( درەو میدیا): محەمەد بن راشد ئال مەكتوم جێگری سەرۆكی ئیمارات و سەرۆك وەزیران و حاكمی ویلایەتی دوبەی، چەند نهێنییەكی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەددام حسێن و بەشار ئەسەد و موعەمەر قەزافی ئاشكرادەكات. محەمەد بن راشد لە كتێبە نوێكەیدا " چیرۆكەكەم... 50 چیرۆك لە 50 ساڵدا" ئاشكرایدەكات كە ساڵی 2003 پێش دەستپێكردنی جەنگی ئەمریكا دژی عێراق، بە نهێنی گفتوگۆی لەگەڵ سەددام حسێندا كردووە و داوای لێكردووە دەستبەرداری دەسەڵات بێت و لە دوبەی بژی، بەڵام سەددام پێشنیازەكەی رەتكردوەتەوە و وتویەتی " دەمەوێت عێراق رزگاربكەم، نەك خۆم). لە بەشێكی تری كتێبەكەیدا بن راشد باس لە دیدارێكی خۆی و بەشار ئەسەد سەرۆكی ئێستای سوریا دەكات كە ساڵی 1999 و پێش ئەوەی ببێتە سەرۆك سەردانی دوبەی كردووە و دوور لە هەموو رێوشوێنێكی فەرمی بە ئۆتۆمبیلەكەی خۆی بن راشد گەشتێكی بە بەشار ئەسەد كردووە بەناو شارەكەدا، بەبێ ئەوەی پێش وەخت لە وردەكارییەكەی ئاگاداری بكاتەوە. محەمەد بن راشد لە كتێبی " چیرۆكەكەم" دا دەڵێت:" هەتائێستاش هیوا و باوەڕم بە گەلی سوریایە كە توانیویەتی لەسەر 40 شارستانییەت لەسەر خاكی خۆە بونیاد بنێت، لە توانایدایە شارستانییەتێكی نوێ بونیادبنێت". لە یەكێك لە چیرۆكەكانی كتێبەكەیدا بن راشد باس لەو سەردانە مێژووییەی دەكات كە بە بانگهێشتی موعەمەر قەزافی سەرۆكی لیبیا سەردانی ئەو وڵاتەی كردووە و قەزافی ویستویەتی شارێكی هاوشێوەی دوبەی لە لیبیا بونیادبنێت. لەو بارەیەوە بن راشد دەڵێت:" قەزافی گۆڕانكاری نەدەویست، بەڵام هیواخوازی گۆڕانكاری بوو، گۆڕانكاری پێویستی بە وتاردان نیە، بەڵكو پێویستی بە دەستكەوت هەیە، گۆڕانكاری پێویستی بە ژینگەیەكی راستەقینە هەیە، گەل بە تەنها خۆی دەتوانێت گۆڕانكاری بەرەو باشتر بكات, گەلی لیبیا زانا و كەسانی بەهرەمەند و سەرمایەدار و خاوەنكار و توێژەر و ئەندازیاری و پزیشكی زۆر لەخۆدەگرێت، تەنها پێویستیان بە ژینگەیەكی گونجاوە بۆئەوەی تواناكانی خۆیان بخەنەگەڕ و گۆڕانكاریی ئیجابی ئەنجامبدەن".
درەو میدیا: مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە ماوەی زویر بووە لە حزبەكەی و لەماڵەوە ئاماژە بەوە دەكەن" بە كاروانی تەنكەری بەرپرسان نەوتی كەركوك تاڵان دەكرێت" مەلا بەختیار لە نوسێنێكدا بەناوی (مەترسیەكانی پاشەكشەی دیموكراسیو پەرەسەندنی گەندەڵی،بە ئامار و ژمارە) كە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك نوسیویەتی " بەپێی زانیارییە پەخشكراوەكان (كە هەتا ئێستا بەدرۆنەخراوەتەوە) لە چاڵگە نەوتەكانی (جمبور) لەناحیەی تازە خورماتوی كەركوكدا، رۆژانە رۆژانە ئێستاش (30) هەزار بەرمیل نەوت، بە كاروانی تەنكەری بەرپرسان تاڵان دەكرێ، كاروانی ئەو نەوتە دزراوانە، شەوانە بەرەو سلێمانی رێچكە دەبەستنو بەپێی ساتو سەودای تایبەتی ساغدەكرێنەوە" مەلا بەختیار ئەوەش دەخاتە روو" ئەو ژمارەو ئامارانەی رۆژنامەی متمانەپێكراوی وەكو (ئیكۆنۆمیست) كە سەرچاوەی زانیاریەكانی هەمیشە راستن، (دزیو گەندەڵیو تەزویر) بونەتە سێگۆشەی ترسناك لەعێراقدا. كە ناتوانین هەرگیز كوردستانو ناوچە كێشەلەسەرەكانیان لێدەرهاوین. ئەم سێگۆشە ترسناكە، تەنهاوتەنها، بە دەسەڵات دەكرێو لەسایەی دەسەڵاتیشدا، بەو كاربەدەستو بەرپرسانە ئەنجامدەدرێ، كە پلەی باڵای دەسەڵاتی حكومیو سیاسیو هێزی چەكداری تایبەتیان هەیە. لەئاستی عێراقو كوردستاندا، بۆگەنی گەندەڵیو پاشەكشەی دیموكراسیو دەستكاریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنو راووڕوت، لەهەموو ئاستەكاندا ترەكیووە. هەربۆیە عێراق لە (114)مین ریزبەندی سیستەمە دیموكراسیەكانو چوارەمین وڵاتە لەناو (10) وڵاتدا، لە تەزویری هەڵبژاردنو گەندەڵیدا"
درەو میدیا: - كۆی گشتی بودجە ( 133.100.000.0000.000 ) 133 ترلیۆن و 100 ملیار دینار - داهاتەكانی بودجە ( 105.500.000.000.000 ) 105 تلیۆن و 500 ملیار دینار - داهاتی نەوت ( 93.700.000.000.000 ) 93 ترلیۆن و 700 ملیار دینار - داهاتەكانی تر ( 11.800.000.000.000 ) 11 ترلیۆن و 800 ملیار دینار - كۆی موچەی فەرمانبەران ( 43.400.000.000.000 ) 43 ترلیۆن و 400 ملیار دینار
( درەو میدیا): لەماوەی یەك ساڵدا توركیا بەبەهای 130 ملیۆن یۆرۆ، زەیتونی كانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای كوردستانی بەتاڵان بردووە. گۆڤاری " لۆبوان"ی فەرەنسی دۆسیەیەكی تایبەتی لە ساڵیادی داگیركردنی عەفریندا لەلایەن توركیاوە سەبارەت بە " دەستبەرداربوونی خۆرئاوا لە كورد" بە ناونیشانی " تراژیدیای كوردەكان " ئامادەكردووە. لەو چوارچێوەیەدا گۆڤارەكە چاوپێكەوتنێكی كردووە لەگەڵ مێژوونووسی فەرەنسی " بۆریس جەیمس" ، خاوەنی كتێبی Les Kurdes, un peuple sans état " كوردەكان, گەلێكی بێ دەوڵەت". هەروەها گۆڤارەكە لێكۆڵینەوەیەكیشی بڵاوكردوەتەوە و تێیدا ئاشكراكراوە " توركیا ساڵی رابردوو بەبەهای 130 ملیۆن یۆرۆ بەرهەمی زەیتی زەیتونی عەفرینی بەتاڵان بردووەو دوای ئەوەی لە 18ی ئازاری رابردوودا ناوچەكەی داگیركرد و 200 هەزار هاوڵاتی كوردی ئاوارەكرد لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی بەناو " چڵە زەیتون" دا. گۆڤاری لۆبوان، ئاماژەیبەوەشداوە، چەند خێزانێكی كوردی عەفرین كە پەنایان بۆ فەرەنسا بردووە, لە ئامادەكاریدان بۆئەوەی سكاڵایەك لەسەر توركیا تۆماربكەن, بە تۆمەتی جینۆسایدی كورد لە عەفرین لە رێگەی رفاندن و ئەشكەنجەدان و تاڵانكردنی بەرنامە بۆداڕێژراو، كە بەوتەی "لۆبوان" ئەوانە تاوانێكن دەچنە چوارچێوەی تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتییەوە.
درەو میدیا: نیعمەت عەبدوڵا سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان دەڵێت" ئەو پەرلەمانتارانەی لە خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێم پەرلەمانتاربوون و ئێستا بونەتەوە بە پەرلەمانتار لە پەرلەمانی كوردستان یا پەرلەمانی عێراق كە موچەی شەش مانگ خانەنشینیەكەیان وەرگرتووە جگە لە پێشێلكردنی یاسا و هەڵەیەكی گەورە، كارێكی " نائەخلاقی وەزیفیە" چونكە ئەوان هێشتا لە ئەركدان ئیتر موچەی خانەنشینی چی؟! وە دوای چوار ساڵی تر دووبارە خانەنشینی وەردەگرنەوە"، سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا ئاماژە بەوەش دەكات" ئەو پەرلەمانتارانە هەر قسەیەك دەكەن گوایە داویانە بە فڵانە دەزگا یا یا نەخۆشخانە و منداڵانی بێ سەرپەرشتیار، ئەوە پاساوێكی " نامەنتقی و نایاسایی و چەواشەكارییە و هەڵخەڵەتاندنی خەڵكە" چونكە خودی وەرگرتنی پارەكە نایاساییە با ئەگەر دەیانەوێت بچن لە گیرفانی خۆیان خێر بكەن نەك بە پارەی نایاسایی، هەروەها ئەوەش دەڵێت" نوە نوسراو دەكەین بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان كەچۆن ئەو پەرلەمانتارانە بەوجۆرە یاسایان پێشلكردووە؟! چونكە ئەوە شتێكی زۆر سەرەتاییە لەیاسا، هەموو كەس دەزانێت نایاسایییە، بۆیە پێویستە بەزوترین كات پارەكانیان بگێڕنەوە ئەگەر هەر لەپەرلەمانتارێك ئامادەنەبوو پارەكە بیگێڕێتەوە ئەوا دەبێت دادگایی بكرێت، ڕەتیشیدەكاتەوە پەرلەمانتار بێ ئاگاداری خۆی خانەنشین كرابێت و دەڵێت" ئەو ڕۆژەی فەرمانگەی خانەنشینی چووە پەرلەمان هەموو پەرلەمانتاران خۆیان ئامادەبون وە خۆیان مامەڵەكانیان تەواو كردووە ئەگەر وانیە با بەنوسراو فەرمانگە ئاگاداربكەنووە و پارەكە بگێڕنەوە بڵێن ئێمە ئێستا لە "وەزیفە"داین." نیعمەت عەبدوڵا ئەوەش دەڵێت " بەپێی یاسای خانەنسینی شارستانی لە عیراق هەر فەرمانبەرێك دوای تەواو بونی كارەكەی كە خانەنشین كرا موچەی شەش مانگی خانەنشینی وەك (موكافەئە) بەسەر یەكەوە پێدەدرێت، بەڵام ئەو فەرمانبەرانەی لە كارەكانیان بەردەوام دەبن وەك پەرلەمانتار لەخولی چوارەم دوبارە بۆتەوە پەرلەمانتاری خولی پێنجەم بەهیچ شێوەیەك بۆی نیە ئەو خاننشینە وەربگرێت لەژێر هەر ناو و پاساوێكدا چونكە ئەوان تا ئێستا لە ئەركەكنیان بەردەوامن و خانەنشین نەبوون، وە دوای چوار ساڵی تر جارێكی تر خانەنشینی وەردەگرنەوە."
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمە رەفعەت گرنتی بەردەوامی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغدادەوە، پەسەندكردنی بڕگەی (ج)ە لە مادەی (10)ی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق 2019. بڕگەی (ج) لە ماددەی ( 10 )ی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بەروونی دەڵێ: " ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتە فیدراڵییەكانی و رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی بەغداد نەكرد، وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نییە بە پێدانی خەرجییەكانی هەرێم كە لەناو بودجەی عێراقدا دانراون، جگە لە موچەی فەرمانبەرانو موچەی پێشمەرگە". لەم بڕگەیەدا، بەبێ پەیوەستكردنی حكومەتی هەرێم بە رادەستكردنی نەوت، حكومەتی ناوەند پابەندكراوە بەوەی موچەی مانگانەی فەرمانبەرانو هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێم بنێرێت بەمشێوەیە: • موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە لە بەغدادەوە دابین دەكرێت، بەپێی پرۆژەی یاسای بودجەی عێراق مانگانە دەگاتە (454 ملیار) دینار. • موچەی پێشمەرگەش، كە هەر بەپێی ئەو بڕگەیە دەبێت حكومەتی بەغداد بینرێت، مانگانە دەگاتە (67 ملیار) دینار. ئەگەر ئەم بڕگەیە لە پرۆژە یاسای بودجە وەكو خۆی پەسەندبكرێت لە پەرلەمانی عێراق، حكومەتی هەرێم دەتوانێت نەوت رادەستی بەغداد نەكاتو موچەی فەرمانبەرانو پێشمەرگەشی هەرێمشی لێوەربگرێت. بە نادرنی ئەو پارەیە لە بەغدادەوە لەگەڵ داهاتەكانی نەوتو ناوخۆ، حكومەتی داهاتووی هەرێم بەئاسانی دەتوانێت مانگانە زیاتر لە (یەك ترلیۆن) داهات دەستبخات، بەوەش بودجەی پێویستی دەستدەكەوێت، واتە كابینەی نوێی حكومەت دەتوانێت قەیرانی داراییو موچەی فەرمانبەران تێپەرێنێت. یەكێك لە لایەنە گرنگەكانی پەسەندكردنی بڕگەی (ج) ئەوەیە، موچەی موچەخۆرانو پێشمەرگەی هەرێم پارێزراو دەبێت تەنانەت لە حاڵێكیشدا ئەگەر حكومەتی هەرێمو بەغداد لەسەر پرسی نەوتو داهاتە فیدراڵییەكان نەگەیشتنە رێككەوتن، واتە لەم بڕگەیەدا خەڵكی هەرێم (موچەخۆران) جیاكراوەتەوە لە سیستمی سیاسیو دەسەڵاتدارانی هەرێمو نەكراوە بەبەشێك لەو شەڕو ململانێیەی كە لەنێوان هەردوولادا هەیە. موچەخۆرانی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیدا لە پرۆژە بودجەی 2019ی عێراقدا، بڕی (5 ترلیۆنو 448 ملیار) دینار دانراوە بۆ هەر سااڵێكی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، ئەگەر ئەو بڕە پارەیە دابەش بكرێت بەسەر 12 مانگەكەی ساڵدا، ئەوا دەبێت بەغداد مانگانە بڕی (454 ملیار) دینار بۆ موچەخۆرانی هەرێم بنیرێت. ساڵی رابردوو لە بودجەی عێراقدا بڕی (3 ترلیۆنو 700 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم دانرابوو، بەپێی ئەو بڕە پارەیە، بەغداد مانگانە (317 ملیار) دیناری بۆ موچەخۆرانی هەرێم دەنارد. ئەگەر بڕگەی (ج) پەسەندبكرێت، حكومەتی هەرێم ئەگەر نەوتەكەشی رادەست نەكات، بەموچەی موچەخۆرانو موچەی پێشمەرگەوە، حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (521 ملیار) دینار لە بەغداد وەردەگرێت. هەرێم لەبەردەم چەند بژاردەیەكدا ! ئەگەر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراق بەوشێوەیە كە ئێستا لەبەردەستدایە پەسەندبكرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە بەردەم چەند بژاردەیەك. بژاردەی یەكەم: ئەگەر حكومەتی هەرێم پەیوەست نەبوو بە یاسای بودجەی عێراقو ئامادەنەبوو نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، ئەوا مانگانە لە حكومەتی عێراقەوە بڕێك پارەی دیاریكراوی بۆ دێت (بەپێی بڕگەی ج)، ئەوكات كۆی داهاتی حكومەتی هەرێم لە مانگێكدا بەمشێوەیە دەبێت: • بڕی (521 ملیار)دیناری لە بەغدادەوە بۆ دێت، ئەم پارەیە بڕی (454 ملیار) دیناری بۆ موچەخۆران دەبێتو بڕی (67 ملیار) دیناریش بۆ موچەی پێشمەرگە دەبێت، بەڵام بەغداد هەموو خەرجییە داراییەكانی تری هەرێم رادەگرێت. • سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێم، داهاتی ئەو نەوتەیە كە خۆی دەیفرشێت، ئێستا داهاتی یەك مانگی نەوت كە دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت نزیكەی (650 ملیار) دینارە، لەم بڕە پارەیە (200 ملیار) بۆ قەرزو خەرجی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت دەڕوات، واتە بە كۆی گشتی حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی (450 ملیار) دیناری لە داهاتی نەوت بۆ دەمێنێتەوە، لەم بڕە پارەیەش كە دەمێنێتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی (378 ملیار) دیناری بۆ موچەی موچەخۆران بە وەزارەتی دارایی دەدات. • داهاتی ناوخۆ، سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێمە، حكومەت مانگانە (120 ملیار)دیناری لەم سەرچاوەیەوە دەستدەكەوێت. • ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش لەچوارچێوەی بودجەی كۆنگرێسی وڵاتەكەی بۆ یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە، مانگانە بڕی (30 ملیار) دینار بە حكومەتی هەرێم دەداتو ئەمەش تائێستا سەرچاوەیەكی داهاتی گرنگە بۆ حكومەت. بە كۆكردنەوەی كۆی ئەو داهاتانەی سەرەوە كە لە مانگێكدا دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت، دەردەكەوێت كابینەی نوێی حكومەت مانگانە بڕی (ترلیۆنێكو 49 ملیار) دیناری دەستدەكەوێت، موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە یەك مانگدا (897 ملیار) دینارە، بەمە دەردەكەوێت حكومەت لەتوانایدایە موچەی موچەخۆران دابین بكاتو سەرباری ئەوەش (152 ملیار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە. بژاردەی دووەم ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەندبێت بە یاسای بودجەی 2019ی عێراقەوە، دەبێت رۆژانە (250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بكات، پشكی هەرێم لە پرۆژە بودجەی 2019 ی عێراقدا بەرێژەی (12.67%) دیاریكراوە، كە بە پارە دەكاتە (8 ترلیۆن و 741 ملیار ) دینار. ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوت رادەستی بەغدداد بكات، داهاتی مانگانەی بەمشێوەیە دەبێت: • پشكی بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت، بە پوختی مانگانە نزیكەی (600 ملیار) دینارە. • حكومەتی هەرێم جگە لە رادەستكردنی نەوت بە بەغداد كە رۆژانە ( 250 هەزار ) بەرمیلە، دەتوانێت خۆشی رۆژانە نزیكەی (180 هەزار) بەرمیل نەوت بفرۆشێت، ئەمەش دەبێت بە سەرچاوەیەكی تری داهات بۆیو لەم سەرچاوەیەشەوە دەتوانێت مانگانە بڕی (250 ملیار) دینار پەیدا بكات. • جگە لە داهاتی نەوت، حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی (120 ملیار) دینار داهاتی ناوخۆی دەستدەكەوێت. • تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (30 ملیار) دینار یارمەتیو كۆمەكی ئەمریكا وەردەگرێت. بەگوێرەی ئەم بژاردەیەش، حكومەتی هەرێم بەكۆی گشتی مانگانە (یەك ترلیۆن) دینار داهاتی دەستدەكەوێتو بەو داهاتەش دەتوانێت موچەی موچەخۆران بداتو سەرباری ئەوەش بڕێك پارەی بۆ بمێنێتەوە. ماددەی 10 چی دەڵێ ؟ لە پرۆژە بودجەی 2019ی عێراقدا ماددەیەك تەرخانكراوە بۆ كێشە داراییەكانی نێوان هەولێرو بەغدادو چارەسەركردنی دۆسیەی نەوت، ماددەكە دابەشكراوە بەسەر دوو بڕگەدا، بڕگەی دووەمیش لە چوار خاڵ پێكدێت، دیار نییە ئاخۆ دەقی ئەم ماددە یاساییە وەكو خۆی لە پەرلەمانی عێراق پەسەند دەكرێت، یاخود هەموار دەكرێتو گۆڕانكاری بەسەردا دێت. دەقی مادەی 10ی پرۆژە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019 ماددەی 10 یەكەم: شایستە داراییەكانی نێوان هەرێمی كوردستانو حكومەتی فیدراڵی لە ساڵی 2014وە بۆ 2018 پاكتاو دەكرێت، ئەمەش دوای وردبینیكردن تێیدا لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ، ئەوەش بە ئەژماركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لەبەر رۆشنایی خەرجییە فیعلییەكان بۆ ساڵانی پێشوو، كە ژمێرەی كۆتایی پەسەندكراوی چاودێری دارایی فیدراڵی نیشانی دەدات. دووەم: (ا) حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە هەناردەكردنی بڕی لانی كەمی (250000) بەرمیل (دوو سەدو پەنجا هەزار بەرمیل) نەوتی خاو لە رۆژێكدا لەو نەوتە خاوەی كە لە كێڵگەكانیدا بەرهەم دەهێنرێت، بۆ فرۆشتنی لەڕێگەی كۆمپانیای (سۆمۆ)، بۆ ئەوەی داهاتی نەوت بەتەنیا رادەستی خەزێنەی گشتی دەوڵەت بكرێت. (ب) تەرخانكردنی رێژەیەك لە بودجەی هێزە فیدراڵییەكانی سوپای عێراق بۆ موچەی هێزەكانی پێشمەرگە، بۆ ئەو هێزانەی كە وەكو بەشێك لە سیستمی ئەمنی عێراق دیاریكراون. (ج) ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتە فیدراڵییەكانی رادەستی خەزێنەی گشتی فیدراڵی نەكرد یاخود حوكمەكانی هەردوو بڕگەی (ا، ب)ی ئەم مادەیەی جێبەجێ نەكرد، وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نییە بە پێدانی خەرجییەكانی هەرێم كە لەناو بودجەی عێراقدا دانراون، جگە لە موچەی فەرمانبەرانو موچەی پێشمەرگە. (د) حكومەتی فیدراڵیو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پابەندن بەوەی ئەگەر زیادە هەبوو لە بڕی هەناردەكراو كە لە ماددەی (1- یەكەم- ب)ی یاسای بودجەدا ئاماژەی بۆ كراوە، داهاتە بەدەستهاتووەكان رادەستی خەزێنەی گشتی دەوڵەت بكەن.
( درەو میدیا): وەزارەتی بەرگری ئەمریكا" پێنتاگۆن" رایدەگەیەنێت دەستیان كردووە بە گواستنەوەی ئامێر و كەلوپەلە سەربازییەكان لە سوریا و تائێستا هیچ سەربازێكیان ئەو وڵاتەی بەجێنەهێشتووە. كۆلۆنێڵ شۆن رایان، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند پرۆسەی پاشەكشێپێكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەستیپێكردووە و ئاشكراشیكرد، وەك پەرۆشیان بۆ پرۆسەكە هیچ خشتەیەكی زەمەنی یان شوێنی جموجوڵی هێزەكان ئاشكراناكەن". بە پێچەوانەی وتەبێژەكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە، شین رۆبێرتسۆن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا" پێنتاگۆن" وتی:" جەختدەكەینەوە كە هیچ سەربازێكی ئەمریكا تائێستا سوریای بەجێنەهێشتوووە". رۆبەرتسۆن لە بەیاننامەیەكدا وتیشی:" هاوپەیمانی دژ بە داعش چەند رێوشوێنێکی لۆجیستی گرتوەتەبەر بۆ پاڵپشتیكردنی پرۆسەی كشانەوە، پاشەكشێكردنەكە پشت بە دۆخی ئۆپەراسیۆنەكان لەسەر خاك و دانوستان لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەكانمان دەبەستێت و پشت بە خشتەی زەمەنی هەڕەمەكی نابەستێت". چەند بەرپرسێكیش كە قسەیان بۆ ئاژانسی "رۆیتەرز" كردووە، ئاشكرایانكرد ئێستا ئامێر و كەلوپەلە سەربازییەكان بۆ دەرەوەی سوریا دەگوازرێنەوە و ئەوەش نیشانیدەدات كە سوپای ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆئەوەی بە خێرایی لە سوربا پاشەكشێبكات. هاوكات چەند هاوڵاتییەكی دانیشتوی نزیك خاڵی سنوریی نێوان رۆژئاوای كوردستان و عێراق رایانگەیاند، دوێنێ هیچ جموجوڵێكی ئاشكرا یان گەورەی هێزی زەمینی ئەمریكایان هەستپێنەكردووە و ئەوەش ئاماژەیەكە بۆئەوەی كە پرۆسەی پاشەكشێپێكردنی سەربازانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا هێشتا دەستیپێنەكردووە.
( درەو میدیا): رۆژنامەی " فاینانشاڵ تایمز"ی بەریتانی ئاشكرایكرد، ئیڤانكا ترەمپ، كچە گەورەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، یەكێكە لەو كەسانەی كە بۆ سەرۆكایەتی بانكی نێودەوڵەتی كاندیدكراوە. رۆژنامەكە ئاشكرایكرد، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا چەند ناوێكی بەدەستگەیشتووە، كە كاندیدن بۆئەوەی شوێنی جیم یۆنگ كیم سەرۆكی بانكی نێودەوڵەتی بگرنەوە،کە لەماوەی رابردوودا دەستی لەكاركێشایەوە و كۆتایی ئەم مانگە كارەكانی تەواودەبێت، یەكێك لەو ناوانەش ئیڤانكا ترەمپە. بە گوێرەی نەریتە پەیڕەوكراوەكان، ئەمریكا كاندید بۆ سەرۆكی بانكی نێودەوڵەتی دیاریدەكات و وڵاتانی ئەوروپاش كاندیدی بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی كاندیددەكەن. ماری ئیڤانكا ترەمپ، ساڵی 1981 لە نیویۆرك لە دایكبووە و كچی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكایە لە هاوسەری پێشووی " ئیڤانا" و ساڵی 2004 بەكالۆریۆسی لە ئابوریدا بەدەستهێناوە. ئیڤانكا ساڵی 2009 لەگەڵ جارید كۆشنەر خاوەنی رۆژنامەی " نیویۆرك تایمز وۆچ" هاوسەرگیری كردووە. بە گوێرەی رۆژنامە بەریتانییەكە، جگە لە ئیڤانكا ترەمپ و نیكی هایلی باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان كە مانگی رابردوو دەستیلەكاركێشایەوە، هەریەك لە دەیڤید ماڵباس، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا بۆ كاروباری نێودەوڵەتی و مارك گرین سەرۆكی ئاژانسی ئەمریكی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی بۆ سەرۆكایەتی بانكی نێودەوڵەتی كاندیدكراون.
( درەو میدیا): ئەمازیغییەكان پێشوازیان لە ساڵی نوێ 2969 كرد، كە بە گوێرەی رۆژژمێری ئەمازیغی دەكەوێتە 12ی كانونی دووەمی هەموو ساڵێك و ناوی " نایر"ی لێنراوە، ساڵانە ئەمازیغییەكان بە ئاهەنگ و مەراسیمی كلتوریی تایبەت بەخۆیان كە شێوازێكی سەرنجراكێش و جیاوازی هەیە پێشوازی لە ساڵی نوێیان دەكەن. ئەمازیغییەكان كێن؟ بەربەرەكان، یان ئەمازیغییەكان نەتەوەی ناسامیین و لەڕووی رەگەز و رۆشنبیرییەوە لە عەرەب جیاوازن و لە باكوری كیشوەری ئەفریقا دەژین، و دەكرێت بوترێت كە ئەوان دانیشتوانی رەسەنی ئەو ناوچەیەن، مێژوویان لانیكەم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی و تائێستاش لەوێ ماون و پارێزگاریان كردووە لە زمانی سەربەخۆی خۆیان و ناسنامەی رۆشنبیرییان و هەندێكیشان باس لەوەدەكەن كە رووبەڕووی جیاكاری و ستەم بونەتەوە. ئەمازیغییەكان لە باكوری كیشوەری ئەفریقا لە خۆرئاواوە لە مەغریبەوە بۆ میسر لە رۆژهەڵات و لە دەریای ناوەڕاست لە باكورەوە بۆ رووباری نەیجەر لە باشوور بڵاوبونەتەوە بەمشێوەیە: * مەغریب: لە باكوری وڵات و ناوچەی ریف و زنجیرە چیای ئەتڵەس نیشتەجێن . * جەزائیر: لە ناوچەی قەبائیل و خۆرهەڵاتی وڵات و باكوری بیابانی گەورە نیشتەجێن. تونس: لە ناوچەی جەربە و تەتاوین و خۆرهەڵاتی قەفسە بڵاوبونەتەوە. میسر: لە دۆڵی سیوە و لە وڵاتانی مالی و نەیجەر و بۆركینافاسۆ و مۆریتانیا لە رێگەی هۆزەكانی تەوارقەوە بڵاوبونەتەوە. ژمارەی ئەمازیغییەكان لەو وڵاتانە تائێستا بە روونی لەبەردەستدا نیە و نازانرێت چەندە؟ كەسانێكی زۆر هەن خۆیان بە عەرەب دادەنێن، سەرەڕای ئەوەی رەگ و ریشەیان ئەمازیغییە و زۆرینەی ئەمانە لە مەغریب و جەزائیرن و جگە لە باكوری ئەفریقا چەندین ملیۆن ئەمازیغی لە ئەوروپا دەژین. ئەمازیغییەكان بە " بەربەر"یش ناودەبرێن و چەند گریمانەیەك دەربارەی ئەو وشەیە هەیە و یەكێكیان دەڵێت " بەربەر" لە وشەی " باربادۆس" ەوە داتاشراوەكە بە یۆنانی بەواتای " كەسانی نامۆ" دێت، هەروەها ئەمازیغییەكان بە وڵاتی مەغریب دەڵێن " تامازغە" واتە خاكی ئەمازیغ. زمانی ئەمازیغی كە پێی دەوترێت " تەمازیغت" سەر بە خێزانی زمانە ئەفرۆئاسیاییەكانە و پەیوەندی هەیە بە هەردوو زمانی میسری و ئەسیوپی كۆنەوە، هەروەها زمانی ئەمازیغیی لە چەندین شێوەزاری جیاواز لە رووی فۆنەتیكەوە پێكدێت، بەڵام لە رووی وشە و رێزمانەوە هاوشێوەی یەكترن. ئەمازیغییەكان لە كوێوە هاتون؟ بنچینەی ئەمازیغییەكان لە رووی مێژووییەوە نادیارە، هەندێك لە شارەزایان دەڵێن لە یەمەنی كۆنەوە هاتون و لە رێگەی دەریاوە كۆچیان كردووە بۆ ئەفریقا و هەندێكی تریش دەڵێن رەنگە لە ئەوروپا یان ناوچە كۆنەكانی دەریای سپی ناوەڕاستەوە هاتوون، بەڵام ئەوەی كە سەلمێنراوە ئەوەیە كە ئەمازیغییەكان پێش هەر گەلێك لە باكوری كیشوەری ئەفریقا بوون و كتێبە مێژووییەكان ئەوەیان سەلماندوووە، و بۆ ماوەی سەدان ساڵیشە ئەمازیغییەكان بەرگری دەكەن لە پرۆسەی تەعریبكردنی زمان و رۆشنبیرییان. بەناوبانگترین كەسایەتییە ئەمازیغییەكان لە مێژوودا: گۆگۆرتا: پادشای نومیدیا كە رۆمانەكان ساڵی 111ی پێش زایین شكستیانپێهێنا. كاهینە: لە سەدەی حەوتی زاینیدا شەڕی لە دژی عەرەبەكان بەرپاكردووە. قەشە ئۆگستین: یەكێك لە گرنگترین كەسایەتییە كاریگەرەكانی مەسیحییەتی خۆرئاوا. ئیبن بەتوتە: گەڕیدە و نوسەر و مێژوونوس كە لە سەدەی 14 دا ژیاوە. محەمەد عەبدولكەریم خەتابی: فەرماندەی ئەمازیغییەكان لە مەغریب لە سەرەتای سەدەی رابردوو كە لە دژی ئیسپانەكان جەنگی بەرپاكرد. مەعتوب وەناس: مۆزیسیان و چالاكی ئەمازیغیی كە ساڵی 1998 كوژرا. سەرچاوە: بی بی سی
( درەو میدیا): مانگی داهاتوو كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی تایبەت بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەدیاریكراویش ئێران، لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا بەڕێوەدەچێت و ئەمریكاش بەشداری تێدادەكات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد كۆنگرەكە رۆژی 13 و 14ی شوباتی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و تێیدا چەند پرسێكی هەستیاری وەك تیرۆر و توندڕەویی و پەرەپێدانی موشەك و بڵاوبوونەوەی چەك و بازرگانی دەریایی تاوتوێدەكرێن، لەگەڵ هەڕەشەی ئەو گروپانەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە وەكالەت شەڕدەكەن. هاوكات، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی " فۆكس نیوز" رایگەیاند ، لە كۆنگرەكەدا " سەقامگیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاشتی و ئاسایش و ئازادی ئەو ناوچەیە تاوتوێدەكرێت و ئەوەش فاكتەرێكی گرنگە بۆئەوەی ئێران كاریگەری نەبێت لە تێكدانی سەقامگیری ناوچەكە". بەوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا, لە كۆنگرەكەدا دەیان دەوڵەت لە هەموو جیهاندا، لە ئاسیا و ئەوروپا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەشداری تێدادەكەن. لایخۆشیەوە یاتسیك چاپۆتۆڤیچ، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی وڵاتەكەی پشتگیری لە هەوڵەكانی یەكێتی ئەوروپا دەكات بۆ پارێزگاریكردن لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، بەڵام رێككەوتنەكە رێگەی لە چالاكییەكانی ئێران بۆ تێكدانی سەقامگیری ناوچەكە نەگرتووە. وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ئاشكراشیكرد 70 دەوڵەت بانگهێشتكراون بۆ كۆنگرەكە و هیواشیخواست ببێتە هۆی نزیكبونەوەی هەڵوێستی ئەمریكا و ئەوروپا. لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەو كۆنگرەیە، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت:" ئەوانەی میوانداری كۆنگرەیەكی دژ بە ئێران دەكەن و ئەوانەشی بەشداری تێدادەكەن و ئەوانەی ئامادەی دەستپێشخەرییەكی پێشووی ئەمریكای دژ بە ئێران دەبن، یان مردون، یان پەراوێزخراون، ئێران لە هەموو كاتێك بەهێزترە". زەریف دەشڵێت:" لە كاتێكدا ئێران لە جەنگی دووەمی جیهانیدا پۆڵەندییەكانی رزگاركرد، ئێستا پۆڵەندا میوانداری نمایشێكی كۆمیدی و بێزراوی دژ بە ئێران دەكات".
( درەو میدیا): مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بڕیاریدا ئاڵای كوردستان لەسەر زۆربەی بارەگاكانی دابگرێت و تەنها لە سەر هەردوو بارەگای (مەكتەبی سیاسیو مەڵبەندی كەركوك) بەرزبكاتەوە. لە رونكردنەوەیەكدا مەڵبەندی (2)ی رێكخستنی كەركوكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئاماژەی بەوە كردووە" ئێمە لە ناو كەركوك لە زۆرترین گەڕەك و ناوچە و قەزاو ناحیەكان بارەگامان هەیە، بۆ ئەوەی هیچ كاردانەوە و نیگەرانییەك دروست نەبێت لەو شوێنانەدا كە پێكهاتەی جیاوازی تێدا نیشتەجێیە. هاوكات ئەم بابەتە بە لاڕێدا نەبرێت، ئەگەر هەر لایەنێك، یان كەسانێك لە خۆشەویستیان بۆ ئاڵاكە لە شوێنی تر بەرزیان كردبێتەوە، ئەوا لە دەرەوەی بڕیارەكەی مەڵبەندی كەركوكە" رونكردنەوەكە ئەوەشی تیایدا هاتووە كە" بڕیاری بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لە سەر بارەگاكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كەركوك، پاڵپشت بە دەستوورو یاسا كارپێكراوەكانی دەوڵەتی عێراق، مافێكی ڕەوا و دیموكراتییانەیە. لەم راونگەیەوە یەكێتی بڕیاریدا ئاڵای كوردستان لە پاڵ ئاڵای عێراق و لۆگۆی (ی.ن.ك) لە سەر هەردوو بارەگای (مەكتەبی سیاسیو مەڵبەندی كەركوك) بەرزبكاتەوە" روونكرنەوەیەك لە راگەیاندنی مەڵبەندی (2)ی رێكخستنی كەركوكەوە بۆ رای گشتی.. جەماوەری خۆڕاگری شاری كەركوك! بڕیاری بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لە سەر بارەگاكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كەركوك، پاڵپشت بە دەستوورو یاسا كارپێكراوەكانی دەوڵەتی عێراق، مافێكی ڕەوا و دیموكراتییانەیە. لەم راونگەیەوە یەكێتی بڕیاریدا ئاڵای كوردستان لە پاڵ ئاڵای عێراق و لۆگۆی (ی.ن.ك) لە سەر هەردوو بارەگای (مەكتەبی سیاسیو مەڵبەندی كەركوك) بەرزبكاتەوە. ئێمە وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتیو راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان پێكهاتەكانی كەركوك و ئارامی رەوشەكە، بە ئەركی لە پێشینەی خۆمانی دەزانین، هەر لەم پێناوەدا بریارەكە تەنها بۆ مەڵبەند و مەكتەبی سیاسی دەركرا لەم قۆناغەدا. ئێمە لە ناو كەركوك لە زۆرترین گەڕەك و ناوچە و قەزاو ناحیەكان بارەگامان هەیە، بۆ ئەوەی هیچ كاردانەوە و نیگەرانییەك دروست نەبێت لەو شوێنانەدا كە پێكهاتەی جیاوازی تێدا نیشتەجێیە. هاوكات ئەم بابەتە بە لاڕێدا نەبرێت. بۆیە بە هەموولایەكی رادەگەێنین، ئەگەر هەر لایەنێك، یان كەسانێك لە خۆشەویستیان بۆ ئاڵاكە لە شوێنی تر بەرزیان كردبێتەوە، ئەوا لە دەرەوەی بڕیارەكەی مەڵبەندی كەركوكە. هەروەك بەپێویستشی دەزانین هەموو لایەك ئاگادار بكەینەوە، كە لە ئێستادا ئەم كەیسە لە دادگای باڵای فیدڕالی عێراقە بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەم پرسە جگە لە بڕیاری دادگا هیچ رێو شوێنێۆی دیكە قبوڵ ناكەین. سوپاس و دەست خۆشی لە خەڵكی شاری كەركوك دەكەین، بۆ پشتیوانیكردنیان لە یەكێتی و ئاڵای كوردستان. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مەڵبەندی (2)ی رێكخستنی كەركوك 11ی كانونی دووەمی 2019
( درەو میدیا): ئێوارەی ئەمڕۆ ئاسایشی سلێمانی ژمارەیەك بەرپرسی تەڤگەری ئازادی و زیاتر لە ٥٠ كەسی دیكەی ئەو پارتەی لە سەكۆی ئازادی پاركی ئازادی شاری سلێمانی دەستگیركرد. ڕێكخراوی ژنانی ئازادیی كوردستان (ڕژاك )ویستیان لە سەكۆی ئازاد لە پاركی ئازادیی لە سلێمانی، فیلمەكەی ساكینە جانسز نمایش بكەن و خەڵاتی ساكینە جانسزیش ببەخشن بە لەیلا گوڤەن، بەڵام لەلایەن ئاسایشەوە ڕێگرییان لێكراو زیاتر لە 50 كەسیان دەستگیركرد. لە ناو دەستگیركراوەكاندا هەریەكە لە (شەهێن محەمەد، و حاجی ئازاد) هاوسەرۆكی هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادی و تارا حسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادی و سەلاح خدر رۆژنامەنووس و كلسووم حسێن ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەر بونیان هەیە. دوای ڕێگریكردن لە نمایشی فیلمی تایبەت بە ژیان و خەباتی ساكینە جانسز لە سینەما سالمی شاری سلێمانی، تەڤگەری ئازادی بڕیاریدا لە سەكۆی ئازادی پاركی ئازادی شاری سلێمانی فیلمەكە نمایشبكەن.
(درەو میدیا): ئەمڕۆ نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبونەوە و عەبدولمەهدی رایگەیاندووە لە پرسی هەڵكردنی ئاڵای كوردستاندا چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵییە. جەمال شكور، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق كە لە كۆبونەوەكەدا بەشداربووە بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە: سەرۆك وەزیران پێی راگەیاندین بەهیچ شێوەك رێگە بە جوڵەی هێزی سەربازی نادات و بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو بابەتەش، چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵیی دەكات. ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئاماژەی بەوەشداوە لە كۆبوونەوەكەدا بە سەرۆك وەزیرانمان راگەیاند "لەدوای ساڵی 2003ەوە لە كەركوك ئاڵای كوردستان تا ساڵی 2017 هەڵكراوەو هیچ كێشەیەك نەبووە، هەڵكردنی ئاڵای كوردستانیش لەسەر بارەگاكانی یەكێتی بەمافی خۆمان دەزانین و بەهیچ شێوەیەكیش ئاڵای كوردستان داناگیرێت." ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشیكرد: عادل عەبدولمەهدی پێی راگەیاندین پارتی دیموكراتی كوردستان دەگەڕێتەوە كەركوك و بارەگاكانی دەكاتەوە.
( درەو میدیا): دانوستانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ سەركردەی دیموكراتەكان بۆ چارەسەركردنی داخستنی بەشێك لە دامودەزگا فیدراڵییەكانی ئەمریكا شكستیهێنا و ترەمپ كۆبوونەوە لەگەڵ دیموكراتەكاندا بە كات بەفیڕۆدان وەسفدەكات. بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ لە كۆبوونەوەكەدا نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و چاك شۆمەرن رەتیانكردوەتەوە بودجە بۆ دیواری سنوری نێوان ئەمریكا و مەكسیك تەرخان بكرێت و ئەوەش وایكردوووە ترەمپ كۆبوونەوە كردن لەگەڵ دیموكراتەكان بە " كات بەفیڕۆدان" وەسفبكات. ترەمپ داوادەكات كۆنگرێس رەزامەندی بدات لەسەر دابینكردنی بڕی 5.7 ملیار دۆلار بۆ بونیادنانی دیوارێك لە پۆلا لەسەر سنوری نێوان ئەمریكا و مەكسیك، وەك پابەندبوونی بە بەڵێنێك كە لەكاتی بانگەشەی سەرۆكایەتیدا داویەتی، بەڵام دیموكراتەكان كە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەراندا زۆرینەن، رەزامەندی لەسەر ئەو داواكارییە رەتدەكەنەوە. كۆبوونەوەكە چۆن بەڕێوەچوو؟ كۆبوونەوەكەی ترەمپ لەگەڵ سەركردەكانی دیموكراتەكان زۆر كورت بوو، تەنها 14 خولەكی خایاند، ترەمپ لە ژوورێكی سەنتەری كۆنفرانسەكان لە بەشی خۆرئاوای كۆشكی سپی میوانداری لێكردن. ترەمپ لە كۆبوونەوەكەدا روویكردە نانسی پیلۆسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و راستەوخۆ دەربارەی ئەوەی ئایا بودجە بۆ بونیادنانی دیوارەكە تەرخاندەكەن؟ پرسیاری لێكرد، كاتێك پیلۆسی بە نەخێر وەڵامی دایە ترەمپ كۆبوونەوەكەی بەجێهێشت و ماڵئاوایی لێكردن. چاك شۆمەر، سەركردەی زۆرینەی دیموكراتەكان لە كۆنگرێس جەختیكردەوە كە:" ترەمپ پرسیاری لە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كرد و وتی" ئایا رەزامەندی لەسەر دیوارەكەم؟ ئەویش وتی: نەخێر، پاشان ترەمپ وتی: كەواتە هیچ شتێك نییە گفتوگۆی لەسەر بكەین و ژوورەكەی بەجێهێشت و بینیمان كە جارێكی تر توڕەیی دایگرت، چونكە ئەوەی دەستنەكەوت كە دەیویست". شۆمەر ئاشكراشیكرد كە ترەمپ بە توندی بە مێزەكەیدا كێشاوە، بەڵام مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا رەتیكردەوە ئەوە روویدابێت و وتی:" سەرۆك بە روویەكی خۆشەوە چووە ژوورەوە و هەر واش هاتە دەرەوە و لە بیرم نیە كە دەنگی بەرزكردبێتەوە یان كێشابێتی بە مێزەكەدا". بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ لەو كۆبوونەوەیدا شۆمەر بە ترەمپی وتووە " تۆ فەرمانبەران وەك كارتی فشار بەكاردەهێنیت، بۆچی كاری حكومەت دەستپێناكەیتەوە و ئازاردانی خەڵك راناگریت؟ ".
( درەو میدیا): شەوی رابردوو مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی لە سەرجەم بارەگاكانی ئاڵای كوردستانى هەڵكرد،ئەوەش لەبەرامبەر رێككەوتنێكی نێوان عێراق و ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستانە كە مەبەست لێی گەڕانەوەی پارتیە بۆ كەركوك. بنەمای رێككەوتنەكەی پارتی و ئێران و عێراق چەند رۆژێكە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئێران و حكومەتی عێراق سەرقاڵی گفتوگۆ و رێككەوتنە، بۆئەوەی بگەڕێتەوە بۆكەركوك. سەرچاوەكی ئاگادار بۆ " درەو میدیا" ئاماژەی بەوەكرد مەرجی پارتی بۆ گەڕانەوە بۆ كەركوك هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و دەرچونی هێزەكانی حەشدی شەعبیە لەو شارەو بڕیاردراوە هەردوو مەرجەكەی پارتی جێبەجێبكرێن، هەربۆیە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاریداوە رێگە بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بدات لە كەركوك . هاوكات هێزەكانی حەشدی شەعبیش بەمزوانە لە كەركوك دەچنەدەرەوە و ئەو پارێزگایە بەجێدەهێڵن و لە تكریت جێگیردەكرێن،ڕۆژی دووشەممە 7/ 1/ 2019 فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە سەڵاحەدین سەردانی مەسعود بارزانی كردووەو دڵنیایی كردوەتەوە كە هێزەكانی حەشدی شەعبی كەركوك بەجێدەهێڵن. سەرچاوەیە هۆكاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی لەسەر بارەگاكانی یەكێتی بۆ ئەوە گەڕاندەوە, یەكێتی بەو هەنگاوەی كارتەكەی دەستی پارتی دەسوتێنێت، كە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بە مەراسیم و هەڵكردنی ئاڵای كوردستانەوە بگەڕێنەوە كەركوك. چارەنوسی پۆستەكانی كورد لە كەركوك سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی كەركوك بەتایبەتی پارێزگارو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، سەرچاوەكەی " درەو میدیاگ ئاماژەی بەوەكردووە رێبوار تاڵەبانی دەگەڕێتەوە كەركوك و لە جێگەی خۆی وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و سەرۆكی ئەنجومەن بەوەكالەت دەستبەكار دەبێت و بەپێی رێككەوتنێكیش پارێزگارێكی تەوافوقی لە نێوان یەكێتی و پارتی دادەنرێت كە كەسێكی یەكێتی دەبێت یاخود نزیك دەبێت لە یەكێتیەوە. راگەیەندراوەكەی عادل عەبدولمەهدی سەبارەت بە راگەیەنراوەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە داگرتنی ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگاكانی یەكێتی لە كەركوك، ئەو سەرچاوەیەی "درەو میدیا " ئاشكرایكرد عەبدولمەهدی ئەو هەنگاوەی لە پێناو رەوینەوەی نیگەرانی لایەنە عەرەبی و توركمانەكان و بەشێك لە سەركردە سیاسیەكانی عێراق ناوەو ئاگاداری رێككەوتنەكەیەو دەیەوێت رەوشی كەركوك ئاسایی بكاتەوەو دۆخەكە كۆتایی پێبێت. جموجوڵەكانی ئەمریكا لەم كاتەدا هەست بە جموجوڵی زۆری هێزەكانی ئەمریكا لە كەركوك و ناوچەكانی دیكە دەكرێت، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد كە واشنتۆن بڕیاریداوە هەموو هێزەكانی خۆی لە سوریا بكشێنێتەوەو لە ناوچە سوننەنشینەكان جێگیریان بكات و بەشی زۆری لە پارێزگای ئەنبار و رۆژئاوای عێراق جێگیردەكرێن و بەشێكیشی دەهێنرێنە پارێزگای كەركوك و چەند بنكەیەكیشی دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان.