ناوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ترەمپ لەگەڵ عەبدولمەهدیدا
2019-12-31 20:47:06
(درەو):
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەتەلەفۆن لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق قسەی کرد.
لەبارەی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێ:
🔹 پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ لەکاتژمێر ۷:۳۰ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆدا بووە بەکاتی عێراق.
🔹ترەمپ پرسیاری کردووە لەبارەی بارودۆحی عێراق و پەرەسەندنەکان لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد.
🔹عادل عەبدولمەهدی پێی وتووە ئەو پەرەسەندنانە دوای روداوەکانی ئەمدواییە هاتووەو پێشترو بەر لە دوو رۆژ، ئەو مەترسی لێکەوتەکانی بە بەڕێز وەزیری بەرگری ئەمریکا وتووە.
🔹عەبدولمەهدی وتویەتی، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئەرکی خۆیان بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکاو نێردەو نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی تر.
🔹عەبدولمەهدی وتویەتی، حکومەتی عێراق بەردەوام هەوڵیداوە پەیوەندی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی، لەوانە کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتە دۆستەکانی خۆرئاواش لەپێش هەمویانەوە ئەمریکا، بپارێزێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان هەردوولاوە (ئێران و ئەمریکا) بارودۆخەکە تێکچووە.
🔹 عێراق دەیەوێت ببێت بە وڵاتی دانوستاندن و ئارامکردنەوە، بۆئەوەی مەترسی جەنگ لەخۆی و هەموان دوربخاتەوە.
🔹 عەبدولمەهدی بە ترەمپی وتووە: ئێوە وتوتانە کە جەنگتان ناوێت، هەڵوێستی هاوشێوەشمان لە بەرپرسانی ئێران گوێ لێدەبێت، عێراق جەخت لەسەر بایەخی دانوستان یاخود لانی کەم گەیشتن بە رێککەوتن و ئارامکردنەوەیەکی واقعی دەکات.
🔹 ترەمپ جەختی کردووە لەسەر ئەوەی متمانەی بە گرنگی رۆڵی عێراق و سەرکردایەتییەکەی هەیە لەو بوارەدا.
🔹 ترەمپ و عەبدولمەهدی رێککەوتوون لەسەر ئەوەی هێڵی پەیوەندی راستەوخۆی نێوانیان بەکراوەیی بمێنێتەوە بۆ چاودێریکردنی بارودۆخەکە.