سەڵاحەدین بەهادین و ئەبوبەكر كاروانی كێبەركێی دەكەن
2019-12-27 19:39:56
درەو میدیا:
سبەینێ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە ئامادەبوونی ( 900) ئەندام هەشتەمین كۆنگرەی خۆی دەبەستێت، لە كۆنگرەی سبەینێدا هەڵبژاردن بۆ (27) ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە دەكرێت لە كۆی ( 43) ئەندامی سەركردایەتی كە ( 16) بەرپرسی مەڵبەند راستەوخۆ دەبنە ئەندامی سەركردایەتی.
لە كۆنگرەی هەشتەمدا هەریەك لە ( سەڵاحەدین بەهادین و ئەبوبەكر كاروانی) كێبەركێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی پۆستی ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كە لەدوای درووستبونی یەكگرتووە وە لە ساڵی 1994 سەڵاحەیدن بەهادین ئەمینداری ئەو حزبەیە جگە لە یەك خول كە ( محەمەد فەرەج) ئەمیندار بوو.
كۆنگرەی هەشتەم بۆ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان جیاوازە كە لەدوای شكستی گەورەی ئەو حزبە دێت لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە رێژەی دەنگو كورسیەكانی ( 50%) كەمیكرد، لە هەڵژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستان یەكگرتوو ( 186 هەزارو 741) دەنگی بەدەستهێنابوو لەگەڵ ( 10 ) كورسی پەرلەمانی كوردستان بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018دا ( 79 هەزارو 434 ) دەنگی بەدەستهێنا لەگەڵ ( 5) كورسی.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە چالاكترین حزبی سیاسی هەرێمی كوردستان دادەنرێت لە بەستنی كۆنگرەدا لە (25) ساڵی تەمەنیدا هەشتەم كۆنگرە دەبەستێت، ووردەكاری حەوت كۆنگرەی رابردووی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە لە سایتی فەرمی ئەو حزبەدا بڵاوكراوەتەوە:
كۆنگرەی یەكەم
یەكگرتوو لە هەوڵی بەستنی كۆنگرەی یەكەمدابوو لە (مانگی /1/1994)، بەڵام بەهۆی شەڕی ناوەخۆوە نەتواندرا كۆنگرەكە لە كات و شوێنی خۆی ببەسترێت، ئەوە بوو رێكخستنەكانی دابەشكرد بۆ (9) بازنەی هەڵبژاردن كەلە (727) ئەندام پێكهاتبوون.
لە هەر ناوچەیەك كاندیدی خۆیان هەڵبژارد كە ژمارەی هەڵبژێر دراوەكان (131) كەس بوو لە هەرچوار پارێزگای كوردستان (سلێمانی و هەولێر و دهۆك و كەركوك)، لە دوو كۆنفرانسی جیادا كە لە هەولێر و سلێمانی بەستران (15) ئەندام و (3) یەدەك بۆ شورای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەڵبژێردران. بەڵام ئیعلانكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كەوتە بەرواری (6/2/1994)
كۆنگرەی دووەم ..
پاش بەرێوەچوونی كۆنفرانسەكانی رێكخستن لە سەرجەم مەڵبەندەكانی شارەكانی كوردستان بەرواری (20/8/1996) دەست نیشانكرا بۆ ئەوەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆنگرەی دووەمی خۆی ببەستێت، ئەوەبوو لە شاری هەولێر هۆڵی میدایا دیار كرا بۆ بەرێوەچوونی كۆنگرە، كە سێ رۆژی خایاند و ژمارەی ئەندامانی كۆنگرەش لە (250) كەس پێكهاتبوو كە (20) ئەندام بۆ شورای ناوەندی یەكگرتوو دەرچوون، لە دوای ڕاپەرین بۆ یەكەمجار لە كۆنگرەی حیزبەكانی كوردستان رێكخراوی یەكگرتووی خوشكانی ئیسلامی كوردستان توانی بە (3) ژن بگەنە پلەی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان.
كۆنگرەی سێیەم ..
بۆ كۆنگرەی سێیەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەرواری (3/9/1999) دەست نیشانكرا لە شاری هەولێر بەرێوەبچێت، بۆ تاوتۆی كارەكانی كە تەواوی ژمارەی ئەندامانی كرنگرە (350) كەس بوو، كە (84) ئەندام كۆنگرە خۆیان پاڵاوت بۆ ئەوەی دەنگ بۆ (25) كەس بدەن بۆ هەڵبژاردنی شواری ناوەندی، دواتر زیادكرا بۆ (30) ئەندام كە (3) ئەندامیان ژن بوو.
كۆنگرەی چوارەم ..
لە كۆنگرەی چوارەمدا ئامادەكاریەكان بۆ ماوەیەك دواكەوت بە هۆی گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە بەتایبەتی شەڕی ئەمریكا لە گەڵ ڕژێمی حیزبی بەعس و گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق، ئەم گۆڕانە گەورەیە نەبووە كۆشپ بۆ ئەوەی كۆنگرەی چوارەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان نەبەسترێت ئەوەبوو رۆژی سێ شەممەی بەرواری (30/4/2005) شاری هەولێر دەست نیشانكرا بۆ بەستنی كۆنگرە.
ژمارەی ئەندامانی كۆنگرەی چوارەم (490) كەس بوو كە (35) یان بە ئەندامی شورای ناوەندی هەڵبژێردران، لەم كۆنگرەیەدا رێژەی ژنان زیادیكرد بۆ (5) ئەندامی شواری ناوەندی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان.
كۆنگرەی پێنجەم ..
بۆ بەرێوەچوونی كۆنگرەی پێنجەم بەرواری (1/5/2008) شاری هەولێر دەست نیشانكرا، كە ژمارەی ئەندامانی كۆنگرە (538) كەس بوو، هەر لەم كۆنگرەیەدا بڕیاردرا ناوی شورای ناوەندی بگۆڕدرێت بۆ سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە (79) كەس لە برایان و خوشكان خۆیان پاڵاوت (35) كەس بوونە ئەندامی سەركردایەتی. لەم كۆنگرەیەدا رێژەی ژنان (5) لە ئەندامی سەركردایەتی بوون و (3) یان لە مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو بوون.
كۆنگرەی شەشەم ..
كۆنگرەی شەشەم خاڵی وەچەرخانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ماوەی كاری نهێنی و (18) ساڵی ئیعلانكردنیدا ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین) بڕیاری خۆ نەپاڵاوتنەوەی دا بۆپۆستی ئەمینداری گشتی، لەم كۆنگرەیەدا چونكە سستمی كۆتا جێگیر كرا بۆیە (9) ژن لەسەركردایەتی (پێنجیان بەدەنگی خۆیان سەركەوتن) و (سێ)یان لەمەكتەبی سیاسی بوون و (دوانیان) بەدەنگی خۆیان سەركەوتن). لە دەستەی باڵاش دوو ژن دەرچوون چونكە كۆتا هەبوو لە (9) ئەندام (دوانیان) ژن بوو.
بۆ كۆنگرەی شەشەم بڕیاردرا لە شاری هەولێر رۆژی سێ شەممە بەرواری (1/5/2012) بە ئامادەبوونی (750) ئەندام كۆنگرە كارەكانی خۆی بەرێوەبرد و هەڵبژاردن بۆ (35) ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو كرا، هەر لەم كۆنگرەیەدا رێژەی ژنان بۆ (9) ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەرزبویوە.
كۆنگرەی حەفتەم ..
كۆنگرەی حەوتەم لەڕۆژانی ( 28-29 ) /5 / 2016 لەشاری هەولێر بەئامادەبونی ( 1127 ) ئەندام بەسترا.
لەو كۆنگرەدا ئەمینداری پێشوی یەكگرتوو ( سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ) لەسەر داوای یەكگرتووەكان ئامادەیی دەڕیڕی جارێكی دیكە خۆی بپاڵێوێتەوە بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی ، ئەوەبوو لەناو هۆڵی كۆنگرە بەڕێزیان خۆی پاڵاوت بۆپۆستی ئەمینداری گشتی ، لەبەرامبەردا ئەمینداری گشتی ئەوكات مامۆستا ( محمد فەرەج) وەك ڕێزو تەقدیرێك بۆ خۆپاڵاوتنەوەی ( سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ) ، بەشێوەیەكی ئارەزومەندانە لەناو هۆڵی كۆنگرە ڕایگەیاند كەخۆی ناپاڵێوێتەوە بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی ، بەم شێوەیە ( سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ) جارێكی تر لەكەش و هەوایەكی برایانەدا بەئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی هەڵبژێردرایەوە.
لەكۆنگرەی حەوتەم ( 35) ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردران ، ( 9 ) ئەندامیان لە ژنان بوون ، هەروەها ( 9 ) ئەندامیش بۆ دەستەی باڵای بەدواداچوون هەڵبژێردران كە ( 2) ئەندامیان ژن بوون.
بۆ كۆنگرەی هەشتەم ..
بەم شێوەیە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەماوەی ( 25 ) ساڵی ڕابردویدا ( 7 ) كۆنگرەی ئەنجامداوە و ئێستاش كە لە مانگی 12/ی ساڵی 2019 دا هەموو ئامادەكاریەكانی تەواو كردووە بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی هەشتەمی كە ( 900) ئەندام بەشداری تێدا دەكەن لە كۆنگرەی سبەینێدا هەڵبژاردن بۆ (27) ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە دەكرێت لە كۆی ( 43) ئەندامی سەركردایەتی كە ( 16) بەرپرسی مەڵبەند راستەوخۆ دەبنە ئەندامی سەركردایەتی.