راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت قسەیەكی موحسین رەزایی فەرماندەی سوپای پاسداران لەبارەی جەنگی عێراق- ئێران، چەند رۆژێكە لەناو شەقامو لەسەر ئاستی بەرپرسان لە ئێران كاردانەوەو مشتومڕی دروستكردووە. لە 32 هەمین ساڵڕۆژی ئۆپەراسیۆنی "كەربەلای 4"، موحسین رەزایی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" بە ئۆپەراسیۆنی كەربەلای چوار وامان لە دوژمن كرد وابزانێت ئۆپەراسیۆنی ساڵانەی ئێمە تەنیا ئەو ئۆپەراسیۆنە بووە.. ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 4 بۆ هەڵخەڵەتاندنی دوژمن بوو". ئەم قسانەی موحسین رەزایی هەرزوو لە سەر ئاشتی شەقام كاردانەوەی لێكەوتەوە، زۆرێك لەوانەی كە كەسوكاریان لەو ئۆپەراسیۆنەدا كوژاوە، رەخنەی توندیان لە فەرماندەی سوپای پاسداران گرتو پرسیاری ئەوەیان كرد" ئایا كەسوكاری ئەوان كە لە ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 4دا كوژراون، تەنیا لەپێناو هەڵخەڵەتاندنی دوژمن بەكوشتدراون ؟". كاردانەوەكان تەنیا لەسەر ئاستی خەڵكو شەقام نەمایەوە، ژمارەیەك بەرپرسانی باڵای وڵاتیش وەڵامی قسەكانی موحسین رەزاییان دایەوە، لەوانە وەزیری تەكنەلۆژیا. كاردانەوە توندەكان دوای سێ رۆژ لە نوسینی تویتەكە، موحسین رەزایی ناچاركرد رونكردنەوەی زیاتر بدات، ئەو بەشداری لە بەرنامەیەكی بەیانیانی تەلەفزیۆنیدا كرد بەناوی "حالا خورشید"، لەو بەرنامەیەدا باسی لەوەكرد، قسەكانی سەبارەت بە "كەربەلای 4 تەنیا شیكاری بووە". رەزایی وتی:" هەموو جەنگەكانی جیهان بەشێكیان جەنگی فریودانن، كەربەلای 4 ئۆپەراسیۆنێك نەبوو بۆ فریودان، بەڵام دواتر وای لێكرا وا دەربكەوێت كە ئۆپۆراسیۆنێك بووە بۆ فریودان". قاسم سلێمانی قسەی خۆی كرد لەهەمان بەرنامەدا قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسو یەكێك لە گەورە فەرماندەكانی سوپای پاسداران لە جەنگی عێراق- ئێران بەتەلەفۆن قسەی كرد، ئەو 20 ساڵ دوای ئەو جەنگە ئێستا كەسێكی كاریگەرو دەستڕۆشتووی ئێرانە لەناو عێراقدا. لەبەرنامەكەدا قاسم سلێمانی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ وەڵامی موحسین رەزایی دایەوەو ئاماژەی بەوەكرد" كەربەلای 4 ئۆپەراسیۆنی سەرەكی ئێران بوو لە ساڵی 1987، بەڵام سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 5 وایكرد عێراق گومان بكات كە كەربەلای 4 ئۆپەراسیۆنێكی لاوەكی بووە". قاسم سلێمانی كە لە هەردوو ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 4 و 5دا فەرماندەی لەشكری "سارەڵڵا كرمان" بووەو لەشكرە فەرماندەی هەردوو ئۆپەراسیۆنەكەی كردووە باسی لەوەكرد" چەندین مانگ بوو كە كار لەسەر ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 4 دەكرا، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنەش هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی تری وەكو رەمەزانو فەجر بەو ئەنجامانە نەگەیشت كە بۆی دانرابوو". بەپێی قسەی قاسم سلێمانی، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 5 لە ماوەی 15 رۆژ دوای شكستهێنانی كەربەلای 4 وایكردووە عێراق غافڵگیر ببێت، بەوپێیەی كەربەلای 4 ئۆپەراسیۆنێكی ئاڵۆزتر بووەو "گەورەترین سەركەوتنی بەدیهێناوە". قاسم سلێمانی وتی" سەرباری ناڕەزایەتی زۆرینەی فەرماندەكانی سوپا لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 5، بەڵام سوربوونی عەلی ئەكبەری هاشمی رەفسنجانی فەرماندەی جەنگەكە، وایكرد ئۆپەراسیۆنەكە ئەنجام بدرێتو "بڕیارێكی دروستیش بوو". هەم موحسین رەزاییو هەم قاسم سلێمانی جەختیان لەسەر ئەوەكرد كە ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 4 بەتەنیا ئۆپەراسیۆنێك نەبووە بۆ فریودانی سوپای عێراق، بەڵكو جۆرێك لە مەترسیو سەرچڵیشی تێدایە. موحسین رەزاییو قاسم سلێمانی لە رۆژانی جەنگی عێراق- ئێران كەربەلای 4 چی بوو؟ ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 4 لە رۆژی 5ی مانگی كانونی دووەمی 1987 ئەنجامدرا بە ئامانجی دەستگرتن بەسەر بەسرەدا. ئەم ئۆپەراسیۆنە لەژێر ناوی "محمد رسول اللە" لە میحوەری "ابوالخصیب"وە دەستیپێكرد، بەڵام هێرشەكە شكستیهێناو هێزەكانی ئێران ناچار بە پاشەكشێ كران. لەم هێرشە شكستخواردووەدا، سوپای پاسداران گەورەترین زیانی بەركەوتو (هەزار) سەربازی كوژراو (11) هەزاری برینداربوون، (3 هەزارو 900)یش سەرباز بێسەروشوێن بوون. كۆچكردوو رەفسنجانی لەگەڵ ئایەتوڵا خومەینی رەفسنجانی چی دەڵێ ؟ مشتومڕ لەبارەی ئۆپەراسیۆنی كەربەلای چوار نوێ نییە، ساڵی رابردوو كاتێك تەرمی ژمارەیەك لە ژێرئاوگەڕەكانی سوپای پاسداران لەو جەنگە گەڕێندرایەوە بۆ ئێران، جارێكی تر پرسیار لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە سەریهەڵدا، ساڵانە لە یادی ئەو شكستەدا قسەوباسی جیاواز دەكرێت، قسەكانی ئەمساڵی موحسین رەزایی كەسوكاری كوژراوەكانی ئەو شەڕەی بەتەواوی توڕەكرد، تا ئەو رادەیەی هەڕەشەیان كرد لە دادگا سكاڵای یاسایی لەسەر رەزایی تۆمار بكەن. قسەكانی موحسین رەزایی لەبارەی ئامانجی كەربەلای 4 كە بەوتەی ئەو " بۆ فریودانی دوژمن" بووە، شتێكی نوێ نەبوو، چونكە كۆچكردوو عەلی ئەكبەر رەفسنجانی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم كە هاوكات فەرماندەی هەشت ساڵی جەنگی ئێران بووە لەگەڵ عێراق، ساڵی 2006 لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی "ئیسنا" لەبارەی كەربەلای 4وە وتبووی" دوای ئەوەی ئۆپەراسیۆنەكە شكستیهێنا، بۆ ئەوەی ورەی سەربازان نەڕوخێت وتمان ئەوە تەنیا ئۆپەراسیۆنێك بووە بۆ فریودان، بە بڵاوكردنەوەی ئەو قسەیە سەرمان لە دوژمنیش شێواند".
( درەو میدیا ) ئەمڕۆ لە شاری هەولێر ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لایەنی كەركوك كۆبونەوەو تیایدا باسیان لە بارودۆخی كەركوك و چۆنیەتی ئاساییكردنەوەی ئەو پارێزگایەكرد، لەناو كۆبونەوەكەدا كەمال كەركوكی پێشنیازی ئەوەی كردووە كە "پێویستە كەسێكی بێلایەن بكرێتە پارێزگاری كەركوك" بەتایبەت پێشنیازی "عەبدولڕەحمان سدیق وەزیری پێشوتری ژینگەی عێراق و ئەندامی پێشوی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو"ی كردووە بۆ پارێزگاری كەركوك. كۆبونەوەكە بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بووە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا كەمال كەركوكی رایگەیاند: كەركوك داگیركراوەو بەبێ ئاڵای كوردستان ناچینەوە كەركوك . لەلایەكی ترە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەگەڵ كوتلە سیاسەكانی كەركوك كۆبونەوە بەتایبەت عەرەب و توركمانەكان، راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوەو تیایدا رێكەوتن لەسەر بەخشینی رێبوارتاڵەبانی لە جێگری سەرۆكی ئەنجومەن و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە وەكالەت و دانانی جەمال مەولود وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە دەبێتە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت ( وەك بەتەمنترین ئەندام). بڕیارە رۆژی 8/1/2019 ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆبونەوەی ئاسایی بكات و تیایدا ئەو خاڵانە جێبەجێ بكات. ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە لە 41 ئەندام پێكهاتووەو هەڵبژێردراوی ساڵی 2005 ە 6 ئەندامی عەرەب و 9 ئەندامی توركمان و 26 ئەندامی لیستی برایەتیە، كە لە ئێستادا 12 ئەندامی پارتیەو 3 ئەندامی یەكگرتوو 6 ئەندامی یەكێتی و دوو ئەندامی شیوعی و عەرەبێك و توركمانێك و مەسیحیەكە.
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ هاوینی ساڵی 2006 یەكەی 515ی سەر بە پۆلیسی سەربازی ئەمریكی لە عێراق جگە لە پاسەوانیكردن لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ناوچەی سەوز یان جارجار هاوڕێیەتیكردنی كاروانێك هیچ ئەركێكی تری نەبوو، بەڵام لە كۆتایی ئەو ساڵەدا ئەركی ئەو یەكەكە وەرچەرخانێكی گرنگی بەخۆیەوە بینی و ئەركی پاراستی " زیندانێكی زۆر گرنگی" خرایە ئەستۆ، ئەوەش ئەو زیندانە بوو كە سەددام حسێن سەرۆكی پێشووتری عێراقی تێدابوو. ئەفسەرێكی سوپای ئەمریكی بەناوی " ویڵ پاردنوێربەر" لە كتێبەكەیدا بەناوی " سەددام حسێن و پاسەوانە ئەمریكییەكانی، زیندانییەك لەناو كۆشكەكەیدا". بەمشێوەیە باس لە پەیوەندیی نێوان سەددام حسێن و ئەو 12 پاسەوانە دەكات كە لەو زیندانەدا لەگەڵیدا ژیاون. " دیداری سیمبوڵی خراپەكاری" یەكێك لە پاسەوانەكان بۆ یەكەمجار كە رووبەڕوو بینی، لە دەموچاوی سەددام حسێن وردەبووە لە كاتێكدا ئەو لە خەوێكی قوڵدا بوو، هەرچەندە ئەو بەتەواوەتی سەدامی دەناسی بەهۆی ئەو ژمارە زۆرە لە هەواڵ و وێنەكەی كە لە لاپەڕەكانی رۆژنامە و گۆڤارەكاندا بڵاودەكرایەوە. لەو ماوەیەدا كە دادگاییكردنی سەددام حسێن لە دادگایەكی عێراقی كە ئەمریكا دایمەزراندبوو بەڕێوەدەچوو، لە زیندانییەكەوە كە لە یەكێك لە كۆشكەكانی سەر رووباری دیجلە بوو دەگوازرایەوە بۆ دادگا و یەكەی 515 بەرپرس بوو لە پاراستنی ژیانی و گەرەنتیكردنی سەلامەتی. ئەو گروپەی كە پاسەوانی سەددامیان دەكرد ناوی " سۆپەر 12" یان لە خۆیان نابوو، ئەركەكەیان بریتی بوو لە شەونخونیكردن بۆ سەلامەتی " سیبموڵی جەمسەری خراپەكاریی" بە گوێرەی پۆلێنكردنی ئەمریكا لەو كاتەدا، واشنتۆن زۆر بە پەرۆش بوو كە گیانی سەددام بپارێزێت و گەرەنتی دادگاییكردنی بكات، چونكە ئەوە نیشانی دەدا كە پەرۆشە بۆ جێبەجێكردنی دادپەروەریی نەك تۆڵەكردنەوە. لە رۆژەكانی سەرەتای دەستگیركردنیدا كە هێشتا دانیشنی دادگاییكردن دەستی پێنەكردبوو، كات زۆر بە هیواشی تێدەپەڕین چونكە هیچی ئەوتۆ نەبوو كە لەو كاتەدا ئەنجامی بدات. لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا هەندێك پەیوەندی و هۆگری لە نێوان سەددام و پاسەوانەكاندا دروست بوو كە هیچ نیشانەیەكی " خراپەكاری" تێدا دیارنەبوو، ئەوەش بە گوێرەی یەكێك لە پاسەوانەكان و پاشان لەماوەیەكی كورتدا پەیوەندیی لە نێوان هەندێك لە پاسەوانەكان و سەددام حسێندا بۆ جۆرێك لە هاوڕێیەتی بەرەوپێشچوو. پاسەوانەكان سەریانسوڕمابوو كە سەدام حسێن لە جیاتی ژیانی نێو كۆشكە خۆشە زۆرەكان بە دۆخی دەستگیركردنی لە زیندانێكی بچوكدا قایل بوو، زۆر چێژی وەردەگرت بە دانیشتن لەسەر كورسییەكی بچوكە كە دەرەوەی زیندانەكە لەبەردەم مێزێكی بچوكدا بۆی دانرابوو، ئاڵایەكی بچوكی عێراقیشی لەسەربوو، لەسەر مێزەكە دەینوسی، جگەرەی كوهیبای كوبی گرانبەهای دەكێشا كە زۆر بە پەرۆش بوو بۆ هەڵگرتنی لە قوتوی تایبەتدا بۆئەوەی شێدارییەكەی بپارێزێت. ئەو ژوورەی سەددام تێیدا زیندانی كرابوو " بكرێوە سمسم" سەددام زۆر بایەخی بە خواردنەكانی دەدات، بە چەند قۆناغێك خواردنی دەخوارد، سەرەتا بە خواردنی هێلكەورۆن دەستی پێدەكرد و پاشان پارچەیەك شیرینی و لە كۆتاییشدا میوەی دەخوارد، ئەگەر هێلكەورۆنەكەوی بەدڵ نەبوایە رەتیدەكردەوە. زۆر گوێی لە رادیۆ دەگرت و كاتێك گوێبیستی دەنگی كچە گۆرانیبێژی ئەمریكی " ماری بلیچ" بوایە لە گەڕان بە دوای ئیزگەكاندا دەوەستا، هەروەها حەزی لە سواری پایسكیل بوو كە ناوی ناوبوو" جوانووە ئەسپ" و شۆخی لەگەڵ پاسەوانەكاندا دەكرد و دەیوت ئەو ئاسكە و لە رێگەی وەرزشكردنەوە ئێسكەكانی بەهێزدەكات, بۆئەوەی دواتر بتوانێت بەسەر دیواری زیندانەكەدا بازبدات. جارێكیان سەددام حسێن پێكەنی كاتێك گوێی لە پاسەوانەكان بوو كە هاوڕێیەكی خۆیان بە كەسایەتی "دراكۆلا" دەچوان لە زنجیرە كارتۆنی " بكرێوە سمسم" دا. هەروەها بایەخی زۆری بە ژیانی تایبەتی پاسەوانەكان دەدات ودەربارەی خێزانەكانیان پرسیاری لێدەكردن هەتا ئەو رادەیەی هۆنراوەیەكی بۆ هاوسەری یەكێكیان نوسی و ژمارەیەكی زۆر لە پاسەوانەكان ژن و منداڵیان هەبوو، گفتوگۆی لەگەڵدا دەكردن دەربارەی ئەو كێشانەی وەك باوكێك لەگەڵ منداڵەكانیاندا رووبەڕووی دەبنەوە و چەند روداێكی سەرنجڕاكێشی ژیانی خۆی بۆ دەگێڕانەوە. ئەو كۆشكەی كە سەددام لەكاتی دادگاییكردنیدا تێیدا زیندانی كرابوو توڕەبوونێكی زۆر سەددام باسی لەوەكرد كە عودەی كوڕی تەقەی لەسەردانكەرانی یەكێك لە یانە شەوانەكانی بەغدا كردووە و كەسێكی كوشتووە و دەیانی برینداركردووە و پاسەوانەكان دەگێڕنەوە كە سەددام وتویەتی بەو رووداوە" زۆر توڕە بووەو ئاگری لە هەموو ئۆتۆمبیلەكانی عودەی بەرداوە" و عودەی خاوەنی ژمارەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبیلی گرانبەهای وەك رۆڵز رۆیس و فیراری و پۆرش بوو. پاسەوانێكی تر وتی سەددام باشترین پەیوەندی هەبوو لە گەڵماندا و گەیشتبوینە ئەو باوەڕەی ئەگەر لایەنگرانی بیگەنێ بۆ ئازادكردنی، ئەوا هیچ ئازارێكیان بە ئێمە نەدەگەیاند، چونكە پەیوەندی زۆر باشمان لەگەڵیدا هەبوو. سەددام لە میانی دانیشتنەكانی دادگادا كەسایەتییەكی تر بوو، زۆر بەتەنگ بەرگریكردن بە خۆی نەبوو، بەڵكو وا قسەی دەكرد كە قسەكانی ئاراستەی ئەو كەسە بكات كە دواتر مێژوو دەنوسێتەوە و تیشك دەخاتە سەر ئەو میراتەی بەجێهێشتووە. ئەنجامی دادگاییكردنەكە نیمچە یەكلاییكراوەبوو، هەمووان ئەو راستییەیان دەزانی كە رووبەڕوووی مردن دەبێتەوە، بەڵام كاتێك لە دانیشتنەكانی دادگا دەگەڕایەوە دەبووە بە كەسایەتییەكەی پێشووی و بەشێوەیەك رەفتاری دەكرد، وەك ئەوەی باپیری پاسەوانەكان بێت. ساتێكی دژوار نوسەری كتێبەكە " ویڵ پاردنۆربەر" دەڵێت هەر 12 پاسەوانەكە زۆر پیشەیی و مرۆڤانە ئەركەكانیان جێبەجێدەكرد، سەرەڕای ئەو دۆخە خراپ و دژوارەی لەو كاتەدا باڵی كێشابوو ،" هەرچەندە ئەو گەنجانە هیچ مەشق و راهێنانێكیان دەربارەی مامەڵەكردن لەگەڵ زیندانییەكی لەو جۆرەدا نەكردبوو، بەڵكو هاوشێوەی ئەندامانی هێزی پۆلیسی سەربازی مەشقیانكردبوو لەسەر شێوازەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ زیندانییە سەربازەكان نەك سەرۆكی پێشووی دەوڵەتێك". نوسەرە ئەمریكییەكە روونیدەكاتەوە كە ئاڵنگاریی و كێشەكان كە رووبەڕووی ئەو پاسەوانانە بوونەوە هەرچییەك بوون ناگەنە ئەو ساتە دژوارەی كۆتاییهاتنی ئەركەكەیان، هەستكردن بەوەی كە رۆڵێكت بینیوە لە مردنی كەسێك كە ناسیوتە و بۆماوەیەك لەگەڵیدا ژیاویت زۆر كاریگەرترە لە تەقەكردن لە مەودایەكی دوورەوە لە كەسێك كە نایناسیت، ناڵێم كە تەقەكردن لە كەسێك كارێكی ئاسانە، بەڵام زۆر جیاوازە لەگەڵ ژیان لەگەڵ كەسێكدا بە درێژایی چەندین كاتژمێر وەك ئەو پاسەوانانە كە لە كۆتاییدا رادەستی كەسانی تریان كرد بۆئەوەی بیكوژن". دوا ساتەكانی سەددام حسێن لەگەڵ پاسەوانەكانیدا ئەو رۆژە بوو كە سزای لە سێدارەدانی بەسەر جێبەجێكران سەددام باوەشی بەو پاسەوانانەدا كرد كە رادەستی ئەو كەسانەیان كرد كە ئەركی جێبەجێكردنی لە سێدارەدانەكەیان لە ئەستۆدا بوو، لە كۆتاییدا ئەوە پرسێكی ناوخۆیی عێراقە، نوسەرەكەی وادەڵێت، پاسەوانەكان پرۆسەی لەسێدارەدانەكەیان نەبینی، بەڵام تاریكاییەكەیان بینی و گوێیان لە دەنگی كردنەوەی ئەو دەرگایە بوو كە سەددام لەسەری وەستابوو، لەگەڵ بەربوونەوەی و دەنگی شكانی گەردنی. بچوكترین پاسەوان سەربازێك بوو بەناوی ئادەم رۆجەرسۆن، تەمەنی 22 ساڵ بوو، رۆجەرسۆن لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵیدا سەرەتای 2018 باس لە ساتەكانی كۆتایی پێش لەسێدارەدانی سەددام دەككات و دەڵێت:" رۆژێكی زۆر غەمناك بوو، دوای نەمانی دەنگە دەنگ و قەرەباڵغی زانیمان ئێمە لە ناوچەیەكی پارێزراو سەلامەتین و ئیتر هیچ كەس نایات بۆئەوەی سەددام بەرێت. هەروەها پێش ئەوەی بچێتە ژووری لەسێدارەدان روویكردە ئێمە و ماڵئاوایی لێكردین و وتی: هەمووتان وەك هاوڕێم وابوون، هەندێم لە پاسەوانەكان گریان و منیش زۆر غەمباربووم، چەند ساتێكی زۆر ناخۆش بوون لەگەڵ كەسانی تردا شەڕم كردن لە چەندین بۆمبی چێندراو رزگاربووم، بەڵام هەرگیز ئامادەنەبووك بۆ رووبەڕوبونەوەی دۆخێكی لەو شێوەیە". سەددام لەرێگەی رادیۆوە گوێی لە دەنگی كچە گۆرانیبێژی ئەمریكی ماری پلیچ دەگرت چەند ساتێكی بارگاوی وتیشی :"دوای چوونە ژوورەوەمان، گوێبیستی هەندێك دەنگە دەنگ بووین و پاشان گوێمان لەدەنگی هاوار و كەوتنی شتێك لەسەر زەوی بوو، دوای ئەوە بینیمان لەسەرشان هەڵیانگرت، هەروەها هەندێك تفیان تێكرد و شەقیان تێهەڵدا و گوێشمان لە دەنگی تەقەبوو، چەند ساتێكی زۆر بارگاویی بوو، ئەركی ئێمە پارێزگاریكردن بوو لە كەسێك و مەشقمان لەسەر ئەوە پێكرابوو، پاسان ئەو كەسەی كە پارێزگاری لێدەكەیت رادەستی كەسانی تری دەكەین بۆئەوەی بیكوژن و دوای مردنی هەندێك شەقی تێهەڵدەن و تفی لێبكەن، هەستم بەرێز كرد بەرامبەری دوای مردنی". راشیگەیاند دادگاییكردنی سەددام لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامیدابوون بەڕێوەچوون حكومی بەسەردا درا و هیچ دژایەتییەك بۆئەوە نییە و ناڵێم كە شایانی ئەو حكومە نەبوو، بەڵام كارەكە ئاسان نییە بەلای كەسێكەوە كە تەنها لە تەمەنی 22 ساڵیدا بێت، رەنگە من بۆ ئەوە ئامادەنەبووبم، هەچەندە من ئەو كەسە نەبووم كە تەرمەكەی كەوتە سەر زەویی، بەڵام هەندێكجار و هەتا ئێستا هەستدەكەم لە هەمان ئەزموندا دەژیم. سەرچاوە: بی بی سی
راپۆرتی: فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف ئەم رۆژانە هەر وەفدێكی بیانی سەردانی هەولێر بكات، دەبێت لە سێ شوێنی جیاواز دیدار لەگەڵ سێ كەسی بنەماڵەی بارزانی بكات، ئەمڕۆ ناوەندی بڕیار لەناو پارتیدا لەبەردەم مەترسیدایە، یەكێتی لەدوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی باوكەوە دووچاری دەردی بڕیاردان بوو، بەڵام پارتی هێشتا بارزانی باوك لە ژیاندایە سەرەتای نەخۆشییەكەی تێیدا دەركەوتووە. پارتی دیموكراتی كوردستان ماوەیەكە دوچاری هەمان ئەو پەتا كوشندە بوەتەوە كە یەكێتی نیشتمانی لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانییەوە بەدەستییەوە دەناڵێنێت. بنەماڵەیەكو سێ سەر لەدوای هاتنەپێشەوەی مەسرور بارزانیو كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ناوەندی بڕیاری پارتی دابەشبووە بەسەر سێ جەمسەردا (مەسعود بارزانی- مەسرور بارزانی- نێچیرڤان بارزانی)، ئێستا هەر وەفدێكی بیانی سەردانی هەولێر بكات، دەبێت هەرسێ جەمسەرەكە ببینێت تاوەكو لە بۆچونی پارتی تێبگات . بەپێی بەدواداچونێكی (درەو میدیا) لەدوای كاندیدكردنی مەسرور بارزانییەوە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت، زۆرینەی ئەو وەفدانەی سەردانی هەولێریان كردووە، هەرسێ جەمسەرەكەی پارتییان بینیوە. رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دوو وەفدی باڵا سەردانی هەولێریان كرد: وەفدی یەكەم: كاردینال (پیترۆ پارۆلین) سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان، ئەم پیاوە لە یەك رۆژدا لە سێ شوێنی جیاواز لەگەڵ (مەسعود بارزانی- مەسرور بارزانی- نێچیرڤان بارزانی). وەفدی دووەم: (جینین هینیس بلاسخارت) نوێنەری نوێی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق سەردانی هەولێری كرد، كە بەمدواییە لە شوێنی یان كۆبیچ دەستبەكاربووە، ئەم خاتونەش بەهەمان شێوە لەیەك رۆژدا سەردانی هەرسێ جەمسەرەكەی پارتی كرد، سێ جەمسەر كە پێكهاتوون لە (باوك- كوڕ- برازا). پارتی كە لەدوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانییەوە زۆرجار تانەی لە یەكێتی دەدا بەوەی كە ناوەندێكی دیاریكراوی بڕیاری نیەو وەفدە ناوخۆییو دەرەكییەكان نازانن لەگەڵ كێو كام باڵدا قسە بكەن كە گوزارشت لە بۆچونی راستەقینەی یەكێتی بكات، ئێستا خۆی لەدوای كاندیدیكردنی مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دوچاری هەمان دەرد بوەتەوە، دەردێك كە رەنگە ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت، برینی كوشتندە لەسەر جەستەی پارتیو بڕیاری پارتی لە داهاتوودا دروستبكات. سێ جەمسەرەكەو دەسەڵات ! ئێستا پارتی بەشێوەیەكی كردەیی دابەشبووە بەسەر سێ جەمسەری بڕیاردا، هەر یەكێك لەو جەمسەرانە كۆمەڵێك كێشەو گرفتی خۆی هەیە. جەمسەری یەكەم: مەسعود بارزانی مەسعود بارزانی كە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانەو كۆڵەكەی راگری بنەماڵەی بارزانییە، بڕیاریداوە لە دەسەڵات بكشێتەوەو تەنها وەك مەرجەعێكی پارتیو بنەماڵەكەی بمێنێتەوە، بەڵام هێشتا بەتەواوەتی گۆڕەپانەكەی بۆ كوڕو برازاكەی چۆڵ نەكردووەو هاوشێوەی ئەوكاتەی كە سەرۆكی هەرێم بوو رۆڵ دەگێرێتو پێشوازی لە وەفدەكان دەكات، رەنگە هۆكارەكەی جموجوڵەكانی ئەمدواییەی بارزانی باوكو دیدارەكانی لەگەڵ وەفدە بیانییەكان پەیوەندی بە رووداوەكانی دوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017وە هەبێت، كاتێك دوای ریفراندۆم شاندە بیانییەكان بەتەواوەتی مەسعود بارزانیان بایكۆت كرد، پێدەچێت بارزانی بەر لە دانیشتنی یەكجارەكیو خانەنشینبوونی بیەوێت هەندێك لەو رۆڵە سیاسییە لەدەستچووە بۆخۆی بگێرێتەوە كە لە پێش ریفراندۆم لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە هەیبوو، هەرچەند بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) زۆرێك لە دیدارەكانی ئەمدواییەی مەسعود بارزانی، لەلایەن نێچیرڤان بارزانی رێكخراوەو برازا لەو رێگەیەوە هەوڵیداوە كەمێك خۆی لە توڕەیی مامی بەدوربگرێت. جەمسەری دووەم: مەسرور بارزانی مەسرور بارزانی كە ئێستا سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمە، هاوكات كاندید كراوە بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم، حكومەتێك كە دیارنیە كە كەیو بەچی شێوازو دەسەڵاتێكەوە پێكدێت. جەمسەری سێیەم: نێچیرڤان بارزانی نێچیرڤان بارزانی هێشتا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، هاوكات كاندیدیش كراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی داهاتووی هەرێم، دامەزراوەیەك كە دیارنیە كەیو بەچی دەسەڵاتێكەوە كارادەكرێتەوە. ئەركی وەفدە بیانییەكانیان سەختكردووە ئێستا سێ كەسایەتی سەرەكی پارتی كە بریتین لە (مەسعود بارزانی- مەسرور بارزانی- نێچیرڤان بارزانی) هەموو شتێكن، هاوكات هیچ شتێكیش نین، بارزانی باوك چیتر سەرۆكی هەرێم نییەو هیچ دەسەڵاتێكی یاسایی نییە، مەسرور بارزانی كاندیدی سەرۆكی حكومەتەو هێشتا حكومەتەكەی پێكنەهاتووە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتە، بەڵام كاتی كابینەكەی تەواو بووەو رۆژ بەرێدەكات تا ئەو كاتەی كابینەی نوێ پێكدێت. ئەم دابەشبوونە نوێیەی بڕیارو دەسەڵات لەناو پارتی، ئەركی وەفدە بیانییەكانی سەخت كردووە، ئەوانەی لەم رۆژانەدا سەردانی هەولێر دەكەن، بەڕوونی ئەو دابەشبووە دەبینن.
راپۆرت: نامیق رەسوڵ وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پێنتاگۆن" سەرقاڵی دانانو تاوتوێكردنی پلانی كشاندنەوەی هێزەكانیەتی لە رۆژئاوای كوردستانو باكوری سوریا. بەوتەی چوار بەرپرس كە قسەیان بۆ ئاژانسی "رۆیتەرز" كردووە، داواكراوە ئەمریكا ئەو چەكو تەقەمەنییو كەلوپەلە سەربازییانە لە یەكینەكانی پاراستی گەل"یەپەگە" وەرنەگرێتەوە، كە لەمیانی شەڕ لەدژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" پێشكەشیكردوون. ترەمپ بڕیاری كۆتایی دەدات سێ لەو بەرپرسانە كە بەرمەجی ئەوە قسەیان كردووە ناوەكانیان ئاشكرانەكرێت، دەڵێن:" لە گفتوگۆكانی ئامادەكردنی رەشنوسێك دەربارەی پلانی سوپای ئەمریكا، داوایانكردووە چەكو كەلوپەلە سەربازییەكان لە هێزەكانی یەپەگە وەرنەگیرێنەوە"، ئاشكراشیانكردووە" پێنتاگۆن ئەو راسپاردەیە بۆ كۆشكی سپی بەرزدەكاتەوەو بڕیاری كۆتایی لەلای دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكایە". شین رۆبرستۆن، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا وتی:" پلان هەیە بۆ پاشەكشێیەكی تۆكمەو رێكخراوی هێزەكان، لە هەمانكاتدا هەموو رێوشوێنێك دەگیرێتەبەر بۆ گەرەنتیكردنی سەلامەتی سەربازەكانمان". فەرماندەكان لە بڕیارەكەی ترەمپ نیگەرانن هەفتەی رابردوو، سەرۆكی ئەمریكا بەشێوەیەكی كتوپڕ بڕیاریدا هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا (رۆژئاوای كوردستان) بكشێنێتەوە، ئەمە كاردانەوەی زۆری لە ناوخۆی وڵاتو دەرەوە لێكەوتەوە، بەهۆیەوە جیم ماتیس وەزیری بەرگریو برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دەستیلەكاركێشایەوە. ئەو بەرپرسە ئەمریكییانەی كە قسەیان بۆ "رۆیتەرز" كردووە، ئاماژەیان بەوەداوە، راگەیاندنەكەی ترەمپ، نیگەرانیو دوودڵی فەرماندە ئەمریكییەكانی لێكەوتوەتەوەو باوەڕیان وایە ئەو بڕیارە پشتكردنە لە یەكینەكانی پاراستی گەلی كورد، كە سەركردایەتی شەڕیان لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا كرد بۆ لەناوبردنی "داعش". "ناتوانین چەكەكان بگەڕێنینەوە" یەكێك لە بەرپرسەكان ئاشكرایكردووە" ویلایەتە یەكگرتووەكان پێشتر بەڵێنی بە یەكینەكانی پاراستی گەل داوە كە تاوەكو كۆتایهاتنی شەڕی دژ بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، چەكیان پێشكەشدەكات". ئەو بەرپرسی وتی:" شەڕ كۆتایی نەهاتووە، ناتوانین زۆر بە سادەیی دەستبكەین بە داواكاری گەڕاندنەوەی چەكەكان". پێشنیازی هێشتنەوەی چەكو موشەكو ئامێرو ئۆتۆمبیلە سەربازییەكانی ئەمریكا لەلای هێزەكانی یەپەگە، پەیامێكی دڵنیایی دەبێت بۆ هاوپەیمانە كوردەكان، بەوەی واشنتۆن دەستبەرداریان نابێت، ئەم پێشنیارە پێچەوانەی خواستو داواكاری توركیایە، كە بەردەوام داوا لە واشنتۆن دەكات چەكو كەلوپەلە سەربازییەكانی لە یەپەگە وەربگرێتەوە، رەنگە ئەم پرسەش پلانەكەی ترەمپ بۆ سپاردنی شەڕی "داعش" بە توركیا ئاڵۆزبكات. پێنتاگۆن تۆماری هەموو ئەو چەكانەی لایە كە پێشكەشی"یەپەگە"ی كردووە، بەڵام ئەو بەرپرسە ئەمریكیانە دەڵێن" دیاریكردنی شوێنی ئەو هەموو چەكانە، پرۆسەیەكی نیمچە مەحاڵە"، یەكێك لەو بەرپرسانە دەپرسێت:" چۆن وەریبگرێنەوەو كێ وەریاندەگرێتەوە؟". گفتوگۆكردنی هێشتنەوە چەكو كەلوپەلە سەربازییەكانی ئەمریكا لای (یەپەگە) یان وەرگرتنەوەیان لەكاتێكدایە بڕیارە ئەم هەفتەیە جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سوریا سەردانی توركیاو ئیسرائیل بكات. ئەمریكا لە ئایاری 2017ەوە بۆ هێرشیكردنەسەر شاری رەققەی پایتەختی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی"داعش" دەستیكرد بە دابەشكردنی چەكو تەقەمەنیو كەلوپەلی سەربازی بەسەر هێزەكانی (یەپەگە)دا، ئەوكاتە واشنتۆن توركیای ئاگاداركردەوە كە دوای كۆتاییهێنان بە "داعش" ئەو چەكانە وەردەگرێتەوە. یەكێك لەو برپرسانەی كە قسەی بۆ "رۆیتەرز" كردووەی دەڵێت:" بیرۆكەی ئەوەی كە ئێمە دەتوانین ئەو چەكانە وەربگرێنەوە، گەمژانەیە، چونكە لە شوێنی خۆیان بەجێیاندەهێڵین". كۆشكی سپیو ئەردۆغان هاوهەڵوێستن لە لێدوانێكیدا بۆ هەمان ئاژانس، كەسێك كە ئاگاداری گفتوگۆكانی پلانی پاشەكشێی ئەمریكایە لە سوریا باسی لەوەكردووە" كۆشكی سپیو رەجەب تەیب ئەردۆغان دژی پێشنیاری هێشتنەوەی چەكەكانی ئەمریكان لەلای یەپەگە". ئەو كەسە كە داوایكردووە ناو و ناسنامەی ئاشكرانەكرێت، دەربارەی راسپاردەی هێشتنەوەی چەكەكان لەلای یەپەگە وتویەتی:" ئەو پێشنیارە رەتكردنەوەی سیاسەتی ترەمپە بۆ كشانەوە لە سوریا".
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد روئوف لەسەردانەكەی دۆناڵد ترەمپدا بۆ عێراق، ئەمریكییەكان هەوڵیاندا سیناریۆكەی ساڵی 2006ی جۆرج بۆشی سەرۆكی پێشووی وڵاتەكەیان دووبارە بكەنەوە، واتە ویستیان لەناو خاكی عێراقدا سەرۆكو سەرۆك وەزیرانی عێراق بە فڕۆكەی ئەمریكی ببەن بۆ دیداری ترەمپ، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ لەبارەی پشتی پەردەی سەردانەكەی ترەمپ بۆ عێراق ئاشكرا دەكات. درەنگانێكی شەوی چوارشەممە میدیاكانی جیهان بەشێوەیەكی بەپەلە هەواڵی سەردانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكایان بۆ عێراق بڵاوكردەوە، سەردانێك كە پێشتر هیچ زانیارییەكی لەبارەوە رانەگەیەندرابوو. فڕۆكەكەی ترەمپ لە بەغدادی پایتەختو لە ناوچەی سەوز نەنیشتەوە وەكو ئەوەی هەر هاوڵاتییەكی ئاسایی پێشبینی دەكات، بەڵكو لە بنكەی ئاسمانی (عەین ئەسەد) لە خۆرئاوای شاری رومادی كەوتەسەر زەوی، ئەو بنكەیەی كە ساڵی 2006 جۆرج بوشی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا سەردانی كرد. میدیاكانی عێراقو هەندێك لە سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان وا بڵاویانكردەوە ترەمپ بەبێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەخت هاتوەتە عێراقو سەروەری عێراقی پێشێلكردووە، ئەمە كاردانەوەی لە شەقامی عێراقی دروستكرد، ئەوەی وایكرد خەڵك زیاتر باوەڕ بەم چیرۆكە بكەن ئەوە بوو ترەمپ لەسەردانەكەیدا بۆ عێراق دیداری لەگەڵ هیچ بەرپرسێكی عێراقی نەكردو دوای پیرۆزبایكردن لە سەربازانی وڵاتەكەی لە بنكەی (عەین ئەسەد) بەبۆنەی كرسمسو جەژنی سەری ساڵی نوێوە، بەبێدەنگی گەڕایەوەو عێراقی بەجێهێشت. دوای دوو رۆژ لەو سەردانە پڕكێشمەكێشەی ترەمپ بۆ عێراق، (درەو میدیا) بەدواداچونێكی نوێی كردو لە چەند سەرچاوەیەكی باڵای عێراقییەوە هەندێك زانیاری نوێی لەبارەی پشتی پەردەی ئەو سەردانە دەستكەوتووە. بەرپرسانی عێراقی ئاگاداركران ؟ بەگوێرەی ئەو زانیارییە نوێیانەی كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، بەر لە هاتنی، دۆناڵد ترەمپ هەریەكە لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە سەردانەكەی ئاگاداركردوەتەوە، ئەمە بەتەواوەتی پێچەوانەی ئەو زانیارییە سەرەتاییانەیە كە باسیان لەوەدەكرد هیچ یەكێك لە بەرپرسانی عێراقی ئاگاداری سەردانەكە نەبوون. بەڵام تیمەكەی ترەمپ هەر لە سەرەتاوە سەرۆكو سەرۆك وەزیرانی عێراقیان ئاگاداركردووە لەوەی ئامانج لە گەشتەكەی ترەمپ بۆ عێراق سەردانكردنی سەربازانی ئەمریكییە نەك سەردانی فەرمیو دیداری سیاسی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی. دیدار لەگەڵ عەبدولمەهدیو ساڵح ! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە لە بەغداد دەستیكەتووە، سەرباری ئەوەی پێشتر تیمی سەرۆكی ئەمریكا سەرۆكو سەرۆك وەزیرانی عێراقی ئاگاداركردووە لەوەی سەردانەكەی ترەمپ بەمەبەستی بەسەركردنەوەی سەربازانی ئەمریكییە، بەڵام هاوكات باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد هەوڵیداوە لە پەراوێزی ئەو سەردانەی سەرۆكی وڵاتەكەیدا بۆ عێراق، دیدارێك بۆ هەریەكە لە عادل عەبدولمەهدیو بەرهەم ساڵح لەگەڵ ترەمپدا رێكبخات. باڵیۆزی عێراق پێشنیازی بۆ عادل عەبدولمەهدیو بەرهەم ساڵح كردووە، هاوشێوەی سەردانەكەی ساڵی 2006ی جۆرج بوش كە سەردانی هەمان بنكەی (عەین ئەسەد) كردو بە فڕۆكە ئەمریكی سەرۆك وەزیرانو سەرۆك كۆمارو سەرۆكی هەرێمی كوردستانی ئەوكاتیان برد بۆلای، ئەمانیش بە فڕۆكەیەكی سەربازی ئەمریكا بچن بۆ بنكەی عەین ئەسەد بۆ دیدار لەگەڵ ترەمپ. (درەو میدیا) زانیویەتی، بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی بەپێی پێشنیازەكەی ئەمریكا لەگەڵ ترەمپ كۆببنەوە یاخود نا، عادل عەبدولمەهدیو بەرهەم ساڵح كۆبونەتەوە، لە كۆبونەوەكەدا بڕیاریانداوە بەوشێوەیە لەگەڵ ترەمپ دیدار نەكەن، چونكە كاردانەوەی خراپی لە شەقامی عێراقیدا دەبێت. مەرجەكان بۆ كۆبونەوە لەگەڵ ترەمپ ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، ئاماژە بەەوەدەكەن، دوای ئەوەی عادل عەبدولمەهدیو بەرهەم ساڵح رەتیانكردوەتەوە بە فڕۆكەی سەربازی ئەمریكا بچن بۆ بنكەی (عەین ئەسەد)، چەند پێشنیازێكی نوێیان خستوەتە بەردەم ئەمریكییەكان، پێشنیازی یەكەم ئەوە بووە دوایانكردووە ترەمپ خۆی سەردانی بەغداد بكاتو لەگەڵ ئەواندا كۆببێتەوە، ئەمریكییەكان ئەم پێشنیازەیان رەتكردوەتەوە، پاشان سەرۆكو سەرۆك وەزیرانی عێراق رازی بوون بەوەی لە بنكە ئاسمانییەكە لەگەڵ ترەمپ كۆببنەوە، بەڵام بەمەرجێك بە فڕۆكەی تایبەتی عێراقی بچنە ناو بنكەكەوەو كۆبونەوەی فەرمی لەگەڵ ترەمپدا بكەنو پرۆتۆكۆڵی سەربازی دیدارەكەش لەلایەن سەربازانی عێراقیو بە ئاڵای عێراقەوە نمایش بكرێت، ئەمریكییەكان رازی دەبن بەوەی عادل عەبدولمەهدیو بەرهەم ساڵح بە فڕۆكەی عێراقی بچنە ناو بنكە سەربازییەكەوە، بەڵام رازی نابن بەوەی سەربازانی عێراقی پرۆتۆكۆڵی دیدارەكە بكەن. ئەمریكییەكان هەوڵەكانیان چڕدەكەنەوە بۆ قایلكردنی عادل عەبدولمەهدیو بەرهەم ساڵح، لەوچوارچێوەیەشدا شوێنی تایبەت بەدیدارەكە ئامادە دەكرێتو ئاڵای عێراقو ئەمریكای تێدا دادەنرێت، جارێكی تر عادل عەبدولمەهدیو بەرهەم ساڵح پێكەوە گفتوگۆ دەكەنەوەو دیسان رازی نابن بەبێ ئەنجامدانی پرۆتۆكۆڵی سەربازی لەلایەن سەربازانی عێراقییەوە دیدار لەگەڵ ترەمپدا بكەن، بەوهۆیەوە هەوڵەكان شكستدەهێنن. تەنیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی! دوای كۆتایهاتنی هەوڵەكان بۆ سازدانی دیدار لەنێوان بەرپرسانی عێراقیو دۆناڵد ترەمپ لە سەربازگەیەكدا، ترەمپ لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی دەكاتو ئاگاداری دەكات لەوەی كە بەهۆی كەمی كاتو نەبوونی پرۆتۆكۆڵەوە ناتوانێت سەردانی بەغداد بكاتو داوا لە عەبدولمەهدی دەكات سەردانی واشنتۆن بكاتو لەوێ دیدار بكەن. ترەمپو سەروەری عێراق زۆرێك لە بەرپرسانی عێراقی نیگەرانییان لە سەردانەكەی ترەمپ بەوشێوەیە بۆ عێراق دەربڕی، هەندێك تۆمەتباریان كرد بە پێشێلكردنی سەروەری عێراق، ترەمپ خۆشی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی بەوجۆرە سەردانی عێراقی كردووە، هۆكارەكەی گەڕاندەوە بۆ خراپی بارودۆخی ئەمنی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمە لەكاتێكدایە ترەمپ پێشتر بەهەمان شێوە سەردانی سەربازانی وڵاتەكەی كرد لە ئوردنو لەوێ هیچ بەرپرسێكی ئوردنی نەبینی، لە گەڕانەوەشیدا لە عێراق، سەردانی ئەڵمانیای كردو لەوێ جگە لە بەسەركردنەوەی سەربازانی وڵاتەكەی هیچ دیدارێكی سیاسی نەكردو ئەڵمانییەكانیش تۆمەتباریان نەكرد بەوەی سەروەری وڵاتەكەیان پێشێلكردووە. ئەو دیدارەی كە نەكرا ! رۆژنامەنوسێكی عێراقی بەناوی (رافید جبوری) كە لە كەناڵی (BBC)ی بەریتانی كاردەكات، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وێنەی ئەو شوێنەی بڵاوكردەوە كە ئەمریكییەكان لەناو سەربازگەی (عەین ئەسەد)دا ئامادەیان كردووە بۆ دیداری عادل عەبدولممەهدیو بەرهەم ساڵح لەگەڵ ترەمپدا، ئەو دیدارەی كە هەرگیز روینەدا. رۆژنامەنوسەكە دەڵێ" لە چوارچێوەی گەڕانمدا بەدوای راستییەكان، وێنەی ئەو شوێنەم لە چەند سەرچاوەیەكەوە كە باوەڕم پێیانە دەستكەوتووە، كە لایەنی ئەمریكی ئامادەی كردووە بۆ دیداری عاددل عەبدولمەهدی لەگەڵ ترەمپدا". رافید جبوری ئاماژە بەوەدەكات، ئەو شوێنەی كە بۆ دیداری عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ ترەمپدا ئامادەكراوە، خێوەتێكە كە سەربازانی ئەمریكی تێدایە، ئەمەش پێچەوانەی رێككەوتنەكەی نێوان هەردوولایە. بەپێی قسەی جبوری، لایەنی عێراقی رێوشوێنی گرتوەتەبەر بۆ ئەوەی مەراسیمی پێشوازیكردن لە سەرۆكی ئەمریكاو كۆبونەوە لەگەڵیدا لە بارەگای فەرماندەیی بنكە سەربازییەكە بەگوێرەی پرۆتۆكۆڵی عێراقی بەڕێوەبچێت، بەڵام ناكۆكی لەبارەی شوێنو مەراسیمەكەوە وایكردووە عەبدولمەهدی لەگەڵ ترەمپدا كۆنەبێتەوەو تەنیا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پێكەوە قسە بكەن.
( درەو میدیا): لەسەر داوای یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" هێزەكانی حكومەتی سوریا چوونە ناوچەی مەنبەج و ئاڵای سوریایان تێدا هەڵكرد. فەرماندەیی گشتی سوپای سوریا لە بەیاننامەیەكدا كە ئاژانسی هەواڵەكانی سوریا " سانا" بڵاویكردوەتەوە رایگەیاند چەند یەكەیەكی سەربازی سوریا چوونە ناوچەی مەنبەج لە ریفی حەڵەب. فەرماندەیی گشتی سوپای سوریا لە بەیاننامەكەیدا دەڵێت:" لە سۆنگەی پابەندی تەواوەتی سوپا و هێزە چەكدارەكانی سوریا بە بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەكانی بۆ سەپاندنی سەروەری دەوڵەت بەسەر هەموو بستە خاكێكی كۆمار سوریای عەرەبی و وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ بانگەواززی خەڵكی ناوچەی مەنبەج، فەرماندەیی گشتی سوپا و هێزە چەكدارەكان رایدەگەیەنمێت كە چەند یەكەیەكی سوپا چونەتە مەنبەج و ئاڵای كۆماری سوریای عەرەبییان هەڵكردووە تێیدا". روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤیش رایگەیاند سوپای سوریا لە چواردەوری مەنبەج جێگیربووە لەو ناوچانەی كە دەكەونە نێوان مەنبەج و چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا كە توركیا پشتیوانیان لێدەكات. یەپەگە هێزەكانی لە مەنبەج كشاندوەتەوە شاری مەنبەج ساڵی 2016 لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات" هەسەدە" ەوە لە چەكدارانی " داعش" پاككرایەوە و لەوكاتەوە شارەكە لەلایەن ئەنجومەنی سەربازی مەنبەجەوە كۆنترۆڵكراوەو دوای بڕیارە كتوپڕەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" لە بەیاننامەیەكدا داوای لە حكومەتی سوریا كرد بە ئەركی سەرشانی هەستێت و هێز رەوانەی مەنبەج بكات بۆئەوەی لە هەڕەشەكانی توركیا بیپارێزێت. یەپەگە لە بەیاننامەكەیدا دەڵێت:" بەهۆی هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر بۆ داگیركردنی هەرێمی باكوری سووریا و كۆچبەركردنی گەلەكەی كە بەهەمان شێوە لە جەرابلوس، عەزاز، باب و عەفرین كردی، ئێمە وەك یەكینەكانی پاراستنی گەل ڕایدەگەیەنین كە دوای ئەوەی هێزەكانمان لە مەنبەج كشاندەوە، هەموو هێزەكانی خۆمان لە چێوەی شەڕی دژ بە داعشدا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فورات جێگیر كرد. بۆیە داوا لە حكومەتی سوریا دەكەین كە؛ ئێمەش بەشێكین لە خاك، نەتەوە و سنورەكانی، با هێزەكانی خۆی بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو شوێن و ناوچانەی مەنبەج بنێرێت و هەرێمەكە لە دژی هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر بپارێزێت". ئەردۆغان بە گومانە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە راگەیەندنەكەی سوپای سوریا بە گومانە و رایدەگەیەنێت كە هێزەكانی ئەسەد جەنگێكی دەروونیان لە مەنبەج دەستپێكردووە و بە گوێرەی هەواڵگری توركیا و بەرپرسانی روسیا تا ئێستا پشتڕاستنەكراوەتەوە.
نوسینی: ئیلن فرەنسیس/ رۆیتەرز وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ دوای ئەوەی ئەمریكا نائومێدی كردن، ئێستا سەركردەكانی رۆژئاوای كوردستان داوا لە روسیا و ئەسەد دەكەن بیانپارێزێت. سەركردە كوردەكان كە زۆرینەی باكوری سوریایان لەژێردەستدایە و لە بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە ناوچەكە ناوئومێد و نیگەران بوون، روسیا و سوریای هاوپەیمانی هاندەدەن، هێز رەوانەی سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان بكەن بۆ پارێزگاریكردنی لە مەترسی هێرشی توركیا. ئەم بانگەوازەی كوردەكان، بۆ گەڕانەوەی هێزەكانی حكومەتی سوریا بۆ سنورەكان كە چەند ساڵێكە لەژێر دەستی خۆیاندایە، قوڵی ئەو قەیرانە نیشاندەدات كە دوای بڕیارە كتوپڕەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكاوە بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی تێیكەوتوون. هەرچەندە تائێستا هیچ گۆڕانكارییەك لە ناوچەكە رووینەداوە و هێشتا هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەن و ترەمپ دەڵێت " پاشەكشێكە بە هێواشی بەڕێوەدەچێت"، بەرپرسە كوردەكان بە خێرایی بەدوای ستراتیژێكی نوێدا دەگەڕێن بۆ پاراستنی ناوچەكەیان لە توركیا پێش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا. سەركردایەتی كورد هەوڵەكانی خۆی زیاتر لە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق و مۆسكۆدا چڕكردوەتەوە و خراپترین ئەگەریش كە لێی دەترسێت دووبارەبوونەوەی سیناریۆی هێرشی سەر عەفرینە، كە ئەمساڵ توركیا ئەنجامیدا و بەهۆیەوە دانیشتوانی ناوچەكە و شەڕڤانانی یەپەگە ناچاربوون ناوچەكە چۆڵبكەن. هاوكات سەركردە كوردەكان هەوڵدەدەن وڵاتانی تری خۆرئاوا قایل بكەن كە بۆشایی ئەو 2000 سەربازەی ئەمریكا پڕبكەنەوە كە جێگیربوونیان لە باكور و خۆرهەڵاتی سوریا تائێستا بەربەستێك بووە لەبەردەم هێرشی توركیادا. ئەو ناوچەیەی كە رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە چارەكێكی روبەری سوریا پێكدەهێنێت و زۆرینەی دەكەوێتە خۆرهەڵاتی رووباری فورات و هێزەكانی سوریای دیموكرات كە هاوپەیمانێتییەكە و یەكینەكانی پاراستنی گەل ( یەپەگە) هەژمونی تێدا هەیە، كۆنترۆڵی ئەو ناوچەیەی كردووە، ناوچەكە دەكەوێتە سنوری خۆرهەڵاتی عێراق و سێ شاری سەرەكی لەخۆدەگرێت كە ئەوانیش قامیشلۆ، حەسەكە و رەققەن. هێزەكانی سوریای دیموكرات، تاكە لایەنی سوریا بوون كە لە شەڕ دژ بە " داعش" هاوپەیمانی واشنتۆن بوون" بەڵام توركیا یەپەگە كە بڕبڕەی پشتی ئەو هێزەیە وەك هەڕەشەیەك تەماشادەكات و بەڵێنیداوە لەناویان بەرێت. ئاڵدار خەلیل، سیاسەتمەداری دیاری كورد بە " رۆیتەرز"ی راگەیاند كە بەرپرسانی باكوری سوریا هەفتەی رابردوو سەردانی مۆسكۆیان كردووە و بەمزوانەش سەردانی تر دەكەن، بەهیوای ئەوەی روسیا فشاربخاتە سەر دیمەشق بۆئەوەی بە " ئەركی سیادیی" خۆی هەستێت. خەلیل كە پلانی حكومی خۆبەڕێوەبەریی لە باكوری سوریا داناوە وتی:" پەیوەندییەكانمان لەگەڵ روسیا و رژێم بۆ دۆزینەوەی رێوشوێنی روون و ئاشكرایە بۆ پاراستنی سنورەكانی باكور و بۆئەوەی سوریا ئەركی سیادی خۆی جێبەجێبكات، دەمانەوێت روسیا رۆڵێكی گرنگ بگێڕێت لە گۆڕانكارییەكان بۆئەوەی ئاسایش و سەقامگیری بەدەستبێت". هەڕەشەی "دەوڵەتی ئیسلامی" بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا كە بە هاوكاری هاوپەیمانە ئێرانی و روسەكانی زۆربەی سوریای لەژێر دەستدایە، هەوڵدەدات ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆنترۆڵ بكاتەوە، ئەو ناوچەی كە دەوڵەمەندە بە نەوت و ئاو و زەوی كشتوكاڵی بەپیت بە گرنگ دادەنێت بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی سوریا. سەرەڕای ئەوەی كە ئەو دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەرییەی كە كوردەكان دەیانەوێت بە ئاشكرا دژی خواستی دیمەشقە، بەڵام هێزە كوردییەكان تا ئاستێكی باش خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتدا بەدوورگرتووە لە میانی جەنگی سوریادا، و هەتا لە هەندێك كاتدا شەڕیان دژی یەك دوژمنی هاوبەش كردووە و هەردوولا ئەم هاوینە دانوستانی سیاسییان ئەنجامداو هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتەوە، بەڵام ئێستا كە بەهۆی جوڵەكانی ترەمپەوە پێگەی دانوستانیان لاواز بووە، دەسەڵاتدارانی كورد لەگەڵ كاتدا لە پێشبڕێكدان بۆئەوەی رێككەوتنێك بكەن لەم كاتەدا كە هەڕەشەكانی توركیا بۆ هێرشكردنە سەر خۆرهەڵاتی فورات لە ئارادایە. توركیا "یەپەگە" بە درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستان دادەنێت كە 34 ساڵە لە باشووری خۆرهەڵاتی توركیا " كوردستانی باكور - وەرگێڕ" شەڕی بەرپاكردووە، هەروەها ئەنكەرە پشتیوانی لە گروپە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا دەكات بۆئەوەی لە شەڕی دژ بە "یەپەگە" هاوكاری بكەن. لەترسی ئەوەی كە راگەیاندنەكەی ئەمریكا رێگا بۆ هێرشی توركیا دەكاتەوە، هێزەكانی سوریای دیموكرات هۆشداری ئەوەیدا كە هێشتا مەترسی دەوڵەتی ئیسلامیی " داعش" بەردەوامە و هەروەها وڵاتانی ئەوروپاش هۆشداریاندا لەوەی كە توندڕەوەكانی " داعش" كە ئێستا لە زیندانەكانی هەسەدەدان لەوانەیە بتوانن هەڵبێن و لە وڵاتەكانیان هێرش بكەن. بەدران چیاكورد، یەكێك لەو بەرپرسە كوردانەی هەفتەی رابردوو سەردانی مۆسكۆی كرد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ روسیا وتی:" چەند بژاردەیەك تاوتوێدەكەین بۆ دوورخستنەوەی هێرشی توركیا بۆسەر ناوچەكانی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا... پەیوەندییەكان لەگەڵ روسیا و فەرەنسا و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا هەیە بۆئەوەی هاوكاری ئیداری خۆسەری دیموكراتی بكەن". چیاكورد بە "رۆیتەرز"ی وت:" ناوچەكانی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا بەشێكە لە سوریا و پاراستنی سنورەكانی ئەو ناوچانە ئەركی دەوڵەتی سوریایە و هەروەها تاوتوێی ئەو بژاردەیەش دەكەین". چارەسەری سیاسیی لە دواهێرشی ئەمساڵی توركیا بۆسەر عەفرین، هێزەكانی سوریای دیموكرات هەستیان بەوەكرد كە روسیا پشتی تێكردون، دوای ئەوەی كە باوەڕیان وابوو کە گەرەنتیان بەدەستهێناوە بۆئەوەی توركیا هێرش نەكاتە سەر ناوچەكە . چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا كە لەلایەن توركیاوە پشتگیری دەكرێت دەڵێن خۆیان بۆ هێرشی داهاتوو ئامادەدەكەن و ئامانجی یەكەمیان شاری مەنبەجە كە دەكەوێتە سنوری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان. شەڕڤان دەروێش وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج كە هاوپەیمانی هێزەكانی سوریا دیموكراتە و مەنبەج لەژێر دەسەڵاتیاندایە دەڵێت هێزەكانی ئەمریكا هێشتا جموجوڵەكانیان لە نزیك مەنبەج بەردەوامە و هیچ شتێك نەگۆڕاوە، بەڵام بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنەكە حكومەتی سوریا و روسیا رۆژی سێشەممە هێزیان بۆ نزیك شارەكە رەوانەكردووە. هاوكات ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات كە ئەمساڵ دانوستانی لەگەڵ دیمەشقدا كردوە رایدەگەیەنێت كە پەیوەندییەكان لەگەڵ دەوڵەتدا هەرگیز رانەگیراون. ئیلهام ئەحمەد لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ هۆزەكانی رەققە رۆژی چوارشەممە وتی:" ئێستا ئێمە لە قۆناغی دەستپێكردنی دەستپێشخەرییەكی نوێداین، بەردەوام دەبین لەسەری و بە هەموو رێگایەك هەوڵدەدەین فشار بخەینە سەر رژێم بۆئەوەی پرۆسەی چارەسەری سیاسی دەستپێبكات بە جۆرێك پارێزگاری لە كەرامەتی هاوڵاتی سوریا بكەین و پرۆسەی سیاسی راستەقینە لە چوارچێوەی پرۆژەی دیموكراتنی بۆ سوریایەكی لامەركەزی بەدیبێنێت".
نوسینی: حوسام ئیبراهیم/ سایتی: ناوەندی توێژینەی موستەقبەلی ئیماراتی وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ پرسی لەسەركارلابردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە پۆستەكەی لە ماوەی رابردوو نێوندە نێوخۆییەكانی ئەو وڵاتەی سەرقاڵكردووە، هەرچەندە پرسەكە ماوەیەكە وروژێنراوە، بەڵام مشتومڕ دەربارەی دوورخستنەوەی ترەمپ لە كورسی سەرۆكایەتی لە سایەی پێشهاتەكانی ئەمدواییەدا بایەخی زیاتری وەرگرت، بە تایبەتی لێكۆڵینەوەكانی لیژنەی " مۆلەر" و سەركەوتنی دیموكراتەكان بە كۆنترۆڵكردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە هەڵبژاردنی نوێكردنەوەی نیوەی ئەنجومەندا كە مانگی نۆڤەمبەری رابردوو بەڕێوەچوو. ئەم بەرەوپێشچوونانە رەنگە ببنە سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی یاسایی دوورخستنەوەی ترەمپ لە پۆستەكەی لە ساڵی 2019دا، سەرەڕای ئەوەی ئەم رێوشوێنانە بە فیعلی نابنە هۆی لەسەركارلابردنی ترەمپ لە پۆستەكەی، چونكە سیناریۆ چاوەڕوەنكراوەنی دوورخستنەوەی ترەمپ لەو هەوڵانە ناچێتەدەر كە بۆ لەسەركارلابردنی سێ سەرۆكی ئەمریكا لە رابردوودا دراون، " ئەندرۆ جۆنسۆن" ساڵی 1868، " ریچارد نیكسۆن" ساڵی 1974 ، " بیڵ كلینتۆن" لە ساڵی 1998. رووداوەكانی ساڵی 2018 چەند روودا و گۆڕانكارییەك لە ساڵی 2018دا روویاندا, بە تایبەتی لە مانگەكانی كۆتاییدا كە رەنگە ببنە خاڵی دەستپێكی پرۆسەی دوورخستنەوەی ترەمپ لە پۆستەكەی لە ساڵی 2019دا، ئەو رووداوانەش بریتی بوون لە: 1- لێكۆڵینەوەكانی لیژنەكەی مۆلەر: لە 17ی ئایاری 2017 وەزارەتی دادی ئەمریكا لیژنەیەكی تایبەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2016 پێكهێنا كە ترەمپی گەیاندە كۆشی سپی و ئەو لیژنەیە كە بەدواداچوون بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەڵبژاردنەكە دەكات تا سەرەتای ساڵی 2019 زیاتر لە ساڵ و نیوێك بەسەر دامەزراندنیدا تێدەپەڕێت و لەو ماوەیەشدا لیژنەكە چەندین لێكۆڵینەوەی كردووە و بووەتە هۆی تاوانباركردنی چەندین كەسی تیمی هەڵمەتی بانگەشەی سەرۆكایەتی ترەمپ و دواهەمین گۆڕانكاری لێكۆڵینەوەكانی لیژنەكەش كە لە نیوەی یەكەمی مانگی دیسەمبەری 2018 رویدا تاوانباركردنی پارێزەكەی ترەمپ و بەڕێوەبەری هەڵمەتەكەی بوو بە تۆمەتی پێشێلكردنی یاساكان, پاشان لیژنەكە دەستیكرد بە لێكۆڵینەوە دەربارەی كارەكانی لیژنەی رێوڕەسمی دانانی " ترەمپ" لە پۆستی سەرۆكایەتی و پرسیاری ئەوە دروست بووە چۆن ئەو لیژنەیە پارەی كۆكردوەتەوە و بودجەی رێورەسمی دەستبەكاربوونی ترەمپی پێ دابینكراوە؟, هەروەها لێكۆڵینەوە دەكات لە چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو پارەیە و ئەگەری بوونی پێشێلكاری یاسایی تێیدا. 2- ئەنجامی هەڵبژاردنی نوێكردنەوەی نیوەی كۆنگرێس: ئەم هەڵبژاردنە مانگی نۆڤبەری 2018 بەڕێوەچوو، تێیدا دیموكراتەكان زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەستهێنا و لە بەرامبەردا كۆمارییەكانی ( پارتەكەی سەرۆك) زۆرینەی خۆیان لە ئەنجومەنی پیران پاراست و لەگەڵ دەستپێكردنی خولی نوێی یاسادانانی كۆنگرێسی ئەمریكا لە 3ی كانونی دووەمی 2019، ئیتر دیموكراتەكان دەتوانن جموجوڵ بۆ گرتنەبەری رێوشوێنە یاساییەكانی بۆ لەسەركارلابردنی سەرۆك لە ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێبكەن و گەرەنتی ئەوە بكەن كە سەركەوتووبن لە بەدەستهێنانی دەنگی پێویست بۆ ئاراستەكردنی تۆمەتی پێشێلكردنی یاساكان و دەستور. 3- هەڵوێستی ناوخۆیی دەربارەی لەسەركارلابردنی ترەمپ: سەرەڕای ئەو جەماوەرێتییەی ترەمپ لە چەند ناوەندێكی ئەمریكی هەیەتی، بەڵام هەڵوێستی دەستەبژێری رۆشنبیر و میدیاكان رەهەندێكی گرنگی مشتومڕی دوورخستنەوەی ترەمپ پێكدەهێنن، میدیای ئەمریكی بەشێوەیەكی بەردەوام كاردەكات بۆ دەرخستنی نەرێنییەكانی ترەمپ و هەوڵدەدات رای گشتی لە دژی هانبدات و بابەتی لەسەركارلابردنی ترەمپ بووەتە بەشێكی سەرەكی ئەو پرسانەی كە میدیای ئەمریكی گفتوگۆیان لە بارەیەوە دەكات و دەیانوروژێنێت، جگە لەوەش جوڵەیەكی جەماوەریی سنوردار هەیە بۆئەوەی هانی كۆنگرێس بدات سەرۆك لە پۆستەكەی لابدات ئەم جوڵەیەش خۆی لە بزوتنەوەی " Need to Impeach " دا دەبینێتەوە كە لە ئۆكتۆبەری 2017 دامەزرێنرا و هەوڵدەدات هاوڵاتیانی ئەمریكا هانبدات، تا گوشار بخەنە سەر نوێنەرەكانیان لە كۆنگرێس بۆئەوەی رێوشوێنی لەسەركارلابردنی ترەمپ دەستپێبكەن و ئەو بزوتنەوەیە یاداشتێكی داواكاری بۆ لەسەركارلابردنی ترەمپ لەسەر سایتی ئەلیكترۆنیی خۆی داناوە و تائێستا زیاتر لە شەش ملیۆن هاوڵاتی ئەمریكی ئیمزایان كردووە. رێوشوێنە یاساییەكانی پرۆسەی لەسەركارلابردن چەمكی " Impeachment " لە رۆشنبیری سیاسی ئەمریكیدا ئاماژە بۆ چەند رێوشوێنێك دەكات كە لە رێگەیانەوە سەرۆك لە پۆستەكەی لادەبرێت، ئەوەش پرۆسەیەكی دوورودرێژەو لەناو كۆنگرێسدا بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی چەند هەنگاوێك دەكرێت كە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیران رۆڵی تێدا دەگێڕن، ئەوەش واتای ئەوە ناگەیەنێت كە بە جێبەجێكردنی ئەو رێوشوێنانە سەرۆك لە پۆستەكەی لادەبرێت, دەكرێت رێوشوێنەكان جێبەجێبكرێن، بەڵام ئەنجامی كۆتایی نەگاتە بڕیاری لەسەركارلابردنی سەرۆك و دوورخستنەوەی لە پۆستەكەی. دەستوری ئەمریكا چوارچێوە گشتییەكانی رێوشوێنەكانی لەسەركارلابردنی سەرۆكی دیاریكردووە و ئەوەش لە مادەی یەكەمیدا كە دەچێتە دەسەڵاتەكانی كۆنگرێس و لە مادەی دووەمیشدا كە باس لە سەرۆك و دەسەڵاتەكانی دەكات و بە پشت بەستن بەو دوو مادەیە رێوشوێنەكانی لابردنی سەرۆك لە پۆستەكەی بە دوو قۆناغ دەبێت بەمشێوەی خوارەوە: 1- قۆناغی یەكەم: ئەم قۆناغە لە ناو ئەنجومەنی نوێنەراندا بەڕێوەدەچێت، ئەنجومەنەكە دەستدەكات بە رێوشوێنی لێكۆڵینەوە و تۆمەتباركردنی سەرۆك بە ئەنجامدانی ئەو كاراتەی كە پێویست دەكات لە پۆستەكەی لاببرێت، دەستور ئەو كارانەی دیاریكردووە كە لابردنی سەرۆك پێویست دەكەن, بریتین لە: خیانەت، وەرگرتنی بەرتیل، ئەنجامدانی تاوان یان پێشێلكردنی ئاكاریی كە لەو جۆرە بێت مەترسی لێبكەوێتەوە. دوای رێوشوێنەكانی لێكۆڵینەوە دەنگ لەسەر تۆمەتباركردنی سەرۆك دەدرێت و ئەم تۆمەتباركردنەش پێویستی بە زۆرینەی سادەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە بۆئەوەی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و پاشان پرۆسەكە دەچێتە قۆناغی دووەم. 2- قۆناغی دووەم: ئەم قۆناغە لەناو ئەنجومەنی پیراندا بەڕێوەدەچێت، ئەنجومەنەكە بە رەسمی سەرۆك دادگاییدەكات، و ئەندامانی ئەنجومەن رۆڵی دەستەی دادوەریی دەگێڕن و سەرۆكی دادوەرانی دادگای باڵای دەستوری سەرپەرشتی پرۆسەی دادگاییكردنی سەرۆك دەكات هەتا ئەو كاتەی بەفیعلی لەسەر كارلادەبرێت، پێویستە دوو لەسەر سێی ئەنجومەنی پیران راستی و دروستی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی سەرۆك كراون پەسەند بكەن، لە كاتێ:دا ئەگەر رەزامەندی دوولەسەر سێی ئەندامەكان بەدەستنەهات، ئەوا بەواتای ئەوە دێت كە سازان " تەوافق" نیە لەسەر تۆمەتباركردنی سەرۆك بەو كارانەی كە پێویستن بۆ لابردنی و بەوەش سەرۆك لە پۆستەكەی بەردەوام دەبێت بەبێ رەچاوكردنی هەموو ئەو رێوشوێنانەی بۆ لەسەركارلابردنی گیراونەتەبەر. سێ سیناریۆ بۆ لابردنی ترەمپ: لە ئەگەری ئەوەی كە لیژنەكەی مۆلەر لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2019 كارەكانی تەواودەكات و لە راپۆرتی كۆتاییدا جەختدەكاتەوە كە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ یان خودی خۆی پێشێلكاریی كردووە و لەگەڵ ئەگەری جوڵەی دیموكراتەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی لەسەركارلابردنی سەرۆك، ئەوا رێوشوێنەكانی پرۆسەی لەسەركارلابردنەكە بە فیعلی دەستپێدەكات و لە سێ سیناریۆی دوورخستنەوەی سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكا دەرناچێت كە بەمشێوەیە بوو: 1- سیناریۆی " ئەندرۆ جۆنسۆن": رێوشوێنەكانی لەسەركارلابردنی سەرۆك ئەندرۆ جۆنسۆن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە مارسی 1868 دەستیپێكرد, كاتێك ئەنجومەنەكە لیستێكی تۆمەتی 11 مادەیی دژی جۆنسۆن پەسەندكرد و كە دامەزراندنی نادەستوریی و خراپ بەكارهێنانی دارایی فیدراڵی و پێشێلكردنی یاسای فیدراڵی و كەمكردنەوەی رێزی كۆنگرێسی لەخۆگرتبوو، بەڵام ئەنجومەنەكە لیستەكەی پەسەندنەكرد و ئەنجامی دەنگدان بەمشێوەیە بوو: 35 سیناتۆر دەنگیان بۆدا و 19 سیناتۆریش دژی بوون و ئەنجامەكەش دەنگێكی كەمتر بوو لە دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران. بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە، ئەگەری ئەوە هەیە كە دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران لیستێك بۆ تۆمەتباركردنی ترەمپ پێشكەشبكەن و پێشبینیدەكرێت كە لیستی تۆمەتەكان نزیك بن لە پرۆژە بڕیاری 621 كە سیناتۆر " سیتڤ كوهین" رۆژی 15ی نۆڤەمبەری 2017 پێشكەششی ئەنجومەنی نویچنەرانی كردن كە پرۆژە بڕیاری ژمارە H.Res.621 بوو بۆ لەسەركارلابردنی ترەمپ بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی گەورە و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، ئەو برشیارە تائێستا لە لیژنەی دادوەریی ئەنجومەنی نوێنەران نەهاتوەتە دەرەوە، لە پرۆژە بڕیارەكەدا كە پێشبینیدەكرێت بكرێتە لیستی تۆمەتباركردنی ترەمپ، تۆمەتی تەگەرەخستنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەریی، خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی كەسیی، ئەنجامدانی پێشێلكاریی یاسایی, پێشێلكردنی دەستوری ئەمریكی لەخۆگرتووە، بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە پێشبینی ناكرێت ئەنجومەنی نوێنەران لیستی تۆمەتەكان پەسەندبكات. 2- سیناریۆی "ریچارد نیكسۆن": ئەنجومەنی نوێنەران یۆلیۆی 1975 دەستیكرد بە رێوشوێنەكانی تۆمەتباركردنی سەرۆك بەهۆی كەیسی وۆتەرگەیتەوە و سێ بەندی لەخۆگرتووە: تەگەرەخستەبەردەم دەسەڵاتی دادوەریین خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و بێ رێزیكردن بە كۆنگرێس، بەڵام سەرۆك نیكسۆن بڕیاریدا دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە و بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە، رەنگە ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران جوڵەیكرد لەدژی، ترەمپ خۆی بڕیاری دەستلەكاركێشانەوە بدات. 3- سیناریۆی "بیڵ كلینتۆن": رێوشوێنەكانی پرۆسەی لەسەركابردنی سەرۆك كلینتۆن بە تەواوی جێبەجێكران، ئەنجومەنی نوێنەران لیستی تۆمەتەكانی دژ بە كلینتۆنی پەسەندكرد كە سوێندشكاندن و تەگەرە خستنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری لە خۆگرتبوو، ئەوەش لە چوارشێوەی كەیسی " مۆنیكا لوینسكیدا" بوو، دوای ئەوە رێوشوێنی دادگاییكردنی لە ئەنجومەنی پیران لەسەر ئەو تۆمەتانە دەستیپێكرد، بەڵام بۆ دەنگدان لەسەری نیسابی یاسایی بەدەستنەهات كە بریتییە لە دەنگی دوولەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەن و ئەنجامی دەنگدان لەسەر سوێندشكاندن 45 دەنگ بەرامبەر بە 55 دەنگی دژ بوو، بۆ پەسەندكردنی پێویستی بە 67 دەنگ بوو، بەڵام ئەنجامی دەنگدان لەسەر تۆمەتی تەگەرەخستنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەریی 50 بە 50 بوو. بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە ئەگەری ئەوە هەیە ئەنجومەنی نوێنەران كە دیموكراتەكان زۆرینەن تێیدا لیستی تۆمەت دژی ترەمپ پێشكەش بكات و پەسەندیشی بكات و پاشان دەچێتە ئەنجومەنی پیران كە كۆمارییەكان زۆرینەن تێیدا، لەم حاڵەتدا پێشبیندەكرێت تۆمەتباركردنی ترەمپ دەنگ نەهێنێت، چونكە تۆمەتباركردنەكە پێویستی بە دەنگی دوولەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران دەبێت. بە كورتی پێدەچێت ساڵی 2019 رێوشوێنە یاساییەكانی لەسەركارلابردنی ترەمپ لە پۆستەكەی ئەنجامبدرێن، بەڵام ئەو رێوشوێنانە ئەگەر بە فیعلی دەستپێبكەن، پێشبینی ناكرێت ببنە هۆی دوورخستنەوەی ترەمپ، چونكە لە حاڵەتێكدا ئەگەر دیموكراتەكان هەنگاوی تۆمەتباركردنی ترەمپ بنێن، ئەنجومەنەكە پەسەندیدەكات، بەڵام كاتێك دەچێتە ئەنجومەنی پیران، ئەوا رەتدەكرێتەوە، وەك ئەوەی لە رێوشوێنەكانی دوورخستتنەوەی كلینتۆندا روویدا و سەرەڕای رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی پیران تۆمەتباركردنی سەرۆكی رەتكردەوە و بەوەش رێوشوێنە یاساییەكانی لابردنی سەرۆك شكستیهێنا.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەشێوەیەكی نهێنی گەیشتە عێراقو بەبۆنەی كرسمسو هاتنی ساڵی نوێوە لەگەڵ سەربازانی وڵاتەكەی كۆبوەوە. هاتنی ترەمپ بەمشێوەیەو بەبێ ئاگاداركردنی پێشوەختەی بەرپرسانی بەغداد، لە شەقامو ناوەندی سیاسی عێراقی كاردانەوەی لێكەوتەوە. حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقو سەرۆكی ئیئتیلافی نەسر سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپی بەوشێوە نهێنییە رەتكردەوە. عەبادی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند" ئەو شێوازە سەردانكردنەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ نەریتە دیپلۆماسییەكاندا ناگونجێت.. مامەڵەكردن لەگەڵ عێراقو سەروەرییەكەی بەوشێوەیە، زیان بە پەیوەندییەكانی عێراقو ئەمریكا دەگەیەنێت". سەردانی ترەمپ بۆ عێراق هێندە نهێنی بوو، نەك نەیارەكان، بەڵكو دۆستەكانی ئەمریكاش نەیانزانی، بەدیاریكراویش بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق. تەنانەت ترەمپ خۆشی نیگەران بوو لەوەی بەو جۆرە سەردانی عێراقی كرد، دوای گەڕانەوەی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" زۆر مایەی نیگەرانییە كاتێك حەوت ترلیۆن دۆلار لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا خەرج دەكەیت، بەڵام رۆشتن بۆ ئەو ناوچەیە ئەو هەموو نهێنییەی دەوێتو پێویستی بەوە هەیە ژمارەیەكی زۆر فڕۆكەو ئامێر لە دەوروبەرت بنو هەموو شتێك بكەیت لە پێناو ئەوەی بەسەلامەتی بگەیتە ناوچەكە". كشانەوە لە سوریا ترەمپ لە دیداریدا سەربازانی وڵاتەكەی، جارێكی تر بەرگری لە بڕیارەكەی كرد بۆ كشاندنەوەی هێزی سەربازی ئەمریكا لە سوریا (رۆژئاوای كوردستان)و وتی:" ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ناتوانێت بەتەنیا رۆڵی پۆلیسی جیهان بگێڕێت". ئەم سەردانە سێ كاتژمێرییەی ترەمپ بۆ عێراق، كە لەژێر رێوشوێنێكی ئەمنی توندوتۆڵدا بەڕێوەچوو، دوای هەفتەیەك دێت لە بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بڕیارێك كە رەخنەی زۆری لێگیراو بەهۆیەوە دوو بەرپرسی باڵای ئیدارەی ترەمپ (برێت مەكگۆركو جیمس ماتێس) دەستیان لەكاركێشایەوە. ترەمپ لەبەردەم نزیكەی 100 كەس لە سەربازانی وڵاتەكەی لەبارەی بڕیاری كشانەوە لە سوریا وتی:" زۆر كەسی تر بەو ئەنجامە دەگەن كە من پێیگەیشتووم.. چەندجارێك لەسەر داوای ژەنەڕاڵەكان وادەی كشانەوەی هێزە سەربازییەكانم درێژكردەوە، ئەوان دووبارە جارێكی تر وتیان ئایا دەكرێت مۆڵەتێكی تر بە ئێمە بدرێت، وتم. نەخێر ناكرێت مۆڵەتی تر بە ئێوە بدرێت، بەئاستی پێویست مۆڵەتتان پێدراوە". ئەمریكا لە عێراق دەمێنێتەوە؟ ترەمپ لە بنكەی ئاسمانی (عەین ئەسەد) لە پارێزگای ئەنبار لەگەڵ سەربازانی وڵاتەكەی كۆبوەوە، ئەو لە دیدارەكەیدا ئاماژەی بەوەكرد بەنیاز نین هێزەكانیان لە عێراق بكێشنەوە. ترەمپ وتی:" ئەگەر پێویستی كرد لە سوریا كارێك بكەین دەتوانین سود لە بنكەكانمان لە عێراق وەرگرین". لە شەڕی دژ بە رێكخراوی "داعش" نزیكەی (5 هەزار) سەربازی ئەمریكی یارمەتی هێزە عێراقییەكانیاندا. لەدوای هەڵبژاردنی وەكو سەرۆك، ئەمە یەكەمجارە دۆناڵد ترەمپ سەردانی هێزی سەربازی وڵاتەكەی بكات لە ناوچەیەكی جەنگی، رەتكردنەوەی سەردانكردنی هێزە سەربازییەكان لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا رەخنەی زۆری روبەڕووی ترەمپ كردوەتەوە. دیدار لەگەڵ عەبدولمەهدی سارا ساندەرز وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، دیداری نێوان ترەمپو عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە هۆكاری ئەمنیەتیو لۆجستی هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام بەتەلەفۆن قسەیان لەگەڵ یەكتر كردووە. بەپێی قسەی خاتوو ساندەرز، هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ترەمپ دوای لە عەبدولمەهدی كردووە سەردانی واشنتۆن بكاتو عەبدولمەهدی بانگهێشتەكەی قبوڵ كردووە. ترەمپ كە لەگەڵ میلانیای هاوسەری سەردانی عێراقی كرد، لەرێگەی گەڕانەوەیدا بۆ ئەمریكا، سەردانی ئەڵمانیای كردو لەگەڵ سەربازانی وڵاتەكەی لەوێ كۆبوەوە. ئەو شوێنەی ترەمپ سەردانی كرد؟ بنكەی (عەین ئەسەد) كە ترەمپ سەردانی كرد، دەكەوێتە دوری 108 كیلۆمەتر لە خۆرئاوای شاری رومادی، بەر لە ساڵی 2003 ناوی بنكەی ئاسمانی "قادسیە" بووە. ئەم بنكەیە دووەم گەورەترین بنكەی ئاسمانییە لە عێراقو نەخشەكەی بە كۆپییەكی سەربازی نەخشەی ناوچەی سەوزی بەغداد دادەنرێت. ساڵی 1975 پلانی دروستكردنی ئەم بنكەیە دانراوەو پلانەكە ناوی (SUPER BASES) بووە، ئامانج لە دروستكردنی بنكەكە سودوەرگرتن بووە لە وانەكانی نسكۆكەی ساڵی 1967. ساڵی 1980 دەستكراوە بە دروستكردنی ئەم بنكەیەو ساڵی 1987 تەواوكراوە، گروپێك كۆمپانیای یۆگۆسلاڤی بە تێچووی 280 ملیۆن دۆلار بنكەكەیان دروستكردووە، ئەم بنكەیە (5 هەزار) سەرباز دەكرێت، سەرباری ئەمە چەندین بینای سەربازی پێویستی تێدایە كە دەكرێت لەكاتی تەنگژەدا وەكو پەناگە سودیان لێوەربگیرێت، ئەمبارو رەبیەو یاریگاو خانووی خزمەتگوزاری تێدایە. لەسەردەمی جەنگی عێراق- ئێراندا ئەم بنكەیە بارەگای سەرەكی هیلیكۆپتەرو فڕۆكەی جۆری ئێس 25ی هێزی ئاسمانی عێراق بووە، ساڵی 1991 لە جەنگی كەنداودا روبەڕووی بۆردومانی هێزەكانی هاوپەیمانان بووەتەوە بە بۆمبی لەیزەر. ساڵی 2003 هێزەكانی مارێنزی ئەمریكا دەستیان بەسەر ئەم بنكەیەدا گرتو تاوەكو ساڵی 2011 تێیدا مانەوە، لە كۆتایی ساڵی 2014وە (300) سەربازو راهێنەری ئەمریكیو فڕۆكەی هاوپەیمانان لەم بنكەیەدا نیشتەجێ بوون، ساڵی 2015 رێكخراوی "داعش" تەواوی شارۆچكەی (بەغدادی)ی گرت كە دەكەوێتە نزیك بنكەی (عەین ئەسەد)، بەڵام نەیتوانی بنكە ئاسمانییەكە بگرێت، زانیاری هەیە لەوكاتەدا هەشت خۆكوژی "داعش" توانیویانە بچنە ناو بنكەكەوە، بەڵام كوژراونو نەیانتوانیوە بنكەكە كۆنترۆڵ بكەن. ساڵی 2007 جۆرج بوشی سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا لەگەڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراقو نوری مالیكی سەرۆك وەزیران سەردانی ئەم بنكەیەی كرد، دواتریش هەریەكە لە كۆندا لیزا رایس وەزیری دەرەوەو رۆبەرت گیتس وەزیری بەرگری ئەمریكا سەردانیان كرد.
( درەو میدیا): بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر لەماوەی ساڵی 2018 داو بەهۆی روداوەكانی هاتوچۆوە ( 262 ) كەس گیانیان لەدەستداوەو ( 1401) كەسیش برینداربوون. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر ئاماری ساڵی 2018ی رووداوەكانی هاتووچۆی راگەیان: - 262 كەس گیانیان لەدەستداوە بەهۆی روداوەكانی هاتوچۆوە - 1401 كەس برینداربوون بەهۆی روداوەكانی هاتوچۆوە - 1348 رووداوی پێكدادان، وەرگەڕان و شێلان هەبووە - 233 رووداویان بەهۆی ماتۆڕ سكیلەوە بووە - 287906 سەرپێچی هەمەجۆر تۆماركراون - 150430 سەرپێچی لەڕێگەی كامێرای چاودێرییەوە بوون - 2160 ئۆتۆمبێل بەهۆی سەرپێچیەوە دەستیان بەسەرداگیراوە - 909 ماتۆڕسكیل بەهۆی سەرپێچیەوە دەستیان بەسەردا گیراوە
(درەو میدیا): ئەمڕۆ ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی كۆبوەوە، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەكە سەرپەرەشتی كۆبونەوەكەی كرد. دوای دەستلەكاركێشانەوەی (6) كەس لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی، ئەمە یەكەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەیە. لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەی ئەو (6) كەسە، لە راگەیەندراوی كۆبونەوەی ئەنجومەنی شورادا ئاماژە بەوەكراوە" لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆیەكی بابەتیانە كرا لەسەر بارودۆخی حیزبیو ریكخراوەییو ئیداریو نێوخۆیی بزوتنەوە، بەتایبەت لەسەر ئەو چەند برایەی كە لەم دواییانەدا دەستیان لە پۆستەكانیان هەڵگرت، بزوتنەوەی بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری هیچ ئەندامو كادیرو دۆستو لایەنگریكی نابێت". هەر لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامیدا بڕیاردرا" لەماوەیەكی نزیكدا دوای تەواوكردنی كارە هونەریو ئیدارییەكانی لیژنەی ئامادەكاری، كۆنفرانس ببەستریت بەمەبەستی گۆڕانكاری ریشەیو سەرلەنوێ ریكخستنەوەی ئۆرگانەكان". رۆژی 25ی ئەم مانگە، شەش ئەندامی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەستیان لە پۆستەكانیان كێشایەوە، ئەو كەسانە بریتی بوون لە هەریەكە لە (كامیل مەحمود- محمد ئەمین ئاشوری- محسن محمد ئەمین- عبدالغفور چەمچەماڵ- ئارام كەمال- سەرباز خۆشناو). ئەو بەرپرسانەی كە دەستیان لەكاركێشاوەتەوە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەیان بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێننەوە كە ئەمانەن: 1- كۆتاییهێنان بە تاكڕەویو قۆرخكاری لە بڕیارو بەڕێوەبردنی حزبدا. 2- ئاشكراكردنی سەرچاوەكانی داهاتو داراییو چۆنیەتی سەرفو خەرجیو سپاردنەوەی بە مەكتەبی دارایی. 3- كۆتاییهێنان بەناڕوونی لە سیاسەتی بزووتنەوەدا لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە. 4- كۆتاییهێنان بە كاری بێ سەروبەریو گێڕانەوەی رۆڵ بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانی باسكو ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردیەتی لەچوارچێوەی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی بزووتنەوەی ئیسلامی.
(درەو میدیا): دادگای سلێمانی فەرمانێكی ئاگاداركردنەوەی بۆ هەریەك (سەعدی ئەحمەد پیرە، عومەری سەید عەلی، مستەفای سەید قادر، خەسرەو گوڵ محەمەد، سەركەوت حەسەن) ناردووەو داوایان لێدەكات لەبەردەم دادگا ئامادەبن. (درەو میدیا) زانیویەتی بانگهێشتكردنی ئەو بەرپرسانە لەسەر بنەمای سكاڵایەكی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستانە، كە تێیدا ئەو بەرپرسانە تۆمەتبار كراون بە "دەستگرتن بەسەر بارەگاو موڵكو ماڵی حزبی كۆمۆنیست". لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، عوسمانی حاجی مارف سكرتێری حزبی كۆمۆنیستی كریكاری كوردستان رایگەیاند، ئێمە دوو سكاڵامان تۆمار كردووە، یەكێكیان لەسەر كوشتنی پێنج ئەندامی حزبی كۆمۆنیستەو سكاڵاكە لەلایەن كەسوكاری كوژراوەكانەوە تۆماركراوەو ئێمە شاهیدین تێیدا، سكاڵای دووەمیش لەلایەن حزبی كۆمۆنیستەوە تۆماركراوە لەسەر بردنی كەلوپەلی بارەگاكانی حزبی كۆمۆنیست. وتیشی: "ئێمە سەركردایەتی ئەوكاتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە بەرپرسی سەرەكی ئەو رووداوە دەزانین". مانگی تەموزی ساڵی 2000 شارەوانی سلێمانی بەشێوەی زارەكی حزبی كۆمۆنیستی كریكاری كوردستانی ئاگاداركردەوە دەبێت بارەگاكانی بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی شار، ئەمە وەك هەوڵێك بۆ نەهێشتنی دیاردەی چەكداری لەناو شاردا، حزبی كۆمۆنیست بە بڕیارەكە رازی بوو بەڵام پێی راگەیاندن دەبێت پێشتر بارەگاكانی یەكێتی ببنە دەرەوە ئەوكات ئامادەنە ئەمانیش بارەگاكانیان بەرنە دەرەوە رۆژی 13 ی تەموز حزبی كۆمۆنیست خۆپیشاندانی كرد دژی بڕیارەكەی شارەوانی سلێمانی، ئاساییش خۆپیشاندانەكەی بڵاوەپێكردو هێڵی كارەباو تەلەفۆنی بارەگاكانی حزبی كۆمۆنیستی بڕی. بەیانی رۆژی 14ی تەموزی 2000 هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی گەمارۆی بارەگاكانی حزبی كۆمۆنیستیاندا، دوای چەند كاتژمێرێك پێنج ئەندامی حزبی كۆمۆنیست كوژرانو چەند كەسێك برینداربوون، لە هێزەكانی ئاسایشیش كەسێك كوژراو دوانی تر برینداربوون، ئاساییش لەو هەڵمەتەدا 50 كەسی لە ئەندامانی حزبی كۆمۆنیست دەستگیركردو بارەگاكانیانی حزبەكەی داخستو كاری سیاسیشی لێ قەدەغەكرد. ساڵی 2000 كە ئەو روداوە رویدا، ئەو كەسانەی كە ئێستا دادگا داوایان دەكات ئەم پۆستانەیان هەبووە. • خەسرەو گوڵ محەمەد- بەرپرسی ئاسایشی گشتی • سەركەوت حەسەن- بەرپرسی ئاسایشی سلێمانی • مستەفای سەید قادر- وەزیری ناوخۆ • عومەری سەید عەلی- بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان • سەعدی ئەحمەد پیرە- بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەكانی یەكێتی نیشتمانی
( درەو میدیا): ترەمپ لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق سەربازانی وڵاتەكەی بەسەركردەوە هیچ بەرپرسێكی ئەو وڵاتەی نەبینی و ئەوەش كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە. عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە نوسینگەی راگەیاندنەكەی بڵاویكردوەتەوە دەڵێت ترەمپ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عەبدولمەهدی كردووە. لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە دەسەڵاتدارانی ئەمریكا، دەسەڵاتدارانی عێراقیان لە خواستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ سەردانی عێراق لە ئێوارەی رۆژی 26ی كانونی یەكەم ئاگاداكردوەتەوە بەمەبەستی پیرۆزباییكردن لە حكومەتی نوێی عێراق و بۆ سەردانی سەربازانی ئەمریكا كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی " داعش" هاوكاری عێراق دەكەن و حكومەتی عێراقیش پێشوازی لە داواكارییەكە كردووە. لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە كە پێویست بوو بە رەسمی پێشوازی لە ترەمپ بكرێت و لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران عادل عەبدولمەهدی كۆببێتەوە، بەڵاك جیاوازی لە بیروبۆچونەكان بۆ رێكخستنی دیدارەكە بووە هۆی ئەوەی كە پەنا بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی ببرێت و تێیدا گۆڕانكارییەكانی دۆخەكە بە تایبەتی دوای بڕیاری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە سوریا و هاوكاری و هەماهەنگی بۆ نەهێشتنی داعش و دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ گەلان و وڵاتانی ناوچەكە تاوتوێكران. هەروەها بەیاننامەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكراشیكردووە كە عەبدولمەهدی پێشوازی لە سەرۆكی ئەمریكا كردووە بۆ سەردانەكەی و بانگهێشتی كردووە سەردانی بەغدا بكات و ترەمپیش سەرۆك وەزیرانی عێراقی بانگهێشتی واشنتۆن كردووە و هەردوولا رێككەوتون لەسەر بەردەوامیدان بە پتەوتركردنی پەیوەندییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات.
راپۆرت: نامیق رەسوڵ ماوەی 8 رۆژە لە سودان " شۆڕشی نان" دەستپێكردووە و هاوڵاتیان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی خراپی دۆخی ئابوریان رژاونەتە سەر شەقامەكانی خەرتومی پایتەخت و شارەكانی ترو ئێستا داواكاری هاوڵاتیان بۆ باشتركردنی ژیانیان گۆڕاوە بۆ رووخاندنی رژێمەكەی بەشیر و رۆژبەرۆژیش توندوتیژی زیاتری لێدەكەوێتەوە. " لیژنەی پزیشكانی سودانی ناوەندی" لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رایگەیاند لە خۆپیشاندانەكانی رۆژی سێشەممەی خەرتومی پایتەختدا هێزە ئەمنییەكان بە فیشەك رووبەڕووی خۆپیشاندەران بونەتەوە و نۆ خۆپیشاندەر برینداربوون و باری تەندروستی یەكێكیان مەترسیدارە. هاوكات " گردبونەی سەندیكا پیشەییەكان" كە داوای خۆپیشاندانەكەی رۆژی سێشەممەی كردبوو، رایگەیاند خۆپیشاندانەكە ئامانجی خۆی پێكاوە كە بریتیە لە یەكخستنی گوتار و قسەی هەموو هێزەكان. گردبونەوەكە لە بەیاننامەیەكدا كە سایتی " سودان تربیون" بڵاویكردوەتەوە دەڵێت:" ئەوەی كارمان بۆدەكرد ئەمڕۆ زۆر بەهێزەوە بەدیهاتن كە ئەوەیە هەموومان یەكگرتوو بین.. قسەی خۆمان كرد و بە دەنگێكی بەرز ئیرادەی جەماوەریی یەكگرتووی خۆمان دەربڕی". هاوكات لەگەڵ فراوانبوونی خۆپیشاندانەكاندا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكیش چەند هەڵمەتێَك بۆ داواكاری روخاندنی دەسەڵاتەكەی عومەر حەسەن بەشیر راگەیەندرا و هاشتاگی " شارەكانی سودان رادەپەڕن" راگەیەندرا. لایخۆشیەوە هاوپەیمانی " بانگەوازی سودان" و " هێزەكانی كۆدەنگی نیشتمانی لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا داوایانكرد خۆپیشاندانەكان بە رۆژ و شەو بەردەوامبن و رژێم ماندووبكرێت هەتا دەگاتە روخاندنی وەك تاكە داواكاریییەك و پاشان دەسەڵات رادەستی حكومەتێكی ئینتیقالی بكرێت كە لە كەسانی تەكنۆكراتی نیشتمانی مەدەنی پێكبهێنرێت و دەربڕی هەموو پێكهاتەكانی سودان بێت. 37 خۆپیشاندەر كوژراون رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رۆژی سێشەممە رایگەیاند راپۆرتی متمانەپێكراو هەن كە جەخت لەسەر كوژرانی 37 خۆپیشاندەر دەكەنەوە بە گولەی هێزە ئەمنییەكانی سودان لە ماوەی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوودا. هاوكات عومەر حەسەن بەشیر، سەرۆكی سودان رایگەیاند كەسانی ناپاك و هەڵگەڕاوە لەپشت ئەو دۆخە پڕ ئاڵۆزییەوەن كە وڵاتەكەی گرتوەتەوە و جەختیشیكردەوە كە حكومەتەكەی بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی پرۆژەكانی گەشەپێدان و ئاوەدانكردەوە بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان و چاككردنی بارودۆخیان. بەشیر ئاشكراشیكرد كە جەنگێك لەدژی سودان بەرپاكراوە بەهۆی ئەوەی پابەندی ئاینەكەیەتی و بە گەنم و دۆلار نایفرۆشێت. چاودێرانی دۆخی سودان دەڵێن بەشیری تەمەن 74 ساڵ لە رێگەی سەركوتكردن و دامركاندنەوەی خۆپیشاندانەكانەوە هەوڵدەدات دۆخی وڵات كۆنترۆڵ بكات و جارێكی تر و دوای 30 ساڵ لە گرتنە دەستی دەسەڵات لە رێگەی كودەتای سەربازییەوە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2020 كاندیدبكات.