Draw Media

سبەینێ چی روودەدات لە پەرلەمانی كوردستان ؟

سبەینێ چی روودەدات لە پەرلەمانی كوردستان ؟

2018-11-05 12:40:57


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت

سبەینێ 6/11/2018 دانیشتنی یەكەم كۆبونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، بەهۆی ئەوەی تائێستا هەرێمی كوردستان دەستوری نییە، رێوشوێنەكانی بەڕێوەچوونی ئەو كۆبونەوەیە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت كە رۆژی 17/7ی ئەمساڵ پەسەندكرا.
یەكەم كۆبونەوە چۆن بەڕێوەدەچێت؟
بەپێی ماددەی (3)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان " پەرلەمان یەكەم دانیشتنی خۆی لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی هەرێم، لەماوەی (10) رۆژدا، لە رێكەوتنی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردن دەبەستێت، لەكاتی ئاڕاستەنەكردنی بانگهێشتنامەكەدا، پەرلەمان بەشێوەیەكی ئاسایی لەكاتژمێر (12)ی دوای نیوەڕۆی رۆژی دوای ماوەی ئاماژە پێدراو، كۆدەبێتەوە".
واتە بەپێی پەیڕەوەكە مافی بانگهێشتكردنی پەرلەمان بۆ سازدانی یەكەم دانیشتنی خولی نوێ لەدەستی سەرۆكی هەرێمدایە، بەهۆی هەڵپەساردنی دەزگای سەرۆكایەتی هەرێم بە یاسایەك، ئەنجومەنی دادوەری لەبری سەرۆكی هەرێم رۆژی یەكشەممە بانگهێشتی پەرلەمانتارانی كرد بۆ سازدانی یەكەم دانیشتنی خولی نوێ، چونكە بەپێی یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم دەسەڵاتی بانگهێشتكردنی بۆ یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دراوە بۆ دەسەڵاتی دادوەری.
دەسەڵاتی بانگهێشتكردن بۆ سازدانی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دەسەڵاتێكی تەشریفاتییە، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئەگەر سەرۆكی هەرێم یاخود دەسەڵاتی دادوەری كە ئێستا ئەو دەسەڵاتەی وەرگرتووە، بانگهێشتی دانیشتنی پەرلەمانیش نەكات، ئەوا پەرلەمان بەبێ بانگهێشتكردن دەتوانێت رۆژێك دوای ئەو وادەیەی كە بۆی دیاریكردووە كۆبونەوەی خۆی گرێبدات.
هەموو كۆبونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان بە دانیشتنی یەكەمیشەوە پێویستی بە (نیساب)ی یاسایی هەیە، واتە لە كۆی (111) پەرلەمانتار دەبێت (56) پەرلەمانتار ئامادەی ساتی كردنەوەی دانیشتەكە بن.
سەرباری ئەوەی ژمارەیەك لایەنی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تائێستا نیگەرانن لە ئەنجامەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام هیچ لایەنێك ئاماژەی بەوە نەكردووە كە سبەینێ بەشداری یەكەم دانیشتنی پەرلەمان ناكات.
بەهۆی ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و هاوپەیمانەكانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان زۆرینەن، پێشبنی ناكرێت سبەینێ هیچ كێشەیەكی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان دروست ببێت.
كێ سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتن دەكات؟
بەگوێرەی بڕگەكانی ماددەی (11)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان" پەرلەمان دانیشتنی یەكەمی خۆی بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی ئامادەبوو، دەبەستێت" كە پێشی دەوترێت (رئیس السن) واتە (پیرە سەرۆك).
بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی ئامادەبوو لەلایەن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە بانگهێشتدەكرێت‌و دەبێتە سەرۆكی یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان.
ئەركی پیرە سەرۆك بریتییە لە:
•    بەڕێوەبردنی دانیشتنی یەكەم
•    ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی

پیرە سەرۆك كێیە؟
بەگوێرەی ئەو ئەنجامانەی كە كۆمسیۆن هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی خولی نوێی پەرلەمان كاندیدێكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانە بە ناوی (رێڤنگ محەمەد محەمەد عەلی)، كە لەدایكبووی (7/1/1951)ی قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دهۆكە.
رێڤنگ محەمەد كە بە "رێڤنگ هروری"ناسراوە، بە (13 هەزارو 312) دەنگ سەركەوتووە بۆ پەرلەمان.
پیرە سەرۆك خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە هونەرداو پێشتر بەرپرسی رێكخراوی خێرخوازی بارزانی بووە‌ لە دهۆك و دواین كاری حزبیشی كارگێڕی لقی یەكی پارتی بووە.
لەیەكەم دانیشتندا چی دەكرێت؟
بەپێی ماددەی (12)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان لەیەكەم دانیشتنی خولی نوێدا كارەكان بەمشێوەیە بەڕێوەدەچن:
•    سەرۆكی یەكەم دانیشتن لەبەردەم پەرلەماندا سوێندی یاسایی دەخوات
•    كاندیدە هەڵبژێردراوەكان لەبەردەم پەرلەماندا سوێندی یاسایی دەخۆن
•    سوێندخواردنی سەرۆكی یەكەم دانیشتن‌و كاندیدە هەڵبژێردراوەكان بەمشێوەیە دەبێت: " بەخودای گەورە سوێند دەخۆم، كە بەرژەوەندی گەلی كوردستان‌و یەكێتی خاك‌و گەل‌و شكۆو ماف‌و ئازادییەكانی هاوڵاتیان‌و سامانی گشتیی بپارێزم‌و ئەركی ئەندامێتی بەراستیی‌و دڵسۆزییەوە جێبەجێ بكەم".
•    هەر كاندیدێكی هەڵبژێردراو بەناوەڕۆكی دەقی ئەو سوێندە یاساییەوە پابەند نەبێ دەبێت سوێندەكەی دووبارە بكاتەوە
•    لە رێكەوتی سوێندخواردنی یاساییەوە، كاندیدی هەڵبژێردراو دەبێتە ئەندام‌و بە دەستبەكار ئەژماردەكرێت‌و گشت مافێكی ئەندامێتی دەبێت‌و هەموو ئەركەكانی ئەندامێتی دەكەوێتەئەستۆ
•    ئەگەر كاندیدێكی هەڵبژێردراو بەبێ پاساوی رەوا، لەدانیشتنی یەكەمەوە بۆ ماوەی (30) رۆژ سوێندی نەخوارد، مافی سوێندخواردنی یاسایی نامێنێت، واتە ئەندامێتی لەدەستدەدات
دەستەی سەرۆكایەتی چۆن هەڵدەبژێردرێت؟
بەهۆی ئەوەی تائێستا هیچ رێككەوتنێكی كۆتایی لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكانەوە لەنێوان لایەنە بەشدارەكانی هەڵبژاردن نەكراوە، دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان بەكراوەیی دەهێڵریًَتەوە‌و تێیدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵنابژێردرێت كە پێكدێت لە:
•    سەرۆكی پەرلەمان
•    جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان
•    جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان

بەڵام بەگوێرەی ماددەی (14)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پەرلەمان بەزۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامان‌و بەدەنگدانی نهێنی‌و راستەوخۆ دەستەی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان بەم رێكارانە هەڵدەبژێرێت:
•    سەرۆكی یەكەم دانیشتن (پیرە سەرۆك) دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتی دەكاتەوە
•    داوا لە پاڵێوراوان دەكات، خۆپاڵاوتنیان رابگەیەنن‌و دواتر دەرگای خۆپاڵاوتن دادەخات‌و پرۆسەی هەڵبژاردن دەستپێدەكات
•    بەپێی پیتەكانی (ئەلفبێ) داوا لە ئەندامان دەكات بۆ پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتی، بەجیا دەنگ بۆ پاڵێوراوەكان بدەن
•    ئەندام ناوی پاڵێوراوی خوازیاری خۆی بۆ هەریەك لە پۆستەكان لەسەر پسوڵەیەكی تایبەت بەو هەڵبژاردنە دەنوسێت‌و بەدەستی خۆی دەیخاتە ناو سندوقی تایبەت بەو پۆستە
•    سەرۆكی یەكەم دانیشتن كۆتایهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن رادەگەیەنێت‌و داوا لە دوو لاوترین ئەندام دەكات بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكان بەسەرپەرەشتی خۆی
•    ئەگەر ژمارەی دەنگەكانی دوو ركابەر یان زیاتر، بۆ هەریەك لە پۆستەكان یەكسان بوو، پرۆسەی دەنگدان دووبارە دەكرێتەوە، ئەگەر دیسان ژمارەی دەنگەكان یەكسان بوو، بەتیروپشك پۆستەكە بۆ یەكێك لە پاڵێوراوەكان یەكلادەكرێتەوە
•    ئەگەر بۆ هەریەك لە پۆستەكان تەنیا یەك پاڵێوراوی بێ ركابەر هەبوو، سەرۆكی یەكەم دانیشتن راستەوخۆ بە ناوهێنان، پاڵێوراوەكە بۆ پۆستەكە بە سەركەوتوو رادەگەیەنێت
•    سەرۆكی یەكەم دانیشتن ئەنجامی دەنگدان بۆ ئەندامان ئاشكرادەكات‌و داوا لە دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردراو دەكات بچنە جێگای تەرخانكراوی خۆیان
لێرەدا ئیتر كاری پیرە سەرۆك كۆتایی دێت‌و كۆتایی بە یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمانیش دێت، تەنانە ئەگەر ئەو كۆبونەوەیە ماوەی چەندین مانگیش بخایەنێت.


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand