بونیاتنان كاندیدی تازەی هەیەو سكاڵاش تۆماردەكات
2019-12-28 19:28:58
درەو:
هەموو چاوەكان لەسەر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقن كە ئەمڕۆ شەممە گەڕایەوە بەغدادی پایتەخت، ئەوەش دوای سێ ڕۆژ مانەوەی لە سلێمانی و ڕەتكردنەوەی ڕاسپاردنی (ئەسعد عیدانی) كاندیدی هاوپەیمانی "بونیاتان" گەورەترین كوتلەی پەرلەمان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و دەبڕینی ئامادەیی بۆ دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.
بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان، سەرۆك كۆمار ئەمڕۆ دوای گەڕانەوەی بۆ بەغداد جموجۆڵ و گفتوگۆكانی لەگەڵ كوتلە سیاسیەكان دەستپێكردۆتەوە سەبارەت بە كاندیدی داهاتووی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق. بەپێی دواین زانیارییەكانیش هاوپەیمانی "بونیاتان" كە خۆی وەك گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی ئەناسێنێت، بە ئاراستەی كاندیدكردنی كەسێكی تر هەنگاو دەنێت، پێشنیازەكان بە ئاراستەی دەستنیشانكردنی كەسایەتییەكی سەربازیی خانەنشینەو، یەكێك لەو ناوانەشی لەسەر مێزی گفتوگۆیە فەریقی خانەنشین (عەبدولغەنی ئەسدی)یە، بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی داهاتوو، كە حكومەتی كاتی دەبێت بۆ ڕاپەڕاندنی كۆمەڵێك ئەرك كە دیارترینیان ئامادەكارییە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق.
"حەیدەر مولا" سەركردە لە هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان هەوڵی ڕێككەوتنێكی ژێر بەژێر ئاشكرادەكات بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ، كە لە ڕێككەوتنی دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە عادل عەبدولمەهدی دەچێت.
"مولا" كە بۆ پێگەی (بەغدادئەلیوم) قسەیكردووە دەڵێت:" كەسانێك هەن هەوڵی بەرهەمهێنانەوەی هەمان ئەو ڕێككەوتنە دەدەن كە حكومەتی عادل عەبدولمەهدی بەرهەمهێنا، ئەو هەوڵانە بەنیازە كەسێك دەستنیشانبكات بۆ سەرۆك وەزیران بەهەمان ڕێككەوتن و بە كاندیدێكی تازە".
هاوكات "محەمەد جەمیل مەیاحی" پارێزگاری واست كە یەكێكە لەسەركردەكانی ڕەوتی حیكمە، لە توتێكدا ڕایگەیاندووە:" هۆكاری بنەڕەتی هەموو ئەو ناوانەی ڕەتدەكرێنەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران كەسەكان نین، بەڵكو هۆكارەكەی ئەوەیە هەر لایەنێك كەسێك كاندید دەكات بۆ ئەوەیە بیكاتە فەرمانبەری خۆی".
هەر لەو بارەیەوە" غالب ئەلعمێری" پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە تویتێكدا دەڵێت:" ترسی هەندێك لە ڕاسپاردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێی سەربەخۆ، لەدەستدانی مافیان لە كاندیدكردن و پێشێلكردنی دەستور نییە، بەڵكو ترسیان لە ئاشكرابوونی نهێنییەكانە".
لەگەرمەی ململانێی شەڕی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی و ڕێككنەكەوتی لایەنە عێراقییەكان لەسەر كاندیدی داهاتووی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەلایەك و، ڕەتكردنەوەی تەواوی ئەو كاندیدانەی كە هێز و لایەنە سیاسییەكان پێشكەشی دەكەن لەلایەن خۆپیشاندەران لەلایەكی ترەوە، ڕای سێیەم سەریهەڵداوە، ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێیە بۆ حكومەتی كاتیی عێراق لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.
"حامید موسەوی" پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "بونیاتنان" لە نامەیەكدا كە ئاراستەی پەرلەمانی عێراقی كردووە، پێشنیاز دەكات سەرۆك وەزیرانی نوێ لەدانیشتنێكی كراوەی ئەنجومەنی نوێنەراندا هەڵبژێردرێت، ئەوەش وا دەكات پەرلەمان ببێتە بەشێك لە چارەسەر نەك بەشێك لەكێشە.
ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی "بونیاتان" هاوشانی نوسینی ئەونامەیە بۆ پەرلەمان، لە لێدوانێكی تردا بۆ ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید" هەنگاوەكانی هاوپەیمانێتییەكەی بۆ تۆماركردنی سكاڵای یاسایی دژی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئاشكرادەكات ، بەهۆی ڕەتكردنەوەی ڕاسپاردنی كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی.
ئەو هەنگاوەش هاوكاتە لەگەڵ جموڵە سیاسییەكانی ژمارەیەك سەركردە لە هاوپەیمانی "بونیاتان" دوای ئاراستەكردنی تۆمەتی پێشێلكردنی دەستور و شكاندنی سوێندی یاسای لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە، لەسەر ئەوبنەمایەی مادەی 76ی دەستوری عێراق ڕۆڵی سەرۆك كۆماری دەستنیشانكردووە كە ڕاسپاردنی كاندیدی كوتلەی زۆرینەیە لەپەرلەمان و مافی ڕەتكردنەوەیەی نییە، ئەوەش ڕۆڵێكە كە ڕاوێژكاری یاسایی سەرۆك كۆماری عێراق ڕەتیدەكاتەوەو، دەڵێت لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیراندا ناكرێت سەرۆك "كارمەندی بەرید"بێت و ڕۆڵی نەبێت لە دیاریكردنی كەسایەتییەك كە ڕەزامەندی خەڵكی عێراقی لەسەرنەبێت بە تایبەت لەم دۆخە هەستیارەدا كە وڵاتی پێیادا تێپەڕدەبێت.