Draw Media

ئەمریكا بەخشش دەدات بۆ دۆزینەوەی سێ سەركردەی پەكەكە

ئەمریكا بەخشش دەدات بۆ دۆزینەوەی سێ سەركردەی پەكەكە

2018-11-06 17:04:17


( درەو میدیا):
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەندین ملیۆن دۆلاری وەك خەڵات دیاریكردووە لەبەرامبەر زانیاری كە ببێتە هۆی دەستگیركردنی سێ‌ سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە".
باڵیۆزخانەكە دەڵێت:" ئەمریكا 5 ملیۆن دۆلاری بەرامبەر بە زانیاری بۆ دەستگیركردنی موراد قەرەیلان و 4 ملیۆن دۆلار بۆ جەمیل بایك و 3 ملیۆن دۆلاری بۆ دوران كاڵكان دیاریكردووە".
ئەمەش دوای سەردانی ماتیۆ پاڵمەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دێت بۆ ئەنكەرە.

ماتیۆ لەو بەیاننامەیەدا كە سایتی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە توركیا بڵاویكردوەتەوە دەڵێت:" زۆر دڵخۆش بوووم بە یەكەم سەردانم بۆ ئەنكەرە لەو كاتەوەی پۆستی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكام بۆ كاروباری ئەوروپا و ئۆراسیا وەرگرتووە و لەم سەردانەدا چاوم بە چەند بەرپرسێكی باڵای حكومەتی توركیا كەوت لەگەڵ سەرمایەداران، ئەندامانی پەرلەمان و بیروڕامان دەربارەی چەند پرسێكی جێگی بایەخی هەردوولا ئاڵوگۆڕكرد."
ماتیۆ دەشڵێت:" ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوكاری توركیای هاوپەیمانمان لە ناتۆ لە بواری نەهێشتنی تیرۆردا بەرزدەنرخێنین و لە چوارچێوەی سەردانەكەمدا خۆشحاڵم كە پرۆگرانی خەڵاتەكان لە پێنداوی دادپەروەریی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیەنم كەسێ‌ سەركردەی دیاری رێكخراوی تیرۆریستی پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە" بە ئامانج دەگرێت و ئیدارەی ئەمریكا لە بەرامبەر دەستكەوتنی زانیاری كە ببێتە خۆی دیاریكردنی شوێنی سەركردە باڵاكانی پەكەكە: موراد قەرەیلان دەگاتە 5 ملیۆن دۆلار،  جەمیل بایك دەگاتە 4 ملیۆن دۆلارن دوران كاڵكان دەگاتە 3 ملیۆن دۆلار  تەرخاندەكات".

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand