Draw Media

فشارەكانی هەسەدە بۆ سەر ئەمریكا بەرهەمی هەبوو

فشارەكانی هەسەدە بۆ سەر ئەمریكا بەرهەمی هەبوو

2018-11-05 09:41:37


راپۆرتی: ئارام مەحمود 
وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی ڕایانگەیاند، ئۆتۆمبیلە سەربازییەكانی سوپای (ئەمریكا) لەڕێی گەڕان بەناوچە سنورییەكانی باكوری خۆرهەڵاتی (سوریا) و نزیك سنوری (توركیا)، چاودێری دۆخی ئەمنی ناوچەكە دەكەن، ئەوەش دوای هێرشەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوی سوپای (توركیا) دێت بۆ سەر ئەو ناوچانە.     
ناوچە سنورییەكانی باكوری خۆرهەڵاتی سوریا (خۆرئاوای كوردستان) كەلەژێر دەستی (هێزەكانی سوریای دیموكرات)دایە و لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێت، بەشێوەیەكی بەردەوام لەدۆخێكی ئاڵۆزدایە ئەوەش بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەكانی (ئەنكەرە) بەئەنجامدانی هێرشی سەربازی و بۆردومانكردنی ئەو ناوچانە و پەلارماردانی (یەكینەكانی پاراستنی گەل) كە بە بڕبڕەی پشتی (هێزەكانی سوریای دیموكرات) دادەنرێت.
ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی بڵاویكردۆتەوە، پەیامنێرەكەی لەناوچەی (دەرباسییە)ی هاوسنوری (توركیا) كەدووترین خاڵی پارێزگای (حەسەكەیە)ە، "مەفرەزەیەكی سوپای (ئەمریكا)ی بینیوە، كە پێكهاتبون لە سێ‌ (ئۆمبیلی گولەنەبڕ) و ژمارەیەك سەربازی (ئەمریكی)یان تیادابووە، كە بەرگی سوپای (ئەمریكا)یان لەبەردابووە و ئاڵای ئەو وڵاتەش بە بەسەر ئۆتۆمبیلەكانەوە بووە. 
هاوكات (شۆن ڕاین) وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گەڕانی مەفرزە سەربازییەكانی سوپای (ئەمریكا)ی  لەو ناوچانە بەشێوەیەكی نا ڕێكخراو  بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی تەئكیدكردۆتەوە كە پەیوەیستە بە پێشهاتە مەیدانییەكان لەو ناوچانە.
بەگوێرەی سەرچاوەكە، لەڕۆژی هەینی ڕابردوەوە ئەوە دووەم مەرفرەزەی سوپای ئەمریكایە كە لەو ناوچەیە دەگەڕێت و چاودێری دۆخەكە دەكات. 
(مستەفا بالی) وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەئاژانسەكەی ڕاگەیاندووە، بڕیارە گەڕانی یەكەكانی  سوپای ئەمریكا بەدرێژایی ئەوسنورە بێت  تا دەگاتە شاری (سەرێ‌ كانی) كە (50) كیلۆمەتر لە خۆرئاوای (دەرباسییە) دوورە، تەئكیدیشی كردوە" گەڕانی سوپای ئەمریكا لەو ناوچانە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەهەڕەشەكانی توركیا و ئامانجی گەیاندنی ئەو پەیامەیە بەتوركیا كە دەست لەدوژمنكارییەكانی هەڵبگرێت". 
بەهۆی بۆردومانەكانی ئەم دواییەی سوپای (توركیا)  بۆ سەر ناوچە سنورییەكانی هەردوو شاری (كۆبانی و گرێ‌ سپی) چوار شەڕڤانی (یەكینەكانی پاراستنی گەل)كوژران.
حكومەتی (ئەنكەرە)بەشێوەیەكی بەردەوام هەڕەشەی ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازی دەكات دژی (هێزەكانی سوریای دیموكرات) لەشاری (منبج) و ناچەكانی تر، دوای داگیركردنی شاری (عفرین) بەهاوكاری گروپە چەكدارە توندەڕەوە سورییەكانی هاوپمانی، كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن.  
لەكاردانەوەی هێرشەكانی ئەمدواییەی سوپای (توركیا)، سەرەتای ئەم هەفتەیە (هێزەكانی سوریای دیموكرات) پرۆسە سەربازییەكانیان دژ بە ڕێكخراوی (داعش) بەشێوەیەكی كاتی ڕاگرت و ڕایانگەیاند، گەر حكومەتی توركیا بەردەوامبێت لەسەر پەلامارەكانی، ئەوا بەشێوەیەكی هەمیشەیی پرۆسە سەربازییەكاینان دژ بە(داعش) ڕادەگرن، وەك دروستكردنی جۆرێك لەفشار لەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تا سنورێك بۆ پەلامارەكانی (توركیا) دابنێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand