Draw Media

پارتی هەوڵی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دەدات

پارتی هەوڵی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دەدات

2019-12-28 08:31:07


(درەو میدیا):
هۆشیار زێباری لەسەر فەرمانی مەسعود بارزانی چووەتە بەغداد، دەیەوێت بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆمار لابدات‌و فوئاد حسێن لە شوێنی ئەو دابنێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەی باڵاوە لە بەغداد دەست (درەو میدیا) كەوتوون، هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دوێنێ گەیشتوەتە بەغداد. 
(درەو میدیا) زانیویەتی، ئامانجی سەردانەكەی هۆشیار زێباری بۆ بەغداد گفتوگۆكردنە لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد بەتایبەت كوتلەی (بنیادنان) بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەگەر بەرهەم ساڵح دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ببێت یاخود لە پەرلەمان متمانەی لێوەربگیرێتەوە.
بەرهەم ساڵح ئاگاداری سەردانەكەی هۆشیار زێبارییە، نیگەرانە لە هەوڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە‌و تێیدا پشتیوانی خۆی بۆ بەرهەم ساڵح راگەیاند، پێدەچێت نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هەوڵەكەی مەسعود بارزانی مامیدا نەبێت.
سایتی سۆمەریەنیوز لە زاری سەرچاوەیەكی سیاسییەوە بڵاویكردەوە، ئێستا لەناو پەرلەمانی عێراق جموجوڵێك هەیە بۆ لەكارخستنی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق.
سەرچاوەكە دەڵی، سەرۆك كۆمار تۆمەتباردەكرێت بە پێشێلكردنی دەستور، بەوپێیەی ماددەی 76ی دەستور باسلەوەدەكات سەرۆك كۆمار دەبێت كاندیدی كوتلەی زۆرینە راسپێرێت بە پێكهێنانی حكومەت‌و مافی ئەوەی نییە كاندیدەكە رەتبكاتەوە، بەڵام بەرهەم ساڵح كاندیدەكەی كوتلەی بنیادنانی رەتكردەوە‌و بەوەش دەستوری پێشێلكردووە.
سەرچاوەكەی سۆمەریەنیوز ئاماژەی بەوەكردووە، لە دوو رۆژی داهاتوودا لەناو لایەنە سیاسییەكاندا لەبارەی لەكارخستنی بەرهەم ساڵحەوە جموجوڵ دەستپێدەكات‌و كاربۆ ئەوە دەكرێت كاندیدی جێگرەوەی بەرهەم ساڵح ئامادە بكرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی جارێكی تر سیناریۆكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە دووبارە نەبێتەوە كە تائێستا نەتوانراوە كەسێك بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەی دیاری بكرێت.
سەرچاوەكان دەڵێن، فوئاد حسێن وەزیری دارایی ئێستای عێراق كە پێشتر سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بوو، كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەدوای بەرهەم ساڵح.
فوئاد حسێن كاندیدی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام لەبەرامبەر بەرهەم ساڵحدا شكستی هێناو دەنگی پێویستی لەناو پەرلەمانی عێراق بەدەستنەهێنا.
هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆك كۆماری عێراق لەدەرەوەی رێككەوتنی پێشوەختەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەدیاریكراوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان ماوەیەك ساردی خستە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتییەوە، لەكاتی هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم، بەرهەم ساڵح سەردانی هەولێری كردو هەوڵیدا پەیوەندییەكان ئاسایی بكاتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەر لە دواین سەردانی بۆ هەولێر، بەرهەم ساڵح لە دیدارێكدا لەگەڵ بارزانی كەوتوەتە گفتوگۆیەكی توندەوە‌و ئەوەش جارێكی تر پەیوەندییەكانی ئاڵۆزكردوەتەوە.
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، بەرهەم ساڵح نوسراوێكی ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد، تێیدا دەڵێ سەرباری ئەوەی پێشێلكردنی دەستورە، بەڵام ئەو وەكو سەرۆك كۆمار ئامادە نییە ئەسعەد عیدانی راسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە شوێنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە.
بەرهەم ساڵح بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەڵێ، عیدانی ئەو تایبەتمەندییانەی تێدا نییە كە شەقامی ناڕازی داوای دەكات، بۆیە ئەو ئامادە نییە رایسپێرێت، پەرلەمان سەرپشك دەكات لەوەی متمانەی لێوەرگرێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand