەند مانگێك درێژبكرێتەوە، مەبەستی (مشرع- یاسادانەر)یش لە وشەی (رۆژێك) هەمان مەبەستە، واتە هێشتنەوەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان بەكراوەیی، كارێكی نایاسایی بوو.


چەند پێشێلكارییەكی تر
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان كە تاكە رێكخراوی چاودێری كارەكانی پەرلەمانە لە هەرێمی كوردستان‌و لە چوار ساڵی رابردوودا راپۆرتی وردی لەسەر هەموو كۆبونەوە‌و بڕیارەكانی پەرلەمان ئامادەكردووە، لەبارەی كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئینستتیوتی پەی دەڵێ" ئەوەی تێبینی كرا لە یەكەم دانیشتنی دەستپێكدا كۆمەڵێك پێشێلكاری لە یاساكان‌و پەیرەوی ناوخۆی پەرلەماندا كراوە".


ئینستتیوتی پەی لەم خاڵانەدا پێشێلكارییەكانی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانی دیاریكردووە:
1-    بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبوایە هەر ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان (سەرۆك‌و هەردوو جێگری یەكەم‌و دووەم) هەڵبژێردرایە، بەڵام جگە لە مەراسیمی سوێندخواردنی پەرلەمانتاران هیچی تر نەكراو دانیشتنەكە بەكراوەیی هێڵدرایەوە، ئەمە لەكاتێكدایە كە بەپێی مادەی یەكەمی پەیرەو دانیشتنی پەرلەمان لە شەو و رۆژێكدایەو ناكرێت دانیشتن بەكراوەیی بهێڵدرێتەوە، ئەمەش یەكەم پێشێلی پەیرەو بوو لەلایەن خولی پێنجەمی پەرلەمانەوە ئەنجامدرا.
2-    بەپێی مادەی (21) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبوایە لیژنەیەك سەبارەت بە دروستی ئەندامێتی ئەندامانی پەرلەمان پێكبهێنرێت، بۆ پێداچوونەوەی ئەو تانانەی لەسەر دروستی ئەندامێتی پێشكەشكراون. ئەمەش پێشێلێكی تری پەیرەو بوو
3-    بەشێك لە پەرلەمانتاران لەساتی سوێندخواردنەكەدا پەیوەست نەبوون بەو دەقە یاساییەی سوێند كە لە مادەی (12)ی پەیڕەودا هاتووە.
4-    لەساتی خستنە دەنگدانی پێشنیاری دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، چەند ئەندامێك ویستیان بە (نقطة نظام) خاڵی پەیڕەوی رای خۆیان دەرببڕن بەڵام لەلایەن سەرۆكی كاتیەوە رێگەیان پێنەدرا، ئەمەش پێشێلی پەیرەو بوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand