سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران چین؟
2018-11-05 11:12:12
راپۆرتی : ئارام مەحمود
ئەمڕۆ چەردەی دووەمی سزاكانی (ئەمریكا) بۆ سەر (ئێران) چوونە بواری جێبەجێكردن، كەسێكتەرەكانی وزە و دارایی و گواستنەوەی ئاویی كردۆتە ئامانج.
(حەسەن ڕۆحانی) سەرۆكی (ئێران) لە وتەیەكدا كە ئەمڕۆ تەلەفیزیۆنی وڵاتەكەی بڵاویكردەوە ڕایگەیاند" ئێران نەوتەكەی دەفرۆشێت و سزاكان دەشكێنێت كە سەرلەنوێ ویلایەتە یەكگرتووەكانی بەسەریدا سەپاندویەتی".
(مایك پۆمپیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، ئەو سزایانەی وڵاتەكەی بەسەر (ئێران)دا سەپاندویەتی، (600) كەسایەتی و كۆمپانیای بواری دارایی دەگرێتەوە.
(پۆمپیۆ) لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی (فۆكس نیوز)ی ئەمریكی وتیشی" ئەو سزایانە ئێران لەبازاڕی نەوت دادەبڕێت" هاوكات ئاماژەی بەوەشدا" گەلی ئێران لەو سزایانە زەرەر مەند نابێت".
لەبارەی وردەكاری ئەو جیاكارییەی (واشنتۆن) بۆ ئەو (8) وڵاتەی كردووە بەردەوامبن لەكڕینی نەوتی (ئێران)، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەبێئەوەی ناوی ئەو وڵاتانە ئاشكرابكات وتی: ئەو جیاكاریی و لێخۆشبونە بۆ ماوەی (6) مانگە و ئەو وڵاتانەی ڕێگەیان پێدراوە دەتوانن نەوتی (ئێران) بكڕن، بەو مەرجەی ئەو پارەیەی نەوتەكەی پێدەكڕدرێت بخرێتە حسابێكی زامنكراوە (لایەنی سێیەم دەسەڵاتی هەبێت بەسەریدا).
تەئكیدی كردووە، حكومەتی (تاران) دەتوانێت ئەوپارەیەی لەفرۆشی نەوت دەستیدەكەوێت لەچوارچێوەی پێویستی مرۆیی دیاریكراودا خەرجبكات.
سزا نوێكان ڕێگە لە (ئێران) دەگرێت دۆلاری ئەمریكی لەكاری بازرگانیدا بەكاربهێنێت، ئەوەش بە گورزێكی " گورچكبڕ" دادەنرێت بۆ هەناردەكردنی نەوتی (ئێران) كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی ئەو وڵاتەیە.
پێشبینی دەكرێت سزاكان كاریگەری لەسەر وڵاتانی تریش دابنێت، حكومەتی (واشنتۆن) سزا بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنێت كە پابەندنابن بەسزاكان و بەردەوام دەبن لەئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ (ئێران).
قۆناغی یەكەمی سزاكان
* قەدەغەكردنی ئاڵوگۆڕ بەدۆلار لەگەڵ حكومەتی ئێران، لەگەڵ قەدەغەكردنی مامەڵەی بازرگانی بە كانزا بەنرخەكان و بەتایبەتیش ئاڵتون و سزادانی ئەو دامەزراوە و حكومەتانەی مامەڵە بە (ڕیاڵ)ی ئێران و مامەڵە بانكییەكان لەگەڵ (ئێران).
* قەدەكردنی هاوردە یاخود كڕینی لیستێك لەكانزاكانكە دیارترینیان (ئەلەمنیۆم و ئاسن و پۆڵا)یە، لەگەڵ سەپاندنی بەربەست بەسەر كەرتی دروستكردنی ئۆتۆمبیل و فەرش لە(ئێران).
*قەدەغەكردنی هاوردەو هەناردەی تەكنەلۆژیای پەیوەست بەر بەرنامەی پیشەسازی كە بەدوو هەردوو مەبەستی مەدەنی و سەربازی بەكاردێت.
قۆناغی دوەمی سزاكان
*سەپاندنی سزا بەسەر ئەو كۆمپانیایانەی ئیدارەی بەندەرەكانی ئێران دەدەن، لەگەڵ ئەوكۆمپانیایانەی لەبواری گواستنەوەی ئاویی و دروستكردنی كەشتی كاردەكەن.
*سەپاندنی سزای گشتگیر بەسەر كەرتی وەزی ئێران و بەتایبەت كەرتی نەوت.
*سەپاندنی سزا بەسەر بانكی ناوەندیی ئێران و مامەڵە داراییەكانی.
مەرجەكانی ئەمەریكا بۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران
1- رێگا بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بدرێت كە تەواوی زانیارییەكان لەسەر چالاكی سەربازیی پرۆگرامە ئەتۆمییەكانی پێشوو بزانێت و دەبێت ئێران بە تەواوی دەست لەو جۆرە چالاكییانە هەڵبگرێت.
2- واز لە پیتاندن بهێنێت و هەرگیز هەوڵی دووبارە بەكارهێنانی پلوتۆنیۆم نەدات و تیشكدەرەوە ئاوییەكانی دابخات.
3- رێگا بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی بدرێت بچێتە سەرانسەری پێگە ئەتۆمییەكان لە ئێران.
4- كۆتایی بە زیاكردنی مووشەكە دوورهاوێژەكانی بهێنێت و گەشەدان بە سیستمی مووشەكی ئەتۆمیی رابگرێت.
5- هەموو هاووڵاتیانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی ئەمەریكا ئازاد بكرێن لە زیندان.
6- كۆتایی بە پشتگیری گروپە تیرۆرستییەكانی وەك حزبوڵڵا، حەماس و گروپە جیهادییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت.
7- هەموو هێزەكانی لە سووریا بكشێنێتەوە.
8- واز لە پشتگیریكردنی تاڵیبان و گروپە تیرۆرستییەكانی ئەفغانستان و ئەلقاعیدە بهێنێت.
9- كۆتایی بە هەڕەشەكانی بەرامبەر بە هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا بهێنێت كە وڵاتانی سعودییە، ئیمارات و ئیسرائیلیش دەگرێتەوە، هەروەها هێرش لە رێگای پۆستی گەیاندن و ئینتەرنێت نەكات.
10- رێز لە سەروەری عێراق بگرێت و رێگا بدات میلیشیا شیعەكان هەڵبوەشێندرێنەوە.
11- دەبێت سوپای قودس دەست لە پاڵپشتیكردنی باڵەكانی لە تەواوی جیهان هەڵبگرێت.
12- پشتگیری حوسییە یاخییەكانی یەمەن نەكات و هەوڵی بەرقەراركردنی ئاشتی و سەقامگیری لە یەمەن بدات.
دوای (6) مانگ لەكشانەوەی تاكلایەنەی (ئەمریكا) لەڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ (ئیران)، (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەڕۆژی (7)ی ئابی ئەمساڵ قۆناغی یەكەمی سزاكانی بەسەر (تاران)دا، سەپاند، ئەمڕۆش (5) تشرینی دووەم قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمریكا چوونە بواری جێبەجێكردنەوە، كە بەتوندترین سزا دادەنرێت تائێستا بەسەر (ئێران)دا، سەپێنرابێت.