Draw Media

( درەو میدیا): دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكان بەنیازە هیزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بكاتە باڵیۆزی وڵاتەكەی لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەوەش بەوتەی میدیاكانی ئەمریكا. تۆڕی فۆكس نیوز لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردەوە كە ترەمپ بەیانی هەینی بەكاتی ئەمریكا تویتێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاودەكاتەوە دەربارەی دیاریكردنی هیزەر ناوێرت بۆئەوەی جێگەی نیكی هەیلی باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان بگرێتەوە كە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو دەستی لەكاركێشایەوە. دوای دیاریكردنی ناوێرت لەلایەن ترەمپەوە پێویستە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكاش رەزامەندی لەسەر دەرببڕێت و دیاریكردنی پێشكەشكاری پێشووی فۆكس نیوز بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان پەسەند بكات. پرۆفایلی: هیزەر ناوێرت -    هیزەر ئان ناوێرت  27ی كانوونی دووەمی 1970 لە رۆكفۆرد لە ویلایەتی ئیلینۆی لەدایكبووە -    ئەندامی حزبی كۆمارییە -    رۆژنامەنووسە و لە 24ی نیسانی 2017ەوە وتەبێژی رەسمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكایە -    بەكالۆریۆسی لە راگەیاندندا لە كۆلێژی ڤێرنۆن بەدەستهێناوە -    ماستەری لە رۆژنامەوانیدا لە زانكۆی كۆڵۆمبیا بەدەستهێناوە. -    ساڵی 2000 لەگەڵ سكۆت نوبی هاوسەرگیری كردووە و دوو منداڵی هەیە. -    پێشتر پەیامنێری كەناڵی ABC News بووە. -    پێشكەشكاری بەرنامە بووە لە كەناڵی فۆكس نیوز -    لە ئازاری 2018ەوە  بووە بە هەڵسوڕێنەری كارەكانی بریكاری وەزارەتی دەرەوە بۆ دیپلۆماسیەتی گشتی و كاروباری گشتی.


 (درەو میدیا):  ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێ" ئەو ناوانەی كە لەبارەی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستە باڵاكان بڵاودەكرێنەوە، راست نین". لە لێدوانێكدا بۆ (درەەو میدیا)، عەبدولڕەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند، ئەو ناوانەی بڵاوكراونەتەوە لەبارەی كاندیدەكانی گۆڕان بۆ پۆستە باڵاكان، هیچی راست نین، چونكە هێشتا بڕیاریان نەداوە بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بكەن یان نا. وتی: بڕیاری بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەت لە جڤاتی نیشتمانییەوە یەكلادەكرێتەوە. لەبارەی كاندیدەكانی پارتی بۆ هەردوو پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و سەرۆكی حكومەتی داهاتوو، عەبدولڕەزاق شەریف ئاماژەی بەوەكرد" گواستنەوەی تەوریسی سیاسی و حوكمی بنەماڵەیی لە حزبەوە بۆ ناو حكومڕانی لە هەرێمی كوردستاندا قبوڵ ناكرێت، ئەم مەبدەئە لای گۆڕان‌و گۆڕانخوازەكان جێگای گفتوگۆ و سازشكردن نیە".    


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ لە تەلاری كۆنگرێسی ئەمریكا، تەرمی جۆرج بوشی باوك سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا بە ئاڵای ئەمریكا داپۆشرا، بۆئەوەی هاوڵاتیانی ئەمریكا بۆ دواهەمین جار ماڵئاوایی لە سەرۆكەكەیان بكەن، ئەو سەرۆكەی كە ملیۆنان كەس لەو وڵاتەدا رێزو خۆشەویستیان بۆی هەیە. 41 یەكەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە 30 تشرینی دووەم لە تەمەنی 94 ساڵیدا كۆچی دواییكرد، 12 یەمین سەرۆكی  ئەمریكایە كە لە رێوڕەسمی ماڵئاواییكردنی لە ژیان پێشئەوەی بەخاكسپێردرێت، دەبرێتە كۆنگرێس كە بە مەتبەخی دروستكردنی بڕیاری ئەمریكا دادەنرێت. دوا مانەوەی بۆ سێ‌ رۆژ لە واشنتۆنی پایتەخت، دوێنێ چوارشەممە لە كاتدراییەی نیشتمانی كۆتایی بە رێوڕەسمەكە هێنراو رەوانەی تەكساس كرا بۆئەوەی لە تەنیشت (باربێرا)ی هاوسەری بنێژرێت، كە نیسانی 2018 كۆچی دواییكرد. پلانی مەراسیمی ناشتنی سەرۆكەكانی ئەمریكا چۆن دادەنرێت؟ مەراسینی ناشتنی سەرۆكایەتی بۆ سەرۆكە كۆچكردووەكانی ئەمریكا پێشوەخت پلانی بۆ دادەنرێت‌و خانەوادەی سەرۆكە كۆچكردوەتەكە لەلایەن سوپاوە ئاگاداردەكرێتەوە كە هاوكاری دەكرێت بۆ رێكخستنی چەند مەراسیمێكی جیاواز. لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا، پێنج سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا كۆچی دواییانكردووە، كە دواهەمینیان بۆشی باوك بوو، لەوانە جیراڵد فۆرد، رۆناڵد ریگان، لیندن جۆنسۆن‌و بۆشی باوك، ئەمانە مەراسیمی رەسمیان بۆ رێكخراوە، ریچارد نیكسۆن كە بەهۆی سكانداڵی " واتەرگەیتەوە" دەستی لە سەرۆكایەتی كێشایەوە رێوڕەسمی رەسمی بۆ رێكنەخراو لە كتێبخانەیەك لە كالیفۆرنیا مەراسیمی ماڵئاوایی بۆ رێكخراو لەپاڵ هاوسەرەكەیدا نێژرا، ئەوەش بە گوێرەی كۆمەڵەی مێژویی كۆشكی سپی كە رێكخراوێكەو لەلایەن جاكلین كیندی خانمی یەكەمی پێشووتری ئەمریكاوە دامەزرێنراوە. خانەوادەی نیكسۆن بەهۆی سكانداڵی واتەرگەیتەوە كە بەهۆیەوە دەستی لە پۆستی سەرۆكایەتی كێشایەوە، ترسیان لەوە هەبوو كە ئەگەر زیارەتكاران رێز لە سەرۆكی كۆچكردوو نەگرن، ئەكە تەرمەكەی ببرێتە كۆنگرێس. مەراسیمی بەخاكسپاردنی سەرۆكەكانی چەندەی پێدەچێت مەراسیمی سەرۆكایەتی بەخاكسپاردنی سەرۆكەكانی ئەمریكا هەمیشە پێنج رۆژ دەخایەنێت، بەڵام پلاندان بۆی دوای ماوەیەكی كەم لە دەستبەكاربوونی سەرۆك لە پۆستەكەی دەستپێدەكات، ئەوە بە گوێرەی كۆمەڵەی مێژوویی كۆشكی  سپی. ئەو كۆمەڵەیە رایدەگەیەنێت ئەو ئەركە " پێشوازییەكی ساردە كە لەبەردەرگای كۆشكی سپی لە سەرۆك دەكرێت"، ئاماژە بەوەدەكات، مەراسیمی بەخاكسپاردنەكە لە چەند روویەكەوە رێكدەخرێت لە گفتوگۆكردن لەگەڵ سەرۆكی وڵاتداو بۆئەوەی ئەو سەرۆكە چ شێوازێكی دەوێت‌و دەخوازێت چۆن یادی بكرێتەوە". راگەیاندنی رەسمیی مردنی سەرۆك كاتێك سەرۆكێكی پێشووتری ئەمریكا دەمرێت، سەرۆكی ئێستا راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی دەردەكات‌و رێگە دەدات بە وەزارەتی بەرگری لەبری هەموو وڵات مەراسیمی دەوڵەت بۆ بەخاكسپاردنی رێكبخات، لەگەڵ فیرقەی كاری هاوبەش لە ناوچەی پایتەخت كە لقێكی سەر بە فەرماندەیی باكوری سوپایەو بەشداریدەكات لە رێكخستنی مەراسیمی ئاهەنگەكانی دەستبەكاربوونی سەرۆكەكان‌و مەراسیمی كۆچی دواییان، هەروەها فەرماندەی فیرقەی كاری هاوبەش سەركردایەتی رێكخستنی‌و هەمانگی هەموو ئەو چالاكییانە دەكات كە لە مەراسیمی ماڵئاواییكردن لە سەرۆكی كۆچكردوو بەڕێوەدەچن. مافی خانەوادەی سەرۆكی كۆچكردوو خانەوادەی سەرۆكی كۆچكردووە مافی ئەوەیان هەیە چەند رێزلێنانێكی سەربازی بۆ مەراسیمی بەخاكسپاردن‌و ماڵئاوایی رێكبخەن وەك داپۆشینی تەرمەكەی بە ئاڵای ئەمریكاو نمایشی فڕۆكەی سەربازی‌و تەقاندنی 21 گولە تۆپ یان پاسەوانی شەرەف. پرسەی یەكەم سەرۆكی ئەمریكا پرسەو ماتەمینی ئەمریكا بۆ جۆرج واشنتۆنی یەكەمین سەرۆك 69 رۆژی خایاند، ئەوەش بە گوێرەی كتێبخانەی نیشتمانی تایبەت بە توێژینەوەكانی جۆرج، مەراسیمەكە لە بارەگاكەی لە (ماوت ڤێرنن)ی نزیك لە واشنتۆنی پایتەخت بەڕێوەچووە، بەڵام  پرسەی ماتەمینی بوشی باوك كە لە 1989 بۆ 1993 سەرۆكایەتی ئەمریكای كرد، پێنج رۆژ دەخایەنێت. دوای مردنی بوشی باوك، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا فەرمانیدا بە داگرتنی تانیوەی ئاڵای ئەمریكا بۆ ماوەی 30 رۆژو رۆژی چوارشەممەشی وەك رۆژی پرسەی نیشتمانی راگەیاند، لە رۆژەدا فەرمانگە حكومییەكان داخران‌و چالاكی دامەزراوەكان كەمكرایەوەو داوا لە هاوڵاتیانی ئەمریكا كرا لە شوێنەكانی تایبەت بە نوێژكردن ئامادەبن بۆ رێزلێنان لە سەرۆكی كۆچكردووی وڵات. یەكەم سەرۆك كە لەماوەی سەرۆكاتیدا مرد ولیام هاریسۆن، یەكەمین سەرۆكی ئەمریكایە كە مردن لە كۆشكی سپیدا یەخەی پێگرت‌و لەماوەی سەرۆكایەتیدا كۆچی دواییكرد، هاوكات ئەو یەكەمین سەرۆك بوو مەراسیمی بەخسپاردنی دەوڵەتيی بۆ رێكخرا. هاریسۆن كە نۆیەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە چواری نیسانی 1841 دوای  تەنها 30 رۆژ لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا كۆچی دواییكرد. بە گوێرەی كۆمەڵەی مێژووی كۆشكی سپی، هەردوو بازرگان ئەلسكاندەر هێنتەرو داریۆس كلاگێت، سەرپەرشتی پلاندانانی بەخاكسپاردنی هاریسۆنیان كردووەو ئاوێنەو كەلوپەلەكان بە پەردەی رەش داپۆشران‌و تەرمەكەشی بە عەرەبانەیەك كە چەند ئەسپێكی داپۆشراو بە قوماشی رەش رایانكێشاوە، گوازراوەتەوە. هاریسۆن سەرەتا بەهۆی بەفربارینەوە بە شێوەیەكی كاتی لە گۆڕستانی كۆنگرێس نێژرا، پاشان دوای توانەوەی بەفرەكە گوازرایەوە بۆ ئۆهایۆ و لەوێ‌ بەخاكسپێدرا، بەوتەی ئەو كۆمەڵەیە مەراسیمی ناشتنەكەی كە 30 رۆژی خایاندووە لە مەراسینی بەخاكسپاردنی پاشاكانەوە وەرگیراوە.


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت ئەو هاوكێشەیە هەڵوەشێنێتەوە كە دەڵێ" بۆئەوەی ببێت بە سەرۆكی پارتی دەبێت بە سلكی پاراستندا تێپەڕێت" ئەو پۆستێكی "بێدەسەڵات"ی قبوڵكردووە بە هیوای گەیشتن بە "لوتكەی دەسەڵات" لەناو حزبەكەیدا. رۆژی دووشەممەی رابردوو ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی داهاتووی هەرێم راگەیاند. كاندیدكردنی مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو دوو پۆستە باڵایە، دوا ئەڵقەی زنجیرەیەك رێوشوێن بوو كە پارتی پێشتر بۆ وەرگرتنی هەردوو پۆستەكە گرتیەبەر. پارتی بەرلەوەی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی هەرێم ئاشكرا بكات، نەخشەی سیاسی خۆی بۆ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم- سەرۆكایەتی حكومەت- سەرۆكایەتی پەرلەمان) داڕشتووە‌و ئەوەی ئێستا كاری لەسەر دەكات، جێبەجێكردنی ئەو نەخشە رێگایەیە. پارتی‌و سەرۆكایەتی هەرێم كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم لەلایەن پارتییەوە، خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا ئەو دامەزراوەیە ئێستا بەپێی یاسا هەڵپەسێردراوە‌و دیارنییە كەی‌و بە چ شێوە‌و دەسەڵاتێكەوە كارا دەكرێتەوە. (درەو میدیا) لە چەندین سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیاری دەستكەوتووە، نێچیرڤان بارزانی خۆی ئارەزووی وەرگرتنی ئەو پۆستەی كردووە‌و كاری زۆریشی بۆ كردووە. نێچیرڤان بارزانی بە خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، كۆتایی بە (17) ساڵ تەمەنی خۆی هێنا لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا، ئەو دەبێت بە سەرۆكی هەرێم، بەڵام سەرۆكێكی جیاواز لە مەسعود بارزانی مامی، چونكە بە پێچەوانەی مامییەوە كە بەشێوەی راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرا‌و پەرلەمان نەیدەتوانی لێپرسینەوەی لەگەڵ بكات، نێچیرڤان بارزانی لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت‌و بەشێكی زۆریش لە دەسەڵاتەكانی دەدرێت بە سەرۆك وەزیران، واتە مەسرور بارزانی. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بۆچی نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی بەو بارودۆخەوە قبوڵكردووە؟ رەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە لە پەیوەست بە بارودۆخی ناوخۆیی پارتی وەڵامبدرێتەوە، نێچیرڤان بارزانی ئێستا جێگری سەرۆكی پارتییە، بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم بە هەمان قۆناغەكانی مەسعود بارزانی مامیدا تێدەپەڕێت‌و چاوی لەوەیە لەم هەنگاوەوە بەرەو گرتنەدەستی لوتكەی دەسەڵات لەناو پارتی (سەرۆكی پارتی) هەڵبكشێت. نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت ئەو هاوكێشەیە هەڵوەشێنێتەوە كە پێشتر دەوترا هەركەسێك كە دەبێت بە سەرۆكی پارتی دەبێت پێشتر بە فیلتەری "دەزگای پاراستن"دا تێپەڕیبێت. كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، نەخشەی پارتی بۆ كابینەی نوێ ئەوەیە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بدرێت بە (مەلا بەختیار) بەرپرسی دەستەی كارگێڕی یەكێتی نیشتمانی كە ئێستا لە حزبەكەی زویر بووە‌و لە ماڵەوە دانیشتووە، پارتی بەم هەنگاوە دەیەێت هەم مەلا بەختیار وەكو سەركردەیەك كە بەردەوام كۆنتاكتی لەگەڵ پارتی هەیە بگەڕێنێتەوە بۆ ناو یەكێتی، هەم دەیەوێت جێگرێك لە سەرۆكایەتی هەرێم بۆ نێچیرڤان بارزانی دابنێت كە دوچاری سەرئێشەی نەكات. لە خاڵەتی رازینەبوونی یەكێتی بە دانانی مەلا بەختیار لە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، رەنگە پارتی پۆستەكە بدات بە كەسێك لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و بۆ ئەوەش باس لە (مستەفا سەید قادر) وەزیری پێشووی پێشمەرگە دەكرێت. پارتی‌و سەرۆكایەتی حكومەت كاندیدكردنی مەسرور بارزانیش بۆ پۆستی سەرۆكی داهاتووی حكومەت، پێشتر بەچەندین قۆناغ‌و رێوشوێندا تێپەڕیوە، مەسعود بارزانی كاری ئەوتۆی كردووە بۆ سەرخستنی كوڕەكەی لە سەرۆكایەتی حكومەت. لە یەكەم هەنگاودا بارزانی باوك، فوئاد حسێنی لە پۆستی وەزارەتی دارایی عێراق جێگیركرد وەكو كەسێكی نزیك‌و باوەڕپێكراوی خۆی، بارزانی بەم هەنگاوە دەیەوێت رێگای سەركەوتنی كوڕەكەی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم بكاتەوە‌و لەو رێگەیەوە كێشە داراییەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد چارەسەربكات‌و بەربەستی ئابوری لەبەردەم سەرۆكایەتی كوڕەكەیدا لابدات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هەر لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی كە خراونەتەگەڕ بۆ سەرخستنی مەسرور بارزانی لە سەرۆكایەتی حكومەت، پارتی دەیەوێت مەرجەكەی یەكێتی قبوڵ بكات‌و یەك جێگر بۆ سەرۆكی حكومەت دابنێ‌و ئەو پۆستەش بدات بە یەكێتی (قوباد تاڵەبانی)، چونكە بەبێ هەماهەنگی یەكێتی لە زۆنی سەوز، كابینەكەی مەسرور بارزانی سەركەوتوو نابێت. مەسرور بارزانی كە تائێستا وەكو روخسارێكی ئەمنی‌و دورەپەرێز لە جەماوەر دەركەوتووە، بە هاتنی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت دەیەوێت هاوشێوەی نێچیرڤانی بارزانی پێگە جەماوەرییەكەی بەهێز بكات، بۆیە بارزانی باوك‌و هەموو پارتی كار بۆ سەرخستنی دەكەن. پارتی‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان پارتی سەرباری ئەوەی بۆ راگرتنی پارسەنگی بنەماڵەی بارزانی هەردوو پۆستی (سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەت) بۆ خۆی دەبات، بەڵام دەستبەرداری پەرلەمانی كوردستانیش نابێت. نەخشەی پارتی بۆ پەرلەمانی نوێی كوردستان ئەوەیە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بدرێت بە یەكێتی، بەڵام جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان لای پارتی بێت‌و جێگری دووەمیشی بدرێت بە كەسێك لە پێكهاتەكان كە نزیك بێت لە پارتییەوە. پارتی دەیەوێت پەرلەمانی كوردستان لە خزمەتی كابینەكەی مەسرور بارزانیدا بێت‌و نایەوێت لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا دوچاری كێشە ببێت، سەرباری ئەمەش پارتی لەم خولەدا زۆرینەی پەرلەمان پێكدەهێنێت‌و سەرۆك‌و زۆرینەی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتیش كەسانی سەربە مەسرور بارزانین.  


(درەو میدیا): هەرێمی كوردستان لە مانگی تشرینی دووەمی ( 11) بڕی 13 ملیۆن و 110 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە و داهاتەكەشی  760 ملیۆن و 380 هەزار دۆلار بووە كە دەكاتە نزیكەی ( 930 ملیار دینار). بەپێی راپۆرتێكی گۆشەی ئابوری ژووری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان و لە ئامادەكردنی ئەنوەر كەریم، ئاماژە بە فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم كراوە. بەپێی راپۆرتەكە لە مانگی تشرینی دووەمی 2018 هەرێمی كوردستان لە ڕێگای بۆرییەوە 13  ملیۆن و110 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە بۆ بەندەری جەیهانی توركی، واتا لەە یەك رۆژدا ( 13110000÷30= 437000 هەزار بەرمیلی رۆژانە. -تێكرای نرخی نەوتی برێنت بۆ مانگی تشرینی دووەم (68) دۆلار بووە،  هەرێمی كوردستان نەوتەكەی بە (10) دۆلار كەمتر دەفرۆشیت لە نرخی نەوتی برێنت واتە (58) دۆلار، كەواتە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان ( 13110000×58 = 760.380.000 حەوت سەدو سەشت ملیۆن و سێ سەدو هەشتا هەزار دۆلار. http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=2431  


( درەو میدیا): تێكدانی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەدر بووە، عەبدولمەهدی-ش چاوەڕێی دانیشتنی پێنج شەممە دەكات، وەزیرەكانی تێنەپەڕن، دەستلەكاردەكێشێتەوە. سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار بە "درەومیدیا"ی ڕاگەیاند: هاوپەیمانی (چاكسازی) ترسی گەورەی هەبووە، لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، هاوپەیمانی (بونیاتنان) كە (هادی عامری‌و نوری مالیكی) سەرۆكایەتی دەكەن، نیساب تەواو بكات‌و، كاندیدی (8) وەزارەتەكەی كابینەكەی عەبدولمەهدی تێپەڕێنێت، وتیشی: دوای گەیشتنی سەرۆك وەزیران بۆ پەرلەمان‌و چڕكردنەوەی هەوڵەكانی كوتلەی (بونیاتنان)، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی (موقتەدا سەدر) پشێوی لە پەرلەمان دروستكراوە‌و، ڕێگە نەدراوە كاندیدی وەزارەتە پڕنەكراوەكانی حكومەتی عێراق بە زۆرینە تێپەڕێنرێت، ئەوەش دوای ئەوەی گفتوگۆكانی (سەدرو عامری) سەبارەت بەكاندیدی هەندێ‌ وەزارەت بەتایبەت وەزارەتی ناوخۆ بە بنبەست گەیشت. سەرچاوەكەی "درەومیدیا" ئەوەشی ئاشكراكرد، دوا بەدوای شكستهێنانی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، (عادل عەبدولمەهدی) بە لایەنە سیاسیە ناكۆكەكانی ڕاگەیاندووە، چاوەڕوانی دانیشتنی ڕۆژی پێنج شەممەی پەرلەمانی عێراق دەكات، ئەگەر كاندیدی وەزارەتەكانی تێنەپەڕێنرێن، ئەوا دەست لەپۆستی سەرۆك وەزیران دەكێشێتەوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا  (نوری مالیكی) سەرۆكی دەوڵەتی یاسا، دوای توندبونەوەی ململانێكان لە پەرلەمانی عێراق، لە تویتێكدا ڕایگەیاند:"ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی ڕاستەقینەدایە، یان دەنگ لەسەر ئەو ناوانە دەدات كە لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوەو بەپێی ڕێوشوێنە دەستورییەكان پێشكەشكراون،  یان ڕۆیشتن بەرو پشێوی".  ڕۆژی (24) تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، لەكۆی (22)وەزارەت، (14)وەزیری كابینەی نوێی حكومەتی بەسەرۆكایەتی (عادل عەبدولمەهدی) لەپەرلەمانی عێراق متمانەیان وەرگرت، دوای تێپەڕبونی زیاتر  (40) ڕۆژ بەسەر ئەو وادەیەدا، بەهۆی ناكۆكی‌و ململانێی لایەنە سیاسیەكان لەسەر وەزارەتەكان‌و، ڤیتۆكردنی هەندێك لەكاندیدەكانی یەكتر، تا ئێستا پێكهاتەی نوێی كابینەی حكومەتی عێراق تەواو نەبووەو، (8) وەزارەت بە بەتاڵی ماونەتەوە.  


سەرچاوە: شەرقولئەوسەت وەرگێڕانی: ئارام مەحمود  دواجار، "سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان" كە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات پێشبینییەكانی تایبەت بەو كەسایەتییە یەكلایكردەوە، كە حكومەتی زۆرینە لە هەرێمی كوردستانی عێراق پێكدەهێنێت، دوێنێ‌ بەشێوەیەكی فەرمی لەزاری وتەبێژی حزبەكەوە ڕایگەیاند، مەسرور كوڕە گەورەی بارزانی‌و بەڕێوبەری ئاژانسی پاراستن كە بە لێهاتووی‌و شارەزایی ناوی دەهێنرێت، دەبێتە سەرۆكی حكومەتی هەڵبژێردراو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەرو جێگری سەرۆكی حزب‌و كوڕی برای كۆچكردووی (ئیدریس)و زاوای، كاندیدی حزبە بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.  چاودێران پێیانوایە، ئەم بڕیارانەی پارتی لەچوارچێوەی ڕێكخستنی حزبیی‌و بنەماڵەیدایە، ڕێگەخۆشدەكات بۆ نەوەی سێیەمی بنەماڵەی بارزانییەكان، كە نێچیرڤان‌و مەسرور بارزانی نوێنەرایەتی دەكەن، سەركردایەتی هەرێم بكەن، دوای مەلا مستەفا بارزانی (باپیریان) كە دامەزرێنەری "پارتی دیموكراتی كوردستان"ە‌و دوای خۆی كوڕەكانی ئیدریس (لەساڵی 1987 كۆچی كردووە)‌و مەسعود، شوێنیان گرتوەتەوە.  مەسرور بارزانی، دوای كاندیدكردنی بەشێوەیەكی فەرمی لەلایەن حزبەوە، دەستدەكات بە گفتوگۆ لەگەڵ هێزو پارتە براوەكان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی هەرێم كە لەكۆتایی مانگی ئەیلولی ڕابردودا بەڕێوەچوو بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، پارتی تەئكیدی كرد ئیئتیلافیی دەبێت، بەڵام بنكەفراوان نابێت وەك كابینەی پێشوو، كە زۆرێك لە قەیرانە سیاسی‌و ئابورییەكانی پێوەلكاوەو هێشتا ئاسەوار نەرێنییەكان لە بەرچاون لە هەرێم.  ڕاگەیاندنی فەرمی كاندیدكردنەكان، كاردانەوەی جیاوازی لە نێوەندە ئەكادیمی‌و سیاسی‌و میللییەكاندا بەدوای خۆیدا هێنا، لەنێوان پێشوازی‌و گەشبینی بە سبەینێیەكی سیاسی گەش‌و ڕوونەدانی هیچ پێشكەوتنێك كە شیاوی باسكردن بێت لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی‌و ناوخۆیی، بەتایبەت كە چاوەڕواندەكرێت هەندێك لایەنی سیاسی بەشداری لە حكومەتی داهاتوو بكەن‌و باقی لایەنەكان ببن بە ئۆپۆزسیۆن. عەبدولحەكیم خەسرەو، مامۆستای زانستی سیاسی لەزانكۆی سەلاحەدین لە هەولێر، پێیوایە، ئەم گۆڕانكارییە بەڕوونی ئاماژە بە ڕەنگدانەوەی ئەو بەرەوپێشچونە ئەرێنییە دەكات لە سیاسەتی "پارتی دیموكرات" هاتوەتەگۆڕێ‌، كە خاوەنی 45 كورسی پەرلەمانە، دەشڵێت" بێگومان ئەم گۆڕانكارییە گەورەیە، ئاسەوارێكی ئەرێنی قوڵی لەسەر دۆخی سیاسی جێدەێڵێت، لەسەر ئاستی ناوخۆیی یان عێراق‌و ناوچەكە، هەروەك ئەو هەنگاوە لەچوارچێوەی چاكسازییە سیاسییەكانی ناخۆی حزبەكەدایە‌و دەیەوێت بە جەماوەرە پان‌و بەرینەكەی ڕابگەیەنێت، كە توانانی هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە قورسەی هەیە  لەسەر شانێتی لە قۆناغی داهاتوو، لەڕووی ئیدارەدانی وڵات‌و ڕوبەڕووبونەوەی بەربەستەكانی قۆناغی داهاتوو"، بەڕای خەسرە هەردوو كاندیدەكە" شارەزایی سیاسی‌و ئیدارییان هەیە‌و ئەوەش وادەكات ببنە پیاوی قۆناغی داهاتوو، بەتایبەت لە بواری چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ بەغداد‌و داڕشتنی سەردەمێكی تازە لە پەیوەندی دۆستانەو هاوسەنگ لەنێوان هەردوولاو فراوانكردنی ئاسۆی پەیوەندییەكانی هەرێم و جیهانی دەرەوە".  لەبەرامبەردا، مەهدی ئەبوبەكر مامۆستا لە كۆلیژی ڕاگەیاندن‌و ڕۆژنامەوانی لە زانكۆی سلێمانی پێیوایە، كاندیدكردنی كوڕ‌و زاواكەی بارزانی بۆ بەرزترین دوو پۆستی هەرێم " دەچێتە چوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێ‌ سیاسییە شاراوەكانی ئەم كەسە نزیكانەی بە ڕێگایەكی دیپلۆماسی‌و سیاسی دانایانە، بەبێ‌ دروستكردنی كێشە" ڕاشیگەیاندووە"بارزانی باوك بە ڕوئیاو چاوكراوەییەوە مامەڵەی لەگەل پرسەكە كردووە، دوای وازهێنانی ساڵی ڕابردوو، هەموو دەسەڵاتەكانی بۆ سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن گواستەوە، بۆ ئەوەی دواتر بۆ كوڕەكەی بێت، كە بەمنزیكانە ئەو پۆستە وەردەگرێت، بەو مانایەی بەشێوەیەكی لەسەرخۆ بەڕەكەی لەژێرپێی زاواكەی دەرهێنا، كە پێگەو هەژمونی لەناو حكومەت‌و حزبدا پتەوكردبوو، ئەو دەسەڵاتانەی دەیبێت وەك سەرۆكی هەرێم، تەشریفاتی‌و پرۆتۆكۆلی سنوردار دەبێت، بەوەش هەر بەرەوپێشچونیكی ئەرێنی لەسایەی حكومەتی زۆرینە دێتەئارا، بۆ كوڕەی بارزانی دەبێت، بەتایبەت كە "پارتی دیموكرات" هەوڵی تێپەڕاندنی پرۆژەی دەستوری هەرێم دەدات كە چەند ساڵێكە لە پەرلەمان پەكیخراوە، بەسودوەرگرتن لە زۆرینەی پەرلەمانی، ئەوەش دوای هەموارو چەسپاندنی دەسەڵاتەكانی هەریەك لە سەرۆكی هەرێم‌و حكومەت، بۆ ڕازیكردنی جەمسەرەكانی ئۆپۆزسیۆن، كە لەڕابردودا دژی ئەو دەسەڵاتە فراوانە بوو كە درابوو بە سەرۆكی هەرێم". ئەبوبەكر بەدوریشی زانی چاكسازییەكی سیاسی‌و ئیداری ئەوتۆ لە هەرێم ڕوبدات، لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتەی ڕویداوە، چونكە "پارتی دیموكرات" هەوڵی پاڵپێوەنانی زۆربەی هێزە سیاسییەكان دەدات بۆ ئۆپۆزسیۆنبوون، بەهۆی دروستبوونی ئەو بڕوایە لەلای، كە ئۆپۆزسیۆنی چالاك لە هەرێم بوونی نەماوە".  مەسرور بارزانی لەساڵی 1969 لەدایكبووە، خوێندنی دواناوەندی لە ئێران تەواوكردووە، بەكالۆریۆسی لەزانستی سیاسی لەزانكۆی واشنتۆن بەدەستهێناوە، لەساڵی 2012وە ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمە، زمانەكانی عەرەبی‌و ئینگلیزی‌و فارسی دەزانێت. نێچیرڤان باران-یش، لەساڵی 1966 لەدایكبووە، لەساڵی 1996 جێگری سەرۆكی حكومەت بووە، لەساڵی 1999وە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، زمانەكانی ئینگلیزی‌و عەرەبی‌و فارسی دەزانێت.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف پارتی چارەنوسی سیاسی مەسرور بارزانی یەكلاكردەوە‌و چارەنوسی نێچیرڤان بارزانی بە هەڵواسراوی هێشتەوە، بەڵام پرسی گواستنەوەی حوكمی بنەماڵەی لەناو حزبەوە بۆناو حوكمڕانی بردە قۆناغێكی نوێوە. دواجار مەسعود بارزانی بەڵێنەكەی خۆی جێبەجێكردو سەری خۆی داناو كۆتایی بە ژیانی سیاسی خۆی هێنا لەناو دامودەزگا فەرمییەكانی هەرێمی كوردستاندا، وەك ئەوەی پێشبینی دەكرا، مەسعود بارزانی پێگە سیاسییەكەی لە سەرۆكایەتی هەرێم لەبەرژەوەندی كوڕەكەی چۆڵكرد. ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بەفەرمی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندیدكرد‌و مەسرور بارزانیش بۆ پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتووی هەرێم. بنەماڵەی بارزانی لەدوای دروستبوونی حكومی خۆبەخۆی كوردییەوە لە هەرێمی كوردستان( 1992)، هەمیشە پێویستیان بە وەرگرتنی دوو پۆستی باڵا هەبووە لە ناو دامودەزگاباڵاكانی هەرێمدا، پارتی و بەتایبەتی بنەماڵەی بارزانی لەڕێگەی وەرگرتنی ئەو دوو پۆستە باڵایەوە خۆی لە تەقینەوەی كێشە خێزانییەكانی ناو بنەماڵە پاراستووە، پۆستێك بۆ (بارزانی مام- مەسعود بارزانی)و پۆستێك بۆ (بارزانی برازا- نێچیرڤان بارزانی)، بەكشانەوەی بارزانی مام لە شانۆی سیاسی، گۆرانكارییەكی گەورە لە هاوكێشەكەدا روینەداوە، چونكە هێشتا وەكو جاران پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی پێویستیان بە دوو پۆستی باڵا هەیە بۆ راگرتنی هاوسەنگی دەسەڵات لەناو خێزاندا، چونكە مەسعود بارزانی پۆستەكەی لە بەرژەوەندی كوڕەكەی (مەسرور بارزانی) چۆڵكردووە‌و دەستكاری هاوكێشە بنەڕەتییەكەی نەكردووە. نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان‌و جێگری پێشووی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە یاداشتەكانی خۆیدا لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە باس لە ململانێی ناو بنەماڵەی بارزانی دەكات‌و دەڵێ: "ئێمە داوامان كردبوو ئەگەر بارزانی بۆ ماوەی 4 ساڵ ببێتە سەرۆكی هەرێم، جێگری هەبێ‌و، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بدرێ بە یەكێتی. بارزانی وتویەتی ئەوە كێشە ئەخاتە ناو خێزانەكەمانەوە من ئامادە نیم لەسەر لاشەی نێچیروان ببمە سەرۆكی هەرێم". حكومەت لە سێبەری پاراستندا بە كاندیدكردنی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، پارتی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی خستە ژێر سێبەری دەزگای پاراستنەوە وەكو دەزگایەكی هەواڵگری‌و ئەمنی، چونكە مەسرور بارزانی تاڕادەیەك بەرگی مەدەنیبوون لە حكومەتی داهاتوو دەكاتەوە، بەوپێیەی ئەو روخسارێكی ئەمنی هەیەو لە ساڵی 1998ەوە بەڕێوەبەری گشتی (ئاژانسی پاراستن)ی كوردستانی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانەو دواجاریش لە ساڵی 2012ەوە بووە بە راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم. دیار نیە مەسرور بارزانی لە كابینەی داهاتوودا شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ ئازادی رادەربرین‌و رۆژنامەگەری‌و خۆپیشاندان‌و نارەزاییەتییەكان چۆن دەبێت، ئایا هاوشێوەی سەرۆكایەتییەكەی لە ئاژانسی پاراستن‌و ئەنجومەنی ئاسایش مامەڵە لەگەڵ ئەو بنەما دیموكراسیانەدا دەكات، یاخود بەهاتنی بۆناو حكومەت دەیەوێت ئەزمونێكی نوێ تاقیبكاتەوەو ئەو بەرگە ئەمنییە لەخۆی داماڵی كە لەسەرەتای دەركەوتنییەوە بەسەریدا بڕاوە؟  زاوا لەسەر كورسییەكەی خەزور!  بڕیارەكەی ئەمڕۆی پارتی زامنی پێگەی مەسرور بارزانی كرد بۆ چوار ساڵی داهاتوو، بەڵام چارەنوسی نێچیرڤان بارزانی بە هەڵواسراوی هێشتەوە، پارتی چارەنووسی سیاسی نێچیرڤان بارزانی بەستوەتەوە بە كاراكردنەوەی دامەزراوەی (سەرۆكایەتی هەرێم)، دامەزراوەیەك كە لەدوای دروستبوونییەوە مشتومڕی زۆری لەسەر بووە، دیار نیە پارتی بە چی شێوازێك‌و لەماوەی چەندێكدا دەیەوێت دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارا بكاتەوە، لە حاڵەتی كاراكردنەوەشیدا دیارنیە دەسەڵاتەكانی چەندو چۆن دەبن، بەڵام پارتی بەم بڕیارەی بۆ كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستان پەیامێكی روونی بەهەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا كە بەهەر رێگاو شێوازێك بێت دەبێت لە زووترین كاتدا دامەزراوەی سەرۆكی هەرێم كارا بكرێتەوە، چونكە ئەم دامەراوەیە بۆ چوار ساڵی داهاتوو چەقی راگرتنی هاوسەنگی دەبێت لەناو بنەماڵەی بارزانیدا، بە دیاریكراوی لەنێوان مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانیدا. بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی ئەو زانیاریانەی پشتراستكردەوە كە بۆ چوار ساڵی داهاتوو حوكمڕانی لە هەرێم، پارتی لە سێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكایەتی هەرێم- سەرۆكایەتی حكومەت- سەرۆكایەتی پەرلەمان) تەنیا یەك پۆست بۆ هەموو لایەنەكانی تر بەجێدەهێڵێت كە ئەویش پۆستی سەرۆكی پەرلەمانەوە‌و پارتی فراكسیۆنی زۆرینەیە لەناو پەرلەماندا. بە كاندیدكردنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی داهاتوو، پارتی لای خۆیەوە بەبێ هیچ دانوستانێك لەگەڵ لایەنەكانی تر، نەخشەی سیاسی هەرێمی كوردستانی بەستەوە بە نەخشەی ناكۆكییە خێزانییەكانی ناو بنەماڵەی بارزانییەوە. چارەنوسی بارزانی باوك! هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن مەسعود بارزانی كە لە نزیكەی سێ دەیەی رابردوودا یەكێك لە روخسارە دیارەكانی سیاسەت بووە لە هەرێمی كوردستان، بەرەو خانەنشینبوون دەڕوات، پێدەچێت رۆڵی داهاتووی بارزانی باوك تەنیا لە پۆستی سەرۆكایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و چاودێریكردنی ئاڵوگۆڕەكانی دەسەڵات لەناو ئەندامانی بنەماڵەی بارزانیدا كورتببێتەوە. بارزانی لە رۆژانی پێش ریفراندۆمی 25ی ئەیلولی ساڵی رابردوو ئاماژەی بە خانەنشینبوونی سیاسی خۆی كرد كاتێك وتی " ئەگەر ریفراندۆم سەرینەگرت، بڵێن ئەم كابرایە شێت بووە، سواری سەری خۆی بووە، هەمووی خەتای ئەو بووە، ئەو وەختە من حازرم بۆ ئەم مەسەلەیە سەرم لەسەری دابنێم"، لە دوای ریفراندۆمەوە بارزانی سەری جەستەیی دانەنا، بەڵام سەرە سیاسییەكەی كۆتایی هات‌و چیتر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و دیپلۆماتكاران‌و بەرپرسانی دەرەكی ئەو مامەڵەیەیان لەگەڵ نەكرد كە رۆژانی پێش ریفراندۆم لەگەڵیان دەكرد، رەنگە ئەمە یەكێك لە هۆكارەكان بێت بۆ خانەنشینبوونی سیاسی ئەو، دەكرێت هۆكارێكی تریش لە پرسی كشانەوەی بارزانی‌و خانەنشینبوونی بخوێندرێتەوە، بەتایبەتی چۆڵبونی گۆڕەپانی سیاسی هەرێم لە هاوتەمەن‌و نەیارو دۆستە سیاسییەكانی بارزانی بەدیاریكراویش (جەلال تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا)، پێدەچێت بارزانی چیتر حەوسەڵەی سیاسەتكردنی لەگەڵ نەوەی دووەمی نەیارە سیاسییەكانی دوێنێیدا نەمابێت. "جمهوریەتی ویراسی" پارتی بەو هەنگاوەكەی ئەمڕۆی شێوازی "حوكمڕانی بنەماڵەیی" لە ناو حزبەوە (پارتی دیموكراتی كوردستان) گواستەوە بۆ ناو "سیستمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان"، پارتی وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن مافی ئەوەی هەیە كێ بۆ پۆستەكان كاندید دەكات، ئەندامانی بنەماڵە یان دەرەوەی بنەماڵە، بەڵام دیمەنی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی هەرێم بەمشێوەیە ناخوێندرێتەوە‌و هەمووان دیمەنی "حوكمی بنەماڵەیی" بە روونی بە روخساری دەسەڵاتەوە دەبینن. نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان لە یەكێك لە دیدارە رۆژنامەوانییەكاندا لەبارەی حوكمڕانی بنەماڵەییەوە لە كوردستان دەڵێ" ئەگەر لە قەرنی رابردوودا، لە سەدەی نۆزدەهەمدا یاخود لە نیوەی یەكەمی قەڕنی بیستەمدا، كورد بیویستایە ئەمارەتێك دروست بكات یان مەشیخەتێك دروستبكات، ئەیتوانی، بەڵام لە سی چڵ ساڵی رابردوودا هەم تەجروبەی حزبی پێشڕەو (حزبی تاقانە)، هەم تەجروبەی حزبی عایلە، هەم تەجروبەی ئەو حزبانەی كە جمهوریەی ویراسی دروستدەكەن، هەمووی شكستی خواردووە، بۆ نمونە ئەوە یەكێتی سۆڤیەت بەو عەزەمەتەی خۆیەوە هەرەسی هێنا‌و شتێكی تازەی لێ دروستبووە، هەموو دەوڵەتە ئیستیبدادییەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە تونس، میسر، لیبیا، یەمەن، ئەمانە هەموو روخان، ئەمانە هەمووی جمهوریەتی ویراسی بوون، جمهوریەتی ویراسی لەگەڵ ئەمارەتدا فەرقی ئەوەیە ئەمارەت پێویستی بە هەڵبژاردن نییە، ئەمیر لەجێگەی خۆی كوڕەكەی دادەنێت‌و پشتاوپشت دەسەڵات ئەگرنەدەست، لە جمهوریەتی ویراسیدا ئینتیخاباتێكی كارتۆنی ئەكەن بۆ چەواشەكردنی خەڵك، ئەم محاوەلەیە لە كوردستانی عێراقدا، دامەزراندنی جمهوریەتی ویراسی كە تەجروبەی 20 ساڵی رابردوو، هەم تەجروبەی حزبی تاقانە‌و حزبی پێشڕەو و حزبی عایلەو جمهوریەتی ویراسی ئەمانە هەمووی شكستی خواردووە، لە كوردستانیشدا بێگومان شكست دەخوات". نەوشیروان مستەفا ئەم قسانەی كاتێك كرد كە مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی كوڕی كرد بە سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، بەڵام پێناچێت بزوتنەوەكەی كە لە چەند ساڵی رابردوودا شەڕی گەورەی كردووە لەسەر پرسی سیستمی حوكمڕانی هەرێم، لەدوای مەرگی ئەو چیتر نیگەرانییەكی لەمەڕ بە "بنەماڵەیكردن"ی حوكمڕانی لە هەرێم هەبێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا سەركردەكانی ئەو بزوتنەوەیە ئێستا لەهەوڵی بەشداریكردندان لە كابینەی نوێی حكومەت، كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات.


( درەو میدیا): لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە بەیانی ئەمڕۆ بەرێوە چوو تیایدا كاندیدی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت دیاریكران.  مەحمود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "بە بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی، پارتی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كاندیدكردووە" بەو پێیەش پارتی دیموكراتی كوردستان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجیكردنی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی بۆ خۆی یەكلاكردەوە، ئەمە سەرەرای ئەوەی كۆتایی بە  حکومڕانی 17 ساڵەی نێچیرڤان بارزانی هات، كە لە ساڵی 1999 ەوە سەرۆكی حكومەتە ( جگە لە دوو ساڵەكەی بەرهەم ساڵح) هەروەها پارتی كارەكتەرێكی ئەمنی كاندیدیكرد بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت كە مەسرور بارزانیە و سەرۆكی دەزگای پاراستن بووە هەروەها ئێستا سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانە.  ئەو بڕیارەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوە دەخاتە روو كە مەسعود بارزانی چی دیكە خۆی بۆ هیچ پۆستی دەوڵەت كاندید ناكات و وازی لە كاری دەوڵەتداری هێناوەو خۆی بۆ كاری حزبی یەكلایی دەكاتەوە .


راپۆرتی: فازل حەمەرەفعەت – نامیق رەسوڵ هەرێمی كوردستان بەرەو ئەنجامدانی ریفراندۆمێكی تر هەنگاودەنێت، ریفراندۆمی ئەمجارە بۆ سەربەخۆیی‌و جیابونەوە نییە لە عێراق، بەڵكو بۆ پەسەندكردن یان رەتكردنەوەی یەكەم دەستورە لە مێژووی هەرێمدا. لەدوای ساڵی 1992وە كە هەرێمی كوردستان وەكو قەوارەیەكی دانپێدانەنراو دەركەوتووە، خەڵكی هەرێم سێجار ئەزمونی ریفراندۆم یاخود (راپرسی)یان تاقیكردوەتەوە: ریفراندۆمی یەكەم: راپرسی‌و دەنگدان لەسەر دەستوری نوێی عێراق لە ساڵی 2005دا. ریفراندۆمی دووەم: ریفراندۆمێكی نافەرمی بوو، بزوتنەوەی "هەتا كەی؟" لە ساڵی 2005 هاوكات لەگەڵ دەنگدان لەسەر دەستوری عێراق، رێكیخستبوو، تێیدا پرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان یاخود مانەوەی لەگەڵ عێراق خرایەبەردەم دەنگدەرانی هەرێمەوە. ریفراندۆمی سێیەم: ئەو ریفراندۆمە بوو كە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 بۆ سەربەخۆیی‌و جیابونەوەی هەرێم لە عێراق بەڕێوەچوو. ریفراندۆمی چوارەم لە كاتێكدا هێشتا خەڵكی هەرێم لە وشەی "ریفراندۆم" دەسڵەمنەوە، بەهۆی ئەو لێكەوتانەی كە لەدوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول بەسەر هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمدا هات، هەرێمی كوردستان بەرەو ریفراندۆمێكی تر هەنگاودەنێت. لە رۆژانی دوای شكستی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم، چالاكوانان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەكو رەخنە لە مەسعود بارزانی، وێنەیەكی بارزانیان بڵاودەكردەوە كە لەسەر نوسرابوو "پێتان چۆنە ریفراندۆمێكی ترتان بۆ بكەم"، ئەگەرچی ئەمە لەڕووی كۆمیدیاوە باسی لێوەدەكرا، بەڵام بارزانی دەیكات بە راستی سەركردایەتی ریفراندۆمێكی تر دەكات لە هەرێمی كوردستان، ریفراندۆم بۆ پەسەندكردنی یەكەمین دەستور لە مێژووی هەرێمدا. رۆژی 28ی مانگی رابردوو دوای گەڕانەوەی لە گەشتەكەی بۆ بەغداد‌و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی، مەسعود بارزانی لە دیدارێكدا لەگەڵ ژمارەیەك رۆژنامەنوس وتی:" نەبوونی دەستوور نەقسێكی گەورەیە، نەقسێكی گەورەش بوو كە لە كاتی خۆی نەخرایە بەردەم خەڵك بۆ ئەوەی رای لەسەر بدرێت، هەڵەیەكی گەورەبوو كرا، ئەوەش بە نیەتێكی پاك بۆ ئەوەی یەكڕیزی كورد بە حیساب بپارێزین، بەدڵنیاییەوە لەو چوار ساڵەی داهاتوو ئینشاڵڵا دەبێت ئەو بابەتە كۆتایی پێبهێندرێت‌و ببین بە خاوەن دەستوورێكی رێكوپێك". دەستور چۆن دەنوسرێتەوە؟ بەپێی ئەو رێوشوێنانەی لەسەر ئاستی جیهان دەگیرێتەبەر بەتایبەتی لەو وڵاتانەی كە تازە دەبن بە خاوەنی دەستور یان رژێمە سیاسییەكانیان گۆڕانی بەسەردادێت یاخود دەستوریان هەیە‌و هەمواری دەكەنەوە، پرۆسەی نوسینەوەی دەستور بە چەند قۆناغێكدا تێدەپەڕێت. قۆناغی یەكەم: دیاریكردن یاخود هەڵبژاردنی لیژیەك بۆ نوسینەوەی رەشنوسی دەستور. قۆناغی دووەم: نوسینەوەی رەشنوسی دەستور لەلایەن لیژنە راسپێردراوەكەوە، دەبێت لیژنەكە لەماوەی (90) رۆژدا رەشنوسەكە ئامادە بكات. قۆناغی سێیەم: رەوانەكردن‌و پەسەندكردنی رەشنوسی دەستور لە پەرلەمان بەزۆرینەی (دوو لەسەر سێ)ی دەنگی پەرلەمان. قۆناغی چوارەم: ئەنجامدانی ریفراندۆمی گشتی‌و دەنگدانی خەڵك بۆ پەسەندكردنی یان رەتكردنەوەی دەستورەكە. ئێستا هەرێمی كوردستان خاوەنی زیاد لە چەند رەشنوسێكی دەستورە، دواهەمینیان ئەو رەشنوسەیە كە ساڵی 2009 ئامادەكراوە، بەڵام دیارنییە ئەگەر بڕیاردرا لە سەر نوسینەوەی دەستور كار بە هیچ یەكێك لەو رەشنوسانەی پێشتر دەكرێت، یاخود رەشنوێكی نوێ دەنوسرێتەوە. مێژووی نوسینەوەی دەستور لە هەرێم لە ساڵی 1992ەوە دوای یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، چەندین هەوڵ هەبوو بۆئەوەی دەستورێك بۆ هەرێم بنوسرێتەوە، ئەمەش بەمەبەستی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان (یاسادانان- جێبەجێكردن- دادوەری) لە یەكتری‌و دیاریكردنی سیستمی سیاسی هەرێم، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان لەسەر سیستمی سیاسی لەنێوان سیستمی (سەرۆكایەتی یان پەرلەمانی یاخود تێكەڵ)، نەتوانراوە دەستور پەسەند بكرێت. ساڵی 2009 لە كۆتایی خولی سێیەمی پەرلەماندا، پارتی‌و یەكێتی پرۆژە دەستورێكیان بۆ هەرێم نوسییەوە، لە كۆتاییەكانی ئەو خولەدا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكرا‌و لەڕێگەی بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراكەوە دەقی پرۆژە دەستورەكە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشكرا. پرۆژەكە لە (122) ماددە پێكهاتبوو، لە 24ی ئابی 2009 لەلایەن خولی سێیەمی پەرلەمانەوە لەكۆی (97) ئەندامی ئامادەبوو (96) دەنگی هێناو پەسەندكرا، هەر ئەوكات بڕیاردرا پرۆژە دەستورەكە بخرێتە راپرسییەوە، ئەم بڕیارەی پەرلەمان لەكاتێكدا بوو ماوەی یاسایی خولی سێیەم كۆتایی هاتبوو، بەوپێیەی لە تەمموزی 2009 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو بوو، بەڵام هێشتا پەرلەمانتارە نوێیەكان دەستبەكار نەبووبوون. كاتێك ئەو ساڵە بەرەیەكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی كوردستان پێكهات (35 كورسی لە كۆی 111 كورسی) دەنگی ناڕەزایی دژی دەستورەكە بەرز بووەوەو رێگەیان نەدا بخرێتە راپرسی جەماوەرییەوە. 17ی ئازاری 2011‌و یەك مانگ دوای زنجیرە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەكانی هەرێم كە بە خۆپیشاندانەكانی "17 شوبات‌و رۆژانی دوایی" ناسراوە، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری‌ ژمارە (2)ی‌ پەسەندكرد، كە لە (10) ماددەو (35) خاڵ پێكهاتووە، یەكێك لە بڕیارەكانی بریتی بوو لە "گەڕاندنەوەی دەستور بۆ پەرلەمان بەمەبەستی هەمواركردنەوەو دروستكردنی كۆدەنگی سیاسی‌‌و سازانی نیشتمانی لەسەری"، بەڵام دواجار دەستور نەگەڕێندرایەوە پەرلەمان‌و پرۆژەكە پشتگوێخرا. دەستورێكی نوێ لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا كە بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكرد، لیژنەیەكی نوێ بۆ نوسینەوەی دەستور پێكهێنرا. لیژنەی نوسینەوەی دەستور بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2015 پێكهێنراو ماوەی (3) مانگی هەبوو بۆ كاركردن، لەو ماوەیەدا لیژنەكە توانی سێ‌ دەروازەو (74) ماددە بنوسێتەوە، بەڵام دواجار لە پرسی دەسەڵاتەكان‌و جیاكردنەوەیان لە یەكتر‌، لە 20ی ئابی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ململانێ سیاسییەكانەوە پرۆژەی دەستور پەكیكەوت‌و دوای پەكخستنی پەرلەمانیش كاری ئەو لیژنەیە راگیراو نەتوانرا نوسینەوەی دەستورەكە تەواو بكرێت. ئەندامانی لیژنەی دەستور ئەندامانی دواین لیژنە بۆ نوسینەوەی دەستور بۆ هەرێمی كوردستان پێكهاتبوو لەم كەسانە: فراكسیۆنی پارتی 1-    ڤالا فەرید 2-    حاكم نەمر كەچۆ 3-    فرسەت سۆفی 4-    سیروان زەهاوی 5-    عوسمان وەیسی 6-    عەبدولحەكیم خەسرۆ 7-    عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق فراكسیۆنی گۆڕان 1-    بەهار محمود 2-    كوێستان محەمەد 3-    عەدنان عوسمان 4-    شۆرش حاجی فراكسیۆنی یەكێتی 1-    گۆران ئازاد 2-    خامۆش عومەر عەبدوڵا 3-    چێنەر علی جۆڵا 4-    دادوەر ئەركان قادر فراكسیۆنی یەكگرتوو 1-    ئەبوبكر هەڵەدنی 2-    خەلیل ئیبراهیم  فراكسیۆنی كۆمەڵ دانا دارا كلدان‌و ئاشوری‌و ئەرمەنەكان مونا یوخەنا یاقو توركمانەكان یەك نوێنەر‌و چوار پارتی سیاسی (بزوتنەوە ئیسلامی، سۆسیالست، شیوعی، ئاراستەی سێیەم) بەهەمویانەوە یەك نوێنەریان لە لیژنەی نوسینەوەی دەستور پێدرابوو، بەڵام چوار لایەنەكە بایكۆتی لیژنەكەیان كردوو بەشدارییان تێدا نەكرد.  ناكۆكییە گەورەكە! لە پرۆژەی دەستورەكەی پێشوودا، سیستمی حوكمڕانی هەرێم (سەرۆكایەتی یان پەرلەمان)، خاڵی سەرەكی ناكۆكی بوو لەنێوان لایەنەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان داوایدەكرد سیستمی حوكمڕانی هەرێم سەرۆكایەتی بێت واتە سەرۆك لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێت‌و پەرلەمان مافی لێپرسینەوەی لە سەرۆك نەبێت، پارتییەكان بۆ ئەمە زیاتر نمونەی سیستمی حوكمڕانی ئەمریكایان دەهێنایەوە. لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی داوای سیستمی پەرلەمانیان دەكرد، واتە سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت‌و هەر لەناو پەرلەمانیشەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت، ئەم بەرەیەش زیاتر نمونەی بە سیستمە سیاسییەكانی ئەوروپا دەهێنایەوە. بەهۆی ناكۆكییەكان لەسەر شێوازی سیستمی حوكمڕانی، پرۆژەی دەستور پەكیكەوت، ئێستا كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی باس لە نوسینەوە‌و پەسەندكردنی دەستورێكی نوێ بۆ هەرێم دەكات، بەرپرسانی پارتی لە چەند هەفتەی رابردوودا چەندین لێدوانیان داوە‌و باس لەوە دەكەنەوە دەبێت سیستمی حوكمڕانی هەرێم "سەرۆكایەتی" بێت، لایەنە ركابەرەكانی پێشووی پارتی كە ئێستا سەرقاڵی گفتوگۆن لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بێدەنگن یاخود نایانەوێت بە دژە لێدوان لەبارەی سیستم‌و دەستورەوە تەگەرە بخەنە رەوتی دانوستانەكانیان لەگەڵ پارتی بۆ حكومەت. رەنگە هۆكاری سەرەكی راكێشانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ناو كابینەی نوێی حكومەت لەلایەن پارتییەوە، سەرباری ناكۆكییەكانی رابردوو، بەپلەی یەكەم پەیوەندیداربێت بە پرسی دەستورەوە، چونكە تێپەڕاندنی رەشنوسی دەستور لە خولی نوێی پەرلەمان پێویستی بە (دوو لەسەر سێ)ی دەنگی پەرلەمانتاران هەیە، واتە لە كۆی (111) ئەندام پێویستی بە دەنگی (75) پەرلەمانتار هەیە‌و پارتی تەنیا (45) كورسی لە پەرلەمان هەیە.


ڕاپۆرتی : ئارام مەحمود (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆك كۆماری توركیا، ئەمڕۆ شەممە لە پەراوێزی كۆبونەوەی لوتكەی (جی ٢٠) كە لە (ئەرجەنتین) بەڕێوەدەچێت، داوای لە هاوتا ڕوسییەكەی (ڤلادیمێر پۆتن)كردووە، بە پێویستی بەستنی كۆبونەوەیەكی لوتكەی نوێ بۆ تاتوێكردنی دۆخی پارێزگای ئیدلیب-ی سوریا، وەك ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" بڵاویكردووەتەوە. هاوكات ئاژانسی هەواڵی "ئەنادۆڵ"ی توركی بڵاویكردووەتەوە، ئەردۆغان لە دیدارەكەیدا بە پۆتن-ی وتوە:" پێموایە چەندین هەنگاوی جیاواز هەن پێویستە بیانگرینبەر، لەم چوارچێوەشدا وایدەبینم كە زۆر گونجاوە گفتوگۆیەكی تایبەت بە ئیدلیب ئەنجامبدەین ئەگەر كورتیش بێت". دیدارە داخراوەكەی نێوان ئەردۆغان و پۆتن لە (بۆینس ئاریس)ی پایتەختی (ئەرجەنتین) یەك كاتژمێری خایاندووە، لە لایەنی توركی هەریەك لە (چاوش ئۆغڵۆ-وەزیری دەرەوە، خڵوسی ئاكار-وەزیری بەرگری، بەرات بەیرەك-وەزیری گەنجینەو دارایی، فاتح دونماز-وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتیەكان، ئیراهیم كاڵن-وتەبێژی سەرۆكایەتی، هاكان فیدان-سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، فەخری ئاڵتون- سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی توركیا). هەر لەو چوارچێوەیەدا، وتەبێژی سەرۆكی ڕوسیا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ڤلادیمێر پۆتن گفتوگۆیەكی درێژی لەگەڵ ئەنگێلا مێركل ڕاوێژكاری ئەڵمانیا سەبارەت بە دۆخی سوریا ئەنجامداوە. ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو گەڕی یانزەیەمی گفتوگۆكان لە (ئەستانە)ی پایتەختی (كازاخستان) سەبارەت بەقەیرانی سوریا بەبێ گەیشتن بە هیچ ڕێككەوتنێك سەبارەت بە لیژنەی دەستور كۆتایهات، سەرەڕای ئەوەی دەنگۆی سازانێكی دیاریكراو هەیە لەسەر هەندێك خاڵ. پێشتریش بەرپرسێكی ڕوسی ڕایگەیاند، مۆسكۆ پارێزگاری لە ڕێككەوتنی ئیدلیب دەكات لەگەڵ توركیا، ئەو لێدوانەش دوای ئەو هۆشدارییانە هات كە لەبارەی ئەگەری شكستهێنانی ڕێككەوتنە دران، لەئاكامی توندبونەوەی پێكدادانە سەربازییەكان لە ناوچەكە، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا. ڕۆژی (١٧)ی ئەیلولی ڕابردو، ڤلادیمێر پۆتن سەرۆكی ڕوسیاو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا دوای كۆبونەوەكەیان لە هاوینەهەواری (سۆچی) لە باشوری ڕوسیا، ڕایانگەیاند: لەبارەی ئیدلیب-ەوە گەیشتونەتە ڕێككەوتن و بەوپێیەش ناوچەیەكی داماڵڕاو لەچەك لەنێوان هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن و سوپای ئەسەد لە (١٥)تشرینی یەكەم دەچێتە بواری جێەجێكردنەوە.  ئەو ناوچەیە بە قوڵی ١٥-٢٠ كیلۆمەترە، بەدرێژیی هێڵی بەریەككەوتنی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن و هێزە چەكدارەكان، لە١٥ی ئۆكتۆبەر/ تشرینی یەكەمی ئەمساڵ چووە بواری جێبەجێكردنەوەو تیمە سەربازییەكانی ڕوسیا و توركیاش چاودێری ناوچەكە دەكەن. دوای ڕاگەیاندنی ڕێككەوتنەكەش، سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، هێزەكانی رژێمی سوریا و هاوپەیمانەكانی هیچ پرۆسەیەكی سەربازی تازە لە پارێزگای ئیدلیب ئەنجامنادەن.   


وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ پرسی گەندەڵی لە وەرگرتنی ڤیزا لە  ئەڵمانیا لە هەولێر مشتومڕی لەناو میدیای ئەڵمانیدا دروستكردووە، چەند فەرمانبەرێكی پرۆگرامی تایبەت بە پەنابەرانی سوریا لەو دۆسیەیە تێوەگلاون و  گەندەڵییان كردووە و لەگەڵ چەند قاچاخییەكدا كاریان كردووە و ڤیزایان بەرامبەر بە هەزاران دۆلار دەركردووە. " هۆگر ج." گەنجێكی خەڵكی سوریایە، چەند ساڵێكە دەیەوێت لەپێناوی ژیانێكی باشتردا پەنا بۆ ئەڵمانیا بەرێت، بەڵام بەقسەی خۆی كە بۆ سایتی " موهاجر نیوز" كردووە، هەمیشە دوودڵ بووە چونكە بەدوای رێگایەكی سەلامەتدا گەڕاوە بۆئەوەی خۆی و هاوسەرەكەی و منداڵە بچوكەكەی نەخاتە مەترسییەوە. هۆگر كە لە هەرێمی كوردستان دەژی لە لێدوانیدا بۆ سایتی " موهاجر نیوز" دەڵێت:" هێشتا هەر هەوڵدەدەم، هەرچەندە قاچاخچییەكان لێرە زۆر باسی رێگای سەلامەت دەكەن، وەك گەشتكردن بە فڕۆكە لە هەولێرەوە بۆ ئەڵمانیا ، بەڵام متمانەم پێیان نییە". دەشڵێت:" ئەگەر ئەو رێگایە هەبوایە، ئەوا نیوەی پەنابەرانی سوریا كە لێرە لە كەمپەكاندا دەژین دەچوون بۆ ئەڵمانیا". بەڵام " سامان ن." هاوڕا نییە لەگەڵیدا، دوو مانگ لەمەوبەر كاتێك بەدوای رێگایەكدا گەڕاوە بۆئەوەی پەنا بۆ ئەڵمانیا بەرێت، یەكێك لە قاچاخچییە ناوخۆییەكان بەڵێنی پێداوە ڤیزای " یاسایی" لە كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر بۆ وەربگرێت, لە رێگەی پەیوەندییەوە لەگەڵ فەرمانبەرانی كونسوڵگەرییەكە و قاچاخچییەكە پێشی وتووە كە " هەموو شتێك نرخی خۆی هەیە". هەزاران دۆلار سامانی 30 ساڵان كە لەگەڵ هاوسەر و دوو منداڵەكەیدا لە هەولێر دەژین دەشڵێت:" داوای 13500 دۆلاری لێكردم بۆ هەر كەسێك، و هیچ جیاوازییەكیش لە نێوان كەسانی گەورە و منداڵدا نییە، بەڵام پێشی راگەیاندم كە پارەكە وەرناگرێت هەتا ئێمە نەگەینە ئەڵمانیا". لەوانەیە ئەو رێگایەی كە سامان لە بارەیەوە قسەدەكات و هۆگر بڕوای بە بوونی نیە، بەراستی هەبێت، گۆڤاری " دێر شپیگڵ"ی ئەڵمانیی لە لێكۆڵینەوەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد كە " سەرپێچی" لە پێدانی ڤیزا بە ئاوارە سورییەكان هەیە لە كونسوڵگەریی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر. بە گوێرەی راپۆرتەكەی " دێر شپیگڵ" ئەو پرسە پەیوەندی بە زیاتر لە 25 حاڵەتی گوماناوییەوە هەیە كە لە ماوەی مانگی ئاب بۆ كانوونی یەكەمی 2017 ئەنجامدراون. راپۆرتەكەی " دێر شپیگڵ" ئاماژە بۆ بوونی گەندەڵی و دەستكاریكردن دەكات لە پرۆگرامی تایبەت بە ئاوارە سورییەكان، لەلایەن فەرمانبەرە ناوخۆییەكانی كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر و ئاماژەش بۆ بوونی پەیوەندی لە نێوان قاچاخچییەكان و ئەو فەرمانبەرانەدا دەكات. دێرشپیگڵ لە لێكۆڵینەوە رۆژنامەوانییەكەیدا، چیرۆكی پەنابەری سوریی " جاسم م." ( 46 ساڵ) دەگێڕێتەوە كە  بە 12 هەزار دۆلار لە قاچاخچییەك ڤیزای لە كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر دەستكەوتووە , بۆئەوەی بگاتە لای هاوسەر و چوار منداڵەكەی لە ئەڵمانیا، دوای شكستهێنانی هەوڵەكانی تری بۆ گەیشتنەوە بە خێزانەكەی. بە گوێرەی لێكۆڵینەوەكە هەندێك لە پەنابەرە سورییەكان بۆ وەرگرتنی ڤیزاو گەشتكردن بۆ ئەڵمانیا بە فڕۆكە لە هەولێرەوە بڕی دوو هەزار بۆ 13 هەزار دۆلاریان بە قاچاخچییەكان داوە. سامان بە پشت بەستن بە قسەی قاچاخچییەكان جیاوازی " نرخی ڤیزا" دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو رێگایەی كە ڤیزاكەی لێوە بەدەستدەهێنن و دەڵێت:" هەندێكجار دەستكەوتنی ڤیزا بە شێوەیەكی  كەم پشت بە چانس دەبەستێت، ئەوكاتەش نرخەكەی كەمدەبێت، بەڵام كاتێك دەستكەوتنی ڤیزا بە گرەنتی لەسەدا سەد دەبێت، بەهۆی بوونی پەیوەندی  لە نێوان قاچاخیی و فەرمانبەری كونسوڵگەریی, نرخەكەی لە 12 هەزار دۆلار تێپەڕدەكات". " دیاردەیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ئەوروپا" گۆڤاری دێرشپیگڵ دەڵێت ئەم جۆرە پێشێلكاریی و گەندەڵییانە تەنها لە كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر روویان نەداوە و ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە كونسوڵگەری و باڵیۆزخانەكانی ئەڵمانیا لە دەرەوە بە تایبەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ئەوروپا بەردەوام بە شێوەیەكی رێكخراو رووبەڕووی لێكۆڵینەوە دەبنەوە دەربارەی گەندەڵی و قاچاخچێتی لە پێدانی ڤیزادا، دەشڵێت خاڵی لاوازی باڵیۆزخانەكانی ئەڵمانیا لە دەرەوە بە زۆری فەرمانبەرە ناوخۆییەكانە كە بە بەراورد بە هاوتا ئەڵمانییەكانیان موچەیەكی كەمتر وەردەگرن. تەنهاش جیاوازی موچە نییە كە پاڵ بەو فەرمانبەرانەوە دەنێت ئەو كارە بكەن،  بەڵكو لێكۆڵەرێكی پسپۆر لە حاڵەتەكانی گەندەڵی لە تیمە دیپلۆماتییەكانی ئەڵمانیا لە دەرەوە, كە قسەی بۆ گۆڤارەكە كردووە ئەو كارە بۆ " جیاوازی رۆشنبیریی" دەگەڕێنێتەوە لە ئاماژەیدا بۆ دیاردەی بەرتیل وەرگرتن كە لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ئەوروپا بەربڵاوە. چۆن پرۆژەی " ساختەكاری" یەكە دەكرێت ؟ چۆن فەرمانبەرانی تری كونسوڵگەری و باڵیۆزخانەكان ئاگاداری ئەم وردكارییە نابن؟ ، دێر شپیگڵ دەڵێت ئەوانەی كە دەستكاری داواكارییەكانی پێدانی ڤیزا دەكەن، زانیاری هەڵە داخڵی نێو سیستمی پێدانی ڤیزا دەكەن لە كونسوڵگەریی، خاڵە لاوازە زۆرەكانی سیستمی كۆنترۆڵكردن دەقۆزنەوە ، چونكە بوونی ژمارەیەكی زۆری داواكاری ئەركی سەرشانی فەرمانبەرەكان قورس دەكات و لە باشترین حاڵەتدا فەرمانبەرەكان تەنها پشكنینێكی روكەش بۆ داواكارییەكان دەكەن, بەوتەی دێر شپیگڵ. وەك نمونەیەك لەسەر ئەوە  دێر شپیگڵ ئەو رووداوەی گێڕاوەتەوە كە بەسەر هاوڵاتی سوریی " رەشید م." دا هاتووە كە لە چوارچێوەی پرۆگرامی تایبەت بە ئاوارە سورییەكان داواكاری بۆ وەرگرتنی ڤیزا پێشكەشكردووە و چەند ویلایەتێكی ئەڵمانیا پێشكەشیدەكەن، یەكێك لە مەرجەكانی قبوڵكردن بوونی كەسێكە لە ئەڵمانیا كە بەڵێنی ئەوە بدات خەرجی ئەو كەسە دابینبكات كە داواكاری پێشكەشكردووە، بەڵام لە حاڵەتەكەی رەشیددا  وەك دێر شپیگڵ ئاشكرایكردووە، لەبری ناوی كەفیل ناوی كۆمپانیایەك نوسراوە كە خزمەتگوزاری پۆستی ئەلیكترۆنیی پێشكەشدەكات، جگە لەوەش رەزامەندی پێشوەخت ساختەكراوە كە پێویستە فەرمانگەی بیانییەكان لە ئەڵمانیا دەریبكات و رەشید ڤیزای بەدەستهێناوە. هێشتا گومانلێكراوەكان بەردەوامن لە كارەكانیان سەرەڕای ئەوەی كە بازنەی گومانلێكراوەكان لەو دۆسیەیە زۆر بچوكە، بەڵام وەك گۆڤارە ئەڵمانییەكە ئاماژەیپێداوە هێشتا " هیچ رێوشوێنێكی تۆمەتباركردن " لە دژیان نەگیراوەتەبەر، هەرچەندە نزیكەی ساڵێك بەسەر ئەو پێشێلكارییانەی كونسوڵگەری هەولێری ئەڵمانیا تێپەڕیووە كە كانونی یەكەمی ساڵی  رابردووە. گۆڤارەكە ئاشكراشیكردووە هێشتا ئەو فەرمانبەرە ناوخۆییانەی كە لەو دۆسیەدا تێوەگلاون بەردەوامن لە كارەكانیان لە كونسوڵگەریی، سەرەڕای ئەوەی كە وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند ماوەی ساڵێكە ئاگاداری ئەو پێشێلكاریانەیە و رێوشوێنی پێویستی سیستماتیكی بۆ رێگەگرتن لەو جۆرە رووداوانە گرتوەتبەر. هۆگر كە هێشتا بەدوای رێگەیەكدا دەگەڕێت كۆچ بكات بۆ ئەڵمانیا دەڵێت ئەوەی وادەكات كە پەنا بۆ قاچاخچییەكان نەبەم بۆ رۆیشتنم بۆ ئەڵمانیا ئەوەیە كە رێگەی سەلامەتتر هەیە و دەشڵێت:" ئەگەر بزانم رێگای یاسایی و سەلامەت هەیە بۆ گەیشتن بە ئەڵمانیا دوای دوو ساڵی تریش ئەوا ئارام دەگرم و پەنا بۆ قاچاخچییەكان نابەم". بەڵام سامان بەوتەی خۆی كە ئاماژە بۆ " راستییەكی تاڵ" دەكات دەڵێت:" ئەگەر دۆخەكە هەر وەك خۆی بمێنێتەوە ئەوا پەنابەری تەنها بۆ دەوڵەمەندەكان دەبێت و نەهامەتی هەژارانیش بەردەوام دەبێت".  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف بەهێزترین سیناریۆ بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان ئەوەیە یەكێتی نیشتمانی ئەو پۆستە وەربگرێت، قوباد تاڵەبانی لەناو یەكێتیدا چارەنوسی كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان یەكلادەكاتەوە. ئەمڕۆ (25) رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر سوێندخواردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، تائێستا پەرلەمانی نوێ هیچ كۆبونەوەیەكی نەكردووە‌و دەستەی سەرۆكایەتی هەڵنەبژاردووە. پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن‌و خاوەنی زۆرترین كورسی پەرلەمان، لەدوای یەكەم دانیشتنی پەرلەمانەوە یەكجار بەشێوەی فەرمی لەگەڵ لایەنەكان (یەكێتی‌و گۆڕان) گفتوگۆی كردووە سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێ. یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان لە گەڕی یەكەمدا لەگەڵ پارتی گفتوگۆیان كردووە بۆ بەشداریكردن لە كابینەی (9)ی حكومەت، كۆمەڵی ئیسلامیش تائێستا خۆی یەكلانەكردوەتەوە، سێ لایەنیش (جوڵانەوەی نەوەی نوێ- یەكگرتووی ئیسلامی- حزبی شیوعی) یەكلابونەتەوە بۆ ئەوەی چوار ساڵی داهاتوو ئۆپۆزسیۆن بن. گەڕی یەكەمی دانوستانی پارتی لەگەڵ لایەنەكان باسكردن بوو لەسەر هێڵە گشتییەكان، نەك چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستە باڵاكان. سەرۆكی پەرلەمان‌و چەند ئاڵنگارییەك! پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یەكێكە لە پۆستە هەستیارەكان، لە خولی چوارەمی پەرلەماندا ئەو پۆستە‌و دامەزراوەی پەرلەمان دوچاری قەیران هاتن. ئەو كەسەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەكات روبەڕووی ژمارەیەك ئاڵنگاری دەبێتەوە، هەندێك لەو ئاڵنگارییانە هی خولی چوارەمی پەرلەمانن‌و بۆ خولی پێنجەم ماونەتەوە لەوانە: •    یاسای سەرۆكایەتی هەرێم •    دەستوری هەرێم •    پرۆژەی چاكسازی •    بودجە     سیناریۆ بەهێزەكە ! سیناریۆی بەهێز بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ئەوەیە یەكێتی نیشتمانی ئەو پۆستە ببات، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان سەرباری ئەوەی پۆستی سەرۆكی حكومەت دەبات، دەیەوێت لەماوەیەكی دیاریكراوی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە‌و پۆستی سەرۆكی هەرێمیش بۆخۆی ببات. یەكێتی كێ دەكاتە سەرۆكی پەرلەمان؟ لەناو یەكێتی نیشتمانی ژمارەیەك كەس چاویان لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانە: كاندیدی یەكەم/ قوباد تاڵەبانی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی بوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی ئەمساڵ، سەرباری ئەوەی زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی كاندید‌و سەرۆك لیستەكان بەدەستهێنا، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنەوە بیدەنگە‌و لە میدیاكانەوە كەمتر دەردەكەوێت. قوباد تاڵەبانی چاوی لە وەرگرتنەوەی پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانە، بەڵام لەدوو ئەگەردا ئەو پۆستە وەرناگرێت‌و رەنگە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێت: •    ئەگەری یەكەم: لە كابینەی نوێدا جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران زیاد بكرێت. •    ئەگەری دووەم: مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی كابینەی نوێی حكومەت بكات، نەك نێچیرڤان بارزانی. كاندیدی دووەم/ رێواز فایەق  رێواز فایەق لەدایكبووی ساڵی 1977ی ناحیەی (پێباز)ی سەربە قەزای كەلارە، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە‌و بڕوانامەی (دكتۆرا)ى هەیە لە (یاسا)دا. لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا كاندید بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سكرتێری پەرلەمان (دوای كشانەوەی فەخرەدین قادر)، بەڵام دواجار لەبەرژەوەندی بێگەرد تاڵەبانی كشایەوە، پێناچێت ئەمجارە رێواز فایەق گۆڕەپانەكە بۆ بێگەرد تاڵەبانی چۆڵ بكات. ئەگەر قوباد تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەرگرێت، رێواز فایەق چانسی گەورەی دەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، چونكە ئەگەر ماڵباتی تاڵەبانی پۆستی جێگری حكومەت ببەن، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ كەسێكی نزیك لە كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی دەبێت‌و رێواز فایەق بە كەسێكی نزیك لە كۆسرەت رەسوڵ دادەنرێت. لەدوو حاڵەتدا، رێواز فایەق چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی نابێت: حاڵەتی یەكەم: قوباد تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەرنەگرێت حاڵەتی دووەم: قوباد تاڵەبانی خۆی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت كاندیدی سێیەم/ بێگەرد تاڵەبانی بێگەر تاڵەبانی لەدایكبوونی ساڵی (1978)ی گوندی (كەلكان)ی سەربە قەزای دوكانە، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە‌و بڕوانامەی (بەكالۆریۆس)ی هەیە لە (بایۆلۆجی)دا.  لە نیوەی دووەمی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستانەوە سكرتێری پەرلەمان بوو. بەپێچەوانەی رێواز فایەق، بێگەر تاڵەبانی كاتێك چانسی بەهێز دەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، كە قوباد تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەرنەگرێت، چونكە ئەوكات پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ ماڵباتی تاڵەبانی دەبێت‌و بێگەر تاڵەبانیش كاندیدی بەهێزی ماڵباتە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان. بێگەر تاڵەبانی لە دوو حاڵەتدا چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی نابێت: حاڵەتی یەكەم: قوباد تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرێت حاڵەتی دووەم: قوباد تاڵەبانی خۆی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت جێگرەكانی سەرۆكی پەرلەمان مانگی (7)ی ئەمساڵ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بەرلەوەی وادەكەی تەواو ببێت، پەیڕەوێكی نوێی بۆ پەرلەمان پەسەندكرد، بەپێی پەیڕەوە نوێیەكە پۆستی (سكرتێر)ی پەرلەمان لابراو پۆستی جێگری (دووەم)ی سەرۆكی پەرلەمان لە شوێنی دانرا. سیناریۆی بەهێز بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی هەردوو جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەوەیە پارتی پۆستی جێگری یەكەم وەرگرێت‌و بزوتنەوەی گۆڕانیش پۆستی جێگری دووەم. كاندیدەكانی پارتی بۆ پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: •    هێمن هەورامی •    ڤالا فەرید كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: •    عەلی حەمەساڵح ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری كابینەی نوێی حكومەت نەكات،  پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان دەدرێت بە پێكهاتەكان‌و رەنگە لەناو پێكهاتەكاندا بدرێت بە پێكهاتەی توركمان‌و (ئایدن مەعروف) پۆستەكە وەربگرێت.


(درەو میدیا): سەركردەیەكی باڵای رێكخراوی تیرۆریستی داعش زانیاری لەسەر ئەو پێشمەرگانە ئاشكرادەكات كە ساڵی  2015 لە حەویجە بەدیلگیران. دەزگای هەواڵگری عێراق ئێوارەی پێنجشەممە دەستگیركردنی سەركردەیەكی باڵای رێكخراوی تیرۆریستی داعشی راگەیاند بەناوی جەمال خەلیل تەها زناد مەشهدانی ناسراو بە ئەبوحەمزە كوردی. دەزگای هەواڵگری عێراق بەشێك لە دانپێدانانەكانی ئەو سەركردەیەی داعشی راگەیاند كە ماوەیەك والی حەویجە و كەركوك بووە لە ریزی ئەو رێكخراوەدا. ئەبوحەمزە كوردی لە دانپێدانانەكانیدا دەڵێت: " هێزەكانی پێشمەرگە لە پێشڕەویدا بوون بەرەو موسڵ لەبەرئەوە فەرمانێك دەرچوو بۆ كردنەوەی بەرەیەكی نوێ لەدژی هێزی پێشمەرگە و لەو شەڕەدا 18 پێشمەرگەمان بەدیل گرت و پێشتریش سێ‌ دیلی ترمان لابوو، پاشان فەرماندەركرا بۆئەوەی دیلەكان لە قەفەزی ئاسنیندا بەناو حەویجەدا بگەڕێنرێن". ئەبو حەمزە كوردی ئاشكراشیدەكات، پاشان لەترسی دابەزینی هێزی ئەمریكی یان عێراقی بۆ ناو حەویجە، فەرماندەركرا بۆئەوەی پێشمەرگە دیلەكان بگوازرێنەوە بۆ دەستەی دیل و شەهیدان لە موسڵ. بە گوێرەی دانپێدانانی،  مەشهەدانی، ساڵی 1973 لە بەغدا لە دایكبووە و ساڵی 1992 كۆلێژی ئاسایشی نیشتمانی تەواوكردووە و ساڵی 2006 لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە دەستگیركراوە و هەفتەیەك پێش ئازادكردنی كەسێكی بەناوی " ئەبو زەید" ناسیوە و رێككەوتون لەسەرئەوەی پەیوەندی بە داعشەوە بكەن. مەشهەدانی سەرەتا نازناوی ئەبو سەفای پێبەخشراوە و ساڵی 2015 لە ویلایەتی كەركوكەوە گواستراوەتەوە بۆ سوریا و نازناوەكەی گۆڕدراوە بۆ " ئەبوحەمزە كوردی" و چەندین پۆستی باڵای لەو رێكخراوەدا پێدراوە و دواتر دوای چڕبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆسەر داعش مەشهەدانی روویكردوەتە توركیا و پاشان گەڕاوەتەوە بەغدا دەستگیركراوە.  


(درەو میدیا): سروە عەبدولواحید ڕایدەگەیەنێت، سەردانەكەی مەسعود بارزانی بۆ بەغداد لەسەر داوای ئێرانییەكان بووەو، پەشیمانبوونەوەی لە ڕیفراندۆم پێ ڕاگەیاندوون، دەشلێت، ئامانجی لە پێدانی وەزارەتێكی عێراق بە گۆڕان، بۆ بچوكردنەوەیەتی. سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە (درەومیدیا)ی ڕاشگەیاند: "سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا چەند ئامانجێكی كاتی دەپێكێ‌و، هیچ ئامانجێكی ستراتیژی لەدواوە نیە، وەكو هەموو جارەكانی دیكە دوای ماوەیەكی دیكە كێشەكان سەرهەڵدەداتەوە، سەردانەكە هیچ نییە‌و هیچ گرنگەیەكیشی نەبوو، چونكە پەیوەندیەك نیە لەسەر بنەمای دامەزراوەیی دروست كرابێت، بەپێی مەزاجی مەسعود بارزانی‌و پارتییە، رەنگە ئەو پەیوەندییانە بۆ دوو مانگ، شەش مانگ هێمن‌و ئاسایی بێت بەڵام دواتر بەهۆی لێدوانێكی مەسعود بارزانی یان سەركردەیەكی عێراق تێکدەچێتەوە".  دەشلێت"سەردانەكە لەسەر داوای  ئێرانیەكان بووەو، رەدی سەردانی بەشێك لە سەركردە عێراقییەكان بووە بۆ هەولێر، ئەگینا هیچ ڕێككەوتنێكی بەدوادا نەهاتووەو، هیچ لایەنێكی عێراقیش جورئەتی ئەوەی نەكردووە ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی بكات". بەوتەی سروە عەبدولواحید، بارزانی لە سەردانەكەیدا بۆ لای (موقتەدا سەدر) "هەوڵیداوە ناوبراو ڕازیبكات تا (فالح فەیاز) ببێتە وەزیری ناوخۆ، ئەوەش لەسەر داوای ئێرانییەكان، چونكە بارزانی ئێستا لەگەڵ ئێرانەو دژی ئەمریكایە، ئەو سیاسەت ناكات عەشایەرێتی دەكات". لەبارەی کاتی سەردانەكەشەوە، وتی:" هەر تەوقیتی سەردانەكە ئەوە هەڵدەگرێت كە بارزانی پەشیمانبوەتەوە لە ڕیفراندۆم‌و، خۆشی باش دەزانێت هەڵەی چی كردووە، بۆیە باسی ڕاستكردنەوەی هەڵەكانی ڕابردوی كرد". وتیشی:" لە بەغداد زۆرباسی ئەوەكرا كە ئەوە یەكەمجارە بارزانی بەقات‌و بۆینباخەوە بێتە بەغدادو بەجلی كوردییەوە نەیەت، ویستیوتی بەوە ئەو پەیامەیان پێبگەیەنێت كە جلە كوردییەكانی داكەندووەو، ئێستا بووە بە عێراقییەكی دەرجە یەك". سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی گۆڕان لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا بۆ (درەو میدیا) ڕایگەیاند:"بارزانی سەرۆكی حزبێكەو، هیچ پۆستێكی ڕەسمی نییە، ئەوانەشی دەڵێن مەرجەعی كوردە، ئەوانە ماستاوچین‌و دەیانەوێ پۆستیان دەستبكەوێت". لەبارەی ململانێكانیش لەسەر وەزارەتەكانی بەغداد وتی:"پارتی پێیوایە یەكێتی نابێت وەزارەتی بەربكەوێت، دەیەوێ مساوەمە لەسەر ئەو وەزارەتە بكات‌و، ڕێككەوتن بكات لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوەی ئەو وەزارەتەی بداتێ‌‌و، دەستكەوتی زیاتر لەهەرێم بچنێتەوە، ئامانجی پارتی لەوە بۆ  گەورەكردنی نییە بەڵكو بۆ بچوكردنەوەیەتی، دەشیەوێت بە یەكێتی بلێت، جارێكی تر ناتوانیت بەبێ‌ من هەموو شتێك بەریت". بە قسەی سروە عەبدولواحید" زۆربەی لایەنە عێراقییەكان ڕازیبون ئەو وەزارەتە بۆ پارتی بێت، بەتایبەت ئەگەر كەسێك لە كەمینە نەتەوەییەكان بێنێت ڕەنگە لایەنەكان ئیحراجبن‌و بیاندەنێ‌".       



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand