دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا
2021-01-25 14:26:56
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو)
زۆرێک لە ئەمریکاناسان باس لەوەدەکەن کە دابەشبوونێکی گەورە و فرەلایەن لەناو کۆمەڵگای ئەمریکییدا دروستبووە. کۆتایی قۆناغی سەرۆکایەتیی ترامپیش وەک سەرەتای کێشە و قەیرانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی گەورە دەبینن کە لە ”جەنگێکی ناوخۆیی نوێ“دا دەگیرسێتەوە. ئەم جەنگە نوێیەش کە ڕوبەڕوی کۆمەڵگای ئەمریکیی بووەتەوە بە ”جەنگی نامەدەنیی“ ناودێڕکراوە. ئەم جەنگە نامەدەنییە لە فۆرمی جەنگی کۆنزێرڤاتیڤ و ڕەگەزپەرستەکان دژ بە دیموکرات و لیبرالەکان، جەنگی سپیپێستەکان دژ بە ڕەشپێسەکان، جەنگی دانیشتوانی ڕەسەن دژ بە کۆچبەران، جەنگی گوند دژ بە شار و لایەنگرانی سوورەکان دژ بە شینەکان و هتد، بەرجەستەدەبێت.
لەڕاستیدا زۆرشت کە تا ساتەوەختی دۆڕاندنی ترامپ وەک بەڵگەنەویست دەبینرا و مامەڵەدەکرا، لە ئێستادا لەوە کەوتوە بەڵگەنەویست بێت. بەر لە ھەموو شتێک ترامپ درزێکی گەورەی کردە کولتووری قبووڵکردنی دۆڕاندنەوە، کە یەکێکە لە کۆڵەکە ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی سیستەمی دیموکراسییەت. تا ئەم ساتەش ترامپ دانی بە دۆڕاندنی خۆیدا نەناوە و بەردەوام بایدن وەک ”سەرۆکێکی نایاسایی“ و ”ساختە“ ناودەبات. ئەو ڕۆژەش کە بایدن لە سروتێکی تایبەتدا بە فەرمی، وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربوو، ترامپ و ھاوسەرەکەی، وەک بەشێک لە قبووڵنەکردنی دۆڕاندن، ئامادەنەبوون لە کۆشکی سپی بەخێرھاتنی بایدن و ھاوسەرەکەی بکەن. لەدواھەمین گوتاریشیدا وەک سەرۆکی ئەمریکا، ترامپ نەک تەنھا پیرۆبازیی لە بایدن نەکرد، بەڵکو تەنانەت ناویشی نەھێنا. ھەموو ئەمانە وایکرد ڕۆژی بەفەرمی ناسینی سەرۆکایەتییەکەی بایدن، ئەمریکا وڵاتێک بێت پڕ لە ترس و تۆقین.
ترسی گەورە لە خۆپیشاندان و پەلاماردان و تێرۆر و کاری تێکدەرانەی توندوتیژ. ئەگەرچی ڕۆژەکە بەھێمنی تێپەڕی و ھیچ ڕوداوێکی نەخوازراو ڕووینەدا، بەڵام ئەنجامدانی بۆنەیەکی ئاسایی دەستگۆڕکێی دەسەڵات لەناو یەکێک لە سیستمە دیموکرسییە گەورەکانی دونیادا، پێویستی بە بڵاوکردنەوەی 25000 سەرباز و بە دروستکردنی چەندەھا دیوار و پەرژینی چەیمەنتۆیی و بەداخستنی دەیەھا پرد و شەقام و کۆڵان بوو. ترامپ یەکەم سەرۆکی ئەمریکایە کە ئامادەنەبوو دان بە دۆڕانەکەیدا بنێت و بەو شێوەیەش بەها و رێسا سەرەکییەکانی دیموکراسییەتی ئەمریکیی بخاتە ناو گێژاوی بێمتمانەیی و درۆ و فەوزایەکی ھەمەلایەنەوە.
دۆناڵد ترامپ سەرۆکێکی ئاسایی نەبوو، ئەم پیاوە سیاسەتمەدارێکی توندڕەو و ڕەگەزپەرست و پیاوسالاری مەترسییدار بوو. کەسایەتییەکەی لە ”من“ێکی گەورە و فووتێکراو پێکهاتبوو کە چوارساڵی ڕەبەق هەموو دونیای بە خۆی و بە درۆ و گاڵتەجاڕییەکانیەوە سەرقاڵکردبوو. پیاوێک کە کۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکای بەدەرەوەی خۆیەوە شێواند و لە ناوەوەی ئەمریکا خۆشیدا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو کۆمەڵگا فرەکولتوور و پڕجیاوازییەی بەچەشنێک هەژاند، کە وڵاتەکە بە زۆر مانا بۆ دوو بەرەی دژبەیەک دابەشبووە و هانی هێزە ئەنتی دیموکراسییەکانیشی دا بۆ یەکمینجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، بە بەرچاوی ھەموو جیھانەوە، پەلاماری کۆنگرێس بدەن و بەدکارییەکی بێوێنەی تێدا پیادەبکەن.
کاتێک پەتای کۆرۆناش سەری هەڵدا، ترامپ ئەگەرچی باوەڕی بە ترسناکیی ڤایرۆسەکە نەبوو وە ئامادەنەبوو ڕێگاکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە بکات بە سیاسەتی خۆی و حکومەتەکەی، کەچی ناوی خۆی گۆڕی بۆ ”سەرۆکی جەنگ“ دژ بە ڤایرۆسەکە. ترامپ دەیویست سەرۆکایەتی جەنگێکی گەورە بکات دژ بە دوژمنە دیار و نادیارەکانی نەتەوە، لە دەرەوە ناوەوەی ئەمریکادا. ترامپ سەرچاوەی دوژمنە نادیارەکەی لە دەوڵەتی چیندا دۆزیبووەوە و بە لێپرسراو و تاوانباری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەی دەزانی، ڤایرۆسی کۆرۆناشی بەردەوام بە ”ڤایرۆسە چینییەکە“ ناودەبرد. ئەوەی جێگای تێرامانە ترامپ لەم جەنگەدا هیچی نەکرد، ئەو نەک هەر جەنگەکەی نەبردەوە، بەڵکو هەم خۆی و ژمارەیەکی زۆر لە ستافەکەی و هەم زیاد لە نیو ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکییش بوونە قوربانی ئەو ڤایرۆسەی کە ئەو گاڵتەی بە بوون و مەترسییەکانی دەکرد. ھاوکات وڵاتەکە بە 25 ملیۆن کەس، زۆرترین ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنای لە ھەموو جیھاندا تۆمارکردووە. ترەمپ لەپاڵ ئەم جەنگەدا، چەندین جەنگی دیار و نادیار و چەندین ململانێی توندوتیژ و چەندین قەیرانی گەورە و بچوکی بەرهەمهێنا، کە کۆمەڵگای ئەمریکی و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان ساڵانێکی زۆر دەبێت سەرقاڵی پاککردنەوە و چاککردنەوەی ئاسەوار و کەلاوەکانی بن. جگە لە سەرۆکایەتیکردنی جەنگی کۆرۆنا، ترامپ سەرۆکایەتی جەنگێکی ڕانەگەینراوی نوێشی لەناو کۆمەڵگای ئەمریکییدا کرد، جەنگی هێزە ڕەگەزپەرست و دینییە توندڕەوەکان دژ بە سیستەمی دیموکراسیی و پلورالیزم و پێکەوەژیان و یەکسانیی ئینسانیی و ڕەگەزیی و جێندەریی. وەک شارەزایان و ئەمریکاناسان باسیدەکەن، ئەم دۆخە نوێیەی ناو سیاسەت و کۆمەڵگای ئەمریکیی ئەگەری ئەوەی تێدایە لەداهاتوودا ئەو وڵاتە رووبەڕووی تەحەدا و کێشەی گەورە و قەیرانی ھەمەلایەن ببێتەوە کە چارەسەرنەکردنیان ئەگەری دابەشبوون و تەقینەوەی زیاتر بۆ کۆمەڵگای ئەمریکیی دەھێنن. لەم ئاستەدا باس لەوەدەکرێت یەکێک لە ئەگەرە مەترسییدارەکان تەنها رادیکاڵبوونی زیاتری گروپە چەکدارەکان نییە لەناو کۆمەڵگای ئەمریکیی و تەبەنیکردنیشیان نییە بۆ ئایدیۆلۆژیای دژە لیبراڵ و دژە دیموکرات و قبوڵنەکەری پلورالیزم، بەڵکو ئەگەری ئەوەش هەیە ئەم هێزانە چیدی حیزبی کۆمارییەکان بە نیشتیمانی سیاسیی خۆیان نەزانن و دابەشبوونی زۆرتر و گروپی رادیکاڵتر لە کۆمەڵگای سیاسیی ئەمریکییدا دروستبکەن. یەکێک لەو ئەگەرانەی کە باس دەکرێت دروستکردنی حیزبێکی ناسیۆنالیستی پەڕگیر و راسیستی پۆپۆلیستیی نوێیە بەسەرۆکایەتی ترامپ خۆی.
بە کورتییەکەی، ترامپ ئەگەرچی لە هەڵبژاردندا دۆڕا، بەڵام لە تێکدانی بەهای هەڵبژاردن و لە بەھێزکردن و قووڵکردنەوەی دابەشبوونە شاقوڵیی و قووڵەکانی ناو کۆمەڵگای ئەمریکییدا سەرکەوتوو بوو. ترامپ دونیایەکی پڕ لە فەوزای لەدوای خۆیەوە بەجێهێشت. ئەم فەوزایە هێندە گەورەیە ساڵانێکی دەوێت بۆئەوەی بکرێت رێکبخرێتەوە و چاکبکرێتەوە.
لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا ئەوانەی گوێیان بۆ قسەکانی بایدن گرت لەکاتی گێڕانی سروتی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا، دەنگێکیان دەبیست کە پێ لەسەر گفتوگۆ و یەکتری قبووڵکردن و کۆتاییھێنان بە شێوە ترسناکەکانی ئەو دابەشبوونانە دادەگرێت کە لەسەردەمی ترامپدا بە ئاستێکی ترسناک گەیشتون. بایدن جەغدی لەسەر ئەوە دەکرد کە ململانێ و ناکۆکیی و ڕکابەریی بەشێکی ئۆرگانیین لە سیستەمی دیموکراسیی، بەبێ ئەمانە شتێک بەناوی دیموکراسییەتەوە بوونی نابێت. بەڵام لەڕاستییدا بوونی ئەمانە شتێکە و دابەشبوونی وڵاتەکە بۆ دووبەرەی دژەبەیەک شتێکی تر. دوورکەوتنەوەی گروپ و ھێزە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی ناو ئەمریکای دوای ترامپ لەیەکتر و نەگونجانی ڕادیکاڵیان بەیەکەوە دیاردەیەکە جیاواز لە بوونی ململانێ و ناکۆکیی و ڕکابەرایەتیکردنی دیموکراسییانە. خاڵی سەرەکیی لە قسەکانی بایدندا کۆتاییھێنانە بەم دابەشبوونە و سەرلەنوێ کۆبوونەوەیە لەناو ئەو چوارچێوەیەدا کە ناوی ”نەتەوەی ئەمریکیی“ە. لەڕاستیدا چەمکی ”نیشتیمانپەروەریی“ و ”نەتەوەی ئەمریکیی“ چەمکە سەرەکییەکانی ناو قسەکانی بایدن بوون، ھەردووکیشیان ھێما بۆ ئەو چوارچێوە گشتییانە دەکەن کە ئەو چەند سەد ملیۆن مرۆڤە بەیەکەوە کۆدەکەنەوە. بایدن بیناکردنەوەی ئەم چوارچێوە گشتییانەی بە ئەرکی ژمارە یەکی خۆی دەزانێت. ھەنگاوی یەکەمیش لەم کارەدا، کە بێگومان ساڵانێکی درێژی کارکردنی دەوێت، سەرلەنوێ بیناکردنەوەی کولتووری سیاسیی ئەمریکییە، وەک کولتوریی پێکەوەبوون و ڕێزگرتنێکی دیموکراسییانە لەیەکتری، سەرەڕای ناکۆکبوون و جیاوازیی لە بیر و بۆچووندا. لەم ڕووەوە ئەوەی ئەمریکا لە ماوەی ئایندەدا پێوەی سەرقاڵ دەبێت و پێویستی پێیەتیی، ھەمان ئەو پرۆسەیەیە کە ژمارەیەکی گەورەی کۆمەڵگاکانی دونیا پێویستیان پێیەتیی، بەوانەی لای خۆشمانەوە. پرۆسەی بونیادنانی نەتەوەیەکی پلورال و فرەڕەنگ، کە چوارچێوەیەکی سیاسیی یەکگرتوو، لەڕێگای پێداگرتن لەسەر ماف و ڕێز و جیاوازییەوە، بەیەکەوە کۆیانبکاتەوە. جیاوازییەکە لەنێوان ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتانی وەک ئەوانەی لای خۆماندا، لەوەدایە لە ئەمریکادا ھەم بکەری سیاسیی دیموکراس و چالاک بۆ پیادەکردنی ئەو ئەرکە بوونی هەیە، ھەم دەزگای سەرەکیی و بنەڕەتیی لە وڵاتەکەدا بوونی ھەیە کە سەربەخۆ و یاسایین و بەو ئاراستەیە کاردەکەن، بۆ نموونە دادگا، سوپا، میدیا، کۆمەڵگای مەدەنیی، لە کۆتاییشدا ھەم کولتوورێکی سیاسیی بەھێزیش ئامادەیە کە دەتوانێت لەپاڵ ئەو پرۆسەی سەرلەنوێ بیناکردنەوەیەدا بێت.
ھەنگاوە سەرەتاییەکانیش بە ئاراستەی دروستکردنی ئەو نەتەوە پلورال و ئەو فۆرمە تەندروستە لە نیشتیمانپەروەریی لە قسەکانی بایدن خۆیەوە دەستیپێکرد. ھەڵبژاردنی ژنێکی ڕەشپێست وەک جێگرەوەی بایدن، کە لە ئەگەری مردنی بایدندا ئەو دەبێت بە سەرۆکی ئەمریکا، کارێکی پڕمانا و بەھایەکی ڕەمزیی گەورەی ھەیە. چونکە ئەم خانمە بە ڕەچەڵەک کۆچبەرێکی ھیندستانییە و لەدۆخی بوون بەسەرۆکیدا ھەم دەبێت بە یەکەمین ژن لە مێژووی ئەو وڵاتەدا کە ببێت بە سەرۆک، ھەم یەکەمین خانمێک بە پاشخانێکی کۆچبەرانەوە کە ئەو پێگەیە بەدەستبھێنێت. یەکێک لە وەزیرەکانی کابینەکەی بایدنیش کەسێکە ”ترانس جێندەر“، واتە کەسێکە جێندەر یان ڕەگەزی خۆی گۆڕیوە. بەم جۆرە لە پرۆسەی بیناکردنەوەی ماڵی سیاسیی نەتەوەی ئەمریکیی، وەک کۆمەڵگایەکی فرەدەنگ و ڕەنگ و ڕەگەز و کولتوور، ھەم زلەیەکی گەورە لە ئایدیۆلۆژیای ڕەگەزسالاریی سپیپێستەکان دەدرێت و ھەم سنوورێک بۆ پیاوسالاریی لە سیاسەتکردن دادەنرێت. پێدەچێت لە ساڵانی داھاتوودا ئەمریکا ئەوەندەی سەرقاڵی خۆی بێت، ئەوەندە کاتی نەبێت سەرقاڵی کێشەکانی جیهان و ئەوروپا بێت. بێگومان پرۆسەی سەرلەنوێ خۆبیناکردنەوەی ئەمریکا وەک بەھێزترین وڵاتی جیھان، بێ کاریگەریی و بێ دەرەنجام نابێت بۆ پرسی دیموکراسیی لە جیهان و هاوکێشەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیستەمی جیهانیی.
لەداهاتوودا هەم کۆمەڵگای ئەمریکیی و هەم بایدنیش لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بە تەواوکردنی پڕۆژە تەواونەکراوەکەی ئۆباما دەبێت کە بە دروشمی ”دروستکردنی نەتەوە لە ماڵەوە“ Nation Building at Home هەڵبژاردنی دووهەمی بردەوە. ساڵانێکی دوورودرێژ ئەمریکا سەرقاڵی دروستکردنی نەتەوە بوو لەو وڵاتانەی کە داگیریکردن، چونکە مەترسییان بۆ سەر ئاساییشی نەتەوەیی ئەمریکیی و سیستەمی نوێی جیهانیی دروستکردبوو، بەڵام لەئێستادا هێزی ڕەگەزپەرست و میلیتاریستی رادیکاڵ لەناو ماڵی سیاسیی کۆمەڵگای ئەمریکا خۆیدان، کە مەترسیی گەورە بۆ دیموکراسییەتی ئەمریکیی و کولتووری پلورالیزم و چەمکی پێکەوەژیان و بەهای یەکترقبوڵکردن دروستدەکەن. دروستکردنی نەتەوە لە ماڵەوە، Nation Building at Home ئەو تەحەدا گەورەیەیە کە لە داهاتوودا روبەڕوی بایدن و تیمەکەی دەبێتەوە.
بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی
بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا
بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی.
بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەتو نابەرپرسیارێتیی رێكخراو
بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر
بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون
بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی
بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا
بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل