عەبدولمەهدی لە دەریایەك كێشەدا غەرق دەبێت
2018-11-06 08:40:02
ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود
لەجیاتی پەرلەمان، (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراق، چاوی لە مەرجەعەیەتی نەجەفە بێتە سەرخەت و لەقەیرانی وەزارەتە پڕنەكراوەكان و ململانێ هێزە سیاسیەكان قوتاری بكات، بەڵام پێناچێت كێشەكەی هەر ئەوەندە بێت، سێ وەزیری كابینەكەی كە تازە متمانەیان وەرگرتووە، دوانیان بەتۆمەتی ئەندامبون لەحزبی (بەعس) و یەكێكیشیان لەڕێكخراوی (قاعیدە)، هەڕەشەی دورخستنەوەیان لەسەرە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیا عێراقییەكاندا بڵاوكراونەتەوە، ئەو وەزیرانەی هەڕەشەی سەندنەوەی متمانەیان لەسەرە ئەمانەن:
١_(نەعیم ئەلروبیعی ) وەزیری پەیوەندییەكان ، بەتۆمەتی ئەندامبون لەحزبی بەعس.
٢_(بەنگین ڕێكانی) وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن، بەتۆمەتی ئەندامبون لەحزبی بەعس.
٣_ (ئەحمەد ئەلعوبەیدی) وەزیری وەرزش و لاوان، بەتۆمەتی ئەندامبون لەڕێكخراوی قاعیدە.
ئەوە لەكاتێكدایە هەندێك سەرچاوە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەكەن، پەرلەمانتارەكانی هاوپەیمانی (بونیاتنان) سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیارین لەسەر دوو وەزیری كابینەكەی عەبدولمەهدی كە یەكێكیان (سیادییە) و ئەوی دیكەشیان (خزمەتگوزراییە) و تۆمەتی"گەندەڵی دارایی و كارگێڕی"یان لەسەرە و بەنیازن دوای بانگهێشتكردنیان بۆ پەرلەمان متمانەیان لێبسەننەوە.
لەكۆی پێنج وەزارەتە سیادییەكەی عێراق تەنها سیانیان پڕكراونەتەوەو وەزارەتەكانی (ناوخۆ و بەرگریی)یش بەبەتاڵی ماونەتەوە، ئەوانیش كێشەیەكی زۆریان بەدواوەیە.
كاندیدەكانی بەرگری و ناوخۆش گومانیان لەسەرە!
بەپێی بەلگەنامەیەك كە لەمیدیا عێراقیەكان بڵاوبۆتەوەو بە بەڵگەنامەی دەستەی لێپرسینەوەو دادپەروەی ناودەبرێت، هەردوو كاندیدەكەی (وەزارەتی بەرگریی)، فەریقی فرۆكەوان (فەیسەڵ جەربا) و لیوا روكن (هشام ئەلدەراجی) كە كوتلە سیاسەكاندایە شەڕێكی توندیان لەسەریان دەكەن، سەر بە حزبی هەڵوەشاوە بوون.
هەر لەو چوارچێوەیەدا (كەریم نوری) سەركردە لەڕێكخراوی (بەدر) كە (هادی عامری) سەرۆكایەتی دەكات، لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، (فالح فەیاز) كاندید بۆ وەرگرتنی وەزارەتی (ناوخۆ) لەسەردەمی رژێمی پێشودا زیندانی سیاسی بووە، بەڵام پێش تەواوكردنی وادەی حوكمەكەی ئازادكراوە، بەهۆی پەیوەندییە خێزانییەكان و ئەو پەیوەندییانەی لەو سەردەمەدا ئەنجامدراوە بۆ ئازادكردنی.
كاندیدەكانی تریش وەزعیان شڕە
سەبارەت بەكاندیدەكانی تریش، سەدرییەكان و سوننەكان بەتوندی (ئەسما سالم) بۆ وەرگرتنی وەزارەتی داد ڕەتدەكەنەوە، بەپاساوی ئەوەی "تەمەنێكی كەمی هەیەو ساڵی ٢٠١٥ كۆلیژی یاسای تەواوكردووە، لەپێكهاتەی (كریستیان)یشە، لەكاتێكدا وەزارەتی داد پێویستی بە دادوەرێكی پسپۆڕو بەتەمەن هەیە، وێڕای ئەوەی زۆربەی ئەو یاسایانەی وەزارەتی داد لێی بەرپرسیارە یاسای ئیسلامین".
ناوەندە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەكانیش كاندیدكردنی (حەسەن ئەلروبێعی) كاندیدی (عەسائبی ئەهلی حەق) بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕەتدەكەنەوەو، دەڵێن لەگەڵ ئەوەی هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە بەڵام بەشێك نیە لەناوەندی ڕۆشنبیری، وێڕایی ئەوەی كاندیدی گروپێكی چەكدارە بۆ ئەوپۆستە، سەدرییەكانیش كە بەهێزترین كوتلەی پەرلەمانین سەرنجیان لەسەری هەیە ، بەهەمان شێوە لەسەر (قوسەی سوهەیل)یش كە كاندیدی وەزارەتی (خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستییە)، چونكە ئەم دوانە پێشتر سەربە ڕەوتی سەدر بوون و وازیانهێناوە.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان وپارتی دیموكراتی كوردستانیش بەشێكن لەگەرمكردنی ئەم شەڕە، پارتی هێشتا سورە لەسەر بێبەشكردنی یەكێتی و بەنیازی وەرگرتنی پۆستی وەزیری (كۆچ و كۆچبەران)ە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "درەومیدیا" كەوتووە، یەكێتی لەهەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی وەزارەتی (داد)یە و نزیكیشبۆتەوە لەوەرگرتنی.
عەبدولمەهدی ئەڕوات یان لەكاری دەخەن؟
لەگەڵ ئەوەی زۆربەی وەزارەتە پڕ نەكراوەكان ململانێیەكی توندییان لەسەرە، پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانی ئەو (٨) وەزارەتەی ماوە، وەك ئەگەرێك باس دەكرێت لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، لانی كەم چوار بۆ پێنج وەزارەتیان تێپەڕێت، خۆ ئەگەر كار وا بڕوات و حكومەتەكەی (عادل عەبدولمەهدی) لەبری متمانە وەرگرتن بەو وەزیرانەی ماون، وەزیرە متمانە پێدراوەكانی لەكاربخرێن، ئەوا پێویست ناكات ئەمجارە (عەبدولمەهدی) دەست بەگیرفانیدا بكات و دەستلەكاركێشانەوەی حازر دەربهێنرێت، چونكە بەر لەوە حكومەتەكەی دەڕوخرێت و خۆشی دور دەخرێتەوە، كە ئەمەیان ئەگەرێكی دوورەو عێراق بەرەو گێژاوێكی گەورە دەبات.
هەندێك لەئاگایانی دۆخی عێراق پێیانوایە، ئەو جموجۆڵەی بۆ خستنی هەندێك وەزیرەكانی كابینەكەی (عەبدلمەهدی) لەئارادایە، لەچوارچێوەی چڕكردنەوەی فشارەكاندایە لەسەر سەرۆك وەزیران لەپێناو دەستكەوتی سیاسی و وەرگرتنی یەكێك لەو وەزارەتانەی تائێستا پڕنەكراونەتەوەو، خستنەڕووی دۆسیەی وەزیرەكان و تۆمەتباركردنیشیان، بەشێكە لەو ململانێیە.