Draw Media

 دیموكراتەكان دوای (8)ساڵ دەبنەوە بەزۆرینە لەپەرلەمان

 دیموكراتەكان دوای (8)ساڵ دەبنەوە بەزۆرینە لەپەرلەمان

2018-11-07 10:11:41


ڕاپۆرت: ئارام مەحمود
ئەنجامە سەرەتاییە ناڕەسمییەكانی "هەڵبژاردنی تازەكردنەوەی نیوەیی" لەئەمریكا، كە لە میدیاكانی ئەووڵاتە بڵاوبۆتەوە، دەریدەخەن، دیموكراتەكان تائێستا (221) كورسی (ئەنجومەنی نوێنەران)یان بەدەستهێناوە، لەبەرامبەردا كۆمارییەكان (199) كورسییان بەدەستهێناوە، بەڵام لە (ئەنجومەنی پیران) ئەنجامەكە لەبەرژوەندی كۆمارییەكان (51) كورسی بەرامبەر (45) كورسی بۆ دیموكراتەكان.
تۆڕی هەواڵی (ئێن، بی ، سی) ئەمریكی پێشبینی دەكات، دوای جیاكردنەوەی تەواوی دەنگەكان و ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی، كورسی دیموكراتەكان لەئەنجومەنی (نوێنەران) بگاتە (229) كورسی، لەبەرامبەر (206) كورسی بۆ كۆمارییەكان، لەكاتێكدا (219) كورسی بەسە بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە لە ئەنجومەنی نوێنەران.
پێشتریش تۆڕی هەواڵی (فۆكس نیوز) بڵاویكردەوە، دیموكراتەكان بەرەو بردنەوەو  بەدەستهێنانی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران هەنگاو دەنێن لە (هەڵبژاردنی نیوەیی) كۆنگرێسی ئەمریكا. 
گەڕانەوەی هەژمونی دیموكراتەكان بەسەر ئەنجومەنی نوێنەران و بردنەوەی زۆرینەی پەرلەمانیی لەكاتێكدایە ماوەی (8) ساڵ بوو ئەو پارتە زۆرینەی پەرلەمانیی لەدەستدادبوو، سەركەوتنی ئەمجارەش بە لێدانی "زللەیەكی بەهێز" لەسەرۆكی ئەمریكا و سیاسەتەكانی دادەنرێت كە پێشبینی دەكرێت لەئایندەیەكی نزیكدا ڕوبەڕوی ئاستنەگی گەورەبێتەوە لەئەنجومەنی نوێنەران. 
پێش "هەڵبژاردنی تازەكردنەوەی نیوەیی" هاوكێشەی هێزەكان لەهەردوو ئەنجومەنەكەی كۆنگرێسی ئەمریكا بەمشێوەیە بووە.
•    لەكۆی (435) كورسی ئەنجومەنی نوێنەران، كۆمارییەكان كە پارتەكەی سەرۆكی ئەمریكا (دۆناڵد ترەمپ)ە، (236) كورسیان هەبوو، لەبەرامبەر دیموكراتەكان (193) كورسیان هەبوو.
•    لەئەنجومەنی پیران كە ژمارەی كورسیەكانی (100) كورسییە، كۆمارییەكان (51) كورسیان هەبوو، لەبەرامبەردا دیموكراتەكان (47) كورسیان هەبوو.

(دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئەمڕۆ لەتویتێكدا هەڵبژاردنەكەی بەسەركەوتنێكی گەورە وەسفكرد. 
هاوكات (نانسی بیلوسی) سەركردەی دیموكراتەكان لەئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند" دیموكراتەكان ئەم سەركەوتنە و بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانیی دەخەنە خزمەتی جێبەجێكردنی خشتەیەكی كار كە جێی ڕەزامەندی هەردوو پارتەكە بێت، لەوڵاتێك كە زۆری بەدەست دابەشبونەوە چەشتووە". 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand