Draw Media

راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف تەنیا (25) رۆژ ماوە بۆ وادەی بەڕێوەچوونی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، رێككەوتنێك لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتیدا هەیە بۆ ئەوەی پەیكەری حزبەكە لە كۆنگرەدا بگۆڕدرێت، بەگوێرەی گۆڕانكارییەكە، پۆستی سكرتێرو ئەنجومەنی ناوەند نامێنن‌و كۆسرەت رەسوڵ دەبێت بە سەرۆكی (قەوارەی یەكێتی)، بەرهەم ساڵح سەرۆكی (یەكێتی)‌و بافڵ تاڵەبانی‌و شاڵاو كۆسرەتیش بۆ جێگرانی سەرۆك.  كۆنگرەی تەوافوق رۆژی 7ی ئەیلولی رابردوو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە سلێمانی كۆبووەوە، لەو كۆبونەوەیەدا لە پاڵ دیاریكردنی رۆژی سازدانی كۆنگرە لە رۆژی 7ی كانونی یەكەم، ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریدا لەسەر ئەوەی "كۆنگرە بەبێ رێككەوتن‌و تەوافوقی پێشوەختە بەڕێوەبچێت". بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەندین سەرچاوەی باڵا لەناو یەكێتی نیشتمانی دەستیكەوتووە، ئێستا سەركردە‌و جەمسەرە جیاوازەكانی ئەو حزبە سەرقاڵی نوسینی رێككەوتن‌و تەوافوقێكی پێشوەختەن بۆ كۆنگرەی چوارەم. (درەو میدیا) زانیویەتی، ئێستا لە پشتی پەردەوە گفتوگۆ دەكرێت لەسەر ئامادەكردنی پەیكەرێكی نوێ بۆ یەكێتی، بەڵام ناوی كەس‌و كارەكتەرەكانی ناو پەیكەرە نوێیەكە هێشتا بە تەواوەتی یەكلانەبووەتەوە. پەیكەری نوێی یەكێتی هەموان كۆكن لەسەر ئەوەی یەكێتی بە پەیكەری ئێستایەوە بەڕێوەناچێت‌و دەبێت پەیكەرێكی نوێی بۆ دروستبكرێت كە گونجاو بێت لەگەڵ حزبێكی سەردەمیانە‌و چارەسەرێكیش بێت بۆ ناكۆكییە ناوخۆییەكان. (درەو میدیا) زانیویەتی لەناو یەكێتیدا چەند پرۆژەیەك ئامادەكراوە بۆ داڕشتنەوەی پەیكەری یەكێتی، بەڵام نوێترینیان ئەوەیە، یەكێتی دابەشبكرێت بەسەر سێ دامەزراوەی سەرەكیدا: دامەزراوەی یەكەم: سەرۆكی قەوارەی یەكێتی بەپێی ئەوەی سەرچاوەكان باسی لێوەدەكەن، سەرۆكی قەوارەی یەكێتی بەو كەسە دەوترێت كە دەبێت بە پارێزەری قەوارەی یەكێتی‌و لەدابەشبوون دەیپارێزێت، ئەم دامەزراوەیە هاوشێوەی (ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی رژێم)ە كە لە ئێران هەیە‌و دامەزراوەیەكی دەوڵەتییە، بڕیارە كۆسرەت رەسوڵ پۆستی سەرۆكی قەوارەی یەكێتی وەربگرێت، كە هەندێكی تر بە "سەرۆكی ئەنجومەنی پاراستنی قەوارەی یەكێتی" ئەو پۆستە ناودەبەن. هێشتا بەتەواوەتی دەسەڵاتەكانی ئەم پۆستە بڕیاری كۆتایی لێ نەدراوە، بەڵام باسلەوە دەكرێت سەرۆكی قەوارە راستەوخۆ لەلایەن ئەندامانی كۆنگرە هەڵدەبژێردرێت، بۆیە چەند دەسەڵاتێكی گرنگی دەبێت كە ئەمانەن: •    توانای ڤیتۆكردنی بڕیاری دوو دامەزراوەكەی تر (سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی بەڕێوەبردن)ی دەبێت. •    توانای لابردنی سەرۆكی یەكێتی هەیە. •    ژمارەیەك كەس وەكو یاریدەدەر لەگەڵ سەرۆكی قەوارەدا دەبن، لەسەر ژمارەی ئەو یاریدەدەرانە هێشتا رێككەوتنی كۆتایی نەكراوە، دیارنییە سەرۆكی قەوارە (كۆسرەت رەسوڵ) خۆی دیارییان دەكات، یاخود كۆنگرە هەڵیاندەبژێرێت، هەندێك زانیاری هەن باسلەوە دەكەن، ژمارەی یاریدەدەرەكانی سەرۆكی قەوارە لە (10) كەس زیاتر دەبن، بیرۆكەیەك هەیە دەڵێ ئەو یاریدەدەرانە ناویان لێبنرێت ئەنجومەنی پاراستنی قەوارەی یەكێتی.   دامەزراوەی دووەم: سەركردایەتی یەكێتی بەپێی ئەو پەیكەرە نوێیەی كە ئامادەكراوە بۆ ئەوەی لە كۆنگرەدا دەنگی لەسەر بدرێت، ئەنجومەنی ناوەند كە ئێستا رۆڵی پەرلەمانی حزب دەگێڕێت لەناو یەكێتیدا، لادەبرێت‌و لەبری ئەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی رۆڵی پەرلەمان دەگێڕێت، بۆچوونی جیاواز لەبارەی ئەم دامەزراوەیەوە هەیە، هەندێك داوا دەكەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی ژمارەیان لەنێوان (61 بۆ 80) كەسدا بن، هەندێكی تر داوا دەكەن ژمارەیان لەنێوان (50 بۆ 80) كەس بێت. سەركردایەتی هاوشێوەی سەرۆكی قەوارە، لەناو كۆنگرە هەڵدەبژێردرێت، ئەمانە هەندێكیان لە دامەزراوەی سەركردایەتیدا كاردەكەن، هەندێكی تریان هاوشێوەی ئەوەی ئێستا لەناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیە، دەبن بە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، واتە راستەوخۆ لەناو دامەزراوەی سەركردایەتی دەوام ناكەن، لە شارو ناوچە جیاوازەكان دەبن. دوای ئەوەی لە كۆنگرە ئەندامەكانی هەڵدەبژێردرێت، سەركردایەتی نوێ لەناوخۆیدا دەستدەكات بە هەڵبژاردنی دامەزراوەی سێیەمی حزب بەپێی پەیكەرە نوێیەكە. دامەزراوەی سێیەم: ئەنجومەنی جێبەجێكردن ئەمە دامەرزاوەیە دەبێت بە شوێنگرەوەی مەكتەبی سیاسی ئێستای یەكێتی، واتە دەستەواژەی مەكتەبی سیاسی چیتر لە فەرهەنگی یەكێتیدا نامێنێت. ئەنجومەنی جێبەجێكردن لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردراوی یەكێتییەوە ئەندامەكانی هەڵدەبژێردرێت، ئەركی جێبەجێكردن بڕیارو راسپاردەكانی سەركردایەتییە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەوەی تائێستا تەوافوقی لەسەر كراوە ئەوەیە، ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە لە (5) كەس پێكدێن، یەكێكیان دەبێت بە سەرۆكی ئەنجومەنەكە‌و دوو جێگری دەبێت. (درەو میدیا) زانیویەتی، بەرهەم ساڵح دیاریكراوە بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی جێبەجێكردن بكات، ئەم پۆستە وەكو شوێنگرەوەی پۆستی سكرتێری گشتی دیاریكراوە، واتە بەپێی پەیكەرەكە، هاوشێوەی دەستەواژەی (مەكتەبی سیاسی)، دەستەواژەی (سكرتێر)یش لە فەرهەنگی یەكێتیدا لادەبرێت، كە ئەم دەستەواژەیە لە 44 ساڵی رابردوودا هاوڕێی یەكێتی بووە.  بە كورتی بەرهەم ساڵح دەبێت بە سەرۆكی یەكێتی‌و بەرپرسیار دەبێت لەبەردەم سەركردایەتیدا، لەبارەی جێگرەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنەوە، ناكۆكی هەیە، (درەو میدیا) زانیویەتی، تائێستا بڕیاروایە دوو جێگرەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن یەكێكیان لە ماڵباتی تاڵەبانی بێت‌و ئەوی تر لە ماڵباتی كۆسرەت رەسوڵ، لە ماڵباتی تاڵەبانی (بافڵ تاڵەبانی) كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، ئەمە لاهور شێخ جەنگیی نیگەران كردووە، لەماڵباتی كۆسرەت رەسوڵیش بڕیارە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ پۆستەكە وەربگرێت. كۆنگرە چۆن بەڕێوەدەچێت ؟ بەپێی پەیڕەوی كارپێكراوی ئێستای یەكێتی، ئەندامانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێك دەبێت لە (هەزار) كەس زیاتر نەبن، هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی باسلەوە دەكەن، (800) كەس بەشداری لە كۆنگرەی چواردا دەكەن. بەپێی ئەوەی پێشتر ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاری لەسەر داوە، لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی چوار پێكهاتوون لە هەریەكە لە: •    حاكم قادر حەمەجان •    ئەرسەلان بایز •    رزگار عەلی •    رەفعەت عەبدوڵا •    دلێری سەید مەجید ئەندامانی كۆنگرە پێكدێن لە ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەند، سەركردایەتی، ئەندامانی مەكتەبەكان (بۆ هەر مەكتەبێك 5 ئەندام دیاریكراوە، ئەندامانی مەكتەب‌و دەزگاو ئۆرگانەكانی یەكێتی 268 كەسە، رێژەی 35%ی ئەمانە دەچنە ناو كۆنگرەوە). سەرباری ئەمانە، (100) كەسایەتی دیاری یەكێتی لەوانە پێشمەرگە سەرەتایی‌و دێرینەكان دەبن بە ئەندامی كۆنگرە، پڕكردنەوەی ئەم (100) كورسییەی ئەندامانی كۆنگرە، بەرێككەوتن دەبێت لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتی، ئەوەی دەمێنێتەوە لە كۆمیتە‌و مەڵبەندەكانەوە سەردەكەون، بڕیارە 15ی ئەم مانگە كۆنفرانسی كۆمیتەكان دەستپێبكات. بەپێی ئامادەكارییەكان، یەكەمین ئەركی ئەندامانی كۆنگرەی چوارەم لە رۆژی 7ی داهاتوو (ئەگەر كۆنگرە لە وادەی دیاریكراودا بەڕێوەچوو)، ئەوەدەبێت سەرەتا بە دەنگدانی زۆرینە، ئەم پەیكەرە نوێیەی حزب پەسەند بكەن، دواتر بە هەر بەدەنگدان سەرۆكی قەوارە (كۆسرەت رەسوڵ) هەڵبژێرن، پاشان ئەندامانی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێن. سەركردایەتی نوێ دوای هەڵبژاردنی لەلایەن كۆنگرەوە، ئەنجومەنی جێبەجێكردن‌و سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن (بەرهەم ساڵح) هەڵدەبژێرێت. ئەو زانیارییانەی لەم راپۆرتەدا باسكراون، پشتئەستورن بە چەندین سەرچاوەی باڵا لەناو یەكێتی‌و گوزارشت لە دۆخی ئێستا رێككەوتنی نێوان جەمسەرەكان دەكەن لەبارەی پەیكەری حزبەوە بۆ قۆناغی داهاتوو، رەنگە تا ساتی بەستنی كۆنگرەكە چەندین پێشنیازی تر بێنە ئاراوە، (درەو میدیا) هەوڵدەدات خوێنەرانی لە كۆنگرەی چوارەمی دووەم گەورە حزب لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ئاگاداربكاتەوە. یەكێتی‌و كۆنگرە رۆژی (7) مانگی داهاتوو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆنگرە دەكات، ئەمە كۆنگرەی چوارەمی حزبە، یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 44 ساڵ تەمەندا تەنیا (3) كۆنگرە‌و دوو پلینیۆمی كردووە. كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترس‌و دابەشبوون‌و لێكترازانی نێوان هاوڕێ‌و هاوخەباتەكان بووە، كۆنگرەی ئەمجارەش بەدوو نییە لەو مەترسییانە. یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، ‏هێڵی گشتی) دروستبووە‌و هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێت‌و حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانە لەناو یەكێتیدا نەماون، ئاڕاستەی نوێ پەیدابوون كە زیاتر بزنس رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرە "بەرزترین دەسەڵاتە" لەناو حزبدا، كۆنگرە دەبێت (سێ ساڵ جارێك) سازبدرێت، بەڵام یەكێتی لە ساڵی 2010وە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە، واتە ماوەی (سێ) خولی لەسەریەك كۆنگرەی یەكێتی دواكەوتووە. نەخۆشكەوتن‌و دواتریش مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكە‌و كارەكتەری بەهێزو كۆكەرەوەی یەكێتی، پاڵنەری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەكانی یەكێتی بوو، هەندێك لە یەكێتییەكان باس لە هۆكاری تریش دەكەن لە نمونەی قەیرانی دارایی‌و شەڕی "داعش"‌و دواتریش ریفراندۆم‌و تێكچونی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان.  


درەو میدیا:  بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە دەستكەوتی حزبەكەی دەزانێت و یەكێتیش بەدەستكەوتی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ( پارتی)یش بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەدەستكەوتی لیژنەكەیان دەداتە قەڵەم.  لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی رایگەیاند: سوپاسی دادگای فیدراڵی عێراق و بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و دائیرەی یاسایی مەكتەبی سیاسی پارتی دەكەین، كە پێكەوە سیاغەی ئەو سكاڵایە كراوەو پێشكەشی دادگای فیدراڵی كراوە. خەسرەو گۆران ئەوەشی خستە روو" بەپێی بریارە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی بریاریدا كار بەو مادانە ناكرێت كە بۆ تۆماری دەنگدەرانی كەركوك دانرابوو، هەروەها ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی كوردستانن دەتوانن لەو شوێنەی لێی نیشتەجێن دەنگ بدەن.  لەبەرامبەردا جوان رۆژبەیانی سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان( پارتی)  رایگەیاند " ئەو سێ مادەیەی هەڵوەشاونەتەوە بریتین لە مادەكانی 12 و 16 و 17، كە مادەی 12 باسی فۆرمی خۆراك و ناوی دەنگدەران دەكات، ئەگەر وەك یەك نەبوو ناتوانن دەنگ بدەن. هەروەها مادەی 16 باسی لە ئاوارەكان كردبوو، ئەگەر لەناو پارێزگای خۆیان نەبون، نابێت دەنگ بدەن. مادەی 17ش دەبێت بە ناچاری دەنگ بدرێت، ئەوەش پێچەوانەی دەستورە". سەرۆكی لیژنەی  دادگا باڵای فیدراڵی عیراق دانیشتنی ئەمڕۆی لەسەر تانەكەی ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی كوردستان دیاری كردبوو، ئەنجامیش بردنەوەی تانەكە بو، كە تێیدا دادگا بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی مادەكانی 12 و 16 و 17ی یاساكە، لەكۆی 9 دادوەریش 8 دادوەر لە بەرژەوەندی تانەكە دەنگیان دابو. جوان رۆژبەیانی  ئاماژەی بەوەشدا،" جێبەجێكردنی ئەو یاسایە بە زیانی ناوچە كوردستانیەكان و بە زیانی كورد دەشكایەوە، چونكە چەند مادە و بڕگەیەكی پێچەوانەی دەستور بون و دەقەكانی دەستور لەگەڵی هاوتەریب نەدەبون، بۆیە تانەیان لێدابو" بەڵام میدیای فەرمی یەكێتی بڕیارەكەی دادگی فیدراڵی بەدەستكەوتی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەداتە قەڵەم و بڵاوكردۆتەوە كە" د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سكاڵایەكی لەسەر چەند بڕگەیەكی هەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان لەدادگای فیدراڵی پێشكەشكردو دادگاكەش سكاڵاكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی پەسەند كرد.    


درەو میدیا:  بە پێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی بریكاری وەزیرەكانی یەكلاكردەوەو رادەستی سەرۆكی حكومەتی كرد.  عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پۆستەكانی یەكلاكردۆتەوە، چونكە جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی سپاردووە بە رێكخەری گشتی .  ناوی كاندیدەكان - كامیل قەزاز بۆ بریكاری وەزیری كارەبا - د. سەیوان عەلی بۆ بریكاری وەزیری پەروەردە - مستەفا سەلیم بۆ بریكاری وەزیری ناوخۆ - چالاك موهەندیس بۆ بریكاری وەزیری شارەوانی


درەو میدیا:  نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆیەكەمجار وەك فەرماندەی گشتی هێزەكانی پێشمەرگە دەركەوت. لە راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە: ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە، لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەت و فەرماندە و پلەدارنی پێشمەرگە كۆبووە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری دوایین هەنگاوەكانی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەت و ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە بێت"   كاتێك كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە لەشەڕێكی سەختدابوو لەگەڵ چەكدارانی داعش و لەكۆتاییشدا شەڕی هێزەكانی حەشدی شەعبی، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، ئەو كات زیاتر مەسعود بارزانی زیاتر وەكو فەرماندەی هێزی پێشمەرگە دەردەكەوت و دەچووە سەنگەرەكانی پێشمەرگە. لەدوای دەستبەرداربوونی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم لە ئۆكتۆبەری 2017، هیچ كەسێك وەك فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەرنەكەوت، لەماوەی پێنج مانگی دەستبەكاربونیدا نێچیرڤان بارزانی وەكو فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە دەرنەكەوت ئەمە یەكەمجارە بەفەرمی لە سەرۆكایەتی هەرێم بەو ناونیشانەوە ناوەزەدی دەكەن. نێچیرڤان بارزانی لە مێژووی كاری خۆیدا وەكو كارەكتەری سیاسی مەدەنی دەركەوتووە نەك سەربازی ئەو سەرەتاكانی كاركردنی لەناو پارتی لە یەكێتی قوتابیانی كوردستان كاریكردووە.  لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ وەزیرو فەرماندەكانی هێزی پێشمەركەی كوردستاندا هەریەك لە ( نەجات عەلی فاتێ) فەرماندەی هێزەكانی 80ی پارتی و مستەفا چاوڕەش وەك فەرماندەی هێزەكانی 70ی یەكێتی بەشداربوون . 


درەو میدیا:  نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆیەكەمجار وەك فەرماندەی گشتی هێزەكانی پێشمەرگە دەركەوت. لە راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هرەێمی كوردستاندا هاتووە: ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە، لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەت و فەرماندە و پلەدارنی پێشمەرگە كۆبووە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری دوایین هەنگاوەكانی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەت و ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە بێت"   كاتێك كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە لەشەڕێكی سەختدابوو لەگەڵ چەكدارانی داعش و لەكۆتاییشدا شەڕی هێزەكانی حەشدی شەعبی مەسعود بارزانی فسەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، ئەو كات زیاتر مەسعود بارزانی زیاتر وەكو فەرماندەی هێزی پێشمەرگە دەردەكەوت و دەچووە سەنگەرەكانی پێشمەرگە. لەدوای دەستبەرداربوونی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم لە ئۆكتۆبەری 2017، هیچ كەسێك وەك فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەرنەكەوت، لەماوەی پێنج مانگی دەستبەكاربونیدا نێچیرڤان بارزانی وەكو فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە دەرنەكەوت ئەمە یەكەمجارە بەفەرمی لە سەرۆكایەتی هەرێم بەو ناونیشانەوە ناوەزەدی دەكەن. نێچیرڤان بارزانی لە مێژووی كاری خۆیدا وەكو كارەكتەری سیاسی مەدەنی دەركەوتووە نەك سەربازی ئەو سەرەتاكانی كاركردنی لەناو پارتی لە یەكێتی قوتابیانی كوردستان كاریكردووە.  لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ وەزیرو فەرماندەكانی هێزی پێشمەركەی كوردستاندا هەریەك لە ( نەجات عەلی فاتێ) فەرماندەی هێزەكانی 80ی پارتی و مستەفا چاوڕەش وەك فەرماندەی هێزەكانی 70ی یەكێتی بەشداربوون .   


