(درەو میدیا): بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختەی باڵەكانی تری یەكێتی، كۆسرەت رەسوڵ كوڕەكەی خۆی ناردووە بۆ كۆبونەوە لەگەڵ مەسعود بارزانی، بڕیارە سبەینێ یەكێتیو پارتی لەسەر ئاستی باڵا كۆببنەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دوێنێ دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كوڕی كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوەتەوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا) رایگەیاند، سەرەتا بڕیاربووە كۆسرەت رەسوڵ خۆی لەگەڵ مەسعود بارزانیدا كۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستییەوە، دەربازی كوڕی ناردووە بۆ كۆبونەوەكە. بەگوێرەی زانیارییەكان، كۆسرەت رەسوڵ ژمارەیەك پەیامی خۆی بە دەربازی كوڕیدا بۆ مەسعود بارزانی ناردووەو بەتایبەتی لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە. ئەم كۆبونەوەیەی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ بارزانی، بەبێ ئاگاداری پێشوەختەی باڵەكانی تری یەكێتی بەڕێوەچووە، بۆیە ئێستا شەپۆلێك نیگەرانی لەناو یەكێتی لەبارەی كۆبونەوەكەو ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەوە دروستبووە، بەتایبەتی لەلایەن هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگییەوە. لەدوای كۆبونەوەكەی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ بارزانی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبوەوە، بڕیارە سبەنێ وەفدی باڵای یەكێتیو پارتی كۆببنەوەو چاوەڕوان دەكرێت كۆبونەوەكە بەسەرپەرەشتی مەسعود بارزانیو كۆسرەت رەسوڵ بەڕێوەبچێت.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف رۆژی سێشەممەی داهاتوو جارێكی تر ململانێی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك دەگاتە لوتكە، یەكێتی دەیەوێت سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجومەن دابنێت، بۆ ئەوەی دواجار پۆستی پارێزگاریش لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، پارتیش رێگری دەكات. ململانێكانی یەكێتیو پارتی تەنیا خەڵكی سنورەكەی دابەشنەكردووە، بەڵكو بوەتە كێشە بۆ لایەنە سیاسییەكانیش، یەكێتی دەیەوێت لە سلێمانییەوە پارێزگارێك بۆ كەركوك دابنێت، پارتیش دەیەوێت لە هەولێرەوە. كۆبونەوەكەی یەكێتی ! رۆژی 24ی مانگی رابردوو، یەكێتی نیشتمانی بانگهێشتی لایەنە سیاسییە كوردییەكانی كەركوكی كرد بۆ كۆبونەوەیەك لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە كەركوك، هەموو لایەنەكان جگە لە پارتی بەشداری كۆبونەوەكەی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتییان كرد. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، لەو كۆبونەوەیەدا بەرپرسانی یەكێتی لەبەردەم نوێنەری لایەنەكاندا هێرشی توندیان كردوەتەسەر پارتیو تۆمەتباریان كردووە بەوەی كە "رێگرە لەبەردەم ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوكو هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك". هەر لەو كۆبونەوەیەدا یەكێتی بەفەرمی پێشنیازی بۆ لایەنە كوردستانییەكان كردووە كە پێكەوە خۆپیشاندانێكی گەورە لە كەركوك رێكبخەن دژ بە دۆخی ئێستای شارەكەو رێگرییەكانی بەردەم هەڵبژاردنی پارێزگا، بەڵام لایەنە كوردییەكان پێشنیازەكەیان رەتكردوەتەوەو داوایان لە یەكێتی كردووە لەگەڵ پارتی رێككەوتن بكات بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار. كۆبونەوەكەی پارتی ! كۆتا رۆژی ساڵی 2018 پارتی وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ كۆبونەوەكەی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كەركوك، بانگهێشتی لایەنە كوردییەكانی كەركوكی كرد بۆ كۆبونەوەیەك لە هەولێر. كۆبونەوەكە لە وادەی دیاریكراودا لە بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە هەولێر بەڕێوەچوو، سێ لایەن بەشدارییان لە كۆبونەوەكەی پارتیدا نەكرد كە بریتی بوون لە (یەكێتی- بزوتنەوەی گۆرٍِان- كۆمەڵی ئیسلامی). (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەی هەولێردا، بەرپرسانی رەخنەی توندیان لە یەكێتی گرتووەو تۆمەتباریان كردوەتەوە بەوەی كە "خیانەتی لە كەركوك كردووە". لە كۆبونەوەكەدا بەرپرسانی پارتی بە نوێنەری لایەنە كوردییەكانی كەركوكیان وتووە ئەوان وەكو پارتی نایانەوێت "هیچ كەسێك لە ئەندامانی سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەكێتیو ئەوانەی لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر تێوەگلاون، ببن بە پارێزگاری كەركوك". بەرپرسانی پارتی پێشنیازیان بۆ نوێنەری لایەنەكان كردووە "پشتیوانی كەسایەتییەكی بێلایەن بكەن بۆ پارێزگاری نوێی كەركوك"، لەو چوارچێوەیەشدا ناوی (عەبدولڕەحمان سدیق ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی)یان هێناوە وەكو كاندیدی بێلایەنی پارتی بۆ پۆستەكە. هەر لە كۆبونەوەكەدا بەرپرسانی پارتی ئاماژەیان بەوەكردووە، ئەوان كاتێك دەگەڕێنەوە بۆ كەركوك كە هێزی سەربازی عێراق لەناو شاردا نەمابێتو رێگەبدرێت ئاڵای كوردستان لە شارەكەدا هەڵكرێت. لادانی رێبوار تاڵەبانی هەر ئەو رۆژەی كە پارتی لایەنەكانی بانگهێشتكرد بۆ هەولێر، یەكێتی لە كەركوك لەگەڵ كوتلەی عەرەبو توركمان كۆبوەوە. دوای كۆبونەوەكە یەكێتیو كوتلەی عەرەبو كوتلەی توركمان راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوەو تێیدا رایانگەیاند" رێككەوتوون لەسەر بەخشینی رێبوار تاڵەبانی لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای بە وەكالەت، هەروەها دانانی جەمال مەولود (بەتەمەنترین ئەندامی ئەمجومەن) وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كە هاوكات دەبێتە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا. گۆڕانو كۆمەڵ بۆچی بەشدارییان نەكرد؟ نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی رۆژی 24ی مانگ بەشدارییان لە كۆبونەوەكەی یەكێتیدا كرد لە كەركوك، بەڵام وەڵامی بانگهێشتەكەی پارتییان نەدایەوەو بەشداری كۆبونەوەكەی رۆژی 30ی مانگی هەولێریان نەكرد. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، لەسەر مشتومڕی یەكێتیو پارتی لەسەر كەركوك، كێشە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دروستبووە، بەرپرسانی باڵای گۆڕان داوایان لە باژێڕوانو بەرپرسانی بزوتنەوەكەیان كردووە لە كەركوك بەشداری لە كۆبونەوەكەی پارتیدا بكەن لە هەولێر، بەڵام ئەوان رەتیانكردوەتەوە. بەرپرسانی باڵای گۆڕان بۆچونیان وابووە كە نوێنەرانی گۆڕان لە كەركوك چۆن بەشدارییان لە كۆبونەوەی یەكێتیدا كردووە دەبوو هەر بەوشێوەیەش بەشدارییان لە كۆبونەوەكەی پارتیدا بكردایەو هاوسەنگییان رابگرتایە، بەڵام باژێڕوانو بەرپرسانی بزوتنەوەكە لە كەركوك دەڵێن ئەوان بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكەن لە دەرەوەی شاری كەركوك، ئەگەر پارتی لەناو كەركوك بانگهێشتیان بكات بۆ كۆبونەوە بەشداری دەكەن، بەڵام ناچن بۆ هەولێر، تەنانەت ئەگەر یەكێتیش لە سلێمانی كۆبونەوە بە لایەنەكانی كەركوك بكات، ئەوان بەشدار نابن. سەبارەت بە بەشدارینەكردنی كۆمەڵی ئیسلامیش لە كۆبونەوەكەی هەولێر، بەپێی بەدواداچوونی (درەو میدیا)، بەهانەی بەرپرسانی كۆمەڵ بۆ بەشدارینەكردن لەو كۆبونەوەیە ئەوە بووە كە خۆیان هەمان رۆژ واتە 30 مانگ، كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتییان هەبووەو نوێنەرەكانیان نەیانتوانیوە بەشداری لە كۆبونەوەكەی هەولێر بكەن. كێشەكەی رێبوار تاڵەبانی ! رۆژی 26ی مانگی رابردوو دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك سەربە دەستەی دەستپاكی بەپێی مادەی 331ی یاسای سزادانی عێراقی حوكمی (6 مانگ) زیندانی بۆ رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بە وەكالەت دەركرد. (درەو میدیا) بەدواداچونێكی كرد بۆ ئەو دۆسیەیە، دەركەوت، بڕیارەكەی دادگای دەستپاكی پەیوەستە بە زیادە موچەیەكەوە كە رێبوار تاڵەبانی لەدوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی ئەنجومەن وەریگرتووە. ساڵی 2014 حەسەن تۆران كە سەربە پێكهاتەی توركمان بوو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا خۆی كاندید كردو سەركەوت بۆ پەرلەمان، دوای رۆشتنی بۆ پەرلەمان شوێنەكەی بەبەتاڵی مایەوە، تاوەكو پڕكردنەوەی شوێنەكەی، ئەنجومەنی پارێزگا رێبوار تاڵەبانی بەشێوەی "وەكالەت" وەكو سەرۆكەی ئەنجومەنی هەڵبژارد، رێبوار تاڵەبانی كە پێشتر جێگری سەرۆكی ئەنجومەن بوو، هەر لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن بەوەكالەت مایەوەو ئەنجومەن بەتایبەتیش توركمانەكان نەیانتوانی كەسێك لە شوێنەكەی حەسەن تۆران جێگیر بكەن، لەمەشدا پارتیو یەكێتی هاوڕابوونو رێگرییان دەكرد. (درەو میدیا) زانیویەتی، دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بە وەكالەت، لە بەغدادەوە رێبوار تاڵەبانی ئاگاداركراوە لەوەی ئەو بە "وەكالەت" لەو پۆستەدایەو ناتوانێت موچەی سەرۆكی ئەنجومەن وەربگرێت، بەڵام رێبوار تاڵەبانی هەر موچەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەرگرتووەو بەمدواییە سەرجەمی ئەو زیادە موچەیەی كە مانگانە وەریگرتووە گەیشتوەتە (82 ملیۆن) دینار. بەپێی چەند سەرچاوەیەك كە قسەیان بۆ (درەو میدیا) كردووە، دوای ئەوەی دادگای لێكۆڵینەوەی سەربە دەستەی دەستپاكی ئاگاداركردنەوەی لەبارەی ئەو زیادە موچەیەوە بۆ رێبوار تاڵەبانی ناردووە، تاڵەبانی (82 ملیۆن) دینارە زیادەكەی گەڕاندوەتەوە، بەڵام هەر فەرمانی دەستگیركردنەكەی بۆ دەرچووە. سێشەممەی یەكلاكەرەوە! رۆژی 8ی ئەم مانگە كە دەكاتە رۆژی سێ شەممەی داهاتوو، بڕیارە لەسەر خواستی یەكێتیو كوتلەی عەرەبو توركمانەكان ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆببێتەوە. ئامانجی ئەم كۆبونەوەیە وەكو ئەوەی پێشتر رێككەوتنی لەسەر كراوە، ئەوەیە بەفەرمی لەناو ئەنجومەنەوە رێبوار تاڵەبانی لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنو سەرۆكی ئەنجومەن بە وەكالەت لاببرێتو جەمال مەولود لە شوێنەكەی دابنرێت. جەمال مەولود ئەندامی لیستی حزبی شیوعی بوو لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەڵام ئێستا لەگەڵ هاوڕێكەی تری لە ئەنجومەن چووەنەتە ناو لیستی یەكێتییەوە. یەكێتی دەتوانێت گۆڕانكاری بكات؟ ئەوەی بڕیار لەسەر گۆڕانكاری دەدات لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ژمارەیە، واتە كێ زۆرینەی دەنگی ئەندامانی لایە. ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە ساڵی 2005 هەڵبژێردراوەو سێجار وادەی یاسایی بەسەرچووە، لە (41) ئەندام پێكهاتووە، بەپێی بەزۆرینەی دەنگی (50+1)ی ئەنجومەن دەتوانرێت رێبوار تاڵەبانی لابدرێت، واتە لە كۆی (41) ئەندام دەبێت (21) ئەندام دەنگ بۆ لابردنی رێبوار تاڵەبانی بدەن. دەنگەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەمشێوەیە دابەشبوون: • پێكهاتەی عەرەب: 6 • پێكهاتەی توركمان: 9 • لیستی برایەتی كورد: 26 ئەندام لیستی برایەتی كورد دەنگەكان لەنێوان یەكێتیو پارتیدا دابەشبووە، لە كۆی (26) ئەندامی لیستی برایەتی، (12) ئەندام لەگەڵ پارتیدان، (6) ئەندام یەكێتین، (2)ی شیوعی هەن، بەڵام یەكلابونەتەوە بۆ یەكێتی، (3) ئەندام سەربە یەكگرتووی ئیسلامین، لەگەڵ ئەندامێكی عەرەبو توركمانێكو مەسیحییەك. ئەگەر كۆبونەوەكە لە وادەی دیاریكراودا بكرێت، گرەوی گەورەی یەكێتیو پارتی لەناو ئەنجومەنی پارێزگا لەسەر (3) كورسییەكەی یەكگرتووی ئیسلامی دەبێت، رەنگە یەكگرتوو هاوشێوەی روداوەكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی، تیمەكەی لە ئەنجومەنی پارێزگا دابەشبكاتو كەسێك یاخود دوانیان بەشداری دانیشتنەكە بكەن بۆ راگرتنی دڵی یەكێتیو كەسێكی تریان بایكۆت بكات بۆ راگرتنی هاوسەنگیو دڵی پارتی. سەرەڕای ئەمە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی لە پشتەوە كار لەسەر نوێنەرانی عەرەبو توركمان دەكات تاوەكو بەشداری ئەو كۆبونەوەیە نەكەن، بەتایبەتیش دوای پاڵپشتییەكانی پارتی لە رێبوار تاڵەبانی كە سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە.
( درەو میدیا): یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پرسی گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان دەوروژێنێت. مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند" یەكێتی دژی دوو ئیدارەییە لە هەرێمی كوردستاندا، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان كەوتنە مەترسییەوە، ئەوا لاریمان نیە لە گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی". سەنگاوی لە میانی مەراسیمێكی رێزلێنانی وەرزشیدا لە سلێمانی وتی:" نمونەیی دوو ئیدارەیی لە زۆربەی وڵاتان و هەرێمەكانی جیهاندا هەیە". لە دوای دەستپێكردنی دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ناكۆكی زۆری پارتی و یەكێتی لەسەر ئەو پرسە، چەندجارێكە بەرپرسانی یەكێتی پرسی گەڕاندنەوەی هەرێم بۆ دوو ئیدارەیی دەوروژێنن.
(درەو میدیا): روسیا لەڕێگەی میدیاكانییەوە چەند زانیارییەكی نوێی لەبارەی سەردانەكەی ئەمدواییەی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق ئاشكراكردو بەپێی ئەو زانیارییانە بەر لە سەردانەكە، بنكە نهێنییەكانی ئەمریكا لە هەولێر سلێمانی داخراون. كەناڵی (روسیا تودەی) زمانحاڵی حكومەتی روسیا چەند زانیارییەكی نوێی لەبارەی پشتی پەردەی سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق بڵاوكردەوە. كەناڵەكە لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمریكییەوە لە عێراق، باس لەوەدەكات، بەرلە سەردانە نهێنییەكەی ئەمدواییەی ترەمپ بۆ عێراق، ئەمریكییەكان ژمارەیەك رێوشوێنیان گرتوەتەبەر. بەپێی قسەی كەناڵەكە، ناوەڕاستی مانگی رابردوو ئەو هێزە ئەمریكییانەی كە لەسەر سنوری عێراق- سوریا بوون، كشاونەتەوە، بەڵام رۆژێك بەر لە سەردانەكەی ترەمپ بۆ بنكەی (عەین ئەسەد) عێراق جارێكی تر گەڕێندراونەتەوە بۆ شوێنەكەیان. سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە" ئەو كارمەندە عێراقییانەی كە لەگەڵ هێزە ئەمریكییەكان لە بنكەی عەین ئەسەد كاردەكەن، رۆژی سەردانەكەی ترەمپ بۆ بنكەكە، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی بزانن، مۆڵەتی زۆرەملێیان پێدراوە". كەناڵەكەی لە بەشێكی تری راپۆرتەكەیدا دەڵێ" بەر لە رۆژێك لە سەردانەكەی ترەمپ بۆ عێراق، بنكەی نهێنی ئەمریكییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانیو هەولێر داخراوەو هەموو نوسراوەكانی ناو ئەو بنكانە گواستراونەتەوەو دواتر بنكەكان كراونەتەوە". بەپێی راپۆرتەكە، كارمەندانی عێراقی كە لەو بنكە نهێنیانەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، چەند رۆژێك بەر لە سەردانەكەی ترەمپ بەدۆخێكی سەختدا تێپەڕیونو هەندێكیان دەركراونو هەندێكی تریان بەبێ هۆكار گواستراونەتەوە بۆ بنكەی تری ئەمریكییەكان. "كاتێك ترەمپ گەیشتوەتە بنكەی عەین ئەسەد، سەركردەیەكی عێراقی كە ناسنامەكەی نەزانراوە، نوسراوێكی داوە بە دۆناڵد ترەمپ كە ژمارەیەك ئیمزای لەسەر بووە". راپۆرتەكە باسی لەوەكردووە" حكومەتی عێراق ئاگاداری سەردانەكەی ترەمپ نەبووە، تاوەكو بەر لە دوو كاتژمێر لە گەیشتنی ترەمپ، ئەوكات عادل عەبدولمەهدییان ئاگاداركردووە لە سەردانەكە.
راپۆرتی: محەمەد رەئوف ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك دوو هێزی دەسەڵاتدارو خاوەنی زۆنی تایبەتی خۆیان، گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار، كە لە ناكۆكی سیاسیەوە سەری كێشاوە بۆ ناكۆكی ئەمنی و دەستگیركردنی كادرانی یەكتر، هاوشێوەی شەڕی ناوخۆ و سەرەتاكانی دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان. پرسیاری جدی ئەوەیە كە ئایا بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسیەكانی نێوان ئەو دوو حزبە رێگە دەدات ناكۆكیەكانی نێوانیان بگاتە ئاستی تەقینەوەو سەربكێشێت بۆ دوو ئیدارەیی؟ قوڵبونەوەی ناكۆكیيەكان رۆژی 2ی ئابی 2018 پەیوەندیەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گەیشتە لوتكە، ئەویش دوای دۆڕاندنی كاندیدەكەی پارتی ( د. فوئاد حسێن) بە كاندیدەكەی یەكێتی ( د. بەرهەم ساڵح) لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقدا، كە دەرەنجامی توڕەیی پەنگخواردووی سەركردەكانی پارتی بوو بەرامبەر بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی لەسەر روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، كە پارتی پێی وایە " بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی خیانەتیان لە بارزانی و ئەنجامی ریفراندۆمكردووە". ناكۆكیەكان بەبێ چارەسەرماونەتەوەو لە پشتی پەردەشەوە ئێسكی یەك دەشكێنن، بەتایبەتیش لە پرسی وەزارەتەكانی كورد لە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی و دانانی پارێزگاری كەركوك، ئێستاش ئەو پەیوەندییانە لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا رەنگیداوەتەوەو لەو پەڕی خراپیدایە، بەو پێیەی پارتی دەیەوێت بە زوویی كابینەی نۆیەمی حكومەت پێك بهێنرێت و یەكێتیش دەیەوێت ناكۆكیەكانی نێوانیان كۆتایی پێبهێنرێت و رێكەوتنێكی نوێ لە نێوانیاندا بكرێت ئەوكات گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت بكەن. ناكۆكیەكانی نێوان ئەو دووهێزە گەیشتۆتە ئاستێك كە بەشێك لە كادرانی هەردولا ئاماژە بە ئەگەرەكانی دوو ئیدارەیی دەكەن و سەرەتاكەشی بە گرتن و دەستگیركردنی كادرو لایەنگرانی هەردوولا دەستی پێكردووە. لە ناكۆكی سیاسیيەوە بۆ ناكۆكی ئەمنی شەوی 2/3ی 1ی 2018 ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر لە دوو هەڵمەتی جیادا هەڵیانكوتایە سەر ماڵی (پێشڕەو وەیسی) كارگێڕی مەڵبەندی 3ی هەولێری یەكێتیو رفاندیان، هەمان شەو هێزێكی دیكەی ئاسایشی پارتی لە گەڕەكی (رۆشنبیری)ی شاری هەولێر چونەتە سەر ماڵی (لێزان بەكر) كادری یەكێتیو هەوڵی رفاندنیانداوە. ئەم دوو هەڵمەتە پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بردە قۆناغێكی ترەوە كە ئەویش چونەوە ناو روداوەكانی شەڕی ناوخۆیە، چونكە هەرزوو تارق نوری، بەرێوەبەری ئاساییشی هەولێر ئەو راستییەی دركاند، كە دەستگیركردنی ئەو كادرەی یەكێتی پەیوەندی بە دەستگیركردنی كادرێكی پارتیەوە هەیە لە گەرمیان كە كوڕی ( ئەكبەری حاجی رۆستەم)ە فەرماندەی سەربازی پارتی. ئێستا بۆ هەردوولا رونبۆتەوە كە دەستگیركردنی كادری لایەكیان دەستگیركردنی كادری لایەكەی دیكەی بەدوادادێت، كە ئەمەش ئاماژەیەكی رونە بەوەی كە هەرێمی كوردستان لەرووی "دیفاكتۆ"وە دوو ئیدارەی حزبییەو یەكێتی لە زۆنی سەوزو پارتی لە زۆنی زەرد حوكم دەكات . بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئایا ئەم ناكۆكیانەی نێوان ئەم دوو هێزە كە رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبێت لە كوێدا دەوەستێت؟ بەرژەوەندیيەكان ناكۆكیيەكان خامۆش دەكات؟ هەرچەندە ئاماژەی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بە ئاراستەیەكی رۆشندا نارۆن، بەڵام چاوەڕەوانی ئەوە ناكرێت بگاتە بنبەست"مریشكە رەشە" بەو پێیەی ئەم دوو هێزە چەندین بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری و بارزگانی لە نێوانیاندا هەیەو ئەستەمە رێگە بدەن ئەو بەرژەوەندیانەیان بكەوێتە مەترسیەوە، چونكە بە دووركەوتنەوەیان لەیەك بەشێكی زۆری بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و كەسییەكانیان دەكەوێتە مەترسیەوە. یەكەم: بەرژەوەندیە سیاسیەكان ئەم دوو هێزە لە پرۆسەی حكومەتداریدا خاوەنی دەیان پۆستی باڵای سیاسین كە بەشێكیان پارێزگاری لە بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەكانیان دەكەن ، لە داهاتوشدا ژمارەیەكی زۆری پۆستی باڵا چاوەڕەوانی هەردوولا یان دەكات، لەوانەی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، پۆستەكانی ( سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان، وەزیری نەوت و دارایی و ناوخۆ و پەیوەندیەكانی دەرەوە) بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پۆستەكانی( سەرۆكی پەرلەمان، جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەكی زۆری وەزیر و پۆستی باڵا). بە دووركەوتنەوەیان لەیەكدی پێگەی هەرێمی كوردستان بەرەو لاوازی دەڕەوات و خۆشیان ئە راستییە دەزانن كە ئەوكات بەغداد هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە مامەڵەیان لەگەڵ دەكات. دووەم: بەرژەوەندی ئابوری لەروی ئابورییەوە سەرەرای فرۆشتنی بڕیكی زۆری نەوت و غاز، كە مانگانە داهاتێكی زۆریان دەستدەكەوێت و بەشێكی بۆ حزبەكانیانە، هەرلایەكیان خاوەنی 2 خاڵی گومرگی نێودەوڵەتی و دەیان دەروازەی دیكەن، ئەمە سەرەرای داهاتی ناوخۆ كە لەناوچەی زۆنی زەرد مانگانە بە نزیكەی 70 ملیار دینار و لە زۆنی سەوزیش بە 60 ملیار دینار مەزەندە دەكرێت، ئەمە سەرەرای پشكی هەرێم لە بەغداوە كە رەنگە بەناكۆكی دوو ئیدارەیی ئەو سەرچاوانەی داهات كەمببنەوە و زیانی ئابوری بكەن. سێیەم: بەرژەوەندییە كەسییەكان ژمارەیەكی زۆری كارەكتەری ناو ئەم دوو هێزە سەرقاڵی بازرگانی گەورەن و كۆنترۆڵی بازاڕەكانی هەرێمیانكردووە، كە سودیان لە پەیوەندی نێوانیان وەرگرتووەو هەردولا چاوپۆشیان لەیەكدیكردوون، بەشێك لە كارەكتەرەكانیانی نێوانیان سەرقاڵی فرۆشتنی نەوت و پشكی نەوت و پاڵیوگەی نەوتن، كە كۆنتاكت و پەیوەندی زۆر لە نێوان كارەكتەرەكانی نێوان ئەم دوو هێزە هەیە. بۆیە ئەستەمە بەرژەوەندیە كەسێكانی نێوان ئەم دوو هێزە رێگە بدەن، پەیوەندی نێوانیان بە بنبەست بگات و بگاتە ئاستی جیابوونەوەو دابڕانی یەكدی( مریشكە رەشە). چوارەم: فاكتەری هەرێمایەتی ئەگەرچی وڵاتە دراوسێ و هەرێمایەتیەكان نایانەوێت هەرێمی كوردستان بەهێز بێت، بەڵام ناشیانەوێت هەرێمێكی پارچەپارچە لەناوچەكەدا هەبێت، بەو پێیەی ئەوان بەرژەوەندی خۆیان هەیە لەم ناوچانە، كە هەرێمی كوردستان دەچێتە چوارچێوەی سنوری ململانێی دەوڵەتە هەرێمایەتییەكانەوە، بەوەی ئێستا ئێران كە هەیمەنەی لەناوچەی سەوز هەیە، بەڵام بەهەمان شێوە پەیوەندیەكانی لەگەڵ ناوچەی زەرد باشەو دەیەوێت هەرێمێكی یەكگرتوو هەبێت و نایەوێت سەرئێشەیەكی دیكە لە سنورەكانی هەبێت، چونكە ئەم دوو هێزە ئەو وەزیفەیەی بۆ دەبینن كە دەیەوێت. هەرچی دەوڵەتی توركیاشە سەرەرای هەژمونی خۆی كە لە ناوچەی زەرد هەیەتی، بەڵام دەشیەوێت هەیمەنەی لەناوچەی سەوز هەبێت و لەوێوە پیلانە ستراتیژیەكانی خۆی جێبەجێ بكات، كە ئەویش پرسی ئابوری و بازرگانی و ئەمنیە، بۆیە بۆ توركیاش هەرێمێكی یەكگرتوو باشتر و رونتر مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت وەك لە هەرێمێكی پارچەپارچە بوو، كە رەنگە بەلای توركیاوە لاوازی هەرێم رێگە خۆش بكات بۆ فراوانبوونی هەژمونی پەكەكە تیایدا. وڵاتە زلهێزەكانیش لەگەڵ ئەوەن كە هەرێمی كوردستان ئیستقراری ئەمنی و سیاسی هەبێت، ئەویش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە ئابوری و بازرگانی و پاراستنی كۆمپانیا زەبەلاحەكانیان لە ناوچەكەدا.
( درەو میدیا):دەستەی نەزاهەی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە یەكەمین پرۆسەی گەندەڵی لە ساڵی 2019دا ئاشكراكرد و چەند فەرمانبەرێكی لە كەركوك دەستگیركردووە كە گەنمی خراپیان كردووە بە ئارد. دەستەی نەزاهە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند نوسینگەی كەركوكی دەستەكە یەكەمین پرۆسەی گەندەڵییان لە ساڵی 2019دا ئاشكراكرد. ئاشكراشیكرد لەو پرۆسەیەدا چەند فەرمانبەرێكی سایلۆی كەركوك و چەند خاوەن ئاشێكی ئەهلییان دەستگیركردووە بەهۆی ئەوەی گەنمی خراپیان كردووە بە ئارد كە بۆ بەكارهێنانی مرۆڤ شیاو نیە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف پێنج پۆست لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبن بە چەقی ململانێی لە دانوستانی نێوان لایەنەكاندا، چونكە ئەو پۆستانە لە یەككاتدا زیاد لە لایەنێك داوای دەكەن، لە نوێترین پەرەسەندنیشدا لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت، یەكێتی نیشتمانی سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەیەكی نوێیەو پرۆژەكە دەخاتەبەردەم پارتی. پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان، كە دەیانەوێت پێكەوە كابینەیەكی "ترۆیكا- سێقۆڵی"ی حكومەت پێكبهێنن، هەریەكەیان لیستێكی تایبەت بەخۆی هەیە سەبارەت بە پۆستەكان، لە هەندێك شوێندا بەریەككەوتن لەنێوان خواستەكانیان هەیە لەسەر پۆستەكان. یەكێتی پرۆژە ئامادە دەكات بەگوێرەی نوێترین زانیاری كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئێستا یەكێتی نیشتمانی سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەیەكە بۆ پێكهێنانی كابینەی (نۆ)ی حكومەتی هەرێم. (درەو میدیا) زانیویەتی، پرۆژەكەی یەكێتی كۆكراوەی سێ پرۆژەیە: • پرۆژەی یەكەم: فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی نوسیویەتی • پرۆژەی دووەم: ئیدارەی گشتی یەكێتی ئەم پرۆژەیەی نوسیوەو زیاتر روئیایەكی ئابوری بەسەریدا زاڵە، یەكەمجارە ئیدارەی گشتی یەكێتی بەمشێوەیە بەشداری لە پرۆسەیەكی لەمشێوەیە بكاتو پرۆژەی خۆی هەبێت • پرۆژەی سێیەم: لەلایەن كۆمەڵێك لە گەنجو كادیرانی باڵای یەكێتییەوە نوسراوەتەوە بەپێی زانیاری (درەو میدیا)، یەكێتی لە پرۆژە كۆكراوەكەیدا دەیەوێت دۆسیەی كەركوكو ناوچە جێناكۆكەكان هەروەها دۆسیەی بەغداد ببەستێتەوە بە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمەوە. ئەو پۆستانەی یەكێتی چاوی لێیەتی! (درەو میدیا) زانیویەتی، ئێستا یەكێتی نیشتمانی چاوی لەوەیە لە كابینەی نوێی حكومەتدا ئەم پۆستانە وەربگرێت: • سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان • جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران • وەزارەتی خوێندنی باڵا • وەزارەتی كشتوكاڵ • وەزارەتی پلاندانان • وەزارەتی ناوخۆ • وەزارەتی دارایی • وەزارەتی تەندروستی • سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران • بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان • سەرۆكی سندوقی داهاتەكانی نەوتو غاز تائێستا دیارنییە لە كۆتایی یارییەكەدا چەند پۆست بۆ یەكێتی یەكلادەبێتەوە، بەڵام باڵەكانی یەكێتی هەر لەئێستاوە كێبركێیان لەسەر پڕكردنەوەی پۆستەكان بە كەسانی سەربە خۆیان دەستپێكردووەو چەندین كەس ناوی خۆی وەكو "كاندیدی گریمانەكراو" بۆ پۆستەكان خستوەتەبەر باسو خواست. پارتی چی دەكات؟ ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەكاری دەكات بۆ دەستپێكردنی گەڕێكی نوێی دانوستان لەگەڵ لایەنەكان بەدیاریكراویش (یەكێتیو گۆڕان). بەپێچەوانەی خواستی یەكێتییەوە كە دەیەوێت دۆسیەی كەركوك لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ بئاڵێنێت، پارتی دەیەوێت كەركوكو كەیسی بەغداد لە كابینەكەی مەسرور بارزانی دوربخاتەوە، ئەمەش لەپێناو ئەوەی كابینەكە بە زوویی پێكبهێنێتو دوچاری بەربەستو مشتومڕ نەبێ. ئەو پۆستانەی پارتی چاوی لێیەتی ! پارتی كە وەك لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن ئێستا سەرۆكایەتی هەوڵی پێكهێنانی كابینەی نوێ دەكات، سەرباری ئەمە چاوی لە وەرگرتنی ژمارەیەك پۆستە لە كابینەی نوێدا، (درەو میدیا) زانیویەتی پارتی دەیەوێت ئەم پۆستانەش ببات: • سەرۆكی هەرێمی كوردستان • سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران • جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان • وەزارەتی سامانە سروشتییەكان • وەزارەتی ناوخۆ • وەزارەتی خوێندنی باڵا • وەزارەتی تەندروستی • وەزارەتی ئەوقاف گۆڕان لە كوێدایە؟ بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەكی بێ پێشینەو زۆر گەرموگوڕ لەلایەن پارتییەوە بانگهێشتكراوە بۆ بەشداریكردن لە كابینەی (نۆ)، گۆڕان براوەی سێیەمی هەڵبژاردنەكانە، سەركردەكانی بزوتنەوەكە تاڕادەیەك سەرسامبوون بە گەرموگوڕی پارتی لەگەڵیان لە كۆبونەوەكاندا، بەڵام ئەمە بەتەواوەتی فریوی نەداون، ئەوان هێشتا بە گومانەوە مامەڵە لەگەڵ پارتی دەكەنو ئەزموونی چوار ساڵی رابردوویان لەگەڵ پارتی لەبیر نەكردووە. سەرباری گومانەكان لە پێشوازییە گەرموگوڕەكەی پارتی، زۆرینەی سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابونەتەوە بۆ ئەوەی بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەتدا بكەن، بەڵام ئەیانەوێت ئەم نیازە پێشوەختەیە بۆ بەشداریكردن بە شاراوەیی بهێڵنەوە بۆ ئەوەی كاریگەری خراپ نەكاتەسەر رەوتی دانوستانەكانیان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان. ئەو پۆستانەی گۆڕان چاوی لێیەتی! لەدواین گەڕی دانوستانەكاندا، وەفدی پارتی بە پاكێجێكەوە سەردانی گۆڕانیان كرد كە تەنیا پۆستی سێ سەرۆكایەتییەكەی (سەرۆكایەتی هەرێم- سەرۆكایەتی حكومەت- سەرۆكایەتی پەرلەمان)ی لەخۆدەگرت، (درەو میدیا) زانیویەتی، گۆڕان داوای لە وەفدی پارتی كردووە هەموو پۆستەكان بكەن بە یەك پاكێج، نەك تەنیا سێ سەرۆكایەتییەكە، بڕیارە وەفدی پارتی لە گەڕانەوەیدا بۆ سلێمانی پاكێجێكی نوێ بخاتەبەردەم گۆڕان. بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەكی گشتی لە كابینەی نوێدا چاوی لە وەرگرتنی ئەم پۆستانەیە: • جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان • وەزارەتی دارایی • وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە • وەزارەتی پەروەردە • دەستەی وەبەرهێنان • جێگری وەزیری سامانە سروشتییەكان وەزارەتە جێناكۆكەكان بەلەبەرچاوگرتنی خواستی لایەنەكان لەسەر پۆستەكان، پێدەچێت لە گەڕی داهاتووی دانوستانەكاندا بە تایبەتیش لە قۆناغی دابەشكردنی پۆستەكاندا، مشتومڕی سەرەكی دانوستانەكان لەسەر چەند وەزارەتێك چڕببێتەوە، واتە چەند پۆست و وەزارەتێك هەن كە زیاتر لە لایەنێك داوای دەكات، لەوانە: • پۆستی وەزارەتی ناوخۆ: پۆستێكی جێناكۆكەو پارتیو یەكێتی هەردوكیان خواستیان لەسەر وەرگرتنی ئەم پۆستە هەیە • وەزارەتی تەندروستی: بەهەمان شێوە جێناكۆكەو پارتیو یەكێتی هەردوكیان داوای دەكەن • وەزارەتی خوێندنی باڵا: پارتیو یەكێتی هەردوكیان داوای دەكەن • وەزارەتی دارایی: پۆستێكی جێناكۆكە لەنێوان یەكێتیو گۆڕانو هەردوكیان چاویان لەسەریەتی • جێگری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: پۆستێكی جێناكۆكە لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانیو هەردوكیان داوای دەكەن
راپۆرتی: درەو میدیا دەستگیركردنی كادرانی یەكێتی لە هەولێر لەچوارچێوەی پلانێكی پێشوەختی پارتیيەو لە تۆڵەی دەستگیركردنی كادرانی پارتیيە لەلایەن بەرپرسە ئەمنیيەكانی یەكێتیيەوە لە زۆنی سەوز، بەتایبەتیش دەستگیركردنی كوڕێكی (ئەكبەری حاجی رۆستەم) لە كفری لەلایەن پۆلیس و دواتر بردنی لەلایەن هێزێكی دیكەی ئەمنیيەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، پارتى زۆر توڕە بووە لە رووداوی ددەستگیركردنی ئەو كوڕە، لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی پارتی هۆشداری بە یەكێتی دراوە كە ئەوانیش دەستدەكەن بە دەستگیركردنی كادرانی یەكێتی لە زۆنی زەرد. دەستگیركردنی كادران لە چەند رۆژی رابردوودا كوڕیكی (ئەكبەری حاجی رۆستەم) لە شاری كفری بەناوی "سەرخێڵ" دەچێتە بەردەم پۆلیس و لەسەر كەیسێكی ئاسایی (ناسیاسی) دەستبەسەردەكرێت، بەڵام لەلایەن هێزێكی دیكەی ئەمنیيەوە گواستراوەتەوە بۆ شوێنێكی تر، بە بیانووی ئەوەی "كەیسی ئەمنی لەسەرەو تێوەگلاوە هاوشێوەی مێرد منداڵەكەی كفری (هەڵۆ محەمەد) لە بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیيەكان، كەیسەكەی پەیوەستكراوە بە كەیسەكەی ئەو مێردمنداڵەوە". دەستگیركردنی ئەو كوڕەی (ئەكبەری حاجی رۆستەم) بەرپرسانی پارتی توڕە دەكات، عزەدین بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی پەیوەندی بە بەرپرسانی یەكێتیيەوە دەكاتو پێیان رادەگەیەنێت" دەبێت ئەو كوڕە ئازادبكەن، ئەگەرنا ئەوانیش كادرانی یەكێتی لە هەولێر دەستگیردەكەن، بۆیە كاتێك دەزگا ئەمنیيەكانی یەكێتی ئەو كەسە ئازاد ناكەن، پارتیش لەلایە خۆیەوە دەست دەكات بە گرتنی كادرانی یەكێتی". هەڵمەتی دەستگیركردنی كادرانی یەكێتی شەوی رابردوو ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر لە دوو هەڵمەتی جیادا كادرێكی باڵای یەكێتییان دەستگیركردوهێرشیانكردە سەر ماڵی كادرێكی دیكەی ئەو حزبە. (درەو میدیا) زانیویەتی، كاتژمێر 10:30 شەو لە گەڕەكی (برایەتی)ى هەولێر هێزێكی سەربە ئاسایشی پارتی هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی (پێشڕەو وەیسی) كارگێڕی مەڵبەندی 3ی هەولێری یەكێتیو رفاندویانە. كە كەسێكی نزیكە لە (لاهور شێخ جەنگی) بەرپرسی دەزگای پارستنو زانیاری- زانیاری، هەمان شەو هێزێكی دیكە ئاسایشی پارتی لە گەڕەكی (رۆشنبیری)ى شاری هەولێر چونەتە سەر ماڵی (لێزان بەكر) كادری یەكێتیو هەوڵی رفاندنیانداوە، ئەو كادرەی یەكێتی بەرپرسی نوسینگەی (بورهان سەعید سۆفی)ى بەرپرسی مەڵبەندی كۆیەی یەكێتییە، ماڵی لە هەولیرەو رۆژانە سەردانی كۆیەی كردووە.. لە راگەیەنراوێكدا لیوا بكر گردەسۆری باوكی لێزان بەكر ئاماژەی بەوەكردووە" كاتژمێر 9:30 ھێزەكانی ئاسایشی ھەولێر ھەڵیانكوتایە سەر ماڵەكەم لە شاری ھەولێر، گەڕەكی ڕۆشنبیری، بەبێ ھیچ بیانوێكو نوسراوێكی فەرمی یاسایی، ماڵەكەیان پشكنین بەشوێن (لێزان)ی كوڕم". بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوێنێوە هەرەیەك لە (كۆسرەت رەسوڵ)و (حاكم قادر) لەسەر هێڵن لەگەڵ پارتی بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە، تەنانەت كۆسرەت رەسوڵ ئێستا لە هەولێرەو دەیەوێت ئەو كێشەیە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی چارەسە بكات. دەستگیركردن لە سەردەمی ناكۆكيیەكاندا پێناچێت گرتنو رفاندنی كادرانی یەكێتی تەنها پەیوەندی بە ناكۆكیيەكانی نێوان هەردوولاوە هەبێت، بەڵكو بەشێكی پەیوەندی بە دەستگیركردنی كادرانی پارتیيەوە هەیە لەلایەن هێزە ئەمنیيەكانی یەكێیتەوە. رۆژنامەنوس (سەرتیپ وەیسی كەریم) لە نوسینێكدا بەناوی "حەقیقەتی دەستگیركردنی كادیرانی یەكێتیی لە هەولێر" دەڵێ: هەڵوێستەكانی ئەمدوایيەی یەكێتییو پێكهێنانی كابینەی نوێ، هیچ پەیوەندییەكی بە دەستگیركردنی كادیرانەوە نییە، ئەو هەنگاوەی هەردوولا گرتوویانەتە بەر دژ بەیەك، نایاسایيەو بەڵگەی میلیشیایبوونی ئەو هێزانە دەردەخات. ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپێی زانیارییەكان، گرتنو هەڵكوتانە سەر ماڵی ژمارەیەك لە كادیری یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە سنوری پارێزگای هەولێر، لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، پەیوەندی بە گرتنی چەند كادێرێكی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەیە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان، بەرپرسانی هەردوولا لەسەر هێلن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، پارتی داوای ئازادكردنی كادیرەكانی دەكات، داواش لە هەریەك لە (كەریم سنجاری- نەزهەت حالی- لاهور شێخ جەنگیو چەند بەرپرسێكی دەزگا ئەمنییەكانی هەردوولا) كراوە، كۆتایی بەو هەڵمەتانەی دەستگیركردن بهێنن.
( درەو میدیا): سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی پەرلەمانی ئەڵمانیا، رۆدریچ كیزەڤێتەر، داوا دەكات بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان ناوچەیەكی دژەفڕین لە سوریا بۆ پاراستنی كورد دابمەزرێنرێت. كیزەڤێتەر كە پەرلەمانتاری پارتی دیموكرات مەسیحی فەرمانڕەوای ئەڵمانیایە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ دامەزراوەی میدیای (Deutschlandfunk) دا ئاماژەی بەوەشدا كە فەرەنسا و ئەڵمانیا دەتوانن پرۆژەیەك بۆ دامەزراندنی ناوچەیەكی دژە فڕین لە سوریا پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بكەن. لەو بارەیەوە كیسڤێتەر وتی:" فەرەنسا و ئەڵمانیا مانگی ئازار و نیسانی داهاتوو سەرۆكایەتی ئەنجومەنی ئاسایش وەردەگرن، ئەوەش هەلێكی گەورەیە بۆ پاڵپشتیكردن لە پرۆژەی دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانەكە". جەختیشیكردەوە لەسەر پێویستی یەكڕیزی وڵاتانی ئەوروپا بۆ گرتنەبەری سیاسەتێكی دەرەكی یەكگرتوو. ئەو سیاسەتمەدارەی ئەڵمانیا لە كۆتایی لێدوانەكەیدا جەختیكردەوە لەسەرئەوەی كە پێویستە ئەوروپا دوای بڕیارە كتوپڕە تاكلایەنەكەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە سوریا بە دەنگی بەرز قسەبكات.
( درەو میدیا): لە نوێترین هەڵوێستیدا، بەرامبەر بە كورد دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا نیگەرانی خۆی بە فرۆشتنی نەوت لەلایەن كوردەوە بە ئێران دەربڕی. ترەمپ لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی ئەمریكا لە كۆشكی سپی وتی:" هەرگیز نەمتووە مە بەخێرایی یان بە هێواشی لە سوریا دەكشێینەوە و نەموتووە لە ماوەی چوار مانگدا دەكشێینەوە". هەروەها وتیشی:" ئێمە لە سوریا دەچینە دەرەوە، سوریامان ناوێت". پاشان لە كۆبوونەوەكەدا ترەمپ قسەی لەسەر باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا كرد و وتی:" چەند ساڵێك لەمەوبەر دەستبەرداری سوریا بوو، كاتێك هێڵی سوری پێشێلنەكرد". ترەمپ دەربارەی سوریا وتی: " سوریا جگە لە لم و مەرگ هیچی تر نییە و كوردەكان زۆر سەرنجڕاكێشن و توركیا خۆشی ناوێن". ترەمپ بەردەوام بوو لە قسەكانی بەرامبەر بە كورد و وتی:" لە راستیدا خۆشحاڵ نیم بەوەی ئەوان تۆزێك نەوتیان هەیە و بە ئێرانی دەفرۆشن، ئێمە بەرامبەر بەئەوە هەست بە خۆشی ناكەین و لە هەماكاتدا ئەوان باش دەجەنگن كاتێك لەگەڵیاندا دەجەنگین". ترەمپ جەختیشیكردەوە دەیانەوێت سەرەڕای ئەوە كورد بپارێزن، بەڵام نایەوێت بۆ هەتا هەتایە لە سوریا بن".
راپۆرتی: درەو میدیا چاوەكان رویان لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانە تا قەیرانی دارایی لە كۆڵی هاوڵاتیان و بەتایبەت موچەخۆران بكاتەوە، ئەویش بە هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچەو خستنەگەری پرۆژە خزمەتگوزاریەكان،رەنگە هەنگاوەكان بەو ئاراستەیە تەنها پەیوەست نەبێت بە ئیرادەی حكومەتی هەرێمەوە بەڵكو بەغدا و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ مەلەفی نەوت رۆڵی دەبێت لە چارەسەركردنی ئەو قەیرانەدا. چاوەڕەوانی موچەخۆران ماوەی سێ ساڵە موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەشێك لە موچەكانیان بۆ پاشكەوت دەكرێت و لە ئێستاشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 15 ترلیۆن دینار قەرزاری موچەخۆرانی هەرێمە كە ( 3 مانگی تەواوەتی 2015 ، 12 نیوموچەی 2016 ، 12 نیو موچەی 2017 ، 9 نیوموچەو 3 موچەی تەواوەتی 2018 ) قەرزاری موچەخۆرانی هەرێمە، پێناچێت موچەخۆران متمانەیان بە وەرگرتنی ئەو موچە پاشەكەوتكراوەیان هەبێت، بەڵام بەتەواوی چاویان لە هەڵگرتنی پاشكەوتی موچەكانیانە. كۆی ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم ( 1.249.481 ) یەك ملیۆن و 249 هەزارو 481 موچەخۆرە، كە لە ئێستادا بە پاشكەوتەوە مانگانە پێویستی بە ( 725 ملیار دینار) هەیە، بەڵام كۆی موچەی موچەخۆران پێویستی بە ( 897 ملیار دینار) هەیە وەك پێشتر وەزیری دارایی هەرێم ئاماژەی پێكردووە، داهاتی ئەو موچەیەی ئێستا دابین دەكرێت بۆ موچەخۆران بریتیە لە : - داهاتی نەوت بۆ موچە: 378 ملیار دینار - پارەی بەغداد : 317 ملیار دینار - داهاتی ناوخۆ : 120 ملیار دینار - پارەی ئەمریكا: 30 ملیار دینار - كۆی گشتی : 845 ملیار دینار - كۆی خەرجی وەزارەتەكان : 125 ملیار دینار - پارەی ماوە بۆ موچە: 725 ملیار دینار بەو پێیەش حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها بۆ موچەی موچەخۆران پێویستی بە ( 170 ملیار دینار)ی تر دەبێت بۆ ئەوەی موچەی تەواوەتی موچەخۆران بدات بەبێ پاشەكەوتی موچە،پرسیارەكە ئەوەیە حكومەت چۆن داهاتەكەی زیاد دەكات تا بتوانێت موچەی تەواوەتی موچەخۆران بدات و پارەش بۆ خەرجی و وەبەرهێنان تەرخان بكات؟ روو لە بەغداد پێشبینیەكان بەو ئاراستەیەن كە لە كابینەی نوێدا دۆخی دارایی حكومەت كەمێك سەقامگیری بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام ئەمە تەنیا هیواو ئومێدە، ئەوەی بەكردەوە ئەم بەرپرسیارێتییەی دەكەوێتە ئەستۆ حكومەتی داهاتووی هەرێمە، كە ئایا تەنها پشت دەبەستێت بە داهاتی ناوخۆیی خۆی یاخود رێكەوتن دەكات لەگەڵ بەغداد: یەكەم: رێكەوتن لەگەڵ بەغداد ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە یاسای بودجەی 2019ی عێراقەوە، دەبێت رۆژانە (250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بكات، ئەگەر حكومەتی هەرێم ئەم هەنگاوە بنێت لەبەرامبەردا مانگانە بڕی نزیكەی (500 ملیار) دینار لە بەغداد وەردەگرێت. سەرباری پارەكەی بەغداد، حكومەتی هەرێم مانگانە هەندێك داهاتی تری دەستدەكەوێت كە ئەمانەن: • حكومەتی هەرێم جگە لە رادەستكردنی نەوت بە بەغداد دەتوانێت خۆی رۆژانە نزیكەی (200 هەزار) بەرمیل نەوت بفرۆشێت، داهاتی ئەم نەوتەش دەگاتە نزیكەی (300 ملیار) دینار. • جگە لە داهاتی نەوت، حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی (120 ملیار) دینار داهاتی ناوخۆی دەستدەكەوێت. • تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (30 ملیار) دینار یارمەتیو كۆمەكی ئەمریكا وەردەگرێت. بە پارەكەی بەغدادو كۆی داهاتەكانی ترەوە حكومەتی هەرێم لە ساڵی نوێدا دەتوانێت مانگانە نزیكەی (یەك ترلیۆن) دینار داهات كۆبكاتەوە، ئەگەر بەشێك لە موچەخۆران (زیندانیانی سیاسی- كەمئەندامانی سەنگەر) موچەكانیان بخرێنەسەر بەغداد، ئەوكات حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی موچەی هەموو موچەخۆران مانگانە پێویستی بە (800 ملیار) دینار دەبێت، لەم حاڵەدا حكومەتی داهاتوو دەتوانێت پاشەكەوتی موچە هەڵگرێتو سەرباری ئەوەش مانگانە بڕی (200 ملیار) دیناری بۆ بمێنێتەوە بۆ خەرجییەكانی تری بواری وەبەرهێنان. ئەگەر حكومەتی هەرێم ئەم هەنگاوە بنێت دەتوانێت كێشەی موچەی فەرمانبەرانو بوژاندنەوەی بازاڕو دۆخی خزمەتگوزارییەكان تاڕادەیەك چاك بكات. دووەم: پشتكردنە بەغداد ئەگەر حكومەتی هەرێم پەیوەست نەبوو بە بودجەی عێراقو ئامادەنەبوو نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، ئەوا كابینەی نوێ دەكەوێتە بەردەم دوو ئەگەر: • ئەگەر بەغداد بەردەوام بوو لەسەر ناردنی (317 ملیار) دیناری مانگانە بۆ هەرێم، كابینەی نوێ لەگەڵ داهاتی نەوتدا مانگانە بڕی زیاتر لە (500 ملیار) دیناری دەستدەكەوێتو ئەوكات لەگەڵ (120 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆو (30 ملیار) دیناری ئەمریكیەكان، مانگانە كابینەی نوێ بەهەمان شێوە مانگانە بڕی (یەك ترلیۆن) دیناری دەستدەكەوێت. • ئەگەر بەغداد (317 ملیار) دینارەكە نەنێرێت، داهاتی هەرێم نزیكدەبێتەوە لە (700 ملیار) دینارو تەنها بەشی پێدانی موچە دەكات بەشێوازی ئێستا، واتا ئەوكات حكومەت ناتوانێت پاشەكەوتی موچە هەڵگرێت پارە بۆ وەبەرهێنان تەرخان بكات. داهاتی نەوتی هەرێم بەدەر لە رێكەوتن یان رێكنەكەوتن لەگەڵ بەغداد، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەگەر بەتەواوی فایلی نەوت رێكبخاتەوەو سەرجەم داهاتەكانی كۆبكاتەوەو لەدەستێكی ئەمیندا، ئەوا بە ئاسانی دەتوانێت پاشەكەوتی موچە هەڵبوەشێنێتەوەو پارەش بۆ وەبەرهێنان تەرخان بكات. هەرێمی كوردستان لە مانگی تشرینی دووەمی 11/ 2018 بڕی 13 ملیۆن و 110 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە و داهاتەكەشی 760 ملیۆن و 380 هەزار دۆلار بووە كە دەكاتە نزیكەی ( 930 ملیار دینار)، ئەگەر 200 ملیار دیناریشی بۆ قەرزو كرێی بۆری و كۆمپانیاكان بڕوات ئەوا ( 730 ملیار دینار) ی دەمێنێتەوە، لەگەڵ داهاتی ناوخۆ 120 ملیارو پارەی ئەمریكیەكان 30 ملیار دینار كۆی گشتی دەكاتە نزیكەی ( 900 ملیار دینار).كە دەتوانرێت موچەی بەبێ پاشەكەوت پێ دابینبكرێت. بەڵام لە هەمو حاڵەتەكاندا ئەستەمە بەرپرسانی هەرێم دەستبەرداری پرۆسەی نەوت ببن و بیخەنە دەستەی بەغداوە، بەو پێیەی ئەو كەیسە كاریگەری هەیە لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و پێگەی هێزەكان و شێوازی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان. بەڵام ئەگەرێكی تر كە جێگەی گفتوگۆكردنەو زۆرێك ئاماژەی بۆ دەكەن هەوڵی جدی پارتی و سەرۆكی پارتیە، كە دەبێت كابینەكەی مەسرور بارزانی جیاواز بێت لە رابردوو بۆیە ئەگەری هەڵگرتنی بەشێك لە قورسایی قەیرانی دارایی دەكرێت جا لە رێگەی رێكەوتن بێت لەگەڵ بەغداد یاخود كۆكردنەوەی داهاتەكانی ناوخۆ بێت.
( درەو میدیا): وەزارەتی پلاندانانی عێراق وادەی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی دیاریكرد و رایگەیاند سود لە هەموو توانا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە وەردەگیرێت. نوری سەباح دلێمی، وەزیری پلاندانانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی بەدەست " درەو میدیا" گەیشتووە وتی:" ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان كۆتایی 2020 دەستپێدەكات". دلێمی ئاماژەیبەوەشداوە كە راستەوخۆ رێنمایی دەركردووە بۆئەوەی ئامادەیی پراكتیكی بۆ ئەو پرۆسە دەستپێبكرێت و هەموو توانا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە دابینبكرێت. لە ساڵی 1997ەوە سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عێراق ئەنجامنەدراوە و ساڵی 2013 وەزارەتی پلاندانی عێراق رایگەیاند ئەنجامنەدانی سەرژمێری گشتی هۆكاری سیاسیی لە پشتەوەیە نەك تەكنیكی و ئیداریی. لەو سەرژمێرییەدا كە ساڵی 1997 ئەنجامدرا و لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان ئەنجامنەدرا دانیشتوانی عێراق 19 ملیۆن كەس بوو، بەڵام بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی پلاندان ئێستا دانیشتوانی عێراق 30 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە
راپۆرتی : نامیق رەسوڵ دوای هەشت ساڵ بەسەر شۆڕشە جەماوەرییەكانی چەند وڵاتێكی عەرەبی كەناوی " شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی" لێنرا و بوونە هۆی گۆڕینی دەسەڵات لە تونس، میسر، لیبیا و یەمەن، ئێستا ئەو شۆڕشە گەیشوەتە سودان و زیاتر لە هەفتەیەكە خۆپیشاندان لەدژی دەسەڵاتی عومەر حەسەن بەشیر سەرۆكی ئەو وڵاتە دەستیپێكردووە. لە داواكاری نانەوە بۆ گۆڕینی رژێم خۆپیشاندانەكانی خەرتومی پایەخت و شارەكانی تری سودان سەرەتا بۆ داواكاری باشكردنی باری بژێوی و رەخساندنی هەلی كار و نان دەستیپێكرد، بەڵام ئێستا چوەتە قۆناغێكی نوێوە داواكاری گۆڕینی رژێمی دەسەڵاتدار بووەتە داواكاری سەرەكی خۆپیشاندەران و لەماوەی رابردووشدا خۆپیشاندانەكان توندوتیژی زۆریان لێكەوتوەتەوە بەهۆیەوە چەندین خۆپیشاندەری سڤیل بە گوللەی هێزە ئەمنییەكان كوژران و چەندین كەسی تر برینداربوون. بەرەی نیشتمانی بۆ گۆڕانكاری لە پێشهاتێكی نوێدا 23 حزبی سودان نزیك لە حكومەتی ئێستا كە لە بەرەیەكدا بەناوی " بەرەی نیشتمانی بۆ گۆڕانكاری" كۆبوونەتەوە داوای گۆڕینی رژێمی سیاسی و پێكهێنانی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی ئینتیقالی و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختیان كرد. ئەو 23 حزبەی سودان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختیانكردەوە لەوەی كە رژێمی ئێستای وڵات بەهۆی گۆشەگشیی ئابوری و سیاسی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەوە توانای چارەسەركردنی كێشەكان و قەیرانەكانی نییە. ئەو 23 حزبەی سودان چەند داواكارییەكیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی وڵاتەكەیان خستەڕوو كە ئەمانەن: 1- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی و ئەنجومەنی ویلایەتەكان و دانانی ئەنجومەنێكی تەوافقی كە لە 100 ئەندام پێكبێت. 2- هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی و حكومەتی ویلایەتەكان و ئەنجومەنی یاسادانانی ویلایەتەكان و داڕشتنەوەیان بە گوێرەی پێكهاتەی دیالۆگی نیشتمانی. 3- حكومەتێكی ئینتیقالی دابمەزرێنرێت كەوادەیەكی گونجاو بۆ هەڵبژاردن دیاریبكات بە گوێرەی بەرەوپێشچونی دۆسیەی ئاشتی و بە دانوستان لەگەڵ هێزە سیاسییەكاندا. 4- حكومەتی ئینتیقالی چاكسازی یاسایی و دەستوری بكات و چاكسازیش لە دامەزراوەكانی دەوڵەت و یاسای هەڵبژاردنەكان بكات و كۆمسیۆنێك بۆ هەڵبژاردن و لیژنەیەكی نیشتمانی بۆ دەستور بە تەوافق لەگەڵ هێزە سیاسییەكان و بە راوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی سەرۆكایەتی ئینتیقالی پێكبهێنێت. 5- نەخشەڕێی ئەفریقا بۆ ئاشتی و چارەسەری سیاسی لە سودان پشتی پێببەسترێت. 6- پەیماننامەی دیالۆگی نیشتمانی بۆ ئەو هێزە سیاسییانە بكرێتەوە كە ئیمزایان لەسەر نەكردووە بۆئەوەی بەشداربن تێیدا. 7- رێوشوێنی ئابوری بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ كەمكردنەوەی نەهامەتی هاوڵاتیان و پێداویستییە بنەڕەتییەكانیان بۆ دابینبكرێت. 8- پاراستی ئازادی گشتی و گەڕاندنەوەی دیموكراتیەن. 9- سەربەخۆبوونی دەسەڵاتی دادوەریی و سەروەربوونی یاسا. 10- پشتیوانیكردنی هێزە یاساییەكان و پەرەپێدانی تواناكانیان و دوورخستنەوەیان لەهەر جەمسەرگیرییەك بۆ ئەوەی بێلایەنی و پیشەییان گرەنتی بكرێت و ئەركی دەستوری خۆیان بۆ پاراستی نیشتمان لە ئەستۆبگرن. 11- بایەخدان بە كۆچبەران و منداڵەكانیان. 12- راگرتنی شەڕ و بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەكانی نیلی شین و باشوری كوردۆڤان و دارفۆر. 13- بایەخدان بە دۆسیەی ئاوارەكان و پەنابەران و گەڕاندنەوەیان. ئەو حزبانەی سودان هۆشدرایشیاندا لە رەتكردنەوەی وەرچەرخان بۆ رژێمێكی سیاسی نوێی، ئەنجامی خراپی كۆمەڵایەتی و سیسای لێدەكەوێتەوە و داواشیان لە هێزەكانی سوپای سودان كرد دامەزراوە گشتییەكان و خۆپیشاندانەكان بپارێزن بۆئەوەی رێگە لە خوێنڕشتی هاوڵاتیان بگیرێت.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف پاشەكەوتی موچە هەڵدەگیرێت ؟ پێكهێنانی كابینەی حكومەت چەند دەخایەنێت؟ پارێزگاری كەركوك دیاری دەكرێت؟ دەستوری هەرێم چۆن چارەسەر دەكرێت ؟ ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن كە لە ساڵی نوێدا بۆ ساڵی نوێ لە هرزی هەر تاكێكی هەرێمدایەو (درەو میدیا) لەم راپۆرتەكان پێشبینییەكانی بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە دەخاتەڕوو. ئاڵنگارییە پێشبینیكراوەكانی 2019 ساڵی نوێی 2019 بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، ساڵێكی جیاوازو پڕ لە ئاڵنگاری سیاسیو ئابوری دەبێت، لە ساڵی نوێدا یەكەمین كابینەی حكومەت لەدوای شكستهێنانی ریفراندۆمو گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد، پێكدێت. ئەم كابینەیە لەهەناوی خۆیدا ژمارەیەكی زۆری ئاڵنگاری شاراوەی هەڵگرتووە، كە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵیاندا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دەبێت. ئاڵنگاری یەكەم/ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت زیاتر لە سێ مانگ تێپەڕیوە بەسەر هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا، بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكانەوە لەسەر بەرنامەی حكومەتو چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان، پێكهێنانی كابینەی حكومەت لە ساڵی 2018 ەوە دواخرا بۆ ساڵی 2019. سەرەتای ئەمساڵ هەرێم روبەڕووی یەكەمین ئاڵنگاری سیاسی دەبێتەوە، كە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی (نۆیەم)ی حكومەتە، كابینەیەك كە دیارنییە پێكهاتەكەی چۆن دەبێتو چەندێك دەستكراوە دەبێت. بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارتی جارێكی وەفدی دانوستانكاری خۆی رەوانەی سلێمانی بكات، بۆ دانوستان لەگەڵ یەكێتیو گۆڕان، رەنگە كۆمەڵی ئیسلامیش. وەفدی پارتی لە سەردانی ئەمجارەیدا بۆ سلێمانی وەڵامی فەرمی پێیە بۆ داواكارییەكانی یەكێتیو گۆڕان. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە خولی پێشووی دانوستانەكاندا، پارتی سێ سەرۆك سەرۆكایەتییەكەی (سەرۆكایەتی هەرێم- سەرۆكایەتی حكومەت- سەرۆكایەتی پەرلەمان) كردبوو بە یەك پاكێج، بزوتنەوەی گۆڕان داوایكردووە هەموو پۆستەكان بكرێن بە پاكێجێك، یەكێتیش بۆ هەر دابەشكارییەكی پۆستەكان، داوای رێككەوتنی پێشوەختەی سیاسی لەگەڵ پارتی ئەكات. (درەو میدیا) زانیویەتی بەمدواییە پێشنیازێكی نوێ هاتوەتەئاراوە بۆ ئەوەی لەبری رێككەوتنی دوو قۆڵی، رێكەوتنێكی سێ قۆڵی لەنێوان (پارتی، یەكێتی، گۆڕان) بكرێت وەك سێ لایەنی پێكهێنەری حكومەتی داهاتوو، رێككەوتنێك كە تا ئاستی پێكهێنانی فراكسیۆنێكی هاوبەش لە پەرلەمان سەربكێشێت. هەموو ئەو ئاڵۆزییەی كە لە هاوكێشەی پێكهێنانی كابینەی نوێدا دروستبووە، وایكردووە پێشبینی بكرێت پێكهێنانی ئەم كابینەیە كاتێكی زیاتر بخایەنێت، هەرچەندە پارتی، بە دیاریكراوی مەسرور بارزانی سورە لەسەر ئەوەی لەماوەیەكی زەمەنی دیاریكراودا حكومەتی نوێ دەستبەكاربێت. پارتی لەم چوارچێوەیەدا پلانی (B) ئامادەكردووەو لەحاڵی نەهاتنەپێشەوەی یەكێتی، رەنگە پارتی هاوشێوەی كابینەی پێشوو حكومەت پێكبهێنێتو پۆستەكانی یەكێتی بە بەتاڵی بهێڵێتەوە، تا ئەوكاتەی یەكێتی خۆی بەناچاری پەیوەندی بە حكومەتە نوێیەكەوە دەكات. ئاڵنگاری دووەم/ دۆخی ئابوری بەهەمان شێوەی دۆخە سیاسییەكە، ساڵی 2019 هەرێمی كوردستان لەڕووی ئابورییەوە جیاواز دەبێت، دوای شكستهێنانی ریفراندۆمو گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد، خەڵكی پێشبینی دەكەن دۆخی دارایی حكومەت كەمێك سەقامگیری بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام ئەمە تەنیا هیواو ئومێدە، ئەوەی بەكردەوە ئەم بەرپرسیارێتییەی دەكەوێتەئەستۆ حكومەتی داهاتووە، كابینەی نوێ چەند پرسیارێكی چارەنوسسازی روبەڕوو دەبێتەوە: • ئایا كابینەكەی مەسرور بارزانی دەتوانێت لە ماوەیەكی زەمەنی دیاریكراودا، كێشە هەڵپەسێردراوەكان (نەوتو بودجە) لەگەڵ حكومەتی ناوەند چارەسەر بكات؟ بەتایبەت لە كاتێكدا كە پارتی (فوئاد حسێن) یەكێك لە كەسە نزیكەكانی مەسعود بارزانیو مەسرور بارزانی لە پۆستی وەزارەتی دارایی بەغداد جێگیركردووە؟ • ئایا حكومەتەكەی مەسرور بارزانی ئامادەیە دەست لە بیرۆكەی ئابوری سەربەخۆ بەیەكجاری هەڵگرێتو نەوتی هەرێم رادەستی بەغداد بكات، بەوشێوەیەی كە پێشتر رێككەوتنی لەسەر كراوە، یاخود لە چوارچێوەی هەر رێككەوتنێكی تردا كە لە داهاتوودا بكرێت. • ئایا كابینەی نوێ ئامادەیە پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران بەتەواوی هەڵوەشێنێتـەوە ؟ • ئایا كابینەی نوێ ئامادەیە بازاڕەكانی هەرێم ببوژێنێتەوەو ئاستی خزمەتگوزارییەكانیش كە چەند ساڵێكە پاشەكشەی كردووە بەرەوپێش ببات؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەی سەرەوە چەند پێشبینییەك هەیە: پێشبینی یەكەم: ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە یاسای بودجەی 2019ی عێراقەوە، دەبێت رۆژانە (250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بكات، ئەگەر حكومەتی هەرێم ئەم هەنگاوە بنێت لەبەرامبەردا مانگانە بڕی نزیكەی (500 ملیار) دینار لە بەغداد وەردەگرێت. سەرباری پارەكەی بەغداد، حكومەتی هەرێم مانگانە هەندێك داهاتی تری دەستدەكەوێت كە ئەمانەن: • حكومەتی هەرێم جگە لە رادەستكردنی نەوت بە بەغداد دەتوانێت خۆی رۆژانە نزیكەی (200 هەزار) بەرمیل نەوت بفرۆشێت، داهاتی ئەم نەوتەش دەگاتە نزیكەی (300 ملیار) دینار. • جگە لە داهاتی نەوت، حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی (120 ملیار) دینار داهاتی ناوخۆی دەستدەكەوێت. • تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (30 ملیار) دینار یارمەتیو كۆمەكی ئەمریكا وەردەگرێت. بە پارەكەی بەغدادو كۆی داهاتەكانی ترەوە حكومەتی هەرێم لە ساڵی نوێدا دەتوانێت مانگانە نزیكەی (یەك ترلیۆن) دینار داهات كۆبكاتەوە، ئەگەر بەشێك لە موچەخۆران (زیندانیانی سیاسی- كەمئەندامانی سەنگەر) موچەكانیان بخرێنەسەر بەغداد، ئەوكات حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی موچەی هەموو موچەخۆران مانگانە پێویستی بە (800 ملیار) دینار دەبێت، لەم حاڵەدا حكومەتی داهاتوو دەتوانێت پاشەكەوتی موچە هەڵگرێتو سەرباری ئەوەش مانگانە بڕی (200 ملیار) دیناری بۆ بمێنێتەوە بۆ خەرجییەكانی تری بواری وەبەرهێنان. ئەگەر ئەم پێشبینییە سەركەوتوو بێت، حكومەتی هەرێم دەتوانێت كێشەی موچەی فەرمانبەرانو بوژاندنەوەی بازاڕو دۆخی خزمەتگوزارییەكان تاڕادەیەك چاك بكات. پێشبینی دووەم: ئەگەر حكومەتی هەرێم پەیوەست نەبوو بە بودجەی عێراقو ئامادەنەبوو نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، ئەوا كابینەی نوێ دەكەوێتە بەردەم دوو ئەگەر: • ئەگەر بەغداد بەردەوام بوو لەسەر ناردنی (317 ملیار) دیناری مانگانە بۆ هەرێم، كابینەی نوێ لەگەڵ داهاتی نەوتدا مانگانە بڕی زیاتر لە (500 ملیار) دیناری دەستدەكەوێتو ئەوكات لەگەڵ (120 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆو (30 ملیار) دیناری ئەمریكیەكان، مانگانە كابینەی نوێ بەهەمان شێوەی پێشبینی یەكەم مانگانە بڕی (یەك ترلیۆن) دیناری دەستدەكەوێت. • ئەگەر بەغداد (317 ملیار) دینارەكە نەنێرێت، داهاتی هەرێم نزیكدەبێتەوە لە (700 ملیار) دینارو تەنها بەشی پێدانی موچە دەكات بەشێوازی ئێستا، واتا ئەوكات حكومەت ناتوانێت پاشەكەوتی موچە هەڵگرێت. ئاڵنگاری سێیەم/ كەركوكو ناوچە جێناكۆكەكان نزیكترین روداوی سیاسی لەبارەی ناوچە جێناكۆكەكانەوە لە ساڵی نوێدا رەنگە دانانی پارێزگارێكی نوێ بێت بۆ كەركوك، پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن پرسی زیندووكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی بەستوەتەوە بە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێوە، یەكێتی نیشتمانیش دەیەوێت پرسی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك ببەستێتەوە بە كابینەی نوێی حكومەتەوە. ئەوەی تائێستا دیارە ئەوەیە، یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی پارێزگاری داهاتوو كەسێك بێت لەخۆی، پارتیش دەیەوێت كەسێكی بێلایەن دابنێت، بەڵام بێلایەنێكی نزیك لە خۆی. ئەگەر پرسی دانانی پارێزگاری نوێی كەركوك لە دانوستانەكانی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا یەكلاكرایەوە، رەنگە كێشەكە بەزوویی بەرەو چارەسەر بڕوات، بەڵام ئەگەر بەشێوەی دابڕاو مامەڵەی لەگەڵدا كرا، رەنگە دۆخی ئەو پارێزگایە لە ساڵی نوێدا تا رادەیەك وەك خۆی بمێنێتەوە. جگە لە كەركوك، كۆی ناوچە جێناكۆكەكانی تر لەدوای ریفراندۆمەوە تاڕادەیەك لە ژێر كۆنترۆڵی كورددا نەماون، یەكێك لەو ئەركانەی كە دەكەوێتە ئەستۆی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، یەكلایكردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانەیە، بەتایبەت لەڕووی ئیدارییەوە. ئاڵنگاری چوارەم/ دەستوری هەرێم پارتی دەیەوێت لەم خولەی نوێی دەسەڵاتدا، دەستوری هەرێم تێپەڕێنێت، دەستورێك كە لەماوەی 27 ساڵی رابروودا پرسێكی جیگەی مشتومڕ بووە لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا. پارتی ئەمجارە بەسودوەرگرتن لەو زۆرینەیەی كە پێكیهێناوە دەیەوێت دەستور تێپەڕێنێت، رەنگە لەدوای پێكهێنانی كابینەی حكومەتەوە، پارتی بەنەرمی دەستبكات بە كاركردن لەسەر دەستورە نوێیەكە. پارتی كە هێشتا كابینەی نوێیەكەی پێكنەهێناوە، هەندێك لە بەرپرسەكانی بە ئاشكرا باس لەوە دەكەن دەستوری نوێ وا دادەڕێژن سیستمی حوكمڕانی "سەرۆكایەتی" بێت، ئەگەر پارتی رێككەوتنی پێشوەختە لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ یەكێتیو گۆڕان نەكردبێت، رەنگە ساڵی نوێ خەڵكی هەرێم شایەتحاڵی گەڕێكی نوێی ململانێی نێوان پارتیو لایەنەكان بن لەبارەی پرسی سیستمی حوكمڕانییەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا یەكێتیو گۆڕان داوای ئەوە دەكەن سیستمەكە "پەرلەمانی"ی بێت. پارتی دەیەوێت تەنها بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا هەڵبژێردرێت، (درەو میدیا) زانیویەتی، لە دانوستانەكانی ئەمدواییەدا زانیویەتی گۆڕانو یەكێتی بە پارتیان راگەیاندووە "دەبێت پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە لەناو دەستوردا بچەسپێنرێت". ئاڵنگاری چوارەم/ لێكەوتە دەرەكییەكان جگە لە ئاڵنگارییە ناوخۆییەكان، هەندێك روداوی دەرەكیو هەرێمایەتی هەن رەنگە ساڵی نوێدا پەرەسەندنی زیاتر بەخۆوە ببیننو كاریگەریی لەسەر دۆخی هەرێم بەجێبهێڵن، لەوانە: • سزا ئابورییەكانی سەر ئێران • شەڕو ناكۆكی نێوان توركیاو پەكەكە • دۆخی رۆژئاوای كوردستان (ئەگەری رودانی شەپۆلێكی نوێی ئاوارەبوون) • بەرزو نزمی نرخی نەوت • پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو بەغداد ئاڵنگاری پێنجەم/ پێشبینی نەكراوەكان جگە لەو ئاڵنگارییە ناوخۆیو دەرەكییانە، رەنگە هەرێمی كوردستان لە ساڵی نوێدا روبەڕووی هەندێك ئاڵنگاری پێشبینی نەكراو ببێتەوە، لە نمونەی كارەساتە سروشتییەكان یاخود هەر روداوێكی تر كە كابینەی نوێی خۆی بۆ رودانی ئامادە نەكردبێت.
( درەو میدیا): ئیلیزابێس وارین، ژنە سیناتۆری دیموكراتەكان لە هەڵبژاردنی 2020ی سەرۆكایەتی ئەمریكادا كێبركێی دۆناڵد ترەمپ دەكات. وارین رایگەیاند لیژنەیەك بۆ تاوتوێكردنی خۆكاندیدكردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2020 پێكدەهێنێت، بەوەش رێگە خۆشدەكات بۆئەوەی دەستبکات بە هەڵمەتی كۆمەك كۆكردنەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن. لە وتارێكیدا كە لە تۆڕ كۆمەڵایەتییەكان بڵاویكردەوە، سیناتۆرەكەی ویلایەتی ماساچوستس دیدە و بۆچونەكانی دەربارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا راگەیاند، ئاشكرایكرد هەل بۆ هەموو ئەمریكییەكان دەڕەخسێنێت. لەو بارەیەوە وارین وتی:" هەموان لە ئەمریكا دەبێت بتوانن كاری جدی بكەن و لەسەر یەك بنەما رۆڵ بگێڕن و گرنگی بەخۆیان و ئەوانەش بدەت كە خۆشیان دەوێت و لە پێناوی ئەوەدا دەجەنگم و لیژنەیەكم بۆ تاوتوێكردنی خۆكاندیدكردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پێكهێناوە و پێویستم پێتانە لەگەڵمدا بن". ئیلیزابێس وارین پێشتر مامۆستای ماف بووە لە زانكۆی هارڤارد و لە هەڵمەتی بانگەشەی هیلاری كیلنتۆن كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی 2016 بەشداریكردووە. تشرینی دووەمی رابردوو، وارین لە وەڵامدانەوەی رەخنەی دۆناڵد ترەمپدا، پشكنینی ترشەڵۆكی ناوكی " DNA" ئەنجامدا و رایگەیاند ئەو پشكنینە دەیسلەمێنێت كە رەچەڵەكی دەگەڕێتەوە بۆ دانیشتوانە رەسەنەكانی ئەمریكا.