"دابەشكاری كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن"
2019-12-26 14:13:44
(درەومیدیا):
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە 24ی ئەم مانگە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندكرا، سیستمی فرەبازنەیی لەسەر ئاستی قەزایەك یان زیاتر، لەگەڵ براوەی زۆرترین دەنگ پەیڕەوكراوە،
بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانی عێراق لە كۆی (168)قەزا لە عێراق، (78) قەزا كە ڕێژەكەی 46% ی كۆی قەزاكانی عێراق دەكات، ناگەنە ئاستی بازنەی هەڵبژاردن (كورسی پەرلەمان)، ئەوەش وادەكات بە قەزایەكی تر یان زیاتر بلكێندرێن بۆ پێكهێنانی بازنەیەكی هەڵبژاردن.
"سەعد ئەلعەبدەلی" شارەزای بواری هەڵبژاردن لەبەیاننامەیەكدا، دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق لەسەر ئاستی قەزاكان لەسەرجەم پارێزگاكان ڕووندەكاتەوە.
"عەبدەلی" دەڵێت" ڕۆژی 24 ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی پەسەندكرد، یاسای نوێی هەڵبژاردن سیستمی فرەبازنەییە لەسەر ئاستی قەزایەك یان زیاتر، لەگەڵ براوەی زۆرترین دەنگ.
ئەوشارەزایەی بواری هەڵبژاردن تێبینیەكانی لەسەر یاساكەو، ئەگەرەكانی جێبەجێكردنی ئەم سیستمە تازەیە لەبواری كرداریدا لەچەند خشتەیەكدا خستۆتەڕوو.
تێبینییەكانی:
1- یاساكە ئاماژەی بە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان نەكردووە، ڕوونكردنەوەی خشتەی دابەشكردنی بازنە بڕیار لێدراوەكانی هەڵبژاردنیشی بۆ پەرلەمان جێهێشتوە كە بەمزوانە بڕیاری لێدەدات، بەڵام ئەوەی ڕێككەوتنی لەسەركراوە هێشتنەوەی كورسییەكانی پەرلەمانە وەك خۆی (329) لەسەر ئەو بنەمایەش لەو خشتانەی خوارەوەدا بەهەمان ژمارە دابەشكارییەكانكراوە.
2- لەدەستنیشانكردنی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگاو قەزایەكدا پشت بە دواین ئامار بەستراوە كە چەندڕۆژێك لەمەوبەر لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە بڵاوكراوەتەوە.
3- تێبینی جیاوازی گەورە هەیە لە ئاماری وەزارەتی پلاندانان لە نێوان كۆی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكە كە ڕەنگی سور كراوە، لەگەڵ كۆی ژمارەی دانیشتوانی قەزاكان لە پارێزگاكان وەك ئەوەی لە ئامارەكەدا بەسەوز ڕەنگكراوە، لەسەر ئەو بنەمایەش پشت ژمارەی تایبەت بەقەزاكان بەستراوە.
4- بەپێی ئەو خشتە هاوپێچكراوانە ڕووندەبێتەوە كە تێكڕایی هەڵبژاردنی نیشتمانی (نرخی كورسی)، 123 هەزار و 595 دەنگە بۆ هەر كورسیەك، ئەو ژمارەیەش جیاوازی هەیە لەو ژمارەیەی كە لە بڕگەی یەكەمی مادەی 49ی دەستوری عێراقدا هاتووە كە دەڵێت ( ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پێكدێت لە ژمارەیەك ئەندام بە ڕێژەی كورسییەك بۆ هەر 100 كەس كە نوێنەرایەتی تەواوی گەلی عێراق دەكەن).
5- لەو خشتانەی خوارەوەدا بۆ دابەشكردنی كورسییەكان بەسەر پارێزگاو قەزاكاندا (بازنەكانی هەڵبژاردن) كە ژمارەیان 320 كورسییە، كورسی كۆتاكان كە ژمارەیان 9 دانەیە دابەشنەكراون، چونكە ئەو كورسییانە دابەشی قەزاكان ناكرێن، بەڵكو پارێزگاكە بە بازنەیەكی هەڵبژاردن دادەنرێت لە دابەشكردنیدا.
6- جیاوازی تێكڕایی هەڵبژاردن لەپارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی تر، بەجۆرێك بەرزترین تێكڕای هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك بووە كە نرخی كورسیەك گەیشتۆتە 136 هەزارو 663 دەنگ، لەكاتێكدا كەمترین تێكڕایی هەڵبژاردن لە پارێزگای زیقار بووەو، نرخی كورسیەك 113 هەزار و 176 دەنگ بووە.
7- لەم خشتانەی تایبەت بە دابەشكردنی كورسی بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن (قەزاكان) دەردەكەوێت، هەندێك لە قەزاكان (بازنەی هەڵبژاردن) پشكی چەندین كورسییە، لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوان لەچەندین قەزا ناگەنە ئەوەی بەتەنیا ببنە بازنەیەكی هەڵبژاردن، ئەوەش وادەكات دوو قەزا یان زیاتر یەكبخرێن بۆ ئەوەی ببن بە بازنەیەكی هەڵبژاردن.
8- (قەزای موسڵ) لە پارێزگای نەینەوا لە پلەی یەكەمی قەزاكاندایە كە زۆرترین ژمارەی كورسی پەرلەمانی بەردەكەوێت، ژمارەی كورسییەكانی دەگاتە 15،8 كورسی، بەدوایدا قەزای (رەسافە) دێت لە بەغدادی پایتەخت بە 14،62 كورسی، دوای ئەویش قەزای (كەرخ) لەبەغداد لەپلەی سێیەم دێت بە 12،88 كورسی.
لەبەرامبەردا قەزای(ماوەت) لە پارێزگای سلێمانیش كەمترین بەشی كورسیەكی بەردەكەوێت بە ڕێژەی 0.08 كورسی پەرلەمان، قەزای (سەلمان) لە پارێزگای موسەننا بە رێژەی 0،10 كورسی، قەزای (خانەقین )یش لە پارێزگای دیالە بە ڕێژەی 0،12 كورسی بەردەكەوێت.
9- بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانی عێراق لە كۆی (168)قەزا لە عێراق، (78) قەزا كە ڕێژەكەی 46،42% ی كۆی قەزاكانی عێراق دەكات، ناگەنە ئاستی بازنەی هەڵبژاردن (كورسی پەرلەمان)، ئەوەش وادەكات بە قەزایەكی تر یان زیاتر بلكێندرێن بۆ پێكهێنانی بازنەیەكی هەڵبژاردن.
ئەوشارەزایەی بواری هەڵبژاردن ئەوەش ڕووندەكاتەوە، ئەركی بەشكردن و دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن دەكەوێتە ئەستۆی پەرلەمانی عێراق، لەكاتێكدا جێبەجێكردنی ئەركی ئەو دابەشكردنە دەكەوێتە ئەستۆی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كە بەمزوانە پێكدەهێنرێت.