پارتی نیگەرانە لە دەرەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەم
2019-12-26 18:54:23
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
دەرەنجامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، پارتی نیگەران كردووە، كۆنگرە دەنگی بەوانە بەخشی پارتی ناوی لێنابوون "گروپی 16ی ئۆكتۆبەر" كە زۆربەیان پیاوانی ئەمنین، كۆنگرەی چوارەم بۆ قادر عەزیزو هاوڕێكانی سەركەوتنو بۆ "هاودید"و "گۆڕانخواز"ەكانی پێشتر بە شكست كۆتایی هات، جەلال تاڵەبانی لەسەرەتای دروستكردنی یەكێتیدا نامیلكەی "یەكێتی نیشتمانی بۆ ؟"ی نوسی، ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە "یەكێتی نیشتمانی بەرەو كوێ ؟"، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد لەبارەی دەرەنجامەكانی كۆنگرەی چواری یەكێتی بڵاودەكاتەوە.
دوای (5 ساڵ) دواكەوتن، دواجار یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆنگرەی چوارەمی خۆی گرێدا، كۆنگرەیەك كە ناكۆكی لەسەر ئەنجامەكانی دروستبووەو دیارنییە دواجار كەشتییەكەی یەكێتی دەگەیەنێتە كەنار، یاخود لە رابردوو زیاتر حزبەكە پەرتپەرت دەكات.
كۆنگرە لەژێر چاودێری دژەتیرۆردا
كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لەژێر چاودێری توندوتۆڵی دەزگای زانیاریو هێزەكانی دژە تیرۆردا بەڕێوەچوو، كە ئەو دوو دامەزراوەیە لەلایەن دوو براوە سەرپەرەشتی دەكرێنو بەڕێوەدەبرین كە بریتین لە هەریەكە لە (لاهور شێخ جەنگی)و (پۆڵات شێخ جەنگی).
دەستوەردانی بەهێزی دەزگای زانیاریو دژەتیرۆر، كۆنگرەی لە ئەگەری دەستوەردانی دەرەكیو تەقینەوەی كێشە ناوخۆییەكانی حزب پاراست، بەڵام لایەنە نەرێنییەكەی ئەوەیە هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی دەڵێن ئەو دوو دامەزراوە ئەمنییە لایەنگیرییان كردووە لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتیدا، بەدیاریكراوی لەبەرژەوەندی جەمسەرەكەی لاهور شێخ جەنگیو ماڵباتی تاڵەبانیدا، ئەوە لە كاتێكدایە پێشتر رێككەوتن كراوە كۆمپانیایەكی بواری هەڵبژاردن لە دەرەوە بهێنرێتو بەشێوەیەكی بێلایەنانە سەرپەرەشتی پرۆسەكە بكات.
لەبارەی رۆڵی هێزی ئەمنی تایبەتەوە لە كۆنگرەی چواردا، هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی بە (درەو میدیا)یان راگەیاند، بەرپرسانی ئەمنی لە شوێنی دەنگدانو تەنانەت لەكاتی جیاكردنەوەی دەنگەكانیش لە تەنیشت دادوەرەوە ئامادەبوون، بەڵام هیچ راپۆرتێكی پشتڕاستكراو لەبەردەستدا نییە لەبارەی ئەوەی ساختەكاری لە پرۆسەكەدا كرابێت، هەرچەندە هەندێك لە كاندیدە دەرنەچووەكان دەڵێن ئەوان دەرچوونو بە ساختەكاری خەڵكی تر لە شوێنیان دانراوە، یەكێك لەوانەی كە بانگەشەی روودانی ساختەكاری دەكات سامان گەرمیانی-یە كە بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتییە، سەرباری ئەمانە بەشێوەیەكی گشتی بەرپرسانی یەكێتی گلەیی لە باڵابوونی هەژموونی هێزە ئەمنییەكان بەسەر كۆنگرەكەدا دەكەن.
كێ خاوەنی ماڵباتی تاڵەبانییە ؟
لە كۆنگرەی چوارەمدا ئەوانەی پاشگری تاڵەبانییان هەڵگرتبوو، یاخود ئەوانەی بەدیاریكراوی لەسەر ماڵباتی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی ئەژماردەكرانو خۆیان بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی هەڵبژاردبوو، ژمارەیان (9) كەس بوو، ئەمە جگە لە (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) كە زیاتر لەسەر ماڵباتی ئیبراهیم ئەحمەد ئەژمار دەكرێت، نەك تاڵەبانی.
لەناو تاڵەبانییەكاندا، لاهور شێخ جەنگی (برازای جەلال تاڵەبانی) درەوشایەوە، ئەو بوو بە خاوەنی دەنگی یەكەم لەسەر ئاستی كۆنگرە، لەكۆی دەنگی زیاتر لە (هەزار) كەس لە ئەندامانی كۆنگرە، (902) دەنگی بەدەستهێنا.
لاهور شێخ جەنگی سەرباری ئەوەی خۆی دەنگی یەكەمی بەدەستهێنا، دۆستەكانیشی سەرخست بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆی (121) كەس كە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە كۆنگرەی چوارەمدا هەڵبژێردراون، نزیكەی (70) كەسیان سەربە لاهور شێخ جەنگین، كە دەكاتە (58%)ی كۆی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی حزبەكە، واتە ئێستا زۆرینەی رەهای سەركردایەتی یەكێتی لەژێر كۆنترۆڵی دەزگای زانیاریدایە كە لاهور شێخ جەنگی سەرۆكایەتی ئەو دەزگایە دەكات.
بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی، دەنگی سێیەمی لەسەر ئاستی كۆنگرە بەدەستهێنا، لەمەشدا ژمارەی دەنگەكانی لەگەڵ مەحمود سەنگاوی هاوتا بوو، بەپێچەوانەی لاهور شێخ جەنگییەوە، بافڵ تاڵەبانی هێندەی چاوی لەسەر سەركەوتنی خۆی بوو لە كۆنگرەكەدا، هێندە بایەخی بە سەرخستنی دۆستە نزیكەكانی نەدا، بەرزان ئەحمەد كوردە كە لەدوای مەرگی تاڵەبانی باوكەوە، پاڵپشتی لە بافڵ دەكرد، لە كۆنگرەدا سەرنەكەوت.
بافڵ لە ئەنجومەنی سەركردایەتیدا پێگەی بەهێز نییە، بەڵام ئەمە لەتواناو پێگەی مەعنەوییەكەی ئەو وەكو كوڕە گەورەی تاڵەبانیی كەمناكاتەوە، ساڵی 2017 بەر لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، بافڵ كە هیچ پۆستێكی فەرمی لەناو یەكێتیدا نەبوو، لەكۆی نزیكەی 50 كەس لە ئەندامانی سەركردایەتی، ئیمزای (36) كەسی سەركردایەتی كۆكردەوە بۆ پاڵپشتیكردن لە رێككەوتنێك كە خۆی بەتەنیاو بێ ئاگاداری زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی، لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لەبارەی چارەنوسی كەركوكەوە ئیمزای كردبوو.
كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، خاوەندارێتی ماڵباتی تاڵەبانی لەنێوان بافڵو لاهوردا دابەشكرد، ئەمە وایكردووە هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی پێشبینی ئەوە بكەن لە داهاتوودا ناكۆكی توند لەنێوان ئەو دوو ئامۆزایەدا لەسەر دەسەڵاتو پێگەی سیاسی روبدات، هەندێكی تر رودانی ئەو جۆرە ناكۆكییانە بەدور دەزاننو پێیانوایە دواجار ئەو دوو كەسە لەسەر دەسەڵاتو سەرچاوەی دارایی بەرژوەندی یەكتر دەپارێزنو بەگشتی جەمسەری ماڵباتی تاڵەبانی بۆ كۆنگرەی داهاتوو بەهێزتر دەكەن.
كۆسرەت رەسوڵو كوڕەكانی
بەپێچەوانەی هەموو پێشبینییەكانەوە، لە كۆنگرەی چوارەمدا كۆسرەت رەسوڵ عەلی وەكو سیاسییەكی قاڵبووی ناو گەمەكانی یەكێتی، دوچاری پاشەكشێ هات.
ئەو كە بە وریاییەوە یارییە سیاسییەكەی لەگەڵ تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا ئیدارە دەدات، ئێستا لەسەر دەستی كوڕو برازاكانی تاڵەبانی لەپێگە سیاسییەكەی دراوە.
كۆسرەت رەسوڵ لە كۆنگرەی چوارەمدا توانی خۆیو دوو كوڕەكەی (شاڵاو و دەرباز)و هەندێك لە دۆستەكانی رزگار بكاتو سەریان بخات بۆسەركردایەتی، بەڵام ئەمە لەچاو توانا بەهێزەكەی جارانی ئەودا كەمەو لەئاستی پێشبینی كەسە نزیكەكانیدا نییە، هەندێك دەڵێن كۆسرەت رەسوڵ بەبەراورد بە هاوتەمەنە سیاسییەكانی خۆی، لە كۆنگرەی چوارەمدا دەستكەوتی زیاتری چنیوەتەوەو ئەوەی كردوەیەتی كەم نییەو لەدۆخی ئێستای یەكێتیدا هەرئەوەندە دەكرێت.
بەرهەم ساڵحو هاودیدەكانی
لاوازترین كارەكتەری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، سەرۆك كۆماری عێراق بەرهەم ساڵح بوو، ئەو بە تەزكیەی جەمسەرەكانی یەكێتی وەكو ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردرا، دۆستەكانیشی (ئەوانەی لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری ناوی لێنابوون هاودید) كەسیان سەرنەكەوتن بۆ سەركردایەتی.
بەرهەم ساڵح هەر دوای ئەوەی هەڵبژاردنی خۆی بە "تەزكیە" بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی زامن كرد، كۆنگرەی یەكێتی بەجێهێشتو گەڕایەوە بۆ بەغداد، دۆستە هاودیدەكانی بەجێهێشت بۆ ئەوەی ئەندامانی كۆنگرە رقی جیابوەنەوە لە یەكێتی بەسەر ئەواندا بڕێژن، دڵشاد عەبدولڕەحمان یەكێك لە دۆستە هاودیدەكانی بەرهەم ساڵح، لە نوسینێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی هۆكاری سەرنەكەوتنی بۆ جیابونەوەكەیان لە یەكێتی دەگەڕێنێتەوە.
بەرهەم ساڵح خۆی بە لاوازی بووە بە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیو پێگەی لایەنگرەكانیشی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی لاوازە، بەڵام ئەم لاوازییە بەردەوام بووە بە پێگەی سیاسی بۆ ئەو.
بەپێی زانیارییەكان، بەرهەم ساڵح تاوەكو كۆنگرەی داهاتووی یەكێتی، كاندیدی بەهێزی جەمسەرەكانە یە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی یەكێتیو دوای وەرگرتنی پۆستەكەش هەوڵی راگرتنی هاوسەنگی دەدات لەنێوان جەمسەرە جیاوازەكاندا.
كەركوكییەكان یەكلابونەوە
لەدوای نەخۆشكەوتنو دواجار كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەركردەی مێژوویی یەكێتی نیشتمانییەوە، لەناو یەكێتیدا جەمسەرێكی نوێ دەركەوت، كە ئەویش جەمسەری گروپی (كەركوكییەكان) بوو، ئەم گروپە پێكدێت لە سەركردە كەركوكییەكانی یەكێتی، لەوانە (ئاسۆ مامەند- رەفعەت عەبدوڵا- رزگار عەلی- رەوەند مەلا مەحمود- وەستا رەسوڵ)، لەدوای چونەدەرەوەی تاڵەبانی باوكەوە لە شانۆكە، ئەم گروپە بەردەوام پێگەیان بەهێز بووەو لەنێوان ماڵباتی تاڵەبانیو كۆسرەت رەسوڵدا پارسەنگیان راگرتووەو یەكلانەبونەتەوە بۆ هیچ لایەكیان.
بەڵام لە كۆنگرەی چواردا كەركوكییەكان لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا كە زامنی پێگەی سیاسی خۆیان پێكرد، شكاندیانەوە بەلای ماڵباتی تاڵەبانیداو لەگەڵ لاهور شێخ جەنگیی رێككەوتن.
كەركوكییەكان لە ئەنجومەنی سەركردایەتی نوێی یەكێتیدا پێگەیان لە كۆسرەت رەسوڵ بەهێزترە، تا ئەو رادەیەی دەوترێت ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بۆ قۆناغی داهاتوو لەژێر فەرمانی ماڵباتی تاڵەبانیو كەركوكییەكاندا دەبێت.
گۆڕانو زەحمەتكێشان لە كۆنگرەی چواردا
لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا، جگە لە هاودیدەكانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری كە بەمدواییە گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی، ئەو كارەكتەرە سیاسییانەی بزوتنەوەی گۆڕانیش كە گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی، دوچاری شكست هاتن.
سەركەوت حەسەن ناسراو بە "سەركەوتی كوبە"و عوسمان بانیمارانی لە دیاترین ئەو سەركردانەی پێشتری بزوتنەوەی گۆڕان بوون خۆیان بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كاندیدكردو سەرنەكەوتن، سالار عەزیز-یش كە بەهەمان شێوە لە سەركردەكانی پێشتری گۆڕان بوو، لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا دەركەوت، بەڵام بەبێ وەرگرتنی هیچ پۆستو پلەیەكی حزبی كۆنگرەكەی بەجێهێشت.
لەبەرامبەر "هاودید"و "هەڵسوڕاوان"دا، هاوڕێكانی قادر عەزیز لە حزبی زەحمەتكێشان، لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا زۆربەیان سەركەوتن بۆ سەركردایەتی، قادر عەزیز خۆی یەكێك لەوانە بوو كە لە 10 یەكەمەكەی كۆنگرە بوو، لەناو هاوڕێكانیشیدا (نەسروڵا سورچیو ئاسۆس عەلی) سەركەوتن.
پارتی نیگەرانە
پێنج رۆژ بەسەر بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا تێپەڕیوە، تائێستا پارتی دیموكرتی كوردستان بە فەرمی هیچ پیرۆزباییو هەڵوێستێكی لەبارەی كۆنگرەی یەكێتییەوە رانەگەیاندووە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەركردایەتی پارتی نیگەرانە لە دەرەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، هێشتا بەتەواوەتی بۆی رون نەبووەتەوە سەنتەری دەسەڵاتی یەكێتی بۆ قۆناغی داهاتوو لای كێ دەبێت، بڕیاردراوە كەس هیچ هەڵوێستێك لەبارەی كۆنگرەوە رانەگەیەنێت، تا ئەو كاتەی سەركردایەتی پارتی خۆی راگەیەندراوێك لەوبارەیەوە بڵاودەكاتەوە.
ئەوەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی چاوەڕوانی نەدەكرد، لەناو یەكێتی رویدا، ئەوانەی ئەو ناوی لێنابوون "خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر" لەناو یەكێتیدا دەنگی زۆرینەیان بەدەستهێناو داهاتووی یەكێتی تاڕادەیەكی زۆر بۆ ئەوان یەكلابوەتەوە، ئێستا بارزانی درك بەوە دەكات لە ریفراندۆمەكەی 2017دا ئەوەی لەناو یەكێتی لەگەڵ ئەو بووە، تەنیا چەند سەركردەیەك بووە نەك تەواوی پێگەی جەماوەری یەكێتی.
بارزانی پێشتر لە چەندین بۆنەدا بە سەركردەكانی حزبەكەی وتووە كاركردن لەگەڵ "جەماعەتی 16ی ئۆكتۆبەر" سەختە، بەڵام ئێستا دەبێت رێز لە ئەمری واقیع بگرێت، ئەگەر نا دەبێت لەڕێگەی دۆستەكانییەوە لەناو یەكێتی هەوڵی گۆڕینی ئەو واقیعە بدات كە كۆنگرە دروستیكردووە، ئەمە داهاتوو دەریدەخات بارزانی كلیك لەسەر كام یەكە لە بژاردەكان دەكات.
كۆمپانیای نۆكان هەستایەوە
لە كۆنگرەی چوارەمدا جەمسەرێكی سیاسی لەناو یەكێتیدا دەركەوت كە پێشتر تەنانەت دوای نەخۆشكەوتنو كۆچی دوایی تاڵەبانیش بوونی نەبوو، جەمسەری كۆمپانیای نۆكانو ئیدارەی گشتی یەكێتی، كە دلێر سەید مەجید سەرۆكایەتی دەكات، ئەو پیاوەی هەندێك ناویان لێنابوو "قاسەكەی یەكێتی"و هەندێكی تر پێیان دەوت "پیاوی پارەكە".
دلێر سەید مەجید كە دۆستە كۆنەكانی تاڵەبانیو كلیلی قاسەكەی یەكێتی بوو، لەدوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانییەوە لە پێگەكەی درا، ئەو ئیتر وەكو پێشتر لەسەر گۆڕەپانەكەی یەكێتی بەدی نەدەكرا، بەڵام لە كۆنگرەی چوارەمدا بەهێزەوە گەڕایەوە.
دلێری سەید مەجید كە پێشتر هیچ پلەیەكی حزبی نەبوو، لەم كۆنگرەیەدا بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، سەرباری خۆی چەند كەسێك لە هاوڕێو هاوكارەكانی كۆمپانیای (نۆكان)ی سەرخست، لەوانە (سالار عومەر نوری- سالاری ئیدارەی گشتی)، (پەروین بابەكر)و (شوانە قادر- شوانەی نۆكان)و (جەزا سەید مەجید- برای دلێر سەید مەجید خۆی)و (شێخ ئەحمەدی نۆكان).
دلێری سەید مەجید لە براوەكانی كۆنگرەی چوار بوو، پێگەی سیاسی خۆیو هەندێك لە هاوڕێكانی كۆمپانیای نۆكانی گەڕاندەوە، بەڵام دیارنییە ئاخۆ ئابورییە بەهێزەكەی جارانی یەكێتی دەگەڕێننەوە ژێر دەستی خۆیان كە رۆژگارێك كۆنترۆڵیان كردبوو یاخود نا.
یەكێتی بەرەو كوێ ؟
جەلال تاڵەبانی لەسەرەتای دروستكردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بۆ رونكردنەوەی ئامانجی دروستكردنی حزبە نوێیەكە كتێبێكی نوسی بەناوی "الاتحاد الوطنى لماذا" واتە (یەكێتی نیشتمانی بۆ ؟)، دوای كۆنگرەی چوار ئیتر ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە "یەكێتی نیشتمانی بەرەو كوێ ؟".
كۆنگرەی چوار كۆتایی هات، بەڵام هێشتا یەكێتی نەبووە بە خاوەنی پەیڕەوێكی روونی ناوخۆ، بەپێچەوانەی رێسای باوی كۆنگرەی حزبەكان، لە كۆنگرەی یەكێتیدا، پەیڕەوی ناوخۆ تەنیا چەند بڕگەیەكی پەسەندكراوەو بەشە زۆرەكەی كە تایبەتە بە دەسەڵاتی ئۆرگانە سەرەكییەكان، بەجێهێڵدراوە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردراو بڕیاری لەسەر بدات.
واتە ئێستا دیارنییە سەنتەری دەسەڵاتو بڕیاری سیاسی یەكێتی لای كام یەكێك لە ئۆرگانەكانە، ئەنجومەنی باڵای سیاسی كە كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكایەتی دەكاتو ئەندامەكانی پێكهاتووە لە مەكتەب سیاسییە كۆنەكان (مەلا بەختیار- حاكم قادر- ئەرسەلان بایز- عەدنان موفتی- دلێر سەید مەجید- هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد- عومەر فەتاح) خۆیان بە سەنتەری بڕیار دەزانن، لەبەرامبەردا سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتیو سەرۆكی یەكێتیو ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێكردنو بەرپرسی مەكتەبەكان هەن كە تائێستا دروست نەكراونو دەسەڵاتەكانیان دیاری نەكراوە.
بەشێوەیەكی گشتی رەشنوسی پەیڕەوەكەو ئەوەی لە پشتەوە رێككەوتنی لەسەر كراوە، جۆرێكە لە دابەشكردنی دەسەڵات لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتی، نەك كۆكردنەوەی دەسەڵاتو ناوەندی بڕیار لە بازنەیەكدا، ئەمەش هەمان ئەو گرفتەیە كە یەكێتی لەدوای نەخۆشكەوتنو كۆچی دوایی تاڵەبانییەوە بەدەستییەوە دەناڵێنێت.
پێشبینی جۆراوجۆر بۆ داهاتوو یەكێتی هەیە لەبەر رۆشنایی ئەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەمدا، هەندێك دەڵێن ئەو گەنجانەی كە بەشێوەیەكی كتوپڕ سەركەوتوون بۆ سەركردایەتی، بێ ئەزموونن لە ئیدارەدانی سیاسەت لەناوخۆو ناوچەكەدا، رەنگە یەكێتی دوچاری هەڵدێر بكەنەوە، هەندێكی تر بەپێچەوانەوە بیر دەكەنەوە، دەڵێن یەكێتی خوێنێكی تازە بەناو جەستەیدا هاتوچۆ دەكات، ئەم خوێنە تازەیە یەكێتی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی زێڕێن.
ئەمە لەكاتێكدایە كۆنگرەی چوارەم نەیتوانی بەتەواوەتی ململانێی نێوان گەنجو پیر لەناو یەكێتیدا بەلادا بخاتو پیرەكان كە لە ئەنجومەنەكەی كۆسرەت رەسوڵدا كۆبونەتەوە چاوەڕوانی دەكرێت لە داهاتوودا مانوڕی سیاسی بكەن بۆ گێڕانەوە پێگە لەدەستچووەكەیان لە كۆنگرەی چوارەمدا.
بەشێوەیەكی گشتی ئەوە دەردەكەوێت، كۆنگرەی چوارەم چارەنوسی یەكێتی داوەتە دەست پیاوە ئەمنییەكان، ئەوانەی لەگەڵ پارتی مامەڵەی سیاسییان كرد، لەپێگەیان درا، ئەمانەش هەمووی لەو گۆڕانكارییانەن كە كاریگەرییان لەسەر سیاسەتی داهاتووی یەكێتی دەبێت.