ئەمریكا دەیەوێت سەرنجی توركیا لەسەر خۆرئاوا دوربخاتەوە
2018-11-07 13:02:37
ڕاپۆرت: ئارام مەحمود
حكومەتی (ئەنكەرە) لێدوانی جیاواز لەبارەی تەرخانكردنی "پاداشتی دارایی" بۆ ئاشكراكردنی شوێنی (3) سەركردەی (پارتی كرێكارانی كوردستان) لەلایەن (واشنتۆن)ەوە دەدات، جارێك بەچاوی گومانەوە تەماشای دەكات، جارێكیش دەڵێت "ئەرێنیە"و، داوای هەنگاوی كرداری دەكات لە سوریا وعێراق دژ بە (پارتی كرێكاراكانی كوردستان)و (باڵەكانی) سەر بەو پارتە كە مەبەستی (پارتی یەكێتی دیموكراتی_پەیەدە)یە لەخۆئاوای كوردستان.
سەرۆكایەتی كۆمار و وەزارەتی دەرەوە هەڵوێستیان جیاوازە
(ئیبراهیم كاڵن) وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا دوێنێ سێ شەممە لەبایەخی ئەو هەنگاوەی ئەمریكای كەمكردەوەو وتی: توركیا بە "وریاییەوە" دەڕوانێتە ئەو پێشهاتە، هەنگاوەكەی ئەمریكاشی بە " بەدرەنگ وەخت" وەسفكرد، بەڵام وەك خۆی وتی" بەتاڵ نیە لە سود".
لەكاتێكدا، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی (توركیا) لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، (ئەنكەرە) بەچاوی ئەرێنیەوە تەماشای ڕاگەیاندنەكەی (واشنتۆن) دەكات بۆ پێشكەشكردنی پاداشتی دارایی، لەبەرامبەر زانیاری لەسەر (3) ئەندامی پارتی كرێكارانی كوردستان.
ئاماژە بەوەشكردووە: (ئەنكەرە) پێشبینی دەكات (واشنتۆن) پشتیوانی بڕیارێك بكات بۆ گرتنەبەری ڕێوشێنی كرداری لە(سوریا و عێراق)، كە پەیوەیستە بە شەڕ دژی پارتی كرێكاران و باڵەكانی سەر بەو پارتە.
ڕێككەوتنێكی تازەیە
لەدوو ڕۆژی ڕابردودا، (ماسیۆ بالمەر) جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری (خۆرئاوا و ئۆراسیا)، سەردانی (توركیا)ی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەوڵاتە كۆبۆوە.
دوای سەردانی ئەو بەرپرسەی (ئەمریكا بۆ توركیا)، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە (توركیا) لەسەر پێگەی ڕەسمی خۆی لەتۆڕی ئینتەرێت بڵاویكردەوە، وەزارەتی دەرەوەی (ئەمریكا) بڕیاریداوە پاداشتی دارایی ئەو كەسە بكات كە زانیارییەكانی دەبێتە هۆی دیاریكردنی شوێنی (3) سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان كە ئەوانیش (موراد قەرەیڵان) و (جەمیل بایك)و (دوران كاڵكان)ن.
بۆ هێوكردنەوەی ئەنكەرەیە
بەوتەی چاوێران، ئەم هەڵوێستە تازەیەی (ئەمریكا) لەچوارچێوەی هەنگاوەكانی (واشنتۆن) دایە بۆ باشكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ (ئەنكەرە)، بەتایبەت دوای نیگەرانیەكانی (توركیا) لە گەڕانی مەفرەزە هاوبەشەكانی سوپای ئەو وڵاتە و (هێزەكانی سوریای دیموكرات) لەسەر سنوری خۆرئاوای كوردستان، ئەوەش دوای بۆردومانكردنی ڕێڕەوە سنورییەكانی شاری (كۆبانی و گرێ سپی) و ڕاگرتنی پرۆسە سەربازییەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات دژ بە ڕێكخراوی (داعش).
ئەمریكا و توركیا تێڕوانیی جیاوازیان هەیە
لەگەڵ ئەوەی حكومەتی (توركیا) بەردەوام لەهەوڵدایە (ئەمریكا) (یەكینەكانی پاراستنی گەل-یەپەگە) كە بڕبڕەی پشتی (هێزەكانی سوریای دیموكرات)ن وەك بەشێك لە(پارتی كرێكارانی كوردستان)بناسێنێت، بەڵام حكومەتی (واشنتۆن) لەگەڵ ئەوەی (پەكەكە)ی خستۆتە لیستی ڕێكخراوە "تیرۆرستیەكانەوە" لەهەوڵی پێچەوانەی بەردەوامدایە بۆ جیاكردنەوەی (پەكەكە و پەیەدە) و پێدانی شەرعییەت بە پەیوەندیی و هاوكارییەكانی بۆ شەڕڤانانی كورد لەخۆرئاوای كوردستان.
دوێنێ سێشەممە، باڵیۆزخانەی (ئەمریكا) لە (توركیا) ڕایگەیاند: وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بڕیاری داوە پاداشتی دارایی بەبڕی (12) ملیۆن دۆلار ئەو كەسانە بكات كە زانیارییەكانیان دەبێتە هۆی دیاریكردنی شوێنی (3) سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان كە ئەوانیش:
1-(موردا قەرەیڵان) لە بەرامبەریدا (5) ملیۆن دۆلار وەك خەڵات دەساتنیشانكراوە.
2-(جەمیل بایك) لە بەرامبەریدا (4) ملیۆن دۆلار وەك خەڵات دەساتنیشانكراوە.
3-(دوران كاڵكان) لەبەرامبەریدا (3) ملیۆن دۆلار وەك خەڵات دەساتنیشانكراوە.
پێشتر تاقیكراوەتەوە
تا ئێستا (پارتی كرێكارانی كوردستان) بەرامبەر بەم هەنگاوەی ئەمریكا هیچ كاردانەوەو ڕاگەیاندراوێكی بڵاونەكردۆتەوە، بەڵام وەك بەشێك لەچاودێران دەڵێن، لەگەڵ ئەوەی پێشهاتێكی تازەیە لە هەماهەنگی نێوان ئەمریكا و دژایەتیكردنی (پەكەكە)، لەهەمانكاتدا شتێكی تازەنیە بەنیسبەت (پەكەكە) بەوپێیەی ساڵانێكی زۆرە حكومەتی (ئەنكەرە) لیستی (سور)ی كردۆتەوە و پاداشتی ملیۆنان دۆلاری بۆ لەناوبردنی سەركردەكانی (پەكەكە) وەك خەڵات دیاریكردووەو لەوەش زیاتر كردەوەی هەواڵگریشی لەدەرەوەی خاكی خۆی لەدژیان ئەنجامداوە و سەركەوتوونەبووە.