شەڕی ئێرانو ئەمریكا لە بەغداد دەتەقێتەوە
2019-12-31 14:10:27
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
شەڕی نێوان ئێرانو ئەمریكا لەسەر خاكی عێراقو لەناوچەی سەوزی بەغداد گەیشتە حاڵەتی پەلامادرانی باڵیۆزخانە، روداوێك كە هاوشێوەكەی لەتارانو بەر لە 40 ساڵ لەمەوپێش بەتەواوەتی پەیوەندی نێوان ئێرانو ئەمریكای شێواندو تائێستا ئەو پەیوەندییە ئاسایی نەكراوەتەوە، پرسیاری گرنگی ئێستا لەبارەی روداوەكانەوە ئەوەیە ئایا چۆن لایەنگرو فەرماندەكانی حەشدی شەعبی چونە ناو ناوچەی سەوزەوە ؟ (درەو) لەم راپۆرتەدا وەڵامی ئەو پرسیارەو چەند پرسیارێكی تر دەداتەوە لەبارەی پەرەسەندنەكانی عێراقەوە.
بەتاڵكردنەوەی توڕەیی
دەرگای ناوچەی سەوز بۆ حەشدی شەعبی خرایە سەرپشت، تا لەوێوە توڕەیی خۆیان دژ بە هێرشەكەی ئەمریكا بۆسەر بارەگاكانیان، بەتاڵبكەنەوە.
ئەمڕۆ بە سەدان لایەنگرو چەكدارو سەركردەی گروپە جیاوازەكانی حەشدی شەعبی بەسەرۆكی دەستەو جێگرەكەی لەناوچەی سەوز چونە بەردەم بینای گەورەترین باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە جیهاندا.
فەرماندەو لایەنگرانی حەشدی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریكا كۆبونەوە تا لەوێوە ناڕەزایی و پەیامی توندی خۆیانن بگەیەننە كۆشكی سپی لەبەرامبەر ئەو هێرشەی كە بەر لە دوو رۆژ لە ئێوارەیەكدا فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا كردیانەسەر پێنج بارەگای كەتیبەكانی حزبوڵا وەكو لایەنێكی پێكهێنەری سەرەكی لەناو هێزەكانی حەشدی شەعبیدا.
هێرشەكەی ئەمریكا سێ بنكەی كەتیبەكانی حزبوڵای لەناو خاكی عێراقو دوو بنكەی تری رێكخراوەكەی لە سوریا كردە ئامانج، بەهۆیەوە 25 چەكدار كوژرانو دەیانی تر برینداربوون.
چۆن دەرگای ناوچەی سەوز كرایەوە؟
كردنەوەی دەرگای ناوچەی سەوز بەڕووی لایەنگرانی حەشدی شەعبی نیشانەی پرسیاری گەورەی لەسەرە، بەوەی بەدرێژایی (3) مانگی رابردوو سەدان هەزار خۆپیشاندەری ناڕازیی هەوڵدەدەن بچنە ناوچەی سەوزو هێزە ئەمنییەكان رێگرییان لێدەكەن.
ئێستا نزیكەی (500) خۆپیشاندەر كوژراونو برینداربوون، بەڵام ناڕەزایەتییەكان نەیتوانیوە بگاتە ناوچەی سەوز كە شوێنی كۆبونەوەی بارەگای سەرۆكایەتی حكومەتو پەرلەمانو وەزارەتو نوێنەرایەتییە بیانییەكانە.
بەڵام ئەمڕۆ بە ئاسانیو بەبێ هیچ رێگریەك لایەنگرانی حەشدی شەعبی چونە ناو ناوچەی سەوزو لەوەش زیاتر لەناو ناوچەی سەوزدا خۆیان گەیاندە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریكا، كە لە 2003و دوای روخانی رژێمی پێشووەوە، ئەمە یەكەمجارە روداوی وا روبدات، بۆیە ئەمە بە پەرەسەندنێكی مەترسیدار لێكدەدرێتەوە.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئەوەی رێگەی بۆ ئەم چونە ژورەوەیە خۆشكردووە، گۆڕینی هەژمونی حەشدی شەعبیە بەسەر ئەمنیەتی ناوچەی سەوزی شاری بەغداد، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو كەسێك وەكو بەرپرسی ئەمنی ناوچەی سەوز دانرا، ئەو كەسە فەریق روكن (تەحسن ئەلعەبودی)یە كە بە "ئەبومونتەزەر ئەلحوسەینی" ناسراوەو نزیكە لە ئەبومەهدی موهەندیسی جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی.
پێشتر میدیا عێراقییەكان ئاماژەیان بەوەكرد، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق (ئەبومونتەزەر ئەلحوسەینی) راوێژكاری خۆیەتی بۆ كاروباری حەشدی شەعبی رایسپاردووە بۆ فەرماندەی هێزی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیران.
ئەبومونتەزەر ئەلحوسەینی كێیە؟
• ناوی راستەقینەی (ئەبومونتەزەر ئەلحوسەینی) تەحسین عەبد مەتەر ئەلعەبودی-یە.
• 1961 لە بەغداد لەدایكبووە.
• لە جەنگی عێراق- ئێران لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو ئەفسەر بووە.
• دوای ئەوەی بە دیلی كەوتووەتە دەست سوپای پاسداران، لە ئێران پەیوەندی بە فەیلەقی بەدرەوە كردووە.
• یەكێكە لە ئەفسەرەكانی سوپای پاسدارانی ئێران– فەیلەقی قودس، پرۆسەكانی دەرەوە.
• یەكێكە لەفەرماندەكانی رێكخراوی بەدر بەسەرۆكایەتی هادی عامری.
• پێشتر بەڕێوەبەری پرۆسەكانی حەشدی شەعبی بووە، مانگی ئابی رابردوو پۆستی راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراقی بۆ كاروباری حەشدی شەعبی وەرگرتووە.
• ئەبو مونتەزەر ئەلحوسەینی كە لە حەشدی شەعبیدا بووە هیچ پلەیەكی سەربازی نەبووە، بەڵام كە گوازراوەتەوە بۆ نوسینگەی سەرۆك وەزیران پلەی فەریق روكنی دراوەتێ.
لە تارانەوە بۆ بەغداد
لایەنگرانی حەشدی شەعبی دیواری باڵیۆزخانەی ئەمریكایان بڕیو چونەناوەوە لەسەر بیناكە ئاڵای حزبوڵایان هەڵكرد، ئەم دیمەنانە هاوشێوەبوون لە روداوی پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تارانی پایتەختی ئێران 40 ساڵ لەمەوبەر.
لە ساڵی 1979 دوای ئەوەی محەمەد رەزا شا، ئێرانی بەجێهێشتو ئایەتوڵڵا خومەینیگەڕایەوە، خوێندكارانی ئێرانی پەلاماری باڵیۆزخانەی ئەمریكایاندا لە تاران، دوای ئەوەی چونەناو باڵیۆزخانەكەوە (52) ئەمریكییان دەستگیركردو دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەكی زۆر بەڵگەنامەدا.
ئەم رووداوە بوو بە سەرەتای تێكچوونی پەیوەندی ئەمریكاو كۆماری ئیسلامی ئێرانو دوای 40 ساڵ هێشتا ئەو پەیوەندییانە ئاسایی نەكراونەتەوە.
كەتیبەكانی حیزبوڵا كێن ؟
هەموو ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدات پەیوەندییە بە هێرشێكەوە هەیە كە بەمدواییە كرایەسەر بنكەی سەربازانی ئەمریكا لەناوچەی "كەی وەن" لە كەركوكو بەهۆیەوە سەربازێكی گرێبەستی ناو هێزەكەی ئەمریكا كوژرا، واشنتۆن پێیوایە كەتیبەكانی حزبوڵا لە پشت هێرشەكەوەن، بەڵام حكومەتی عێراق دەڵێت هێشتا لێكۆڵینەوەكان یەكلانەبونەتەوە.
پرسیارەكە ئەوەیە كەتیبەكانی حزبوڵا كێن كە شەڕی نێوان ئەمریكاو ئێرانیان لەسەر خاكی عێراق گەرمكردووە ؟
دەستەواژەی "حزبوڵا" وابەستە كراوە بە رێكخراوی (حزبوڵای لوبنانی)یەوە، بەڵام دوو دەیە دوای دروستبوونی حزبوڵای لوبنانییەوە رێكخراوێكی تر دروستكراوە كە هەمان ناوی هەڵگرتووەو جیاوازیشە لەوەی یەكەم، كە ئەویش كەتیبەكانی (حزبوڵا)یە لە عێراق.
كەتیبەكانی حزبوڵا لە نیسانی ساڵی 2007 لە شاری (عەمارە)ی باشوری عێراق دروستكراوە، پێكدێت لە كۆمەڵێك گروپی چەكداری شیعەمەزهەب كە هەندێكیان لەدوای جەنگی ساڵی 2003و روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە دروستبوونو بریتین لە:
• لیوای ئەبولفەزڵ عەباس
• كەتیبەی كەربەلا
• كەتیبەی زەید بن عەلی
• كەتیبەی عەلی ئەكبەر
• كەتیبەی سەجاد
بەپێی ئەوەی لە پێگە فەرمییەكانی خۆیەوە بڵاوكراوەتەوە، كەتیبەكانی حزبوڵا خۆی بە "پێكهاتەیەكی جیهادی ئیسلامی بەرەنگاریخواز" دەناسێنێت، پێیوایە "ویلایەتی فەقیه" رێگەی نمونەییە بۆ بەدیهێنانی "حاكمیەتی ئیسلامی لە زەمەنێكدا كە ئیمامی مەهدی لە غەیبدایە"، مەهدی ئیمامی دوانزەیەمی ئەو شیعانەیە كە بە شیعەی دوانزەئیمامی ناسراون.
كەتیبەكانی حزبوڵا پەیوەندییەكی راستەوخۆی لەگەڵ ئێران هەیە، تا ئەوڕادەیەی پێیوایە دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی ئێران "دەستەكەوتێكی مەزنە"و وەكو بنەمایەكی بنەڕەتی تەماشای دەكات بۆ دروستكردنی "دەوڵەتی دادپەروەریی خواداییو وێنەیەك لە وێنەكانی حاكمیەتی ئیسلامیو ویلایەتی فەقیه".
كەتیبەكانی حزبوڵا دەڵێ كاردەكات بۆ شكستهێنان لە "پرۆژەی ئەمریكا- ئیسرائیل" لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، چەكدارەكانی ئەم گروپە پێشەنگی ئەوانەبوون كە چوونە سوریاو پاڵپشتییان لە هێزەكانی بەشار ئەسەد كرد بۆ لێدانی ئەو شەپۆلە خۆپیشاندانانەی كە ساڵی 2011 سوریای گرتەوەو دواتر سەریكێشا بۆ شەڕێكی ناوخۆیی كە تائێستاش بەردەوامە.
حزبوڵا هیچ پەیكەرێكی رێكخراوەیی یاخود سەربازیو ئیداری نییە وەكو ئەوەی لەناو گروپە چەكدارە شیعەكانی تری عێراقدا هەیە.
تائێستا ئەمینداری گشتی كەتیبەكانی حزبوڵا نەناسراوە، سەرباری ئەوەی گروپەكە دوو وتەبێژی هەیە، یەكێكیان وتەبێژی سەربازیو ئەوی تر وتەبێژی مەدەنییە.
ژمارەی چەكدارانی ئەم گروپە دەگاتە (7 هەزار) كەس، ئەمە بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكان، شێوازی كاركردنی رێكخراوەكە هاوشێوەیە لەگەڵ حزبوڵای لوبنانیو وەكو دەوترێت فەرماندە ئێرانیو لوبنانییەكان سەرپەرەشتی راهێنانی چەكدارانی رێكخراوەكە كردووە، لەوانە عیماد موغنیە كە ساڵی 2015 لە سوریا كوژرا.
بەهۆی فراوانبوونی روبەڕی ئۆپراسیۆنەكانی رێكخراوەكە لە عێراقو سوریا، سەركردایەتی كەتائیبی حزبوڵا پلەبەندی بۆ كوژراوەكانی لە شەڕەكاندا داناوە، لەوانە پلەكانی:
• شەهیدانی سەرایای بەرگری
• شەهیدانی بەرەنگاری داگیركاریی
• شەهیدانی عەقیدەو كەرامەت
• شەهیدانی ویلایەت
كەتائیبەكانی حزبوڵا لە چوار دامەزراوەی مەدەنی ئاشكرا پێكدێت كە بریتین لە:
• دەستەی مزگەوتو حوسەینییەكان
• دامەزراوەی هەدەف
• دامەزراوەی زەینەبیات
• دامەزراوە دەستەبژێری ئەكادیمی
لەپاڵ ئەم دامەزراوە ئاشكرایانەدا، كەتیبەكانی حزبوڵا ژمارەیەك دامەزراوەو دەستەی تری هەیە كە بەشێوەیەكی نادیار كاردەكەنو دەوترێت پەیوەندیدارن بە راكێشانی ئاینیو چەكداركردنو پرۆژەی ئابورییەوە.
بەپێی ئەوەی لە راپۆرتە دزەكراوەكاندا باسكراوە، كەتیبەكان یەكێك لەو لایەنانە بوون كە بەشداربوون لە رفاندنی راوچییە قەتەرییەكان لە كانونی یەكەمی 2015دا، یەكێك لەو لایەنانە بوون كە بڕی ملیارێك دۆلاریان لەبەرامبەر ئازادكردنی ئەو راوچییانە لە قەتەر وەرگرتووە، بەڵام قەتەرییەكان دەڵێن ئەوان پارەكەیان بە حكومەتی عێراق داوە.
كەتیبەكانی حزبوڵا هیچ حزبێكی سیاسی نییە، بەڵام بەشێكە لە هێزەكانی حەشدی شەعبی كە یارمەتی حكومەتی عێراقی دا لە شەڕی دژ بە رێكخراوی "داعش"دا.