درەو میدیا:  بەپێی رەشنوسی یاسای نوێی هەڵبژاردن كەلەلایەن سەرۆكایەتی كۆماری عێراقەوە ئامادەكراوە، ژمارەی كورسی تەواوی پارێزگاكانی عێراق كەمكراوەتەوە بەجۆرێك كورسیەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لە ( 329) كورسیەوە بۆ ( 213) كورسی كەمی كردووە واتا 116 كورسی كەمكراوەتەوە ژمارەی كورسیەكانی سێ پارێزگاكەی هەرێم  بەم شێوەیە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە:. - هەولێر  لە 15 كورسیەوە كراوە بە 10 كورسی  - سلێمانی لە 18 كورسیەوە كراوە بە 12 كورسی - دهۆك لە 11 كورسیەوە كراوە بە 7 كورسی هەروەها ژمارەی كورسیەكانی پارێزگای كەركوك لە 12 كورسیەوە كەمكراوەتەوە بۆ 8 كورسی - بەغداد لە 69 كورسیەوە كەمكراوەتەوە بۆ 46 كورسی  - نەینەوا لە 31 كورسیەوە بۆ 21 كورسی  http://file:///C:/Users/SHKAR%20PC/Downloads/%D9%85%D8%B4%D8%B1%D9%88%D8%B9-%D9%82%D8%A7%D9%86%D9%88%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%AE%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AA4%20(1).pdf


(درەو میدیا): سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رەشنوسی پرۆژەیاسایەكی نوێی هەڵبژاردنی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كرد بەمەبەستی پەسەندكردنی‌و دواتر رەوانەكردنی بۆ پەرلەمان. ئامادەكردنی پرۆژەیاساكە لەچوارچێوەی بەڵێنەكانی ئەمدواییەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقدایە بۆ چاككردنی یاسای هەڵبژاردنەكان لەژێر فشاری خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتییەكانی شەقام. ناردنی رەشنوسەكە بۆ حكومەت لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە، بۆئەوەیە سەرۆكایەتییەكان لە دواجاردا بۆچوونی خۆیان لەسەر پرۆژەیاساكە یەكبخەن‌و پەرلەمان پەسەندی بكات. گرنگترین بەندەكانی رەشنوسەكەی سەرۆكایەتی كۆمار ئەمانەن: •    دروستكردنی كۆمسیۆنێكی سەربەخۆیی هەڵبژاردن لە خەڵكانی تایبەتمەندی بوارەكە دوور لە پشك پشكێنەی حزبیی. •    بچوكردنەوەی بازنەی هەڵبژاردن بۆ قەزا، بەپێی یاساكەی ئێستا هەر پارێزگایەك یەك بازنەی هەڵبژاردنە. •    پشتبەستن بە سیستمی "براوەی باڵا"ی كاندیدەكان‌و هەڵوەشاندنەوەی یاساكارپێكراوەكان‌و نوێنەرایەتی رێژەیی. •    كەمكردنەوەی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان بۆ (213) كەس‌و هەڵوەشاندنەوەی ژمارەكەی ئێستا كە (329) كەسە. •    پێدانی دەرفەت بە گەنجان بۆ خۆكاندیدكردنیان بۆ هەڵبژاردنەكان، ئەوەش لەڕێگەی دابەزاندنی تەمەنی خۆكاندیدكردن بۆ 25 ساڵ. • ژمارەی كورسیەكانی پارێزگاكان بەم بەم شێوەیە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە:. - كەركوك لە 12 كورسیەوە كراوە بە 8 كورسی  - هەولێر  لە 15 كورسیەوە كراوە بە 10 كورسی  - سلێمانی لە 18 كورسیەوە كراوە بە 12 كورسی - دهۆك لە 11 كورسیەوە كراوە بە 7 كورسی ئەمە دەقی رەشنوسی پرۆژەكەیە بە زمانی عەرەبی http://file:///C:/Users/SHKAR%20PC/Downloads/%D9%85%D8%B4%D8%B1%D9%88%D8%B9-%D9%82%D8%A7%D9%86%D9%88%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%AE%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AA4.pdf


(درەو میدیا): جینین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەمڕۆ لە نەجەف چاوی بە ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان كەوت. دوای دیدارەكەی لەگەڵ سیستانی، نوێنەرەكەی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند: •    مەرجەعیەتی ئاینیی دوودڵە لەوەی هێزە سیاسییەكان جددی بن لە ئەنجامدانی چاكسازی. •    مەرجەعیەت جەختی كرد لەسەر ئەوەی بەبێ چاكسازی ناكرێت خۆپیشاندەران بگەڕێنەوە. •    مەرجەعیەت پشتیوانی پێشنیازەكەی ئێمەی كرد لەبارەی یاسایەكی یەكگرتووی هەڵبژاردن. •    نەتەوە یەكگرتووەكان رێنمایی خۆی بە حكومەتی عێراقی داوە، ئێستا كاتی ئەوەیە شتێك پێشكەشی گەل بكات. •    پێویستە هەموان رێز لە سەروەری عێراق بگرن، ئێمە رێز لەوە دەگرین. •     نابێت ئەم ناڕەزایەتییانە بكرێت بە گۆڕەپانی تەسفیەی سیاسی، چونكە ئێمە لە هەموو لایەنەكانەوە هەواڵمان پێدەگات. •    داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین لێكۆڵینەوە بكات لەوەی ئەو غازی فرمێسكڕێژە لە كوێوە هاتووە. •    ئەگەر هێزە سیاسییەكان‌و سەرۆكایەتییەكان ناتوانن یان نایانەوێت چاكسازی بكەن، ئەوكات دەبێت رێگایەكی تر بگیرێتەبەر. •    مەرجەعیەت جەختی كرد نابێت توندوتیژی لەدژی خۆپیشاندەران بەكاربهێنرێت‌و دەبێت دەستگیركردن‌و رفاندن بەخێرایی رابگیرێن.  


(درەو میدیا): وەسڵێكی نانخواردن كە نوخشە ناسیح قائیمقامی هەڵەبجە ئیمزای لەسەر كردووە، گومانی گەندەڵی دروستكردووە‌و رێكخراوێك داوای رونكردنەوە دەكات. رێكخراوی هەڵوێست رێكخراوێكی ناحكومی بواری چاودێرییە، هەندێك بەڵگەو دیكۆمێنتی لەبارەی خەرجییەكان لە قەیمقامیەتی هەڵەبجە دەستكەوتووە، رێكخراوەكە یەكێك لەو بەڵگانەی بڵاوكردەوە كە وەسڵی نانخواردنێكەو نوخشە ناسح قایمقامی هەڵەبجە ئیمزای لەسەر كردووە. رێكخراوەكە باسلەوە دەكات، لەگەڵ قایمقام قسەی كردووە تاوەكو رونكردنەوەیان لەسەر هەندێك وەسڵ بدات كە لەبەردەستی ئاواندایە، بەڵام رەتیكردوەتەوە، بۆیە نوسراوەكان بەشێوەی زنجیرە بڵاودەكاتەوە. رێكخراوی هەڵوێست لە یەكەم هەنگاودا وێنەی وەسڵێكی قایمقامی بڵاوكردەوەو بەمشێوەیە شیكاری بۆ ناوەڕۆكی وەسڵەكە دەكات: وەسڵی یەكەم: وەسڵی ژمارە (٥۷٥) لە رۆژی ۲۷-۹-۲۰۱۸ كە وەسڵی نانخواردنەو ئـــەم پرسـیارانەمــان لــــەبەڕێزیـان هەیە: ۱- قۆزییەك لە چێشتخانەی ناوبراو شەش هەزار دینارەو لای هەموو خەڵكی هەڵەبجە ڕونە، بۆچی لەو وەسڵەی بەڕێزتان بە دە هەزار دینارە؟ ۲- هۆكار چییە هەر نۆزدە كەسەكە لەم ژەمەدا ئارەزویان وەك یەك بووەو هەر نۆزدەیان قۆزییان خواردوە ؟ ۳- ئایا ئەو كەسانە لە خواردنگەكە نانیان خواردووە یاخود خواردنیان بەسەفەری بۆ هاتووە؟ ٤- لەو خواردنگەیە هیچ كات ماستاو بەو نرخە نەبووە كە لەو وەسڵە نوسراوە، واتە بۆ یەك دانە ماستاو هەزارو پێنج سەد دینار نوسراوە ؟  


راپۆرتی: درەو میدیا هیچ بەرپرسێكی سیاسی ئامادەنییە ئارەزومەندانە پۆستەكەی چۆڵبكات، چونكە پۆست و دەسەڵات ئەو ڕێگا سادەو ئاسانەیە دەیگەیەنێتە هەموو ئەو خواستانەی  هەیەتی بۆ گەیشتن بە پارەو خۆشگوزەرانی. ئەو ئیمتیازاتە زۆرو زەوەندانەی  یاساكان لە جیهانی سێدا بۆ سیاسیەكانی پەسەندكردووە، كردونی بە مەخلوقێكی جیاواز لەسەرو ئینسانەكانی كۆمەڵگاوە. كلتوری دەستلەكاركێشانەوە لەسەردەمی پادشایەتیدا لە عێراق كلتورێكی سیاسی باو بووە، سیاسەت لەو سەردەمەدا ناوبانگ بووە نەك بازرگانی و دەرگای دەوڵەمەندبوونی خێرا، بەڵام لەدوای دەستپێكردنی كودەتاكان لە عێراق و هاتنی سیستمی كۆماری و، بەدوایدا ڕژێمی بەعس ئەم كلتورە بە تەواوی ونبووە.  لەكارخستن و بەخشین و دورخستنەوە جێگەی دەستلەكاركێشانەوەی گرتۆتەوە، لەدوای 2003شەوە، ئەم كلتورە بەشێوەیەكی كاڵ و شەرمن سەریهەڵداوەتەوە، بە بەراورد  بە هەموو ئەو نەهامەتیەی نوخبەی سیاسی بەسەر گەلانی عێراقییان هێناوە لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بەرپرسانەی تا ئێستا دەستیان لەكاركێشاوەتەوە ڕێژەیەكە شیاوی باسكردن نییە.      دەستلەكاركێشانەوە لەسەردەمی پادشایەتی لەدوای دەستبەكاربونی فەیسەڵی یەكەم لەساڵی 1921 وەك یەكەم پادشای عێراق تا ئەمڕۆ، زیاتر لە 80%ی دەستلەكاركێشانەوەكانی بەرپرسانی عێراق لەسەردەمی پادشایەتیدابووە، لەگەڵ سەرهەڵدانی كودەتاكان و ڕوخاندنی سیستمی پادشایەتی، كلتوری دەستلەكاركێشانەوەش بە تەواوی كاڵبوەو، بەدرێژایی 35 ساڵی دەسەڵاتی حزبی بەعس شتێك نەما بەناوی دەستلەكاركیشانەوەی بەرپرسان. لەسەردەمی ڕژێمی پادشایەتیەوە تا ڕاگەیاندنی كۆماری عێراق، نزیكەی 36 سەرۆك وەزیرو 10 كابینەی حكومەت و 17 وەزیرو 35 پەرلەمانتار و یەك سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران  لەو سەردەمەدا دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، كە لەپێش كۆتایهاتنی ساڵی یەكەمی دروستبونی دەوڵەتی عێراقەوە دەستپێدەكات و مانگێگ پێش كەوتنی ڕژێمی پادشایەتی كۆتایدێت.  دەستلەكاركێشانەوە وەك ناڕەزایی دەربڕین دیارترین ئەو دەستلەكاركێشانەوەی لەسەردەمی پادشایەتیەدا لەنیگەرانی و ناڕەزایەتیەوە سەرچاوەی گرتووە: •     دەستلەكاركێشانەوەی (جەعفەر ئەبو تمەن) وەزیری بازرگانی لەساڵی 1922 وەك دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەڵێننامەی عێراق و بەریتانیا. •     دەستلەكاركێشانەوەی (هبەدین شەهرستانی) وەزیری مەعاریف لەهەمان ساڵ بەهۆی بێتوانای وەزارەتەكەی بۆ بڕیاردان لەبارەی قەسابخانەی وەهابیییەكان. •     دەستلەكاركێشانەوە (عەبدولمحسین سەعدون) وەزیری ناوخۆ لەهەمان ساڵ بەهۆی  پەسەندنەكردنی سیاسەتێكی توند كە بڕیاربوو پیادەبكرێت بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی گشتی. •    دەستلەكاركێشانەوەی (ناجی شەوكەت) لەساڵی 1939 وەك ناڕەزایەتیەك لەبەرامبەر ئەوگۆڕانگارییانەی سەرۆك وەزیران لە وەزارەتەكەی ئەنجامیدابوو لەغیابی ئەودا.     •    دەستلەكاركێشانەوەی (ساڵح جەبر) وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی لەساڵی 1940 وەك ناڕەزایەتیەك لەبەرامبەر پەشیمانبونەوەی سەرۆك وەزیران لە هەنگاوە سیاسیەكانی. •     دەستلەكاركێشانەوەی (محەمەد حەدید) وەزیری خۆراك لەساڵی 1946 وەك ناڕەزایەتیەك بۆ جێبەجینەكردنی ئەو بەڵێنانەی سەرۆك وەزیران داویەتی. دەستلەكاركێشانەوە بەهۆی فشار فشارەكانی بەریتانیا ڕۆڵی دیاری هەبووە لە دەستلەكاركێشانەوەی بەشێك لە بەرپرسانی عێراق و قبوڵنەكردنی دەستلەكاركێشانەوەی هەندێكی تریان: •    دەستلەكاركێشانەوەی (موحسین سەعدون) سەرۆك وەزیرانی عێراق لەساڵی 1926 بەهۆی فشاری بەریتانییەكان بۆ پەسەندكردنی بەڵێننامەی عێراقی-بەریتانی. •    دەستلەكاركێشانەوەی (جەمیل مەدفەعی) سەرۆك وەزیرانی عێراق لەساڵی 1941 بەهۆی ئەنجامدانی گۆڕانكاری لەحكومەتەكەی لە ژێر فشاری وەسی و باڵیۆزخانەی بەریتانیا.   فشاری سەركردەكانی سوپای عێراقیش لەسەر سیاسەتی حكومەت ڕۆڵی هەبووە لە دەستلەكاركێشانەوەی بەرپرسان بە تایبەت دوای كودەتاكەی (بەكر سدقی)  لە ساڵی  1936  وەك: •    دەستلەكاركێشانەوەی (یاسین هاشمی) سەرۆك وەزیران  لەژێر فشاری سوپا و دەستلەكاركێشانەوەی هەریەك لە (جەعفەر ئەبو تمەن و یوسف عیزەدین و كامیل جادرچی و ساڵح جەبر) كە وەزیربوون لە حكومەتەكەی، وەك دەربڕینی ناڕەزایی لەبەرامبەر ڕشتنی خوێنی خەڵك و گرتنەبەری ڕێوشوێن بە بێ‌ ئاگاداری ئەنجومەنی وەزیران. •    هەر بەهۆی بەردەوامی فشارەكانی سوپا، (جەمیل مەدفەعی) سەرۆك وەزیران لەساڵی 1938دا دەستیلەكاركێشاوەتەوە، دوای ئەویش (تەها هاشمی) كە سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە لە ساڵی 1941دا و لەژێر فشاری سوپادا دەستیلەكاركێشاوەتەوە. ناكۆكی و جیاوازی و هۆكاری تر هۆكارێكی تری دەستلەكاركێشانەوەی دەركەوتنی نیشانەكانی لاوازی حكومەت و ناكۆكی نێوان بەرپرسان بوو كە دیارترینیان: •    دەستلەكاركیشانەوەی (تۆفیق خالیدی) وەزیری ناوخۆ لە ساڵی 1922. •    دەستلەكاركێشانەوەی (ڕەشید عالی گەیلانی) سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 1926 دوای دروستبونی دەمەقالێیەك لەگەڵ وەزیری دارایی. •    دەستلەكاركێشانەوەی (موحسین سەعدون) لەهەمان ساڵ دوای ئەوەی كوتلەكەی بوو بە كەمینە لە ئەنجومەنی نوێنەران.  •    دەستلەكاركێشانەوەی (ناجی شەوكەت)لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەساڵی 1933 دوای هێرشی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەر حكومەتەكەی.  •    دەستلەكاركێشانەوەی (جەمیل مەدفەعی) بۆ جاری دووەم  لەسەر داوای غازی پادشا دوای بڵاوبونەوەی گەندەڵی لە فەرمانگەكانی دەوڵەت.  •    دەستلەكاركێشانەوەی (نوری سەعید) لە ساڵی 1940 بەهۆی سزا نەدانی ئەو كەسانەی هانی كوشتنی وەزیری داراییان دابوو. •    دەستلەكاركێشانەوەی (تەحسین عەلی) لە ساڵی 1944 بەهۆی ڕازینەبوونی بە كۆتایهێنان بە كاری 400 ئەفسەر. •    دەستلەكاركێشانەوەی (حەمدی باچەچی) سەرۆك وەزیران لەساڵی 1944 بەهۆی بونی ناكۆكی لەگەڵ وەزیری بەرگری.   •    دەستلەكاركێشانەوەی (تۆفیق سوەیدی) سەرۆك وەزیران لە ساڵی 1946 دوای بەریەككەوتنی لەگەڵ ئەنجومەنی پیاوماقوڵان سەبارەت بە ئازادی ڕۆژنامەوانی و چاكسازی تر. •    دەستلەكاركێشانەوەی (سادق بەسام) وەزیری مەعاریف و (ساڵح جەبر) وەزیری دارایی لەساڵی 1946  بەهۆی تۆمەتباركردنیان لەلایەن دوو وەزیری تر بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكان.  •    دەستلەكاركێشانەوەی (ساڵح جەبر) سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ساڵی 1948 بەهۆی ترس لە توڕەیی شەقام، (نوری سەعید)یش هەنگاوێكی لەوشێوەیەی ناوە و بەرەوتوركیا گەشتی كردووە. دەستلەكاركێشانەوەو بەخشین لەسەردەمی كودەتاكان كلتوری دەستلەكاركێشانەوەكان لەگەڵ سەرەتای سیستمی كۆماریدا كەمدەبێتەوە، لە كودەتاكەی (عەبدولكەریم قاسم) لە14ی تەمموزی ساڵی 1958و، دواتریش كودەتای (ئەحمەد حەسەن بەكر) لە 8ی شوباتی 1963 بە تەواوی كۆتایدێت، ئەوەش دوای ناچاركردنی (ئەحمەد حەسن بەكر) لە16ی تەمووزی ساڵی 1979 لەلایەن (سەدام حسێن) بەدەستلەكاركێشانەوە، ئیتر بە درێژایی 35 ساڵ دەسەڵاتی بەعس شتێك نامێنێت بەناوی دەستلەكاركێشانەوەوەو، لەبری ئەوە كلتوری بەخشین و لەكارخستن و دورخستنەوە سەرهەڵدەدات هەموو ئەوانەش بەپێی مەزاجی سەدام حسێن ئەنجامدەدرا.  تا هاتنی دەسەڵاتی بەعس بۆ سەر كورسی حوكم لە عێراق نزیكەی 15 دەستلەكاركێشانەوە لەماوەی 10 ساڵی ئەو حكومەتانەدا تۆماركراون كە بە كودەتا هاتوون، دوای دەسەڵاتی بەعس ئەم كلتورە بەتەواوی ونبوو بەجۆرێك بیرۆكەی دەستلەكاركێشانەوە وەك جۆرێك لە نوكتەی سیاسی لێهات و هەر بەرپرسێكی حكومەت بیر لێبكردرایەتەوە دەبوو بە ژیانی خۆی باجەكەی بدات. لەبەرامبەر ونبونی ئەم كلتورەدا، لەكارخستن و بەخشین و دورخستنەوەی دەیان وەزیر و پێكهاتەی حكومەت و ئەفسەرە پلەباڵاكان سەریهەڵدا ئەوەش وایكرد دەستلەكاركێشانەوە بەهای نەمێنێت و كلتوری دەستگرتن بە كورسی تۆخببێتەوە.   كلتوری دەستلەكاركێشانەوە لەدوای 2003 لەدوای ڕوخانی ڕژێمی (سەدام حسێن)، زنجیریەك دەستلەكاركێشانەوە تۆماركراوە، كە ئەكرێت وەك زیندبونەوەی ئەم كلتورە تەماشابكرێت بەڵام لەچاو ئەو هەموو كارەساتەی نوخبەی سیاسی بەسەر عێراقی هێناوە هەنگاوێكی لاواز و سەرەتاییە.  خالێكی سەیر و شایەنی باس لێرەدا ڕەنگە ئەوەبێت، (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی ئێستا عێراق كە ماوەی مانگێك زیاترە سەدان هەزار لە هاوڵاتیانی باشور و ناوەڕاستی عێراق هاتونەتە سەر شەقامەكان داوای دەستلەكاركێشانەوەی دەكەن، تاكە شەخس بێت لەم سەردەمەدا دوو جار وازی لە پۆستەكەی هێناوەو ئارەزومەندانە دەستیلەكاركێشاتەوە، لەساڵی 2011 دەستی لە پۆستی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق كێشاوەتەوە، لە ساڵی 2016ش لەحكومەتەكەی (حەیدەر عەبادی) دەستی لە پۆستی وەزیری نەوتی عێراق كێشاوەتەوە. بەشێكی گرنگی هۆكاری تۆخنەبونەوەی كلتوری دەستلەكاركێشانەوەی لە دوای ساڵی 2003وە ڕەنگە ئەو ئیمتیازاتە زۆرەبێت كە بەرپرسانی عێراق وەیردەگرن بە جۆرێك پۆست و ئیمتیازات بووە بە دوانەیەكی لێكدانەبڕاو .  هەر كەسێك كاتێك پۆستێكی باڵا لە حكومەت وەردەگرێت وەك دەرفەتی تەمەن و  كرانەوەی دەرگای خۆشگوزەرانی بەڕویدا تەماشای دەكات، بۆیە بەئەستەم دەستی لەكورسیەكەی دەبێتەوە، وێڕایی كرانەوەی دەرگای گەندەڵی و دەستكەوتی نا مەشروع كە خێراترین ڕێگایە بۆ دەوڵەمەندبوون، هەموو ئەمانەش وایكردووە پۆست و دەسەڵاتی خۆشەویست بێت و كلتوری وازهێنان و دەستلەكاركێشانەوەش بە تەواوی لاوازو بیر لێنەكراوەبێت.   


درەو میدیا:  كۆشكی سپی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا داوایكرد"كۆتایی بە تووندوتیژی و ئاڵۆزییەكانی عێراق بێت و وڵاتەكە بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاو بنێت". لەبەرامبەردا لەتیف شێخ مستەفا ئەندامی خولی پێشوتری پەرلەمانی عێراق دەڵێت پێویستە كورد پشتیوانی لەو هەنگاوەی ئەمریكا بكات" لە نوسینێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لەتیف شێخ مستەفا نوسیویەتی" كۆشكی سپی ھاتە سەرخەت وداوای ھەڵبژاردنی پێش وەخت دەكات،ھەڵبژاردنی پێش وەختیش بێ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نابێت ،پەرلەمانیش دەبێ خۆی دەنگ لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی خۆی بدات بەزۆرینەی ڕەھای دەنگی ئەندامەكانی واتەدەنگی ١٦٦ پەرلەمانتار" لەتیف شێخ مستەفا ئەوەش دەخاتە روو كە پێویستە كورد  بێ دوودڵی پشتگیری لەم ھەنگاوە بكات لەبەر سێ ھۆكار: ١- داواكاری ڕەوای خۆپیشاندەرانەو دەركەوت بەھیچ وەعدو بەڵێنێكی تر متمانەیان نیەو ناچنەوە ماڵەكانیان ٢-ڕێگری لەو لایەنانانە دەكات كە دەیانەوێ لەژێر پەردەی دیموكرسی و داواكاری خۆپیشاندەران عێراق بەرەو دیكتاتۆریەت بەرن لە ڕێگای گۆڕینی دەستور و گۆڕینی سیستەم بۆ سەرۆكایەتی 3-ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەبێتە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی لیژنە پەرلەمانیەكەی كە بۆگۆڕینی دەستور پێك ھێنراوەو مەترسیە بۆسەر دیموكراتی و فیدرالی لامەركەزی و پێگەو دەسەڵاتی ھەرێمیش بۆیە پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران بەڕەزامەندی سەرۆكی كۆمار داوایەك پێشكەش بكەن بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پاڵپشت بەحوكمی مادەی ٦٤ لەدەستور لەپەرلەمانیش پێویستە لەسەركورد كاری بۆ بكات بۆ ئەوەی ڕێژەی پێویست مسۆگەر بكات ئەگەرئەنجومەنی وەزیران و سەرۆك كۆماریش داواكاریان پێشكەش نەكرد پێویستە لەسەر كوتلە كوردیەكان بەھاوكاری كوتلەكانی تر ڕێژەی سێ یەكی پەرلەمانتاران واتە ئیمزای ١١٠پەرلەمانتار كۆبكەنەوە بیدەنە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان  


درەو میدیا ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا رایدەگەیەنێت" یەكێك لە دادوەرە مانگرتووەكان بەناوی (نزار حەسەن عەلی) بە دۆسێیەی كوشتن تێوەگلاوە"  رەتیشی دەكاتەوە"  دۆسێی گرنگ نەدرابێتە دادوەر( رزگار محەمەد ئەمین) "  ماوەی پێنج رۆژە بەشێك لە دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی گەرمیان مانگرتووەو رایدەگەیەنن لەبەر ئەوەی سكاڵایان لە سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی سنورەكە كردووە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە سزادراون بەو هۆیەشەوە مانگرتنیان راگەیاندووە  دەقی رونكردنەوەكە: رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی 7/11/2019 كەناڵی (ئێن ئار تی) هەواڵێكی بڵاو كردەوە لەسەر زاری كەسێك لەبەردەم داواكاری گشتی كەركوك-گەرمیان كە گوایە دۆسیەی گرنگ نادرێتە دادوەر (رزگار محەمەد ئەمین) ئەندامی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم و ناوبراویش داوای گواستنەوەی كردووە بۆ دادگای پێداچوونەوەی فیدرالی لە بەغدا، بۆیە وەك ئەنجومەنی دادوەری بە پێویستمان زانی ئەو روونكردنەوەیە بدەین: 1-    سەبارەت بە پێدانی دۆسیەی گرنگ بە دادوەرانی پێداچوونەوە، رادەگەیەنین كە لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم هەموو دۆسیەكانی بەردەم دەستەی سزای گشتی و دەستەی شارستانی گشتی دەدرێنە گشت ئەندامانی دادگاو ناوبراوی سەرەوەش یەكێكە لەو ئەندامانە و بە پێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری ناكرێت ئەو داوایانە پێشكەش بە ناوبراو نەكرێن تەنیا جگە لەو كاتانە نەبێت كە مۆڵەتی ئاسایی یان نەخۆشی هەبێت و ناوبراویش جگە لەوەی كە ئەندامە لە هەردوو دەستەی سەرەوە، هەروەها سەرۆكی دەستەی نەوجەوانانیشە لە دادگای پێداچوونەوە.  2-    سەبارەت بە بابەتی گواستنەوەی دادوەر (رزگار محەمەد ئەمین) بۆ دادگای فیدرالی لە بەغدا، ئەم بابەتە پەیوەندی بە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمەوە نیە و ناوبراو باش دەزانێت لە چۆنیەتی داواكاری گواستنەوە لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بۆ دادگای پێداچوونەوەی فیدرالی لە بەغدا بۆیە ناكرێت هەموو بابەت و زانیارییەك بۆ راگەیاندنەكان باس بكرێت. هەر بۆیە ئەم هەواڵە لەسەر زاری ئە كەسە دوورە لە راستی. 3-    سەبارەت بە كێشەی ئەندامی داواكاری گشتی (نزار حەسەن عەلی) كە یەكێكە لە مانگرتووەكان، ئێمە لێرەدا رادەگەیەنین كە ناوبراو بە دۆسیەیەكی كوشتن تێوەگڵاوە لەسەر زار و وتەی كەسوكاری تاوانلێكراو (سەرعێل بەكر رەفعەت) كە كوژراوە و وتەشیان وەرگیراوە و ئەم دۆسیەیەش لە دادگای تاوانەكانی گەرمیان تۆمار كراوە بە ژمارە (182/ج/2019) و دادوەر (ئەكرەم ئەمین فەرەج) (تنحی) كردووە لە بینینی داوایەكەو ئێستاش دۆسیەكە لە دادگای پێداچوونەوەیە بە ژمارە (1550/دەستەی سزایی دووەم/2019) و لە كاتی خۆی داوا لە وەزارەتی داد كرا كە رازی بێت رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەندامی داواكاری گشتی سەرەوە وەربگیرێت بەڵام وەزارەتی داد بە پێی نووسراویان ژمارە (20/513/ لە 26/2/2019) رازی نەبوو. هەروەها لە كاتی خۆیدا ئەندامی داواكاری گشتی سەرەوە داوای گواستنەوەی كێشەكەی كردبوو لە دادگای تاوانی كەركوك-گەرمیان بۆ دادگایەكی دیكەی تاوانەكان لە هەرێم بەڵام داواكارییەكەی رەتكرایەوە بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێم ژمارە (1542/دەستەی سزایی دووەم/2018 لە 15/1/2019) كە هاوپێچە لەگەڵ نووسراوی سەرەوەی وەزارەتی داد. هەروەها لەسەر ئەم بابەتە (داوای سەرەوە) كێشە لەنێوان سەرۆكی دادگای كەركوك-گەرمیان دادوەر (ئەكرەم ئەمین فەرەج) و ئەندامی داواكاری گشتی (نزار حەسەن عەلی) دروستبوو. دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی كوردستان دەسەڵاتێكی سەربەخۆیە بە پێی یاسای ژمارە (23ی ساڵی 2007)ی دەسەڵاتی دادوەری كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووەو بۆ كەس نیە دەستێوەردان لەو دەسەڵاتەدا بكات و ئەوانەی كە مانیان گرتووە، ئەوانەن كە پەنایان بۆ دەزگای حزبی و ئیداری بردوەو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان لەگەڵ سەرۆكی دادگای تێهەلچوونەوەی كەركوك-گەرمیان و لابردنی.    


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف رۆژگارێك وێنەی ئەو پیاوە قۆزە كە كڵاوێكی لەسەر كردبوو، بەشێوەیەكی سەرەنجڕاكێش جگەرەكەی دادەگیرساند، ملیۆنان كەسی هاندا بۆئەوەی جگەرە بكێشن، رەنگە زۆر كەس ئەوە نەزانن، ئەو خۆی هەرگیز جگەرەی نەكێشاوە. بۆب نۆریس ئەو پیاوەی كە ریكلامی "مارلبۆرۆ"ی بۆ جگەرە دەكرد، لە تەمەنی 90 ساڵیدا لە كێڵگەكەی خۆیدا لە ویلایەتی كۆلۆرادۆ سبرینجز لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كۆچی دوایی كرد. ئاژانسی هەواڵی فركس نیوزی ئەمریكی هەواڵی مردنی خاوەنی ریكلامە بەناوبانگەكەی جگەرەی لە جیهان بڵاوكردەوە، ئاشكرایكرد، ئەو كە رۆڵی هەبووە لەوەی ملیۆنان كەس دەستبە جگەرەكێشان بكەن، بەڵام خۆی تاوەكو مرد، جگەرەی نەكێشا. كەناڵەكە لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، بۆب نۆریس ئەكتەرو راهێنەرو باوك بووە كە لە ریكلامی جگەرەكێشاندا رۆڵی شوانی مانگای بینیوە‌و ماوەی 12 ساڵ وێنەی ئەو لەسەر تابلۆكانی ریكلام‌و بەرگی گۆڤارەكان‌و شاشەی تەلەفزیۆنەكان بووە. چۆن بوو بە ئەستێرەی ریكلامەكان بۆبی كوڕی بۆب نوریس لەبارەی چیرۆكی ریكلامی "مارلبۆرۆ" باسلەوە دەكات، دوان لە بەڕێوەبەرە جێبەجێكارەكانی ریكلامی "مارلبۆرۆ" وێنەی باوكی ئەویان لە یەكێك لە رۆژنامەكان لەگەڵ كچە هاوڕێیەكیدا بینیوە كە ئەویش كچە ئەكتەر (جۆن واین) بووە، دوای ماوەیەكی كورت، ئەو دوو كەسە سەردانی باوكیان كردووە لە كێڵگەی "تی كرۆس"، بە قاتێكی خەت خەتەوە لە ئۆتۆمبیلەكانیان دابەزیوون. كوڕەكەی بۆب نوریس دەڵێ:" ئەوانە هاتبوون بۆلای باوكم‌و پێیان وت: ئەتەوێت بچیتە ناو ریكلامی بازرگانی جگەرەی مارلبۆرۆ-وە ؟"، باوكی وەڵامی داونەتەوە:" زۆر باشە، من ئێستا بە جۆرێك لە جۆرەكان سەرقاڵم، بۆچی هەفتەی داهاتوو ناگەڕێنەوە، ئەگەر جدی بوم، قسە دەكەین"، هەفتەی داهاتوو دوو كەسەكە گەڕانەوە، بەوشێوەیە رێككەوتنەكە كرا، ئەمە لە ساڵی 1954دا بوو. پاش ماوەیەك نۆریس وازی لە كاركردن هێنا، ئەوەش دوای ئەوەی هەستی بەوەكرد بووە بە پێشەنگێكی خراپ بۆ كچ‌و كوڕەكانی، بەتایبەتی لەوەدا كە داوای لە كوڕەكانی دەكرد جگەرەنەكێشن، لەپڕ دوچاری ئەو پرسیارەی منداڵەكانی دەبووەوە كە پێیان دەوت:" ئەگەر تۆ ئەتەوێت جگەرەنەكێشین، بۆچی ریكلام بۆ جگەرە ئەكەیت؟". هەر لەو رۆژانەدا بوو كە دوچاری ئەو پرسیارە دەبووەوە، بۆب نۆریس دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە ریكلامەكە بۆ فلیپ مۆریس نارد كە خاوەنی ماركەی بازرگانی مارلبۆرۆ بوو. لەبارەی جگەرەكێشانەوە بەپێی ئامارە فەرمییەكان، ئێستا لەسەرتاسەری جیهان نزیكەی (ملیارێك‌و 100 ملیۆن) كەس جگەرەكێشن، پێشبینی دەكرێت لە دوو دەیەی داهاتوودا ئەم ژمارەیە بۆ (ملیارێك‌و 600) ملیۆن كەس بەرزببێتەوە. جگەرەكێشان سەرباری زیانە گەورەكەی بۆسەر تەندروستی گشتی لە هەر وڵاتێك، زیانی ئابوری گەورەش لە ئابوری خێزان دەدات، بەپێی ئامارەكان لە وڵاتە هەژارەكاندا رێژەی 30%ی كۆی داهاتی گشتی بۆ كڕینی جگەرە خەرجدەكرێت. رێژەی 80%ی ئەوانەی لەسەر ئاستی جیهان جگەردەكێشن، لەو وڵاتانەدا دەژین كە داهاتی مامناوەند یاخود كەمیان هەیە. مەترسییە زۆرەكانی جگەرەكێشان وایكردووە ساڵانە رۆژێك بۆ روبەڕووبونەوەی جگەرەو بەكارهێنانی هەموو جۆرەكانی تری توتن دانراوە، ئەو رۆژەش 31ی ئایارە. بەپێی ئاماری رێكخراوی تەندروستی جیهانیی، ساڵانە (8) ملیۆن كەس بەهۆی جگەرەكێشانەوە دەمرن، لەم ژمارەیە (3 ملیۆن‌و 300 هەزار) كەسیان بەهۆی نەخۆشی سییەكانەوە دەمرن، (500) هەزار كەس بەهۆی كاریگەری جگەرەوە دەمرن، واتە خۆیان جگەرەكێش نین، بەڵام لە ژینگەیەكدا دەژین كە جگەرەكێشی تێدایە، لەنێو ئەم جۆرەدا ساڵانە (60 هەزار) منداڵ دەمرن. رێكخراوی تەندروستی جیهانیی دەڵێ: ساڵی 2000 لەسەر ئاستی جیهان رێژەی ئەوانەی كە جگەرەیان كێشاوە، 27% بووە، بەڵام لە ساڵی 2016دا رێژەكە بۆ 20% دابەزیوە. ئەم دابەزینە لە ئاستی جگەرەكێشان هێشتا دڵنیاكەرەوە نییە، بۆ كەمكردنەوەی گاریگەرییە خراپەكانی جگەرە لەسەر مرۆڤ، رێكخراوی تەندروستی جیهانیی داوا لە وڵاتان دەكات تاوەكو ساڵی 2025 بەرێژەی 30% بەكارهێنانی توتن كەمبكەنەوە. لەبارەی زیانە تەندروستییەكانی جگەرەوە رێكخراوەكە باسلەوەدەكات، لەناو جگەرەدا سەدان ماددەی ژەهراوی هەن كە سییەكانی مرۆڤ وێران دەكەن، رێكخراوەكە بەردەوام پەیامی ئومێدبەخشانە بە خەڵك لەسەر ئاستی جیهان دەدات‌و دەڵێ:" هێشتا زووە بۆ ئەوەی بڕیار بدەی واز لە جگەرەكێشان بهێنیت، چونكە لەماوەی دوو هەفتەدا دوای وازهێنان لە جگەرە، سییەكانت دەگەڕێنەوە باری ئاسایی‌و ئەركی خۆیان بە باشی ئەنجام دەدەن".  هەندێك وڵات بۆ سنورداركردنی ئەم دیاردە مەترسیدارە تەندروستییە، باجی قورسیان لەسەر كڕینی جگەرە داناوە، تاوەكو خەڵك دوركەونەوە لە جگەرەكێشان، بەپێی داتایەك: •    لە بۆسنە بەرێژەی 86% باج لەسەر جگەرە دانراوە •    لە سلۆڤاكیا بەرێژەی 84.6% •    لە بولگاریا بەرێژەی 84% •    لە پۆڵەندا بەرێژەی 82.6% •    لە توركیا بەرێژەی 82.2% رێژەی جگەرەكێش لە وڵاتێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازە، ئەمەش پابەندە بە ئاستی رۆشنبیری تەندروستی‌و بارودۆخی ئابوری ئەو وڵاتانەوە، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان: •    یۆنان یەكەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان لەرێژەی جگەرەكێشدا، 28%ی كۆی دانیشتوانی ئەو وڵاتە جگەرەدەكێشن. •    توركیا دووەم وڵاتە، 26%ی دانیشتوانەكەی جگەرەكێشن. •    هەنگاریا لە پلەی سێیەمدایە، 23%ی دانیشتوانەكەی جگەرە دەكێشن. •    لاتیڤیا لە پلەی چوارەمدایە‌و 22%ی دانیشتوانەكەی جگەرە دەكێشن. •    ئیسپانیا لە پلەی پێنجەمدایە‌و 20%ی دانیشتوانەكەی جگەرە دەكێشن. جگەرە لە هەرێمی كوردستان ساڵی 2007 پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی پەسەندكرد بەناوی یاسای ژمارە (31)ی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان، ساڵی 2008 یاساكە هەمواركرایەوە‌و بە بڕیارێك خرایەبواری جێبەجێكردن. بەپێی ئەو یاسایە، ریكلامكردن بۆ جگەرە لە هەرێمی كوردستان قەدەغەكراوە‌و سەرپێچیكار بە بڕێك پارە كە لە (400 هەزار) دینار كەمتر نەبێت‌و لە (2 ملیۆن) دینار زیاتر نەبێت سزادەدرێت، ئەمە سەرباری ئەوەی ریكلامەكەی پێ لادەبرێت، بۆب نۆریس ئەو پیاوەی كە ریكلامی بۆ جگەرەی مارلبۆرۆ دەكرد، ئەگەر لەم سەردەمەدا لە هەرێمی كوردستاندا بوایە، دەبوو چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم یاسایەدا بكات ؟ یاسایەك كە هێشتا بڕگە سەرەكییەكانی جێبەجێ نەكراوە، لەوانە قەدەغەكردنی جگەرەكێشان لە شوێنە گشتییەكاندا كە بڕی (10 هەزار) دینار غەرامەی بۆ سەرپێچیكار دیاریكردووە. هیچ حاڵەتێك لە بەردەستدا نییە كە لەدوای دەرچوونی ئەو یاسایەوە كەسێك لەسەر جگەرەكێشان لە شوێنە گشتییەكان غەرامەكرابێت، لە عێراقیش یاسایەكی هاوشێوە هەیە كە ساڵی 2012 دەرچووە‌و جگەرەكێشان لە شوێنە گشتییەكان قەدەغە دەكات. رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ حاڵەتێكی دەگمەن لە عێراق تۆماركرا، وەزارەتی دادی عێراقی فەرمانبەرێكی خۆی بە بڕی (10 هەزار) دینار سزادا بەهۆی ئەوەی لە شوێنی كاركردنی خۆی لە وەزارەت جگەرەی كێشابوو. یاساكانی تایبەت بە جگەرەكێشان لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان وەكو خۆیان جێبەجێ ناكرێن، بەڵام بەم ساڵانەی دوایی رۆشنبیرییەكی گشتی لەناو خەڵك دروستبووە كە جگەرەكێشانیان لە شوێنەگشتییەكان كەمكردوەتەوە، لە زۆرێك لە فەرمانگە حكومییەكان شوێنی تایبەت بە جگەرەكێشان دروستكراوە. داتاكانی جگەرە لە هەرێمی كوردستان بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، ساڵی  2013 بەر لە سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، بەبەهای نزیكەی (716 ملیار) دینار جگەرە هاوردەی هەرێم كراوە، ساڵێك دواتر رێژەكە بەرزبوەتەوە بۆ (956 ملیار) دینار، بەڵام ساڵی 2015 واتە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، بەهای پارەی هاوردەكردنی جگەرە بۆ هەرێم دابەزیوە بۆ (813 ملیار) دینار. بەشێوەیەكی گشتی بازرگانی جگەرە لە هەرێمی كوردستان یەكێك بازرگانییە ناشەفافەكان، كە بەپرسانی حزبی‌و حكومی لە هەردوو زۆن لە پشتەوە دەستیان تێوەرداوە‌و لە بەرژەوەندی خۆیان ئیدارەی دەدەن. لەبارەی ئاماری ژمارەی ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان جگەرەكێشن هیچ ئامارێكی نوێ لەبەردەستدا نییە، دكتۆر خالس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئەوەی هەیە ئاماری ساڵانی پێشووە‌و لەئێستادا هیچ ئامارێك لەبارەی ژمارەی جگەرەكێش‌و ئەوانەی بەهۆی جگەرەكێشانەوە لە هەرێمی كوردستان دەمرن لەبەردەستی ئەواندا نییە. بەڵام بەپێی روپێوییەكی خێزانیی كە ساڵی 2016 لەسەر ئاستی عێراق‌و هەرێمی كوردستان كراوە، رێژەی جگەرەكێشە لە عێراق‌و هەرێم پێكەوە 23.4%ە. 10 ساڵ پێشترو بەدیاریكراوی لە ساڵی 2006دا ئەم رێژەیە 13% بووە، واتە ژمارەی جگەرەكێش لە هەرێمی كوردستان ساڵ لەدوای ساڵ زیادی كردووە. وەسیم كەیلان ئەندامی پرۆگرامی روبەڕووبونەوەی توتن لە وەزارەتی تەندروستی عێراق پێنج مانگ لەمەوپێش لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵی توركیا وتی:" بەپێی ئەو روپێوییانەی كە كردومانە، لە هەر 20 خولەك جارێكدا كەسێك بە هۆكاری جگەرەكێشانەوە دەمرێت". وەسیم باسلەوەدەكات، لە عێراق رۆژانە (2 ملیار) دینار واتە نزیكەی (ملیۆنێك‌و 650 هەزار) دۆلار خەرجدەكرێت بۆ كڕینی توتن‌و بەرهەمەكانی تری دوكەڵ‌و لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە دەكرێن. بەمدواییە دیاردەیەكی تری سەریهەڵداوە‌و كە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانیشی تەنیوە، جگەرەی ئەلیكترۆنی دەیەوێت شوێنپێ بە جگەرەی كلاسیكی لەق بكات، هەندێك دەڵێن ئەم جۆرە جگەرانە رێژەی نیكۆتین تێیاندا كەمە‌و زیانی تەندروستییان نییە، بەڵام توێژینەوە زانستییەكان قسەی پێچەوانە دەكەن.


راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت  هەفتەی داهاتوو بزوتنەوەی گۆڕان ناوی كاندیدی خۆی بۆ پڕكردنەوەی (7) پۆستی حكومی نوێ ئاراستەی مەسرور بارزانی دەكات، سەرباری ئەمە زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان نیگەرانن لە ئەدای كاری كابینەی نوێی حكومەت، رێكخەری گشتی حزب داوا دەكات دوو مانگی تر دەرفەت بە مەسرور بارزانی بدرێت‌و دواتر بڕیاری كۆتایی بدرێت، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی كابینەكەی مەسرور بارزانی بڵاودەكاتەوە. یەكەم كۆبونەوەی جڤات ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، دامەزراوەیەك كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی حزبەكە، بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە. كۆبونەوەی ئەمڕۆ، یەكەمین كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بوو لەدوای هەڵبژاردنی رێكخەرو ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندن لە ئەیلولی رابردوودا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، كۆبونەوەی ئەمڕۆ بۆ تاوتوێكردنی چەند تەوەرێك بووە، لە گرنگترینیان: •    پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت •    پڕكردنەوەی پۆستەكان بەتاڵەكان لەناوخۆی حزب •    هەڵسەنگاندنی ئەدای كاری حكومەت‌و پەرلەمان لەدوای دەستبەكاربوونیانەوە پۆستە بەتاڵەكانی حزب لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا (8) پۆست هەبوون كە بەتاڵبوون، واتە لەماوەی رابردوودا بەرپرسەكانیان لاچوون یاخود وازیان لە بزوتنەوەكە هێناوە، لەدوای دەستبەكاربوونی خانەی راپەڕاندنی نوێی حزبەكە، بڕیاردرا ئەو پۆستە بەتاڵانە پڕبكرێنەوە. لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا، جڤاتی نیشتمانی بڕیاریدا ژوری حكومەت‌و پەرلەمان كە ژورێكی تایبەتە بە چاودێریكردنی ئەدای كاری نوێنەرەكانی گۆڕان لە حكومەت‌و پەرلەمان، بكات بە دوو ژوری جیاواز، ژورێك بۆ چاودێری ئەدای پەرلەمان‌و ئەوی تر بۆ چاودێری حكومەت. لە كۆبونەوەكەدا لە كۆی (8) پۆستی بەتاڵ، سیانیان پڕكرانەوە، كە ئەمانە بوون: •    كاوە عەبدوڵا (كاوەی مامە عەبە)- رێكخەری ژوری حكومەت •    دكتۆر محەمەد شوانی- رێكخەری ژوری ناوچە دابڕاوەكان •    دلێر عەبدولخالق- رێكخەری ژوری رۆژنامەوانی سەرچاوەیەكی باڵا لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، تاوتوێی كاندیدەكان دەكرێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو (5) پۆستە حزبییەی تر كە ماون، رۆژی شەممەی داهاتوو لە كۆبونەوەی جڤاتدا، كاندیدی ئەو پۆستانەش بڕیاریان لەسەر دەدرێت. پۆستە بەتاڵەكانی حكومەت بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئێستا (7) پۆست هەن كە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتوون لە كابینەی نوێی حكومەتدا‌و هێشتا پڕنەكراونەتەوە. پۆستە پڕنەكراوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەمانەن: •     بریكاری وەزیری پەروەردە •    جێگری وەزیری ناوخۆ •    بریكاری وەزیری كارەبا •    بریكاری وەزیری شارەوانییەكان •    ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە •    دوو ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بڕیاری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا)ی وت:" چوار بریكارەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لە وەزارەتەكان‌و پۆستی ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە هیچ كێشە‌و گرفتێكیان نییە‌و هەفتەی داهاتوو بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدەكانی خۆی بۆ ئەو پۆستانە یەكلادەكاتەوە‌و رادەستی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتیان دەكات". بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پڕكردنەوەی پۆستەكانی ئەنجومەنی ئاسایش كێشەی تێدایە، پارتی بەفەرمی بزوتنەوەی گۆڕان ئاگاداركردووە لەوەی بابەتی پۆستەكانی ئەنجومەنی ئاسایش دوابخات بۆ كاتێكی تر، چونكە ئەوان خۆیان لەدوای دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، هێشتا پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشیان پڕنەكردوەتەوە، كە پێشتر ئەو پۆستە بەدەست مەسرور بارزانییەوە بوو. گۆڕانیش لە یاریدەدەر نیگەرانە ! جگە لەو (7) پۆستە، پۆستێكی تریش هەیە كە پشكی بزوتنەوەی گۆڕانە‌و هێشتا پڕنەكراوەتەوە‌و چارەنوسیشی نادیارە. بەمدواییە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە فەرمی‌و لەسەر زاری وتەبێژەكەیەوە نیگەرانی خۆی نیشاندا لە دانانی (4) یاریدەدەر بۆ سەرۆكی حكومەت لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نوێوە. یەكێتی دانانی ئەو یاریدەدەرانەی بۆ سەرۆكی حكومەت وەكو دروستكردنی "حكومەتێكی بچوك" لەناو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ناوبرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) تەنیا یەكێتی لە دانانی ئەو یاریدەرانە نیگەران نییە، بزوتنەوەی گۆڕانیش نیگەرانە‌و نیگەرانیەكەشی بە پارتی راگەیاندووە. بەپێی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بڕیاربوو سەرۆكی حكومەت تەنیا یەك یاریدەدەری هەبێت، كە ئەویش پۆستی (یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری چاكسازی)، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە‌و یەكێكە لەو پۆستانەی هێشتا پڕنەكراوەتەوە. بەهانەی پڕنەكردنەوەی پۆستەكەی گۆڕان ئەوەیە، ئەوە پۆستێكی نوێیە‌و دەبێت لە پەرلەمانی كوردستانەوەی یاسای تایبەتی بۆ دەربكرێت، بەڵام لەدوای دەستبەكاربونییەوە مەسرور بارزانی بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، (4) یاریدەدەری بۆ خۆی دامەزراندووە كە ئەمانەن: •    ئاشتی هەورامی- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە‌و سامانە سروشتییەكان •    رێباز حەملان- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وەبەرهێنان‌و راژەی گشتی •    محەمەد حاجی- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری تەندروستی •    دكتۆرە رانیا مەجید- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری ئابوری ئەوەی زیاتر بزوتنەوەی گۆڕان نیگەران كردووە، ئەوەیە دوان لەوانەی كە مەسرور بارزانی وەكو یاریدەدەری خۆی فەرمانی بۆ دەركردوون ئەندامی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان بوون‌و وازیان هێناوە كە ئەوانیش هەریەكە لە (رێباز حەملان و محەمەد خاجی)ن. (درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی بە فەرمی وەڵامی نیگەرانییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی دانانی ئەو یاریدەدەرانەوە بۆ سەرۆكی حكومەت داوەتەوە‌و وتویەتی:" ئەو یاریدەدەرانە بۆ ئەو وەزارەتانە دانراون كە لای پارتین‌و هیچ یاریدەدەرێكیان كارەكەیان پەیوەندیدار نییە بە وەزارەتەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە" ئەمە بەهانەیە، نیگەرانییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی رەواندوەتەوە.   گۆڕان نیگەرانە ! ماوەی چوار كابینەی نوێی حكومەت دەستبەكاربووە، بزوتنەوەی گۆڕان لایەنێكی سەرەكی بەشداری كابینەی نوێیە. لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا تەوەرێكی سەرەكی، بابەتی هەڵسەنگاندنی ئەدای كاری حكومەت‌و پەرلەمان‌و بەراوردكردنیانن بوو بەو رێككەوتنەی كە گۆڕان بۆ بەشداربوون لەم كابینەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كردویەتی. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا، زۆرینە نیگەران بوون لە "جێبەجێ نەكردنی تەواوەتی" رێككەوتنی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. بەڵام عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە لەبارەی ئەدای حكومەتەوە وتویەتی:" با پەلە نەكەین لە بڕیارداندا، چاوەڕوانی ئەو ماوەیە بین كە بۆ هەڵسەنگاندنی حكومەت دیاریمان كردووە". برزۆ مەجید ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ وتی:" بڕیاردرا تەوەری هەڵسەنگاندنی حكومەت بە كراوەیی بهێڵدرێتەوە، تا كۆتایی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان". ئەو ماوەیەی كە برزۆ مەجید باسی نەكرد، (6) مانگە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ دەستبەكاربونیدا (6) مانگی دیاریكردووە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەدای كاری حكومەت‌و مانەوە یاخود كشانەوە لە كابینەی نوێدا، ئێستا چوار مانگی ئەو وادەیە تێپەڕیوە‌و تەنیا دوو مانگ دەرفەت ماوە. سەرچاوەیەكی باڵا لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا) راگەیاند، جگە لە رێككەوتنی پۆستەكان، هیچ بەشێكی تری رێككەوتنی نێوان گۆڕان‌و پارتی جێبەجێنەكراوە‌و پارتی دەستی بەدەستی بە گۆڕان دەكات، بە تایبەتی لە جێبەجێكردنی پرسی چاكسازی‌و پاكێجەكانی تری گۆڕان. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی:" لەدوای دەستبەكاربوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانەوە، بزوتنەوەی گۆڕان 17 پرۆژە یاسای ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، هیچ یەكێك لەو پرۆژانە نەخراوەتە بەرنامەی كارەوە، پرۆژەیاسای چاكسازیش چارەنوسی نادیارە‌و پارتی بە گۆڕانی وتووە قوباد تاڵەبانی رێگری دەكات لە تێپەڕاندنی یاساكە". زۆرینەی بنكەی جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان لەدژی بەشداربوونی بزوتنەوەكەیان بوون لە كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام سەركردەكانی حزبەكە دواجار بڕیاریاندا بەشداری كابینەی نوێ بكەن، بەهانەی ئەوان بۆ بەشداربوون، چاكسازیكردن بوو، لەپاڵ پرۆژەی خۆیدا بۆ چاكسازی، ئێستا گۆڕان بۆ مانەوەی لە حكومەت گرەو لەسەر پەسەندكردنی پرۆژە یاسایەك دەكات بەناوی "پرۆژەی چاكسازی لە خانەنشینی پلە باڵاكان"، كە ئەمەش پرۆژەیەكە مێژووەكەی بۆ كۆتاییەكانی كابینەی پێشووی حكومەت دەگەڕێتەوە‌و ئامانج رەحیم سكرتێری ئەوسا‌و ئێستای ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی كردووە، واتە لە بنەڕەتەوە پرۆژەی تایبەتی گۆڕان نییە.  


راپۆرت: فرانس پرێس    وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت   قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران یاخود ئەوەی لەناو سیاسەتمەداران كورد‌و عێراقیدا بە "حاجی قاسم" ناسراوە، دواجار قسەی كۆتایی خۆی كرد لەبارەی بارودۆخی عێراق‌و خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتییەكانەوە. بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا (فرانس پرێس)، موقتەدا سەدرو كوڕێكی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق لەگەڵ حاجی قاسم كۆبونەتەوە‌و لە پشتی پەردەوە رێككەوتنێك كراوە بۆ هێشتنەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران لە پۆستەكەی‌و كۆتایهێنان بە ناڕەزایەتییەكان لەسەر شەقام. هەموان رێككەوتنەكەیان لاپەسەندە، تەنیا حەیدەر عەبادی نەبێت كە خەونی گەڕانەوەی هەبوو بۆ سەر كورسی دەسەڵات لەدوای كەوتنی عەبدولمەهدی. راپۆرتەكە باسی لەوەكردووە، عەبدلمەهدی‌و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كە بەمدوییە پەیوەندییان لەنێواندا نەماوە، كۆبونەتەوە، ئەوەش ئاماژە بووە بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەركراون، لەبەر بایەخی راپۆرتەكە بۆ خوێنەری كورد، (درەو میدیا) دەقەكەی وەكو خۆی وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی. دەقی راپۆرتەكەی فرانس پرێس ئەمڕۆ هێزە عێراقییەكان بە فیشەك‌و گازی فرمێسكڕێژ دەستیانكرد بە بڵاوەپێكردنی ئەو خۆپیشاندەرانەی كە داوای "روخانی رژێم" یان دەكرد، ئەمە تەرجەمەكردنی رێككەتنێكی سیاسی بوو بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی ئێستا، تەنانەت ئەگەر بۆ كۆتایهێنان بە ناڕەزایەتییەكان پێویست بە بەكارهێنانی هێزیش بكات. بەپێی قسەی پەیامنێرانی ئاژانسی فرانس پرێس، لە دەروازەی ئەو تونێلەی كە دەچێت بۆ گۆڕەپانی تەحریر لە بەری پردی سنك-ەوە، دەنگی تەقەی زۆر بیستراوە، هەروەها ژمارەیەك لە خۆپیشاندەرانیان بینیوە كە بە فیشەك برینداربوون‌و لە خوێنا گەوزاون، بەر لەوەی بەهۆی كەمی ئۆتۆمبیلی فریاگوزارییەوە، بە ماتۆڕسكیلی "توكتوك " بگوازرێنەوە. دوای ئەوەی لە سەرەتادا لە بارودۆخێكی ناهەمواردا بوو، بەڵام عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران ئەمڕۆ بووەتە خاڵی كۆدەنگی نێوان پارت‌و سیاسییەكانی دەسەڵات، ئەوانەی كە داوای رۆشتنیان دەكرد، پاشەكشێیان لە بانگەوازەكانیان كرد، بەتایبەتیش بەهۆی فشارە سیاسییەكان لەلایەن ئێران‌و هاوپەیمانەكانیەوە لە بەغداد. بەڵام لەسەر شانۆی سیاسی، لەم چەند رۆژەی دوایدا، زۆرینەی هێزە سیاسییەكان گەیشتونەتە ئەو بڕیارە، ئەمە بەپێی قسەی دوو كادیری یەكێك لەو حزبانەی كە خۆیان بەشدارییان لە كۆبونەوەكان كردووە‌و لێدوانیان بۆ فرانس پرێس داوە. یەكێك لەو دوو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد"حزبە سیاسییەكان لە كۆبونەوەیەكدا كە زۆرینەی سەركردەی كوتلە گەورەكان تێیدا بەشداربوون، رێككەوتوون لەسەر هێشتنەوەی عادل عەبدولمەهدی‌و دەستگرتن بە دەسەڵاتەوە لەبەرامبەر ئەنجامدانی چاكسازی لە دۆسیەكانی روبەڕووبونەوەی گەندەڵی‌و هەمواركردنی دەستور". باسی لەوەشكرد، لایەنەكان رێككەوتوون لەسەر ئەوەی "پاڵپشتی حكومەت بكەن لە كۆتایهێنان بە ناڕەزایەتییەكان بەهەموو شێوازێك كە گونجاوبێت". پێدەچێت ئاڕاستەیەك كۆنی نوێ هەبێت بۆ دووبارە رێكخستنەوەی ماڵی شیعە، لەسەر شێوەی هاوپەیمانی نیشتمانی، ئەمە بەپێی قسەی هەمان ئەو سەرچاوانە. چەند سەرچاوەیەكی سیاسی بە فرانس پرێس-یان وت، رێككەوتن نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكاندا، لەنێویاندا "سائیرون و حیكمە"، دوای دیدارێكی " ژەنەراڵ قاسم سلێمانی هاتووە لەگەڵ موقتەدا سەدرو محەمەد رەزا سیستانی (كوڕی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق)، كە رێككەوتنی هێشتنەوەی عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی، لەو دیدارەوە سەرچاوەی گرتووە". سەرچاوەكان جەختیان كرد، تاكە لایەن كە رێككەوتنەكەی رەتكردوەتەوە هاوپەیمانی "نەسر" بووە كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو رێبەرایەتی دەكات‌و وای دەبینێت تاكە چارەسەری تەنگژەكە ئەوەیە عەبدولمەهدی بڕوات. لاپەڕەی سەرۆك وەزیران لە تویتەر وێنەیەكی بڵاوكردەوە، كە دیمەنی دیداری نێوان عەبدولمەهدی‌و بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار نیشان دەدات، ئەمەش دەریخست پێشكەوتن لە گفتوگۆكاندا رویداوە دوای ئەو قسانەی كە باسیان لەوەدەكرد پەیوەندی لەنێوانیاندا پچڕاوە. ئەمە هاوكات بوو لەگەڵ گەڕانەوەی پەرلەمان بۆ گەڕان بەدوای چارەسەری گونجاودا.  رێككەوتنەكە لە شەقامدا رەنگدەداتەوە هاوكات لەگەڵ رێكخستنەوەی سیاسیی ریزەكان، هێزە ئەمنییەكانیش لە شەقام دەستیان بە پێشڕەوی كرد.  ئەو هێزانە لە بەغداد توانییان سێ پرد لە كۆی چوار پرد كۆنترۆڵبكەنەوە كە خۆپیشاندەران دەستیان بەسەردا گرتبوو، ئەمە بەپێی ئەوەی پەیامنێران بە ئاژانسی فرانس پرێسیان وتووە. سەرباری ئەوەی ژمارەیەكی زۆری خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی ناوەندی تەحریر كۆبونەتەوە‌و لەچوارچێوەی ناڕەزایەتییەكاندا داوای "روحانی رژێم"دەكەن، چەند رۆژێكە لە كۆی 12 پرد لە پایتەخت، لە چوار پردیان، روبەڕووبونەوە هەیە. سەرەتا خۆپیشاندەران بە ئاڕاستەی پردی جمهوری پێشڕەوییان كرد، كە تەحریر بە ناوچەی سەوزەوە دەبەستێتەوە‌و ئەو ناوچەیە بارەگا حكومییەكان لەخۆدەگرێت. هێزە ئەمنییەكان لەسەر پردەكە سێ بەربەستی كۆنكرێتییان هەڵگرت، خۆپیشاندەران لەبەردەم یەكەمیاندا رادەوەستن. لەدوای ئەوە، خۆپیشاندەرانی تر بە ئاڕاستەی پردەكانی سنك‌و ئەحرارو شوهەدا رۆشتن كە هاوتەریبن لەگەڵ جمهوری لە باكورەوە. ئەو سێ پردە لە شەودا روبەڕووبونەوەیان لەنێوان خۆپیشاندەران‌و ئەو هێزە ئەمنیانە بەخۆوەبینی، كە رێگرییان لێدەكردن، ئەمە بەگوێرەی قسەی پەیامنێرانی فرانس پرێس.  بەیانی ئەمڕۆ هێزە عێراقییەكان گازی فرمێسكڕێژیان بە ئاڕاستەی خۆپیشاندەران تەقاند، كە لە شەقامی رەشید لە ناوەڕاستی بەغداد كۆبوبوونەوە. یەكێك لە خۆپیشاندەران لەسەر پردی سنك بە فرانس پرێسی وت" هێزە ئەمنییەكان لە دووی بەرەبەیانی خەبەریانكردینەوە". ئەو گەنجە كە دەمامكی كردبوو ئاماژەی بەوەكرد" بۆمبی دەنگییان تەقاند‌و هاواریان لێكردین: دەی وەرن تێپەرن. بارودۆخەكە باش نەبوو، بەڵام ماینەوە تا چارەسەرێك دەدۆزرێتەوە". ترسان ئایەتوڵا سەید عەلی سیستانی مەرجەعی ئاینی شیعەكان رۆژی هەینی داوای لە هێزە ئەمنییەكان‌و خۆپیشاندەران كرد، دان بەخۆیاندا بگرن‌و هێز بەكارنەهێنن. بەڵام خۆپیشاندەرێكی تر وتی" مەرجەعیەت دوێنێ وتی نە بە فیشەك‌و نە بە چەكی تر لێیان مەدەن، كەچی ئەمڕۆ لێیانداین، بە ئێمەیان وت بەكرێگیراو و بەعسی، بەڵام ئێمە هیچ شتێكمان نیە". ئەو خۆپیشاندانەی كە لە رۆژی یەكی تشرینی یەكەمی رابردووەوە دەستیپێكرد، كردەوەی توندوتیژی خوێناوی بەخۆوە بینی، كە بووە هۆی كوژرانی نزیكەی 300 كەس، كە زۆرینەیان لەو خۆپیشاندەرانە بوون كە داوای "روخانی رژێم"یان دەكرد. لەوپەڕی باشوریشەوە، لە پارێزگای بەسرەی دەوڵەمەند بە نەوت، هێزە ئەمنییەكان فیشەكیان لەدژی ئەو خۆپیشاندەرانە بەكارهێنا كە بەرەو بینای ئەنجومەنی پارێزگا دەڕۆیشتن. ئەوە بوو بەهۆی كوژرانی سێ كەس‌و برینداربوونی دەیان كەسی تر، ئەمە بەگوێرەی قسەی سەرچاوە پزیشكییەكان. ئێستا هێزە ئەمنییەكان هەر كەسێك دەستگیردەكەن كە هەوڵی خۆپیشاندان بدات. سەبارەت بەو خێوەتانەش كە خەڵكی ناڕازیی لە گۆڕەپانەكانی بەغداد‌و شارەكانی باشور هەڵیانداوە، لە بەسرە هێزە ئەمنییەكان لە بە هێز كۆیانكردەوە، لە كەربەلاش كە لای شیعەكان پیرۆزە، بە بۆمبی فرمێسكڕێژ خێوەتەكانیان سوتاندیان. لەگەڵ بەردەوامبوونی پچڕاندنی هێڵی ئینتەرنێت لە وڵات لەسەرەتای هەفتەوە، عێراقییەكان لەوە دەترسان خراپتر روبدات، ئەمە یادی هەفتەی یەكەمی ناڕەزایەتییەكانی لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم وەبیر دەهێنایەوە. شەپۆلی یەكەمی خۆپیشاندانەكان لە رۆژی یەك بۆ شەشی تشرینی یەكەم، بەوە جیادەكرایەوە كە قەناسبەدەستەكان لەسەر بیناكانەوە خۆپیشاندەران بەئامانج دەگرن، بەڵام ناسنامەی ئەوانە لای دەسەڵات هێشتا نادیارە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand