Draw Media

نوسینی: هێڤار حەسەن/ بی بی سی  وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ نۆژین مستەفای تەمەن 19 بەهار، رەنگە هەرگیز بە خەیاڵیدا نەهاتبێت كە رۆژێك لە رۆژان چیرۆكی ژیانی ببێتە كتێبێك و خانەكانی چاپ و بڵاوكرنەوە داوای لێبكەن وەریبگێڕنە سەر 13 زمانی جیهان و وێنەشی كەناڵە تەلەفزیۆنە جیهانییەكان و سایتەكان دابپۆشێت و خۆشی لەبەردەم جەماوەردا بوەستێت و ئەزمونی خۆی لە گەورەترین و بەناوبانگترین بەرنامەی جیهانییدا بگێڕێتەوە و رێكخراوە جیهانییەكانی وەك " هیومان رایتس وۆچ " و " یەكێتی ئەوروپا" دیدار و چاوپێكەوتنی لەگەڵدا بكەن. هەموو ئەو دیدار و چاوپێكەوتنانەشی بە زمانی دایك نە بەڵكو بە زمانی ئینگلیزی، كە خۆی بەبێ‌ ئەوەی لە ژیانیدا چوبێتە خوێندنگە فێری بووە و پەرەی پێداوە و لەلایەن " بی بی سی" شەوە بخرێتە لیستی ساڵی 2018ی " 100 ژن" كە كاریگەریان لە جیهاندا هەبووە. خۆفێركردن نۆژین كە خەڵكی شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستانە  ئەو شارەی ساڵی 2014 بەشێكی زۆری لەلایەن داعشەوە رووبەڕووی وێرانكاری بووە ، كاتێك باس لە ژیانی خۆی دەكات لە حەڵەب ، هەوڵدەدات سروشتێكی خۆشی و گەشبینی بەسەر ئەو ژیانە پڕ لە ئازارەی تێكەڵاو بە بەرەنگاری و زەردەخنە بدات بۆئەوەی گەشبینی و ورە لە دڵی خەڵكدا زیندوو بكاتەوە. نۆژین بەهۆی ئیفلیجبوونی هەردوو قاچییەوە نەیتوانیوە لەگەڵ منداڵاندا یاریی بكات، پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا بریتی بووە لە دانیشتن لە باڵكۆنی نهۆمی پێنجەمی باڵاخانەیەكی گەڕەكی شێخ مەقسودی شاری حەڵەب.                                                              نۆژین لە باڵكۆنی شوقەكەیان لە حەڵەب نۆژین دەربارەی سەرەتای فێربونی زمانی ئینگلیزی دەڵێت:" لە سەرەتادا براكانم پیتەكان و خوێندنەوەی چەند وشەیەكیان فێركردم، پاش ماوەیەك كە دورودێژ نەبوو، خۆم پەرەم بە زمانەكەمدا لە رێگەی بینی بەڵگە فیلمەكانی بی بی سی و بەرنامە زانستییەكانییەوە و هەروەها سەیری زنجیرەی ئەمریكی دڵخوازی خۆم " Days of our lives " دەكرد كە زۆر هاوكاری كردم لە فێربوونی گفتوگۆ و قسەكردندا و پاشان دەستمكرد بە خوێندنەوەی كورتە چیرۆك و رۆمان و كتێبی زانستی زانا بەناوبانگەكانی وەك ئەنیشتاین". هەروەها بوونی ئینتەرنێت هەندێكجار ئاسانكاری بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی كردووە و لە رێگەی بەكارهێنانی گوگڵەوە بەدوای هەر زانیارییەك یان وتارێك یان هەر رێنماییەكدا گەڕاوە كە پێویستی پێبووە و ئەوەش یارمەتیداوە لە خۆ رۆشنبیركردن و فێربوونی هەردوو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی لەپاڵ  زمانی دایكدا كە زمانی كوردییە. لەو بارەیەوە دەڵێت:"  لە رێگەی زیادكردنی دەنگی تەلەفزیۆنەوەكە و بینینی بەرنمە دڵخوازەكانم، خۆم بە دووردەگرت لە دەنگی تەقەو تەقینەوەكان، كە چەند میلێك لە دووری ماڵەكەمانەوە روویدەدا".                                             ساتی گەیشتنی نۆژین و خوشكەكەی بۆ دوورگەی لیسبۆس كاتێك ساڵی 2012 شەڕی سویا دەستپێدەكات، ئەوەی كە زۆر نۆژین دەترسێنێت، ئەوەیە كە لەوانەیە ئەو ببێتە هۆكارێك كە خێزانەكەی نەتوانن بەهۆی زەحمەتی گواستنەوەی لەسەر كورسییەكەی رابكەن كاتێك شەڕەكە دەگاتە ناوچەكەیان، لەبەرئەوە بڕیاردەدات لەگەڵ خوشەكە گەورەكەیدا ئەزمونی كۆچكردن بۆ ئەوروپا لە رێگەی دەریاوە تاقیبكاتەوە، بۆئەوەی بگاتە كەمپێك لە كەمپەكانی كۆچبەران لە ئەڵمانیا كە براكەی لێ‌ نیشتەجێیە.  لەو بارەیەوە نۆژین دەڵێت:" بیرم لەوە كردەوە كە هەلی خۆم بۆ دەستكردن بە ژیانێكی نوێ تاقیبكەمەوە، هەموو مرۆڤێكی شایستەی ئەوەیە هەلی ژیانی هەبێت". نۆژین بە دوو وشەی ئازاربەخش " ببورە سوریا" ماڵئاوایی لە وڵاتەكەی دەكات، چونكە لە حاڵەتی شەڕدا بەجێیدەهێڵێت، ئەو شەڕەی كە هێشتا رۆحی رۆڵەكانی دروێنەدەكرد و پاشان لە وێستگەی یەكەمی گەشتەكەیدا روودەكاتە توركیا.                                                      نۆژین دوای دابەزینی لە بەلەمی كۆچبەران لە لیسبۆس كتێبی ژیان كۆتایی 2016 و دوای گەیشتنی بە ئەڵمانیا، نۆژین چیرۆكی ژیانی خۆی بە زمانی ئینگلیزی لە كتێبێكدا دەنوسێتەوە و ژنە نوسەری بەریتانیی " كریستینا لامپ" بەشدار دەبێت لەگەڵیدا. كتێبەكە پڕە لە روودا و ئازار و هەندێكجاریش وردەكاری زۆر غەمگین و هەندێكجاریش تۆقێنەر، خوێنەر سەرەتا واتێدەگات كە چیرۆكەكە خەیاڵە، بەڵام هەرزوو درك بەوە دەكات كە ئەوە چیرۆكی ئەو ژیانەیە كە نۆژین لە كاتی جەنگدا بەسەری بردووە. كتێبەكە تەنها گەشتێكی ژیانی پڕ لە ئاڵنگاریی و وردەكاری تێپەڕاندنی بەربەستەكانی هەموو قۆناغێك ناگرێتەوە، بەڵكو پەیامێكیشە بۆ جیهان، مامەڵەی مرۆیانە لەگەڵ كۆچبەران رووندەكاتەوە كە بە ناچاری و بەهۆی جەنگەكانەوە وڵاتی خۆیان بەجێهێشتووە و هەروەها  ئەوەش رووندەكاتەوە كە ئەوان ئەو ژمارەیە نین كە خۆرئاوا لێیان بترسێت، بەڵكو ئەوان مرۆڤن و جەنگ ستەمی لێكردوون و هەروەها باسیشی لە وەكردووە كە ئەوان دەتوانن رۆڵ ببینن لە بونیاتنانی ئەو كۆمەڵگەی و وڵاتانەی پەنایان بۆ بردووە.                                                         نۆژین و خوشكەكەی لە گەشتەكەیاندا بەرەو ئەڵمانیا نۆژین لە كتێبەكەیدا باس لە سەرەتای رووداوەكانی سوریاش دەكاتن هەرچەندە ئەو كاتە واتە ساڵی 2012 منداڵێكی تەمەن 13 ساڵان بووە، باسی ئەوەشی كردووە كە دواتر چۆن رووداوەكان بەرەو توندوتیژی چوون و باجەكەشی ژمارەیەكی زۆر لە منداڵ و كەسانی بەتەمەن و هاوڵاتیانی سڤیلی بێ‌ تاوان داویانە و تیشكیشی خستوەتە سەر دۆخی دەروونی خۆی و هاوڵاتیانی سوریا لە دۆخێكدا كە فڕۆكە و موشەكەكان باڵیان بەسەردا كێشاوە. لە بەشێكی كتێبەكەیدا نۆژین دەربارەی " دێوەزمەتی ترس"  نوسیویەتی  دەربارەی گەشتەكەی بەبەلەمێكی لاستیكی كە خۆی و چەند ئەندامێكی خێزانەكەی گواستوەتەوە بۆ دوورگەی لیسبۆسی یۆنان و چۆن بیرۆكەی مەترسیدار و تۆقێنەر بە خەیاڵیدا هاتووە، بۆنمونە كەسێك كورسییەكەی كە هاوكاری رۆیشتنی دەكات هەڵبداتە ناو دەریاوە بۆئەوەی كێشی بەلەمەكە كەمێك سوكتر بكات. هاوكات لەو كتێبەدا ئاماژە بەوەدەكات كە ناچاربوون مامەڵەبكەن لەگەڵ كەسانی قاچاخچی و بازرگانەكانی مرۆڤ و باسیشی لە دۆخی پەنابەران لە كەمپەكاندا كردووە كە جەنگ ناچاریكردوون رابكەن و لەوێ‌ لە هەموو لایەكەوە بوونەتە ئامانجی سوكایەتی پێكردن. نۆژین لە كتێبەكەیدا مرۆڤایەتی پەنابەران بە جیهان دەناسێنێت كە قەدرێك كۆیكردووەنەتەوە ئەویش بێ‌ لانە بووە و دواتر چۆن بە رێكەوت وەك خێزانێك  لە رێگایاندا بەرەو جیهانێكی نادیار كۆبونەتەوە و بوون بە یارمەتیدەر و پشتیوانی یەكتر. لەو بارەیەو نۆژین دەڵێت:" هەندێك لە كۆچبەرانی كاروانەكەمان كە لە گەشتەكەدا لەگەڵمدا بوون، بەنۆر كورسییەكەمیان هەڵدەگرت، وەك ئەوە وابوون كە ئەندامی خێزانەكەم بن". پاشان نۆژینی تەمەن 15 بەهار دەبێتە پردی پەیوەندی نێوان پەنابەران و رۆژنامەنوسان و رێكخراوە جیهانییەكان، چونكە سەرەڕای ئەوەی نەچوەتە قوتابخانە، بەڵام زۆر بەباشی بە ئینگلیزی قسەیكردووە و دەڵێت:" ئەوە یەكەمجار بوو لە ژیانمدا كە هەستم كرد سودبەخشم، و دەتوانم شتێك بۆ كەسەكانی چواردەورم بكەم". دوبەی: دیداری نۆژین و شێخ ئەحمەد بن سەعید ئال مەكتوم/ ئازاری 2017 هاوڕێ لە چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ " بی بی سی " نۆژین دەڵێت كە لە ژیانیدا هەرگیز وەك منداڵانی وڵاتەكەی نەچوەتە قوتابخانە، بەهۆی ئەوە توشی ئیفلیجی مێشك بووە و بەوەش هەردوو قاچی ئیفلیج بوون و خێزانەكەشی نەیتوانیوە خوێندنی بۆ دابین بكەن، یان ئامێری یارمەتیدەر بۆ چوونی بۆ قوتابخانە بۆ دابین دەكەن. ئەو لە نهۆمی پێنجەمی باڵاخانەیەكی گەڕەكی شێخ مەقسودی شاری حەڵەب نیشتەجێبووە كە  ئەسانسۆریشی نەبووە، لەبەرئەوە زۆربەی ژیانی بە گۆشەگیری لە ژوورەكەیدا بردووەتە سەر و جگە لە " كتێب و تەلەفزیۆن" هیچ هاوڕێیەكی تری نەبووە و تەنها لە رێگەی باڵكۆنی باڵاخانەكەوە مامەڵەی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا كردووە و سەرنجی داوەتە جوڵەی خەڵك لە شەقامەكەدا. نۆژین كەسایەتییەكی زۆر سادە و رۆح سوكە و  بووەتە ئیلهام بەخش بۆ چەندین ملیۆن كەس كە چیرۆكی ژیانیان لە رێگەی كەناڵە جیهانییەكانەوە بینیوە، كە سەرەتا كەناڵی بی بی سی بوو كە لە سنورەوە لەگەڵیدا بووە و وردەكاری سەرنجڕاكێشی دەربارەی كەسایەتی گواستنەوە كاتێك كە تەمەنی 15 ساڵان بوو، ئەوەش لە كۆتایی ساڵی 2015دا بوو، ئەوەش بووە مایەی سەرنجی چەندین كەسایەتی بەناوبانگی جیهانی لە بوارەكانی سیاسەت و وەرزش و راگەیاندن و ئەستێرەكانی سینەما و كەناڵە جیهانییەكان و خاوەن پێداویستییە تایبەكان و كچان و كوڕانی هەرزەكار لە سەرتاسەری جیهاندا. نۆژین بە جۆرێك لە شۆخییەوە دەڵێت:" دوای پێنج خولەك لە گەیشتنم بە ئەوروپا بووم بە كەسێكی بەناوبانگ، كاتێك وێنەگری كۆمسیۆنی باڵای كاروباری پەنابەران وێنەی منی لە ساتی رزگاركردنم لە بەلەمێكی لاستیكی لە دوورگەی لیسبۆسی یۆنان بڵاوكردەوە و بەوەش هەواڵی من بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە". دەشڵێت:" ئەمڕۆ دەنگم دەبیسترێت و دەتوانم هاوكاری خەڵك بكەم، بە تایبەتی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت". نۆژین گەشتەكەی لەم رستەیەكدا كورتدەكاتەوە " ئامانجەكان بە ئاسانی بەدەستنایەن، پێویستە لە پێناوی گەیشتن پێیان بجەنگین و كۆچكردنم لە نیشتمانە سەرەڕای ئازارەكەی ، گەشتێك بوو بۆ ژیانێكی نوێ".           نۆژین و خوشكەكەی لەگەڵ لیۆنێل میسی، یاریزانی یانەی بەرشلۆنە ئاوارەبوون ئیفلیجبوونی قاچەكانی نەبوونە رێگە لەبەردەم نۆژین بۆ بڕینی هەزاران كیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا لە گەشتێكدا كە ئەو بە " خۆش" وەسفیدەكات لە پێناوی ژیانێكی نوێدا، دوای ئەوەی شەڕ زۆرینەی شارەكانی سوریای وێرانكرد. نۆژین دەڵێت:" سەرەڕای ئەوەی نەمدەتوانی بڕۆم، بەڵام نەبووە هۆی ئەوەی كە نەرێنی بم بەرامبەر بە پەككەوتنم، بەڵكو پاڵنەرێكی بەهێز بوو بۆئەوەی خۆم پەرەپێبدەم ، لەبەرئەوە پەنام بۆ زانست و كتێب برد و كاتێك بیرم لە گەشتەكەم بەنێو دەریادا دەكردەوە بەخۆمم دەوت یان لە سفرەوە دەستپێدەكەم یان بە زەردەخەنەوە دەمرم، بەڵام سوربووم لەسەر ئەوەی كە ئەو ئەزمونە تاقیبكەمەوە." دەشڵێت:" دیمەنی زۆر ناخۆش و زەحمەتمان بینی كە هەندێك لە پەنابەران لە سنوری سربیا و هەنگاریا رووبەڕووی بووەنەوە كە لەبەر ناشیرینیان وەسفناكرێت، چەندە غەمگین بوو، كاتێك هەستت دەكرد كەسانێك هەن لە تەنها چونە ناو وڵاتێكی نوێوە لێت دەترسێن". سەرەڕای ئەوەش لە قسەخۆشی خۆی بەردەوام دەبێت و بە خۆشیەوە دەڵێت:" لە مەكدۆنیان نانی بەیانیمان خوارد، نانی ئێوارەش لە سربیا، ئێستا ئێمە بوین بە شارەزا لە جوگرافیای ئەوروپا  گەشتە دوورودرێژەكاندا".                                                  جیرارد پیكێ‌ درێسێكی یانەكەی پێشكەش بە نۆژین دەكات یەكەمجار نۆژین دەربارەی یەكەمجارەكان لە ژیاندا قسەیكرد، و گەشتەكەی زۆر بە خۆش وەسفدەكات، چونكە بەلای ئەوەوە هەموو شتەكان یەكەمجارە روودەدەن، ئەو یەكەمجارە شارەكەی بەجێدەهێڵێت، و بۆ یەكەمجار دەچێتە نێو دەریا و بۆ یەكەمجار سواری شەمەندەفەر دەبێت و بۆ یەكەمجار سنوری هەشت دەوڵەت دەبڕێت و بۆ یەكەمجار چاوی بە خەڵكی خاوەن رەگەزی جیاجیا دەكەوێت و بۆ یەكەمجار كامێراكان وێنەی دەگرن و بۆ یەكەمجاریش دەچێتە قوتابخانە و لەسەر كورسی خوێندن دادەنیشێت. نۆژین هەردوو بووە دەبێتە مایەی سەرنجی رۆژنامەنوسان و كارمەندانی رێكخراوە جیهانییەكانی ئەوانەی كە رووماڵی هەواڵی پەنابەران دەكەن، باش قسەكردن بە ئینگلیزی و ئازایەتی و زیەرەكی لە قسەكردن لەگەڵیاندا نۆژینی كردووەتە كەسایەتیی و سەركردەی گروپەكەی سەرەڕای بچوكی تەمەنی. یەكەم قوتابخانە لە ئەڵمانیا نۆژین ئەیلولی 2015 گەیشتوەتە ئەڵمانیا، ساڵێك دواتر بۆ یەكەمجار لە ژیانیدا دەچێتە قوتابخانە و لە پۆلێكدا لەگەڵ هاوڕێكانیدا دادەنیشێت یاری دەكەن و دەخوێنن، بەبێ‌ ئەوەی قاچەكانی رێگرییەكی بۆ دروست بكەن. لەوەڵام بە پرسیاری ئەوەی ئایا هاوڕێكانی لە قوتابخانە ئاگاداركردوەتەوە دەربارەی ناوبانگی خۆی و كتێبەكەی كە بۆ 13 زمانی جیهانی وەرگێڕدرا و لەگەڵ چالاكییەكانی لە نەتەوە یەكگرتووەكان ومافەكانی مرۆڤ و چاوپێكەوتن و دیداری لەگەڵ كەسایەتییە بەناوبانگەكانی جیهاندا دەڵێت:" نامەوێت بە شێوازێكی جیاواز رەفتاربكەم لەگەڵ هاوڕێكانمدا، دەمەوێت تەنها نۆژین بم و كاتێكی خۆش لەگەڵ هاوڕێكانمدا بەسەربەرم بەبێ‌ ئەوەی جیاواز بمینین، لەبەرئەوە هاوڕێكانی قوتابخانەم هیچ دەربارەی ئەوە نازانن، تەنها بەڕێوەبەری قوتابخانەكە و 44 مامۆستاكەم ئەوە دەزانن". دەربارەی خەون و خولیای دەڵێت:" لە رابردوودا  كاتێك منداڵ بووم، هیواداربووم ببمە كەشتیوانی ئاسمانی، بەڵام كاتێك پێویستە جەستییەكانی ئەو خەونەم درك پێكرد، گۆڕم بۆ پلانی بی كە خوێندنی دەرونزانی و تێگەیشتنی مرۆڤە، چونكە بڕوام وایە كە خودی مرۆڤ گەورەترین مەتەڵە". دەشڵێت:" بە هەموو جیهانی نیشاندەدەین، كە ئەنگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا لەسەر حەق بوو، كاتێك دەروازەكانی وڵاتەكەی بۆ پەنابەران كردەوە و رۆژێك لە رۆژان شانازیمان پێوەدەكات". نۆژین دەیەوێت بە جیهانی خۆرئاوا بڵێت كە ئەوان پێویستیان بەوەیە پێش پەناگەیەك هاوسۆز بن لەگەڵ پەنابەراندا، ئەوان تەنها ژمارە یان قورسایی نین، بەڵكو پەنابەران دەتوانن بەشداری بكەن لە پەرەپێدانی ئابوری ئەو وڵاتانە و دەتوانن بگەنە بەرزترین پلەی زانستی".                          سویسرا: گفتوگۆی نۆژین و زەید بن رەعد كۆمسیاری باڵای كاروباری پەنابەران لە زیوریخ كەسایەتییە بەناوبانگەكان ئەكتەر و میدیاكاری بەریتانی جۆن ئۆلیڤەر لە رێگەی بەرنامەی " Last week Tonight " ئەڵقەیەكی بەرنامە بەناوبانگەكەی لەسەر كەناڵی " HBO " ئەمریكی بۆ نۆژین مستەفا تەرخانكرد و داوایكرد دیمەنی كۆتایی زنجیرەی دڵخوازی نۆژین "  Days of our lives " نمایشبكەن، بۆئەوەی دیمەنی كۆتایی زنجیرەكە كە بەهۆی مردنی پاڵەوانەكەوە نۆژینی غەمباركردبوو بگۆڕن، لەبەرئەوە پاڵەوانەكە گەڕێنرایەوە بۆ دیمەنی كۆتایی بۆئەوەی كۆتاییەكی خۆشی هەبێت و خۆشی بۆ دڵی نۆژین بگەڕێتەوە. پاڵەوانی دیمەنی كۆتایی زنجیرەكە لە ئاماژەیدا بۆ چیرۆكی نۆژین دەڵێت:" قورس نییە لە مردنەوە بگەڕێیتەوە بۆ ژیان، قورستر ئەوەیە كە لە سوریاوە و لەرێی هەشت دەوڵەتەوە لەسەر كورسی گەڕۆك بێیت بۆ ئەڵمانیا، بەڵام كتێبەكەی نۆژین مستەفام خوێنەوە كە ئیلهامی پێ‌ بەخشیم و هانیدام بەرگری بكەم و بگەڕێمەوە بۆ ژیان". مەلالە یوسفزای پاكستانی كە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە دەڵێت:" نۆژین فێریكردم كە خەونەكان سنوریان نییە، ئەو پاڵەوان و ئیلهامبەخشی ئێمەیە، ئامۆژگاری هەموان دەكەم كە كتێبەكەی بخوێننەوە, كە هێز دەبەخشێت".          بەرگی كتێبەكەی نۆژین " هەڵاتن لە جەنگەوە بۆ ئازادی"        


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود دوای بەبنبەست گەیشتنی دانوستانی كوتلە سیاسییەكان سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە قەیرانی (8) وەزارەتە پڕنەكراوەكە، هاوپەیمانی (بونیاتنان) كە لەلایەن (هادی عامری‌و نوری مالیكی)‌و هەندێك لە هێزە سوننیەكانەوە پێكهێنراوە، هەوڵەكانی چڕكردوەتەوە لەپێناو تێپەڕاندنی كاندیدەكانی بە زۆرینەی دەنگ.  ڕێككەوتن  زەحمەتە ئەندامێكی هاوپەیمانی (بونیاتنان) دەڵێت، لە دوێنێ‌ پێنج شەممەوە، جمجۆلێكی فراوان بۆ پێكهێنانی بەرەیەك دەستیپێكردووە، بۆ ئەوەی زۆرترین پەرلەمانتار لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە، بۆ زامنكردنی تێپەڕاندنی كاندیدەكانی (بونیاتنان) بۆ وەزارەتە پڕنەكراوەكان، لە حاڵەتی بەردەوامبونی ناكۆكییەكان. ئەوەشی بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) ئاشكراكردووە، هاوپەیمانی (بونیاتنان) پێداگرە لەسەر كاندیدەكانی بەتایبەت دانانی (فالح فەیاز) لە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، كە لەلایەن هاوپەیمانی (سائیرون)‌و خودی (موقتەدا سەدر)ەوە، بەتوندی ڕەتدەكرێتەوە. لەگەڵ ئەوەی هەموو پێشهات‌و ئاماژەكانی ئێستا ئەوە دەردەخەن، گەیشتن بە ڕیككەوتنی كوتلە سیاسیەكان لەسەر كاندیدی تەواوی وەزارەتە پڕنەكراوەكان كارێكی قورسە، بەڵام یەكێك لە ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكان ئەوەیە، ڕۆی سێ‌ شەممەی داهاتوو (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراق بچێتە پەرلەمان‌و، ناوی كاندیدی (6) وەزارەت پێشكەش بكات، جگە لەكاندیدانی هەردوو وەزارەتی (ناوخۆو بەرگری) وەك ئەوەی (موقتەدا سەدر) لەدواین تویتیدا بۆ (عەبدولمەهدی) پێشنیاز كرد.  ناوخۆو بەرگری نادرێن بە كەسانی حزبی (غالب عومێری) پەرلەمانتار لەهاوپەیمانی (چاكسازی‌و بونیاتنان) كە لەلایەن (سەدرو عەبادی)و بەشێك لە هێزە سوننیەكانەوە پێكهێنراوە، دەڵێت، هاوپەیمانییەكەی ڕەتیدەكاتەوە وەزارەتەكانی (ناوخۆو بەرگری) بدرێن بە كەسانی حزبی‌و داوا دەكات بدرێن بە كەسانی سەربازی. (عومێری) لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاشیگەیاندووە: زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان ڕەتیدەكەنەوە دەنگ بە كەسایەتییەكی حزبی بدەن بۆ ئەو دوو وەزارەتە، ڕونیشكردۆتەوە، كاندیدە حزبییەكان كێشەی گەورەیان لە پەرلەمان خولقاندووەو، هەندێك لە هێزە سیاسیەكان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ پشكێنەی حزبی لە دابەشكردنی پۆستەكان، كە ئەوەش لە پرۆگرامی حكومەتەكەی (عەبدولمەهدی)دا ڕێككەوتنی لەسەر نەكراوە.   لەسەروبەندی توندبونەوەی ململانێكان‌و، تەواونەكردنی كابینەی حكومەتدا، (عادل عەبدلمەهدی) ڕوبەڕوی مەترسی، یەكەم سكاڵای یاسایی دەبێتەوە، لەوەتەی لەسەر كورسی سەرۆك وەزیران دانیشتووە. تۆمەتەكانی پەردەپۆش كردوون (حسێن ئەلعیقابی) ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، بەنیازە سكاڵای یاسای لە دژی سەرۆك وەزیران تۆماربكات، ڕاشیگەیاندووە:" سەرۆك وەزیران پیشێلكاری زۆرو ڕوونی كردووە لە پێكهێنانی حكومەتە تەوانەكراوەكەی، هەر لە پابەندنەبونی بە لێكۆڵینەوە لە بوونی مەرجە دەستوریی‌و یاساییەكان لە كاندیدی وەزارەتەكانی‌و بێبەری كردنیان لە ڕێوشوێنەكانی لێپرسینەوەو دادپەروەری، تا دەگاتە تۆمەتەكانی تیرۆرو گەندەڵی دارایی". (عیقابی) ئاماژەی بەوەداوە:" ڕێسا یاساییەكان سەرۆك وەزیران پابەند دەكات بە ڵێكۆڵینەوەو، بەدەستهێنانی زانیاری‌و، بوونی مەرجەكان‌و، نەبوونی هیچ بەربەستێك پێش ئەوەی كاندید پێشكەش بە پەرلەمان بكات بۆ دەنگدان لەسەری". باسی كۆمەلێك پێشێلكاری تریشی كردووە كە خۆی لە " چاوپۆشی لە هەندێك وەزیر كردووە كە شیاوی متمانەین، لەگەڵ شاردنەوەی زانیاری، دوای گەیشتنی لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكانەوە.   تەئكیدیشی كردووە:" لە ئەنجامی ئەو پێشێلكارییانە بڕیارمانداوە سكاڵای یاسای دژی سەرۆك وەزیران تۆمار بكەین، سەبارەت بە پرسی چاوپۆشین لە وەزیرە نەشیاوەكان، كە مەرجە دەستوریی‌و یاساییەكانیان تیادا نییە". 


راپۆرتی: درەو میدیا هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان ناوی كاندیدی خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی داد پێشكەش بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، كە تاكە كاندیدی فەرمی گۆڕان حاكم ( ئیسماعیل عومەرە). (درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی‌و یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا لە ململانێیەكی تونددان لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی داد، كە سێیەم وەزارەتە بڕیارە لە حكومەتی نوێی عێراق بە كورد بدرێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە سەردانەكەیدا بۆ بەغداد، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی داوای لە عادل عەبدولمەهدی كردووە پۆستی وەزارەتی داد نەدرێت بە یەكێتی‌و عەبدولمەهدی لەچوارچێوەی موجامەلەی سیاسیدا بەڵێنی پێداوە پۆستەكە بە یەكێتی نەدات، بەڵام یەكێتی سورە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە‌و تاكە كاندیدیشی بۆ وەزارەتی داد (خالید شوانی)یە. پەیوەندییەكی تەلەفۆنی سەرچاوەیەكی باڵای ئاگادار بە (درەو میدیا) راگەیاند، لەدوای گەڕانەوەی مەسعود بارزانی لە گەشتەكەی بۆ بەغدادو وڵاتانی كەنداو، نێچیرڤان بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان قسەی كردووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا نێچیرڤان بارزانی، عومەر سەید عەلی ئاگاداركردووە لەوەی مەسعود بارزانی رازیبووە بەوەی پۆستی وەزارەتی دادی عێراق بدرێت بە گۆڕان‌و لەوبارەیەوە قسە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی كراوە.  كاندیدەكان گۆڕان كێن؟ بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان بە فەرمی ناوی حاكم (ئیسماعیل عومەر) دادوەری دادگای بەرایی سلێمانی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی داد پێشكەش بە عادل عەبدولمەهدی كردووە. ئەمە لەكاتێكدایە بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە بەغداد دەست (درەو میدیا) كەوتووە، بزوتنەوەی گۆڕان پێشتر ناوی دوو كاندیدی تری بۆ عادل عەبدولمەهدی ناردووە‌و كاندیدەكان بریتین لە هەریەكە لە (بەشدار حەسەن)‌و (ئازاد چۆمانی). عەبدولمەهدی داوای بێلایەنێك دەكات (درەو میدیا) زانیویەتی، بەهۆی فشارەكانی پارتی‌و یەكێتییەوە، عادل عەبدولمەهدی بڕیاریداوە پۆستی وەزارەتی داد بدات بە كەسێكی بێلایەنی كورد. پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە نیازی عەبدولمەهدی تێگەیشتووە لە دانانی كاندیدی بێلایەن، بەشێوەیەكی خێرا قازی (دارا نورەدین)ی لە ئوردنەوە هێناوەتەوە بۆ عێراق. ناوەكان رەوانەی نەزاهە كراون عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئێستا ناوی هەریەكە لە حاكم (رزگار حەمەئەمین) دادوەری پرۆسەی دادگایكردنی سەددام وەكو كاندیدێكی بێلایەنی كورد‌و (خالید شوانی) وەكو كاندیدی یەكێتی‌و (بەشدار حەسەن)و (ئازاد چۆمانی) وەكو دوو كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان‌و قازی (دارا نورەدین)ی وەكو كاندیدێكی بێلایەنی پارتی رەوانەی دەستەی نەزاهە كردووە بەمەبەستی وردبینیكردن لە دۆسییەكانیان بەر لە هەڵبژاردنی یەكێكیان وەكو وەزیری داد. رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا لە هەرێمی كوردستانەوە ژمارەیەك ناوی تر لەلایەن هەرسێ لایەنەكەوە رەوانەی بەغداد بكرێن وەكو كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی داد.


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەت‌و پەرلەمانی نوێی كوردستان، دۆخی ناوخۆی یەكێتی خستوەتەبەردەم ئاڵنگارییەكی نوێوە، شەڕی جەمسەرەكان لەسەر پۆستەكان تادێت قوڵتر دەبێت، ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا شەڕی میراتی یەكێتی لەنێوان ماڵبات‌و هاوڕێكانی تاڵەبانیدا یەكلانەبوەتەوە. لەدوای دانانی بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكەم سەركەوتنی سیاسی پاش كۆچی دوایی سكرتێرەكەی (جەلال تاڵەبانی) تۆماركرد، بەڵام ئەم سەركەوتنە بەردەوام نەبوو. چەند رۆژێكە دۆخی ناوخۆیی یەكێتی دەكوڵێت، ململانێی نێوان جەمسەرە سیاسییەكان تونددەبێتەوە‌و لق‌و پۆپی زیاتر لە درەختەكەی یەكێتییەوە سەردەردەهێنێت. شەڕی ئامۆزاكان جەمسەرێكی بەهێزی ململانێ ناوخۆییەكانی یەكێتی شەڕی دوو ئامۆزاكەیە (بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور تاڵەبانی)یە، بافڵ كە كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتییە، لەدوای نەخۆشكەوتنی باوكییەوە گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان‌و لە دەباشانەوە دەیەوێت یەكێتی جڵەو بكات، بافڵ لە سێ ئاستدا شەڕ لەسەر میراتەكەی باوكی دەكات: ئاستی یەكەم: پارەو دارایی یەكێتی بافڵ لە یەكەم هەنگاودا كار بۆ كۆكردنەوە‌و كۆنترۆڵكردنی داراییەكانی باوكی‌و یەكێتی دەكات‌و لاپەڕەی قەرزە كۆنەكان هەڵدەداتەوە‌و هەموو ئەو پشكانەی كە یەكێتی لەناو كۆمپانیا گەورەكان هەیەتی لەگەڵ ئەو قەرزانەی كە حزب بە كۆمپانیا یاخود شەخسی داوە، ئێستا بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت كۆیانبكاتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی لە چەند رۆژی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی ئۆپراسیۆنێكی ئابوری ئەنجامداوە بۆ كۆكردنەوەی هەندێك لە سامانە پشتگوێخراوە داراییەكانی یەكێتی. ئامۆزاكەی كە (لاهور شێخ جەنگی)یە، كێبركێیەكی گەورەی هەیە لە بافڵ تاڵەبانی لەڕووی دەستگەیشتن بە سەرچاوە داراییەكان، بەتایبەتیش لەڕێگەی ئۆپراسیۆنەكانی هەردوو دەزگای زانیاری‌و دژە تیرۆرەوە، كە ئەو دوو دەزگایە بەهۆی هەستیاری كارەكانیانەوە بودجەو داهاتێكی نەزانراویان هەیە. ئاستی دووەم: هێزی چەكدار بەر لە مردنی، جەلال تاڵەبانی فەرماندەی گشتی هێزی چەكداری یەكێتی نیشتمانی بوو، ئەو هێزانە بەتەنیا بە فەرمانی ئەو جوڵەیان پێدەكرا، بەڵام دوای كۆچی تاڵەبانی باوك، فەرمانی هێزی پێشمەرگەی یەكێتی دابەشبوو بەسەر چەند جەمسەرێكدا. بافڵ تاڵەبانی لەدوای گەڕانەوەی بۆ كوردستان لەهەوڵی جڵەوكردنی هێزە چەكدارەكاندایە، بۆ ئەمەش ژمارەیەكی زۆر سەردان‌و كۆبونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان كرد، بەتایبەتیش هێزەكانی (70) كە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەیی دەكات. لەم ئاستەشدا، بافڵ تاڵەبانی روبەڕووی هەژمون‌و دەسەڵاتی لاهور شێخ جەنگی ئامۆزای دەبێتەوە، بەوپێیەی لاهور شێخ جەنگی پێگەیەكی بەهێزی لەناو هێزە ئەمنییەكاندا هەیە. ئاستی سێیەم: شەرعیەتی سەركردایەتی بافڵ تاڵەبانی تاڕادەیەك ئاستی یەكەم‌و دووەمی كۆنترۆڵكردووە‌و ئێستا لە ئاستی سێیەمدا دوچاری كێشە بووە، بافڵ خۆی بە میراتگری حەقی باوكی دەزانێت، بەڵام پێگەی سیاسی ئەو لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا وەكو پێویست بەهێز نییە. لەبەرمبەردا لاهور شێخ جەنگی لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتیدا پێگەی بەهێزی هەیە، ئەمەش بەتەواوەتی لە یەكلاكردنەوەی چەند پرسێكدا دەركەوت، بەتایبەتی لە پرسی سڕكردنی مەكتەبی سیاسی، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە (50) كەس پێكدێت، هەندێكجار ژمارەی لایەنگرەكانی لاهور شێخ جەنگی لەناو ئەو ئەنجومەنەدا دەگاتە (30) ئەندام. سەرەڕای ئەنجومەنی سەركردایەتی، لاهور شێخ جەنگی پێگەی بەهێزی لەناو ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیدا هەیە كە وەكو پەرلەمانی حزب وایە‌و لاهور شێخ جەنگی خۆشی ئەندامە لەو ئەنجومەنەدا. بەمدواییە یەكێتی نیشتمانی ژمارەیەك گۆڕانكاری لەناو ئۆرگانەكانی خۆیدا ئەنجامدا، براوەی یەكەمی ئەو گۆڕانكارییانە لاهور شێخ جەنگی بوو، زۆرینەی ئەو كەسانەی كە لە پۆستی بەرپرسی مەڵبەندەكان دانران، كەسانی نزیك بوون لە لاهور شێخ جەنگی لە نموونەی مەڵبەندەكانی (كۆیە- كەلار- چەمچەماڵ). یەكێتی لە بەرداشی دوو ئامۆزاكەدا ئەوەی كە ماوەتەوە لە دەرەوەی بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی، ژمارەیەك كارەكتەری سیاسین كە رۆڵێكی ئەوتۆیان نەماوە‌و هەرجارەو دەكەونە سەنگەری یەكێك لە دوو ئامۆزاكەوە‌و خۆیان هیچ جۆرە جوڵەیەكی سیاسی ئەوتۆیان نییە كە خەونی دەستگرتن بێت بەسەر یەكێتیدا: یەكەم: كۆسرەت رەسوڵ عەلی هەرچەندە یەكێتی تائێستا كۆنگرەی نەكردووە، بەڵام بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، كۆسرەت رەسوڵ بەشێوەیەكی یاسایی كەسی یەكەمی یەكێتییە‌و جێگری سكرتێری كۆچكردووی حزبە. كۆسرەت رەسوڵ سەرباری ئەوەی پێگە حزبییەكەی دەرفەتی پێدەدات هەوڵی كۆنترۆڵكردنی یەكێتی بدات، بەڵام خەونی ئەو زیاتر لە زامنكردنی ئایندەی سیاسی منداڵەكانی‌و جێگریكردنیان لە پۆستە حكومییەكاندا كورتبووەتەوە، نەك دەستگرتن بەسەر یەكێتیدا. كۆسرەت رەسوڵ پێگەی جەماوەری بەهێزە، بەڵام جوڵەى سیاسی لاوازی هەیە، ئەو كەمجار جوڵەی سیاسی دەكات، بەڵام زۆرجار جوڵەی سیاسی بەرامبەرەكانی لەبەرژەوەندی خۆی دەقۆزێتەوە، ئێستا جوڵەی سیاسی ئەو لە سودوەرگرتن لە ململانێكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی كورتبووەتەوە‌و هەندێكجاریش بۆ فراوانكردنى بازنەكە، پەنا بۆ هێنانەپێشەوەی كارەكتەرەكانی تری ناو مەكتەبی سیاسی دەبات بەدیاریكراویش مەلابەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی. دووەم: بەرهەم ساڵح بەرهەم ساڵح دوای گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی، پۆستەكەی پێشووی (جێگری دووەمی سكرتێری گشتی) وەرگرتەوە، سێ جەمسەرەكە (بافڵ تاڵەبانی- لاهور شێخ جەنگی- كۆسرەت رەسوڵ) هەرسێكیان پشتیوانی گەڕانەوەیان كرد، بەڵام پێناچێت لەدوورمەودادا گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی هەمان كۆدەنگی لەسەر بێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بە گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی باڵی "ناوەندی بڕیار" بەهێز ببێتەوە‌و جوڵەی سیاسی بكات، چۆنیەتی مامەڵەكردنی بەرهەم ساڵح لەگەڵ رووداوەكانی داهاتووی ناوخۆی یەكێتی دەریدەخات لە چ بەرەیەك رادەوەستێت. سێیەم: مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە، ئێستا زویرە‌و لەماڵەوە دانیشتووە، ئەو پێگەی جەماوەری بەبەراورد بەوانی تر بەهێز نییە، بەڵام جوڵەی سیاسی لەوانی تر زیاترە. دواین جوڵەی سیاسی مەلا بەختیار هەوڵدان بوو بۆ گەیشتن بە كورسییەكەی تاڵەبانی باوك لە بەغداد، بەڵام لەو پرۆسەیەدا سەرنەكەوت‌و نێوانی لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ ساردو سڕی تێكەوت، ئەوەش بەهۆی پشتیوانیكردنی كۆسرەت رەسوڵ لە دانانی بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام بەمدواییە كۆسرەت رەسوڵ هەوڵی چاككردنەوەی بارودۆخەكەی داوە لەگەڵ مەلا بەختیار. (درەو میدیا) زانیویەتی هەوڵێك هەیە بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی مەلا بەختیار‌و گەڕاندنەوەی بۆ كاركردن لەناو یەكێتی، ئەو هەوڵەش قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكات، رەنگە یەكێتی پێویستی زۆری بە رۆڵی مەلا بەختیار هەبێت لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ پارتی، بەهۆی ئەزمونی دورودرێژی ئەو لە گفتوگۆكان لەگەڵ پارتیدا. شەڕی پۆستەكان یەكێتی نیشتمانی ئێستا لەبەردەم ناكۆییەكی ناوخۆیی نوێدایە، ناكۆكی چۆنیەتی دابەشكردنی كێكی پۆستەكانی حكومەت‌و پەرلەمانی كوردستان. كۆسرەت رەسوڵ عەلی وەكو جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی، خاوەنی دەنگی زۆرینەیە لەناو فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، لەمڕوەوە چاوی لە وەرگرتنی هەموو ئەو پۆستانەیە كە لە كابینەی نوێدا لە پەرلەمان بەر یەكێتی دەكەوێت، بەدیاریكراویش پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان‌و دەیەوێت كەسێكی دڵخوازی خۆی لەو پۆستەدا دابنێت. كۆسرەت رەسوڵ هاوكات دەیەوێت لە كێكی حكومەتیش بەشداربێت‌و چاوی لە وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆیە بۆ (دەرباز)ی كوڕی‌و پۆستی وەزارەتی تەندروستی بۆ كچەكەی. لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی چاوی لە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتە بۆ (قوباد تاڵەبانی) برای‌و پڕكردنەوەی ئەو پۆستە سیادییانەی كە بەر یەكێتی دەكەوێت لە كەسانی دڵخوازی خۆی. چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەت‌و پەرلەمان لەنێوان جەمسەرەكاندا، رەنگە ململانێیەكی توندتر لەناوخۆی یەكێتی بهێنێتە ئاراوە.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت ریفراندۆم تەنیا هاوكێشەی سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكە نەگۆڕی، بەڵكو هاوكێشەی هێزو كاریگەریشی لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان گۆڕی. تاوەكو رۆژانی پێش ریفراندۆم، بارەگاكەی مەسعود بارزانی شوێنی كۆبونەوە‌و پێشوازیكردن بوو لە وەفدی وڵاتان، دوای ریفراندۆم بەرپرس‌و نوێنەری وڵاتان ئاڕاستەی سەردان‌و پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانیان گۆڕی بەرەو بارەگاكەی نێچیرڤان بارزانی، رەنگە ئەمە راستی ئەو قسەیەی مەسعود بارزانی بسەلمێنێت كە رۆژانی پێش ریفراندۆم وتی:" ئەگەر ریفراندۆم سەرنەكەوت بڵێن ئەم پیاوە شێت بووە‌و سواری سەری خۆی بووە". بەتەماشاكردنەوەی رووداوەكانی بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلولی 2017دا بەڕوونی ئەوە دەبینرێت نێچیرڤان بارزانی هەستی بە رووداو و پێشهاتەكانی پاش ریفراندۆم كردووە، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە ئەو كەمتر لە رۆژانی بانگەشە بۆ ریفراندۆم دەركەوت‌و لەدوای ریفراندۆمیش یەكەم بەرپرسی پارتی بوو ئاڵای عێراقی لەپشتی خۆیەوە دانا‌و وتی" هێشتا هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق". ئەو رۆژانە نێچیرڤان بارزانی كەناڵەكەی خۆی (رووداو) خستبووە خزمەتی سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم‌و لەو رێگەیەوە دڵی بارزانی مامی راگرتبوو، بەڵام خۆی بەدورگرتبوو، ئەو دەیزانی سەرپێچیكردنی لە بڕیاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و وڵاتانی ناوچەكە باجی قورسی دەبێت، باجێك كە ئەمڕۆ مەسعود بارزانی مام‌و باوكی هاوسەرەكەی دەیدات. لەدوای ریفراندۆمەوە مەسعود بارزانی گۆشەگیر بووە، ئیتر وەكو رۆژانی پێش ریفراندۆم وەفد‌و بەرپرسانی بیانی سەردانی ناكەن، لەبەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی پەیتا پەیتا پەیوەندی تەلەفۆنیی وەفدە بیانییەكان وەڵامدەداتەوە‌و لەژێر پەردەشەوە دیداری دیپلۆماسی دەكات. نێچیرڤان دڵی مامی رادەگرێت   بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەم رۆژانە نێچیرڤانی بارزانی وەكو بڕیاربەدەستی یەكەمی پارتی لەلایەن نوێنەری وڵاتانەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، بەڵام بۆ خۆبەدورگرتن لە توڕەیی مەسعود بارزانی مامی، خۆی لە بڵاوكردنەوەی هەواڵ ‌و دیدارو پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی لەگەڵ بەرپرس‌و دیپلۆماتكاران لە میدیاكانەوە بەدوردەگرێت. كەناڵی (رووداو) كە سەربە نێچیرڤان بارزانییە ماوەیەكە دەستەواژوەی "سەرۆك بارزانی" بەكاردەهێنێت لە روماڵكردنی هەواڵەكانی تایبەت بە مەسعود بارزانی، ئەمە لەكاتێكدا ئێستا مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نییە‌و هیچ یاسایەكیش نییە كە رێگەبدات بە بەكارهێنانی پێشگری " سەرۆك" بۆ ئەو كەسانەی كە رۆژانێك سەرۆكایەتی هەرێمیان كردووە، هاوشێوەی ئەوەی لە ئەمریكا هەیە. رەنگە كەناڵی (رووداو)‌و نێچیرڤان بارزانی لەڕێگەی بەكارهێنانی ئەو دەستەواژەیەوە بۆ مەسعود بارزانی، بیانەوێت خۆیان لە شەڕ‌و توڕەیی بارزانی مام بپارێزن. هاوكات كەناڵی (رووداو) ماوەیەكە بەشێوەیەكی كەمتر رووماڵی هەواڵەكانی نێچیرڤان بارزانی دەكات‌و بەپێچەوانەوە بایەخی زۆر بە هەواڵەكانی مەسعود بارزانی دەدات، ئەمەش لە سەردانەكەی ئەمدواییەی بارزانیدا بۆ بەغداد بەدەركەوت. كێ شوێنی بارزانی پڕدەكاتەوە؟ یەكێك لە رۆژنامەنوسە دیارەكانی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی بەمدواییە لە وتارێكدا كە لە سایتی (رووداو) بڵاویكردەوە، ئاشكرایكرد، مەسعود بارزانی چیتر لە شانۆی سیاسی دوردەكەوێتەوە‌و گۆڕەپانەكە بۆ مەسرور بارزانی كوڕی چۆڵ دەكات. ئەو رۆژنامەنوسە (رێبوار كەریم وەلی)، لە وتارەكەیدا باسی لە چەند بژاردەیەك كردووە، بەپێی قسەی ئەو، پارتی دەیەوێت لەماوەی (شەش مانگ بۆ ساڵێك) دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دامەزراوەیی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە، دوای كاراكردنەوەش نێچیرڤان بارزانی یاخود مەسرور بارزانی یەكێكیان پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و ئەوی تر پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم وەردەگرێت. لەحاڵی جێبەجێبوونی ئەم نەخشەیەدا، مەسعود بارزانی تەنیا وەكو سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەمێنێتەوە، رەنگە ئەمە ئەو باجە قورسە بێت كە لەدوای ریفراندۆم بارزانی دەبێت بیدات لەبەرامبەر سەرپێچیكردنی بڕیاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەتیش توركیا. رووداوەكانی ئەمدواییە نیشانی دەدەن، مەسعود بارزانی زیانەكانی ریفراندۆم دەچنێتەوە‌و نێچیرڤان بارزانیش سودو دەستكەوتەكانی. سەركردەكانی پارتی گوێ لە كێ دەگرن؟ بەمدواییە لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی رووداو، فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە وەسفی نێچیرڤان بارزانیدا وتی:"  دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی هەرێمی كوردستانی لەدوای ریفراندۆم رزگاركرد". بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە، لەدوای ریفراندۆمەوە سەركردەكانی پارتی لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا زیاتر سەرەنجیان لەسەر بۆچونەكانی نێچیرڤانی بارزانییە بۆ رووداو و پێشهاتە سیاسییەكان، نەك مەسعود بارزانی. بەشێوەیەكی كردەییش لەدوای ریفراندۆمەوە مەسعود بارزانی هەر كۆبونەوە‌و دیدارێكی كردبێت، نێچیرڤان بارزانی رێخۆشكەری بۆ كردووە.


( درەو میدیا، شەوی رابردوو بە ئارپیجی و كڵاشینكۆف هێرشكرایە سەر بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە سلێمانی. موقەدەم شۆڕش عەلی بەرێوەبەری نوسینگەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، لە ئاونتی تایبەتی خۆی نوسیویەتی" ‎كاتژمێر ١٢ی شەوی ڕابردوو، 28/29-11-2018چەند چەكدارێكی نەناسراو بە چەكی جۆری كڵاشینكۆف و ئارپیجی تەقەیان لە بینای نوسینگەی رۆژھەڵاتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافره تان - كرد له سلیمانی "  موقەدەم شۆڕش عەلی ئاماژەی بەوەشكردووە كە "‎ ڕووداوەكە زیانی گیانی نەبووە و تەنها زیانی ماددی هەبووه و زیان به بینای نوسینگه وئوتومبیلی به ریوبه رایه تی و كارمه ندان كه وتووە و سكاڵای یاسایمان لە دژی ئەنجامدەرانی رووداوەكە لە بنكەی پۆلیسی ئازادی تۆمار كردوه‎"  


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود ڕەنگە ئاڵنگاری ژمارە (یەك)ی بەردەم بزوتنەوەی گۆڕان لەم قۆناغەدا، یەكلایكردنەوەی پرسی چوون‌و نەچوون بێت بۆ ناو حكومەت، مشتومڕەكان تا ئەم ساتە بەزەقی ئامادەیە، ئەو دەنگەی تائێستا بیستراوە، دەنگی ئەوانەیە پێیان باشە گۆڕان بەشداری حكومەت بكات، بۆ ئەوەش پاساوی خۆیان هەیەو، دەڵێن "ئەگەر لە دەرەوەی حكومەت بن ئاگاداری هیچ نابن"، پێیانوایە " دۆخی دارایی لە كابینە نۆدا باشدەبێت‌و، ئەگەر گۆڕان بەشداریبكات، دەتوانێت هەندێ لە بەڵێنەكانی جێبەجێبكات". بەنیازن پۆست وەربگرن (ساڵح ژاژڵەیی)، كە جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانە، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ (دەنگی ئەمریكا) وەك یەكەم بەرپرسی ئەو بزوتنەوەیە لەسەر ئەم پرسە كۆمەڵێك قسەی نەوتراو دەكات. ژاژڵەیی دەڵێ " هەتا ئێستا ئەوەی دەردەكەوێت ئەوەیە زۆرینە لەگەڵ ئەوەن نەچینە ناو حكومەت.. چوون‌و نەچوون قازانج‌و زیانی خۆی هەیە، بەڵام بەپێی ئەو تەجروبەیەی هەمانە دەركەوتووە، نەچوونە ناو حكومەت قازانجی بۆ گۆڕان زیاترە"، هەرچەندە قسەكانی پشتبەستوو نییە بە ڕاپرسی ناوخۆیی‌و سەرژمێری وەك خۆی دەڵێت. ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشداوە"هەندێك لە سەركردەكانی گۆڕان بەنیازی پۆستی باڵای حكومین، بۆیە هانی ئەوە دەدەن گۆڕان بچێتە ناو حكومەت". گۆڕان لە كابینەی هەشتەمدا  بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای دروستبوونیەوە یەكجار بەشداری لە دەسەڵات كردووە، لەكابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕان ئەم پۆستانەی وەرگرت: •    سەرۆكی پەرلەمان •    وەزیری پێشمەرگە •    وەزیری دارایی •    وەزیری بازرگانی •    وەزیری ئەوقاف  •    دەستەی وەبەرهێنان •    ژمارەیەك ڕاوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی •    نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە فەرەنسا گۆڕانی ئەجێنداكان بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی هەشتدا بەتەواوی ئەم پۆستانەوە، قەزییەكی گەورەی هەبوو ئەویش "گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی بوو لە سەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی"، وێڕای تێبینییەكانی لەسەر پرسی (دەستور)ی داهاتووی هەرێمی كوردستان، بەوهۆیەشەوە لەگەڵ پارتی كەوتە شەڕێكی دەستەویەخەو قەیرانێكی سیاسی گەورەی لێكەتەوە.  بە گۆڕانی هاوكێشەی هێز‌و غیابی هەندێك كارەكتەری سیاسی بەتایبەت (نەوشیروان مستەفا)، ئەجێندا سیاسییەكانیش لە هەرێمی كوردستان گۆڕانی گەورەیان بەسەردا هاتووە، لە گەرمەی مشتومڕی بەشداریكرن‌و نەكردن‌و شێوازی پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم، پارتی دیموكراتی كوردستان سەرقاڵی داڕشتنی نەخشەڕێگای چالاككردنەوەی دامەزاروەی (سەرۆكایەتی هەرێم)‌و هێنانەوە پێشەوەی (پرۆژەی دەستور)ە. چوارساڵی پارتی چوار ساڵی داهاتوو بۆ پارتی دەرفەتێكی زێڕینە تا كۆتایی بەمشتومڕی (دەستور) بهێنێت،  بەتایبەت كە بڕیاردەری یەكەمی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە‌و، خاوەنی گەورەترین فراكسیۆنیشە لە پەرلەمانی كوردستان‌و، هەر یاسایەك بیەوێت بەزۆرینە تێیپەڕێنێت، هیچ ئاستەنگێكی ئەوتۆی نایەتەڕێ‌.  لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە پارتی نەیەوێت پرسێكی هەستیاری وەك (دەستور) بەزۆرینەو كەمینە تێپەڕێنێت‌و، پێویستی بەلایەنی كەمی (كۆدەنگی نیشتمانی) بێت، بۆ بەهێزكردنی ئەم بەرەیەش پێویستی زۆری بەهێزێكی وەك بزوتنەوەی گۆڕانە، كە لەڕابردوودا كەوتە ململانێیەكی توندەوە لەگەڵی، گەرچی بەدورخستنەوەی گۆڕان لە حكومەت‌و پەرلەمان كۆتایهات، پارتی-یش نەیتوانی (دەستور) بەوشێوەیە تێپەڕێنێت كە خۆی دەیویست، بەڵام ئەمجارە لەڕێی بەشدایپێكرنی گۆڕان لە حكومەت، لەپاڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پارتی دەیەوێت دەنگی نزیكەی لە 80%ی پەرلەمانی كوردستان مسۆگەر بكات‌و لە دەنگدانی گشتیشدا كاریگەری لەسەر ڕایگشتی دروستبكات.    


 ( درەو میدیا): ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پرۆژە بڕیارێكی بۆ سزادانی هەموو ئەو لایەنانە پەسەندكرد كە هەڕەشەن بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق لەسەر هەمووشیانەوە ئێران. دەقی پرۆژە یاساكە جەخت لەسەرئەوەدەكاتەوە كە پێویستە سەرۆكی ئەمریكا ئەو كەسایەتی و گروپانە لە عێراق دیاریبكات كە پێویستە بخرێتە لیستی رێكخراوی تیرۆریستییەكانەوە و سزایان بەسەردا بسەپێندرێت. هەروەها پێویستە سەرۆكی ئەمریكا لە راپۆرتێكدا بۆ كۆنگرێس وردەكاری ئەو رێكخراوانە باسبكات. پرۆژە یاساكەی ئەنجومەنی نوێنەران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش پابەند دەكات لیستێك پێكبهێنێت كە ئەو رێكخراوە چەكدارانە لەخۆبگرێت كە هاوكاری و یارمەتی سوپای پاسدارانی ئێران وەردەگرن. سزاكانی سەر ئەو كەسایەتی و رێكخراوانەی كە هەڕەشەن بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق بریتیە لە بلۆككردنی پارە و سەرچاوە مادییەكان و پێنەدانی ڤیزای چونەناو ئەمریكا و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ڤیزایەكی پێشوو. بۆئەوەی ئەو پرۆژە یاسایەی ئەنجومەنی نوێنەران بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە پێویستە لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە پەسەندبكرێت و پاشان رەوانەی كۆشكی سپی دەكرێت بۆئەوەی سەرۆكی ئەمریكا ئیمزای لەسەر بكات.  


راپۆرتی: ئارام مەحمود   ئێواری ڕۆژی سێ‌ شەممەی ڕابردوو، هێزەكانی ئەمریكا لە خۆرئاوا كوردستان، یەكەم خاڵی چاودێری سەربازییان لە ناوچەی (گرێ‌ سپی) سەر پارێزگای (ڕەقە)دامەزراند، كە دەكەوێتە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا، ئەوەش بە یەكەم خاڵی چاودێری ئسوپای ئەمریكا دادەنرێت لە سوریا. وێنەی خاڵەكە تۆڕەكانی تەنیوە چالاكانی بواری میدیا، ژمارەیەک وێنەیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردوەتەوە، ئاماژە بە جێگربونی سوپای ئەمریكا دەكات لە خاڵێکی سەربازی لە (گرێ‌ سپی)، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاند: دەستیكردووە بە دروستكردنی پێگەی چاودێری بە درێژایی چەند بەشێك لە ناوچە سنورییەكانی نێوان توركیاو سوریا.  بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، ئەمریكا بەنیازە (5) خاڵی چاودێری سەربازی لەسەر سنوری نێوان توركیاو سوریا دابمەزرێنێت، كە لە (كۆبانێ‌)وە درێژدەبێتەوە بۆ ناوچەی (گرێ‌ سپی)، سەرەتاش بە (گرێ‌ سپی) دەستیپێكردووە. هاوكات سەرچاوە ناوخۆییەكانی سوریا ئاماژە بەوەدەكەن، هێزەكانی ئەمریكا كە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی (هێزەكانی سوریای دیموكرات) لە باكوری سوریان، خالێكی چاودێری سەربازییان لە ناوچەی (گرێ‌ سپی) لە ڕیفی باكوری پارێزگای (ڕەقە) دامەزراندووە. پەیامێكی یەكلاكەرەوەیە بۆ ئەنكەرە دامەزراندنی ئەو خاڵە سەربازییە دوای ئەو ئاڵۆزییانە دێت كە ماوەیەك لەمەوبەر لە نێوان سوپای توركیاو هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەسەر سنورەكانی خۆرئاوای كوردستان ڕوویاندا، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای توركیا چەند ناوچەیەكی سنوریی خۆرئاوای كوردستانی بۆمباران كردو، لە كاردانەوەی ئەوەشدا، هێزەكانی سوریای دیموكرات بەشێوەیەكی كاتی هێرشەكانیان بۆ سەر ڕێكخراوی (داعش) ڕاگرت‌و بەوەش فشارێكی توندیان لەسەر (واشنتۆن) دروستكرد. (خوڵوسی ئاكار) وەزیری بەرگری توركیا ڕایگەیاند: سوپای وڵاتەكەی چەندینجار بە هاوتا ئەمریكییەكەی ڕاگەیاندووە" نیگەرانە لە پرسی دامەزراندنی خاڵی چاودێری لە باكوری سوریا". ئەنجومەنێكی نوێ‌ لە ڕقە حكومەتی كاتیی سوریا، كە سەربە ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە‌و نزیكە لە حكومەتی (ئەنكەرە)، ماوەی چەند ڕۆژێكە ئەنجومەنێكی خۆجێی نوێی بۆ پارێزگای (ڕەقە) داناوە، كە زۆرینەی شارەكە لەدەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات دایە، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو شارەكەی بەتەواوی لە ڕێكخراوی (داعش) پاككردەوە. ئەنجومەنە نوێیەكە لە (28) ئەندام پێكدێت، (12) كەسیان بۆ پێكهێنانی نوسینگەی جێبەجێكردنە‌و لەلایەن (فایز عیسا قاتع)ەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، كارەكانی ئەنجومەنەكە لەشاری (ئورفە)ی توركیاوە بەڕێوە دەبرێت، كە ژمارەیەكی بەرچاوە لە دانیشتوانی شاری (ڕەقە)ی وەك ئاوارە لێ نیشتەجێییە.  بەوتەی بەرپرسانی ئەنجومەنەكە، نوێنەرایەتیكردنی جوگرافی‌و دیموگرافی پارێزگای (ڕەقە) لە ئەنجومەنە نوێیەكەدا لەبەرچاوگیراوە. بایەخی ڕەقە پارێزگای (ڕەقە) بە گەورەترین پارێزگاكانی سوریا دادەنرێت لەڕووی ڕوبەرەوە كە زیاتر لە (20) كیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێت‌و،چەندین قەزاو ناحیە لەخۆدەگرێت، وێڕایی ئەوەی یەكێكە لە سەبەتە گرنگەكانی دابینكردنی خۆراك بۆ سوریا، بەهۆی بەپیتی خاكەكەی. هاوكات یەكێك لە گەورەترین بەنداوەكانی سوریای تیادایە، كە ئەویش بەنداوی(فورات)ە لە شاری (تەبقە) كە درێژییەكەی بە (80) كیلۆمەترو، پانییەكەشی لە هەندێك ناوچە دەگاتە (10) كیلۆمەتر، جگە لەوەی ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە پەترۆڵ، ئەوەش وایكردووە توركیا بە بەردەوامی چاوی لەسەربێت‌و، هەموو ڕێكارێك بگرێتەبەر بۆ وەدەرنانی هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە شەڕڤانی یەكینەكانی پاراستنی گەل لەخۆرئاوای كوردستان بڕبڕەی پشتی ئەو هێزەن.


ئامادەكردنی : نامیق رەسوڵ 25ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە وەك رۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان دیاریكراوە. ساڵانە لەم رۆژەدا لەسەرتاسەری جیهاندا چالاكی جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێن، بەڵام ئەمساڵ لە رۆژئاوای كوردستان بە پرۆژەیەكی جیاواز و سەرنجڕاكێش چالاكییەكانی ئەو رۆژە دەستیپێكرد. لە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی دژ بە ژنان لە رۆژئاوای كوردستان گوندی " ژنوار" كرایەوە، گوندەكە پەناگەیەكە بۆ ژنان و هیچ پیاوێكی تێدا نیشتەجێ نابێت و لە شارۆچكەی دربێسیەی رۆژئاوای كوردستان بونیادنراوە. مانگی ئازاری 2017 كاركردن بۆ بونیادنانی گوندەكە دەستیپێكردووە و 25ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بە رەسمی كرایەوە، دانیشتوانی گوندەكە ئەو ژنانەن كە بەخێوکەر یان هاوسەریان نییە و پرۆژەكەش بە بودجە و كاركردنی خودی ژنان بونیادنراوە . گوندەكە لە 30 خانووی لە قوڕ دروستكراو پێكهاتووە و خوێندنگەیەو بنكەیەكی تەندروستی و باخچەیەكی بۆ یاری منداڵان تێدایە. ژنانی گوندەی " ژنوار" بۆ دابینكردنی بژێویان پشت بە كشتوكاڵ و بەخێوكردنی مەڕوماڵات دەبەستن و خاوەنی 200 سەر مەڕن. هەروەها نانەواخانەیەكیش لە گوندەكەدا هەیە كە سەرچاوەیەكی تری دابینكردنی داهاتە بۆ ژنەكانی دانیشتوی ئەو گوندە. رێكخراوەكانی ژنانی رۆژئاوای كوردستان بیرۆكەی بونیادنانی ئەم گوندەیان لە گوندەكاتی تایبەت بە ژنان لە دارستانەكانی ئەمازۆن وەرگرتووە. گوندی " ژنوار" تایبەتە بە ژنان و پیاوان دەتوانن سەردانی گوندەكە بكەن، بەڵام ناتوانن تێیدا بمێننەوە و نیشتەجێبن.  


( درەو میدیا): شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە ئاگرێك لە بازاڕی قەیسەری ناوەڕاستی كەركوك كەوتەوە و زیانێكی زۆری مادی لێكەوتەوە و بەوتەی سەرۆكی یەكێتی بازرگانانی خشڵ و زێڕ، بەهۆی ئاگرەكەوە بەبەهای یەک ملیار دۆلار زێڕ و خشڵی گرانبەها تواوەتەوە. حەقی ئیسماعیل، سەرۆكی یەكێتی بازرگانانی خشڵ و زێڕ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند ئێستا لە ژێر داروپەردووی دوكانە سوتاوەكاندا كاركردن بۆ كۆكردنەوەی ئەو ئاڵتونە تواوەوەیە دەستیپێكردووە. حەقی ئیسماعیل ئاماژیبەوەشدا كە بەهۆی سوتانی 67 دوكانی قەیسەرەییەكەوە نزیكەی 5 تۆن ئاڵتون و كانزا و كەلوپەلی گرانبەها تواوەتەوە و بەبەهای نزیكەی 200 هەزار دۆلاریش زیو تواوەتەوە.  ئەو بازرگانەی زێڕ و كانزا بەنرخەكان جەختیشیكردەەوە سەرچاوەی بژێوی سەدان خێزان بەهۆی ئەو ئاگرەوە بووە خۆڵەمێش و داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد هۆكارەكانی كەوتنەوەی ئاگرەكە و سوتانی ئەو بازاڕی مێژوییە دێرینە ئاشكرابكەن. توركمان گومانی هەیە قەیس كەركوكلی بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرێتی ئاگركوێژینەوەی كەركوك رایگەیاند هێشتا هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە نەزانراوە و بەرپرسێكی بەرەی توركمانیش گومانی لە رووداوەكە هەیە. حەسەن تۆران جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت:" ئاگرەكەی بازاڕی قەیسەری تیرێكە لەو تیرانەی كە ئامانج لێی سڕینەوەی بوونی نەتەوەیی توركمانە لە كەركوك لە رێگەی بەئامانجگرتنی شارستانیەتی و شوێنەوار و ئابورییەكەی". تۆران جەخیشدەكاتەوە كە ئەم جۆرە كارانە نابێتە هۆی ئەوەی كە دەستبەداری شارەكانیان و بازرگانیی و كەلەپوریان بن". لیژنەی لێكۆڵینەوە لیوا روكن مەعن سەعدی كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بەرپرسی دۆسیەی ئەمنیی كەركوكە و بە ناونیشانی " فەرماندەی سەپاندنی یاسا" لە كەركوك دەستبەكاربووە لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت:" ئاگرەكە درەنگانێكی شەو كەوتوەتەوە و دوای چوار كاتژمێر تیمەكانی فریاكەوتن كۆنترۆڵیان كردووە و كوژاندویانەتەوە و زیانێكی زۆری مادی لێكەوتەوەو هیچ زیانێكی گیانیش تۆمارنەكراوە" سەعدی جەختیشدەكاتەوە كە بە ئەندامێتی لیژنە ئەمنییە پسپۆرەكان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ ئاشكراكردنی هۆكارەكانی رووداوەكە پێكهێنراوە. بازاڕی قەیسەری كەركوك، بازارێكی مێژوویی دێرینە و 160 ساڵ لەمەوبەر لەسەر رووبەری دوو هەزار مەتر چوارگۆشە بونیادنراوە و لە هەشتاكاندا نۆژەنكراوەتەوە.  


راپۆرت: رۆبین برانت- بی بی سی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت شتێكی سەیر نییە دامەزرێنەر‌و سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیایەك بە بەهای (400) ملیار دۆلار كە سامانەكەی بە (34) ملیار دۆلار بخەمڵێندرێت، بچێتە ناو حزبی شیوعییەوە، كە سەركردەكانى ئەو حزبە دەیانەوێت گەشە بە چین بدەن، گەشە بە سۆسیالیزم‌و ماركسیەت بدەن؟ بەشێوازێكی ساكارتر، بۆچی ملیاردێری بەناوبانگ (جاك ما) چووە ناو حزبی شیوعی چینەوە؟ رۆژنامەی "گەل" كە زمانحاڵی حزبی دەسەڵاتداری چینە، ئەمەی بەفەرمی راگەیاند. نازانین (جاك) كەی چوەتە ناو حزبەوە، بەڵام دەزانین ئێستا ئەو یەكێكە لە نزیكەی (88 ملیۆن) كەس كە گریمانە دەكرێت ئابونەی مانگانەی بدەن‌و، بەشداری كۆبونەوەكان بكەن، هەندێك كاتیش خۆیان دەخەنە بەردەم "رەخنەی خودی" بەمەبەستی باشكردنی فیكرە ئایدۆلۆژییەكەیان. (جاك ما) بە بەرگریكارێكی سەرسەخت دادەنرێت لە شێوازی مامەڵەكردنی سەرۆك (چی جین بینگ) لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان‌و، سەرۆكەكانی ئەمریكا كە سكاڵایان هەیە لە كۆتوبەندی كاركردن لە چین. بەڕێوەبەر‌و دامەزرێنەری كۆمپانیای "عەلی بابا" ساڵی رابردوو لەم كاتانەدا‌و لە یەكێك لە كۆنگرەكاندا، (جاك) بە (بی بی سی) وت: كۆمپانیاكانی وەكو فەیسبوك ئەگەر هاتن بۆ ئێرە، پێویستە بڵێن بەڵێ، من یاسا‌و حوكمەكانی چین پەیڕەو دەكەم"، رونیكردەوە" من لە حكومەت نیم، ناشتوانم بەناوی حكومەتەوە قسە بكەم"، هەندێك دەڵێن ئەو قسانەی پێشبینی كراو بووە. هەندێكی تر دەڵێن بۆ پێشكەوتن لە چین پێویستە لە ریزی سەركردایەتی‌و كارمەند‌و بەرپرسی شیوعییەكاندا بیت. (بەتایبەت ئەگەر بتەوێت تاڕادەیەك كۆنترۆڵی هێزی هاوچەرخ بكەیت لە ساڵی 1999وە، كە ئەوەش ئینتەرنێتە، بۆ رەخساندنی گەورەترین بازرگانی كاڵا لە جیهان لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە لە وڵاتێكدا كە سانسۆر خراوەتە سەر ئینتەرنێت). (جاك ما) توانی كۆمپانیایەكی گەورە بنیادبنێت "عەلی بابا" كە بوو بە هێمایەكی جیاكەرەوە لە بواری داهێنانی ئابوری، بەڵام كۆمپانیاكە رەزامەندی نیشاندا لەسەر بەشداریكردن لە پێدانی زانیاری لەبارەی كڕیارەكانییەوە ئەگەر دەسەڵاتداران داوایان لێكرد، بەوەش پابەند بوو بە (یاسا‌و حوكمەكانی چین)ەوە، كە ساڵی رابردوو (جاك) باسی لێوەكرد. (جاك ما) كە ناوە فەرمییەكەی "ما یۆن"ە، پێدەچێت بەهۆی ئەوە چوبێتە ناو حزبەوە كە باوەڕی بە نمونەی كاری چینی هەیە‌و  وڵاتەكەی رێگەی بەوەداوە بچێتە ناو قوڵایی ئابورییەوە. پێدەچێت درەنگ وەخت بێت بۆ خستنەڕووی ئەم پرسیارە، چونكە (جاك ما) لەسەروبەندی ئەوەدایە ساڵی نوێ دەست لە پۆستەكەی وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیای "عەلی بابا" هەڵگرێت. بەڵام راگەیاندنی ئەندامێتی لە حزب فزوڵیەت دەوروژێنێ، چونكە پێشبینی دەكرێت ئەندامانی حزبی شیوعی، نەك هەر پێشبینی بەڵكو پێویستە لەسەریان ئەولەویەت بە حزب بدەن بەر لە هەر شتێكی تر. كۆمپانیای "عەلی بابا" دەڵێ بەڕێوەبەرەكەی هەرگیز بەرژەوەندی حزبی نەخستوەتە پێش بەرژەوەندی كۆمپانیاو خاوەنی پشكەكانی كە لە بازاڕی بۆرسەی نیویۆركدان ئەگەر بابەتەكە پێویستی بە بڕیاری چارەنوسساز بوبێت. ئەم بابەتە ئێستا مشتومڕی دروستكردووە، بەڵام هەندێك كەس تێبینییان كردووە ئەو لە ناسنامەی كۆمپانیاكەدا لە ساڵی 2014دا، ئاماژەی بە پەیوەندی (جاك ما) بە حزبەوە نەكردووە.


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود ئەمڕۆ چوار شەممە ڕیش سپی‌و پیاوماقوڵانی شاری (بەسرە) لە (بەغداد)ی پایتەخت، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبونەوە، نوسینگەی عەبدولمەهدی تەنها ئاماژەی بەوەكردووە، سەرۆك وەزیران لەگەڵ پەرلەمانتاران‌و پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو فەرماندەی پرۆسەكان‌و پۆلیسی پارێزگای (بەسرە) كۆبوەتەوە. دانوستانی ڕاستەوخۆ دەستیپێكرد ئەمە یەكەم كۆبونەوەیە لە نێوان عەبدلمەهدی‌و نوێنەرانی ئەو شارە لەدوای دەستبەكاربونی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامدەدرێت، كە لەسەردەمی كابینەكەی پێش ئەودا، شارەكە زنجیرەیەك خۆپشیاندانی بەخۆیەوە بینی‌و، توندوتیژی‌و زیانی مادی‌و گیانیشی بەدوای خۆیدا هێنا. داواكارییە سەرەكییەكانی خەڵكی (بەسرە) كە خۆی لە دابینكردنی خزمەتگوزراییە سەرەتاییەكانی وەك ئاوی خواردنەوەو كارەباو ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزراری‌و دابینكردنی هەلی كارو كۆمەڵێك پێداویستی ژیاری تردا دەبینێتەوە، تائێستا زۆرێكی بەچارەسەنەكراوی ماونەتەوە، ئەوەش ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەكانی زیاتر كردووە، وەك بەشێك لە هاوڵاتیان‌و چالاكانی شارەكە لە تۆڕە كۆمەڵایتیەكان ئاماژەی پێدەكەن. كێشەكان لەجێی خۆیانن  بەرپرسێكی حكومەتی خۆجێی شاری (بەسرە) ڕایگەیاندووە:" سەرجەم ئەو بەڵێنانەی  حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو پێیداون جێبەجێنەكراون، بەسەرە هیچ وەزیفەو دەرماڵەیەكی بۆ تەرخانەكراوەو، هیچ كۆمپانیایەكی خزمەتگوزرای‌و ئاوەدانكردنەوەش دەستی بە كارنەكردووە". بەوتەی ئەو بەرپرسە كە قسەی بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)كردووە" وەفدەكەیان داوای خشتیەكی زەمەنی لەبەرامبەر هەر بەلێنێكی سەرۆك وەزیرانی نوێ‌ دەكات، ئەگەر حكومەتی بەغداد جارێكی تر بەڵێنەكانی لەبارەی بەسرە نەباتە سەر ڕوبەڕوی دۆخێكی خراپ دەبێتەوە". وتیشی دیارترین ئەو داواكارییەكانەی وەفدەكە دەیخەنە بەردەم عەبدلمەهدی‌و پێویستە جێبەجێكردن سەرجەمی تایبەتن " بە خزمەتگوزاری ئاو و كارەباو زەوی كشتوكاڵی‌و بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژاری‌و بێكاری لە پارێزگاكە". خۆپیشاندەران ئامادەن (ماجد عەلی) چالاكی خۆپیشاندانەكانی (بەسرە) بەهەمان سەرچاوەی وتووە" ناڕەزایەتییە میللییەكان سەر لەنوێ‌ سەریهەڵداوەتەوە، هاوڵاتیانی پارێزگاكە زۆر بێزارن لە جێبەجێەكردن ئەو بەڵێنانەی حكومەت پێیدان".   دەشڵێت"مەرجەكانمان وەك جوڵانەوەی میللی  بەوەفدەكە وتووە كە ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی دەبینێت‌و، جەختمان لەسەر دیاریكردنی كات كردۆتەوە بۆ جێبەجێكرنی بەڵێنەكان، ئەگینا خۆپیشاندانەكان دەستپێدەكەینەوە، بەتایبەت كە خۆی ڕێكخراوەو پێویستە بە ئاڕاستەكردنی ناكات بۆ جوڵەكردن". بەڵێنەكان مەرەكەبی سەر كاغەزن (موزەفەر ئیسماعیل) پەرلەمانتار لەسەر شاری (بەسرە) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت:"وەفدەكە لەگەڵ عەبدولمەهدی تاوتوێی پرسی بڕیارەكانی ئەم دواییەی عەبادی دەكات، كە دوابەدوای خۆپیشاندانەكان بڕیاری لەسەردان‌و، خۆی لە تەرخانكردنی (10) هەزار پلەی وەزیفی بۆ پارێزگاكە‌و، پێدانی دەسەڵاتی زیاتر دەبینێتەوە، كە تائێستا هەر مەرەكەبی سەر كاغەزە". ئەوەش لەكاتێكدایە، پەرلەمانی عێراق لە ماوەی ڕابردودا بڕیارێكی پەسەندكرد‌و، بەوپێیەش تەواوی ئەو بڕیارانەی هەڵوەشاندەوە كە عەبادی لەكاتی حكومەتی كاربەڕێكەردا دەریكردبون، كە یەكێك لەو بڕیارانە دابینكردنی خزمەتگوزرایە بۆ شاری (بەسرە).


 (درەو میدیا): پرسی گەندەڵی لە وەرگرتنی ڤیزا لە کونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر مشتومڕی لەناو میدیای ئەڵمانیدا دروستكردووە. دوێنێ سایتی (شپیگڵ ئۆنلاین)ی ئەڵمانی راپۆرتێكی بڵاویكردەوە لەبارەی بوونی ئاماژەی سەرپێچی لە پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی سوری لە كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر. كورت جۆرج شتوكل كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ یەكێك لە كەناڵە عێراقییەكان رایگەیاندووە، رێوشوێن‌و سیاسەتی نوێیان لە كونسوڵگەرییەكەیان گرتووەتەبەر بۆ پێدانی ڤیزا، ئەمەش بەمەبەستی رێگریكردن لە گەندەڵی‌و خراپ بەبەكارهێنان. كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر باسی لەوەكردووە" كونسوڵگەری لە مانگی كانونی یەكەمی رابردووەوە چەند رێوشوێنێكی نوێی گرتوەتەبەر، ئەمەش وەكو وەڵامدانەوەیەكی خێرا بۆ ئەو ئاماژە سەرەتاییانەی كە بۆیان دەركەوتووە، لەپێناو نەهێشتنی هەرجۆرە خراپ بەكارهێنانێك لە پێدانی ڤیزادا، هەروەها بەشێوەیەكی خێرا پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیاش لە بابەتەكە ئاگاداركراوەتەوە". پێشتر سایتی گۆڤاری (دێر شپیگڵ)ی ئەڵمانی لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، پێدانی ڤیزا لە كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر گەندەڵی تێكەوتووە، راپۆرتەكە قسەی چەندین كەسی پەنابەری تێدایە لە ئەڵمانیا، كە باسلەوەدەكەن قاچاخچییەكان پەیوەندییان لەگەڵ كونسوڵگەری هەولێر هەیە‌و ئەوان ڤیزای ئەڵمانییان بە پارە لەو كەسانە كڕیوە. بەپێی قسەی كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر" ئێستا وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە نزیكەوە كار لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا دەكات بەمەستی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر لەسەر بابەتەكە". كونسوڵ دەڵێ" ئێمە لە كونسوڵگەری هەولێر سیاسەتێك پەیڕەو دەكەین بە بەهیچ جۆرێك رێگە بە گەندەڵی‌و تاوانەكانی تر نادات لە كاری دیپلۆماسیدا". كونسوڵ ئاشكرایكردووە، داواكاری گشتی بەرلینی پایتەخت ئێستا لێكۆڵینەوە دەكات لەسەر گومانی گەندەڵی لە كونسوڵگەری هەولێر، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی هیچ لێدوانێك لەبارەی لێكۆڵینەوەكانەوە نادات. بەپێی راپۆرتەكەی سایتی (شبیگل ئۆنلاین) هەندێك هاوڵاتی سوری لە هەولێر بڕی (12 هەزار) دۆلاریان داوە بە قاچاخچییەكان بەمەبەستی وەرگرتنی ڤیزای ئەڵمانیا.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت مانگی هەنگوینی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كۆتایی دێت، یەكێتی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توركیا رێكدەخاتەوە‌و جموجوڵەكانی پەكەكە لە زۆنی سەوز سنوردار دەكات. بەیانی ئەمڕۆ هێزێكی ئاسایشی سلێمانی بارەگای (تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان)ی لە گەڕەكی (چوارباخ)ی شاری سلێمانی، گەمارۆدا. ئاسایش ماوەی (24) كاتژمێر مۆڵەتی بە تەڤگەری ئازادی داوەی بارەگاكەی دابخات، ئەمەش بە بەهانەی ئەوەی ئەو حزبە مۆڵەتی یاسایی نییە. تەڤگەری ئازادی چییە؟ تەڤگەری ئازادی رۆژی 17ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2014 دامەزراوە، ئەم پارتە یەكەمین كۆنگرەی خۆی لە سلێمانی بەست، لەدوای دامەزراندنییەوە داوای مۆڵەتی یاسایی لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی‌و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم كردووە، بەڵام تائێستا مۆڵەتی كاركردنی پێنەدراوە. تەڤگەری ئازادی كە باڵی سیاسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە لە هەرێمی كوردستان‌و درێژكراوەی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان (پەچەدەكە)یە كە پێشتر خۆی هەڵوەشاندەوە. لە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم پارتە هیچ بنكە‌و بارەگایەكی ئاشكرای نییە. سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتی كاركردنی نەبوو، رۆژی 19ی كانونی دووەمی ئەمساڵ، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق مۆڵەتی كاركردنی بە تەڤگەری ئازادی بەخشی‌و بەوهۆیەوە تەڤگەر توانی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكات كە رۆژی 12ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو، تەڤگەر لەو هەڵبژاردنەدا بەیەك لیست لەگەڵ (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) بەشداریكرد‌و كاندیدێكی بەناوی (یوسرا رەجەب) سەركەوت بۆ پەرلەمانی عێراق. بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان، تەڤگەری ئازادی داوایكرد بەشداری بكات، بەڵام لەسەر سكاڵایەكی (سیروان گەردی) كادری پارتی دیموكراتی كوردستان‌و سەرپەرشتیاری تۆڕی هەماهەنگی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دەستەی دادوەری سەربە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم رێگەی پێنەدا بەشداری هەڵبژاردن بكات. پشتی پەردەكە هەوڵی داخستنی بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی لەلایەن یەكێتی نیشتمانییەوە بێ هۆكار نییە‌و پەیوەندی بە هەندێك جموجوڵی سیاسییەوە هەیە كە بەمدواییە لە پشتی پەردەوە بەڕێوەدەچێت. ساڵی رابردوو هێزێكی تایبەتی (پەكەكە) لە سنوری قەزای دوكانی سەربە پارێزگای سلێمانی دوو ئەفسەری سەربە دەزگای هەواڵگری توركیا (میت)یان رفاند، بەپێی قسەی پەكەكە، ئەو كەسانە پلانیان داڕشتووە بۆ تیرۆركردنی جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە). رفاندنی ئەو دوو ئەفسەرە لەلایەن پەكەكەوە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا، لە ناوخۆی توركیا كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، لە یەكەم كاردانەوەدا توركیا رۆژی 24/8/2018 (بەهرۆز گەڵاڵی) نوێنەری یەكێتی نیشتمانی لە ئەنكەرە دەركرد‌و گەڵاڵی گەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستان‌و دواتر نوێنەرایەتی یەكێتی لە ئەنكەرە كرایەوە. لەدوای ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستانیش، توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی داخست، پاش شكستهێنانی ریفراندۆم‌و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد، توركیا ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر كردەوە، بەڵام تائێستا رێگە بە گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی نادات. بەرپرسانی ئەنكەرە یەكێتی نیشتمانی تۆمەتبار دەكەن بەوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی كردوەتەوە بۆ پەكەكە. بەمدواییە كەناڵێكی تەلەفزیۆنی توركیا بەناوی (ئەی خەبەر- aHBR) راپۆرتێكی لەبارەی جموجوڵەكانی پەكەكە لە شاری سلێمانی بڵاوكردەوە‌و تێیدا وێنەی سالار مەحمود پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشان دەدات كە لەگەڵ جەمیل بایك هاوسەرۆكی (كەجەكە) دایە. راپۆرتەكەی ئەو كەناڵەی توركیا دیمەنێكی رێستۆرانتی (سندی) لە شاری سلێمانی نیشان دەدات كە وێنەی ئەو سێ سەركردەیەی پەكەكەی هەڵواسیوە كە بەمدواییە ئەمریكا خەڵاتی دانا بۆ دەستگیركردنیان. رۆژی شەشی تەمموز، مەولود چاوەشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لە دیدارێكدا لەگەڵ سەرنوسەرانی ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی وڵاتەكەی ئاشكرایكرد" لەگەڵ یەكێك لە وەزیرێكی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم كۆبوەتەوە‌و پێی راگەیاندووە پەكەكە لەناو یەكێتیدا خاوەنی هەژمون‌و بڕیارە". یەكێتی پەیوەندییەكانی ئاساییدەكاتەوە رۆژی 4ی ئەم مانگە هاكان كاراچای كونسوڵی گشتی توركیا لە هەولێر سەردانی سلێمانی كرد‌و لە دەباشان لەگەڵ بافَل تاڵەبانی كۆبوەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هاوكات لە بەغداد فاتیح یەڵدز باڵیۆز توركیا لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار‌و جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كۆبوەتەوە. سەركردەكانی یەكێتی ماوەیەكە هەوڵێكیان دەستپێكردووە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا‌و كردنەوەی ئاسمانی توركیا بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا. پێشتر (درەو میدیا) وەكو یەكەمین میدیای هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، توركیا داوای لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە ئەو كەسانە سزا بدات كە بەناوی یەكێتییەوە بەشدارییان لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە)دا كردووە لە هۆڵەندا، ئەو سێ كەسەش  (ئارێز عەبدوڵا- سالار مەحمود- بڵێسە جەبار فەرمان) بوون. توركیا چەند مەرجێكی هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی، رەنگە یەكێك لە مەرجەكان كۆتاییهێنان بێت بە جموجوڵەكانی (پەكەكە) لە زۆنی سەوز‌و ئەمە هۆكاری داخستنی تەڤگەری ئازادی بێت. توركیا ئاسمانی خۆی بۆ سلێمانی دەكاتەوە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دەسەڵاتدارانی توركیا بڕیاریانداوە رۆژی 5ی مانگی داهاتوو ئاسمانی وڵاتەكەیان بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا بكەنەوە. رۆژی 11ی مانگی رابردوو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە بەغداد لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبوەوە، (درەو میدیا) زانیویەتی یەكێك لە تەوەرەكانی ئەو كۆبونەوەیە پرسی هەڵگرتنی گەمارۆی توركیا بووە لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی. وادەی درێژكردنەوەی گەمارۆی توركیا لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی تاوەكو رۆژی 5ی مانگی داهاتووە، ئەگەر یەكێتی هەندێك لە مەرجەكانی توركیا جێبەجێ بكات بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، توركیا جارێكی تر وادەی گەمارۆكە درێژناكاتەوە‌و ئاسمانی خۆی بۆ گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكاتەوە. رەنگە داخستی بارەگای تەڤگەری ئازادی لەلایەن یەكێتییەوە، بۆ جێبەجێكردنی مەرجی كردنەوەی ئاسمانی توركیا بێت بۆ گەشتەكانی سلێمانی. پەیوەندییەكانی یەكێتی‌و توركیا پەیوەندی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و توركیا بەدرێژایی سێ دەیەی رابردوو بەردەوام پەیوەندییەكی پڕ لە هەڵبەرزو دابەرز بووە. لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا لە سەردەمی سەرۆكایەتی تۆرگۆت ئۆزال (1989-1993)، جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەوڵیدا پەیوەندییەكانی حزبەكەی لەگەڵ توركیا توندوتۆڵ بكات‌و ساڵی 1992 تاڵەبانی لەگەڵ ئۆزال كۆبوەوە. هەر لەو ساڵەدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان شەڕیان لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان راگەیاند، بە بەهانەی ئەوەی بەهۆی پەكەكەوە هەرێمی كوردستان كەوتوەتەبەر هەڕەشەی هێرش‌و گەمارۆی توركیا. لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی‌و دووركەوتنەوەی لە شانۆی سیاسی، سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی سەرباری ئەوەی حزبەكەیان لە ئەنكەرە نوێنەرایەتی هەبوو، بەڵام بەشێوەیەكی ئاشكرا پەیوەندییان لەگەڵ (پەكەكە) توندوتۆڵ كرد، بەتایبەتیش لەسەروەختی شەڕەكانی رۆژئاوای كوردستان‌و ئازادكردنی شاری (كۆبانێ) دا. هەر لەوكاتەوە بەرپرسانی یەكێتی جۆرێك لە كرانەوەیان بۆ جموجوڵی لایەنگرانی (پەكەكە) لە سنوری دەسەڵاتی خۆیان دروستكرد، ئەم هەنگاوە لەكاتی خۆیدا وەكو موزایەدەی سیاسی یەكێتی‌و بۆ پەردەپۆشكردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی لێكدرایەوە، بەم هەنگاوە پەكێتی جارێك پشتیوانی (پەكەكە)ی بەدەستهێنا‌و سەركردەكانی (پەكەكە) لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە ساڵی 2014 داوایان لە لایەنگرەكانیان كرد لە هەرێمی كورستان دەنگ بە یەكێتی نیشتمانی بدەن. بە داخستنی بارەگای تەڤگەری ئازادی‌و كۆتوبەندكردنی جموجوڵەكانی پەكەكە لە زۆنی سەوز، پێدەچێت مانگی هەنگوینی نێوان (پەكەكە)‌و یەكێتی كۆتایی بێت.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand