سبەینێ ئەمریكییەكان دەنگ دەدەن
2018-11-05 17:27:40
ڕاپۆرت: ئارام مەحمود
سبەینێ سێ شەممە (6) ی تشرینی دووەم، ئەمریكییەكان ڕوو لەسندوقەكانی دەنگدان دەكەن بۆ بەشداریكردن لە "هەڵبژاردنی تازەكردنەوەی نیوەیی" كە هەردوو ساڵ جارێك بەڕێوەدەچێت و خۆی لەزنجیرەیەك پرۆسەی هەڵبژاردندا دەبینێتەوە لەسەر هەردوو ئاستی نیشتمانی و ناوخۆیی (ویلایەتەكان و هەرێمەكان) و زیاتر وەك جۆرێك لە ڕاپرسیشی لێدێت بۆ بڕیاردان لەسەر حوكمی دوو ساڵی ڕابردووی سەرۆكی ئەمریكا لەڕێی پاداشتكردنی حزبەكەی یان سزادانی و پاراستنی زۆرینە یان لەدەستدانی لەیەكێك لەئەنجومەنەكانی كۆنگرێس (ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران) یان هەردووكیان پێكەوە.
ئەمریكییەكان لەم هەڵبژادنەدا ڕوخساری نوێی كۆنگرێسی ئەمریكا و نیوەی دووەمی ولایەتی (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ڕەنگدەكەن، دیموكراتەكان هەوڵی وەرگرتنەوەی زۆرینەی دەدەن لەكۆمارییەكان لەیەكێك لەئەنجومەنەكانی كۆنگرێس ( ئەنجومەنی پیران یان ئەنجومەنی نوێنەران) یاخود هەردووكیان پێكەوە.
دەنگدەران لە "هەڵبژاردنی تازەكردنەوەی نیوەیی" دا، دەنگ بۆ 35 كورسی ڕیپێدراو لەئەنجومەنی پیران و 435 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران و 36 حاكمی نوێ بۆ ویلایەتەكان دەدەن.
هەڵبژاردنی نیوەیی چییە؟
هەڵبژاردنی نیوەیی هەڵبژاردنە بۆ دیاریكردنی ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنی كۆنگرێس (ئەنجومەنی پیران و نوێنەران)، لەهەندێك لەویلایەتەكانیش دەنگ بۆ هەڵبژاردنی حاكمی نوێ دەدرێت، ئەو هەڵبژاردنە بە"نیوەیی" ناودەبرێت چونكە دوای نیوەی ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆكی ویلایەتەیە كگرتوەكانی دێت.
كورسیە ڕێپێدراوەكان لەئەنجومەنی پیران كامانەن؟
كۆمارییەكان خاوەنی زۆرینەیەكی لاوازن لەئەنجومەنی پیران كە (51) كورسیە بەرامبەر (47) كورسی دیموكراتەكان و دوو كورسی سەربەخۆكان.
هەڵبژاردنی نیوەیی بۆ (9)كورسی كۆمارییەكان لەئەنجومەنی پیران و دوو كورسی سەربەخۆ و 24 كورسی دیموكراتەكان بەڕێوەدەچێت، ئەوەش مانای ئەوەیە دەرفەتی پارێزگاریكردنی كۆمارییەكان لەزۆرینەكەیان زیاترە لە لەدەستدانی.
كورسیە ڕێپێدراوەكان لەئەنجومەنی نوێنەران كامانەن؟
لەئەنجومەنی نوێنەران، كۆمارییەكان خاوەنی زۆرینەیەكی (236) پەلەمانتارن بەرامبەر بە (193)پەرلەمانتاری دیموكراتەكان، لەگەڵ بونی (6) كورسی بەتاڵ.
دیموكراتەكان كە هەوڵی زۆرینە دەدەن لەئەنجومەنی نوێنەران پێویستیان بە لانی كەم بەدەستهێنانی (218)كورسییە، ئەوەش درەفەتێكی باشتری بۆ ڕەخساندون، چونكە هەڵبژاردن بۆ سەرجەم كورسیەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت.
كاریگەری هەڵبژاردنی نیوەیی لەسەر ترەمپ چییە؟
ئەو حزبەی زۆرینەی كۆنگرێس بەدەستبهێنێت ململانێ لەسەر هەندێ لەیاسا گرنگەكان یەكلادەكاتەوە، لەگەڵ هەندێك لەسیاسەتەكانی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كە دیموكراتەكان دژین و كۆمارییەكانیش پشتیوانی جێبەجێكردنی دەكەن.
سەركەوتنی كۆمارییەكان لەم هەڵبژاردنەدا نیوەی دووەمی حوكمی ویلایەتەكەی ترەمپ زۆر ئاسان دەكات، كە دەرچەیەكی باش دەبێت بۆ جێبەجێكردنی هەندێك لەیاساكان، لەنمونەی توندكردنەوەی یاساكانی كۆچ.
خراپترین ئەگەرەكان
سیناریۆی "مۆتەكە" بۆ سەرۆكی ئەمریكا، خۆی لەسەركەوتنی دیموكراتەكاندا دەبینیتەوە، دواتریش لەكارخستنی لەپۆستی سەرۆكایەتی، كە ئەگەرێكی دوور نیە.
بەڕای (رودی غیلیانی) پارێزەری تایبەتی ترەمپ"هەڵبژاردنی نیوەیی خۆی لە دورخستنەوەو مانەوەی ترەمپ دا دەبینێتەوە" ڕاشیگەیاندووە"ڕێوشێنەكانی دورخستنەوە دەستپێدەكات ئەگەر دیموكراتەكان ببنە زۆرینە لەئەنجومەنی نوێنەران".
ئەگەر دیموكراتەكان كۆنتڕۆڵی كۆنگرێس بكەن، چاوەڕوان دەكرێت ڕوبەڕوی كۆمەڵێك یاسا ببنەوە كە ترەمەپ هەوڵی جێبەجێكردنیان دەدات كە دیارترینیان بەدەستهێنانی پارەیە بۆ دروستكردنی دیواری جیاكەرەوە لەگەڵ (مەكسیك) و ڕەتكردنەوەی ئەو سیستمە تەندروستیەی (باراك ئۆباما) داینا.
سەرچاوە: ئاژانسەكان