( درەو میدیا): فەرماندەیەكی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند دەرگای پەیوەندیكردن بۆ پەیڕەوكارانی ئاینەكانی تر لە ئێران كراوەتەوە بۆئەوەی بچنە نێو ریزەكانی بەسیجی نوێوە كە لە پەیڕەوكارانی كەمایەتییە ئاینییەكان پێكدەهێنرێت. رەزا یەزدی فەرماندەی یەكێك لە یەكەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی تەسنیم وتی:" ئێران ئامادەیە بۆئەوەی فیرقەیەكی نوێی بەسیج بۆ پەیڕەوكارانی ئاینەكانی تر بكاتەوە، بۆئەوەی سود لە تواناكانیان وەربگیرێت". ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران وتیشی:" پێكهێنانی ئەو هێزە نوێیە زۆر بەسود دەبێت بۆ پارێزگاریكردن لە پێگە هەستیارەكان و پاراستنی خاكی ئێران و بەرگریكردن لە رژێمی دەسەڵاتدار". بەسیج هێزێكی نیمچە سەربازییە كە لە خۆبەخشانی مەدەنی پێكدێت و ساڵی 1979 بە فەرمانی ئیمام خومەینی رابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دامەزرێندراوە و لە تشرینی یەكەمی رابردوودا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سزای بەسەر هێزەكاتنی بەسیج و كۆمپانیا و دامەزراوەكانیدا سەپاند.
( درەو میدیا): ئەفسەرێك لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەرگری و فریاكەوتنی سلێمانی دەڵێت، بەڕێوبەرەكەی پێ ڕاگەیاندووە، نابێت لەم هێزە بمێنێتەوە چونكە هێزی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە. نەقیب (دڵشاد مەلا شكور) ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی بەرگری و فریاكەوتنی سلێمانی كە سەربە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمە بە "درەو میدیا"ی ڕایگەیاند: لە سەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، لیوا (كاكەمەند) بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەرگری و فریاكەوتنی سلێمانی بانگهێشتی كردووەو پێی ڕاگەیاندووە، كە جێگەی لەناو هێزەكەیاندا نابێتەوە بەوپێیەی ئەو هێزە موڵكی یەكێتییەو ئەویش لایەنگری بزوتنەوەی گۆڕانە، بۆیە بڕیاریانداوە بیگوازنەوە. دڵشاد وتیشی: بە بەڕێوبەرەكەمم وت "من بە هیچ شێوەیەك لەناو هێزەكەمان بانگەشەم بۆ گۆڕان نەكردووە، بەڵام ئەو هەر سوربوو لەسەر سزادانو دوورخستنەوەم، كە ئەمە بۆ دەیەم جارە یەكێتی لەسەر لایەنداریكردنم بۆ بزوتنەوەی گۆڕان سزای سیاسییم دەدات". ئەو ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی بە "درەو میدیا" ڕاگەیاند: داوایكردووە بۆ بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بیگوازنەوە، بەوپێیەی پێشتر لەوێوە وەك سزای سیاسی بۆ بەڕێوبەرایەتی فریاكەوتن گوازراوەتەوە، بەڵام دوێنی دووشەممە لەلایەن بەڕێوبەری گشتی فریاكەوتنی سلێمانیەوە ئاگاداركراوەتەوە، كە بۆ یەكەی پاسەوانییەكان گوازراوەتەوە، هۆكاری گواستنەوەشی بۆ یەكە گەڕاندەوە بۆئەوەی، تا مووچەكەی ببێت بەنیوەی ئەو مووچەیەی پێشتر وەریگرتووە. (دڵشاد مەلا شكور فەرمان) چوار براو دایكی ئەنفالەو باوكیشی شەهیدە و خۆشی یەكێكە لە ڕزگاربوانی تاوانی ئەنفال، لە ساڵی 1992وە پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەی كورستانەوە كردووە.
ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود دوای كەمتر لە كاتژمێرێك لە بڵاوبونەوەی بەیاننامەكەی كوتلەی (هاوپەیمانیو بونیاتنان)، پەرلەمانی عێراق بڕیاڕی دواخستنی دانیشتنەكەی ئەمڕۆیدا، كە بڕیاربوو تایبەت بێت بەمتمانەدان بە كاندیدی وەزارەتە پڕنەكراوەكانی حكومەتەكەی (عادل عەبدولمەهدی) كە ژمارەیان هەشت وەزارەتەو پێكدێن لە: (ناوخۆ، بەرگری، داد، كۆچوكۆچبەران، پلاندانان، پەروەردە، خوێندنی باڵا، ڕۆشنبیری) بە بەیاننامەكەی كوتلەی (سەدروعەبادی)یدا دیاربوو، هێشتا ناكۆكییەكان چارەسەر نەكراون، تیایدا بەڕوونی ئاماژە بە كۆمەلێك كێشەی یەكلانەكراوە كراوبوو كە دیارترینیان ئەمانەن: • سەرۆك وەزیران هەڵوێستی دەستەی لێپرسینەوەو دادپەروەری ئاشكرابكات سەبارەت بەو وەزیرانەی متمانەیان پێدراوە. • تەئكیدكردن لەسەر دەستنیشانكردنی كەسایەتی تەكنۆكراتو سەربەخۆ بەتایبەت بۆ هەردوو وەزارەتی بەرگریو ناوخۆ. • ڕادەستكردنی (سیڤی كەسیی ) كاندیدی وەزارەتەكان بە سەرجەم پەرلەمانتاران، (48) كاتژمێر پێش پرۆسەی متمانە پێدان لە پەرلەمان. "ڕازینابم بێلایەن نەبێت" موقتەدا سەدر لە تازەترین تویتدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردۆتەوە، بە ئاشكرا پەنجە دەخاتە سەر برینەكانو، قوڵی ناكۆكییەكان بەتایبەت لە پەیوەست بە هەردوو وەزارەتی (ناوخۆو بەرگری). سەدر لە تویتەكەیدا دەڵێت" من هۆكار نیم لە دواخستنی تەواوكردنی كابینەی حكومەت، بەڵكومن هۆكارم لە دواخستنی پلانەكانیان" سەدر بە ڕاشكاوی ئاماژە بەوەدەكات" ڕازینابم بە وەزیرێكی بەرگری یان ناوخۆ كە بێلایەن نەبێت" بەمەش هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە كە باسیان لە یەكلابونەوەی ( فالح فەیاز) كاندیدی هاوپەیمانی (فەتح) دەكرد بۆ وەزارەتی ناوخۆ، سەرۆكی ڕەوتی سەدر پێشنیاز بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراقیش دەكات، وەزارەتە پڕنەكراوەكانی پێشكەش بە پەرلەمان بكات جگە لە وەزارەتی (ناوخۆ و بەرگری). لای خۆیەوە، (محەمەد كەربولی) سەركردە لە هاوپەیمانی (میحوەری نیشتمانی) لە تویتێكدا دەڵێت" با ڕوون بێت بۆ گەلی عێراق كە هۆكاری دواكەوتنی یەكلاكردنەوەی وەزارەتی بەرگری، تێوەگلانی هەندێك لەسەركردە دیارەكانی پرۆسەكانو سوپایە لە مامەڵەی گەندەڵی بۆ دروستكردنی بەربەست لە بەردەم گەیشتنی توانا سەربازییە عێراقییەكانە كە كاندیدمان كردن بۆ ئەو پۆستە، لەترسی وەستانی ئەو سەرانەیەی كە لە كەرتە سەربازییەكان كۆیدەكەنەوە". هۆشداریان داوەتە عەبدولمەهدی (مازن زوبەیدی) سەركردە لە هاوپەیمانی (بونیاتان) كە(هادی عامری) سەرۆكایەتی دەكات بەڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی ڕاگەیاندووە" عەبدولمەهدی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان گەیشتۆتە ڕێككەوتن بۆ ناردنی كاندیدەكانی بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان، بێئەوەی لەگەڵ كوتلە سیاسیەكان ڕێككەوتنی تەواوەتی بكات، ئەوەش پاڵینا بە كوتلەكانەوە كودەتای لێبكەن". تەئكیدیشی كردووە" كوتلەكان بە عەبدولمەهدیان ڕاگەیاندووە، دەنگ نادەن بە كاندیدەكانیو تانەی یاسایی لێدەدەن بە تایبەت كە سیڤی كەسیی پێشكەشنەكردوون، ئەوەش سەرۆكی پەرلەمانی ناچاركردووە دانیشتنەكە هەڵبوەشێنێتەوە". ئەوە لەكاتێكدایە درەنگانێكی شەوی ڕابردوو، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا هۆكاری دواخستنی دانیشتنەكەی پەرلەمانی گێڕایەوە بۆ "نەگەیشتنی سیڤی كەسیی كاندیدەكان بۆ تەواوكردنی كابینەی حكومەت" ڕونیشكردۆتەوە" سەرۆكی حكومەت تەئكیدی كردەوە ڕێوشوێنەكانی وردبینیكردنی لێپرسینەوەو ئەستۆ پاكی (5) كاندیی تەواوكردووەو، تائێستا كاندیدی (3) وەزارەت ماوە كە لە ژێر لێكۆڵینەوەو وردبینیكردنی لایەنە پەیوەندیدارەكاندان. پارتی یەكێتی بێبەش دەكات زانیارییەكان سەبارەت بە پشكی كورد لە بەغداد بەتایبەت لەو وەزارەتانەی ماوە بەردەوام لە گۆڕانكاریدان، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار لە بەغداد بە "درەومیدیا"ی ڕاگەیاند، عادل عەبدولمەهدی بە پێدانی هەردوو وەزارەتی (دادو كۆچو كۆچبەران) بەكورد، (داد) بۆ یەكێتیو (كۆچو كۆچبەران) بۆ پارتی، ململانێكانی ئەو حزبەو فشارەكانی پارتی لەسەر حكومەتەكەی چارەسەركردووە، لە تازەترین پێشهاتیشدا هەندێك سەرچاوەی ئاگادار ئاماژە بە گۆڕانكاری دەكەن لەو دابەشكارییە بە تایبەت دوای سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغداد كە باس لە دوو ئەگەر ئەكرێت: • یەكەمیان ئەگەر دو وەزارەت بدرێت بەكورد وەزارەتێكی بۆ پارتی دەبێتو، وەزارەتەكەی تر پارتی دەیدات بە یەكێك لەسێ لایەنەكە ( بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی)و ئەگەری بەهێزیش لەم حاڵەتدا بۆ بزوتنەوەی گۆڕانەو، پارتی سورە لەسەر بێبەشكردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پۆستی وەزارەتەكانی بەغداد. • دووەمیان ئەگەر یەك وەزارەت بدرێت بەكورد، ئەوا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت. ئەوە لەكاتێكدایە، هەندێك سەرچاوەی تر ئاماژە بەوەدەكەن، تائێستا هیچكام لەو دوو وەزارتە (دادو كۆچو كۆچبەران) بۆ هیچ هێزێكی كوردی یەكلانەكراوەتەوە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت ئایا مەسعود بارزانی بەڵێنەكەی پێش ریفراندۆم جێبەجێدەكات كاتێك وتی" ئەگەر ریفراندۆم سەرینەگرت، بڵێن ئەم كابرایە شێت بووە، سواری سەری خۆی بووە، هەمووی خەتای ئەو بووە، ئەو وەختە من حازرم بۆ ئەم مەسەلەیە سەرم لەسەری دابنێم". بارزانی دوای ریفراندۆم سەری جەستەی رزگاركرد، بەڵام دیار نییە سەرە سیاسییەكەی چی بەسەردێت، ئایا خانەنشین دەبێت، یان بەردەوام دەبێتو جارێكی ترو بەشێوازێكی تر دەگەڕێتەوە بۆسەر گۆڕەپانە سیاسییەكە. رێبوار كەریم وەلی، كە نوسەرو رۆژنامەنوسێكی نزیكە لە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی ئەمڕۆ لە وتارێكدا لە ماڵپەڕی "رووداو" چەند زانیارییەكی نوێی لەبارەی بنەماڵەی بارزانییەوە ئاشكراكردووە. بەپێی قسەی ئەو نوسەرە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی چیتر هیچ پۆستێك وەرناگرێتو دەكێشتەوەو وەكو مەرجەعێكی پارتی دەمێنێتەوە. ئەگەر ئەم زانیارییە راست بێت، رەنگە ئەمە لەلایەك جێبەجێكردنی بەڵێنەكەی پێش ریفراندۆم بێتو لەلایەكی تر بارزانی بیەوێت بەپێچەوانەی سەركردەی حزبەكانی ترەوە بەر لە مردنی، چاودێری گواستنەوەی دەسەڵات بكات لەناو ئەندامانی بنەماڵەكەی بەبێ دروستبوونی كێشەو لێكترازان، بەتایبەتیش لەكاتێكدا نزیكەی 30 ساڵە لەدوای كۆچی دوایی ئیدریس بارزانییەوە، ئەو كێشەیە بەردەوام هەڕەشە بووە لەسەر لێكهەڵوەشانی بنەماڵەی بارزانیو دواجاریش پارتی دیموكراتی كوردستان. هەفتەی رابردوو مەسعود بارزانی سەردانی بەغدادی كردو دواتریش بەرەو وڵاتانی كەنداوی عەرەبی گەشتیكرد، لەدوای ریفراندۆمەوە ئەمە یەكەمجاربوو بارزانی گەشت بكات، مەسرور بارزانی كوڕی لەم گەشتەدا هاوڕێیەتی دەكات، وەكو رێبوار كەریم وەلی دەڵێت ئامانج لە بردنی مەسرو بارزانی بۆ بەغدادو وڵاتانی كەنداو " ناساندنی ئایندەی حوكمڕانو خاوەن بڕیارەكانی هەرێمی كوردستان بە حزبو لایەنە سیاسییەكانی بەغداو نەجەف" بووە، واتە بارزانی باوك رێخۆشكەری دەكات بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ بارزانی كوڕ. كاری داهاتووی بارزانی باوك مەسعود بارزانی بە رادەستكردنی دەسەڵات بە كوڕەكەی، دەرگای گەڕانەوەی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم لەسەر خۆی دادەخات، ئەمە رەنگە بەشێك لە نیگەرانی نەیارە سیاسییەكانی پارتی كاڵبكاتەوە، بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە چوار ساڵی رابردوودا باجی كورسییەكەی بارزانی دا، بەڵام بەواتای نەهێشتنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم نییە، چونكە ئەو دامەزراوەیە پارسەنگ دەبێت بۆ راگرتنی ململانێی نێوان دوو ئامۆزاكە (مەسرور بارزانیو نێچیرڤان بارزانی) لە داهاتوودا. نەوشیروان مستەفا لە یاداشتەكانی خۆیدا لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی سەرۆكایەتی هەرێمەوە باس لە ململانێی ناو بنەماڵەی بارزانی دەكاتو دەڵێ: "ئێمە داوامان كردبو ئەگەر بارزانی بۆ ماوەی 4 ساڵ ببێتە سەرۆكی هەرێم، جێگری هەبێو، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بدرێ بە یەكێتی. بارزانی وتویەتی ئەوە كێشە ئەخاتە ناو خێزانەكەمانەوە من ئامادە نیم لەسەر لاشەی نێچیروان ببمە سەرۆكی هەرێم"، واتە بارزانی هەر لە سەرەتاوە داوای پۆستی سەرۆك وەزیرانی كردووە بۆ نێچیرڤان بارزانی لە پاڵ پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ خۆی، بۆ داهاتووش لە حاڵی كشانەوەیدا بۆ مەسرور بارزانی كوڕی، پێویستییەكی زیاتری بە هەردوو پۆستەكە دەبێت بۆ راگرتنی یەكگرتوویی بنەماڵەكەیو رێگریكردن لە دروستبوونی ناكۆكی لەنێوان كوڕو برازاكەیدا. نەوشیروان مستەفا لە یاداشتەكەیدا باسلەوەدەكات، جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق پۆستی سەرۆكی هەرێمو سەرۆك وەزیرانی رادەستی پارتی كردووە، ئایا بزوتنەوەی گۆڕان كە دواین پرۆژەی سیاسی نەوشیروان مستەفایە هەروەها یەكێتی نیشتمانی كە تائێستا بەفەرمی جەلال تاڵەبانی سكرتێریەتی بۆ ئەم قۆناغە نوێیە لەبەرامبەر چیدا ئەو دوو پۆستە گرنگە بۆ پارتی بەجێدەهێڵن؟ مانگی تەموزی ئەمساڵ پەرلەمانی كوردستان پرۆژەیاسایەكی بزوتنەوەی گۆڕانی پەسەندكرد، بەپێی ئەو یاسایە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵپەسێردرا، چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتی هەرێمیشی سپارد بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان. بەپێی نوسینەكەی رێبوار كەریم وەلی، پارتی ئێستا دەیەوێت جارێكی تر دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم زیندوو بكاتەوە، ئەمەش لەڕێگەی پەرلەمانی كوردستانەوە كە پارتی تێیدا زۆرینەیە، بۆ ئەمەش نوسەر ئاماژەی بە ماوەیەكی زەمەنی دیاریكراو كردووە كە (شەش مانگ بۆ ساڵێك)ە. ئەگەر بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی بكشێتەوە، بۆ قۆناغی داهاتوو تەنیا وەكو سەرۆكی پارتی دەمێنێتەوەو كاری سەرەكی دەبێت بە راگرتنی باڵانسی دەسەڵات لەنێوان كوڕو برازاكەی، تا ئەوكاتەی بەتەواوەتی لە گۆڕەپانی سیاسی دەكشێتەوەو دەسەڵاتی حزب رادەستی نەوەی دووەمی مستەفا بارزانی دەكات. چوار بژاردە رێبوار كەریم وەلی لە نوسینەكەیدا باسی لە چوار بژاردە كردووە كە بەوتەی ئەو پارتی لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیار لەسەر یەكێكیان دەدات: بژاردەی یەكەم: نێچیرڤان بارزانی تا چوار ساڵی دیكە سەرۆكایەتیی حكومەت بكاتو لەو چوار ساڵەدا پۆستی سەرۆكی هەرێم بێ دیاریكردنی سەقفی زەمەنی كارا بكرێتەوە. بژاردەی دووەم: تا كاراكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم لە دەرەوەی نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی (كە بەربژێری پارتی دەبێت بۆ پێكهێنانی حكومەت)، كەسێكی دیكە سەرۆكایەتیی حكومەت بكات و، دوای كاراكردنەوەكەش مەسرور بارزانی ببێتە سەرۆكی حكومەتو نێچیرڤان بارزانیش ببێتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان. بژاردەی سێیەم: نێچیرڤان بارزانی كابینەی حكومەت پێكبێنێت، هەركاتێك پۆستەكە كارا كرایەوە، ئەوكاتە ئەو دەست لەكاربكێشێتەوەو مەسرور بارزانی بێتە جێگەی ئەو. ئەو بژارەیە لەبەر ئەوەی كە حكومەتەكە وەك حكومەتێكی كاتی سەیرنەكرێتو مەسرور بارزانیش ئازاد بێت لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، كەمێك لاوازە. بژاردەی چوارەم: كە پێدەچێ لە هەموویان بەهێزتر بێت، ئەوەیە مەسرور بارزانی رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانو نێچیرڤان بارزانیش سەرۆكایەتی شاندی دانوستانكاری پارتی بكاتو چوارچێوەی دانوستاندنەكان بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم فراوان بكات. بەپێی ئەم زانیارییانە بێت، رەنگە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بكات، پێشتریش چەند بەرپرسێكی پارتی باسیان لە هاتنەپێشەوەی مەسرور بارزانی كردووە، ئەگەر ئەم نەخشەیە بچێتە بواری جێبەجێكردن، كۆتایی بە 17 ساڵ لە حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی دێت لە پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم. رەنگە ئەمە هۆكارە سەرەكییەكە بێت كە ماوەیەكە بەرپرسانی پارتی باس لە پەسەندكردنی دەستورو گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی هەرێم بۆ سیستمی سەرۆكایەتی دەكەن، چونكە لە حاڵی دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانیدا لە پۆستی سەرۆك وەزیران، دەبێت نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێم وەربگرێت.
(درەو میدیا): ئەمریكا و هێزەكانی سوریای دیموكرات " هەسەدە" یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان بۆ مەشقپێكردنی 30 هەزار شەڕڤانی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئیمزاكرد، بە ئامانجی بەهێزكردنی تواناكانی ئەو هێزە بۆ پارێزگاریكردن لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا لە هەر دەستدرێژییەك. فەرماندەیەكی مەیدانی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت وتی:" لە دەقی یاداشتەكەدا جەختكراوەتەوە لەسەر مەشقپێكردنی 30 هەزار شەڕڤان بۆ بەهێزكردن و پەرەپێدانی توانا سەربازییەكانیان بۆ ماوەی یەك ساڵ و دوای ئەوە دێنە ریزی هێزەكانی هەسەدە كە ژمارەیان گەیشتوەتە 60 هەزار شەڕڤان بۆ پاراستنی سنورەكان و ئەو شارانەی كە رزگاردەكرێن لە هەر دەستدرێژییەك". فەرماندەكەی یەپەگە كە هێزی سەرەكی نێو هێزەكانی سوریای دیموكراتە ئاشكراشیكرد سوپای ئەمریكا سێ خاڵی چاودێری لە گرێ سپی و دوو خاڵی لە كۆبانێ دانەوە بە ئامانجی پاراستنی هێڵی دواوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات كە تاكە هاوپەیمانی واشنتۆنە لەسەر خاك لە شەڕی دژ بە داعشدا. بەوتەی ئەو فەرماندەیەی یەپەگە لێتێگەیشتنەكە بۆ مەشقپێكردنی 30 هەزار شەڕڤان بۆ ماوەی ساڵێكە و ئەگەری ئەوەش هەیە كۆتایی 2019 نوێبكرێتەوە. بڕیاریشە هێزەكانی ئەمریكا هاوشێوەی گرێ سپی و كۆبانێ، خاڵی چاودێری لە سەرێ كانی و عامودە و دربێسییە لەسەر سنوری توركیا دابنێت، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانی سەربازی و دیپلۆماتی سترانیژی ئەمریكا كە ئامانج لێی بریتیە لە نەهێشتنی داعش و رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی، دەركردنی ئێران لە سوریا و گوشاركردن بە ئاراستەی چارەسەری سیاسی دۆخی سوریا.
گفتوگۆی رۆژنامەوانی: (درەو میدیا) دژی بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕانە لەحكومەت، لەگەڵ ئەوەشدا نییە گۆڕان ببێت بە ئۆپۆزسیۆن بەشێوازەكەی جاران، ئەو بەشوێن رێگەی سێیەمدا دەگەڕێت، بێئومێدە لەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی لەكابینەی نوێی حكومەتدا چاكسازی بكەن، ئەو عەبدوڵای كوێخا موبارەك ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانە كە لەسەروبەندی هەڵبژاردنی ئەمدواییەی پەرلەمانی كوردستان داوای لە خەڵك كرد بایكۆتی پرۆسەكە بكەنو بەشداری تێدا نەكەن، لەم دیدارە رۆژنامەوانییەدا لەگەڵ (درەو میدیا) عەبدوڵای كوێخا موبارەك وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوە لەبارەی دۆخی بزوتنەوەكەیو پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتو ئایندەی سیاسی هەرێمی كوردستان. دەقی دیدارە رۆژنامەوانییەكە: درەو میدیا: لە یەكەم هەنگاوی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان بانگهێشتی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد بۆ بەشداربوون لە حكومەت، بۆچونی ئێوە لەسەر بەشداربوونی گۆڕان لە حكومەت چۆنە ؟ عەبدوڵای كوێخا موبارەك: رەئی خۆم كورتو پۆخت ئەوەیە گۆڕان هەر نابێ بەشدار بێت، كابینەی پێشووش نەدەبوو بەشداربوایە، ئێمە بەڕوونی نەمانتوانی خەڵكی تێبگەیەنین كە چیدەكەینو چیمان پێدەكرێت، چیمان لە پارتی و یەكێتی ئەوێ، دەبوو ئەوكاتە بەڕوونیو راشكاوی خەڵكمان تێبگەیەندایە كە هێزێكینو فۆرمێكی نوێین هاتووینە، یەكەم هەنگاو ئەمانەوێت ئەم دەسەڵاتە چاك بێت، كە چاك بوو بۆ ئەوەی بتوانین بەیەكەوە حوكمڕانیو شەراكەت بكەین، ئەگەر بۆمان چاكنەكرا هەوڵبدەین ئەو دوو لایەنە دەسەڵاتدارە لە دەسەڵات لابدەینو خۆمان بچینە دەسەڵاتو بتوانین خزمەتگوزاریو چاكسازی بكەین، بەڵام ئێمە هەتاكو ئەم كاتە نەتوانیومانە ئەم دەسەڵاتە لابەرین لەسەر حوكمو خۆمان دەسەڵاتێكی باشو تەندروست بێنینە ئاراوە، وە نە هیچ هەنگاوێكی باشیشیان ناوە تا بچین شەریكیان بین. لەسەرەتدا ئێمە خەڵكمان وشیاركردووەو تێمانگەیاندن كە ئەم دوو دەسەڵاتە گەندەڵنو سەروەتو سامان بەهەدەر دەدەنو وڵات وێران دەكەن، لەپڕ بەبێ ئەوەی یەكێتیو پارتی لابەرینو هیچ گۆڕانكارییەك بكەین، خەڵكەكەمان جێهێشتو چوین بوینە شەریكیان، ئەمەش لەلای خەڵكی ئەو مەسجە ئەگەیەنێت كە ئێمە هەوڵی جێكردنەوەی خۆمانداوە، نەك هەوڵی چاكسازی لەم وڵاتەدا، بۆیە من بە هەڵەیەی دەزانم شەریكیان بین. درەو میدیا: ئێوە لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوو هەردوو ئەزمونەكەتان تاقیكردوەتەوە، چوار ساڵی ئۆپۆزسیۆنو چوار ساڵی دەسەڵات، ئێستا تۆ رەخنەت لەوەیە گۆڕان نەچێتە ناو حكومەت، ئێوە ئۆپۆزسیۆنیشتان تاقیكردۆتەوە، پێشنیازی ئێوە چیە؟ چی رێگەیەكی تر هەیە بۆ ئەوەی بتوانن چاكسازی بكەن؟ عەبدوڵای كوێخا موبارەك: ئێستا بەرچاو روون نیم كە گۆڕان لەم كاتەدا چی بكات، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا شەراكەتكردنی دوو لایەنی دەسەڵات كە ئێمە هەشت ساڵە پێیان ئەڵێن گەندەڵ، پێیان ئەڵێن ستەمكار، پێیان ئەڵێن بەهەدەردەری داهاتی ئەم وڵاتە، دزو هەموو شتێكیان پێ ئەڵێن، نابێت شەریكیان بین، ئەبێت رێگایەكی تر بدۆزرێتەوە، هەر جۆرە رێگایەك بێت ئەگەر لەسەر شەقام بمێنینەوە هەر نابێت شەریكیان بین. عەبدوڵای كوێخا موبارەك: رەئی خۆم كورتو پۆخت ئەوەیە گۆڕان هەر نابێ بەشدار بێت، كابینەی پێشووش نەدەبوو بەشداربوایە درەو میدیا: واتا تۆ بەدیلی بەشداریكردن لە حكومەت بە ئۆپۆزسیۆنبوونیش نابینیت، ناتەوێت گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بێ؟ عەبدوڵای كوێخا موبارەك: من ناڵێم ئۆپۆزسیۆن باش نیە، لە هەموو حاڵەتێكدا ئۆپۆزسیۆن بوونی هەبێت باشە، وڵاتی بێ ئۆپۆزسیۆن وەك مردووی لێدێت، چاودێری نامێنێت، لەبەرئەوەی لە ئۆپۆزسیۆندا نەمانتوانی خەڵك تێبكەیەنین كە چیمان ئەوێتو چی ئەكەین، بەڵام ئەگەر هەر ئۆپۆزسیۆنبوون هەبێت ئەتوانین رێگایەك هەر بدۆزینەوە، بەڵام كە تۆ بویتە شەریكی ئەو دەسەڵاتەی كە تۆ پێت وتووە دزو گەندەڵ، هیچ نامێنێتەوە. درەو میدیا: واتە ئێوە بەم دۆخەی ئێستاوە چوونی گۆڕان بۆناو حكومەتو شەریكایەتی لەگەڵ یەكێتیو پارتی بە ئینتیحاری سیاسی دەزان؟ عەبدوڵای كوێخا موبارەك: ئێمە زۆرجار گلەیی لەخەڵكی دەكەینو دەڵێن ئێوە بۆ دووبارەو سێبارە دەنگ بە پارتیو یەكێتی دەدەنەوە، ئێمە پێشڕەویتان دەكەینو ئەو نادادیو گەندەڵییە بوەستێنین، ئێستا خەڵكیش بە ئێمە دەڵێن ئێوە بۆ شەریكیان دەبنەوە، ئەوان هیچ چاك نەبوونە تا ئێوە شەریكیان ببنەوە، ئەمە لەلایەنی مافی خەڵكەوە، لەلایەكی تریشەوە ئێمە وەزیرمان دەركرا، پەرلەمان داخرا، هیچ شكۆیەك نەمایەوە، بۆیە لە هەردوو لایەنەكەوە ناكرێت ئێمە لەگەڵ پارتیو یەكێتی شەریك بین. درەو میدیا: ئەگەر هەیە لە چوار ساڵی داهاتوودا هەندێك گۆڕانكاری بكرێت، بۆچی ناكرێت گۆڕان دەستبار بێت لەو بارودۆخەدا، پێشبینیت بۆ چوار ساڵی داهاتوو چیە، پێتوایە بەڵێنەكانیان دەبەنەسەر؟ عەبدوڵای كوێخا موبارەك: بڕوام نیە ئەو دوو هێزە دەسەڵاتدارە گۆڕانكاری بكەن، هەموو هەوڵو فشارێكی نێودەوڵەتیش تەنها لەپێناو بەرژەوەندی خۆیانە، هەرچەند بڕوام وایە لەترسی خەڵكو بۆ رووكەش رەنگە هەندێك شت بكەن كە 10%ی مافی خەڵك بێت، بەڵام بڕوام بەوە نیە بۆ گۆڕانكاریو چاكسازی هەنگاوەی گەورە بهاون. درەو میدیا: پێتان وایە شێوازی كابینەی نوێی حكومەت جیاواز بێت لە كابینەكانی پێشوو؟ عەبدوڵای كوێخا موبارەك: بەهۆی ئەو بودجەیەی كە لە بەغداوە بڕیارە بنێردرێت پێدەچێت كەمێك لە بواری موچەو بودجەوە باش بێت، بەڵام باوەڕناكەم شتی گەورە بكرێت، پێدەچێت جارێكی تر بودجە لە بەغداوە بۆ هەرێم رێگری بۆ دروستببێتەوە، چونكە ئێستا شەڕێكی زۆر سەخت هەیە لەنێوان یەكێتیو پارتیو لەناو پارتیش ناكۆكی هەیەو پارتیش وەك یەكێتی بوەتە باڵ باڵێن، من سەردانەكەی مەسعود بارزانی بۆ بەغداد بۆ ململانێو ناكۆكی شەخسی نێوان یەكێتیو پارتی لەلایەك، لەلایەكی تریش بۆ مەسەلەی ناكۆكی ناوخۆیان دەگێڕمەوە، بەتایبەت لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ناكۆكن لەسەر سیاسەتی نەوتی هەرێم، رەنگە جارێكی تر ئەم ململانێیانە ببێتە هۆی ئەوەی تەگەرە بخرێتەوە بەردەم بەشە بودجەی هەرێم لە بەغدا، كە هیوادارم وانەبێت. عەبدوڵای كوێخا موبارەك: خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان لە مەبدەئی ئەم دەسەڵاتەی هەرێم (یەكێتیو پارتی)دا هەر نیە. درەو میدیا: ئەو سەردانەی مەسعود بارزانی بۆ بەغداد چی كاریگەریەكی دەبێت بۆ بارودۆخی سیاسیو ئابوری هەرێم؟ عەبدوڵای كوێخا موبارەك: باوەڕناكەم كاریگەری هەبێت، ئەگەر بەپێی ناوەڕۆكی سەردانەكەی بێت كە باس دەكرێت بۆ ملشكاندنی یەكتری بێت، سازشكردن لەسەر كۆمەڵێك پرسی ئابوریو نیشتیمانیو نەتەوەیی، لەپێناو زیاتر خۆبردنە پێشەوەدا، هیچ گرنگییەكی ئەوتۆی نابێت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە. درەو میدیا: لەسەر پرسی نەوتو داهاتی نەوت هیچ گۆڕانكاریەك درووست بووە ؟ عەبدوڵای كوێخا موبارەك: هیچ گۆڕانكارییەك لە بواری نەوتدا نەبووە، هیچ شەفافیەتێك لە بواری نەوتدا نیە، بگرە ئێستا ئاڵۆزترە، لە چەند ساڵی رابردوودا كۆمەڵێك هەوڵی رۆژنامەنووسانو نوسەرانو چالاكانو كۆمەڵك خەڵكی ئازادیخواز، كۆمەڵێك زانیاریمان وەردەگرت، ئەگەر بۆشمان كۆنترۆڵ نەكرایە، ئێستا ئەو زانیاریانەش نەما، كێ هەیە زانیاریو رونكردنەوە بدات لەسەر داهاتی نەوتو شەفافیەتی نەوت. درەو میدیا: بەبۆچونی ئێوە پارتیو یەكێتی چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی نەوتدا دەكەن، بەتایبەتی لەو ناوچەیەی كە ئێوە نیشتەجێن نەوتێكی زۆر هەیە؟ عەبدوڵای كوێخا موبارەك: خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان لە مەبدەئی ئەم دەسەڵاتەی هەرێم (یەكێتیو پارتی)دا هەر نیە، هەریەكەیان نەوت بۆ خۆشگوزەرانی حزبەكەی خۆی بەكاردەهێنێت، لەناو خۆشیاندا كێشەیان هەیە، وای لێهاتووە جاران نەوت بە بۆری دەدزرا، ئێستا لەلابەلاوە ئەشكێنرێتو بەتەنكەر ئەدزرێت، لەخۆشیان دەدزن، ئەوان دزی لە میللەت ئەكەنو لەناو خۆشیاندا دزی لەیەكتر دەكەن. درەو میدیا: پێشتر ئێوە بانگەشەی بایكۆتی هەڵبژاردنتان كرد، ئەم هەڵوێستە لەوەوە بوو كە باوەڕات وابوو ساختەكاری دەكرێت، یان باوەڕت بە خەباتی پەرلەمانی نەماوە؟ عەبدوڵای كوێخا موبارەك: مەسەلەی تەزویرات ئەوە قەناعەتێكی سەد دەر سەد بوو كە تەزویر دەكرێت، مەسەلەی خەباتی پەرلەمانیش من بەڕاستی مەبەستە حەقیقییەكەم ئەمانە بەناوی ئۆپۆزسیۆنو میدیای ئازادو نوسەرو رۆژنامەنووس شەعیەتێكیان وەرگرتووە لەم وڵاتەدا، ئێستا تۆ ناتوانیت بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیو جیهان بڵێیت ئەمانە دیكتاتۆرن، لەبەر ئەوەی دەڵێن ئۆپۆزسیۆن هەیە، میدیای ئازاد هەیە، ئیتر ئەمانە بۆچی دیكتاتۆرن، ئەگەر ئێمە بایكۆتی هەڵبژاردنمان بكردایە، وەك ناڕەزاییو پەیامێك بەهەموو وڵاتان كە ئێمە وەكو گەلی كوردستان لەگەڵ ئەم هێزو دەسەڵاتەدا نینو ئەمانە گورگو مافیانو ئەمانە ستەممان لێدەكەن، كە سەر سندوقەكان چۆڵ بوایەو ئەو رۆژە وەك رۆژێكی (منع التجول ) بوایە، دڵنیام لەوەی چەندین وڵات دەهاتە سەر خەت، بەڵام كە ئێمە هەموو پرۆسەكەیان لەگەڵدا ئەبەینەڕێوە، لەو سەرەوە پێیان دەڵێین دزو تەرزویر چی كەس بڕوامان پێناكات، بۆیە كەس بڕوامان پێناكات. درەو میدیا: ئێستا ئێوە لە بنەڕەتەوە باوەڕتان بە خەباتی پەرلەمانی هەیە یان نا؟ عەبدوڵای كوێخا موبارەك: لە بنەڕەتەوە باوەڕم پێیەتی، بەو هێوایەم هەر رۆژێك بێت بچێتەوە سەر ئەو رێچكەیەی كە بە خەباتی پەرلەمانی ململانێی مەدەنیو خزمەتگوزاری، نەك بە ململانێی ملشكاندن گۆڕانكاری بكرێت، بەڵام لە سیاسەتی یەكێتیو پارتیدا ئەم پرۆسەیە دوورە، ئەگەر بڵێم بڕوام پێی نیە، بڕوام بە سیاسەتی یەكێتیو پارتی نیە. درەو میدیا: كێن ئەوانەی پەرلەمانیان بێ ئەهمیەت كردووە؟ عەبدوڵای كوێخا موبارەك: ئەوەی لەبەر دەرگایە كە نەهێڵیت دزی بكرێت لاوازەو ئەوەی دزییەكە دەكات بەهێزە، بۆیە ئەوە بەرارود ناكرێت، بەڵێ كارەكتەرەكانی ئێمە خەڵكی لاواز بوون خەڵكی بەرژەوەندیخوازی تێدابووە، بەڵام زۆر جیاوازن لەگەڵ ئەوانەی یەكێتیو پارتی، من ئیعراف بەوە دەكەم كە كارەكتەرەكانی ئێمە نەمانتوانیوە بە فیلتەرو سانسۆری باشدا بڕۆنو خەڵكی لێهاتوو بن، بەڵام نابێ بە یەكێتیو پارتی بەراورد بكرێن. درەو میدیا: ئێوە زیاتر وێنایەكی سەربازیتان هەیە، پێتانوایە گۆڕانكاری بە خەباتی شەقامو پەرلەمان دەكرێت یان بەڕێگەی سەربازی؟ عەبدوڵای كوێخا موبارەك: با راستگۆبم لەگەڵتدا خەباتی شەقامو مانگرتنو خۆپیشاندان هەنگاوێكی باش بوون بۆ گۆڕانكاری، بەڵام ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان بەشێك بووین لەوەی خەڵكمان نائومێدكرد، بۆمان نەكرا، سیاسەتمان هەڵەو ناڕوون بوو تا ئێستا، بۆیە ئێستا زۆر قورسە، بەڵام ئەتوانرێت قۆناغێكی تریش هەوڵی بۆ بدرێت ئەگەر هەر نەكرا، ئەو هەموو دونیای پێشكەوتووەو دەوترێت مافی مرۆڤ و دیموكراسی، ئەی بۆ هێزی چەكداریان هەیە، دیارە بۆ حاڵەتی بنبەستە، من پێموایە هەنگاوێكی تریش بنرێت، بەڵام لەوە بەولاوە دەگەینە بنبەستو بیر لەڕێگای تر بكاتەوە. درەو میدیا: تۆ لەگەڵ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان هێزی چەكداری هەبێت؟ عەبدوڵای كوێخا موبارەك: من لەگەڵ ئەوەدا نیم هەر حزبەو هێزی چەكداری خۆی هەبێت، ئەگەر بیەوێت وەك یەكەی 70و 80 بێت، من لەگەڵی نیم، ئەگەر بیەوێت هێزێكی نیشتیمانی بێت یان كاریگەری هەبێت لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەو بەهێزی بكاتو لە چنگی یەكێتیو پارتی دەریبكات، نەك بۆ چنگی خۆی، بۆ پاراستنی خاكو خەڵك من سەد لەسەد لەگەڵیم. درەو میدیا: واتە مانەوەی یەكێتیو پارتی بەهۆی لاوازی بەرامبەرەكانیەتی؟ عەبدوڵای كوێخا موبارەك: من پێموایە لە لاوازی ئێمەوەیە، ئەگەرنا یەكێتیو پارتی كارگەیشتبووە ئەوەی تەواو پەلەپڕۆزێیان پێكەوتبوو، من نمونەیەكتان بۆ بگێڕمەوە، كاتی خۆی لە سەروەختی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتدا پەیامێكی مەسعود بارزانی بە كاك شۆرش حاجیدا گەیەنراوەتە كاك نەوشیروان، لە پەیامەكەدا بە كاك نەوشیروان دەڵێت ئەگەر ئێوە راپەڕین بكەن لەم وڵاتەداو تەشەنە بكات، چی لە (عائیلەی بارزانی ئەكەن)، ئەوەندە ترسی لێنیشتووە لەسەری رەشەوە هەوڵی ئەوەی بووە، ویستویەتی بزانێت چارەنووسی خانەوادەكەی چی بەسەر دێت، واتا بەتەما نەبوونە لەم وڵاتەدا بتوانن دابنیشن، بەڵام ئەوان وردە وردە توانیان لەگەڵ بارودۆخەكەدا رابێن، توانیان خەڵك فریو بدەن، ئێمە نەمانتوانی خەڵك وشیار بكەینەوە، نەمانتوانی پێشڕەوی خەڵك بكەین. درەو میدیا: بەو هێزو توانایەی ئەوكاتەوەو بارودۆخی ئێستا، ئومێدی گۆڕانكاری زیاتر بووە یان كەمتر؟ عەبدوڵای كوێخا موبارەك: ناكرێت خەڵكی نائومێد بكرێت، ئەتوانرێت كار بكرێت، بەڵام بەو میكانیزمەی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان كە خۆم وەك هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان دەبینم، بە هەڵەی ئەزانم، ئەبێ خەڵكانێكی بەتوانا بتوانن میكانیزمێكی گونجاوتر بدۆزنەوە. درەو میدیا: ئێستا سێ هێز بەفەرمی رایانگەیاندووە دەبنە ئۆپۆزسیۆن (نەوەی نوێ، یەكگرتوو، شیوعی)، چاوەڕەوانی چییان لێدەكەیت؟ عەبدوڵای كوێخا موبارەك: من نامەوێت دژی هیچ لایەنێك قسە بكەم كە مەبەستی گۆڕانكاریو چاكسازی بێت لەم وڵاتەدا، ئەوان دەڵێن ئۆپۆزسیۆنین، كە ئۆپۆزسیۆن بن، واتا هەڵی چاكسازی دەدەن، بەڵام ئومێدم نیە بەوشێوەیە، ئێمە ئەو خەڵكە هەشت ساڵ هات بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد بە هەوڵی خۆیو گیرفانی خۆیو ماندوبوونی خۆی، ئێستا ئەم بڕوات ببێتە شەریكی پارتیو یەكێتی بچێتە حكومەتەوەو هێزێكی تازە بێتەوە خەڵك پشتیوانی ناكات ئۆمیدی پێی نابێت.
ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود سێ ڕۆژ پێش كوژرانی (جەمال خاشقچی) نوسەرو ڕۆژنامەنوسی سعودی، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی (برنت)، بەرزترین ئاستی لەماوەی (4) ساڵی ڕابردوودا تۆماركردو، (83) دۆلاری تێپەڕاند، هۆكاری بەرزبونەوەكە ترسی "بازاڕی وزە" بوو لە كاریگەری سزا نوێكانی ئەمریكا بەسەر ئێراندا، كە ئەو كات وادەی جێەجێكردنەكەی مانگێگو چەند ڕۆژێكی مابوو، بەڵام لە ساوەختی جێبەجێكردنی سزاكاندا، نەوت لە بازاڕەكانی جیهان نزیكەی یەك لەسەرسێی بەهاكەی لەدەستدا!. توڕە بوو، داوای سەرانەشی ئەكرد (دۆناڵد ترەمپ) توڕەو بێزابوو لە بەرزبونەوەی نرخی نەوت، ڕۆژێك دوای تۆماركردنی ئەو نرخەو، بە دیاریكراوی لە (29) ئەیلولدا، پەیوەندی بە (سەلمان بن عەبدولعزیز) پادشای سعودییەوە كردو، بەلێنی زیادكردنی بڕی بەرهەمی لێوەرگرت، دواتر لە هەڵمەتی بانگەشەی حزبەكەیدا (كۆمارییەكان) وتی، بە شا (سەلمان)م، وتووە "پێویستە پارەی زیاتر بدەن چونكە ئێمە دەیان پارێزین"، پێش ئەوەش ترەمپ چەند جارێك داوای لەسعودییە كردبوو لە بەرامبەر پارێزگاریكردنی ئەمریكا لە وڵاتەكەیان، پێویستە پارە بدەن بە (واشنتۆن). (ترەمپ) لە ڕێكخراوی (ئۆپێك)یش توڕە بوو، لە چەند مانگی ڕابردودا زیاد لە جارێك هێرشی كردبووە سەر، لە وتارەكەی ڕۆژی (25)ی ئەیلولدا، كە لە كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان پێشكەشیكرد، وتی" وەك هەمیشە ڕێكخراوی ئۆپێكو وڵاتەكانی، وڵاتانی تری جیهان تاڵان دەكەن، من ئەوەم بەلاوە پەسەندنییە" داواشیلێكردن بەرزكردنەوەی نرخی نەوت ڕاگرنو نرخەكەی دابەزێنن. زیادكردنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتو دابەزاندنی نرخی نەوت بە بڕیاری (بن سەلمان) بووە، لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی لەگەڵ ئیدارەی (ترەمپ) بۆ دەربازكردنی لە تۆمەتەكان نەوتو چارەنوسی دەسەڵاتداران یەكێك لە كاریگەرییە ڕاستەوخۆكانی بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە وڵاتە بەكاربەرەكان، بەرزبونەوەی نرخی بەنزینە، كە ناڕەزاییەكی زۆری لای هاوڵاتیانی ئەمریكی دروستكردبوو، ئەوەش فشارێكی گەورە بوو لەسەر (ترەمپ)، بەتایبەت كە چەند هەفتەیەك دوای ئەوە هەڵبژاردنی "نیوەیی" لە ئەمریكا بەڕێوەدەچوو و بۆ (ترەمپ)هەڵبژاردنێكی چارەنوسساز بوو، دابەزینی نرخی بەنزینیش یەكێك بوو لەو ڕێگا سەرەكییانەی (ترەمپ) بتوانێت لە ڕێیەوە خۆی خۆشەویست بكات لای هاوڵاتیانی ئەمریكیو ئاستی جەماوەری بەرزبكاتەوە، بەوپێیەی هەر بەكاربەرێكی بەنزین دەنگێك بوو لە هەڵبژاردنەكان. كوژرانی خاشقچی دیاری بوو بۆ ترەمپ كوژرانی (جەمال خاشقچی) لە ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ لە كۆنسوڵخانەی سعودییە لە (ئەستەنبوڵ) بۆ (ترەمپ) دەرفەتێكی زێڕین بوو بۆ بە دیهێنانی تەواوی خواستەكانی، هەر لە پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی سزاكانی سەر ئێران لەبازاڕی وزەی جیهان دروستیدەكات، تا دەگاتە دابەزینی نرخی نەوت، ئەوەش لەڕێی كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕی نەوتی سعودییە، كە گەورەترین بەرهەمهێنەری ڕێكخراوی (ئۆپێك)ە. درێژكردنی دەستی تۆمەت بۆ (محمەد بن سەلمان) جێشنیشی پادشای سعودییە لە تاوانی كوشتنی (خاشقچی) بەتایبەت لەلایەن (توركیاو قەتەر) و هەندێك لە ڕۆژنامەكانی ئەمریكاو، ئەو هەڵمەتە میدیاییە توندو گەورەیەی دەستاندایە، فشارەكانی لەسەر "خانەوادەی دەسەڵاتدار"ی سعودییە توندكرد، لەبەرامبەردا ئەركەكەی (ترەمەپ)ی ئاسانتركردو، ئامانجەكەی باشتر پێكا بۆ سەپاندنی مەرجەكانی بەسەر دەسەڵاتدارنی سعودییەدا. تۆمەتبارەكەی بە سوپاسەوە ڕزگاركرد (محەمەد بن سەلەمان)شازادەی جێشنینی پادشاری سعودییە كە پەنجەی تۆمەتباری سەرەكی لە تاوانی كوشتنی (خاشقچی) بۆ درێژدەكرێت، بڕیاردەری یەكەمی وڵاتەكەیەتیو هیچ كارێك ناكرێت بە ڕەزامەندی ئەو نەبێت، بەوتەی شارەزایانی كاروباری سعودییە، زیادكردنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتو زۆركردنی بڕی خستنەڕوو و دابەزاندنی نرخی نەوت بە بڕیاری (بن سەلمان) بووە، لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی لەگەڵ ئیدارەی (ترەمپ) بۆ دەربازكردنی لە تۆمەتەكان. ئەمەش بەو مانایەی "ڕزگاركردنی جێشنینی پادشای سعودییەو بێبەریكردنی لەتاوانی كوشتنی خاشقچی، لەبەرامبەر زیادكردنی بەرهەمێنانی نەوتو، دابەزاندنی نرخەكەی" ڕەنگە ئەمە پێناسەیەكی وردو دروستبێت بۆ ئەو دابەزینە خێراو چاوەڕواننەكراوەی نرخی نەوت كە لە بازاڕە جیهانییەكاندا تۆماریكرد. دوناڵد ترەمپ چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لە توێتكدا وتی" نرخی نەوت دادەبەزێت، نایابە! وەك دابەزینێكی گەورە وایە لە باجدان بۆ ئەمریكاو جیهان. چێژی لێوەربگرن! 54 دۆلارە، بە 82 بوو، سوپاس بۆ سعودییە، بەڵام با نرخەكان زیاتر دابەزێنین!". ئابوری بەهایەكی بێڕكابەرە (ترەمپ) كە هەندێ بە بزنسمانێكی چاوچنۆك وەسفی دەكەن، بە ڕوونی گوزراشت لە سروشتی سەرمایەداری دەكات كە "بەرژوەندی ئابوری" خستوەتە سەرو هەموو بەهاكانی ترەوە، ئەو هەر لەسەرەتای ڕوداوەكەدا (كوژرانی خاشقچی) بە هەموو جیهانی وت ، پەیوەندییە ئابورییەكانیان لەگەڵ سعودییە پەیوەندییەكی ستراتیژییەو تێكی نادەن، وتیشی: گرێبەستی فرۆشتنی چەك كە بەهاكەی زیاتر لە (100) ملیار دۆلار، (400-450) هەزار هەلی کار لە ئەمریكا دەڕەخسێنێت بۆیە دەستبەرداری نابن. بۆ سود وەرگرتنی زیاتریش لە دۆسیەی كوژرانی (خاشقچی)و، بەدەستهێنانی سازشی زیاتر لە سعودییەكانو، هەڵلوشینی ڕقو توڕەیی ڕای گشتیش، جارە جارە ئاماژەی بەسزادانی سعودییەو تێوەگلانی شازادەی جێشنین لەو تاوانەدا دەكرد، بەڵام دوای ئەوەی خواساتەكانی بەدەستهێنا، (ترەمپ) لە پەیامێكی نوسراودا بە جیهانی وت: نە كوژراوەكە هاوڵاتی ئەمریكیەو، نە ئەو خاكەشی تاوانەكەی تیادا ئەنجامدراوە خاكی ئەمریكایەو، هیچ شتێكیش نیە وا لە حكومەتەكەی بكات لەكارێكی وادا دەستوەردان بكات، هاوكات گومانی گەورەشی خستەسەر زانیارییەكانی ئاژانسی هەواڵگری وڵاتەكەی (سی ئای ئەی) و (محەمەد بن سەلمانی) لەو تاوانە بێبەریكرد، كە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە "تیمێكی مەرگی" بەدوو فرۆكەی تایبەت ڕەوانەی توركیا كردو، لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا ڕۆژنامەنوسێكی "ناڕازیی" وڵاتەكەیان پارچە پارچە كردو، تائێستاش تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە. لەماوەی مانگێكدا، نرخی بەر میلێك نەوت نزیكەی (30) دۆلار دابەزییوە، بەوەش وڵاتێكی وەكو سعودییە بۆ پەردەپۆشكردنی تاوانێك ڕۆژانە (300) ملیۆن دۆلار زیان دەكات، مانگانەش دەكاتە (9) ملیارد دۆلار، مانەوەی جێنشینی سعودییە چەند كەوتووە بەپێی دەرخستەكانی ئاژانسی ئابوری (بلۆمبێرگ)، دابەزینی نرخی نەوت دوای ئەوە هاتووە كە سعودییە وەك گەورەترین بەرهەمهێنەری (ئۆپێك) ئاماژەی بەوەداوە، ئاستی بەرهەمهێنانی ڕەنگە گەیشتبێتە ژمارەی پێوانەیی. ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشداوە، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكی لە سەرەتای ئەم مانگەدا (82) دۆلار بووە، ئەو مێژووەی ڕۆژنامەنوسی (خاشقچی) تیادا كوژرا، بەڵام دوای مانگێك نرخەكەی بۆ (54) دۆلار دابەزی. لەماوەی مانگێكدا، نرخی بەر میلێك نەوت نزیكەی (30) دۆلار دابەزییوە، بەوەش وڵاتێكی وەكو سعودییە ئەگەر لە ڕۆژێكدا (10)ملیۆن بەرمیل نەوتیش هەناردەی بازاڕەكانی دەرەوە بكات، بۆ پەردەپۆشكردنی تاوانێك ڕۆژانە (300) ملیۆن دۆلار زیان دەكات، كە لەمانگێكدا دەكاتە (9) ملیارد دۆلار، وڵاتێكی وەكو عێراقیش كە زیاتر لە 90% داهاتەكەی لە فرۆشی نەوتەوە دەستدەكەوێت، ئەگەر لە ڕۆژێكدا (3) ملیۆن نەوت هەناردە بكات، ڕۆژانە (90) ملیۆن دۆلار و مانگانە (2،700،000،000) دوو ملیارد و حەوسەد هەزار دۆلار باجی تاوانێك دەدات، كە هیچ گوناحێكی نییە تیایدا، ئەمە وێڕایی ئەو زیانە زەبەلاحەی كە بەر تەواوی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت دەكەوێت.
(درەو میدیا): نوێنەرانی سوننە لە هەردوو هاوپەیمانی " بونیادنان " و " چاكسازی" هەشت كەسیان بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی كاندیدكردووە و بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆش فالح فەیاز ركابەری بۆ پەیدابووە. جاسم بخاتی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی " چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە" رایگەیاند عادل عەبدلمەهدی سەرۆك وەزیران كارتی سوری بۆ كوتلە سیاسییەكان بەرزكردوەتەوە بۆئەوەی كاندیدەكانیان بۆ پۆستی وەزارەتە ئەمنییەكان یەكلابكەنەوە. بخاتی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " سۆمەریە نیوز" وتی:" نوێنەرانی پێكهاتەی سوننە لە هەردوو هاوپەیمانی بونیادنان و چاكسازی هات ئێستا هەشت كەسیا بۆ وەزارەتی بەرگری كاندیدكردووە و بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆش ئاماژە هەیە كە كەسی تر ركابەری فالح فەیاز بكات". پەرلەمانی عێراق رۆژی 24ی تشرینی یەكەم متمانەی بەخشیە 14 وەزیری كابینەكەی عەبدولمەهدی و متمانە بەخشین بە كاندیدی هەشت وەزارەت دواخرا و سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقیش رۆژی شەممە 24ی تشرینی دووەم رایگەیاند دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان بۆ متمانەبەخشین بە وەزیرەكانی تری حكومەت دەبێت، بەبێ ئەوەی وادەی ئەو دانیشتنە دیاری بكات.
ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود ئەمڕۆ یەکشەممە، (27) سەركردەی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا، ڕێككەوتنی (برێكزت)ى پەسەندكرد، هەروەها لەسەر ئەو ڕاگەیاندنەی پەیوەندییەكان لەگەڵ شانشینی یەكگرتوو دەستنیشاندەكات، لە قۆناغی دوای دەرچوونی لە یەكێتیەكە. وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لە بەیاننامەی كۆتایی لوتكەی (برۆكسل)دا ڕایانگەیاند: "ئەنجومەنی ئەوروپی ڕەزامەندی لەسەر ڕێككەوتنی كشانەوەی شانشینی یەكگرتوو و ئیرلەندای باكور لە یەكێتی ئەوروپاو، دەستەی ئەوروپی بۆ وزەی ئەتۆم"، تەئكیدیشی لەسەر كاركردن بۆ داڕشتنی "نزیكترین پەیوەندی" كرد لەگەڵ (لەندەن) دوای چونە دەرەوە لە (برێكزت). لای خۆیەوە، (دوناڵد تۆسك) سەۆكی ئەنجومەنی پەوروپا ڕایگەیاند: سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا دانیاننا بە ڕێككەوتنی چوونە دەرەوەی (بەریتانیا). وتیشی: دوای كەمتر لە كاتژمێرێك لە دەستپێكردنی لوتكەكە، سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا بڕیاریاندا بە پەسەندكردنی ڕێككەوتنی كشانەوەو، ڕاگەیاندنی سیاسی سەبارەت بە پەیوەندییەكانی یەكێتی ئەوروپاو، شانشینی یەكگرتوو لە داهاتوودا. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، (دالیا جریباو سكایتی) سەرۆكی (لیتوانیا) دوای دانیشتنەكە ڕایگەیاندووە: ڕێككەوتنی چوونە دەرەوەی بەریتانیا پەسەندكراوە بەڵام پرۆسەی چوونە دەرەوەكە هێشتا درێژە". (جان كلۆد یونكر) سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپا چوونە دەرەوەی بەریتانیای لە یەكێتی ئەوروپا بە "نەهامەتی"وەسفكردوە. (یونكر) ڕاشیگەیاند:" ئەمە ڕۆژێكی خەمناكە، چوونە دەرەوەی بەریتانیا یان هەر دەوڵەتێكی ترلە یەكێتی ئەوروپا نەمایەی خۆشییەو نە ئاهەنگگێڕان، ئەمە ساتێكی خەمناكە....ئەمە نەهامەتییە". پێشتر (ئیمانوێل ماكرۆن) سەرۆكی فەرەنسا لەكاتی گەیشتنی بۆ (برۆكسل) بۆ بەشداریكردن لە لوتكەكە" برێكزت بەڵگەیەكە بۆ ئەوەی یەكێتی ئەوروپا پێویستی بە دووبارە بنیاتنانەوەیە". بەگوێرەی ئاژانسی "فرانس پریس" (ماكرۆن)، ڕاشیگەیاندوە: ئەمە ساتێكی نائاساییە بۆ یەكێتی ئەوروپا كە پێویستی بە دووبارە بنیاتنانەوەیە. وتوشیەتی:" ئەمە دەریدەخات یەكێتی ئەوروپا بەدەست لاوازبونەوە دەناڵێنێت"و ڕێككەوتنەكەش لەگەڵ (لەندەن) بە "باش" وەسفدەكات. (ماكرۆن) باسی لەوەشكردووە، پەیوەندییەكانی داهاتوو لەگەڵ (لەندەن) هێشتا پێویستی بە دەستنیشانكردن هەیەو، ئاشكراشە كە شانشینی یەكگرتوو بەردەوام دەبێت لە ڕوانین بۆ گێڕانی ڕۆڵێكی گرنگ، كە ئەكرێت پەرەی پێبدرێت. سەرۆكی فەرەنسا سەرلەنوێ تازەكردنەوەی یەكێتی ئەورپای كردبووە یەكێك لە بابەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی، بەڵام ئاستنەگی زۆر دێتە ڕێی، بە بڕواهێنان بە هاوبەشە ئەوروپییەكانیو، لەم چوارچێوەیەشدا داوادەكات، بودجەیەكی سەربەخۆ بۆ ناوچەی (یۆرۆ) تەرخانبكرێت وەك پشتیوانی بۆ وەبەرهێنانو، دامەزراندنی سوپایەكی ئەوروپی لەسەر ئاستی بەرگری هاوبەش. پێش بەڕێوەچوونی لوتكەی (برۆكسل)، (تریزا مەی) سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا پەیامێكی ڕاستەوخۆی ئاڕاستەی بەریتانییەكان كرد بۆ پشتیوانیكردنی ڕێككەوتنی چوونە دەرەوە لەیەكێتی ئەوروپا. (تریزا مەی) لە نامەیەكی كراوەدا بۆ بەریتانییەكان ڕایگەیاند، هەموو هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ پەسەندكردنی ڕێككەوتنەكە لە پەرلەمانی وڵاتەكەی ، ئەوەش ئەگەرێكی لاوازە، بەهۆی دژایەتیكردنی توندی لەلایەن هەندێك لە پەرلەمانتارانی حزبی "پارێزگاران" كە خۆی سەرۆكایەتی دەكات، لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە "پارتی دیموكراتی یەكگرتووخواز لە (ئیرلەندای باكور). (تریزا مەی) لە پەیامەكەیدا، بەریتانییەكانی هاندا بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ لە یەكگرتوویی سیاسی دوای چوونە دەرەوە لە یەكێتی ئەوروپا لە 29ی ئاداری ساڵی 2019 و دواشی لێكردن ناكۆكییە ئازاربەخشەكانی ڕابردوو وەلابنێن، كە ئەوچوونە دەرەوەیە خولقاندویەتی. سەرچاوە: ئاژانسەكان
( درەو میدیا): ئامارەكانی توندوتیژی دژی ژنان بەردەوام روو لە زیادبونە، ئەگەر بەراوردی نێوان دوو ساڵ وەربگیرێت دەردەكەوێت لە ساڵی 2016 دا 32 ژن كوژراون و 66 ژن خۆیان كوشتووە، بەڵام لە 2017 دا 42 ژن كوژراون و 67 ژن خۆیان كوشتووە، لە هەمانکاتدا لە 2016 دا 79 ژن خۆیان سوتاندووە، بەڵام لە 2017 دا ژمارەكە 106 ژن بەرزبوتەوە. ئەمە لە كاتێكدایە بەپێی ئاماری ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە ماوەی 7 ساڵدا واتا لە ساڵەكانی ٢٠١٠ تا ٢٠١٧ لە ھەرێمی كوردستان ٨٠٧ ژن كوژراون و خۆیان كوشتووە. بەمشێوەیە: لە ( ٢٠١٠ دا ١٠٥ ژن كوژراون یان خۆیان كوژی) لە ( ٢٠١١ دا ٩٦) و لە ( ٢٠١٢ دا 83 ) و لە ( ٢٠١٣ دا ٨٦) و لە ( ٢٠١٤ دا ٨٢) و لە ( ٢٠١٥ دا ١١٩) و لە ( ٢٠١٦ دا ١٢٥) و لە( ٢٠١٧ دا ١١٢) لە ( ٢٠١٨ دا ١٠٤) ژن كوژراون و خۆیان كوشتووە.
راپۆرت: ئارام محمود – محەمەد رەئوف بارزانی، كە لەلایەن زۆرێك لە هێزە عێراقییەكانو تەنانەت شەقامی عەرەبی عێراقیشەوە، بە پیاوێكی "نەتەوەپەرستو جوداخواز" وەسفدەكرا، پەرۆش بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ چونیدا بۆ بەغداد ئەو تۆمەتانە لەسەر خۆی لابەرێت یان هیچ نەبێت كاڵیان بكاتەوە، جارێك بە ڕوخسارو جارێكیش بەگوفتار. لە ڕووخساردا، بارزانی هەنگاوەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدادو هێزو لایەنە عێراقییەكان بەوردی دەستنیشانكردبوو، ئەو هێندە پەرۆش بوو بۆ كۆتایهێنان بە كێشەكانو تێپەڕاندنی قۆناغی ڕابردوو، تەنانەت حسابی بۆ ئەوەش كردبوو كە هیچ جۆرە هەستیارەییەكی نەتەوەیی لای هێزو لایەنەكان تەنانەت شەقامی عێراقیش دروستنەكات، بۆ ئەوەش جلە كوردییەكانی فڕێداو، بەجلێكەوە دەركەوت كە زۆر بەكەمی دەیپۆشێت. لە گوفتارو ڕوئیاشیدا بۆ ئەم قۆناغە نوێیە، بەوردی دەستەواوژەكانی هەڵبژاردبوو، بەتایبەت كاتێك بەڕوونو ڕاشكاوی وتی" ئامانجی سەردانەكەی بۆ بەغداد ئەوەیە، دەیەوێت پەیامێك بۆ ناوخۆ و دەرەوەی بنێرێت بەوەی ئامادەن پشتیوانی ئەو دەرەفەتە نوێیە بكەن كە لە عێراق بۆیان ڕەخسێنراوە"، هاوكات ئاماژەی بەوەشدا "دەمانەوێت هەڵەكانی ڕابردوو ڕاستبكەینەوە" كە مەبەستی ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵە دوو جەمسەرانەیە لەلایەن بەغداو هەولێرەوە كراون، بەوەش ناڕاستەوخۆ دانینا بەوەی خۆشی بەشێك بووە لە هەڵەكان، گەرچی دەستنیشانی ئەوەی نەكرد هەڵەكان چینو لەكوێدابوون. بارزانی بۆ دەگەڕێتەوە بەغداد؟ پێدەچێت بارزانی لەم قۆناغەدا سیاسەتی "سفركردنەوەی كێشەكان" لەگەڵ هێزو لایەنە عێراقییەكان پەیڕەوبكات، وەك سیاسییەك مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعە سەپاوە بكات كە هەیە، هەرچەندە هەوڵەكەی بارزانی بۆ دروستكردنی "دەوڵەت" كارەساتو پرسەیەكی نیشتمانی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناو، كورد نیوەی خاكەكەی لە كوردستانی عێراق لەدەستدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی بڕوایان بەو هەنگاوەی بارزانی_یە، پاساوی ئەوەیان بەدەستەوەیە بڵێن"بارزانی هەوڵی خۆیدا ئەو واقیعە بگۆرێت، بەڵام هەوڵەكانی بەر كۆمەڵێك بەربەست كەوت، كە زۆرینەی دەركی بوونو بەشێكی ناوخۆیی بوون". ڕەنگە دیوێكی تری ئەم تەسلیمبونەی بارزانی بەو واقیعە سەپاوەی كە هەیە، بێئومێد بونی بێت لە بەرەی ناوخۆیی، بەتایبەت شەریكە دێرینەكەی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) كە لەچەندین بۆنەی جیاوازو بەیاننامەو چاوپێكەوتنی تەلەفیزیۆنیدا بەشێك لە سەركردەكانی بە "خیانەت"كردنو ڕادەستكردنی كەركوك تۆمەتبار كردووە، وێڕای ئەوەی لە ساتەوەختی دابەشكردنی پۆستەكانیش لە عێراق بەتایبەت پۆستی سەرۆك كۆمار، بارزانی بۆی ڕونبووەوە كە پێگەی خۆیو پارتەكەی بە بەراورد بە ڕابردوو، بەشێوەیەكی گەورە لاوازبووەو ئەو هێزو مەكانەتەی جارانی نەماوە. وەبەرهێنان لە سەركەوتنەكان دەكات دوای شكستی ڕیفراندۆمو لەدەستدانی نیوەی خاكی كوردستان، حزبەكەی بارزانی دوو سەركەوتنی گەورەی لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە (12)ئایارو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە (30) ئەیلولی ئەمساڵ تۆماركرد، بۆ ئەوەی هەردوو سەركەوتنەكە جێی خۆی بگرێتو، جارێكی پارتی وەك حزبو بارزانیش وەكو شەخس بكاتەوە بەسەنتەری بڕیاردان لە هەرێمی كوردستان و بەغداد، پێویستییەكی گرنگی بە ئاساییكردنەوەی دۆخەكەو هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لەپەیوەندی سیاسی هەیە لەگەڵ تەواوی هێزو لایەنە عێراقییەكان، كە ئەوەش وێڕایی ئەوەی دەرفەتی گەڕانەوەو پێگەیەكی بەهێز لە بەغداد بۆ مسۆگەر دەكات، دەرفەتی ڕەخساندنی پەیوەندییەكی پتەویش لەنێوان حكومەتی هەرێمو بەغداد دەخولقێنێت كە پارتەكەی بارزانی بۆ چوارساڵی داهاتوو بڕیاردەری یەكەمە تێیدا، بەتایبەت كە چەندین دۆسیەی هەڵپەسێردراو لەنێوانیاندا بەچارەسەرنەكراوی مانەتەوە، لەسەرو هەموشیانەوە مەسەلەی نەوتو بودجە كە ڕۆڵی گەورەی دەبێت لە ڕەوینەوەی زۆرێك لە كێشەكانی هەرێمی كوردستانو تۆماركردنی وەك سەركەوتنێكی گەورە بۆ بارزانیو حزبەكەی. بارزانی پەیوەندییەكانی دەرەوە پاكدەكاتەوە یان ناوخۆ ؟ زۆرێك لەوانەی ڕەخنە لە سەردانەكەی بارزانی دەگرن بۆ بەغداد دەڵێن، بەرژەوەندی حزبیو پێگەی شەخسی خۆی بارزانی كێشكردووە بۆ بەغداد، پێشیانوایە، دەبوو بارزانی بەهەمان ئەو ڕۆحییەتو پەرۆشییەی هەوڵی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان هەیەتی لەگەڵ هێزو لایەنە عێراقییەكانو، لەدەرگای هەموان دەدات بەبێ جیاوازی تەنانەت بەسەركردەكانی حەشدی شەعبیشەوە، بەهەمان ڕۆحییەتەوە هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانو كۆتاییهێنان بەكێشەكانی بدایە لەگەڵ هێزە كوردستانییەكانو ڕێكخستنەوەی ناوماڵی كورد كە لەخراپترین دۆخیدایە، بەوپێیەی ئەگەر خۆیو حزبەكەی هۆكاری سەرەكی نەبن لە تێكدانیدا، ئەوا لایەنێكی سەرەكی كێشەكانن، وێڕایی ئەوەی پتەوكردنی بەرەی ناوخۆیی كوردستان كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر سەنگو پێگەی كورد لە بەغداد. لەگەڵ ئەوەشدا سەردانەكەی بارزانی بەدەر نییە لەخاڵی ئیجابی، بەتایبەت ئەگەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو بەغدادو چاسەرەكردنی بەشێك لە كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان هەرێمو بەغدادی بەدوادابێت، چونكە بەئەزمون سەلماوە هەر كاتێك ناكۆكییەكانی نێوان بەرپرسانی هەرێمو بەرپرسانی بەغداد توندبوبێتەوە، خەڵكی كوردستان باجەكەی داوە.
(درەو میدیا): یەكەم گەڕی دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت تەواوبوو، هێشتا گەڕی دووەم دەستیپێنەكردووە، لە گەڕی یەكەمدا پارتی دیموكراتی كوردستان كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە كۆمەڵی ئیسلامی پشتگوێ خست، ئەمە لەكاتێكدابوو لەدوای یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕان تەنیا كۆمەڵی ئیسلامی چاوی لە بەشداریكردن بوو لە حكومەتو زۆرینەی لایەنەكانی تر (جوڵانەوەی نەوەی نوێ- یەكگرتووی ئیسلامی- حزبی شیوعی) پێشوەختە بایكۆتی بەشداریكردنیان كرد لە حكومەت. سۆران عومەر پەرلەمانتاری خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییە كورتەدا وەڵامی چەند پرسیارێكی (درەو میدیا) دەداتەوە لەبارەی پرسی بەشداربوونی كۆمەڵ لە كابینەی نوێی حكومەت. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: درەو میدیا: كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەكات یان نا، ئەگەر بەشدار نابێت بۆچی بە راشكاوی ئەمە بۆ رایگشتی راناگەیەنێتو نابێت بە ئۆپۆزسیۆن؟ سۆران عومەر: كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری پێشوەختەی نەداوە، هێشتا لایەنی براوەی یەكەم سەردانی نەكردووە تاكو پرسی بەشداریو بەشدارینەكردنی بخرێتەبەردەست، هەركات داوای لێكرا بەشداری بكات، ئەوكاتە كۆمەڵی ئیسلامی بەرنامەو مەرجی خۆی هەیەو لە كۆبونەوەی گشتیدا كۆمەڵ ئەو پرسە یەكلایی دەكاتەوە، بەندە وەك ڕای كەسی خۆم پێم باش نیە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری وەها حكومەتێك بكات. درەو میدیا: ئێوە نوسیوتانە كابینەی هەشتەمو نۆیەم هیچ جیازییەكیان نیە، كە جیاوازیەكی نیە ئێوە بۆ جێتانهێشت، بۆچی هەوڵ بۆ بەشداریكردن دەدەن؟ سۆران عومەر: بەدڵنیاییەوە كابینەی هەشتەمو نۆیەم جیاوازی نیە، كۆمەڵ هیچ هەوڵێكی بۆ بەشداری حكومەت نیە. درەو میدیا: ئەگەر بەتەمای چونە حكومەت نین بۆچی بە رونی رایناگەیەنن و نابنە ئۆپۆزسیۆن؟ سۆران عومەر: ئەم پرسە بەم نزیكانە یەكلایی دەبێتەوە لەلای كۆمەڵی ئیسلامی، ئێمە لەهەر شوێنێك بین خاوەن بەرنامەو بیروڕای خۆمانین بەچاك دەڵێن چاك و بەخراپ دەڵێین خراپ، بێدەنگ نابین لە گەندەڵی و نادادی، هیچیش بێدەنگمان ناكات. درەو میدیا: پارتی بەڕوونی لە زاری بەرپرسانیەوە چەندین مەرجو كۆتوبەند دادەنێت بۆ لایەنانەی دەچنە حكومەتەوە، ئێوە بەو مەرجانە رازی دەبن؟ مەرجی بێدەنگبوونی پەرلەمانتاران، مەرجی ئەوەی نابێت پێیەكتان لە حكومەتو پێیەكەی ترتان لە ئۆپۆزسیۆن؟ سۆران عومەر: هەر كەس بەمەرجی لایەنی براوە ڕازی بێت بۆ چونە حكومەت، ئەوە خۆی دەكوژێ لەبەرامبەر جەماوەردا، پەرلەمانتار محامی حكومەت نیە چاودێری حكومەت دەكاتو نوێنەری خەڵكە سوێندی خواردووە كارەكەی بەدڵسۆزی ئەنجام بدات، ئەگەر لەگەندەڵیو یاساشكێنی بێدەنگ بوو بەهۆی بەشداری لە حكومەت، ئەوە خیانەتی لە پیشەی پەرلەمانتاریو دەنگدەرەكانی كردووە، ئەوانە ئەمە بە قاچێك لە حكومەتو ئۆپۆزسیۆن بزانن هەڵەیە. درەو میدیا: كۆنتاكت و رێككەوتنتان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەیە، دەوترێت بەڵێنتان داوە بەبێ یەكدی نەچنە حكومەتەوە؟ سۆران عومەر: لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هیچ ڕێككەوتنێكی نوسراومان نییە، بەڵام لەسەر پرسی داخوازی خەڵك پێكەوەكاركردنی هاوبەشمان لە چەندین قۆناغی سەختدا هەبووەو یەكمان جێنەهێشتووە، ئێستەش گۆڕان بچێتە حكومەت هەڵەی ڕابردووی دوبارە دەكاتەوە، چاوەڕوانیشمان لێیان ئەوەیە پێكەوە بمێنینەوەو یەكدی جێنەهێڵین. درەو میدیا: خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان چۆن دەبینن، راشكاوانە ئەم خولەو خولی رابردوو كامیان بە ئەكتیڤترو باشتر دێتە بەرچاوتان؟ سۆران عومەر: خولی چوارەم بۆ یەكەمجار بوو دوو كەس لە دەستەی سەرۆكایەتی لە پارتیو یەكێتی نەبێت، ئەوە وایكرد ئەو خولە لەوكاتانەی لەكاردابوو تەواو جیاواز بێ، بۆیە سەرۆكایەتی گرنگە ئەگەر تەنها لە یەكێتیو پارتی بێ، دەتوانن ڕێگر بن لەكاری پەرلەمانتاران، لە چاودێریو پرسیارو پرساندنی وەزیرو سەرۆك وەزیرانو حكومەت، وا دەبینرێ لایەنێك بە بەرنامە هەوڵی بێ هەیبەتكردنی پەرلەمان بدات، ئومێدەكەم پەرلەمانتاران ئەركی خۆیان بەجێبهێنن، بیریان بێ بەچی بەڵێنێك دەنگیان هێناوە.
( درەو میدیا): هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا چەند خاڵێكی چاودێری لەسەر سنوری سوریا و توركیا دادەنێن و ئەوەش ناڕەزایەتی توركیا لێدەكەوێتەوە. چوارشەممەی رابردوو جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریكان رایگەیاند واشنتۆن دەیەوێت چەند خاڵێكی چاودێری سەربازی بە درێژاریی سنوری باكوری سوریا دابنێت بۆ كەمكردنەوەی ئاڵۆزی نێوان توركیا و هێزە كوردییەكانی هاوپەیمانی واشنتۆن لە شەڕی دژ بە رێكخراوی داعش. هەرچەندە ماتیس جەختیكردەوە كە بە هەمانگی لەگەڵ توركیا ئەو بڕیارە دەدرێت، بەڵام خڵوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا ئیدانەی دانانی ئەو خاڵە سەربازییانەی كرد و رایگەیاند ئەوە هەوڵێكە بۆ پاراستنی " میلیشیا كوردییەكان". ئاكار داواشی لە واشنتۆن كرد هاوكارییەكانی بۆ یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" رابگرێت و ئاماژەی بەوەشدا كە دانانی خاڵی چاودێری هیچ سودێكی نابێت و ئەنكەرە دوودڵ نابێت لە گرتنبەری رێوشوێنی پێویست لە سنورەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەك.
( درەو میدیا): یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاریداوە كۆمەڵێك گۆڕانكاریی بكات لە پۆستە حزبیەكانیدا. ( درەو میدیا) لە سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی كە یەكێتی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ لە بەرپرسی مەڵبەندی هەولێرەوە دەكاتە بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی، رەفعەت عەبدوڵا بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی دەكاتە بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، بورهان سەعید سۆفی لە بەرپرسی مەڵبەندی كۆیەوە دەكاتە بەرپرسی مەڵبەندی هەولێرو عوسمان بانیمارانی دەكاتە بەرپرسی مەڵبەندنی كۆیە.
( درەو میدیا): سەنتەرێكی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی عێراقی ناكۆكی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكات. ماڵپەڕی " مركز بیت العراق للدراسات الاستراتیجیە " لەسەر زاری سەرچاوەیەكی كوردییەوە بڵاویكردوەتەوە كە" ناكۆكی لە نێوان مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی كوڕی لەلایەك و نێچیرڤان بارزانی لەسەر بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت لەگەڵ بەغدا دروست بووە و بەوەش بارزانی ناچاربووە لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا مەسرور بارزانی لەگەڵ خۆیدا ببات، نەك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم". بەوتەی ئەو سەرچاوەیە مەسعود بارزانی و مەسروری كوڕی بەباشتری دەزانن نەوتی هەرێم رادەستی بەغدا بكرێت بەرامبەر بە پشكێكی بااش لە بودجەی گشتی عێراق و كۆتاییهێنان بە كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی، دوای شكستهێنانی " ئابوری سەربەخۆ" لە هەرێم، بەڵام بەوتەی ئەو سەرچاوەیە نێچیرڤان بارزانی بەباشی دەزانێت پەلە لەوە نەكرێت و رێككەوتن لەسەر نەوت لەگەڵ بەغدا بكرێت، بێ ئەوەی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی رادەستبكرێت. بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە بەهۆی ئەو ناكۆكییەوە مەسعود بارزانی، راسپاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دواخستووە و سێ هەفتە بەسەر یەكەمین دانیشنی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕیوە و تائێستا ئەو هەنگاوە نەنراوە. لە بەشێكی تری وتەكانیدا بۆ ماڵپەڕی " مركز بیت العراق للدراسات الاستراتیجیە " ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكردووە " ناكۆكی نێوان باڵی مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەربارەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بووەتە هۆی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت و دەرچوون بە تێڕوانینێكی روون دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا".