دارایی.. قەیرانە ئەبەدییەكەی یەكگرتوو
2019-12-28 15:25:55
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
دوای كارەساتی داڕمانی دەنگەكانی لە هەڵبژاردنەكانی ئەمدواییە، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەمڕۆ شەش مانگ بەر لەوادەی دیاریكراوی خۆی، كۆنگرەی هەشتەمی بەست، كۆنگرەیەك كە تێیدا قەیرانی بەردەوامی دارایی حزبو پرسی جیاكردنەوەی دەعوە لە سیاسەت باڵی بەسەر هەموو شتێكدا كێشاوە.
چیرۆكی یەكگرتوو
25 ساڵ لەمەوبەر لەسەرەتای شەڕی ناوخۆی كوردستاندا حزبێكی سیاسی نوێ لە دایكبوو، لەناو بۆنی باروتی شەڕدا، سیاسەتكردنی بەچەك رەتكردەوە، بۆ ئەو كات ئەم بیرۆكەیە جێگای گاڵتەجاڕی بوو، ئەو حزبە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بوو.
قەیرانی ناسنامە
ئەمڕۆ كە یەكگرتووی ئیسلامی كۆنگرەی هەشتەمی خۆی بەڕێوەدەبات، حزبەكە 25 ساڵی تەمەنی خۆی بەرێكردووە، حزبێك كە تاوەكو 10 ساڵی یەكەمی تەمەنی خۆی تەواوكرد، كێشەی هەرەگەورەی ناسنامەكەی بوو، لایەنە سیاسییەكانی بەرامبەری وەكو حزبێكی نوێ ناویان دەهێنا، كە بەشداری خەباتی چەكدارانەی لە دژی رژێمی بەعس نەكردووە، بەڵام ئەمڕۆ ئیتر یەكگرتوو وەكو حزبێكی گەنج مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت.
رزگاربوون لە لیستی رەشی تیرۆر
یەكگرتوو كە هێشتا رزگاری نەبوو لە تۆمەتی نوێبوونو بەشدارینەكردن لە خەباتی چەكداری، لەدوای ساڵی 2000وە روبەڕووی قەیرانێكی تر بووەوە، هەڵمەتێكی گەورەی جیهانی بوو لەژێر "شەڕی دژ بەتیرۆر"، نەیارە سیاسییەكانی یەكگرتوو هەوڵیاندا بەهۆی ناو و پاشخانە ئیسلامییەكەیەوە ئەم حزبە بخەنە لیستی تیرۆری جیهانییەوە، بەڵام سەركردەكانی یەكگرتوو توانیان حزبەكەیان لەو لیستە رەشە رزگار بكەن، هەرچەندە ئەمەش بەبێ باج كۆتایی نەهات.
سەردەمی گەشانەوە
ساڵی 2003و روخانی رژێمی سەددام لەسەر دەستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا، سەرەتای سەردەمێكی زێڕین بوو بۆ یەكگرتوو، ئەم حزبە كە پێشترو بەرلە روخانی سەددام بەشداری كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقیی كرد لەژێر چاودێری وڵاتانی خۆرئاوا، دوای روخانی رژێم پێگەی بەهێزی (لەئاست قەبارەی خۆیدا) لە عێراقی نوێدا زامن كرد، سەلاحەدین بەهادین ئەمنیداری حزبەكە، بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی حوكمی عێراقو یەكێك لە كەسایەتییە سیاسییە دیارەكانی عێراق.
بەرەو ژیانی پەرلەمانیی
تاوەكو ساڵی 2005 كە تەمەنی ئەوكات 11 ساڵ بوو، یەكگرتوو هیچ نوێنەرایەتییەكی لە پەرلەمانی كوردستان نەبوو، بەڵام لەو ساڵەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، یەكگرتوو بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ حزبە كوردستانییەكاندا بەشداریكرد، لیستەكە ناوی " لیستی نیشتیمانی كوردستان" بوو، جگە لە كۆمەڵی ئیسلامیو حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، هەموو لایەنەكانی تر لەو لیستەدا كۆبونەوە، یەكگرتوو كە لە یەكەم ئەزمونی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردندا شەریكایەتی لەگەڵ یەكێتیو پارتی كرد (9 كورسی) پەرلەمانی بردەوە.
11 مانگ دوای هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، یەكگرتوو بەپێچەوانەی كوردستانەوە لەسەر ئاستی عێراق بە لیستی جیا لە یەكێتیو پارتی بەشداری هەڵبژاردنی كرد، ئەمە شەپۆلێك توڕەیی یەكێتیو پارتی بەدوای خۆیدا هێنا، لە ناوچەی بادینان پەلاماری بارەگاكانی یەكگرتوو درا، ئەندامێكی سەركردایەتیو (4) كادری یەكگرتوو كوژران، لە سلێمانیش هەوڵێك هەبوو بۆ پەلاماردانیان، بەڵام دواتر كۆنترۆڵكرا، لەم پرۆسەیەدا دەنگی راستەقینەی یەكگرتوو دەركەوت، لە سێ پارێزگاكەی هەرێم، یەكگرتوو (133 هەزارو 206) دەنگی بەدەستهێناو (4) كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە.
لە دووەم ئەزمونی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە ساڵی 2009 بەڕێوەچوو، یەكگرتوو شێوازێكی نوێی بەشداری تاقیكردەوە، ئەمجارە بە لیستی هاوبەشی لەگەڵ (كۆمەڵی ئیسلامی، حزبی زەحمەتكێشان، حزبی سۆسیالیست) بەشداریكرد، لیستەكە ناوی "خزمەتگوزاریو چاكسازی" بوو، بە هەرچوار حزبەكەوە (13) كورسییان بەدەستهێنا، ئەم پرۆژەیەش شكستی هێنا، یەكگرتوو لەم هەڵبژاردنەدا (6) كورسی بەركەوت، هەندێك هۆكاری پاشەكشەی ئەو لیستەیان بۆ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی رادیكاڵی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بە یەكێتیو پارتیو هەندێكی تر هاودەنگی یەكگرتوویان لەگەڵ حزبە نائیسلامیو چەپەكان گەڕاندەوە.
2010 ساڵێكی زێڕین بوو بۆ یەكگرتوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا یەكگرتوو بە لیستی سەربەخۆ بەشداریكرد، بۆ یەكەمجار دەنگەكانی هەڵكشا، (214 هەزارو 222) دەنگی بەدەستهێناو، (4) كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە.
لە ساڵی 2013ەوە سەردەمی پاشەكشەی یەكگرتوو دەستیپێكرد، لە هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستاندا، یەكگرتوو كورسییەكانی زیادی كرد (10 كورسی)، بەڵام دەنگەكانی پاشەكشەی كرد، لەو هەڵبژاردنە دەنگەكانی یەكگرتوو بۆ (186 هەزارو 741) دەنگ دابەزی.
ئەم پاشەكشەیە بەردەوام بوو، ساڵی 2014 ژمارەی دەنگەكانی یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ (155 هەزارو 92) دەنگ دابەزی.
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە ئەیلولی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، یەكگرتوو بە لیستی هاوبەش لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداریكرد، لەم هەڵبژاردنەدا پرسی یەك لیستیی ئیسلامییەكان شكستیهێناو یەكگرتوو بەتەواوەتی بووە هێزێكی بچوك، ژمارەی دەنگەكانی ئەم حزبە بۆ (79 هەزارو 913) دەنگ دابەزی، بەبەراورد بە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، رێژەی دەنگەكانی یەكگرتوو (120%) دابەزی، كورسییەكانیش بەڕێژەی (50%).
پاشەكشە بۆچی؟
لەدوای هەڵبژاردنی ئەیلولی رابردووی پەرلەمانی كوردستانەوە، سەركردایەتی یەكگرتوو بەیاننامەیەكی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، بەفەرمی دانی بەوەدانا شكستیهێناوەو بەرپرسیارێتییەكە دەگرێتەئەستۆ، ئەمە هەنگاوێكی دروست بوو، دوبارەكردنەوەی نەریتی پارتە سیاسییەكانی خۆرئاوا بوو دوای هەڵبژاردنو شكست.
(درەو میدیا) لە یادی دامەزراندنی یەكگرتوودا لە رۆژی 6ی شوباتی ئەمساڵ، بەدواداچوونی بۆ هۆكارەكانی پاشەكشەی ئەو حزبە لە هەڵبژاردندا كرد، بەپێی زانیارییەكان، سەركردایەتی یەكگرتوو تەنیا وەكو نیشاندانی فەزیلەتێك دانیانیان بە كەموكورتی خۆیان وەكو هۆكاری شكستی هەڵبژاردندا ناوە، بەشێوەی كرداری هیچ هەنگاوێكی ئەوتۆ نەنراوە بۆ دەستنیشانكردنی هۆكارەكانی پاشەكشێكردنو تائێستا روئیایەكی رون نییە بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخەی ئەو حزبە پێیدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەمڕۆ لە وتارەكەیدا سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری حزبەكە وتی:" كۆنگرەی هەشتەم بۆیە شەش مانگ لە وادەی دیاریكراوی خۆی پێشخراوە، بۆئەوەی حزب پێداچوونەوە بە هۆكاری شكستەكانی لە هەڵبژاردندا بكات".
بەشێوەیەكی گشتی دەتوانرێت هۆكاری پاشەكشەی دەنگەكانی یەكگرتوو لەم خاڵانەدا كورتبكرێتەوە:
• دواكەوتن لە بڕیاردان لەسەر وەختی رودانی روداوە سیاسییەكانو لە هەندێك باردا ناڕوونی هەڵوێستی یەكگرتوو لەسەر پێشهاتەكان (ئەمە بوەتە كێشەیەكی ئەزەلی بۆ یەكگرتوو، دەربازبون لێی بوەتە كارێكی ئەستەم).
• سەركردەكانی ئەم حزبە هەمیشە چارەنووسی حزبەكەی خۆیان خستوەتە گرەوی پاراستنی یەكڕیزی (بەتایبەتیش یەكڕیزی یەكێتیو پارتی)، هەمیشە پێگەی سیاسی حزبەكەیان كردوەتە قوربانی ترسی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆو ململانێی چەكداری دوو پارتە دەسەڵاتدارەكە.
• هەنگاو نەنان پێ بەپێی گەشەی فكری كادیرانی حزبو ئیدارەنەدانی توانای لاوان، كە بنچینەو كۆڵەكەی سەرەكی حزبەكە بوون لەسەرەتاوە تائێستا، بەجۆرێك وای لێهاتووە یەكگرتوو وەكو كارگەیەك بۆ پێگەیاندنی كادری حزبی بۆ پارتە سیاسییەكانی تر تەماشادەكرێت.
• دروستبوونی جیاوازی چینایەتی لەنێوان توێژی سەرەوەی بەرپرسانی یەكگرتوو و كادیرانی خوارەوە، یەكگرتووەكان هەمیشە لە خوارەوە قوربانیان داوەو توێژەكەی سەرەوە بەروبومەكەیان چنیوەتەوە، زۆرێك لەو بەرپرسانەی یەكگرتوو كە پۆستی حكومی و پەرلەمانیان وەرگرتووە، دوای تەواو بوونی كارەكانیان و زامنكردنی سەرچاوەی بژێوی باش، لە كاری حزبی كشاونەتەوە خەریكی بازرگانین، یاخود وازیان لە حزب هێناوەو چونەتە ناو حزبی ترەوە.
• یەكلاینەكردنەوەی هێڵی كاركردنی حزب لەنێوان كاری بانگخوازییو كاری سیاسیدا، یاخود نەتوانراوە هەردوو بوارەكە وا لێبكرێت لەیەك بازنەو لەچوارچێوەی بەرژەوەندی حزبەكەدا بسوڕێنەوە، وەك ئەمە نەكراوە، نەتوانراوە ئەو دوو كایەیە بەتەواوەتی لەیەكتری جیابكرێتەوە.
• یەكێك لە روخسارە گەشەكانی یەكگرتوو هاوسەنگی بنكەی جەماوەریەتی لە هەردوو زۆنی سەوزو زەرد (بادینان)، یەكگرتوو لەپێناو پاراستنی ئەم هاوسەنگییەدا قوربانی زۆری داوە، بەڵام بەقەبارەی قوربانییەكانی، دەستكەوتی سیاسی نەچینوەتەوە، سەركردەكانی ئەو حزبە نەیانتوانیوە وەك پێویست سود لەم خاڵی هێزە وەربگرن.
• لاوازی بنكەی جەماوەری یەكگرتوو لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، ئەمە لە حاڵێكدایە تەواوی سەنگی سەركردایەتی یەكگرتوو و راگەیاندنەكەی لەو شارەدایە.
• لاوازی گوتاری ئیعلامی یەكگرتوو ئیسلامی، ئەمە لە حاڵێكدایە كە زۆرینەی ئەو میدیاكارانەی ئێستا میدیای لایەنە سیاسییەكانی تر بەرێوەدەبەن، لە كارگەكەی یەكگرتووەوە بەرهەمهێنراون.
• یەكگرتوو لەسەرەتای دامەزراندنییەوە خاوەنی تۆڕێكی رێكخستنی بەهێز بوو كە كاری لەسەر خێزان دەكرد، ئەم ساڵانەی دوایی لەم بوارەشدا پاشەكشەی كردووە.
• لەڕووی ئابوریو سەرچاوەی داراییەوە دوای 25 ساڵ تەمەن، هێشتا نەیتوانیوە ئابورییەكی خۆبەڕێوەبەر دروستبكات، لەسەرەتای درووستبونییەوە یەكگرتوو سودی لە كۆمەكی رێكخراوە خێرخوازییەكانی وڵاتانی دەرەوە وەردەگرت، لەدوای راگەیاندنی جیهانی "شەری تیرۆر"ەوە، زۆرێك لەو سەرچاوە داراییانەی لەدەستداوە، ئەوەش بەهۆی سەختی حەواڵەی دارایی رێكخراوە ئیسلامییەكانەوە، كۆكردنەوەی ئابونەوە لە كادرانی حزب، سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی یەكگرتوو بووە، ئەم سەرچاوەیەش ئێستا لاواز بووە.
• یەكلانەبوونەوەی سیاسەتی یەكگرتوو لەگەڵ یەكێتیو پارتی وەك دوو لایەنی دەسەڵاتدار، نەبوونی میكانیزمێكی روون بۆ روبەروبونەوەی گەندەڵیو پرسی چاكسازیكردن، بەجۆرێك وای لێهاتووە ئێستا خەڵكو دەنگدەر چاوەڕێی هیچ موفاجەئەیەكی سیاسی لە یەكگرتوو ناكات.
• پێشكەش نەكردنی نمونەیەكی جیاواز لە كاری پەرلەمانیو حكومیدا.
• سیاسەتی یەكگرتوو لەدوای دەركەوتنی ئۆپۆزسیۆنەوە، جۆرێك لە سەرلێشێوانی پێوە دیارە، ئەم حزبە پێگەی خۆی لەناو گەمە سیاسییەكاندا نادۆزێتەوە، هەمیشە چاوەڕێی تەواوبونی یاری ئەوانی تر دەكات، لەسەر بنەمای ئەوە بڕیار لەسەر رۆڵی خۆی دەدات.
• یەكگرتوو لەسەرەتای دروستبوونییەوە وەكو درێژكراوەی رەوتی ئیخوان (اخوان المسلمین) نمایشكرد، بەمدواییانە لەم پرسەشدا دووچاری گێرمەو كێشە بووە، هەندێك داوای كۆتاییهێنان بەو ئەڵقەی پەیوەندییە لەگەڵ ئیخوان دەكەن، هەندێكی تر هێشتنەوەی پەیوەندی بە پێویست دەزانن، پابەندبوونی یەكگرتوو بە خەتی ئیخوانەوە لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانی دەرەوە، ئەو حزبەی كۆتو بەند كردووە.
• نەبوونی بەرچاوڕونی لەبارەی پێشهاتە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستانو عێراقو ناوچەكەوە یاخود وەكو ئەوەی ئەمڕۆ لە وتارەكەیدا سەلاحەدین محەمەد بەهادین وتی"واقیعە كوردییەكەمان باش نەخوێندوەتەوە".
كۆنگرەو یەكگرتوو
خاڵی سەركەوتنو گەشانەوەی یەكگرتوو لە كۆنگرە حزبیەكانیدایە، ئەم حزبە لەدوای راگەیاندنییەوە لە 6/2/1994وە تاوەكو ئێستا بەردەوام بەبێ دواكەوتنێكی زۆرو بەپێچەوانەی حزبەكانی ترەوە هەموو كۆنگرەكانی لەوادەی خۆیدا كردووە.
لە كۆنگرەی شەشەمدا كە لە ساڵی 2012 بەڕێوەچوو، یەكگرتوو داهێنانێكی نوێی كرد، تەواوی كۆنگرەكەی بە پرۆسەی دەنگدانیشەوە بەشێوەی راستەوخۆ بۆ خەڵكی كوردستان پەخشكرد، ئەوە یەكەمجاربوو لە هەرێمی كوردستان حزبێك بەوشێوەیە ناكۆكیو بۆچونە جیاوازەكانی ناو كۆنگرەكەی بۆ خەڵك پەخشبكات، كۆنگرەی ئەمڕۆشی لە میدیاكەیەوە پەخش كرد، بەڵام هەندێكجار دەنگی پەخشە راستەوخۆكەی رادەگرت بەتایبەتیش لەكاتی رودانی ناڕەزایەتی ئەنداماندا.
ناكۆكیەكانی ناو یەكگرتوو بەشێوەیەكی كەم دەكەونە بەردەست میدیاكان، پتەویی رێكخستنو پەیكەری رێكخراوەیی یەكگرتوو وایكردووە ناڕازییەكان، نەتوانن بە ئاشكرا بۆ میدیاكان باس لە ووردەكاری بۆچوونە جیاوازەكانو كێشەو گرفتەكانی حزبەكەیان بكەن، رەنگە پابەندبوونی ئایینیو پەروەردەیی ئەو حزبە، پاڵنەری سەرەكی بێت لەم بوارەدا.
هەر پرسی كۆنگرەدا یەكگرتوو لە كۆنگرەی شەشەمی خۆیدا رەچەشكێنیەكی تری كرد، كاتێك بۆ یەكەمجار لە دوای راگەیاندنییەوە، سەلاحەدین محەمەد بەهادینی لە ئەمیندارێتی حزب لابرد، بەڵام لەم رەچەشكێنیەدا شكستی هێناو دوای چوار ساڵ جارێكی تر سەلاحەدین بەهادین گەڕایەوە بۆ ترۆپكی حزب، لەماوەی (25) ساڵی تەمەنی یەكگرتوودا (21) ساڵی سەلاحەدین بەهادین ئەمیندار بووەو تەنیا بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەو پۆستەی جێهێشتووە كە (محەمەد فەرەج) ئەو چوار ساڵەی بەڕێوەبردووە.
دۆخی سەختی دارایی حزب، تەوەری سەرەكیو ئاشكرای كۆنگرەی هەشتەمی یەكگرتوو بوو، هەردوو كاندیدە سەرەكییەكە پرۆژەی خۆیان بۆ رزگاركردنی حزب لە قەیرانی دارایی خستەڕوو، سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین وتی:" یەكێك لە گرفتە بەردەوامەكانی ئێمە مەسەلەی داراییە، بڕیارمانوایە لەم خولەی داهاتوودا گەورەترین ئیش لەسەر مەلەسەی داراییو وەبەرهێنانو جوڵەی ئابوری بكەین"، ئەبوبەكر كاروانی-یش وەكو كاندیدی پۆستی ئەمیندار زیاتر جەختی لەسەر دۆخی دارایی حزب كردوو وتی:" ئەولەویەتی سەركردایەتیو ئەمینداری گشتی داهاتوو ئەبێت دروستكردنی ژێرخانێكی ئابوری بێت.. ناكرێت حزبێك هەتاسەر لەسەر یارمەتی ئەملاوئەولا بژی".
كاروانی لەبارەی چۆنیەتی چارەسەری قەیرانی دارایی پێشنیازێكی خستەڕوو، پێشنیازەكە بەرووی دیارینەكردووە كە چۆن حزب لە قەیرانی دارایی رزگار دەكرێت، تەنیا دەڵێ" لە مەسەلەی مادیدا ئێمە ئەبێت ماوەیەك هەندێك ئازار تەحەمول بكەین، یەكگرتوو زۆر كێرڤی لە مەلەسەی ماڵیدا هاتوەتە خوارەوە.. بەدوو قۆناغ مەسەلەی مالی چارەسەربكەین: قۆناغی یەكەم/ بە سودوەرگرتن لە حەجمی تەنزیمی یەكگرتوو، بە دووبارە رێكخستنەوەی یەكگرتوو، یەكگرتوو وا لێبكەین ئەگەر كەسێك یەك فلسی پێنەدا، یەكگرتوو نەكەوێت. قۆناغی دووەم/ ژێرخانێكی ئابوری حەقیقی بۆ ئەم حزبە دروستبكەین، ئەوە وردەكاری زۆرە، ناڕۆین بۆ وردەكارییەكە".
یەكێك لە پرسە كێشە لەسەرەكانی تری كۆنگرەی هەشتەمی یەكگرتوو، بابەتی جیاكردنەوەی بانگەوازی ئاینیی (دەعوە)یە لە سیاسەت، هەردوو كاندیدەكە قسەی خۆیان لەوبارەیەوە كرد، بەڵام هیچ بڕیارێكی كۆتایی نەدراوە.
كۆنگرەی هەشتەمی یەكگرتوو، بەبەشداری (900) ئەندام بەڕێوەدەچێت، تێیدا لە كۆی (43) ئەندام، كۆنگرە (27) ئەندامی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێت، ( 16) بەرپرسی مەڵبەند راستەوخۆ دەبنە ئەندامی سەركردایەتی.
میدیای فەرمی یەكگرتوو، بەمشێوەیە كورتەی چیرۆكی (7) كۆنگرەی رابردووی حزبەكەی گێڕاوەتەوە:
كۆنگرەی یەكەم
یەكگرتوو لە هەوڵی بەستنی كۆنگرەی یەكەمدابوو لە (مانگی 1/1994)، بەڵام بەهۆی شەڕی ناوەخۆوە نەتواندرا كۆنگرەكە لە كاتو شوێنی خۆی ببەسترێت، ئەوە بوو رێكخستنەكانی دابەشكرد بۆ (9) بازنەی هەڵبژاردن كەلە (727) ئەندام پێكهاتبوون.
لە هەر ناوچەیەك كاندیدی خۆیان هەڵبژارد كە ژمارەی هەڵبژێردراوەكان (131) كەس بوو لە هەرچوار پارێزگای كوردستان (سلێمانی و هەولێر و دهۆك و كەركوك)، لە دوو كۆنفرانسی جیادا كە لە هەولێر و سلێمانی بەستران، (15) ئەندام و (3) یەدەك بۆ شورای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەڵبژێردران. بەڵام ئیعلانكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كەوتە (6/2/1994)وە.
كۆنگرەی دووەم
پاش بەڕێوەچوونی كۆنفرانسەكانی رێكخستن لە سەرجەم مەڵبەندەكانی شارەكانی كوردستان، رۆژی (20/8/1996) دەستنیشانكرا بۆ ئەوەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆنگرەی دووەمی خۆی ببەستێت، ئەوەبوو لە شاری هەولێر (هۆڵی میدیا) دیاریكرا بۆ بەڕێوەچوونی كۆنگرە، كە سێ رۆژی خایاندو ژمارەی ئەندامانی كۆنگرەش لە (250) كەس پێكهاتبوو، كە (20) ئەندام بۆ شورای ناوەندی یەكگرتوو دەرچوون، لە دوای ڕاپەرین بۆ یەكەمجار لە كۆنگرەی حیزبەكانی كوردستان رێكخراوی یەكگرتووی خوشكانی ئیسلامی كوردستان توانی بە (3) ژن بگەنە پلەی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو.
كۆنگرەی سێیەم
بۆ كۆنگرەی سێیەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رۆژی (3/9/1999) دەست نیشانكرا لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت، بۆ تاوتۆی كارەكانی كە تەواوی ژمارەی ئەندامانی كرنگرە (350) كەس بوو، كە (84) ئەندام كۆنگرە خۆیان پاڵاوت بۆ ئەوەی دەنگ بۆ (25) كەس بدەن بۆ هەڵبژاردنی شورای ناوەندی، دواتر زیادكرا بۆ (30) ئەندام كە (3) ئەندامیان ژن بوو.
كۆنگرەی چوارەم
لە كۆنگرەی چوارەمدا ئامادەكارییەكان بۆ ماوەیەك دواكەوت بەهۆی گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە، بەتایبەتی شەڕی ئەمریكا لەگەڵ ڕژێمی حیزبی بەعس و گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق، ئەم گۆڕانە گەورەیە نەبووە كۆسپ بۆ ئەوەی كۆنگرەی چوارەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان نەبەسترێت، ئەوەبوو رۆژی سێ شەممەی بەرواری (30/4/2005) شاری هەولێر دەست نیشانكرا بۆ بەستنی كۆنگرە.
ژمارەی ئەندامانی كۆنگرەی چوارەم (490) كەس بوو كە (35) یان بە ئەندامی شورای ناوەندی هەڵبژێردران، لەم كۆنگرەیەدا رێژەی ژنان زیادیكرد بۆ (5) ئەندامی شواری ناوەندی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان.
كۆنگرەی پێنجەم
بۆ بەڕێوەچوونی كۆنگرەی پێنجەم رۆژی (1/5/2008) شاری هەولێر دەست نیشانكرا، كە ژمارەی ئەندامانی كۆنگرە (538) كەس بوو، هەر لەم كۆنگرەیەدا بڕیاردرا ناوی شورای ناوەندی بگۆڕدرێت بۆ سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە (79) كەس لە برایان و خوشكان خۆیان پاڵاوت (35) كەس بوونە ئەندامی سەركردایەتی.
لەم كۆنگرەیەدا رێژەی ژنان (5) لە ئەندامی سەركردایەتی بوون و (3) یان لە مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو بوون.
كۆنگرەی شەشەم
كۆنگرەی شەشەم خاڵی وەرچەرخانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەماوەی كاری نهێنی و (18) ساڵی ئیعلانكردنیدا ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین) بڕیاری خۆ نەپاڵاوتنەوەی دا بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی لەم كۆنگرەیەدا، چونكە سستمی كۆتا جێگیر كرا بۆیە (9) ژن لەسەركردایەتی (پێنجیان بەدەنگی خۆیان سەركەوتن)و (سێ)یان لەمەكتەبی سیاسی بوون و (دوانیان) بەدەنگی خۆیان سەركەوتن). لە دەستەی باڵاش دوو ژن دەرچوون چونكە كۆتا هەبوو لە (9) ئەندام (دوانیان) ژن بوو.
بۆ كۆنگرەی شەشەم بڕیاردرا لە شاری هەولێر رۆژی سێ شەممە بەرواری (1/5/2012) بە ئامادەبوونی (750) ئەندام كۆنگرە كارەكانی خۆی بەرێوەبردو هەڵبژاردن بۆ (35) ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو كرا، هەر لەم كۆنگرەیەدا رێژەی ژنان بۆ (9) ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەرزبویوە.
كۆنگرەی حەوتەم
كۆنگرەی حەوتەم لەڕۆژانی ( 28-29 ) /5 / 2016 لەشاری هەولێر بەئامادەبونی ( 1127 ) ئەندام بەسترا. لەو كۆنگرەدا ئەمینداری پێشوی یەكگرتوو (سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین) لەسەر داوای یەكگرتووەكان ئامادەیی دەربڕی جارێكی دیكە خۆی بپاڵێوێتەوە بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی، ئەوەبوو لەناو هۆڵی كۆنگرە بەڕێزیان خۆی پاڵاوت بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی، لەبەرامبەردا ئەمینداری گشتی ئەوكات مامۆستا (محمد فەرەج) وەك ڕێزو تەقدیرێك بۆ خۆپاڵاوتنەوەی (سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین)، بەشێوەیەكی ئارەزومەندانە لەناو هۆڵی كۆنگرە رایگەیاند كە خۆی ناپاڵێوێتەوە بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی، بەمشێوەیە (سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین) جارێكی تر لەكەش و هەوایەكی برایانەدا بەئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی هەڵبژێردرایەوە.
لە كۆنگرەی حەوتەم (35) ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردران، (9) ئەندامیان لە ژنان بوون، هەروەها (9) ئەندامیش بۆ دەستەی باڵای بەدواداچوون هەڵبژێردران كە (2) ئەندامیان ژن بوون.