Draw Media

بەرهەم ساڵح: ئامادەم دەستلەكاربكێشمەوە 

بەرهەم ساڵح: ئامادەم دەستلەكاربكێشمەوە 

2019-12-26 14:21:21


(درەو میدیا):
(درەو میدیا) دەقی نامەكەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقی بۆ محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی، كە تێیدا باسلەوە دەكات، ئەو راسپاردنی كاندیدەكەی هاوپەیمانی بنیادنان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ رەتدەكاتەوە‌و بەوەش دەستوری عێراق پێشێلدەكات، بۆیە دەستلەكاركێشانەوەی دەخاتە بەردەم پەرلەمان بۆئەوەی پەرلەمانتاران بڕیاری لەسەر بدەن.

دەقی نامەكەی بەرهەم ساڵح بەزمانی كوردی:
بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
سڵاو و رەحمەت‌و بەرەكەتی خواتان لێ بێت
نوسراوتان بە ژمارە (1360) لە رۆژی (23/12/2019)م پێگەیشت لەبارەی دیاریكردنی كوتلەی زۆرینە، بەوەی كە جەخت دەكات لەسەر ئەوەی (كوتلەی بنیادنان) كوتلەی زۆرینەیە، هەروەك نوسراوێكم لە (كوتلەی بنیادنانە) پیگەیشتووە كە كاندیدكردنی ئوستاز (ئەسعەد عەبدولئەمیر عیدانی) لە خۆدەگرێت بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
لە پابەندبونمانەوە بە دەقی دەستور وەكو سەقفی دەسەڵات لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، ئەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم، بەرپرسیارێتی نیشتمانیم لەم بارودۆخە مێژوییە هەستیارەدا، لەبەر رۆشنایی ئەو دەستكەوتانەی كە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی رەوای رۆڵەكانی گەلەكەمان سەپاندویەتی، پێویستی كردووە لەسەرمان تەماشای بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاكان بكەین بەر لە تەماشاكردنی ئیعتیباراتە كەسیی‌و سیاسییەكان. بەرژەوەندی باڵای وڵات، كە لەكاتی وەرگرتنی پۆستەكەمدا سوێندم خواردووە بیپارێزم‌و بەرگری لێبكەم، ئەمڕۆ بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانی خستوەتە ئەستۆی سەرۆك، پشتیوانی لێكتێگەیشتن بكات لەبارەی سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتووەوە، كە بەرژەوەندی وادەخوازێت هۆكاری ئارامكردنەوەی بارودۆخەكە بێت‌و مشتومڕی لەسەر نەبێت‌و وەڵامدەرەوەی ئیرادەی گەلی عێراق بێت كە سەرچاوەی شەرعییەتی هەموو دەسەڵاتەكانە. زنجیرەیەك راوێژم لەگەڵ هێزەكانی ناو پەرلەمان‌و هێزە سیاسییەكان‌و چالاكی لاوان‌و سەندیكاو ئەكادیمی‌و ئاینی‌و كۆمەڵاییەكان كرد، لەبارەی تایبەتمەندی‌و مەرجەكانی سەرۆكی داهاتووی حكومەت، داواكارییەكیش بە ئیمزای (174) پەرلەمانتارەوە پێشكەش كرا كە تایبەتمەندییەكانی سەرۆكی حكومەتی لەخۆگرتبوو.
لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە، بەرپرسیارێتی سەرۆك كۆمار لەبەرامبەر گەلەكەی‌و بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەكەی لەبەرامبەر سەقامگیری‌و سەلامەتی وڵات لەبەرچاوگیرا، لە سوربونمەوە بۆ رێگرتن لە خوێنڕشتن‌و پاراستنی ئاشتی ناوخۆیی، خۆم دەبوێرم لە دانانی كاندیدی (كوتلەی بنیادنان).
ژمارەیەك قسەی جیاواز لەبارەی كوتلەی زۆرینەی ناو پەرلەمان گەیشتوەتە سەرۆكایەتی كۆمار، كە دژ بە یەكترن، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران/ نوسینگەی جێگری یەكەم لە رۆژی 16/12/2019 نوسراوی بە ژمارە (م.ر 1338) ناردووە‌و تێیدا ئاماژە بەوەكراوە ئەو (16) هاوپەیمانێتییە سیاسییەی كە لە لیستێكدا هاوپێچكراوە لە دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوە كوتلەی زۆرینە‌و لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێز عادل عەبدولمەهدی راسپێدراوە بە پێكهێنانی حكومەت، لەدوای ئەم نوسراوە، لە 23/9/2019دا نوسراوێكی ترمان بەشێوەی دەستیی رادەستكراوە كە ژمارە (م. ر 2494)ی لە رۆژی 16/9/2018ی هەڵگرتووە‌و ئاماژەی بەوەكردووە كوتلەی بنیادنان گەورەترین كوتلەیەی پەرلەمانە لەڕووی ژمارەوە، بۆ زانیاری ئەم نوسراوە لەوادەی دیاریكراودا بۆ سەرۆكایەتی كۆمار نەنێردراوە‌و لەوكاتەدا لای ئێمە (وارد) نەكراوە، ئەوكاتە سەرۆك كۆمارمان هەڵنەبژاردبوو، سەرباری ئەوەی گەیشتوەتە سەرۆكایەتی كۆمار بۆ ئەوەی كاندیدی پێكهێنانی حكومەت پێشكەش بكات لەلایەن كوتلەی بننیادنانەوە نەك لەلایەن ئەو (16) كوتلە هاوپەیمانەوە، دوای ئەوەی ئەم تێبینیانەمان نارد، بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران نوسراوێكی تری نارد بە ژمارە (م.ر 1360) لە 23/12/2019 تێدا نوسرا بوو (سەبارەت بە بابەتی گفتوگۆلەسەركراو ئاماژەتان بۆ دەكەین بە نوسراوی ژمارە (م.ر 2494) لە 16/9/2018 واتە كوتلەی زۆرینە كوتلەی بنیادنانە‌و ئەو كوتلەیە پەیوەندیدارە بە كاندیدكردنەوە، ئەمەش دژ بە نوسراوی ئەنجومەنی نوێنەرانە بە ژمارە (2535) لە 2/10/2018‌و (م.ر 1338) لە 16/12/2019.
لەچوارچێوەی ئەركەكەمدا بۆ پاراستنی دەستور، پێویستە ئاماژە بە ماددەی 76ی دەستور بكرێت كە سەرۆك كۆمار پابەند دەكات بە "پارێزگاریكردن لە سەربەخۆی عێراق‌و سەروەری‌و یەكێتی‌و سەلامەتی خاكەكەی"، هەروەها ماددەی 76 كە سەرۆك پابەند دەكات بە راسپاردنی كاندیدی كوتلەی زۆرینە بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی وەزیران بەبێ ئەوەی مافی پەڵپگرتنی هەبێت. بەوەی ئەم هەڵوێستی خۆپارێزییە لە كاندیدكردنەكەی ئێستا كێشە لە دەقی دەستوردا دروستدەكات، بۆیە ئامادەیم بۆ دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستی سەرۆك كۆمار دەخەمە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ ئەوەی لەبەر رۆشنایی بەرپرسیارێتی خۆیاندا بڕیار لەسەر ئەوە بدەن كە بەگونجاوی دەزانن، بەدڵنیایی خێر لە پۆستێكدا نابێت كە لە خزمەتی خەڵكدا نەبێت‌و زامنی مافەكانیان نەكات.
من بەمە جەخت دەكەم لەسەر ئەوەی، جوڵەی سیاسی‌و پەرلەمانی دەبێت بەردەوام گوزارشت لە ئیرادەی میللی گشتیی‌و پێداویستییەكانی ئاسایش‌و ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و مافی فەراهەمكردنی حوكمڕانییەكی رەشید بكات، كە ئاسایش بڕەخسێنێت‌و بگاتە ئاستی خواستەكانی گەل‌و قوبانیدانەكانی.
لە بەلاغەتی ئیمام عەلی كوڕی ئەبی تالبەوە (سلاوی لەسەر بێت) ئەم قسەیە وەردەگرم (الإمام علي: رحم الله امرءًا أحيا حقًا وأمات باطلاً ودحض الجور وأقام العدل)، دادپەروەری كرۆكی حوكم‌و مەبەستەكەیەتی، ئەوە ئامانجی كۆتایی دەستورو بەرپرسیارێتییە فەرمی‌و سەروەرییەكانە، هەروەك ئەوە دەستكەوتی گەلە دوای ئەو هەموو قوربانییانەی كە داویەتی بۆ پاراستنی نیشتمان‌و پارێزگاریكردن لە مافەكانی هاوڵاتیان.
رەحمەت‌و نەمری بۆ شەهیدانی عێراق، ئاسایش‌و ئاشتی‌و بەرزیی بۆ گەلی عێراق، خوادا سەركەوتومان بكات.
                                                                                                                                             بەرهەم ساڵح 
                                                                                                                                            سەرۆك كۆمار 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand