Draw Media

وردەكاری هێرشەكەی ئەمریكا بۆسەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی

وردەكاری هێرشەكەی ئەمریكا بۆسەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی

2019-12-30 07:32:37


(درەو):
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا یەكەم دیمەنی هێرشەكەی دوێنێی بۆسەر بارەگاكانی حزبوڵڵا لە عێراق بڵاوكردەوە.
ئەم وێنەیە دیمەنی یەكێك لەو بارەگایانەی هێزەكانی حزبوڵڵاو حەشدی شەعبییە بەر لە هێرشەكەو دوای هێرشەكە.
ئێوارەی دوێنێ سوپای ئەمریكا هێرشی موشەكی كردەسەر بارەگاكانی كەتائیبی حزبوڵڵا لە عێراق و سوریا، واشنتۆن ئەم هێزەی خستوەتە ناو لیستی تیرۆرەو دەڵێ سەربە ئێرانە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پەنتاگۆن) لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەو هێرشە موشەكییە كە فڕۆكە جەنگییەكان ئەنجامیانداوە، (٥) ئامانجی حزبوڵڵای كردوەتە ئامانج.
بەپێی ئامارە بەراییەكان، بەهۆی هێرشەكەی دوێنی ئێوارەوە، (۲٥) كەس لە هێزەكانی حزبوڵڵا كوژراون و زیاتر لە (٤۰) كەسی تر برینداربوون.

ئامانجی هێرشەكە ؟
لەبارە هێرشەكەوە ئەم زانارییانە لەبەردەستدان:
🔹هێرشەكان پێنج ئامانجی حزبوڵڵاو هێزەكانی حەشدی شەعبییان لە عێراق و سوریا كردوەتە ئامانج.
🔹(۳) ئامانجیان لەناو خاكی عێراقدان، بارەگاكانی حزبوڵڵا لە  قەزای (قائیم) لە سنوری نێوان عێراق و سوریا، دوو هێرشەكەی تر بۆسەر بارەگاكانی ئەو هێزە بوو لە ناوچەكانی (غابە سلوم)و (حرش) لە خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار.
🔹هێرشەكە (۲) ئامانجی حزبوڵڵای لەناو خاكی سوریا كردوەتەئامانج، بەڵام شوێنەكەی تائێستا بەدیاریكراوی نازانرێت، پێشبینی دەكرێت لەسەر سنوری نێوان سوریاو عێراق بێت.
🔹وەزارەتی بەرگری ئەمریكا دەڵێ ئەو شوێنانەی كە كرونەتەئامانج، ئەمباری چەك و فەرماندەیی بوون و بەكارهێنراون بۆ هێرشكردن دژ بە هێزەكانی ئەمریكا.
🔹 هێرشەكەی دوێنێ ئێوارەی ئەمریكا وەكو وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەیە كە بەمدواییە كرایە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەی K1 لە كەركوك و بەهۆیەوە ئەمریكییەك كوژرا.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand